ھەرێمی کوردستان و ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی

ئاسایش (Security)، کەڵکەڵە و ئامانجی ھەموو نەتەوەکانی جیھانە. ھەر بۆیە ھەر نەتەوەیەک، ھەوڵی داڕشتن و ئامادەکردن و پاشان جێبەجێکردنی پلانێکی مەزن یان ستراتێژیەک دەدات، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی.
PM:04:09:31/07/2019
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
هەرێمى کوردستان وەکو ئەکتەریکى نێودەولەتى و خاوەن بەرژەوەندى تایبەت بەهۆى هەندێک فاکتەرەوە نەیتوانیوە هەوڵى جددى بدات بۆ دارستنى ستراتیژى ئاسایشى نەتەوەیی خۆى.

دکتۆر محەمەد حوسێن زادە
نوسەر

پێشەکی

ئاسایش (Security)، کەڵکەڵە و ئامانجی ھەموو نەتەوەکانی جیھانە. ھەر بۆیە ھەر نەتەوەیەک، ھەوڵی داڕشتن و ئامادەکردن و پاشان جێبەجێکردنی پلانێکی مەزن یان ستراتێژیەک دەدات، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی. ھەڵبەت ئەوە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە کە داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی لە لایەن دەوڵەتەکانەوە ئەنجام دەدرێت و لێرەشدا گریمانە ئەوەیە ھەر دەوڵەتێک نوێنەری نەتەوەیەکی تایبەتە. دەکرێت دەوڵەتێک نوێنەری چەندین نەتەوە بێت، وەک ئەوەی لە ھەندێ وڵاتانی دێموکراتیکی چەند نەتەوەییدا دەبینرێت. بەڵام ھەندێ نموونە ھەن کە دەوڵەتی ناوەندی لە ڕاستیدا نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان و نەتەوەکانی ناوخۆ ناکات و ئەو دیاردەیە بە تایبەت لە وڵاتانی فرە نەتەوەی نادێموکراتیکدا، زۆر بەرچاو دەکەوێت. کەوابوو ئەو نەتەوانە کە ھەست بەوە دەکەن کە دەوڵەتێکیان نییە کە وەک نوێنەرێکی ڕاستەقینە، ھەوڵی دابینکردنی ئاسیشیان بدات، دەبێ خۆیان ھەوڵی ئەوە بدەن، ستراتێژییەک لەو چەشنە دابڕێژن. 

نەتەوەی کورد بە گشتی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، دەبێ ھەوڵی داڕشتنی ستراتێژییەکی ئاسایشی نەتەوەیی بدەن. من لەم وتارەدا جەخت لەسەر ھەرێمی کوردستان دەکەمەوە، لەبەر ئەوەی کە لە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستانی داگیرکراو، تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێرداگیرکاری نەتەوەی بان دەست ڕزگاری بووە و وەک ئەکتەرێکی نیوەدەوڵەتی لە سیاسەتی ناوچە و جیھانیدا ڕۆڵ دەگێڕێت و لە ناوخۆیشدا خاوەن دام و دەزگا و پێکھاتە و ڕێکخراوەی حوکمی و زانکۆ و ناوەندگەلی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە کە ھەموو ئەوانە بۆ داڕشتنی گەڵاڵەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی پێویستن.

پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی توانا و  سەرچاوەکان و ھەروەھا خاڵە لاوازەکان و ئەو ھەڕەشانەی کە بەرەوروویان دەبێتەوە، گەڵاڵەیەکی داڕێژراوی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی ھەبێت. ھەڵبەت دەبێت لە سەرەتادا ئاماژە بەو خاڵەیش بکەم کە تەنانەت زۆربەی دەوڵەتەکان کە لە بەراورد لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا، سەرچاوە و توانا و ھێزی زیاتریشیان بە دەستەوەیە و لانیکەم وەک دەوڵەتێک سیاسەت دەکەن، بە تایبەت دەوڵەتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستا توانای ئەوەیان نەبووە کە ستراتێژییەکی ڕوون و ئاشکرا بۆ خۆیان دابڕێژن و ئەوەش پەیوەندی بە جۆر و چۆنییەتی سیاسەتکردن لەو ناوچە و وڵاتانەدا ھەیە.

کەوابوو کاتێک باس لەوە دەکەین کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ستراتێژییەکی ئاسایشی نەتەوەییە، مانای ئەوە نییە کە تاقە ئەکتەرێکە کە ئەو ستراتێژییە نییە یان لە داڕشتنیدا تووشی شکست بووە، بەڵکوو زیاتر مەبەست ئاماژەکردن بەو خاڵەیە کە ئەگەر بڕیاردەران و سیاسەتەوانانی ھەرێم سەرنجی زیاتر بدەنە گرنگی ئەو ستراتێژیە و بتوانن لە ھەوڵێکی تەنانەت درێژخایەندا، ستراتێژییەکی ئاسایشی نەتەوەیی دابڕێژن، دەتوانن ھیوادار بن کە لە ساڵانی داھاتوودا، لەو بوارەدا، تەنانەت لە زۆربەی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان، سیاسەتێکی ڕوونتر و بەھێزتر بگرنە بەر. بە پێچەوانەوە، ئەگەر نەتوانن لە داڕشتنی ئەو گەڵاڵەیەدا سەرکەوتن بە دەست بھێنن یان گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدەن، ئەوا خۆیان لە گەڵاڵەیەکی ڕێنوێنی گرنگ بێ بەش دەکەن.

کەوابوو، من لەم کورتە نووسراوەدا، ھەوڵ دەدەم پاش پێناسەیەکی کورت لە ستراتێژی و ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاماژە بدەمە چەند خاڵێک کە پێویستە بڕیاردەرانی سیاسی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی، لەبەرچاویان بگرن. 

ستراتێژی 

دەزانین کە لە سیاسەتی جیھانی ئێستادا، زاراوە یان چەمکی ستراتێژی زۆر بەکار دەھێنرێت و باسی ستراتێژی جۆراوجۆر، وەک ستراتێژی نەتەوەیی، ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی، ستراتێژی سەربازی و...ھتد دەکرێت. دەتوانین بڵێین، ستراتێژی گەڵاڵەیەکە کە لە کاتی "ئێستا"دا و بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نێوان "ئێستا" و "ڕابردوو"، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی "داھاتوو" دادەڕێژرێت. 

ئەگەر ستراتێژی بە وردی و بە شێوەیەکی ڕئاڵیستی و ئاوەزمەندانە و ھەڵسەنگێندراو و ھەروەھا بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو فاکتەرە کارتێکەرەکان داڕێژرابێت، بێ گومان دەبێتە ڕێنوێنی سیاسەتکردن و سیاسەتوانان. ھەر بۆیە ڕێبەرانی ھەر نەتەوە یان کۆمەڵگەیەک پێویستیان بە ستراتێژیی ھەیە.

ستراتێژییەک کە خۆی بەرھەمی زانستیانەی پێکەوەنان و پێکەوەبەستنی کردەوە و کردارەکانە، بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانج یا خود ئامانجگەلێکی دیاریکراو. بە جۆرێک کە ھەموو دەرفەت و تواناکان و ئامراز و کەرەسەکان، لە ئاراستەی گەیشتن بەو ئامانجانە ڕێک دەخرێن. 

کەوابوو لە پێناسەیەکی ئاسان و گشتیدا، بەو جۆرەی کە "مۆرگان لیک" ئاماژەی پێ دەدات، ستراتێژی بریتییە لە (ئامانجەکان، میتۆدەکان و ئامرازەکان). ئامانجەکان ئەو مەبەست و مەرامانە یان خاڵە دیاریکراوانەن کە ھەر لایەنەک ھەوڵ دەدات پێیان بگات. مەبەست لە میتۆدەکان، ئەو شێواز و ھەنگاوانەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دیاری دەکرێن. ئامرازەکانیش، ئەو کەرەسانەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

کەوابوو لە ستراتێژییەکی توکمەدا، ھەم ئامانجەکانە، ھەم میتۆدکان و ھەم ئامرازەکانی گەیشتن بە ئامانجەکان ڕوون دەبنەوە. ئەو پێناسەیە، دەبێ وەک بنەما و بنچینەی ڕێکخستنی ھەر جۆرە ستراتێژییەک – ستراتێژی سەربازیی، ئابووریی، فەرھەنگی و...ھتد - لەبەرچاو بگرین. بەڵام من لێرەدا زیاتر مەبەستمە ئاماژە بکەمە ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی، کەوایە دەبێ بە شێوەیەکی وردتر باس لە چییەتی ئەو ستراتێژییە و پێداویستییەکانی داڕشتنی بکەم. 

ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی

"ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی" شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی زنجیرە یان کۆمەڵێک ئامانج و کەرەسەی سەربازیی و سیاسی و تیۆری حوکمرانییە، لە پەیوەندی دەگەڵ ئەو پرسیارەدا کە چۆن دەکرێت بە باشترین شێواز، ئاسایش دابین بکرێت؛ واتە ستراتێژی پلانێکی گشتیی و گشتگیرە کە ھەموو ئەو پرسانەی وڵات کە پەیوەندییان بە مەسەلەی ئاسایشەوە ھەیە، وەک پرسی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و سەربازیی، لە خۆ دەگرێت. 

ئەو جۆرە ستراتێژییە، زۆر جار و لە زۆر شوێندا، بە ھاوکاری ئەنجومەنێک بە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، پەرلەمان و کابینەد دادەڕێژرێت. بەڵام ئەو ڕێکخراوە و دامەزراوانەش خۆیان پێویستییان بە ھەندێ ناوەندی زانستی و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتێژیک ھەیە کە پاش خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر دیاردە و ڕووداوەکان، ڕێنوێنییان بکات و دواجار ئەو ڕێنوێنیانە کە دەکەونە دەستی ئەنجومەنی تایبەت، لە دەقێکی گشتیدا، دەکەونە بەر ناوەندی بڕیاردانی سیاسی.

کەوایە، داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی، پێویستی بە شارەزایی و ھەبوونی زانست لەو بوارەدا ھەیە و دەبێ بیرمەندان و پسپۆڕان، تێکەڵ بەو ھەوڵ و پرۆسەیە بکرێن. بەڵام لەھەمانکاتدا دەبێ ئەوەش لەبەر چاوبگرین کە ئەکتەری سەرەکی لە داڕشتنی ستراتێژیدا، ھێشتا ھەر دەسەڵات و حکومەتە. 

لە پرۆسەی دیاریکردنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییدا، زۆر فاکتەر ڕۆڵ دەگێڕن کە ئەگەر بە باشی خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و بە وردی لێکبدرێنەوە، لە لایەکەوە دەتوانین بگەینە چوارچێوەیەک بۆ دیاریکردن و ئاراستەپێدانی سیاسەت و کردەوەکانی خۆمان و لەلایەکی دیکەوە لە ستراتێژی لایەن و نەتەوەکانی دیکەیش تێ بگەین.

گرنگە ئەوە بزانین کە ستراتێژی لە بۆشاییدا و بە شێوەیەکی پەراوێز و دوور لە ھەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی داناڕێژرێت، زۆر فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی، کاریگەری دادەنێن لەسەر بژاردە ئەگەرییەکان، سیناریو کۆمەڵایەتییەکان و ئامۆژگارییە ستراتێژییەکان. 

ئەگەر ئەوە قەبووڵ بکەین کە ستراتێژی، باشترین و گشتیترین جۆری سیاسەت، لەسەر بنەمای ئامانجە نەتەوەییەکان پێشکەش دەکات، لەم ئاراستەیەدا، فاکتەرەکانی دیاریکردنی ستراتێژی، دابەش دەکرێن بەسەر فاکتەرگەلی ناوخۆیی و دەرەکیدا. جوگرافیا، سەرچاوە سرووشتییەکان، حەشیمەتی وڵات، ئاستی گەشەی ئابووری، توانای ھێزی سەربازیی، جۆری پێکھاتەی سیاسی و فۆرمی حکومەت، ئایدۆلۆژیا و بیروڕای گشتی، نموونەی فاکتەرگەلی ناوخۆیین کە لەسەر ستراتێژی کاریگەری دادەنێن. دۆخی سیاسەتی نەتەوەکانی دیکە، سیستەمی نێونەتەوەیی، تواناکان و لاوازییەکانی دۆستان و دۆژمنان، چۆنیەتی ھاوپەیمانییەکان، تەکنۆلۆژیا، پێگەی نەتەوە لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا، ڕادەی سەرکەوتوویی لە ئاستی ھەرێمایەتی و جیھانیدا، لە نموونەی فاکتەرە دەرەکییەکانن. 

لەبەرچاوگرتنی فاکتەرە دەرەکییەکان لە پرۆسەی داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییدا، زۆر گرنگە و خافڵ بوون لە دۆخ و ھەلومەرجی دەرەکی دەبێتە ھۆی ئەوەی کە خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی ھەڵەمان بێت لە ھەلومەرجی دەرەکی. زۆر جار، سیاسەت و ستراتێژی نەتەوەیەکی تایبەت، وەڵامێکە بۆ ئامانج و کردەوەکانی نەتەوەکانی دیکە یان ھەلومەرجی ھەرێمایەتی و جیھانی. ھەر بۆیە دەبێ توانای ناسینی دۆخی ناوخۆیی و دەرەکیمان ھەبێت و شارەزای گۆڕانکارییەکان بین و ستراتێژییەکی گونجاو دابڕێژین کە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەدا یەک بگرێتەوە.

ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ستراتێژی گشتیی، وەک پرۆسە وایە و ھەر بۆیە گۆڕانکاری بە سەردا دێت. ئەو پرۆسەیە لانیکەم سێ بەش لە خۆ دەگرێت. سەرەتا دەبێ بەرژەوەندی نەتەوەیی پێناسە بکرێت. پاشان ئەو گۆڕانکاریانەی کە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکان دادەنێن، بناسرێن و ھەروەھا بە ئاشکرا دیاری بکرێ کە چ میتۆد و کەرەسەگەلێک کەڵکیان لێ وەربگیردرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ مەترسییەکاندا، ڕووبەڕوو ببینەوە و بەرژەوەندییەکانمان بپارێزین. 

گوتمان سەرەتا دەبێ بەرژەوەندییەکان پێناسە بکرێن. گرنگی ئەو پێناسەیە ئەوەیە کە ڕادەی سەرکەوتوویی ھەر ئەکتەرێکی سیاسی و بە تایبەت ھەر نەتەوەیەک لە جیھاندا، تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەی ئەوەیە کە ئایا بەرژەوەندی نەتەوەیی پێناسە و دیاری کراوە و ئایا ئەو پێناسەیە تا چ ڕادەیەک لەگەڵ پێویستییەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی دەگونجێت. ئەوە مانای وایە کە لە نێوان سیستەم و ئەکتەردا، پەیوەندی ھەیە و ئەگەر ئەکتەر بتوانێ خۆی لەگەڵ سیستەمدا بگونجێنێت، دەستکەوتی زیاتری دەبێت. 

خاڵێکی گرنگی دیکە، بۆ داڕشتنی ستراتێژی نەتەوەیی، ناسینی ھەڕەشەکانە. ھەر نەتەوەیەک دەبێت بە وردی دیاری بکات کە بەرەوڕووی چ ھەڕەشەگەڵێکە، بە تایبەت ئەو ھەڕەشانەی کە ڕوویان لە بەرژەوەندی نەتەوەییە. ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی لە بنەڕەتدا، پلانێکە بۆ ڕووبەڕووبونەوە و سڕینەوەی ئەو ھەڕەشە و مەترسیانە، کەوایە یەکەم ھەنگاو ناسینیانە بە شێوەیەکی زانستیانە. ھەروەھا دەبێت پرۆسە و پێکھاتەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ستراتێژی دابمەزرێن، بۆ ئەوەی پاش داڕشتنی تووشی شکست نەیەت. 

وەک دوایین خاڵ کە مەبەستمە ئاماژەی پێ بکەم، لە داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییدا، زۆر پێویستە کە ئەو پێناسەیەی کە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی دەکرێت ھەموو فاکتەرە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی، تەکنۆلۆژیکی و ئابوورییەکان لە خۆ بگرێت. لەبەر ئەوەی کاتێ دەتوانین ھیوادار بین بە دابینکردنی ئاسایش، کە بۆ ھەموو ئەو بوارانە بەرنامە و پلانمان ھەبێت و بۆجێبەجێکردنی ئەو بەرنامانە ھەوڵ بدەین. دەبێت سەرنج بەو خاڵەیش بدەین کە ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی، پاش چەند ساڵ، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان لە ئاستی ناوخۆیی، ھەرێمایەتی و نیونەتەوەییدا، پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێت و گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. 

ھەرێمی کوردستان و داڕشتنی ستراتێژی

ھەروا کە پێشتر ئاماژەمان دا، ھەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نێوەدەوڵەتی و خاوەن بەرژەوەندی نەتەوەیی تایبەت بە خۆی، ھەرچەندە وەک دەوڵەت لە سیستەمی دەوڵەت تەوەری ئێستادا، حسێبی بۆ ناکرێت، بەڵام بە کردەوە، وەک ئەکتەرێکی سیاسی کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی ھەرێمایەتی دابنێت و بە پێچەوانەوە بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسەتی وڵاتانی دیکە و ھەروەھا کەڵکەڵەی دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی ھەیە، پێویستی بەوە ھەیە کە ھەندێ پلان و گەڵاڵەی توکمەی، بۆ چۆنیەتی سیاسەتکردن لە ئاستی عێراق و ناوچەدا ھەبێت. 

زۆر پێویستە کە بڕیاردەرانی سیاسی ھەرێمی کوردستان، گرنگییەکی ئێجگار زۆر بدەن بە پێکھێنانی گەڵاڵەی ئاسایشی نەتەوەیی. ئەگەر ھەرێمی کوردستان بتوانێت پاش خوێندنەوەی ڕاستیوازانە و وردی پێگەی ڕابردووی خۆی، دۆخی ئێستای و ڕوانینێکی ڕئاڵیستی و ئاوەزمەندانە بۆ داھاتوو، ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی دیاری بکات، وەک ئەوە وایە کە چڕای ڕێنوێنی سیاسەتکردنی بەدەستەوە بێت و سیاسەتوانانی ھەرێم لە ھەموو کات و ھەلومەرجێکدا، دەزانن کە لە بەرانبەر ڕووداوە چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراوەکاندا، چ جۆرە ھەڵوێستێک بگرن و چ سیاسەتێک بگرێتە بەر.

کەوایە، بۆ داڕشتنی ئاوا گەڵاڵەیەک، پێویستە ھەندێ خاڵ وەک ئەوانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدرێ، لەبەرچاو بگیردرێن:  

١- لەھەرێمی کوردستان کابینە و پەڕلەمان دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە داڕشتنی گەڵاڵەی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییدا، بەڵام پێویستە ئەنجومەنێک ھەبێت کە ڕاستەوخۆ ئەرکی ڕێکخستن و داڕشتنی ئەو گەڵاڵەیە وە ئەستۆ بێت. ئەو ئەنجومەنە دەبێ ھەتاھەتایی بێت و ئەندامانی ھەموو لایەن و حیزبەکان لە خۆ بگرێت و بڕیارەکانی بان حیزبی یان نەتەوەیی بن. ئەو ئەنجومەنە پێویستە ھەم لەگەڵ پەڕلەمان و کابینە و ھەم لەگەڵ دام و دەزگا ئەمنییەکان و ھاوکات لەگەڵ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیدا، پەیوەندی ھەبێت و ھاوکاری لە نێوان ئەو لایەنانەدا ھەبێت. 

٢- ھەر جۆرە ناوەندێک کە ھەست بە پێویستبوونی لە پرۆسەی داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییدا دەکرێت، پێویستە ھەوڵی دامەزراندن و دیاریکردنی ئەرکەکانی بدرێت و لە ھەموو بوارێکیشەوە یارمەتی بدرێت. 

٣- لە ھەموو جیھاندا گرنگی دەدرێت بە بەرھەمی زانستیانەی بیرمەندان و بیرۆکەوانان و بە تایبەت مامۆستایانی زانکۆ، بڕیاردەرانی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەبێ گرنگی بە زانکۆکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی سەر بە زانکۆ جیاوازەکان بدەن، بە تایبەت ڕێز لە لەبیروبۆچوونی شارەزایانی بواری سیاسەت و ئەمنیەت و ستراتێژی بگرن و لە ڕێنوێنیەکانیان کەڵک وەر بگرن. زۆر پێویستە کە بەرھەمی زانستی زانکۆکان بە کردەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی- سیاسیدا ڕەنگ بداتەوە. 

٤- جگە لە زانکۆکان، دەکرێ داوا لە ھەندێ ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی حوکمی یان ناحوکمی بکرێت، کە توێژینەوە لەسەر پرسی پەیوەندیدار بە داڕشتن و جێبەجێکردنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییەوە ئەنجام بدەن و لە کوتاییدا گرنگی بە ئامۆژگاری و ڕێنوێنییەکانیان بدرێت. ھاوکات پێویستە حوکمەت لە ھەموو ڕوویەکەوە، یارمەتی ئەو ناوەندانە بدات. 

٥- ستراتێژی ئاسایش نەتەوەیی لە بۆشایی و پەراوێزدا داناڕێژرێت. بۆ داڕشتنی ئەو جۆرە سیاسەتە، لانیکەم دەبێ بە وردی چوار ئاستی سیاسەتی جیھانی، ھەرێمایەتی، سیاسەتی وڵاتی عێراق و دۆخی خۆدی ھەرێمی کوردستان بە وردی بخوێندرێتەوە و تاوتوێ بکرێ و بە لەبەرچاوگرتنی واقێعەکانی ئەو چوار ئاستە، ھەوڵ بۆ داڕشتنی ستراتێژیەکی توکمە بدرێت. بۆ وێنە دەبێ بزانین سیستەمی سیاسەتی جیھانی چۆنە؟ ئەکتەری سەرەکی ئەو سیستەمە کێیە؟ شێواز و سەرچاوەی بڕیاردان؟ سیستەمی جیھانی گرنگی بە کام بواری ئابووری، سیاسی، فەرھەنگی یان ھەر بوارێکی دیکە دەدات؟ مانای ھێز لە سیاسەتی جیھانیدا چیە و...ھتد. ھەر بەو شێوەیە دەبێ بۆ ئاستی ھەرێمایەتی خوێندنەوەمان ھەبێت. بۆ نموونە ھاوپەیمانییەکان چۆنن؟ دۆژمنایەتیەکان چۆنن؟ ھەرێمی کوردستان لە کوێ خۆی دەبینێتەوە؟ ئەگەری چ گۆڕانکارییەک لە ئێستا و داھاتوودا ھەیە؟ گۆشار و مەترسییەکان و دەرفەتە ھەرێمایەتییەکان بۆ کوردستان کامانەن؟ لە ئاستی عێراقدا، دەبێ بزانین بۆ نموونە سیاسەتی گشتی وڵاتی عێراق چۆنە؟ سیاسەتی لە بەرانبەر وڵاتانی عەرەب و ناعەرەبدا چۆنە؟ سیاسەتی لە بەرانبەر ھەرێمی کوردستان و ئەگەری چ گۆڕانکارییەک ھەیە؟ پاشان ئاستی ھەرێمی کوردستانیش لە ھەموو بوارێکدا بە وردی بخوێندرێتەوە. 

٦- بۆ داڕشتنی ستراتێژی نەتەوەیی پێویستە "گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان" بە وردی بخوێندرێنەوە. بۆ ئەو کارە پێشتر دەبێت لیستێک لە گۆڕانکارییەکان ئامادە بکرێن. 

٧- لە داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەبێ ھەم ئامانجە ناخۆییەکان و ھەم ئامانجە دەرەکییەکان لەبەر چاو بگیردرێن. بۆ نموونە لە ناوخۆدا سەرنج بدرێتە سڕینەوەی ھەژاری، کەڵکوەرگرتنی ئاوەزمەندانە لە سەرچاوەکان، گەشەپێدانی بەشی کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریی تەندروستی، دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش، پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان و...ھتد. لە بەشی ئامانجە دەرەکییەکانیشدا بۆ نموونە سەرنج بدرێتە دیپلوماسی پەڕلەمانی، کەمبوونەوەی بەستراوەیی ئابووریی بە وڵاتانی دیکەوە، پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە حوکمی و ناحوکمییە جیھانییەکاندا. ئەوانەی ئاماژەیان پێ درا، تەنیا وەک نموونەن.  

٨- شایانی ئاماژەیە کە لە داڕشتنی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەبێ ئەو ئامانجانەی کە دیاری دەکرێن، لەگەڵ دەرفەت و تواناکاندا گونجاو بن. ئەگەر ئامانجی گەورە دیاری بکرێن، بەڵام توانا و دەرفەتەکان کەم بن، ئەوە دەبێتە ھۆی لە نێوچوونی ئەو دەرفت و توانایانەش کە ئێستا لەبەر دەستن. بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئامانجەکان بچووک بن و تواناکان زۆر بن، دەبێتە ھۆی بێ کەڵک مانەوە و بێ قازانج مانەوەی دەرفەت و تواناکان. کەوابوو ھاوسەنگی ئامانج و ئامراز و کەرەسەکانی گەیشتن بەو ئامانجانە، پێویستییەکی ئاشکرایە. 

٩- بۆ داڕشتنی ھەر جۆرە ستراتێژییەکی نەتەوەیی، پێویستە کە پێشتر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان دیاری بکرێن. ھەموو جۆرە پلان و بەرنامەیەک لە کوتاییدا دەبێ ڕووی لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بێت، واتە ھەموو پلانێک بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی نەتەوەییە. کەوابوو ناکرێت بە بێ ئەوەی بڕیاردەرانی ھەرێمی کوردستان بزانن کە بەرژەوەندییەکانیان کامانەن، ھەوڵی داڕشتنی ستراتێژی بدەن. 

ئەنجام

ئاسایشی نەتەوەیی ئامانجە. ستراتێژی بریتییە لە دیاریکردنی گونجاوترین میتۆد و باشترین ئامراز و کەرەسەکان بۆ دابینکردنی ئەو ئامانجە. کەوابوو، ستراتێژی گەڵاڵە یان پلانێکی مەزن و پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانج یان ئامانجگەلێکی دیاریکراو، لە داھاتوودا. ھەموو نەتەوەکان ھەوڵی دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەدەن، بەڵام ھەموویان لە داڕشتنی ستراتێژییەکی توکمەدا، سەرکەوتوو نابن. ئەو نەتەوانەی کە بتوانن ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دابڕێژن، بە سیاسەتێکی بەھێزترەوە، دەتوانن دەسکەوتی باشتریان لە پرۆسەی سیاسەتکردنی ھەرێمایەتی و جیھانیدا ھەبێت. 

ھەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نیوەدەوڵەتی و خاوەن بەرژەوەندی تایبەت بە خۆی، کە بەردەوام کەڵکەڵەی دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی ھەبووە، تا ئێستا بە ھۆی ھەندێ گرفت و کێشە وەک دەوڵەت نەبوونی ھەرێم، ھەبوونی فرە حیزبی و لێکجیاوازی ڕوانگە و سیاسەتی لایەنەکان، ناڕوونی سنووری بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەرژەوەندی حیزبی، ھەوڵ نەدان بۆ پێناسەکردنی ئاشکرای بەرژەوەندی نەتەوەیی، چەند ناوەندێتی لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی، نەبوونی ئەنجومەنێکی تایبەت بە پرس و بڕیاری نەتەوەیی و نیشتمانی، نەبوونی ئەزموونی پێشوو لە زەمینەی حوکمڕانی کوردیدا و...ھتد، نەیتوانیوە ھەوڵێکی جدی بدات بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی ستراتێژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی. بەڵام بڕیاردەرانی سیاسی ھەرێمی کوردستان درەنگ یان خێرا، بەو قەناعەتە دەگەن کە بە بێ ھەبوونی ئەو جۆرە ستراتێژییە، کە وەک چرای ڕێنوێنی سیاسەتە، دابینکردنی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی زۆر ئەستەمە. ھەر بۆیە دەبێت ھەرچی خێراتر ھەوڵ بۆ داڕشتنی ئەو گەڵاڵەیە بدەن، ھەر چەندە کە ھەنگاوێکی درێژخایەن بێت. 



ئه‌م بابه‌ته 278 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر