کاوەی ئاسنگەر پاڵەوانێکی ئەفسانەیی کورد یان "خائینێک"

ئەوانەی کە لەسەر مێژووی کورد دەنووسن، دەبێت ڕێز لە مێژوو و فەرھەنگ بگرن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
PM:03:49:05/08/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
هەوڵێک لە ئارادا هەیە بۆ تێکشکاندنى کلتوور و فەرهەنگ و مێژووى کورد، لەمەدا مێژوونووسانى کورد پێویستە بە ئاگابن.

سۆران حەمە ڕەش
نووسەر

ساڵی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە زانکۆ لە شاری بەغدا دەمخوێند. ئەو کات ئەنتەرنێت نەبوو، بۆیە ھەواڵی کەسوکار و ناوچەکانی خۆمان بە تەلەفۆن وەردەگرت. دوانیوەڕۆی ٢٠ ی مانگی نەورۆز بوو، ئێمە کۆمەڵێک ھاوڕێ بەیەکەوە بووین و تەلەفۆنمان بۆ کەسوکارمان دەکرد بۆ ھەواڵ پرسین. کە کەسوکار بە تەلەفۆن باسی ئاگرکردنەوە و ئاھەنگێرانی نەورۆزیان بۆکردین، لەو دوورەوە بەو ھەواڵانە گەشکە بووین و کەوتینە ناو کەشوھەوایەکی کوردانەوە و بەپەلە گەڕاینەوە ماڵەوە. لەو باڵەخانەیەی کە شوقەیەکمان لە بەرزترین نھۆمیدا گرتبوو، لە سەربانەکەیدا ئاگرێکی گەورەمان کردەوە بە مەبەستی ئاھەنگێڕانی نەورۆز.

خەڵکی گەڕەکەکە ئاگاداری ئەوە نەبوون، وایانزانی بیناکە گڕی گرتووە و ترسابوون. بۆیە تەلەفۆنیان بۆ تیمی ئاگرکوژانەوە کردبوو و ئەوانیش بەپەلە گەیشتنە سەرمان. دواتر کە تیمی ئاگرکوژانەوە ھاتن، ئەمجا خەڵکی گەڕەک تێگەیشتن کە ئاھەنگی نەورۆز دەگێڕین و ھەرچۆنێک بوو مەسەلەکە چارەسەر کرا.

دڵنیام ھەزاران کورد چیرۆکی جیاوازی لەو جۆرەیان ھەیە لەگەڵ نەورۆز، لەبەر ئەوەی کە بۆ ھەموو کوردێک ئاگری نەورۆز و کاوە بوونەتە دوو سیمبوڵی مەزنی داکۆکی کردن و بەشێکی گرنگی ناسنامەی نەتەوەیی کورد. داگیرکەرانی کوردستانیش دەرکیان بە گرنگی ئەو سیمبوڵانە کردووە لە ناو کورددا و بەشێوەی جیاواز ویستویانە لەو سیمبوڵانە بدەن.

ساڵی پار چەتەکانی تورکیا کاتێک چوونە ناو شاری ئەفرین (عەفرینی) ڕۆژئاواوە، دەستبەجێ پەیکەری کاوەیان شکاند وەک ڕەتکردنەوەی ئەو سیمبوڵە کوردییە. ئەوە یەکەم جار نەبوو کە ھێزیکی داگیرکەر ئەوە بکات، لە ساڵی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک کە لە شاری سلێمانی پەیکەری کاوە دروستکرا، ئەو ئێوارەیەی کە پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابرا، خەڵکی شارەکە بە دەوریدا سروودی ئەیڕەقیبیان ووت. ئەمە وایکرد دەسەڵاتدارانی حیزبی بەعس پاش چەند ڕۆژێک بە شۆڤڵ ئەو پەیکەرەی کە سیمبوڵی بەرخوادنی کوردان بوو، بڕوخێنن. ئەمانە تەنھا دوو نموونە بوون، دەنا دڵنیام سەدان حاڵەتی لەو جۆرە لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا و لەبەشەکانی کوردستاندا ڕوویداوە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم چەند ساڵەی دواییدا خەریکە کورد خۆی دەبێتە بەشێک لە ھەوڵی تێکشکاندنی کاوەی ئاسنگەر و ئێستاکە ساڵ بە ساڵ خەریکە واز لە کاوە دێنین و ئەو گەرموگوڕیەی جارانمان بەرامبەری نەماوە و تاڕادەیەک لە نەورۆزدا، خۆمان لە کاوەی ئاسنگەر گێل دەکەین.

ئەویش لەژێر کاریگەری بۆچوونی دانانی کاوەیە بە "خائین و جاش و خۆفرۆش" کە لەلایەن خاوەنی دوو جۆر فکری جیاوازەوە بنیات نراوە؛ یەکێکیان ئەوانەن کە نەورۆز و ئاھەنگێڕانەکەی لەگەڵ بۆچوونی ئاینیاندا ناگونجێت و بە ئاھەنگێکی کافرانەی دەبینن، ئەوی دووەمیان لە ڕوانگەیەکی تەسکی ناسیۆناڵیستیانەوە، کاوەیان کردووە بە فارس و ئەژدەھاک (ھەژدیھا) یان کردووە بە کورد. بەو جۆرە لەم چەند ساڵەی دواییدا کاوەی ئاسنگەر و ئەم جەژنە کەوتوونەتە بەردەم ھێرشێکی ناڕاوا کە مرۆڤ دڵتەنگ دەکات.

ئەوانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن و مەبەستیان بێت، بوونەتە بەشێک لە ھەوڵی تێکشاندنی فەرھەنگی کوردی، بۆیە لەم بابەتەدا بەپێی سەرچاوەکان ھەوڵی تێگەیشتن لە ئەژدەھاک و کاوە دەدرێت.

ئەوانەی ئەو بۆچوونە نەرێنیەیان لەسەر کاوەی ئاسنگەر دروست کردووە، تەنھا لەسەر یەک بنچینە ئەو بۆچوونەیان گەڵاڵە کردووە، ئەویش ناوی دوایەمین پاشای میدە کە (ئەژدەھاک/ھەژدیھا/ئەستیاگ/زوحاک) بووە. لە ڕاستیدا ناوی ئەو پادشا میدە/کوردە مانای (ھەژدیھا) ی ئەمڕۆ دەدات ھەر چەندە لە مێژوودا بەشێوەی جیاواز و بە زمانی جیاواز تۆمارکراوە.

ئەوان تەنھا لەسەر ئەو ناوە و بێ ھیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و بەپێی دەرئەنجامی ئەو کەسانە، (کاوە) فارس بووە و (ئەژدەھاک) پاشایەکی میدی بووە و فارسەکان ئەم چیرۆکەیان دژی کورد دروست کردووە. لەبەر ئەوە زۆر بە ئاسانی بڕیاریان داوە ئەژدەھاک پیاوی چاک و مید/کورد بووە و کاوەش فارس بووە و دوژمنی کورد.

بابزانین سەرچاوە مێژووییە دێرینەکان چیمان سەبارەت بە نەورۆز و کاوە پێ دەڵێن.

کۆنترین سەرچاوەی کوردی و تا ڕادەیەک جیھانی کە من ئاگاداری بم و باسی مێژووی نەورۆزی کردبێت، نزیکی ھەزار و دوو سەد ساڵ لەومەبەر بووە لەلایەن زانای مەزنی جیھانی کورد، ئەبو حەنیفەی دینەوەری کە لە دایکبووی شارۆچکەی دینەوەری نزیک کرماشان بووە و یەکەم کەس بووە لە مێژوودا، کە مێژووی کوردی نووسیوە.

ئەبو حەنیفە لە کتێبی مێژووەکەیدا بە ناوی (کتاب أخبار الطوال)، کە مێژووی مرۆڤایەتی بە بۆچوونی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە (کۆپیەکی لای بەندەیە)، ئاماژە بە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو جەژنە دەکات. (دینەوەری) مێژوو بە ئادەم دەستپێدەکات و باسی چەند بەرەیەکی ئادەم دەکات، دواتر دەگاتە نوح و چیرۆکەکەی دەبەستێتەوە بە ناوچەی جەزیرە و بۆتانەوە. ئەمجا باسی (سام) ی کوڕی نوح دەکات. دینەوەری دەڵێت (سام) کاروباری بەرەکانی ئادەمی گرتبووە دەست، زستان لە خاکی جوخی و ھاوین لە موسڵ دەژیا. سام ڕێگەی ھاتوچۆی بە کەناری ڕۆژھەڵاتی ڕووباری دیجلەدا بوو، بەھۆی ئەوەوە شاری سامەرا (سامراء) ناونراوە (سام ڕا) واتە (ڕێگەی سام).

ھەروەھا بەردەوام دەبێت و دەڵێت دوای سام، کوڕەکەی کە ناوی (شاڵخ) بووە، دەسەڵاتی گرتە دەست و ئەمجا دوای مردنی ئەویش دەسەڵات چووە دەست برازاکەی بە ناوی (جەمی کوڕی ویونجھانی کوڕی ھەرفەخش)، کە ئەو بناغەی سەرەتای پادشایەتی دانا و ڕۆژی نەورۆزی کرد بە جەژن. ھەر لەسەردەمی ئەودا بووە کە زمانەکان لە یەکتر جودا بوونەوە.

لە ڕاستیدا دینەوەری بێ ئەوەی ئاگادار بێت، ھەر ھەمان چیرۆکی مێسۆپۆتامیای دێرین لەسەر سەرەتای جودابوونەوەی زمانەکان و دەستپێکردنی پادشایەتی و بابەتی نوح، دەگێڕێتەوە. لە مێسۆپۆتامیادا پێیان وابووە کە سەرەتا یەک زمان قسەکراوە و دواتر خوداکان زمانی خەڵکیان جوداکردۆتەوە و دیسان باسی سەرەتای دروستبوونی پادشایەتیان کردووە، لە مێسۆپۆتامیا ناوی (زیوسودرایان) لەبری نوح بەکارھێناوە.

ھەر ھەمان ئەم چیرۆکەیە تەورات بە گۆڕانێکی کەمەوە لە مێسۆپۆتامیای وەرگرتووە و دیسان ئەویش سەرەتای جودابوونەوەی زمانەکانی وەک ئەوان بە گۆڕانێکی کەمی ناوەکانەوە تۆمارکردووە. واتە ھەمان ئاھەنگی نەورۆز لە سەرەتای شارستانیەتەوە بە ناوی جیاوازتر گێردراوە و بەستراوە بە چیرۆکی نەمرود و نوح و ناوچەی موسڵەوە، کە ڕابردووەکەی بە کوردەوە گرێدراوە.

وەک سەرچاوەی مێژوویی، سەری ساڵ لە مانگی سێ و چواردا لە سەرەتای شارستانیەتی مێسۆپۆتامیاوە ھەبووە، بەڵام بەھۆی پەیوەستبوونی ئەو جەژنە بە ژیانەوەی سروشتەوە، دەشێت تەمەنی زیاتر لە دە ھەزار ساڵ بێت.

ئەو سەرچاوانەی سەرەوە دێرینی ئەو جەژنەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی تری زۆر نایاب نزیکی ھەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر و زیاتر لە چوار سەد ساڵ پێش دینەوەری، ناسنامەی (ئەژدەھاک)مان بۆ یەکلایی دەکاتەوە.

موسای خۆرێنی (موسای خۆرێناتسی) ( لەدایکبووی ٤١٠ ز) لە کتێبێکی نایابدا بە ناوی (مێژووی ئەرمینیا) کە بەشێکی باشی باسی میدەکانە، مێژووی ئەرمینیای نووسیوە. خورێنی لە بەشێکی کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دوای مردنی ئەژدەھاک/ھەژدیھای دوایەمین پاشای مید، نزیکی دە ھەزار کەس لە دەستوپێوەند و کەسوکار و ژن و منداڵی لە ئەرمینیا نیشتەجێ کران.

ئەو مێژوونووسە بۆ گەورەکردنی ڕۆڵی پادشای ئەرمەنی (تیگران)، دەڵێت ئەو پادشایە بە دەستی خۆی ھەژدیھا/ئەژدەھاکی دوایەمین پادشای میدی کوشتووە. تەنانەت ناوی ژنە گەورەکەی ئەژدەھاکی میدی دەنووسێت و ھەروەھا ناوی ژنە ئەرمەنییەکەی پادشای مید دەنووسێت، کە خوشکی پادشای ئەرمەنی تیگران بووە.

بە بەپێی موسای خۆرێنی ھەتا ئەو کاتەی سەردەمی ئەو مێژوونووسە، بابەتەکە لە ناو خەڵکی ئەرمینیادا ئامەژەی پێکراوە و تەنانەت خۆرێنی دەڵێت، ئەوە وەک گۆرانی لە ناو خەڵکی ئەو ناوچەیەدا دەگێردرێتەوە کە میدەکانی لێبووە و لەسەردەمی ئەویشدا ھەر میدەکان لەوێ مابوون.

ھەروەھا دەشڵێت ئەو خەڵکانە خۆیان بە بەرەی ھەژدیھا دادەنێن لەبەر ئەوەی کە بە زمانی ئێمە (مەبەستی ئەرمەنییە) بە مید دەڵێین (مار). تەنانەت باس لەوە دەکات کە دوای نیشتەجێ بوونیان، دواتر ھەندێک لە پادشا گەورەکانی ئەرمینیا لەبەرەی ئەژدەھاکی میدی بوون و لە ئەرمینیادا حوکمڕان بوون.

موسای خۆرێنی سەر بە قوتابخانەی یۆنانی بووە لە مێژوونوسیندا، بۆیە ئەفسانەی قبوڵ نەبووە. لەژێر کاریگەری ئەم قوتابخانەیەدا لە بەشێکی تری کتێبەکەدا لە ژێر ناونیشانی "لە ناو ئەفسانەکانی فارسدا" باسی ئەو مێژووە دەکات کە فارسەکان چەند بەشێوەیەکی خەیاڵی ئەفسانەیی نووسیویانە و باسی پادشایەکی ئەفسانەیی بە ناوی (ئەژدەھاکی بیورئەسپ) دەکات کە مانای ناوەکەی (ئەژدەھاک/ھەژدیھای ھەزارئەسپ) ە.

موسای خورێنی بە تەواوی وەک پاشایەکی جیاواز لە ئەژدەھاکی میدی و سەر بە سەردەمێکی جیاواز باسی دەکات، سەبارەت بە ئەژدەھاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی، خورێنی ئاماژە بە بێمانایی ئەو ئەفسانەیەی فارسەکان دەکات و چیرۆکی فەرەیدون و ئەژدەھاک دەگێڕێتەوە کە لە شاخی دەماوەند ئەژدەھاک دەکوژێت، دوای ئەوەی کە گاڵتەیەکی زۆر بە ئەفسانەی فارسەکان دەکات ئەمجا بەپێی سەرچاوەکان ئەو دەڵێت ئەمەیان گونجاوە و دەڵێت "ئەوەی کە فارسەکان پێی دەڵێن ئەژدەھاکی بیورئەسپ ئەوان بە باوباپیری خۆیانی دادەنێن: ئەو پادشایە لەسەردەمی نەمرود دا ژیاوە. ئەو کاتەی کە زمانەکان دابەش بووە لە جیھاندا".

بە ڕوونی دەردەکەوێت کە موسای خورێنی ھەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر ئەژدەھاکی پادشای میدی وەک پادشایەکی مێژوویی مید و بابەتێکی مێژوویی باسکردووە، کە بەرەکانی لە ئەرمینیادا نیشتەجێ بوون، تەنانەت ناوەکانیشیان جیاواز بووە و تەنانەت دەڵێت، خەڵکی ئەو ناوچەیە لە ڕۆژانی ئەو مێژوونووسەدا ھەر میدی بوون، لای ئەو مێژوونووسە ئەژدەھاکی یەکەم پادشایەکی مێژوویی مید بووە و ئەژدەھاکی میدی بووە و، ئەوەی دووەم ئەژدەھاکی بیورئەسپ و پادشایەکی ئەفسانەیی بووە کە فارسەکان بە کۆنترین پادشای خۆیان دایانناوە، کە ھەرچەندیشە موسای خۆرێن دواتر دەڵێت "ئەو پادشایە بە ناوێکی نزیک لەوە لە کتێبی کلدانەکاندا لەو سەردەمەدا ھەبووە"، واتە ئەژدەھاکی نەورۆز، پادشایەک و چیرۆکێکی تەنھا فارسی نەبووە و فارسەکان بە شێوەی خۆیان گێڕاویانەتەوە.

ئەو دواتر ئەفسانەکە بە شێوەکی جیاواز لەوان دەگێڕێتەوە، ئەفسانەکە ھی خەڵکی ناوچەکە بووە نەک فارس. واتە ھەرچەندە فارسەکان ئەژدەھاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی نەورۆزیان بە باوباپیرانی خۆیان داناوە، سەرەڕای ئەوە سەرچاوەی تری کلدانی بە شێوەی تر گێڕاویانەتەوە.

واتە زانیاریەکانی دوو مێژوونووسی دێرین بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەخەنە ڕوو کە، ئەژدەھاکی پەیوەست بە نەورۆز بەستراوەتەوە بە سەردەمی نوح و نەمرودەوە و ناوچەی ئەفسانەکەش وڵاتی بەناو ئێران نەبووە، بەڵکو موسڵ/کوردستان بووە.

موسای خۆرێنی بە ڕوونی و بە جودا و لە ژێر ناوێکی جیاوازدا، ئەژدەھاکی یەکەم دەناسێنێت بە ئەژدەھاکی بیورئەسپ و، وەک ئەفسانەیەک سەیری کردووە و بە جودا و بە ناوی ئەژدەھاکی میدی مێژووی پادشایەکی تری گێڕاوەتەوە و، وەک بابەتێکی مێژوویی ڕوون مامەڵەی لەگەڵ ئەژدەھاکی میدیدا کردووە، چەندین بەڵگەی لەسەر ھێناوەتەوە.

بۆ نموونە ئەوەی کە بەرەی ئەو پادشایە لە ئەرمینیا دواتریش ھەر پادشا بوون و وەک بەیت ئەو بابەتە لە ناو خەڵکی ئەو ناوچانەدا بە گۆرانی گووتراوە، بەو جۆرە بە دوور و نزیک جگە لە ناوەکەیان کە ئەویش جیاوازی تێدا بووە، ئەو دوو پادشایە ھیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نەبووە و، لە دوو ناوچە و دوو سەردەمی جیاوازدا باسکراون.

مێژوونوسی کورد، ئیبن ئەسیر (١١٦٦-١٢٣٣ ز) و تەبەری (٨٣٩- ٩٢٣ ز) و مەسعودی (٨٩٦-٩٥٦ ز) یش بە ھەمان شێوە ئەژدەھاک و نەمرود بە ھەمان کەس دادەنێن و، ئەوانیش بەشێوەیکی تر ھەر دووپاتی بەشێک لە قسەکانی ئەو دوو مێژوونووسە دەکەنەوە.

ئەی ئەم جەژنە و کاوە پەیوەندیان بە کوردەوە ھەیە؟

زانا و مێژوونووسی کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەری، لە بەشێکی کتێبەکەیدا باس لە بنەچەی کورد دەکات. دینەوەری ھاتووە چیرۆکی زوحاکی بیورئەسپی ئەفسانەیی دەگێڕێتەوە و ئەویش دەڵێت کە، ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە لە دەست کوشتن و زوحاک دەرباز دەکران و ڕوویان دەکردە چیاکان، نەتەوەی کوردیان لێ پێکھات.

لە ڕاستیدا ئەم ئەفسانەیە لەسەر کورد، لای مێژوونووس مەسعودیش دووبارە بووەتەوە. لە ھۆنراوەی یارسانیشدا دیسان ئەو خۆبەستنەوە بە کاوە و ئەفسانەی زوحاکەوە دەردەکەوێت. شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی ١٤٠٧ز لە گوندی دەزرزیانی شاھۆ دایکبووە، واتە نزیکی شەش سەد ساڵ لەمەوبەر، دەبینرێت کورد بوون و گوزارشکردنی لە لەناوبردنی زوحاکدا بە شێوەکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەخاتە ڕوو، کاتێک کە بە ھەورامییەکی شیرین یێژێت:

ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد 
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد 
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد 
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد

واتە "من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵێکدا سوپای زوحاکمان ورد کرد".

لێرەدا شاوەیس قولی نزیکی شەش سەد ساڵ لەمەوبەر، زۆر بەڕوونی ناسنامەی کوردبوونی بەستۆتەوە بە کاوەی ئاسنگەرەوە و، ئەویش وەک سیمبوڵێکی کوردان ئاماژەی پێکردووە، کە بەشێک بووە لەو دەستە کوردەی ئەژدەھاکیان لەناوبردووە.

واتە ئەم شیعرەی شاوەیس قولی لەگەڵ قسەی ئەبوحەنیفە و بەستنەوەی کورد بە چیرۆکی کاوە و زوحاکەوە، مێژوویەکی دێرینی ھەبووە.

ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧ ز) یش بە وردی باسی جەژنی نەورۆز و سەرى ساڵی لە ناو کورداندا کردووە، بێ ئەوەی کە باسی کاوە بکات. ئەحمەدی خانی زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر لە مەم و زیندا باسی نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لە ناو کورد دا بەم شێوەیە دەکات:

دەورا فەلەکی ژ بەختێ فەیروز
دیسان کو نوما ژ نوڤە نەوروز
مەبنی ل وێ عادەتێ موبارەک
شەھری یو سوپاسی یان ب جارە
.
.
.
سەرسالی و باکیر و روالان
سەد سالی و جوان و پیر و کالان
سەرسال ل رەسم و راھێ مەعھوود
گیرا ل جیە و مەقامێ مەحموود

ئەم جەژنە بە شێوەیەک لە ناو کورد دا ڕەگی داکوتیوە، کە ھەتاوەکو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە شارەزوور ناوی (مێرکاوە) بووە و، ھەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو.

یەکێک لە ڕێوڕەسمە ھەرە گرنگەکانی نەورۆز لای کورد ئاگرەکەیە، تا ساڵی حەفتاکان لەسەربانی ھەموو ماڵێک لە ھەندێک ناوچەدا ئاگردەکرایەوە. لە جەژنێکی تریشدا کە لە کۆتایی مانگی ھەشت و لە دامێنی چیای دەماوەند/زەماوەند دا (جەژنی کورد) بەڕێوە چووە، لەوێدا ھەتاوەکو ساڵی ١٨٢٠ خەڵک لەسەر سەربانی ماڵان ھەموو ساڵێک ئاگریان بە بۆنەی ئەو جەژنەوە کردۆتەوە و، جەژنەکەش ناوی (جەژنی کورد) بووە.

واتە ئەو شوێنەی کە ئەژدەھاکی ئەفسانەیی تێدا کوژراوە، ھەر لەوێدا جەژنی کورد بەڕێوە چووە. واتە لە ھەموو سەردەمێکدا و تەنانەت بنەچەی دروستبوونی کوردیش بەو ئەفسانەیەوە بەستراوەتەوە و، بەشێکی گرنگ بووە لە فەرھەنگی کوردی.

ھەروەھا ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، لە کرماشانەوە ھەتاوەکو باکوری کوردستان، لە ھەندێک شوێندا ھێشتا خەڵک بۆ ئەم جەژنە وەک سەردەمی دێرینی مێسۆپۆتامیا ھێلکە ڕەنگ دەکەن، کە ئەوە دیسان دێرینی ئەو جەژنە لە ناو کورددا دووپات دەکاتەوە.

ئەنجام

وەک ڕوونکرایەوە، ئەژدەھاکی پادشای میدی بابەتێکی مێژووییە و ئەژدەھاکی بیورئەسپ و کاوە، پادشا و پاڵەوانێکی ئەفسانەیین، چەندین سەرچاوەی مێژوویی جیاواز ئاماژەیان بەوە کردووە، گرنگترینیان ئەوەی (موسای خۆرێنی)ە، کە میدەکانی ناسیوە و ھەتاوەکو سەردەمی ئەویش ھەر بە مید ناسراوبوون و بە تەواوی بە جودا، ئەو دوو پادشایەی باس کردووە.

بەو جۆرە زۆربەی گێڕانەوەکان ھەمان ئەو چیرۆکەی مێسۆپۆتامیایە، بەشێوەی نوێتر و بنەچەی شوێنی ئەفسانەکە، ناوچەی موسڵ و دەروبەری بووە، نەک وڵاتی بەناو ئێران، ھەرچەندە فارسەکان بە شێوەی جیاوازی خۆیان گێراویانەتەوە.

بۆیە دەشێت تەمەنی ئەو جەژنە زیاتر لە دەھەزار ساڵ بێت، وەک لە شیعرەکەی شاوەیس قولیدا دەردەکەوێت، زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر، کورد کاوەی بە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی کوردی سەیرکردووە.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەو پادشا ئەفسانەییە دێرینە، فارسەکان بە باوباپیرانی خۆیان دایان ناوە، سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوەی تر بۆچوونی جیاواز بووە. ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدات، نەزانی ھەندێک لە نووسەری کوردە کە زۆر خەمساردانە پاڵەوان و ئەفسانەیەکی دێرینی کوردی کە ھەزاران ساڵە بە شێوەی جیاواز لە ناوباوباپیرانماندا دەگێڕدرێتەوە و، بووە بە بەشێکی گرنگ لە فەرھەنگمان، بێ ھیچ لێکۆڵینەوە و ھەوڵێک بۆ تێگەیشتن، خەریکە مۆرکێکی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی خۆیانی لێ دەدەن و بەوجۆرە فەرھەنگ و مێژوومان تێک دەدەن.

ھەموو ئەم بۆچوونە بێمانایە تەنھا لەسەر لێکچوونی دوو ناو ڕوویداوە، دەنا ئەو دوو پادشایە بە دوور و نزیک پەیوەندیان بەیەکەوە نییە. زۆرجار مرۆڤ شەرم دەیگرێت کە نووسین و ئاخاوتنی ھەندێک لەو نووسەرانە دەبینێت بەرامبەر بەو پاڵەوانە ئەفسانەییە کە ھیچ بنەمایەکی تێگەیشتن و ڕێزگرتنیان تێدا نییە و، زۆربەیان لەوە نەگەیشتوون کە کاوە و ئەژدەھاک ئەفسانەن نەک مێژوو. واتە نە ئەژدەھاکی ئەفسانەیی کورد بووە و نە کاوە فارس و نە پێچەوانەکەشیان.

چیرۆکی کاوە و ئەژدەھاک، لە سەرەتای شارستانیەتەوە بەشێوەی جیاواز دەگێردرێتەوە و سەردەمانێک ئەو ئەفسانەیە ھەبووە کە فارس ھێشتا ناوی لە مێژوودا تۆمار نەکراوە و، ھەر نەتەوەیەک بە شێوەی خۆی گێڕاویەتیەوە، بەڵام ھەرگیز ئەو ئەفسانەیە دژی کورد نەبووە.

بە ھیچ شێوەیەک لە مێژوودا بابەتی کاوە و زوحاک بابەتێکی کێشەی دوو نەتەوە نەبووە، ئەو لایەنە نەتەوەییە ھەڵبەستراوی نووسەری کوردە لەسەردەمی نوێدا. زۆر لە کاردانەوەکانی نووسەری کورد چاوەروانکراون، ئەندامانی نەتەوەی داگیرکراو زۆرجار ڕقیان لە دابوونەریتی خۆیانە و ھەمیشە بە دوای ئەوەوەن کە گاڵتەی پێبکەن و بە شێوەی جیاواز ڕەتی بکەنەوە.

ھیچ گومانێک نییە لەوەدا کە ئەفسانەی نەورۆز و کاوە بە فەرھەنگ و مێژوومانەوە گرێدراون و، ڕەگێکی قوڵیان تێدا داکوتیوە، بۆیە نابێت ھەرگیز وازیان لێبھێنین. دەبێت بۆ ھەتایی کاوەی ئاسنگەر پاڵەوانی ئەفسانەیی و ئەو ئاگرە پیرۆزەی نەورۆز، سیمبوڵی بەرخودان و یەکگرتوویمان بێت. دەبێت جارێکی تر کاوە لە ئەفرین دروستبکەینەوە و لە ھەر شوێنێکی تری کوردستان بێت، بێ دوودڵی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر بۆ ھەتایی سیمبوڵی پاڵەوانێکی ئەفسانەییمان بێت لە دژی ناعەدالەتی لە شێوەی خۆماڵی بێت یان بێگانە.

ئەوانەی کە لەسەر مێژووی کوردیش دەنووسن، دەبێت ڕێز لە مێژوو و فەرھەنگ بگرن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

تێبینی

١- پێم ناخۆشە ناونیشانی بابەتەکەم بەوجۆرەیە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەری کورد ناوی ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییە بە "خائینیک" دەھێنن، منیش لە زمانی ئەوانەوە دووبارەی دەکەمەوە دەنا من ڕێ بەخۆم نادەم کە ئەو زمانە بەرامبەر پاڵەوانێکی ئەفسانەیی کوردی بەکاربھێنم.

٢- لە ڕابردوودا ھەژدیھا مانایەکی ئەرێنی لە فەرھەنگی کوردیدا ھەبووە، دەشێت سیمبوڵی بەھێزی و مەزنی و ژیری بووبێت و ڕۆڵی ئاینی ھەبووبێت، ھەر بۆیە دوایەمین پاشای مید ناوی ھەژدیھا/ئەژدەھاک بووە و ھەتاوەکو ئەمڕۆش مار ڕۆڵێکی تایبەتی لە فەرھەنگی کوردیدا ماوە. 

سەرچاوەکان
______

١- ابن الأثیر (٢٠١٠) الکامل فی التاریخ، موقع الوراق.
 
٢- حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.

٣- الدینوری، ابو حنیفە احمد بن داود (١٨٨٨) الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.

٤- المسعودی (٢٠١١) مروج الذھب، الموسوعة الشاملة. 

 Dietrich, B. C. (٢٠٠٤) The Origins of Greek Religion,
Bristol Phoenix Press, UK. 

 Garnier (١٩٠٩) The Worship of the Dead, Рипол Классик. 

 Johnston, S. I. (٢٠٠٤) Religions of the Ancient World: A Guide, Harvard University Press, USA. 

 Lundbom, J. R (١٩٩٩) Jeremiah one-twenty, Doubleday, Indiana University, USA.

 Morier, J. J. (١٨١٨) A Second Journey through Persia, Armeia and Asia Minor to Constantinople between the years ١٨١٠ and ١٨١٦, Longman, Hurst, Rees, Orme and Brown, London.



ئه‌م بابه‌ته 237 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر