ئێران لە بەرامبەر ھەلومەرجێکی سیتراتیژی نوێ دا

لە کاتی ئێستادا لەسەر ئاستی بزاوتی دەرەوە، ئێران ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەتەوە، کە وادەکات ڕۆڵی دەرەکی توشی گرفتێکی بێ پێشینە ببێتەوە.
PM:04:50:05/08/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی
ئەگەر ھاتوو ئێران ناچار بە چوونەدەرەوەی سەربازی کرا لە سوریا، ئەوە بەمانای کۆتاییھاتنی ھەژموونی لەوێدا نایەت

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

لە کاتی ئێستادا لەسەر ئاستی بزاوتی دەرەوە، ئێران ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەتەوە، کە وادەکات ڕۆڵی دەرەکی توشی گرفتێکی بێ پێشینە ببێتەوە.

بەپێی نەخشەی سیاسی ڕۆژھەڵات و خشتەی بایەخدان بە پەرەسەندنەکانی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لایەنەکانی گۆڕانکارییە سیتراتیژییەکان، ئێران بەدەرنییە لە ھۆکار و ھەڵسەنگاندنەکانی ناوچەکە، ھەرچەندە لە ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی سزای ئەمریکا بووەتەوە، بەڵام بێگومان لەماوەی دوو دەیەی ئامادەگی کارایدا، بە ئامانجێکی سەخت لەلایەن ھێزە نێودەوڵەتی و تەنانەت ڕکابەرە ناوچەییەکانیەوە ئەژمارنەکراوە. بۆیە دەتوانین بڵێین، ھەر لەدوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ وە بەبێ پلان بێت یاخود مەبەست، ئێران ھێزێکی کاریگەر بووە لە تەواوی ئەو گۆڕانکارییەی ناوچەکە بەخۆیەوە بینیووە.

بە ڕوخانی ڕژێمی تاڵیبان لەلایەن ئیدارەکەی بۆشی کوڕەوە لە پاییزی ساڵی ٢٠٠١ دا، کە سیاسەتێکی دژ بە ئێرانی تا ئاستی تائیفی پەیڕەودەکرد، کۆماری ئیسلامی زیاتر دەرکەوت. ھەروەھا بە داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە لەپێناو ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن، بووبە خاوەن دەسەڵاتێکی گەورە و فراوان لە عێراقی عەرەبیدا. بە ھەمان شێوە جەنگە یەک بەدوای یەکەکانی ئیسرائیلیش لەدژی لوبنان و کەرتی غەززە و سیاسەتە کورت مەوداکانی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل، یارمەتیدەربووە لە بەھێزکردنی ھەڵوێستی ئێران بەو پێیەی پاڵپشتێکی سەرەکی حیزبوڵڵا بووە وەک تاکە ھێزی گەورەی چەکدار لەنێوخۆی لوبنان دا، و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و ھاوپەیمانەکانی لە گۆڕەپانی بەرخودانی فەلەستینیدا.

کاتێک لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ دا، بزووتنەوە گۆڕانخوازییەکان لە ووڵاتانی عەرەبیدا سەریان ھەڵدا، ئەزموونی ئێرانی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی بێ پێشینەبوویەوە، لەوکاتەی شەقامی عەرەبی لە ووڵاتانی وەک؛ تونس، میسر، لیبیا، سوریا و یەمەن دروشمی دیمۆکراتی و فرەییان بەرزکردەوە و ھەروک توندوتیژی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و دکتاتۆریەتی ئایدۆلۆژییان بەلاوە نا. بەڵام پرۆسەی گۆڕانی دیمۆکراتی لەو وڵاتانەی ڕاپەرینی جەماوەری تیایاندا سەری ھەڵدا توشی ئاستەنگ بوویەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ووڵاتانی کەنداو سیاسەتی دژەگۆڕانکاری و ھەڵویستی پێچەوانەی گۆڕانی دیمۆکراسییان پەیڕەوکرد، ئەمەش دەرفەتی بۆ ئێران ڕەخساند کەوا بارودۆخی سیتراتیژی ناوچەی دوای ساڵی ٢٠١٣ لە بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە.

ئێران ڕژێمی ئەسەدی ھاندا بۆ ئەوەی بە ھێزی چەک ڕووبەڕووی گەلەکەی ببێتەوە. کاتێک ڕژێمی ئەسەد دەستەوەستان بوو لە کپکردنەوەی شۆڕشی سوریا، چ ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی میلیشیا شیعییە ھاوپەیمانەکانیەوەبێت، ئێران یارمەتی پێشکەش بە ڕژێم کرد لەگەڵ جێگیرکردنی پێگەی سەربازی و ئابووری قوڵی لە تەواوی سوریادا. لێکتێگەیشتنی ڕووسی - ئێرانی لە پاییزی ٢٠١٥ دا، یارمەتیدەر بوو لە بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ڕووسیا و ئێران، کە وایکرد ڕووسەکان ڕاستەوخۆ دەستوەربدەنە جەنگی ناوخۆی سوریا. 

ئێران لە ساڵی ٢٠١٣ دا حکومەتەکەی مالیکی ھاندا بۆ ئەوەی مانگرتن و یاخیبوونی جەماوەری شارە سوننی نشینەکانی عێراق داپڵۆسێنێت. وکاتێک لە ھاوینی ٢٠١٤ دا ھێزەکانی مالیکی لەبەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامیدا ھەرەسیان ھێنا، ئێران بڕیاری کرداری دا بۆ ڕزگاربوون لە مالیکی و ھاوکاریکردنی ئەمریکییەکان لەپێناو شکستھێنان بە داعش و کۆتایھێنان بە دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوە لە باکور و ڕۆژئاوای عێراق. کاتێک سەرکردە ئێرانییەکان دوپاتیان کردەوە کەوا ئیدارەی ئۆباما بەنیازی گفتوگۆیە لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیەوە، ئێرانیەکان لەگەڵ ئەمریکییەکاندا ووتووێژیان دەستپێکرد بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ناسراوبە ٥+١، کە دەرگای لەبەردەم ئێراندا واڵاکرد بۆ دەربازبوون لە گۆشەگیری نێودەوڵەتی و ئەو سزا ئەمریکییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەسەریدا سەپێنرابوو.

لە (یەمەن)یش، سیاسەتی دژبە گۆڕانکاری دیمۆکراتی سعودیە، ڕێگەی بۆ حوسییەکانی ھاوپەیمانی نزیکی ئێران خۆشکرد کەوا لە پاییزی ٢٠١٤ دا کودەتا بەسەر حکومەتی ڕاگوزەردا بکەن و پاشان دەستبەسەر پایتەخت و بەشی ھەرە زۆری باکوری یەمەندا بگرن. وێڕای ئەو جەنگەی کە سعودییە بە ھاوکاری ئیماراتی عەرەبی لە بەھاری ٢٠١٥ دا لەدژی حوسییەکان ڕایگەیاندووە، نەک حوسییەکان پێگەکانیان لەدەستنەداوە بەڵکو بەھاوکاری تەکنیکی ئێران بوون بە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆی سعودییە. دواجار ھەرچۆنێک لێی بڕوانین، شەڕ لە یەمەن بووە بەسەرچاوەیەکی ڕۆچوونی دارای و سەربازی بۆ سعودیەی ڕکابەری ئێران.

لە ئاکامی ئەم ڕووداوانەدا، سەیرنییە جۆشوخرۆش وا لە بەرپرسێکی ئێرانی بکات کە بڵێت ئێران دەستی بەسەر چوار پایتەختی عەرەبیدا گرتووە. و تەنانەت پرۆسەی گەمارۆی ئابووری لەسەر قەتەر، کە ھەر سێ وڵاتی سعودیە-ئیمارات-بەحرەین سەپاندوویانە، بەپێی ئەو سێ وڵاتە دۆسییەیەکی تایبەتی پەتیە بە وڵاتانی کەنداو، بەڵام بووبە بابەتێکی ھەرێمی و ئەویش خاڵی نەبوو لە بەرژەوەندییەکانی ئێران.

بەرھەڵستی ئێران سەبارەت بە گەمارۆی سەر قەتەر و واڵاکردنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانیدا، و نیگەرانی کۆیت و عومان لەھەمبەر ئەو مەیلە دوژمنکارانەیەی سعودیە، بوبەھۆی ھێنانە ئارای کەشێکی دۆستانە لەگەڵ تاران لە لایەک، وەدەوحە و مەسقەت و کۆیت لەلایەکی تر.

ئەمڕۆ، وادیارە ئێران چ لە ناوچەکە و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕووبەڕووی ڕەوشێکی سیتراتیژی نوێ بووەتەوە. نەک لەبەر ئەوەی ڕکابەرە ناوچەییەکانی لە دۆخێکی باشدان، بەڵکو بەھۆی ھەڵکشانی ئەو ئاماژانەی کەوا پیشانی دەدەن فراوانخوازییە ناوچەییەکانی ئێران توانا خودییەکانی ئێرانی تێپەڕاندووە، کە لەلایەک لەگەڵ ئامانجەکانی ڕووسیا ڕووبەڕوودەبێتەوە لە سوریا  و لەلایەکی تریش بڕیاری ئیدارەی ترامپ بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی بەشێوەیەکی چاوەڕوواننەکراو، دەرگای قەیرانێکی لە کەنداودا کردۆتەوە کە ئێران لە چەقی قەیرانەکەدایە.

قەیران لە ناوچەی کەنداو 

بە پاڵپشتی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپایی، ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشەی کرایە سەر چوار کەشتی لەنێوانیاندا دوو گوێزەرەوەی نەوتی سعودییە لە ١٣ ی ئایاری ٢٠١٩ دا لە نزیک بەندەری فوجەیرە، ھەروەھا ئەو ھێرشانەی تر کە کرایە سەر دوو کەشتی تری گوازەرەوەی نەوت لە ١٣ی حوزەیران، کە خاوەندارێتیان دەگەڕایەوە بۆ دوو کۆمپانیای ژاپۆنی و نەرویجی لە کەنداوی عومان. ھەردوو ڕووداوەکە بە کەرەستەی تەقینەوەی ئاڵۆز بە جۆرێک ئەنجامدرابوون کە دوور بوو لە کاری گروپە تیرۆریستەکان. ئەمریکیەکان ڕایانگەیاند کەوا بەڵگەی ھەواڵگری حاشا ھەڵنەگریان لەبەردەستە کە ئێران لە ھەردوو ڕووداوەکە بەرپرسە، لە کاتێکدا ئێران ڕەتی دەکاتەوە و وڵاتانی تریش لەنێویاندا ڕووسیا داوا دەکەن پێش تۆمەتبارکردنی ئێران، لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت.

وادیارە ئێران لە ھەردوو ڕووداوەکە سودمەندی سەرەکییە، کە پتر لەوەی ھەوڵێک بێت بۆ پەکخستنی دەریاوانی لە کەنداو و ھەڵایسانی جەنگ، پەیامێکی ھەڕەشەبوو بۆ ڕکابەرە ناوچەییەکانی و بازاڕی جیھانی و زلھێزەکان. بەڵام ھەر لایەک ناوچەکە بەرەو لێواری جەنگ ببات، ئەوە خزمەت بە ھەوڵە بێ وچانەکانی ئێران دەکات بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەی گەمارۆ و سزا قورسانەی کە ئیدارەکەی ترامپ بەسەر وی و ھەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایانەدا سەپاندوویەتی کە بیانەوێ لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و داراییەوە مامەڵەی لەگەڵ دا بکەن. ئا لێرەدا گرێی نائارامی و بنچینەی قەیرانەکە بە قورسی باڵ بەسەر کەنداو و وڵاتانی دەوروبەریدا دەکێشێت.

وەک پابەندبوونێک بە بەڵێنەکانی ھەڵبژاردن، لە مانگی ٥ ی ٢٠١٩ دا ترامپ کشانەوەی ئەمریکای لە ڕێککەوتننامەی ٥+١ ی ئەتۆمی ڕاگەیاند، کە لە ھاوینی ٢٠١٥ دا ئیدارەی ئۆباما بە ڕەزامەندی ھەر پێنج وڵاتی ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا واژۆی کردبوو. لە کاتێکدا ھەندێک ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە بۆ قایلکردنی ھاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێننەوە لەوانە سعودییە و ئیسرائیل. بەڵام پاڵنەرەکانی پشت بڕیارەکەی ترامپ، ئەمریکی پەتین، نەک لەبەرئەوەی پێشتر لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا نیازی خۆی بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاندووە، بەڵکو ھەر لەسەرەتاوە گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکا لە بارەی ڕێککەوتنەکەوە دابەش بوو بوو، ھەر ئەوەش بوو وای لە ئیدارەکەی ئۆباما کرد توشی ئاستەنگ ببێتەوە لە بەدەستھێنانی ڕەزامەندی کۆنگرێس سەبارەت بە  ڕێککەوتنەکە.

ئەوەی ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ویستیان، ئاگادارکردنەوەی ئیدارەی ترامپ بوو بۆ فراوانکردنی پشتێنەی مەرجەکانی بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێراندا. لەکاتێکدا ئیدارەی ئۆباما لە گفتوگۆکانی ٢٠١٤دا، دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و پرسەکانی تری جێناکۆکی پەیوەست بەئێرانی لە یەکتر جیاکردەوە و بە ڕێککەوتنی ھاوینی ٢٠١٥ کۆتایی ھات، بەڵام ئیدارەی ترامپ خواستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی بەستۆتەوە بە کۆمەڵێک پرسی تر لەوانە پرۆگرامی موشەکی ئێران و دەستوەردانە ناوچەییەکانی و ھەڵوێستی لەمەڕ پرسی فەلەستین و پەیوەندی بە لایەنە فەلەستینی و نا فەلەستینییە چەکدارەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ماوەیەکی کەم لە کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئیدارەی ترامپ دەستیکرد بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا، نەک تەنھا ئەو سزایانەی کە ئیدارەکەی ئۆباما سەپاندبوویان، بەڵکو زنجیرەیەک سزای توندی تر، کە لە مانگی ٥ ی ڕابردوودا گەشتە چڵەپۆپە. سزا ئەمریکییەکان پیشەسازی و ھەناردەکردنی نەوتی ئێران و بەشێکی زۆری چالاکییە ئابووری و داراییەکان دەگرێتەوە، ھەروەک دانانی سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە سەرکردە و کۆمپانیاکانی پەیوەست بەوانەوە لە لیستی تێرۆردا. جا لەبەرئەوەی ئەم سزایانە ئەمریکین نەک نێودەوڵەتی، بۆیە ئیدارەی ترامپ زمانێکی توندی بەکارھێنا کاتێک ڕایگەیاند کە کاردەکات بۆ سەپاندنی چەند سزایەکی لاوەکی بەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانەدا کە سزاکانی سەر ئێران پێشێل دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە بازاڕەکانی ئەمریکاوە.

دەرچوونی نەوتی ئێران، یاخود بەشێکی زۆری لە بازاڕەکاندا، واتە بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی سەرچاوەکانی وزە، لەکاتێکدا ئابووری جیھانی بەھۆی گرژییە جۆراوجۆرە ئەورووپییەکان و جەنگی ئابووری ئەمریکی-چینییەوە بەدەست وەستاوی ڕێژەییەوە دەناڵێنێ. بەڵام سعودییە وەک گەورەترین بەرھەمھێن و ھەناردەکاری نەوت لە جیھاندا، پاڵپشتی خۆی بۆ ھەڵویستی ئەمریکا لە دژی ئێران ڕاگەیاند و بەڵێنی پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی دا کە لە ئاکامی پاشەکشەی ھەناردەی نەوتی ئێرانەوە دێتە ئاراوە. و ئەمەش بە کرداری ڕوویدا، ئەگەر نرخی نەوت لە مانگی( ٥ )ەوە پارێزگاری لە بەھاکەی نەکردبێت ئەوا کەمێک داشبەزیووە. تەنھا نرخەکان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەیەکی کەم بوونەوە دوای ھێرشەکانی کەنداوی عومان ئەوەش بۆ ماوەیەکی کورت لە ١٣ ی حوزەیرانی ئەمساڵ(٢٠١٩).

گومانی تێدانییە ترامپ خوازیاری جەنگ نیە لەگەڵ ئێراندا، و تەنانەت لەگەڵ پێکدادانێکی سنوورداریشدا نییە. لێکدانەوەکانی ترامپ لەسەر کاریگەرییە وێرانکەرەکانی سزاکان لەدژی ئابووری ئێران دەوەستێت و تەنھا سزاکان دەتوانن چۆک بە ئێران دابدەن و جارێکی تر ڕاپێچی سەر مێزی وتووێژی بکەن. بەڵام ھەڵوەشاندنەوەی پابەندبوونی ئەمریکا بە ڕێککەوتنەکەوە و ئەو مەرجانەی ئەمریکا بۆ جارێکیتر گفتوگۆکردن ڕایگەیاندووە، بەلای تارانەوە بە سوکایەتی دێتە ئەژمار.

ڕژێمی ئێران پێی وایە قەبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا دەبێتە ھۆی زامێکی قوڵ لە دیدی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی خۆیەوە، لە سەر ئاستی ناوچەیی و ئەو پەیوەندییەی بە سەروەری و زاڵبوون بەسەر گەلەکەی خۆیدا دەیبەستێتەوە. کەوایە ئێران چۆن لەم تەنگژەیە دەربازی دەبێت، تەنگژەی ئابووری کە بە داڕووخانی ڕەوشی ئابووری- دارایی ئێران دەستی پێکرد، لەلایەک و سەختی سەرلەنوێ قەبوڵکردنی مەرجەکانی گفتوگۆ لەلایەکی تر؟

تاران بە ئەرێنی لە ڕاگەیاندنی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپای ڕووانی، کە کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکایان لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕەتکردەوە، بەوەی سیستمێکی نوێ بۆ پەیوەندی ئابوری-دارایی لەگەڵ ئێران دابڕێژن. بەڵام تاکو ئێستا ئەورووپا ھیچ پلانێکی کردەیی بۆ بونیادنانی سیستەمێکی جێگرەوە  پێشکەش نەکردووە. ھەروەھا ئەورووپییەکان نەیاری خۆیان لەبەرامبەر ڕاگەیاندنی تاران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ کوورەکانی (نەک بۆمبی ئەتۆم) بەڕوونی ڕاگەیاند، کە ئێران بە کردەیی وەک ئامڕازێکی تر بۆ فشارخستنەسەر ھێزە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان لەپێناو پارێزگاری کردن لە ڕێککەوتننامەی ٢٠١٥.

بۆیە ھیچکام لەو دوو ھەنگاوە بەس نین بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەک لە دیواری کێشەکەدا، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە کەنداو، ئێرانیان بە بەرپرس زانی لە بەئامانجگرتنی ڕانەگەیەنراوی جموجوڵی دەریاوانی لە کەنداودا.

ئەمریکییەکان دەڵێن چەند ئاماژەیەکیان لەمەڕ پەرەسەندنەکانی ئێران لە کەنداودا دەستنیشان کردووە؛ وایلێکردوون دەست بە جوڵەی سەربازی ھەستپێکراو لە ناوچەکەدا بکەن، لەوانە جوڵاندنی کەشتییە فڕۆکە ھەڵگرەکان، لەنێویاندا کەشتی فریاگوزاری تەندروستی خێرا و ھەروەھا دوو تۆپھاوێژی سیتراتیژی تر. پاشان تەقینەوەکانی فوجەیرە ڕوویدا و بووبە پاساوێکی تر بۆ ئەو جوڵە سەربازییە. بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە ١٥ی حوزەیران ٢٠١٩ دا، لەو کاتەدا کە ھەواڵی ھێرشەکانی کەنداوی عومان گەیشتووە، کۆبونەوەیەکی باڵا لەنێوان کاربەدەستانی ھەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەدا ئەنجامدراوە سەبارەت بە داواکاری سەرکردایەتی ناوەندی، کە بەرپرسی پرۆسە سەربازییەکانە لە کەنداو و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ زیادکردنی بیست ھەزار سەرباز بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ھەڕەشە گریمانەییەکانی ئێران. لە کۆتاییدا و بۆ دوورخستنەوەی ئەو ڕایەی کە پێی وایە ئەمریکا بەنیازی گۆڕینی ڕژێمە لە تاران،  ڕەزامەندی لەسەر زیادکردنی تەنھا ھەزار سەرباز درا.

ھێشتا ڕوون نییە کام لە ھەوڵە ناوبژیوانییەکان بۆ ھێورکردنەوەی گرژیی و خامۆشکردنی  قەیرانەکە بەرەو پێشچوونی تۆمارکردووە، نە ئەوانەی عێراقی و قەتەری و ژاپۆنییەکان، بە ڕەزامەندی ئەمریکا پێی ھەستان، و نە ئەوانەی لایەنەکانی تر پێی ھەستان. بەو مانایەی ھیچ کام لە نێوەندگیریەکان تا ئێستا کلیلی جادوویی دەربازکرنی ئێرانیان لە تەنگژەی سزاکان و گۆڕانی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ وتووێژ نەدۆزیوەتەوە. ئاریشەکە لە ئێستادا، بەلای ئەمریکا و ئێرانییەکانیشەوە بە قۆناغی دووبارە ڕێکخستنەوەی ململانێکەدا تێپەڕدەبێت. لەلایەک، تاران ناتوانێت بەردەوامبێت لە قەبوڵکردنی سزا و گەمارۆکان بۆ ماوەیەکی درێژ و پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکە دەبێت تا ئەوپەڕی، بەڵام بەبێ جەنگ، بۆئەوەی پاڵ بە ئیدارەی ترامپەوە بنێت بۆ گۆڕینی مەرجەکانی ووتووێژ. و لەلایەکی ترەوە، دووای ئەوەی ئیدارەی ترامپ بەرپرسیارێتی ئێرانی لە ھێرشەکانی فوجەیرە و عومان دووپاتکردەوە، پێویستبوو لەسەری ئامادەبێت بۆ ھەر ھەوڵێکی ئێران بۆ پەکخستنی جوڵەی دەریاوانی لە کەنداو، بەبێ ڕوودانی جەنگ کە ئەستەمە بتوانرێت مەزەندەی ئاکام و کۆتاییەکەی بکرێت.

نیگەرانی مانەوە لە سوریا

کاتێک ئێرانییەکان، بە نوێنەرایەتی بەشار ئەسەد، داوایان لە ڕووسەکان کرد، ڕاستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی لە سوریا بکەن، ئەوەیان لەبەرچاو  نەگرتبوو کەوا ڕووسیا  ڕۆڵی لە ئاییندەی دەوڵەتێکی عەرەبیدا، لەوە گەورەترە  تەنھا ئامرازێک بێت بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوخۆیی. جا ھەر لەسەرەتاوە جیاوازی ھۆکارەکانی ھەبوونی سەربازی ھەریەکە لە ئێران و ڕووسیا، لە سوریادا ڕوون بوو، سەرھەڵدانی جیاوازییەکان لەمەڕ باڵادەستی لەسەر ئاستی سیاسی و تێڕوانین بۆ ئاییندەی  سوریا، تەنھا لەسەر کات وەستا بوو.

لە ٢٦ی نیسان/ ئەپریلی ڕابردووى (٢٠١٩)دا، سەرۆکی گشتی دەستەی ئەرکانی سوپای ڕووسیا، ژەنەڕاڵ ڤالێری گیراسمۆف وتی: پاڵپشتی سەربازی مۆسکۆ بوو لەبەرامبەر گورزی گروپە چەکدارەکاندا ڕژێمی ئەسەدی لە ڕوخان پاراست. لەکاتێکدا ڕژێم دەسەڵاتی بەسەر لەسەدا ١٠ ی خاکی سوریادا ھەبوو، لەماوەی مانگێک یان مانگ و نیوێکدا ھەرەسی دەکرد ئەگەر پاڵپشتی ئاسمانی ڕووسیا نەبووایە.

وێڕای دەستوەردانی سوپای پاسداران و حیزبوڵڵا، لە ساڵی ٢٠١٢ وە و شەپۆلی ئەو میلیشیا شیعییە جۆراوجۆرانەی کە ئێران پێکیھێنابوون، پاشان جەنگان شانبەشانی ڕژێمی ئەسەد، ھێشتا خەمڵاندنەکەی گیراسمۆف دروستە و لە ھاوین و سەرەتای پاییزی ٢٠١٥ دا، ڕژێم گەیشتبوو لێواری ھەرەس. ئەگەر دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و فراوانی ڕووس نەبوایە بە سەدان ڕاوێژکاری سەربازییەوە لەسەر زەوی، ئەوا چارەنوسی ڕژێمی سوریا تا ئەندازەیەکی زۆر وەکو ئێستا نەدەبوو. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: مەبەست لەو قسەیەی گیراسمۆف چیە؟ بۆ لە ئێستادا، و لە کاتێکی درەنگانی شەڕی ناوخۆی سوریادا؟ پێویست ناکات گیراسمۆف ڕۆڵی ڕووسیا بە بیر بەشار ئەسەد بخاتەوە، لە ھیچ دۆخێکدا وادەرناکەوێت ئەسەد سیاسەتێکی پێچەوانەی ڕووسیا پەیڕەوبکات. لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ھەردوو ھاوپەیمان لە ھەڵکشاندایە، زیاتر لەوە دەچێت، کە سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ڕووسیا ویستبێتی ڕاستی ڕووداوەکانی سوریا بە بیر ھاوپەیمانە ئێرانییەکەی بخاتەوە.

سەرباری ھەبوونی پێگەیەکی دەریایی ڕووسی تایبەت بە پاڵپشتیکردنی کەشتی زەبەلاحی دەریایی لە دەریای ناوەڕاستدا، لە کەناراوەکانی سوریادا، بەڵام سوریا نابێتە پێویستییەکی ژیاری سیتراتیژی بۆ ڕووسیای دوای یەکێتی سۆڤیەت. بۆیە لە حیساباتی ڕوسیادا، سوریا نە جۆرجیایە و نە ئۆکرانیا و تەنانەت وەک ئازەربایجانیش نییە. ھەروەک بەشار ئەسەد و سیاسەتەکەی بەلای مۆسکۆ وە بە ھاوپەیمانێکی سەرنجڕاکێش دانانرێت. ڕووسەکان بەھۆکاریتر ڕۆشتنە سوریا کە پەیوەستبوو بە شکستھێنانی لێکتێگەیشتنی ڕووسی-ئەمریکی لە خولی دووەمی ویلایەتەکەی ئۆباما و ئەو زیانە زەوەندەی بەر ڕووسیا کەوت کە لە مۆسکۆ بە بارودۆخی  "دەرەوەی نزیک" ناودەبرێت.

دەرچوونی ئۆکرانیا لە بازنەی ھەژموونی مۆسکۆ، بە ھەموو ئەو پەیوەندییەی ھەیبووە بە ئاسایشی نیشتمانی و یادەوەری گەلی ڕووسیاوە، و زیانی ڕێژەیی ڕووسیا لە جۆرجیا و فراوانبوونی پشتێنەی ناتۆ بۆ سنوورەکانی، و بڵاوەپێکردنی  مووشەکی دژە موشەکی لە دراوسی ئەوروپی و تورکییەکانیدا، پاڵی بە پۆتینەوە نا بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دا، بەدوای کارتی دیکەدا بگەڕێت. 

کێشەی سوریا وەک خەڵاتیک لەئاسمانەوە بو مۆسکۆ نێردرا، کە لەسەرەتاوە وادادەنرا ئەبیتەھۆی ناچارکردنی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئۆکرانیاوە، بۆ بەھێزکردنی  ڕەوشی دەوڵەتی ڕووسیا پەیوەست بە گەلەکەیەوە، و گەڕاندنەوەی دۆخی ڕووسیا وەک لایەنێکی سەرەکی لەسەر نەخشەی جیھان. بەڵام ھەرچەندە ئەمریکییەکان بە دەستوەردانی ڕووسەکان لە سوریا ئاسوودە نەبوون، بەڵام لەو لایەنە ئەرێنییەوە لە مەسەلەکەیان ڕووانی کەوا لایەنی ڕووبەڕووبونەوەی مەترسی داعش بوو لە عێراق و سوریا. لەبەرئەوەی ھەرگیز سوریا لە بازنەی بەرژەوەندییە سیتراتیژییەکانی ئەمریکادا نەبووە، بۆیە ھەبوونی ڕووسەکان لە سوریا بەلای واشنتۆنەوە پاساوێک نەبوو بۆ سازشکردن.

ھۆکارەکانی ھەبوونی ئێران لە سوریا تا ئاستێکی زۆر جیاوازە، لەلایەکەوە، پەیوەندییەکی مێژووی ھەیە لەگەڵ ڕژێمی بنەمالەی ئەسەد، و پاراستنی ھەژموونی ئێران لە لوبنان و عێراق، و ئارەزووی ئێران بۆ کۆکردنەوەی ھەرچی زۆرتری کارتەکان ھەیە لە چاوەڕوانی ساتی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا، و ترس لە کەوتنی سوریا بۆ ناو ھەردوو بازنەی ھەژمونی تورکی-سعودی، چونکە وا لە ڕیاز و ئەنکەرە دەڕوانێت کە خاوەنی زۆرترین کاریگەریین بەسەر ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار و نا چەکداری سوریاوە.

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، پارسەنگی ھێز لە گۆڕەپانی سوریادا  بەڕوونی بەلای  بەرژەوەندی مانەوەی ئەسەد دا دەڕۆیشت. و ھێشتا ڕژێم جەنگی لەدژی ئۆپۆزیسیۆن بەتەواوی یەکلانەکردەوە، و لە دۆزینەوەی شێوازێکی سیاسی بۆ شەرعییەت دان بە بەردەوامبوونی سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام کۆنترۆڵی بەسەر خاکی سوریادا فراوان بووە و چیتر مانەوەی جێی مشتومڕنییە. لێرەدا، جیاوازی لە ئامانجەکانی  ڕووسیا و ئێراندا بە ئاشکرا دەردەکەون. بوونی چەکداری ئێران لە سوریا بە سەرچاوەی مەترسی دادەنرێت بو ئاسایشی ئیسرائیل. ئەمەش وای لە ئیسرائیل کرد مۆسکۆ قایل بکات بە فڕین لە ئاسمانی سوریادا و پێگەکانی کۆگاکردن و جێگیربوونی ئێرانیەکان بکاتە ئامانج. ھەروەک دەرچوونی ئێران لە سوریا بووە بە مەرجێکی ڕاگەیەنراو بۆ ھەر یارمەتییەک کە دەشێت ئەمریکا و ئەورووپا و وڵاتانی کەنداو پێشکەشی بکەن بۆ بونیادنانەوەی سوریا(کە بەلای کەمەوە بە  بڕی ٢٥٠ ملیار دۆلار مەزەندەکراوە)، کە لە ڕادەبەدەر وێران بووە. وێڕای ئەوەی، مۆسکۆ لەو باوەڕەدایە کە قەیرانی سوریا بەبێ سازانی سیاسی کۆتای نایەت، لە کاتێکدا ئەبینێت ئێران ھانی ڕژێمی ئەسەد دەدات بۆ خۆگرتن و خۆلادان لە گفتوگۆ لەگەڵ ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا.

لە ٢٧ ی شوباتی ڕابردوودا، و لە میانی سەردانێکیدا بۆ مۆسکۆ، بەنیامین نەتەنیاھۆی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، بۆ دەرکردنی ئێران و میلیشیاکانی سەربەوی لە سوریا، لەگەڵ پۆتینی سەرۆکی ڕووسیادا لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە ڕێککەوتووە. وێڕای ئەو وتارە چاوەڕوان نەکراوەی نەتەنیاھۆ، ھیچ ڕوونکردنەوە و بەدرۆخستنەوەیەک لەلایەن مۆسکۆوە دەرنەچوو. ھەرچەندە ئیسرائیلییەکان ھەستاون بە ئەنجامدانی دەیان ھێرش بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە سوریادا، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا لە سوریا تەنانەت بۆ یەک ھێرشیش لەو ھێرشانە کارا نەکرابوو، بەڵکو ڕایەک ھەیە کەوا ماوەیەکی کەم پێش ھێرشەکە، ڕووسەکان بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە ئاگاداردەکرێنەوە.

لەماوەی مانگی نیسان/ئەپریلی ڕابردوودا، لە چەند ڕاپۆرتێکدا ھاتبوو، بەھۆی پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی لەگەڵ ئێرانییەکاندا، ڕووسیا کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی ماھیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا. ھەروەک چەندجارێک ڕووبەڕووبونەوەی قورس لەنێوان میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕووسیا و ئەویتری سەربە  ئێراندا لە چەند جێگەیەکی جیاوازدا ڕوویداوە. لەگەڵ ئەوەی کە ئێران ھەوڵی بەدەستھێنانی مافی پیشەسازیکردن لە نەوت و کانزاکاری سوریادا دەدات، بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانی دارایی لە ڕادەبەدەری لە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی ئەسەد دا، بەڵام پیاوانی کار و دارایی لە سوریا و لەنێویاندا ئەوانەی نزیکن لە خێزانی ئەسەدەوە بەتایبەت سوننەکان، گرێبەست لەگەڵ ھاوتا ڕووسەکانیاندا دەکەن و بە دەنگێکی بڵندیش باس لە پێویستی چوونەدەرەوەی ئێران لە سوریا و دووبارە گەڕانەوە بۆ نێو جیھانی عەرەبی و کەنداو دەکەن.

وابڕیار بوو، لە کۆتای مانگی حوزەیران/جون ٢٠١٩ دا، چاوپێکەوتنێک لەنێوان کاربەدەستانی ئاسایشی نیشتمانی ڕووسیا، ئەمریکا و ئیسرائیلدا ئەنجام بدرێت. وەھا چاوپێکەوتنێک لەنێوان ئەو سێ وڵاتەدا کارێکی بێ پێشینەیە، و ھیچ کاروبارێک نییە لەم قۆناغەدا ئەو سێ وڵاتە کۆبکاتەوە جگە لە ئێران. ھەر ئەمەبوو وای لە زۆرێک لە چاودێران کرد کە پێشبینی ئەوەبکەن کەوا کۆبوونەوەکە پەیوەستە بە دۆخی ئێرانەوە لە سوریا و چۆنێتی دەرکردنی لە ڕووی سەربازییەوە لە گۆڕەپانی سوریادا.

ڕووسەکان نکۆڵی دەکەن کۆبوونەوەکە بۆ دەرکردنی ئێران بێت لە سوریا، بەڵام ئێرانییەکان، وەبەپێی ھەندێ ئاماژەی تر بە ھەمان ئاڕاستە، نیگەرانن.

لە مانگی ئایار/ مەی ٢٠١٩، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی فشارەکانی ڕووسیا، ئێرانییەکان ھەوڵی ڕێککەوتنی نوێیان لەگەڵ تورکیا دا. بەڵام تورکیا بەھۆی ڕەوشی سوریا یان ھەر ھۆکارێکیتر، چەند ھەنگاوێکی کردەیی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا بڕیووە، تورکیا وەھا وەڵامی دایەوە کەوا ئێران لەو پێشنیارەی،  لە ساڵانێک لە پێشنیارکردنی سازانی ئێرانی-تورکی کە چەندجارێک لەلایەن تورکیاوە پێشنیارکراوە زۆر درەنگ کەوتووە. و ئێران بایەخێکی زۆر بە ھەڵوێستی ئەسەد دەدات، کە ئایا لایەنگیری پەیوەندییەکی قوڵ و سیتراتیژی لەگەڵیدا دەکات، یان بوونی ئێران بە بارگرانی دەزانێت بەسەر ڕژێمەکەی و ئاییندەیەوە، کە خاوەنی تۆڕێک لە دەسەڵاتە کە  پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەدیش تێدەپەڕێنێت. ئەگەر بێتو ناکۆکی نێوانیان بگاتە ئاستێک کە ھەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی تاران بکات، ئێرانیش لە توانایدایە بوونی ڕووسەکان لە سوریا قورس بکات.


کۆتای قۆناغێک و سەرەتای یەکێکیتر

ئەو ژینگە سیتراتیژییە دوژمنکارانەیە کە ڕووبەڕووی ئێران بووەتەوە، بەو  مانایە نیە ھەژموونی ناوچەیی لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا ھەرەس بھێنێت. ھێزێک لە بونیادنانی  فراوانخوازییەکی ناوچەیی بەو قەبارەیە سەرکەوتووبێت، نەخاسمە ھێزێکی ناوەنجی وەک ئێران، کە لەلایەن سیستەمێکی ئایدۆلۆژی تۆکمەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ڕووی سیتراتیژییەوە بە شێوەیەکی خێرا و لەناکاو شکست ناھێنێت.

بێگومان، وڵاتە یەکگرتووەکان ھەوڵی بەرپابوونی جەنگ لەگەڵ ئێراندا نادات، ھەر وەک ئێرانیش نایەوێت. بۆ ھەردوو لایەن بەھۆی مەترسی دەرئەنجامەکانەوە، ھەڵایسانی جەنگ وەلادەنێن. کۆماری ئیسلامی بەدرێژای چەند دەیەیەک لەگەڵ سزا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکاندا ژیاوە. و ھیچ ئاماژەیەک نییە کەوا ڕژێم ترسی لە بەرپابوونی ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری ھەبێت، بەڵکو متمانەیەکی گەورەی بە توانای کپکردنەوەی ھەر بەرھەڵستییەکی ناوخۆیی ھەیە. ھیچ وڵاتێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێش شەپۆلەکانی شۆڕشی عەرەبی، بەو ئەندازەیەی کە ئێران بەخۆیەوە بینی لەساڵی ٢٠٠٩ دا، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی ناوخۆیی نەبوویەوە، بەڵام ڕژێم توانی بە کارامەییەکی زۆری تەناھییەوە بەرەو ڕووی بوەستێتەوە.

بەڵام ڕەوشی ئێران لە سوریا، پەیوەستە بە ھەژموونی ئێران لە لوبنان و عێراق. دوای ئەوەی تاران سەرکەوتوو بوو لە بەھێزکردنی بوونی ئابوری و ڕۆشنبیری و تائیفی خۆی، تەنانەت لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا، چیتر ھەژموونی کورت نابێتەوە تەنھا لە بوونی سەربازیدا. ئەگەر ھاتوو ئێران ناچار بە چوونەدەرەوەی سەربازی کرا لە سوریا، ئەوە بەمانای کۆتاییھاتنی ھەژموونی لەوێدا نایەت.

بێگومان ئەمانە ھەموو ڕاستن، بەڵام گرفت لەوەدایە دوورکەوتنەوە لە مەترسی جەنگی ئەمریکا و سعودییە بەمانای دەربازبوونی ئێران لە سزا قورس و بێ پێشینەکان نایەت، و توانای ڕژێم بۆ مانەوە واتای ڕزگاربوون لە کاریگەرییە زەقەکانی سزا ئابووری و دارییەکانی ناگەیەنێت، کە بەکردەیی دەستی بە کاریگەری لەسەر بەھای دراو و بازاڕی ئێرانی کردووە. کەمبوونەوەی توانا ئابووری و داراییەکانی ئێران ڕێگەخۆشکەرە بۆ کەمکردنەوەی تواناکانی لە پرۆژە دەسەڵاتخوازییەکانی دەرەوە و پاڵپشتیکردنی ھاوپەیمانە ھەنوکەیی و گریمانەکراوەکانیدا لەو ناوچانەی کە ئێران مەبەستییەتی.

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی سزاکان و گەمارۆ کە دەتوانرێت ببینرێت، بۆ نمونە، لە سروشتی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ عێراقدایە، ئەوەتا ئێران کاکی بڕیاربەدەستە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا. ئەمڕۆ سیاسەتوانە عێراقییەکان ھەست بە پێویستی عێراق دەکەن بۆئێران، کە لەوانەیە ببێتە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ھەندێک لەسزاکان، وای دەبینن لە چوارچێوەی ئەو قەیرانەدا، ئێران ئەبێتە بارگرانی بەسەر ووڵاتەکەیانەوە، ئەوەیە ھەڵوێستی ئەو دەنگانە بەھێزدەکات کە خوازیاری ھێشتنەوەی عێراقن لەدەرەوەی بازنەی ململانێکە و دوورکەوتنەوە لە لایەنگیری بۆ ھەرلایەکی کێشەکە لە ناوچەکەدا. ھەروەک چۆن گومان لە تواناکانی ئێران دەکرێت لە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی و ئابووری بۆ ڕژێمی ئەسەد، لەپاڵ پاڵپشتی سەربازیدا، ئەوەش کەلینێکی ترە لە ھاوکێشەی ملکەچبوونی دیمەشق بۆ تاران.

قەبارە و سنووری ھەژموونی ئێران لە سوریادا ھەرچەندێک بێت، ئەگەربێتو ئێران ناچار بە پاشەکشەی سەربازی بکرێت، زۆرێک وایدەبینن، لەنێویاندا سەرانی ڕژێمی سوریا، کەوا ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیلدا شکستی ھێناوە و لەوە لاوازترە بەرگەی فشارەکانی ڕووسیا بگرێت. لە ڕەوشێکی وەھادا، وا لە نەیارانی ڕژێمی ئێران لەناو دەسەڵاتەکەی ئەسەد و دەوروبەریدا دەکرێت دەنگیان زوڵاڵتر بێت وبەگشتیش وا لە ڕژێمیش دەکات لە بڕیارداندا ھەست بە سەربەستی زیاتر بکات، لەنێویدا ئەو بابەتانەی کە دەستبردنە بۆ دەسەڵاتی ئێران لە سوریادا. یەکێکی تر لەکێشە مەترسیدارەکانی فراوانخوازی سیتراتیژی ئێران ئەوەیە کەوتۆتە ناوچەیەکەوە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە چ بەگشتی یاخود ڕێژەیی پێشوازی لێناکرێت، بەڵکو لە ھەندێ باردا ڕووبەڕووی بەرخۆدانی جەماوەری دەبێتەوە.

لەم ساڵانەی دووایدا، سیتراتیژی فراوانخوازی ئێرانی لەناوچەکەدا گەشتە ئاستێکی چاوەڕوان نەکراو، بە شێوازێکی چەکداری و بەداڕشتنێکی ئایدۆلۆژی و دیدی ھەڵپەکردن بۆ بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکانی و گیانێکی دەستپێشخەریانەوە بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانەی کە ھەڵەی ئەمریکا وڕکابەرە ناوچەییەکانی  بۆیان ڕەخساند.

دەسەڵاتی ئێران بەجۆرێک فراوان بوو کە دەوڵەتی نوێی ئێران لە دامەزراندنییەوە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە بەخۆوەی نەبینیبوو. سەرباری ئابڵوقە و گۆشەگیرکردن، ئێران سودی لە ئەزموونی مێژووی خۆی وەرگرت لە پەلھاویشتنی سیتراتیژیدا بۆ تێپەڕاندنی سزا ئەمریکییە توندەکان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم ھێز نییە لە مێژوودا کە فراوانخوازییەکەی لە سنووری وزە و توانای خۆی لە بەڕێوەبردن و تێچوندا تێپەڕاندبێت. لەکاتێکدا ھێز بەشی فراوانخوازی پێویست ناکات و توانا خودییەکان تێدەپەڕێنێت، پاشەکشە دەبێتە شتێکی حەتمی.

سەرچاوە: ناوەندى جەزیرە بۆ لێکۆڵینەوە
وەرگێڕانى: داهۆ سالم




ئه‌م بابه‌ته 359 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر