کورد و شعر و لاواندنەوە، مانەوە لە بازنەیەکی داخراودا

لە کۆمەڵگایەک کە لە ئاستی عەقڵی جووتیاریدا ماوەتەوە، خەیاڵکردن بەھێزە، پانتایی ئەفسانە، ئاین و شعر نووسین فراوان دەبێت... بەڵام لە کۆمەڵگەی پیشەگەردا، لە جیاتی پاڕانەوە بەدوای داھێنان و ڕێگاچارەی نوێدا دەگەڕێن.
PM:03:05:05/08/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
بۆ شۆڕشێکی ڕزگاری ... دەبێت کورد لە قۆناغی شعر نووسین و لاواندنەوە بڕواتە گۆڕەپانی شرۆڤەی زانستی لە ڕێگەی دەزگا و دامەزراوەی زانستی، کار بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێک بکات

بەهرە حەمە ڕەش
نووسەر

لە کۆمەڵگایەک کە لە ئاستی عەقڵی جووتیاریدا ماوەتەوە، خەیاڵکردن بەھێزە، پانتایی ئەفسانە، ئاین و شعر نووسین فراوان دەبێت. بۆیە لە کاتی وشکەساڵی یان کەمی باران باریندا، خەڵک نوێژەبارانە دەکەن و لە ژێر ڕەحمی سروشتدان. ھەمیشە لە جیاتی گەڕان بەدوای رێگەچارەدا، دەپاڕێنەوە و چاوەڕیی بارینی ڕزق، ڕەحم و بەزەیین، بەڵام لە کۆمەڵگەی پیشەگەردا، لە جیاتی پاڕانەوە بەدوای داھێنان و ڕێگاچارەی نوێدا دەگەڕێن.

کاتێک ئاسنگەرێک تەورەکەی خراپ دەبێت، لە جیاتی پاڕانەوە بیر لەوە دەکاتەوە تەورێکی بەھێزتر دروست بکات. لێرەدا عەقڵی واقعی جێگەی خۆشباوەڕی و خەیاڵ دەگرێتەوە. بۆیە پیشەگەری، بنەمای دروستبوونی کارگە و شارە. لە شاردا دیالۆگ دروست دەبێت و ڕێگای یەکتر قبوڵکردن و ھەنگاونان بەرەو شارستانییەت دەست پێدەکات.

ھزرمەند و فەیلەسوف، بەرھەمی شارن. بەڵام گوند، لانکی شعرە وەک ژیانی بەرجەستە یان خەیاڵ. لە شاردا بواری خەیاڵ کەمە، ھەمووان لە جوڵەدان بەرەو پێشکەوتن و ھەوڵدان بۆ ژیانێکی فراوانتر و باشتر. کارگە لە شار دروست دەبێت و ئەشکەوت و شاخی گوندەکان دەبنە خەڵوەتگەی سۆفیگەری. لە عەقڵیەتی جووتیاریدا پرسیار دروستکردن کفرە و ھەمووان لە سەر ژیانێکی ڕازی و بێدەنگ ڕاھاتوون. ئاسانترین وەڵامی ئامادەیان ھەیە، ئەویش "قەدەری ئیلاھی"ە.

ئەم جۆرە ژینگەیە، کاراکتەری خۆشباوەڕ و لاواز بەرھەم دێنێت. کاراکتەرێک، کە ھەمیشە خۆی بەکەم دەزانێت، پێیوایە لە ئەزەلەوە بەشە ژیانی ئەو ئەوەندەیە، بۆیە ناڕازیبوون لێی ناشکوری بوون و شکاندی ڕازی چارەنووسە. لە کاتی زۆر بێزاریدا، لەجیاتی ھەوڵدان، ئەوپەڕی پەنا دەباتە بەر لاواندنەوەو شعر نوسین. وەکو ئەوەی لە یادی ئەنفال و کیمیاباراندا دەیبینین. 

بەدرێژایی مێژووی دوورونزیک، کاراکتەرە لاوازەکان دەبنە قوربانی بزووتنەوەی مێژوو. مێژووی کوردی پڕە لە نموونەی خۆشباوەڕی، ھەڵخەڵەتاندن و ساویلکەیی. بەدرێژایی مێژوو، کورد زوڵمی لێکراوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرگری جەستەییەوە/ ھێزی رەق، دەربازی بەرگری عەقڵ و بیرکردنەوە و شرۆڤەی دۆخی خۆی نەبووە.

یەک لەو کارانەی پەنای بۆ بردووە، جگە لە قەدەر، لۆمەکردنی ھەڕەمەکی و بێبنەمای خۆی بووە. لە کاتی تووشبوون بە تراژیدیاکان، لە جیاتی دەستنیشانکردنی ھۆکارەکان، بیانوو بۆ چەوسێنەرانی دێنێتەوە. بۆیە ھەرگیز زوڵم لێکردن و ھەژاری، بەرگری و شۆڕش دروست ناکات، بەڵکو ھەستکردن بەزوڵم و چەوساندنەوە، ھزری شۆڕشی ڕزگاری بەرفراوان بنیات دەنێت.

تا ئێستاش کەم نین ئەو کەسانەی کە دەڵێن، بەھۆی خراپی، نوێژنەکردن و دوورکەتنەوەمان لە دین، بووینە ژێر دەستەی میللەتانی دواکەوتووی ناوچەکە!!! ئەم عەقڵییەتە، تەواو بێبەرییە لە عەقڵی شار و مەدەنییەت و توانای بیرکردنەوەی نییە، بەڵکو لەگەڵ وەڵامە بێ ماندووبوون و ئامادەکاندا دەژیت.

عەقڵیەتی خێڵ، مرۆڤی پاسیڤ و کۆمەڵگەی ژێردەستە دروست دەکات. ھەبوونی دەزگا و دامەزراوە، نەک ھەر گرنگ نییە، بەڵکو ڕێگە لەدروستبوونی دەگرن. کرانەوە و ئازادی بە مەترسی دەزانن. پلان دانان بەپێویست نازانن، چونکە پێیانوایە چی لە چارە نوسرابێت، ئەوە دێتە رێ.

ھەمیشە لە جیاتی دادگا ئارەزووی فراوانکردنی دیوەخانەکان دەکەن. دەیانەوێ (ئاغا، شێخ، مەلا، سەردار و...هتد) لە جیاتی ئەوان بیر بکاتەوە، چونکە پێیانوایە خۆیان لە ئاستی ئەو بیرکردنەوەیەدا نین، کە نەخشەڕێی ژیان دادەڕێژێت. ئەم شێوازە ڕاھاتن و پەسەندکردنی ژێردەستەییە، تەواو ھاوکاری داگیرکار و چەوسێنەرانی ئەم میللەتەیە، کە گەورەترین سودیان لێبینیوە. ھەمیشە دەیانەوێت کورد، لە جیاتی واقع لە خەیاڵدا بژین. لە جیاتی دروستکردنی سینەما، خەریکی شعر نوسین بن!

مێژووی کورد پڕە لە شاعیری تەسەوف و سۆفیگەری، بەڵام کەمن ئەو شاعیرانەی ھەستی نەتەوەیی و ھەستکردن بە چەوساندنەوە لە شعرەکانیاندا رەنگیداوەتەوە، چونکە ئەوان لەشار دووربوون. حاجی قادر/ ١٨١٧ ــ ١٨٩٧ تا نەچووە شار/ ئەستەنبوڵ/ ١٨٨٤، یەک شعری لە سەر نەتەوە نەنووسیوە و ھەستی نەتەوەیی لا دروست نەبووە. ئەحمەدی خانی/ ١٦٥٠ ــ ١٧٠٧ "مەم و زین/ ١٦٩٢"، پێش حاجی قادری کۆیە باسی نەتەوەی لە شعرەکانیدا کردووە. دیارە ڕەوش و شوێنی ئەحمەدی خانی، لە ناوچەیەک "بایەزید" بوو، کە شەڕی نیوان سەفەوی و عوسمانییەکانی لێبوو، بۆیە شعری سیاسی نووسیوە و ھەستی نەتەوە لای چەکەرەی کردووە. بۆیە دەتوانین بڵێین، نەتەوە و بنەماکانی نەتەوە بەرھەمی عەقڵی شارن. ھەروەھا فکری ناسیۆنالیزمیش، دوای شۆڕشی بورژوازی سەریھەڵدا.

بەگەڕانەوە بۆ مێژوو و دروستبوونی نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە، دەبینین تا حوکمی فیودالیەت ھەبوو، ئیمپراتۆریەتی سەفەوی، عوسمانی، ڕووسی و نەمساوی دروست بوون. دوای رووخانی فکری دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتی ئاین، بنەمای تاکی سەربەخۆ و کارگەی بچوک دروستکران. کە بووە بنەمای رێنسانس و لە دوای مکیاڤیلی لە ئیتاڵیا/ ئەورووپا دروست بوو . دوای نەمانی ئیمراتۆریەتی ڕووسی و نەمساوی و کۆتاییھاتنی شەڕی مەزھەبی کاتۆلیک و پرۆستانت/١٦١٨ ـــ ١٩٤٨، لەوێوە پەیمانی ئاشتی وێستڤالیا ھاتەکایەوە. یەک لەڕاسپاردەکانی ئەو پەیماننامە ئاشتییە ئەوەبوو کە"ھەر نەتەوەیەک دەوڵەتێک دروست بکات". لە بەر ئەوە لە ئەورووپا ئەتنیک بەر لە دەوڵەت پەیدابوو، بەڵام لە ئەمریکا دەوڵەت پێش ئەتنیک دروستبوو.

ئەمە تاکو شۆڕشی فەرەنسی کە بنەمای ڕاستەقینەی نەتەوە و دەوڵەت بوو سەری ھەڵدا. لە شۆڕشی فەرەنسیدا جان جاک رۆسۆ، بە ئەندازیاری شۆڕشی فەرەنسی ناوبرا. ئەنگلس دەڵێت "لە رێگەی رۆمانەکانی بەلزاک، ئاشنای مێژووی فەرەنسا بووم".

بەر لە سەرھەڵدانی شۆڕشی فەرەنسی/ ١٧٨٩ کۆمەڵێک ریفۆرم و شۆڕش لە بواری (ئاینی، کۆمەڵایەتی، ھزری و سیاسی) ئەنجامدران، ھەروەھا لە چین کاتێک شۆڕشی چەپ لە ١٩٤٩ سەرکەوت، لە ساڵی ١٩٦٦ شۆڕشی رۆشنبیری ئەنجامدرا. دیارە مێژووی ھەموو ئەم نەتەوە و دەوڵەتانەی، کە نموونەی گەل و نەتەوەی سەربەخۆ و زیندوون، بەر لە شۆڕش یان دواتر ریفۆرمیان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئاینی و...هتد ئەنجامداوە، بەڵام کورد ھەرگیز بیری لەئەنجامدانی ئەم ریفۆرمە ریشەیی و پێویستە نەکردۆتەوە، کە ببێتە بنەمای دروستبوونی دەولەت و نەتەوە.

بەغدا، قاھیرە، ئەستەنبوڵ و دیمەشق لەو شارانەن، کە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگی مەدەنیەت و پیشەگەری و دروستبوونی بزووتنەوەی رۆشنبیری بوون و رۆڵی گەورەیان بینیوە. یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان/ ١٨٩٨) لە قاھیرە دەرچووە. بۆیە نەتەوەی سەردەست پتەوتر و کورد گۆشەگیرتربووە. کاتێک کورد تا ئێستا شار و گوندی تێکەڵ بووە، پیلانێکی درێژخایەنی دوژمنانیەتی، جگە لە کەمتەرخەمی و بەرتەسکی ئاسۆی بیرکردنەوەی خۆی وەک گەلێکی ژێردەستە.

ھەروەھا جیۆپۆلۆتیکی کوردستان، یەک لە ئەگەرەکانی دابڕانی کوردستانە لە دەوروبەرە، ئەم دابڕانە گۆشەگیری و رەوشێکی ناھەمواری ئەوتۆی دروستکردووە، کە لە کوردستان، کۆمەڵە تەریقەتی ئاینی، مەزھەبی و سۆفیگەری پەیدا بن. کەشی گۆشەگیری، سۆفی و خەیاڵ دروست دەکات. ئەمە وێڕای کاریگەری ئاین لە خەیاڵکردن و رازیبوون بەبەشی خۆت. ئەگەر سەیری کتێبەکان ئاینی ئیبراھیمی/ قورئان بکەین، وەکو شعر نوسراوە. ئەمەش کاریگەرییەکی تری پەرەسەندنی شعر نوسینە لە ناو کورد.

ھۆکارێکی تری کاریگەرنەبوونی کورد بەم شارانەی، کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لانکی پێشکەوتن بوون. بەغدا، ئەستەنبوڵ، قاھیرە و دیمەشق زیاتر وەک دەوڵەتی شار بوون. زۆر شۆڕنەبوونەوە ناو خەڵک بەڵکو دەوروبەریان بۆ بەرژەوەندی/ بازاری خۆیان بەکاردەھێنا. لە بەغدا (ماڵی حیکمە/ ٨٠٩ ــ ٨٢٥، بزووتنەوەی موعتەزیلە/ لە نیوان سەدەی نۆ و یازدە، قوتابخانەی بەغدادی/ ٢٥٠ ــ ٤٠٠ کۆچی) ھەبوو، بەڵام کارتێکردنی لە سەر دەوروبەر کەم بوو، لێرەدا بە گەڕانەوە بۆ مێژوو روون نییە، کە ئایا بە مەبەست بووە یان ھۆکاری لۆجستیکی دۆخەکەی وا ھێشتۆتەوە.

ئێمە تا ئێستا ڕۆمانمان نییە، چونکە ڕۆمان کچی شارە، ھەروەھا ئۆپەرا بەرھەمی میترۆپۆڵە. شعریش دەرھاویشتەی عەقڵی گوند/ جووتیارییە. بەپێی ئاست و مێژووی کورد، لە ساڵانی ڕابردوو تا ڕادەیەک ئێستاش، ھەمان عەقڵییەت و تێگەیشتن سەردەستی خیزان، کۆمەڵگە، پارت و پێکھاتەکان بووە. ئەم عەقڵییەتە خێڵەکییە ھەمیشە دەبنە قوربانی، چونکە ناتوانن چالاک و سەردار بن.

لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی کورددا، شعر ڕۆڵی خۆی بینیەوە، وەنەبێت ئێمە شعر و ھونەری شعر بەشێوە زانستی و ژانرە ھونەرییەکەی ڕەت بکەینەوە، بەڵام وەکو عەقڵیەتێک، کە ھەمیشە لە خەیاڵدایە و ناتوانێت دەربازی واقع بێت، شرۆڤە دەکەین. بەجۆرێک کە پێویستە جگە لە شعر پەرە بەبوارەزیندووەکانی تری ھونەر بدرێت کە لەرێگەیەوە کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتن و کرانەوەو بنیاتنان دەچێت.

سەردەمێک شعر بۆ رووبەرووبونەوە و گەرمکردنی مۆراڵی پێشمەرگە، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی وەک مارشی پێشمەرگە گێڕاوە، بەڵام ئەمڕۆ لە سەردەمی گلۆبال و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، کورد دەتوانێ پەرە بەبوارەکانی وەک ڕۆمان، سینەما و مۆسیقا بدات و کێشەکانی ڕوونتر بگەیەنێتە جیھان.

کاتێک بڕیاری جینۆساید لە سەر کورد درا، کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی بەسەرھێنرا، شعر بە تەنیا ناتوانێت ئامڕازی گەیاندنی ڕووداوەکان و باسکردنیان بێت، دەبێت لەجیاتی شعرو لاواندنەوە پەرە بەعەقڵی دروستکردنی سینەماو ڕۆمان بدرێت. ھەروەھا دەبێت بزانین، کە ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکان، پێویستی بەزمان حاڵ و ئامڕازی گەیاندنی جیاوازە.

بۆ شۆڕشێکی ڕزگاری یەکجارەکی، دەبێت کورد لە قۆناغی شعر نووسین و لاواندنەوە بڕواتە گۆڕەپانی شرۆڤەی زانستی و دەستنیشانکردنی ئەو برینانەی، کە ساڵەھایە کراونەتە جەستەی کورد، لە ڕێگەی دەزگا و دامەزراوەی زانستی، کار بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێک بکات، کە ھاوکات ڕزگارکاری عەقڵ و خاک بێت.



ئه‌م بابه‌ته 263 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر