ئەو پاشا کوردەى لە قورئاندا باسی لێوەکراوە

جولەندیی کوڕى کوڕکوڕ تاکە پاشاى کوردە کەلە قورئاندا باسی لێوە کراوە.
PM:02:52:17/08/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
داستانی جوڵەند، داستانێکی کوردی دێرینە بۆ پادشایەک کە کورد بە پادشایەکی دێرینی خۆی داناوە و چیرۆکی لەسەر داناوە و قەڵای بە ناوەوە کردووە

سۆران حەمە ڕەش
نووسەر

خوێنەری ئازیز، ناونیشانی بابەتەکە دات نەچڵەکێنێت، هۆکارێک هەیە بۆ دانانی وشەی "کافر" کە دواتر لەگەڵ خوێندنەوەی بابەتەکەدا بۆت ڕووندەبێتەوە.

پاش ساڵانێکی زۆر لە کارکردن و هەوڵ بۆ ساغکردنەوەی مێژوو و فەرهەنگی کوردی، خۆشحاڵم کە بڵێم ئەمڕۆ ئەرشیفێکی دێرینی وام لەسەر کورد هەیە کە هیچ گومانم نییە لەوەی هەموو زانکۆ و دەزگا ئەکادیمیەکانی کوردستان ئەرشیفی لەو جۆرەیان نییە. ئەرشیفەکەش هەر ئەوە نییە لەوێدا بێت، کارم لەسەر زۆربەی کردووە، بەردەوام شتی نوێیان تێدا دەدۆزمەوە. زۆرجار لە ناو ئەو هەموو سەرچاوانەدا کە سەیری ئەو هەموو بابەتە دەکەم، کە لەسەر فەرهەنگ و مێژووی کورد هەیە و هێشتا هیچیان لەسەر نەنووسراوە، یان زۆر کەمیان لەسەر نووسراوە، تەمەنم لەبەرچاودا کەم دەبێتەوە و ژیان کورت دەنوێتنێت؛ خەممە کە بەشی ئەوە نەکات ئەو هەموو کارە تەواوبکەم. بەڵام ژیان سنووردارە و مرۆڤ هەرچەند هەوڵ بدات فریای بەشێک لە خەونەکانی دەکەوێت. جا لە کاتی خوێندنەوەی سەرچاوەکاندا، کاتێک هەندێک شت سەرنجم ڕادەکێشن، دەستبەجێ لە شوێنێکدا دەیاننووسم بێ ئەوەی کە بزانم لەو کاتەدا سوودەکەی چی دەبێت، بەڵام دوای چەندین ساڵی تر پارچەیەکی تری ئەو بابەتە لە شوێنیکی تردا دەدزۆمەوە و زیاتر لە بابەتە مێژووییەکە دەگەم، بەو جۆرە سەرەداوێکی بچووک، زۆرجار دەمبەنە سەر گەوهەرێکی دێرینی مێژوو و فەرهەنگی کوردی. چیرۆکی ئەم پادشا مەزنە کوردە "کافر" ەش، بەرهەمی گەڕانی چەندین ساڵ و کۆکردنەوەی سەرچاوەی جیاوازە.

چەند ساڵێک لەمەوبەر کاتێک کە کتێبی مێژوونووسی کورد و پیاوی دەوڵەت و میری هەزەبانی هەولێری، ئەبو هیجا (١٢٢٣ -١٣٠١ ز) م دەخوێندەوە، شتێک سەرنجی ڕاکێشام. پێش ئەوەی کە زیاتر لەسەر بابەتەکە بدوێم دەبێت بزانرێت کە میر ئەبوهیجای مێژوونووس کێیە.

ئەم پیاوە میر و کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و شارەزا بووە لە مێژوو و زماندا و شاعیر و پیاوی دەوڵەت و سەر بە بنەماڵەی هەزەبانی حوکمڕانی دێرینی هەولێر بووە، ئەو لەدایکبووی هەولێر بووە و لەوێ خوێندوویەتی، دواتر بۆ چەندین ساڵ و هەتاوەکو کۆتایی ژیانی، والی دیمەشق بووە.

لە ڕووی سیاسییەوە سەر بەو کوتلەیە بووە کە داکۆکیان لە عەلی کوڕی ئەبی تالیب کردووە، بەڵام لە ڕووی بیروباوەڕەوە پێ دەچێت زۆر ئیماندار نەبووبێت. لەبەر ئەوەی هاوڕێی نزیکی فەیلەسوفی هەولێری، (عیزی زەریر) بووە کە بە زەندیق (بێ باوەڕ/کافر) لە قەڵەم دراوە.

هێندە هاوڕێ بوون، لە سەرەمەرگیشدا لە تەک (عیزی زەریر)دا بووە، هەتاوەکو هەناسەی دەرچووە هەر لەتەکیا ماوەتەوە و هۆنراوەیشی بۆ ئەو زاتە فەیلەسوفە گوتووە.

لە کتێبەکەیدا بە زمانی عەرەبی لەسەر مێژوو (کە بەندە کۆپیەکی هەیە)، میر ئەبو هیجا لە شوێنێکدا باسی مردنی دوا میری مەزنی هەزەبانی، لە ڕۆژی ١١٢٥/٧/٢٠ ز دا، دەکات بە ناوی (میر عیزەدین شەهاب ئەلدەولە ڕێخۆشکەری ئاینی ئیسلام و تاجی پادشاکان ئەبو هیجای کوڕی مۆسەک کوڕی هاکۆ/ئاکۆی هەزەبانی خاوەنی هەولێر).

ئەبو هیجای مێژوونووس دەڵێت ئەو میرە بە یەکێک لە پادشا پێشینەکان دادەنرا لە بەخشندەیی، خواردن، جلوبەرگ، ئازایەتی، دادپەروەی، باڵابەرزی و قۆزیدا و بەهێزترین دەنگی هەبووە، دەڵێت گوایە کاتێک کە پژمیوە لە دەرەوەی هەولێر گوێیان لە پژمەکەی بووە.

دوای ئەوەی کە بەو جۆرە بەسەریدا هەڵدەدات دەڵێت لە دوای مردنی ئەو میرە کوردە هەزەبانییە، کوڕەکەی بووە بە پادشا و پاش ماوەیەکی کەم تورکەکان هەولێریان گرتووە و بەو جۆرە کۆتایی بە حوکمڕانی هەزەبانیان لە هەولێردا هێنراوە و هەولێر کەوتۆتە دەستی تورکەوە.

دواتر ئەو مێژوونووسە ئاماژە بە هۆنراوەیەك دەکات کە بەعەرەبی بە شانوباڵی ئەو پادشا کوردەدا هەڵدراوە. لە دێڕێکی هۆنراوەەکەدا دەگووترێت:

(شهدت بصحة ملکه و علائه    أی الکتاب و عزة القسعاء)
واتە " لەسەر پادشایی و پایەبەرزی ئەو، کتێب و شانازی پتەوی شایەتە"

لە کۆتایی هۆنراوەکەدا ئەبو هیجای هەزەبانی مێژوونووس بۆچوونێکی سەیر لەسەر لێکدانەوەی هۆنراوەکە دەدات. ئەو دەڵێت "کە دەڵێت کتێب شایەتە لەسەر دروستیی حوکمڕانیی ئەو، ئەوەیە کە هەزەبانیەکان لە بنەچەی جلندیی کوڕی کوڕکوڕ-ن کە خودا دەربارەی دەڵێت (و کان وراءهم ملك یاخذ کل سفینة غضبا)".

واتە مێژوونووسێکی کوردی وەک ئەبو هیجای هەزەبانی بنەچەی دەسەڵاتدارە هەزەبانیەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ جوڵەندیی کوڕی کوڕکوڕ. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە بە نزیکی لە هەموو تەفسیرەکانی قورئاندا ئەو ئایەتە بەوە لێکدراوەتەوە کە ئاماژەیە بە جوڵەندیی کوڕی کوڕکوڕ کە پادشایەکی کافری پێش ئیسلام بووە و دەسەڵاتدارێکی گەورە بووە، دەستی بەسەر کەشتیەکاندا گرتووە و ڕێی لە کەشتیەکان گرتووە.

ئەم پادشایە هێندە بەناوبانگ بووە، لە ناو سەرچاوە ئیسلامیەکاندا قسە و بۆچوونی زۆر جیاوازی لەسەر هەیە، هەندێك دەڵێن کە پادشایەکی گەورە بووە و لەسەر کەنداوی فارسی/عەرەبی ئەوەی کردووە و هەندێکی تر دەڵێن لای ئەندەلوس وئەوانەی تر دەڵێن لەسەر دەریای سپی لە ئەنتاکیا، کە بە درێژایی مێژوو وڵاتی کوردان بووە.

هەندێک دەڵێن پێغەمبەر نامەی بۆ نووسیوە تا داوای لێبکات بێتە سەر ئاینی ئیسلام و، هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی موسا و هەندێکی تر پێش موسی. بەو جۆرە زۆر لە سەرچاوە ئیسلامییەکان چیرۆکی جوڵندی دەگێڕنەوە و لە کتێبی (ئەلف لەیل وە لەیلە) شدا چیرۆکی جوڵەندی وەک پادشایەکی کافر باسکراوە، بەڵام ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە چیرۆکەکەی (ئەلف لەیل وە لەیلە) بە عەرەبی نووسراوە، بەڵام زۆربەی ناوەکانی ناو چیرۆکەکە عەرەبی نین و ناوی جوڵندی خۆشی لە عەرەبی ناچێت.

جگە لەوەش سەرەڕای ئەوەی کە چیرۆکەکە کراوە بە عەرەبی، کەچی یەکێک لە کاراکتەرەکانی چیرۆکەکەی (ئەلف لەیل وە لەیلە)، دێوی چیا (غول الجبل) ە.

لەوە دەچێت ئەم بۆچوونە ئەفسانەییە، لە ناو کوردا بنەچەیەکی مێژوویی دێرینی هەبێت و، لە ڕابردوودا زیاتر بایەخی پێدرابێت و، لە زۆربەی کوردستاندا ئەم چیرۆکە گێڕابێتەوە. لەبەر ئەوەی کە جگە لە بۆچوونەکەی ئەبو هیجای هەزەبانی کە نزیکی پێش هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر داویەتی، بەیتێکی کوردی تایبەتیش هەیە کە پشتڕاستی ئەو بۆچوونە دەکاتەوە، ئەو بەیتە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەناوچەی موکریان تۆمارکراوە بە ناونیشانی "جوڵندی".

ئەم بەیتە لە ساڵی (١٩٠٢-١٩٠٣ز) دا لەلایەن ئۆسکارمانەوە تۆمارکراوە و مامۆستا هێمن دواتر هێناویەتە سەر ڕێنووسی کوردی. بەیتی جوڵەندی نزیکی ٢٥ پەڕەیە و بەیتێکی دوورودرێژە، کە چیرۆکی پادشایەکی مەزنی کوردی "کافر" ە، کە دەچێتە جەنگ دژی موسوڵمانەکان و ڕوو دەکاتە مەدینە بۆ لەناوبردنی محەمەد و عەلی.

چیرۆکی بەیتە کوردیەکە لەوەی (ئەلف لەیلە وە لەیلە) جیاوازە و، لە سەردەمی پێش تەلەفزیۆن و ڕادیۆدا تۆمارکراوە، بۆیە کەشوهەوایەکی هێندە کوردانەی هەیە کە زۆر جار هەست ناکەیت کە باس لە پێغەمبەری موسوڵمان و مەککە و مەدینە دەکرێت.

پاڵەوانەکانی بەیتەکە بریتین لە جوڵەندی و موحەمەد و عەلی و فاتیمە و عومەر و بیلالی حەبەشی و شەیتان. ناوەکان زۆر کوردێنراون، بۆ نموونە بە عومەری کوڕی خەتاب دەگوترێت (کاک عومبەر) و فاتیمە (فاتیمە خانێ) و هیلالی حەبەشی (هیلالی عەبەشی) و عەلی-ش (شێری خوڵای/خودا) و هەندێک جاریش (عەلی کاکە).

چیرۆکەکە هەرچەندە نزیکی سەد و پانزە ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراوە، بەڵام بە دڵنیایی مێژووەکەی لەوانەیە زیاتر لە هەزار ساڵ بێت، هەرچەندە بەهۆی تۆمارنەکردنی بە نووسین، زمانی بابەتەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و زمانی سەر و سەد ساڵ لەمەوبەرە نەک ‌هەزاران ساڵ لەمەوبەر.

چیرۆکەکە درێژە بەڵام کورتەی بەیتەکە ئەوەیە کە جوڵندی بە هەواڵی پەیدابوونی "حەمەدەمین" و عەلی "شێری خوڵای/خودیا" دەزانێت و، بە هاوکاری شەیتان دەیەوێت لەناویان بەرێت و، مەککە و مەدینە وێران بکات بەسەریاندا، لەبەر ئەوەی کە وەک پادشایەکی مەزن پێی وایە ڕکابەری لەسەر زەوی بۆ دروست بووە.

دوای ئەوەی کە شەیتان هەندێک جادوو لە عەلی دەکات و بە مەبەستی سستکردنی و بەشداری نەکردنی لە شەڕدا، جوڵەندی پاڵەوان کە پادشایەکی مەزنە، لەگەڵ سوپا مەزنەکەیدا ڕوو دەکاتە مەدینە و چوار دەوری دەگرێت. دواتر لە شوێنێکدا بە ئەسپە زەنگیە ڕەشە گەردن بەخاڵەکەیەوە، نیمچە فڕینێک خەندەقێکی چل گەزی دەبڕێت کە بە جادوو موسوڵمانان بە دەوریدا دروستیان کردووە. جوڵەندی دەست دەکات بە کوشتاری ئەسحابەکان ودوازدەیان لێ دەکوژێت و گەمارۆی مەدینە دەدات. محەمەد و موسوڵمانەکان دەکەونە خۆیان و محەمەد هەواڵی بۆ دەهێنرێت کە جوڵەندی پادشا و سوپاکەی هاتوون و گەمارۆی مەدینەیان داوە. محەمەدیش بە ژنێکدا هەواڵ بۆ عەلی دەنێرێت هەتاوەکو فریا بکەوێت و بێت بە هانای پێغەمبەرەوە و بەوجۆرە لە کۆتاییدا عەلی بە شمشێرێک پادشا پاڵەوانە "کافر" ەکە دەکوژێت. بەیتەکە زۆر بە ووردی داڕێژراوە و خەیەڵاتێکی کوردانەی خۆشی سەردەمی ڕابردووی تێدایە.

چیرۆکی بایەخدانی کورد بە جوڵندی پادشا لەوێدا تەواو نابێت، قەڵایەک هەیە لە نزیک چەمی ڕێزان لە نزیک شاری سلێمانی، بە ناوی قەڵای جوڵندی کە ئەمڕۆش پاشماوەکەی ماوە. قەڵاکە لە سێ لاوە بە ئاو گیراوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئێدمۆنس ئەو کات سەردانی قەڵاکە دەکات و دەڵێت زۆر بەشی جیاوازی ناو قەڵاکە بەئاسانی جیادەکرێتەوە. قەڵاکە ئەمڕۆش ماوە و خەڵک سەردانی دەکەن، بەڵام سەرەڕای گەڕانی زۆرم یەک لێکۆڵینەوەی زانستیی کوردیم لەسەر ئەو قەڵایە و شێوەی بیناکەی نەکەوتۆتە بەرچاو. ناوی بەرنامەیەکی دۆکیومێنتەری لەسەر ئەنتەرنێت هەیە بێ ئەوەی کە بتوانم چنگم بکەوێت.

ئەو زانیاریانەی کە لەسەر جوڵەندی ماونەتەوە زیاتر دەچنە خانەی ئەفسانەوە، وەک لە بابەت و ڕووداوێکی مێژوویی. ئەوەی کە ڕوونە سەردەمانێک لە ناو کورد دا جوڵەندی ناوبانگی گەورەی هەبووە و لە ناو کۆڕی میر و دەسەڵاتداراندا لەلایەن بەیتخوانەکان گێردراوەتەوە و، لە زۆر شوێنی کوردستاندا خەڵک ئاشنای ئەم پادشایە بوون.

جوڵەندی هەرچەندە بە کافر لەقەڵەم دراوە، بەڵام ناوهێنانی لەلایەن میرێکی مێژوونووسی کوردەوە وەک باپیرە گەورەیان نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو سەردەمە هێشتا لە ناو کورد دا جوڵەندی وەک ئەفسانە و وەک پادشایەکی دێرینی کورد باسکراوە. هەروەها ناونانی قەڵایەک بە ناوی ئەو پادشایەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە بیروباوەڕەکە لە ناو کورد دا زۆر بڵاو بووە.

دروستکردنی ئەو بەیتە کوردییەش ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە جوڵەندی هێندە لە ناو کورد دا ناسراو بووە، کە چیرۆکێکی خەیاڵی بە ناوەوە دروستکراوە کە لەوە ناچێت هیچ بناغەیەکی مێژوویی هەبێت. بەستنەوەی ئەو قەڵا مێژووییەی ناوچەی چەمی ڕێزان بە ناوی ئەوەوە، هەر ئەو ڕاستیە دوو پات دەکاتەوە.

ئەمڕۆ گەر لە سەرچاوەی عەرەبیدا بە دوای جوڵەندیدا بگەڕێیت، ئەوا بۆچوونی زۆر جیاواز لەسەر ئەو پادشایە دەبینرێت. بەڵام بە عەرەبیکردنی شتێکی ئاساییە لەبەر ئەوەی کە عەرەبەکان باڵوڵی زانا/دێوانەی یارسانیشیان کردۆتە عەرەب. هەروەها جگە لە ناوی "جوڵندی" بەشەکانی تری ناوەکەش بۆچوونی جیاوازی لەسەرە. جوڵەندی بە دڵنیایی پادشایەکی دێرین بووە، سەردەمەکەی هێندە دێرینە بۆیە بووە بە ئەفسانە و دەماودەم گێردراوەتەوە، کە بۆتە هۆی ئەوەی کە هەزاران ساڵ بێت لە کوردستاندا لەناو خەڵکدا باسکرێت. دروستکردنی ئەوبەیتەش زیاتر خەیاڵاتی بەیتخوانەکان بووە کە ئاگاداری ئەوەبوون کە جوڵندی پادشایەکی پێش ئیسلام بووە، بۆیە ئەو چیرۆکە خەیاڵیەیان بۆ دروستکردووە.

ئەمڕۆ گەر بخوازیت وەک ئەگەری مێژوویی تێبگەیت جوڵندی کێ بووبێت و بۆ لە ناو کورد دا ئاوا ناوبانگی هەبووە و خەڵک بە پادشای دێرینی کوردی داناوە، چەند ئەگەرێک هەیە. لەبەر ئەوەی کە پادشاکە بە دەریاوە بەستراوە و دەستی بەسەر کەشتیەکاندا گرتووە، دوو شوێن هەیەکە دەشێت چیرۆکەکەی تێدا دروست بووبێت، یان کەنداوی فارسی/عەرەبیە، کە لە ڕابردووی کۆندا کورد هەتاوەکو کەنداو بوونی هەبووە یان دەریای ناوەڕاستە کە دەشێت پادشایەکی سەدەی یەکەمی زاینی بێت لەو کاتەدا کە هەزەبانیەکان دەسەڵاتیان هەتاوەکو دەریاى سپی ناوەڕاست ڕۆیشتووە، ئەو پادشایە ژیابێت، یان ئاماژە بە پادشایەکی سەردەمی میتانیەکان بێت کە دەسەڵاتیان هەتاوەکو ئەودەریایە ڕۆیشتبێت و چیرۆکەکەی دەماودەم لە ناو کورد دا گێردرابێتەوە.

بە دڵنیایی زۆر گران دەبێت کە بگەینە وەڵامێکی ڕوون و مێژوویی بۆ بنەچەی جوڵەندی، ئەم چیرۆکە هەر وەک چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر، هەرچەندە لە بنەچەدا دەشێت مێژووی هەبێت، بەڵان ناتوانرێت وەک بابەتێکی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵ بکەین. بابەتەکە زیاتر دەچێتە ناو خانەی ئەفسانە و فۆلکلۆری کوردیەوە.

بەریتانیەکان پادشایەکی هاوشێوەیان هەیە، بە ناوی پادشا ئارسەر (King Arthur) کە چەندین فیلم و چیرۆکی بەناوەوە کراوە، بەڵام هەتاوەکو ئەمڕۆ وەک ئەفسانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت سەرەڕای چەندین هەوڵ بۆ ساغکردنەوە بنەچە مێژووییەکەی.

بۆیە داستانی جوڵەندیش، داستانێکی کوردی دێرینە بۆ پادشایەک کە کورد بە پادشایەکی دێرینی خۆی داناوە و چیرۆکی لەسەر داناوە و قەڵای بە ناوەوە کردووە. زیندوو کردنەوەی جوڵەندی، زیندووکردنەوەی بەشێک لە فۆلکلۆر و ئەفسانەی کوردیە و بەڵگەیەکی ترە لە دەوڵەمەندیی فەرهەنگی کوردی.

تێبینی:

١- بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت بەیتی جوڵەندی بخوێننەوە دەتوانن لە ماڵپەڕی کوردی kurdipedia کتێبەکە داببەزێنن لە ژێر ناونیشانی (توحفەی موزەفەریە).

٢- ڕوونکردنەوەی ئایەتەکە لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، بە مەبەستی کورتکردنەوەی بابەتەکە بە گشتی باسم کردووە و نەچوومەتە ووردەکاری بۆچوونە جیاوازەکانەوە.

ئەم نووسینە لە ئەکاوتنى توێژەر لە فەیسبووک وەرگیراوە.






ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر