لەبارەى چەمکى (سوو) و مامەڵە بانکییەکانەوە

سوو (الربا) ئەگەرچى ڕیشەیەکی مێژیینەى هەیەو بوونى وەک دیاردەیەکى ئابورى و کۆمەڵایەتى دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام و ئەو کات جولەکەکان و نەتەوەکانى تریش لە سەوداو مامەڵە داراییەکانیاندا کاریان پێکردوە
PM:06:03:18/08/2019
دۆسیە: شیکار
سوو جۆرێکە لە مامەڵەى بازرگانى و لەسەر بنەماى خواست و خستنەڕوو یان لایەنى کورتهێنەرو لایەنى زیادهێنەر یان زیادەیی دروست دەبێت

محەمەد چیا
نوسەر

بەرایی
         
سوو (الربا) ئەگەرچى ڕیشەیەکی مێژیینەى هەیەو بوونى وەک دیاردەیەکى ئابورى و کۆمەڵایەتى دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام و ئەو کات  جولەکەکان و نەتەوەکانى تریش لە سەوداو مامەڵە داراییەکانیاندا کاریان پێکردوە، بەڵام لەدواى هاتنى ئاینی ئیسلامەوە قورئان بەدەق کارى لەسەر دەرخستنى روخسارەکانى ئەم مامەڵەیە و چۆنێتیەکانى کردوەو لایەنە خراپەکانى خستۆتەڕوو، لەرێگەى دەقە قورئانیەکان و فەرمودە گێڕدراوەکانەوە باوەڕدارانى لێ ئاگادارکراوەتەوە. 
       
ئێمە لەم نوسینەدا هەوڵدەدەین باس لەم چەند لایەنە بکەین یەکەم: سوو یان (الربا) چیە؟ جیاوازى چەمکی سوو لەئێستاو لە ڕابردوودا، ئایا هەر مامەڵەیەکی بازرگانى کە زیادە بچێتە سەر بنچینەى سەرمایەیەکى بەقەرزدراو و بۆ ماوەیەکى دیاریکراو دەچێتە چوارچێوەى سووەوە یان نا؟ جیاوازى لایەنەکان کە بەم مامەڵەیە هەڵدەستن لەڕووى کەسی خودیی و کەسی مەعنەویەوە کاریگەرى دەبێت لەسەر ئەو چەمکەى قورئان مەبەستیەتى؟ ئایا هیچ دەروازەیەک هەیە بۆ دەرچوون لە کۆتەکانى بەردەم ئەم مامەڵەیە؟، ئایا بانکە ئیسلامیەکان ئەلتەرناتیڤن یان نا؟ تێزو شرۆڤەى نوێ لەم بارەیەوە چیە؟ هەوڵدەدەین چەند وێستەیەک لەسەر هەر یەکێک لەم لایەنانە بکەین و دەلاقەیەک بۆ ئاسۆى تەمومژاوى ئەم چەمکە گرنگە بکەینەوە کەوا پەیوەندی بە مامەڵەکان و جوڵە دارایی و بازرگانیەکانەوە هەیە، کە بوونەتە بەشێک لەواقیعى ژیان لەم سەردەمەدا.
 
لەروانگەى زانستییەوە

ئەم چەمکە چوارچێوەیەکى فراوانتر لەخۆدەگرێت یان لە چێوەیەکى تردا مومارەسە دەکرێت فراوانترە لەسوو یان (الربا)، وەک دواتر ئەمە ڕووندەکەینەوە، کە پێی دەوترێت سوود (Intrest)، (الفائدة) یان نرخى سوود کە بریتییە لەبەهاى دراو بۆ بەکارهێنانى دارایی، کە پێویستە لەلایەن قەرزدارەوە بدرێت بە قەرزدەر، یان بریتییە لە دەسهاتى بەدەستهاتوو لەبەرامبەر بەقەرزدانى سەرمایە یان داراییدا .   
 
سوو لەروانگەى ئایینى ئیسلامەوە
     

لەدەقەکانى قورئانداو لەو ئایەتانەدا کە لەبارەى (الربا)وە هاتوون لەسورەتەکانى (البقرة) و (ال عمران)، تەنها ئاماژە بە خودی ووشەکە کراوەو هەروەها ئەو سزایانەى کە ڕووبەڕووى ئەو (کەسانە) دەبنەوە کە بەم مامەڵەیە هەڵدەستن، وەک ئایەتەکانى (٢٧٥-٢٨١) لە سورەتى (البقرة)و ئایەتەکانى (١٣١-١٤٢) لە سورەتى (ال عمران) ئایەتى (١٣٠) کە رونکردنەوە لەسەر چەمکەکە دەدات و دەفەرمێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَأْكُلُوا الرِّبَا أَضْعَافًا مُّضَاعَفَةً ۖ وَاتَّقُوا اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ (١٣٠) . سەبارەت بەم ئایەتە لە تفسیرى (القرطبي)دا هاتووە: ( عەرەب شتیان بەقەرز دەفرۆشت کاتێک وادەکەى دەهات بڕێک زیادەیان دەخستە سەر بەها بنچینەییەکەى لەپێناو ئەوەدا قەرزەکە دوابخرێت و ساڵانەش ئەگەر قەرزەکە جارێکی تر دوابکەوتایە ئەوا زیادەى ساڵى یەکەم دەچووە پاڵ زیادەى ساڵى دووەم و بەوشێوەیە ساڵ بەساڵ کەڵکەکە دەبووە سەرى، ئەم ئایەتەش بەڵگەیە لەسەر دزێوى و خراپی ئەم مامەڵەیان . 
   
بەڵام لە فەرمودەکانى پێغەمبەر (د.خ) ئەوە ڕونکراوەتەوە کە سوو (الربا) بریتییە لەوەى کەسێک بڕێک لەپارە (زێڕ یان زیو) یان شمەک بداتە کەسێکی تر لەبەرامبەر وەرگرتنەوەى ئەو زێڕ یان زیو یان شتەدا لەپاش ماوەیەکى دیاریکراو لەگەڵ زیادەیەک کە پێشوەخت ڕێکەوتنى لەسەر کراوە، وەک ئاڵتون بەئاڵتون و زیو بە زیو و گەنم بە گەنم و جۆ بەجۆ و خورما بەخورما و خوێ بە خوێ... هتد،  هەرکەسێکیش ئەم مامەڵەیە بکات، هەردوو لایەنى وەرگرو پێدەر ئەوا مامەڵەى بەسوو کردوە) ئەمەش پوختەى فەرمودەکەیە (ئەحمەد و بوخارى) گێڕاویانەتەوە: "الذَّهَبُ بِالذَّهَبِ، وَالْفِضَّةُ بِالْفِضَّةِ، وَالْبُرُّ بِالْبُرِّ، وَالشَّعِيرُ بِالشَّعِيرِ، وَالتَّمْرُ بِالتَّمْرِ، وَالْمِلْحُ بِالْمِلْحِ، مِثْلًا بِمِثْلٍ يَدًا بِيَدٍ، فَمَنْ زَادَ أَوْ اسْتَزَادَ فَقَدْ أَرْبَى، الْآخِذُ وَالْمُعْطِي فِيهِ سَوَاءٌ" .
 
واتە مەرجی مامەڵە بەسوو لەروانگەى ئیسلامەوە ئەوەیە کە مامەڵەکە لەسەر شمەکێک و بۆ ماوەیەک بێت و دانەوەى هەمان شمەکەکە پاش ماوەکە لەگەڵ خستنەسەرى زیادەیەک کە پێشتر ڕیکەوتنى لەسەرکراوە.

ئەوەى لەم چەمکەوە تێبینى دەکرێت و بەپشت بەستن بە ئایەتەکانى قورئان و فەرموودەکانى پێغەمبەر ئەوەیە کە:

١- گوتارى قورئانى لەم بارەیەوە ئاراستەیە بۆ "باوەڕداران"، هەروەها ئاراستەى "کەس" کراوە، ئیدى کەسەکە ئاسایی بێت یان "مەعنەوی"، (پێموایە لەو کاتەدا مەبەست کەسى ئاسایی بووە وەک هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگە). وەک ئەوەى لە ئایەتى (٢٧٥) لە سورەتى (البقرة) دا دەفەرمێت "الَّذِينَ يَأْكُلُونَ الرِّبَا لَا يَقُومُونَ إِلَّا كَمَا يَقُومُ الَّذِي يَتَخَبَّطُهُ الشَّيْطَانُ مِنَ الْمَسِّ"، وەک بەئاشکرا لەم ئایەتەدا دەردەکەوێت کە مەبەستەکە کەسی ئاساییە، نەک کەسی مەعنەوى، چونکە بەو کەسە شوبهێنراوە کە شەیتان ڕایوەشاند بێت و دایگرتبێتەوە، مەبەستیشم لە جیاکردنەوەى کەسی خودیی و ئاسایی لەکەسی مەعنەوی ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا دەزگا یان دامەزراوە یان کۆمپانیا نەبووە کە لەئێستادا ئەم دامەزراوانە زۆربەى هەرە زۆریان بە ئارەزوومەندانە بێت یان بە ناچارى و تەنانەت لەزۆرێک لەوڵاتانى ئیسلامیشدا چوونەتە ناو سستەمى بانکی و مامەڵە بازرگانیەکانەوە چ وەک قەرزوەرگرو چ وەک قەرزدەرییش.
         
کەواتە گوتارى قورئان ئاراستەیە بۆ کەسانى ئاسایی ناو خەڵک کە هاتوون و لەگەڵ کەسانێکی ترى ئاسایی کەوا هەمیشە جیاوازی ئاستى بژێوی و گوزەرانیان جیاواز بووەو، جۆرێک لە چینایەتى لەنێوان رەگەزەکانى ئەم مامەڵەیەدا بەرقەرار بووە، وەک چینى هەژارو دەست کورت و چینى دەوڵەمەندو دەستڕۆیشتوو، بەڵکو زۆربەى هەرە زۆرى جارەکانیش لەو سەردەمانەدا کە دەکەونە پێش پەیدابوونى سستەمە بانکیەکانەوە، ئەوەى پێی دەوترێت مامەڵەى سوو پاڵنەرى بازرگانى لەپشتەوە نەبووە، بەڵکو بۆ دەستخستنى قوتى ژیان بووەو لایەنى هەژارو لایەنى دەوڵەمەند هەبووە لەمامەڵەکەدا، زۆرجاریش مامەڵەکە لەسەرەتاوە تەنها قەرزێک بووە بۆ ماوەیەک و هیچ زیادەیەکى لەسەر نەبووە، بەڵام دواى ئەوەى کاتى قەرزەکە تەواو بووەو کەسى قەرزدار لەبەر هۆکارى هەژارى نەیتوانیوە بیداتەوە، بۆیە داواى کردوە ماوەى قەرزەکەى بۆ دریژ بکرێتەوە لەگەڵ خستنەسەرى زیادەیەک کە لەوادەى داهاتوودا لەگەڵ ئەسڵى قەرزەکەدا زیادەکەش بداتەوە، بەوشێوەیە ماوە دواى ماوە قەرزەکە زیاتر کەڵەکە بووەو سووەکەش چەند قات بووەو بەمەش کەسە هەژارەکە بووە بەژێر قەرزێکی زۆرەوەو لەدواجاریشدا هەموو شتێکى لەدەستداوە بووە بە کۆیلەى دەوڵەمەندەکە، ئەمەش دزێوترین مامەڵەیە، هەربۆیە ئیسلام زۆر جەخت لەسەر حەرامیی دەکاتەوە.


٢- ئەو کەسەى لەپێناو بژێوى و قوتى رۆژانەیدا ناچار بووە پەنابەرێتى بەر پێدانى سوو، ئەوەى وەریگرتووە وەک قەرز، راستەوخۆ بەکارى بردوەو نەیخستۆتە ناو هیچ پرۆژەیەکى وەبەرهێنانی یان قازانج بەخش، هەتا دواتر بتوانێت قەرزەکە  بداتەوەو هەم خۆیشى بکەوێتە سەر پێی خۆى و بتوانێت بەردەوام بێت لەسەر کاسبیکردن.

٣- لەئیسلامدا مامەڵەى سوو (الربا) بریتییە لەپێدانى قەرزێک بە وادەو بەزیادە، ئەو شتەش یان ئاڵتونە بەئاڵتون  یان زیوە بە زیو یان شمەکە بەهەمان شمەک و لە هەمان ڕەگەز، بەڵام هیچ کام لەمانە کە رەگەزى قەرزو مامەڵەکان ناچنە چوارچێوەى ئەوەى کە ئەمڕۆ پێى دەوترێت پارە یان دراو، تەنانەت زێڕو زیو و مسیش کە ئەو کات یەکەى دراو بوون لە مامەڵەدا ، بەڵام ئەمانەش لەو سەردەمەدا هەروەک شمەکەکانى تر (گەنم و جۆ و خورما... هتد) بەهاکەى خۆیان لەخۆیاندا بووەو تەنانەت بەهاکەشیان تا ڕادەیەک جێگیر بووە، واتە لەمیانەى وادەى قەرزەکەدا بەهاکەیان نەگۆڕاوە، ئەو کەسەى برێک زێڕ یان زیوى داوە بەقەرز پاش ساڵێک (بۆ نمونە) هەمان بڕە زێڕەکەى وەرگرتۆتەوە بێ ئەوەى بەهاکەى کەم بکات یان زیاد بکات (لەگەڵ زیادەکەشیدا)، یان رێژەیەک لەگەنم هەمان ڕێژە بووە لەگەنم کە پاش وادەکە وەرگیراوەتەوە (لەگەڵ زیادەکەشیدا)و بەوشێوەیە، کەواتە لێرەدا کەسى قەرزدەر لەمیانەى پێدانى قەرزەکەیدا هیچ مەترسیەک لەسەر ئەسڵ یان بنچینەى ماڵەکەى نەبووەو ماڵەکەى پارێزراو بووە، پاشانیش زیادەیەکى وەرگرتووە، ئەمە جگە لەهەندێک سەرنج کە لێرەدا گەڵاڵە دەبێت سەبارەت بەحەرامکردنى پێم باشە ئاماژەیان پێ بکەم:

١- تەنانەت سوویش جۆرێکە لە مامەڵەى بازرگانى و لەسەر بنەماى خواست و خستنەڕوو یان لایەنى کورتهێنەرو لایەنى زیادهێنەر یان زیادەیی دروست دەبێت، بێگومان هەموو مامەڵەکانى تریش بەدەر لە سوویش هەر لەسەر ئەم بنەما سەرەکییە بونیاد دەنرێن.

٢- حەرامکردنى سوو لەسەردەمە بەراییەکانى ئیسلامدا بووە هۆى ئەوەى لەئابورى ئەوانە بدرێت کە بێباوەڕبوون یان جولەکە بوون، بەڵام لەئێستادا ئەوە پێچەوانە بۆتەوەو لێدانە لە ئابورى ئیسلامی، بەو پێیەش کە لەئێستادا مومکین نیە هیچ مامەڵەیەکى بازرگانى لەسەر ئاستى کەسانى تاک و کەسانى مەعنەوی و هەتا لەنێوان وڵاتان و هەرێمەکان و کیشوەرەکاندا بکرێت بەبێ نێوەندگیرى نیمچە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کە بانک و دامەزراوە داراییەکانى تر پێى هەڵدەستن، (جگە لە بانکە ئیسلامیەکان) کە دەتوانین بڵێن بانکى لۆکاڵین و هەرگیز ناتوانن تێپەڕێنەرى سنوربن (عبر الحدود) یان مۆرکێکی جیهانى وەربگرن یان تێهەڵکیش بەسستمى جیهانگیرى ببن، دەتوانین لەژێر بانکە تایبەتەکاندا پۆلێنیان بکەین، وەک چۆن دەڵێین بانکى کشتوکاڵ یان بانکى خانوبەرە، بیشڵێین بانکى ئیسلامی.

٣- لەوڵاتانى ئیسلامیشدا وێڕاى چەسپاندنى حەرامی سوو لەناو یاساکانیاندا، بەڵام لەرووى کردارییەوە ئەم مامەڵەیە دەکەن، یان بەجۆرێک رێکخراوەتەوە حیللە شەرعی تێدایە، ئەگینا وەک دەرهاویشتەکانى و کاریگەریەکانى هەمان دەرهاویشتەکانى سوویان لێدەکەوێتەوە، بۆ نمونە یەکێک لەلایەنە نەرێنیەکانى مامەڵە بەسوو ئەوەیە کە دەبێتە هۆى دروستکردنى رەوشى بێبازاڕى، چونکە بەهۆى سووەکەوە هێزى کڕینى پارە کەمدەبێتەوەو دەبێت بەناچارى بڕێکى زیاتر لە پارە بدرێت لەبەرامبەر هەمان شمەک کە بە نەخت نرخەکەى لانى کەم ١٠% کەمترە، دەى خۆ ئەوانەش کە بەناوى بانکى ئیسلامى و مامەڵەى حەڵاڵەوە هەمان ئەم کارە بەجۆرێک لە حیللە شەرعیەوە دەکەن، بەهەمان شێوە ئەمانیش بەشدارن لەدروستکردنى ئەوەى کە بەهاى پارە دابەزێنن لەبەرامبەر بەرزکردنەوەى نرخى شمەکدا، چونکە کەسى قەزردار مامەڵە لەگەڵ بانکێکی بازرگانى بکات یان بانکێکی ئیسلامی (بارەکەى ئەو هەمان مەنە)، بەڵکو خولقاندنى ئەو جۆرە مامەڵە بەناو ئیسلامییەو شەرعاندنى تەنها لەبەرژەوەندی یەک لایەنە ئەویش لایەنى قەرزدەرە واتە خودی بانکە ئیسلامییەکان.

٤- لەئێستادا جەختکردن لەسەر حەرامبوونى مامەڵە بەسوو (بەتایبەتى ئەوەى کە دەوڵەت لەچوارچێوەیەکى یاساییدا رێکیخستووەو خۆى سەرپەرشتى دەکات و هەروەها ئەو زیادەیەش پەیدا دەبێت لە سەربارە گشتییەکاندا "المرافق العامة" خەرجی دەکات، ئەمە دەستوەردانە لەکارەکانى دەوڵەت لەوەى بتوانێت هەستێت بە رێکخستن و ئاراستەکردنى مامەڵە بازرگانییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لەوێوە کەوا ئەمە هەوڵێکە بۆ قۆرخکردنى هەر مامەڵەیەکى بازرگانى کە بکرێت و لەسودى گشتى بگەڕێتەوە، وەک ئەوەى ئەگەر دەوڵەت بتوانێت لەسەر ئاستى ناوخۆدا خۆى و لەرێگەى بانکە حکومییەکانەوە سەوداو مامەڵەکان بەڕێوەبەرێت ئەوەش کە دەستى دەکەوێت لە زیادە لەئەنجامى ئەو مامەڵانەوە لە  خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بەکاری بهێنێتەوە.

٥- رێگرتن لە مامەڵەى بانکییە بازرگانییەکان دەبێتە هۆى ئەوەى ئەو پارانەى لاى هاوڵاتى خەرج ناکرێن بەشێوەیەکى نەرێنی و مردوو پاشکەوت بکرێن، واتە هەڵگرتنى پارە بێ ئەوەى بخرێتە جوڵەو کارى بازرگانى، ئەمەش تەواو پێچەوانەى یەکێک لە بنەما ئابوریەکانە کە نابێت پارە ڕاوەستێت، بەڵکو دەبێت لە جوڵەپێکردنێکی بەردەوامدا بێت. هەڵگرتنى پارە لە ماڵەکاندا لەلایەن هاوڵاتی بەهۆى دوو هۆکارەیەوە یەکێکیان ترسانە لەکەوتنە ناو مامەڵەى حەرام و دووەمیش نەبوونى  متمانەیە بە بانکە حکومییەکان و بە دەوڵەت.

٦- پارەى هەڵگیراو یان سڕکراو لە ماڵەکاندا، دەبوو بەهەمان شێوەى سوو ئەویش حەرام بکرایە لەلایەنە شەرعی و ئیسلامییەکەوە، چونکە پارە بەهەڵگرتنى و سڕکردنى بەهاى خۆى وردەو وردە لەدەست دەدات، هەتا غەیرى پارەش وەک زێڕو زیو، چونکە ئەمانیش ئەمڕۆ چیدى وەک جاران شمەک نین، بەڵکو دەچنە ناو چوارچێوەى دراوەو بەهایان بەجێگیرى نامێنێتەوە، یان دەکرێت هەڵگرتنى پارەو پاشەکەوتکردنى نەرێنی لەماڵەکاندا بۆ ماوەیەکى زۆر ببێتە هۆى لەدەستدانى تەواوى بەهاى پارەکە، وەک ئەوەى گۆڕان یان جۆرێک لە وەرگەڕانى سیاسی ڕووبدات یان ئەوەى کە ئەمڕۆ هەندێک وڵاتى زلهێزو سەرمایەدار دژ بەنەیارەکانى دەیکات (بۆ نمونە، رەوشى عێراق لەسەروبەندنى روخانى رژێمی بەعس و کارپێنەکردن بە  پارەى سویسرى زیانى زۆرى بە هاوڵاتیانى عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاند، یان رەوشى ئێران لەئێستادا کە بەهۆى ململانێی سیاسیەوە هەموو ئەو پارانەى کە بەشێوەیەک لەماڵدا پاشکەوتکراون یان لە بانکە لۆکاڵییەکاندا پاشکەوتکراون بەهاى خۆیان بەرێژەیەکى زۆر لەدەستداوە)، رەنگە ئەمەش یەکێک بێت لە دیفاکتۆکانى جیهانگیرى کاتێک نایەیتە ناویەوە ئەوا لەدەرەوە بێ زیان نامێنیتەوە.

٧- مادام ئەمڕۆ سەرمایەدارى لەجیهاندا باڵادەستە ئەوا ڕووبەڕبوونەوەى ئەو سستەمەى کە جیهانگیرییەو زادەى سەرمایەدارییە جگە لەشکستى خودیی هیچى ترى لێ ناکەوێتەوە، لەبەرئەوەى لەدەرەوەى جیهانگیری و لەبەرامبەریدا لۆکاڵیزم هەیە، لۆکاڵیزمیش هەمیشە کار لەسەر تایبەتمەندی و خۆیبوون و بەش بوون و دابڕبوون و نەپەڕینەوە و لاوازکردنى پردەکانى بەستنەوەو یەکانگیربوون دەکات، هەروەها لۆکالیزم سستەمێکی خۆیی و ناوخۆیی و سنوردارە، ناتوانێت سنورەکان تێپەرینێت، بۆیە بە لاوازى و بێهێزی دەمێتێتەوە، لەوەش گرنگتر لۆکاڵیزم سستمێکی ئەنتى جیهانییە، کار لەسەر جیاکردنەوە دەکات، لەچوارچێوەیەکى گەورەتر لەچوارچێوەى دەوڵەتى نیشتمانی فۆرمەلە نابێت، بۆ نمونە هاوڕایی و رێککەوتنێکى نێودەوڵەتى و تەنانەت هەرێمییشى لێناکەوێتەوە، هەر بۆیە هەمیشە لۆکاڵیبوون لەبەرامبەر بەجیهانیبووندا بەلاوازی دەمێنێتەوە.

٨- نەدۆزینەوەى بەدیلێک لەبری مامەڵە بەسوو هێشتنەوەو پایەدارکردنى سیستەمى چینایەتیە، چونکە لەو مەملەکەتەى مامەڵە بەسوو ناکرێت دەوڵەمەندەکان بەدەوڵەمەندی دەمێننەوەو هەژارەکانیش هەر بەهەژارى، چونکە ئەوکات تەنها دەوڵەمەند تواناى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى دەبێت و هەژار بە وەرزێرى دەمێنێتەوە یان مشەخۆر لەسەر سەدەقەو خەیرات و زەکات، چونکە هەرگیز ئاستى داهاتى ناگاتە ڕادەیەک ڕێگەى ئەوەى پێبدات وەبەرى بهێنێت، دەوڵەمەندیش بێ هیچ بەرامبەرێک پارە ناداتە هەژار، مەگەر ئەوەى لەپێناو قوتى رۆژانەدا بێت وەک صەدەقەو خەیرو زەکات بیبەخشێتە هەژار (کە ئەمیش داواى یەک بە دەو زیاتریش لەخودا دەکاتەوە)، کە ئەوەش هێندە نییە و لێی زیاد نابێت بیخاتە هیچ پرۆژەیەکى قازانج بەخشەوە، پاشانیش هەژاریی دەردێکە تەنها گەدە بەتاڵ ناکات بەڵکو وا دەکات تاک لەئاستێکی نزمى هەبوونى زانیارى و ئەزموون و گوزەراندا بهێڵێتەوەو بوارى ئەوەى پێ نەدات بتوانێت بەشدارى کاراو کاریگەرى لەنێو پرۆسەى بەرهەمهێنان و وەبەرهێناندا هەبێت. ئاماژەکردنیشم بۆ ئەم حاڵەتە بۆ بەرپەرچدانەوەى خستنەڕووى ئەو مامەڵانەیە کە بانکە ئیسلامییەکان پێی هەڵدەستان، وەک ئەلتەرناتیڤێک کەوا جێگەى مامەڵە بەسوو بگرێتەوە، وەک مامەڵەکانى (سکوک، مورابەحە، موقایەضە، موشارەکە، ئیستصناع، سەلەم، ئیجارە، فرۆشتن بەوادە)، چونکە لەئەمڕۆدا کەوا مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان ئاڵۆزو بەیەکداچوون بۆ ئەوەى کەسێکى کەم دەرامەت بتوانێت قەناعەت بە بانکێکی ئیسلامی بکات بۆ ئەوەى ببێتە هاوبەشى لەوەبەرهێنانێکدا ئەوا پێویستە خاوەنى ئەزمون و شارەزایی و بگرە بڕوانامەیەکى بەرزیش بێت لەبوارى ئابورى و بازاڕگەى و وەبەرهێناندا، کە ئەمەش ئەستەمە چونکە لەمڕۆدا بڕوانامەکانیش وایان لێهاتووە پێویستیان بە پارەو سامان هەیە بۆ ئەوەى بەدەستیان بهێنیت، واتە لەمرۆى سەرمایەداریدا واى لێهاتوو خودی پرۆسەى خوێندن و بەدەستهێنانى بڕوانامەش بۆتە بەشێک لەبزنس و وەبەرهێنان، چیدى کەسى کەم دەرامەت ناتوانێت پێ بخاتە ئەم قۆناغەوەو وەک رەگەزێکى مرۆیی ببێتە بەشێک لەم سیستەمە، بەداخەوە  ئەمە دەڵێم مەترسیدارترین دەرهاویشتەکانى سەرمایەدارى کە لەئێستادا خەریکە روخسارەکانى لەنێو کۆمەڵگەکاندا بەدیاردەکەوێت ئەوەیە کە مرۆڤە کەمدەرامەتەکان دەکەونە دەرەوەى ئەم سیستەمەوەو رۆڵێکى وەزیفی و یاریدەدەرو لاوەکی دەگێڕن، لە خولقاندنى ئەم رەوشەشدا هەردوو سیستەمى سەرمایەدارى و ئیسلامیش هاوبەش و بەشدارن، یان بەمانایەکى تر سیستەمە ئیسلامییە بەرپاکە یان ڕاستڕەوەکە ئەمیش هەروەها هەمان ئەو رۆڵە دەگێڕێت کەوا سیستەمى سەرمایەدارى دەیگڕێت لە خولقاندنى بونەوەرێکى نوێدا کە نە دەتوانێت وەک هەژارێک بمێنیتەوەو نە دەتوانێت دەوڵەمەندیش بێت، واتە ئەگەر جاران دەیانووت کۆمەڵگە دابەش دەبێت بەسەر چینى سەرمایەدارو بورژاو هەژاردا، ئەوا ئێستا تەنها چینى یەکەم ماوەتەوە بەهەمان تایبەتمەندیەکانى پێشوویەوە، ئەو دوو توێژەکەى تر کراونەتە دەرەوەى هەلومەرجەکانى ژیانەوە بەو تایبەتمەندیانەوە کە سەرمایەدارى دەیخوازێت، بەڵکو ئەم دوو تویژە لەپەراوێزێکدا دەژین کە لەمسەرەوە بە فەرمانبەرێک دەستپێدەکات کە لەبەرامبەر خواستە زۆرەکانى ژیان و گوزەران و گەشتنەوە بە مۆدیل و براندەکان تەنگەتاو و هەناسە سوارە بەهۆى سنورداری تواناکانى کڕینى و بێسنوریی خستنەڕووەکانەوە، هەتا دەگاتە ئەو کەسەى کە بەرۆژ لەسەر پاشماوەکانى ئەوانى تر دەژی و شەوانیش لەناو کارتۆندا دەخەوێت.

٩- ئەوەى پێی دەوترێت (سکوک)، ئەگەرچى لایەنى ئەرێنیشی هەبێت، بەڵام کەسی وەبەرهێن خاوەنى هیچ هەبوویەکى راستەقینە یان بنچینەیی نابێت، مەگەر بەشێوەیەکى رێژەیی و، مافى دەنگدان و ئیختیارکردنى نییە، مافى پاشەکشەى هەیە لەکاتى مەترسیدا لەسەر سەرمایەکەى، ئەویش رەنگە بە زیان لێی دەرچێت، بەکورتییەکەى ئەوەیە کە کەسێک پارەیەک بداتە وەبەرهێنێک بۆ ئەوەى ئەو پارەیەى بۆ بخاتە ئیشەوە، زیاتر پشت بە متمانە دەبەستێت، پاشانیش شتێکى وەک بەڵگەنامەى دارایی لێناکەوێتەوە لەسەر ئاستى جیهانى مامەڵەى پێوە بکرێت و پشتى پێ ببەسترێت بەڵکو زیاتر لەهەندێک لەوڵاتانى ئیسلامیدا کارى پێدەکرێت، بۆ نمونە، سکوک، نە قەواڵەیەو نە چەکى داراییشە.

١٠- ئەو ئاماژانەى لەفەرمودەکاندا هاتوون هیچیان ناچنە چوارچێوەى ئەو پێناسەیەوە کە ئەمڕۆ بۆ (دراو) دەکرێت، تەنانەت ئەوکات کە زێڕو زیو وەک یەکەى دراویش بوون لەمامەڵەدا، بەڵام چ ئاڵتون و چ زیو لەو سەردەمەدا هەروەک شمەکەکانى تر (گەنم و جۆرو خورماو...هتد) بەهاکەى خۆیان لەخۆیاندا بووەو تاڕادەیەکى زۆریش بەهاکەیان جێگیر بووە، واتە لەمیانەى وادەى قەرزەکەدا بەهاکەیان تاڕادەیەکى زۆر چەسپاو و نەگۆڕ بووە، رێژەیەک لە گەنم هەمان رێژە بووە لەگەنم کە پاش وادەکە دراوەتەوە (لەگەڵ زیادەکەشیدا) رێژەیەک لە ئاڵتون هەمان رێژەیەک بووە لەئاڵتون (لەگەڵ زیادەکەشیدا) و بەوشێوەیە، کەواتە لێرەدا کەسى قەرزدەر لەمیانەى پێدانى قەرزەکەیدا هیچ مەترسیەک لەسەر ئەسڵ یان بنچینەى ماڵەکەى نەبووە، ماڵەکەى پارێزراو بووە لەگەڵ (زیادەکە= سووەکە) کە وەریگرتووە، بۆیە بابەتى حەرامکردنى ئەم جۆرە مامەڵەیە لەو سەردەمەدا پاساوى خۆى هەبووە، بەڵام لەئێستادا زۆربەى مامەڵە داراییەکان بەو شێوازە ناکرێن، بەڵکو لەرێگەى دراو یان بەشێوەى رەصید دەگوازرێنەوە، ئەم مامەڵەیەش زۆر مەترسیدارە لەرووى ڕیسککردن و مەترسی لەدەستدانى دەستمایەو بنچینەى پارەکە یان دراوەکە، چونکە ئەمڕۆ بەهاى پارە لەخودی پارەکەدا نییە کە لەسەردەمى زوودا وابوو، بەڵکو رەنگە لەهەر ساتەوەختێکدا پارە بەهاکەى خۆى لەدەست بدات، ئێستا زیاد لە لایەنێک بەشدار دەبن لەدەستنیشانکردنى بەهاى دراو یان پارەدا، هەروەها هیچ پارەیەکى ئەمڕۆ بەجیاوازى جۆرەکانیەوە پارەکەى دوێنێ نییە، پارەى ئەمڕۆ بەپێی کات بەهاکەى دیارى دەکرێت، بۆیە ڕیسکى پارە خستنە ناو وەبەرهێنانى بانکییەوە هیچ کەمتر نییە لەڕیسکى پارە خستنە ناو مامەڵەیەک یان سەوداو بازرگانییەکى تەقلیدییەوە، بۆیە دەکرێت ئەو ڕیسکەى سەوداکار کە لەماوەى وادەى قەرزدانەکەیدا دەیکات هاوتا بکرێت بەو خۆخستنە مەترسی و ڕیسکەوە کەوا بازرگانێک لەمیانەى مامەڵە بازرگانییەکانیدا ڕووبەڕووى دەبێتەوە.
 
بەڵام لێرەدا شتێک هەیە کە نابێت فەرامۆش بکریت ئەویش ئەوەیە، بەدەر لەوەوە لەهەندێک فەرموودەش کە بە لاواز باس دەکرێن لەبارەى سوو (الربا)وە ، بەڵام ئەم مامەڵەیە بەو پێناسەو چوارچێوە مێژووییەوە بەدەقی قورئانیش هەر حەرامکراوە، ئەمەش وا دەکات هیچ گومانێک هەڵنەگرێت، مەگەر ئەوەى گومان لە قورئان و لەوێشەوە تەواوى ئیسلام بکرێت، بۆیە هیچ کات مشتومڕ لەسەر حەڵاڵى و حەرامی (الربا) گونجاو نییە وەک وتمان مەگەر ئەوەى تەواو لەچێوە ئیسلامییەکە بێینە دەرەوە، بەڵام مەسەلەکە لێرەدا شتێکی ترە کە پەیوەندی بەخودی چەمکەکەو جیاوازی چێوەو مەودا مێژووییەکەیەوە هەیە، بۆیە دەکرێت (الربا) لەنێو چێوەو چوارچێوە مێژوویەکەیدا وەک خۆى بهێڵرێتەوەو هەر جۆرە مامەڵە ئەنجامدانێک کە بچێتە ناو چوارچێوە قورئانییەکەوە کە بۆی دانراوە بەپێی شەریعەتى ئیسلامى حەرام بکریت، بەڵام دەکرێت دەستپیشخەریی بکریت بۆ باسکردن لەچەمکێکی تر کە جیاوازە لە (الربا) بەو ماناو چێوەیەى لەپێشەوە ئاماژەمان پێکرد، کە ئەویش دەکرێت بە سوود (الفائدة) لەچوارچێوەى مامەڵە بانکی و داراییەکاندا ناوزەدبکرێت یان پێناسە بکرێت، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بەهەندێک جیاوازى بکەین لەنێوان هەردوو چەمکەکەدا (الربا)و (الفائدة المصرفیة) کە لەم چەند خاڵەدا دەیانخەینەڕوو:

١- (الربا) بریتییە لە مامەڵەکردن بەهەمان شت و لەهەمان ڕەگەز، دەکرێت تەنانەت زیو و ئاڵتونیش لەو سەردەمەدا هەروەک شت مامەڵەى پێوەکرابێت نەک دراو و پارەى نەختینە، وەک پێشتر ئەمەمان ڕوونکردەوە.

٢- شت و شمەک کە مامەڵەی سوویان پێوە دەکرێت تاڕادەیەکى زۆر بەهاکەیان بەجێگیریی دەمێنێتەوە، بەڵام پارە یان دراو بەهاکەى جێگیر نییە و پارەى ئەمڕۆ پارەکەى دوێنێ نییە.

٣- (الربا) لەنێوان دوو کەسدا وەک زیادەیەک و لەئەنجامى مامەڵەیەکى بەقەرزى و بە وادە پەیدا دەبێت، کە ئەم کەسانەش کەسانى ئاسایین وەک لە ئایەتەکانى قورئانی پیرۆزدا گوتاریان ئاراستەیە بە (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا ...)، واتە مامەڵەى (سوو) لەو سەردەمەدا لەنێوان کەسە ئاساییەکاندا زۆرجاریش بۆ قووتى رۆژانەو گوزەرانى کەسەکە بووە نەک مەبەستى سەرەکی لێی کارى بازرگانى یان وەبەرهێنان بوو بێت.

٤- ناتوانرێت سیستەمى بانکی بە بەرپا بمێنێتەوەو بەردەوام بێت بەبێ پەیڕەوکردنى جۆرێک لە سوود (الفائدة)، چونکە لەئەمڕۆدا وەگەڕخستنى سەرمایە جۆرێکە لەمامەڵە نەک سوو، بەتایبەتى لەسەر ئاستى وڵاتان و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکاندا.

٥- هەرچى سەبارەت بە بانکە ئیسلامییەکانە، ناتوانرێت جێی بانکە بازرگانییەکان بگرنەوە، ئەمە جگە لەوەى بانکە ئیسلامییەکان لەو وڵاتانەدا ڕەواجیان پێدەدرێت کە مەبەستیانە بەئاسانى سەرمایەو دارایی بکەوێتە دەست گروپەکان یان ئەو رێکخراوانەى کەوا گروپە ئیسلامییەکان و پرۆژە ئیسلامییەکان پارەدار دەکەن، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە وڵاتێکی وەک میسر کە نایەوێت دارایی و سامان لەدەرەوەى دەوڵەت و لەدەست ئەو ڕێکخراوانەدا کۆببێتەوە کە لەدەرەوەى حکومەت و دامودەزگاکانى دەوڵەتەوە پرۆژەى تایبەتى و جیاو هەتا حزبی و ئایدۆلۆژی خۆیان هەیە، هەر بۆیە لەو وڵاتانەدا زۆرێک لەزانایانى ئایینى  و هەتا هەندێک لە زانایانى ئەزهەرییش وا دەدەوێن کە مامەڵە دارایی و بانکییە بازرگانییەکان ڕێگەپێدراون مادام لەسەر بنچینەى ڕەزامەندی هەردوو لایەنى گرێبەستەکە بێت، بەڵام لە وڵاتانى کەنداو زیاتر بانگەشە بۆ بانکە ئیسلامییەکان دەکرێت، ئەمەش وا دەکات هەندێک گروپ و ڕێکخراوى ئیسلامی هەن لەو ڕێگایانەوە قازانیجان دەست بکەوێت و پرۆژەکانى خۆیانیان پێ پارەدار بکەن.

٦- بانکە ئیسلامییەکان ئەگەرچى بەشێوەى ناولێنان مامەڵەى سوو ناکەن، بەڵام هەندێک لەمامەڵەکانیان حیللە شەرعییەو هەر دەچنە ئەو بوارەوە، وەک ئەوەى لایەن قەرزدەر، لەسەر لایەنى قەرزدار ڕێکدەکەون لەسەر فرۆشتنى شمەکێک پێی پاشان قەرزدەر دەچێت لەشوێنیک شتەکە یان شمەکەکە بۆ قەرزدارەکە دەکڕێت و بەنرخێکی گرانتر پێی دەفرۆشێتەوە بەقەرز، لایەنى قەرزداریش هەمان شمەک بەنرخێکی کەمتر بەخاوەن ئەسڵیەکەى شمەکەکە دەفرۆشێتەوەو بەمەش پارەى نەختى دەست دەکەوێت، ئەم حیللە شەرعییە کە ئێستا یەکێکە لەو مامەڵانەى کە بانکە ئیسلامییەکان پەیڕەوى دەکەن هەر دەچێتە چوارچێوەى مامەڵەى سووەوە، چونکە یەکەم ئەوە دیارە کە مامەڵەیەکى راستەقینە لەئارادا نییەو کەسی کڕیار لەبنچینەدا مەبەستى کڕینى شمەک نییە، بەڵکو دەیەوێت پارەى نەختى دەست بکەوێت، دووەمیش ئەم مامەڵەیە هەروەک سوو (الربا) بەشدار دەبێت لەبەرزکردنەوەى نرخى راستەقینەى شمەک و دروستکردنى حاڵەتى هەڵئاوسان لەبازاڕدا.

٧- سیستەمى سوو (الربا) بەشێوە تەقلیدییەکەى مامەڵەیەکى دارایی جولەکەیەو ڕێگایەک بووە بۆ ڕوتاندنەوەى خەڵکى هەژارو کەمدەرامەت و بەکۆیلەکردنیان، هەربۆیە ئیسلام زۆربەتوندی دژى وەستاوەتەوە، بەڵام ئەوەى پەیوەندی بەسوودى بانکییەوە هەیە، بەمەرجێک لەپێناو کارى وەبەرهێنان و خستنەگەڕى سەرمایەو جوڵەپێکردنى بێت، بەو مەرجەى ئەم مامەڵەیە لەوشێوە تەقلیدییە دەربچێت کە لەنێوان کەسانى ئاساییدا بێت و دەستمایە بۆ بەکاربردن نەک وەبەرهێنان، هەروەها بەو مەرجەى یەکێک لەلایەنەکانى مامەڵەکە دەوڵەتێکى ڕاست و دروست بێت و دەزگایەکى شەرعی و نیشتمانى بڕیار لەسەر بڕێکی دیاریکراوى سوودی بانکى بدات، هەروەها داهاتى سودە بانکییەکان لەڕێگەى دەوڵەتەوەو لەدەزگا خزمەتگوزارییەکاندا بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان خەرج بکرێتەوە، ئەمەیان جیاوازەو، ئەگەر ئەم جۆرە مامەڵەیەیان باشتر لەم خستنەڕووەى من کارى لەسەر بکرێت و گەڵاڵە بکرێت، رەنگە ببێتە دەلاقەیەک بۆ دەرچوون لە کۆت یان گرێی سوو.




ئه‌م بابه‌ته 254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر