عێراق و ھەرێم دوو بازاڕی گەرمی بڕوانامەی ساختەن

بڕوانامەی ساختە دیاردەیەکە ھەموو جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بێگومان عێراق و ھەرێمی کوردستانیش نەک ھەر بێبەری نین لەو دیاردەیە بەڵکو تجاوزی دیاردەکەشیان کردووە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی و نالەباری بارودۆخی جەنگ یان پشێوی نغرۆی گەندەلی و بێ یاسایی تیایاندا بەرقەرارە.
PM:03:05:19/08/2019
دۆسیە: نیشتمانسازی
بۆ ڕێگرتن لەو دیاردەیە و بەرگریکردن لەمافی گشتی ھەرچی زووە دەبیێت داواکاری گشتی بێتە سەرخەت بۆ ئەوەی ئەمان رێکارە یاساییەکە بگرنەبەر و کۆتایی بەم دیاردە قێزەوونە بھێنرێت

لوقمان موستەفا صالح
پارێزەرى ڕاوێژکار

بڕوانامەی ساختە دیاردەیەکە ھەموو جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بێگومان عێراق و ھەرێمی کوردستانیش نەک ھەر بێبەری نین لەو دیاردەیە بەڵکو تجاوزی دیاردەکەشیان کردووە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی و نالەباری بارودۆخی جەنگ یان پشێوی نغرۆی گەندەلی و بێ یاسایی تیایاندا بەرقەرارە. 

سەرەتا بەپێی بەدواداچوونی میدیا عێراقییەکان، بازاڕی ساختەکاری  و گرنگەکانی کاری ساختەکاری دادەنرێ، لەو بازاڕەدا ھەموو مامەڵە فەرمییەکانی وەک پاسپۆرت و ناسنامەی کەسی و مۆر و نووسراوی فەرمانگەکان و بڕوانامەی زانکۆکان، نەک تەنیا زانکۆکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو بڕوانامەی زانکۆکانی لوبنان و ئێران و تورکیا و یۆنان و میسر و تونس و زۆر وڵاتی تری تێدا ساختە دەکرێت، ھەموو ئەمانەیش لە ڕێی ئامێر و کەلوپەلی دەزگەی ھەواڵگریی پێشووی عێراق و دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق لە سەردەمی سەددام حوسێن، دێنە دروستکردن، چونکە لە کاتی شەڕی ڕووخاندنی بەعس، خەڵک چوونە ناو بارەگای ئەو دوو دەزگەیەیەوە و ئەو ئامێرانەیان تێدا بردووە و ئێستەیش بەنھێنی کاری ساختەکاریی پێ دەکەن، ھەندێک لەو ئامێرانەیش لەلایەن گرووپە مافیایییەکانەوە بە ھەزاران دۆلار ئەو ئامێرانەیان کڕیوەتەوە و کاری ساختەکاری پێ ئەنجام دەدەن.

عێراق بەپێی زانیاری و داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە دەست (میدیا)کان کەوتوون، لە دامودەزگاکانی عێراق بە ھەزاران بڕوانامەی ساختە ئاشکرا کراون، تەنیا لە ٨ مانگی ساڵی ٢٠١٨دا، لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی پەروەردە لە دامودەزگاکانی حکومەت، ھەزار بڕوانامەی ساختەیان ئاشکرا کردبوو. پێشووتر بڕیار بوو پێداچوونەوە بە ھەموو ئەو بڕوانامانەدا بکرێتەوە، کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بەدەست ھاتوون، بەڵام بەھۆی رێگرییەکان ئەو کارە نەکراوە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دوای لێکۆڵینەوە لە ساڵی ٢٠١٥دا، ٣ ھەزار و ١٤٢ بڕوانامەی ساختەی ئاشکرا کردووە، لە ساڵی ٢٠١٦دا ٢ ھەزار و ٥٠٠ بڕوانامەی ساختەی تری ئاشکرا کردووە. پەرلەمانی عێراقیش لێژنەیەکی تایبەتیان سەبارەت بەو کاری ساختەکاریە پێکھێنا و ڕاوبۆچوونی خۆیان خستەروو.

ڕای لێژنە

سەفا غانم، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕوانامەی ساختە لە عێراق بەربڵاوە، گوتی: "ساڵانە بە ھەزاران بڕوانامەی ساختە ئاشکرا دەکرێت، تەنانەت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش ساختە کراون". جەختی کردەوە، دامودەزگاکان وەکوو پێویست رێکاریان بەرامبەر ئەو کەسانە نەگرتووەتە بەر کە بڕوانامەی ساختەیان لێ ئاشکرا بووە، گوتیشی: "زۆربەی بڕوانامە ساختەکان بە پارەی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوە کڕدراون و لە ھەندێک شوێن خەڵکی باڵا لەپشتییانەوە". ھەروەھا گوتی: "لەدوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا دەستەی دەستپاکی لە عێراق، بەدواداچوونی کرد بۆ ئەو دۆسێیە و توانرا نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی دیار بکرێن، کە بڕوانامەی ساختەیان دروست کردووە و ٢٥٠ کەس لەوانە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە جیاوازەکاندا دامەزرابوون"

بەدوادا چوون

بەپێی زانیارییەکان، لە بەدواداچوونێکی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و دیوانی چاودێریی دارایی ئەوە ئاشکرا بوو کە زیاتر لە ھەزار بڕوانامەی ساختە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی پەروەردەدا ھەبوو، دواتر بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ ٣ ھەزار و ٣٢٩ کەس لەوانە دەرچوو، بەڵام نەتواندرا وەک پێویست لێپرسینەوە یاساییەکان توند بکرێنەوە و ھەموو ئەوانەی ئەو کارانەیان ئەنجام داوە رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.

سزای یاسایی

بەپێی ماددە ٢٩١ی یاسای سزای عێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو ٥ ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەھۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە

ھەرچەندە لە خولی پێشووی پەرلەمان، ئەوانەی تۆمەتبار بوون بە ھەبوونی بڕوانامەی ساختە، ٤٦ ئەندامی پەرلەمان بوون، لەگەڵ ئەوەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دابوو بەدواداچوون بۆ بڕوانامەکانیان بکات و دوای دەرکەوتنی راستیی بابەتەکە، پارێزبەندیی پەرلەمانتارییان لێ بسەندرێتەوە، بەڵام نەتوانرا ھیچ شتێک لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت".بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێژنەیەکی پشکێنەری پێکھێناو کاری جدی لەسەر کرد.

کاری پشکێنەرەکان

لە ٧ی ١١ی ٢٠١٨دا پشکێنەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند، لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تا ٢٠١٨، فەرمانگەی پشکنینی وەزارەت وردبینیی بۆ بڕوانامەی ١٢٧ ھەزار و ٣١٧ ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتەکە کردووە. ھەروەک ئەو فەرمانگەیە رای گەیاندووە، لەو ژمارەی تا ئێستا وردبینیی بۆ کراوە، بڕوانامەی ساختەی حەوت ھەزار و ٢٠٠ ئەفسەر، کارمەندی ئەمنی و فەرمانبەر ئاشکرا بووە.

لێکۆڵینەوەش لە بڕوانامەی ١٠٣ ھەزار کارمەند و ئەفسەری تریش دەکرێت، سەرجەم ئەو کەسانەش کە بڕوانامەی ساختەیان بەکار ھێناوە، رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.

ھەرێمی کوردستان

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە ٢٤٠ بڕوانامەی ساختەی ئاشکرا کردووە، لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەنجامدانی ڕاست و دروستی (صحة صدور) بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو بڕوانامانەی پێشکەش بە وەزارەت و زانکۆکان کرابوون، دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەو (تەزویر)ن. ھەندێک لەوانەشی بڕوانامەیان ساختە کردووە، مامۆستای زانکۆن و فەسڵ کراون، خاوەن بڕوانامە ساختەکانیش لەڕێگەی لیژنەیەکەوە دەدرێنە دادگا.

گوتە بێژی خوێندنی باڵا

بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زۆربەی ئەو بڕوانامە ساختانەی ئاشکرابوون لە زانکۆ ئەھلییەکان بوون. د.جەمال کەمال، سەرپەرشتیاری گشتی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: "ئێمە بەدواداچوون بۆ بڕوانامەی ئامادەیی خوێندکارەکە دەکەین، دوای دەرچوونیش دووبارە بەدواداچوونیان بۆ دەکەین. من کە چوار ساڵە سەرپەرشتیاری زانکۆ و پەیمانگە ئەھلییەکانم، تا ئێستا ١٣٠ بڕوانامەی ساختەمان ئاشکرا کردووە کە زۆربەیان لە دوو ساڵی رابردوودا بووە”.
 
ھەروەھا دەڵێت: "لە بڕوانامەی سێ مامۆستای زانکۆمان لە زانکۆیەکی ئەھلی لە ھەولێر کۆڵیوەتەوە، دەرکەوت ساختەن. یەکێکیان نەک ھەر وانەی گوتووەتەوە، بەڵکو بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانکۆکەش بووە و بەرپرس بووە لە دڵنیابوون لە راست و دروستیی بڕوانامەی مامۆستاکان و ھەڵسەنگاندنیشی بۆ وانەگوتنەوەی مامۆستاکان کردووە”. 

ئامارەکان

ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوەیش کراوە کە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەکە بڕوانامە ساختەکان بریتییە لە ١٠٦ بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی کە لە زانکۆی سەڵاحەددین/ھەولێر ٢٦ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی سلێمانی ٤٨ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆ ھەڵەبجە ١٢ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی گەرمیان پێنج بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی دھۆک چوار بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی زاخۆ سێ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی ھەولێری پزیشکی دوو بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک دوو بڕوانامەی ساختە. ھەروەک ئاشکرا کراوە کە لە زانکۆی کۆیە یەک بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی سۆران یەک بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر یەک بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی ڕاپەڕینیش یەک بڕوانامە ھەیە.

لە کۆتایشدا ھاتووە، ئێستە فەرمانی زانکۆیی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا و وەرگرتنی نازناوی زانستی ئەو بڕوانامانە ھەڵوەشاوەتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی بەرانبەریان گیراوەتەبەر. ھەر کەسێک بڕوانامەی ساختەی لێ ئاشکرا ببێ، چەند ئیجرائاتێکی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ڕێوشوێنی یاسایی

بەپێی ماددە ٢٩١ی یاسای سزای عێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو ٥ ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەھۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە، لێسەندنەوەی بڕوانامەکەی و دوورخستنەوەی لە کارەکەی، پاشان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ و دەدرێتە دادگا، ئەگەر ئاشکرا بوو بڕوانامەکەی ساختەیە، سزا دەدرێ وەک ئاماژەمان پێکرد کە رەنگە سزاکەی ھەتا پێنج ساڵ بەندکردن بڕوات. دوای ئاشکرابوونی بڕوانامە ساختەکانیان داوا لە زانکۆکانیان دەکرێت  بڕیاری فەسڵکردنیان بدەن.

لێپرسینەوەی ئیداری

بەشێک لەوانەی ماستەر و دکتۆرایان لە زانکۆ حکومییەکان خوێندووە، بڕوانامەکانیان ساختە بووە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی ساختەکردنی بڕوانامەمان لە ماستەر و دکتۆرا ھەیە. دوای ئاشکرابوونیان فەسڵ کراون، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی دەستپێکردنی خوێندن ئەوەیە کە بڕوانامەی ھەبێت، بەڵام ئەوان بڕوانامەی ساختەیان ھێناوە. دوای فەسڵکردنیشیان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لە زانکۆ لەسەر پێکھێنراوە کە لەلایەن زانکۆکان و داواکاری گشتییەوە بەداواداچوون بۆ دۆسیەکانیان دەکرێت”.

لە کۆتایی دا....لەگەڵ راوبۆچوونەکەی بەڕێز دکتۆر سالار باسیرەدام کە بۆ ڕێگرتن لەو دیاردەیە و بەرگریکردن لەمافی گشتی ھەرچی زووە دەبیێت داواکاری گشتی بێتە سەرخەت بۆ ئەوەی ئەمان رێکارە یاساییەکە بگرنەبەر و کۆتایی بەم دیاردە قێزەوونە بھێنرێت.


ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر