تەیمور

ئەمڕۆ نهێنییەکانى سەر گۆڕە بەکۆمەڵەکە هەڵدرایەوە، پێدەچێت تەیمور چاوساغى ئەو تیمانە بووبێت کە بەدواى شوێنەکاندا دەگەڕان
PM:02:06:27/07/2019
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا
ئەگەر کورد بوومایە، کاتژمێرەکەى دەستى باوکمم هەڵدەگرت و ئەم وڵاتەم جێ دەهێشت

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نووسینى : حازم ئەمین

 

تەیمور بەئاگاهاتەوە! ئەو کەسایەتییە ڕاستەقینەیەى کەلە پەڕتوکەکەى (کەنعان مەکییە) هاتووە، ئەو تاکە ڕزگاربووى پڕۆسەى ئەو پاکتاوکردنە بووە کە دەبوایە وەکو ئەوانى دیکە تەرمەکەى لەیەکێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا بدۆزرایەتەوە کە دەکەوێتە بیابانى (سەماوە) وە، (کەنعان) لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا چاوى کەوتووە بە (تەیمور) و چیرۆکەکەى تۆمار کردووە و دواتر هەریەکەیان بەڕێگاى خۆیاندا ڕۆیشتوون.

 

ئەمڕۆ نهێنییەکانى سەر گۆڕە بەکۆمەڵەکە هەڵدرایەوە، پێدەچێت تەیمور چاوساغى ئەو تیمانە بووبێت کە بەدواى شوێنەکاندا دەگەڕان، ئەو وێنانەى بڵاوکرانەوە، سەرەڕاى ئیسکو پروسکى قوربانییەکان، جلو بەرگەکانیان سەلمێنەرى ئەوەن کە قوربانییەکان کوردە ئەنفالکراوەکانن، کاتژمێرێک لە وێنەکاندا بەدى دەکرێت کە ژەنگى هەڵنەهێناوە، پێدەچێت پێویستبکات بەدواى کۆمپانیاى کاتژمێرەکەدا بگەڕێین، ئەوەش پاش ئەوەى کە ڕووى خاوەنەکەیمان بەدەستهێنایەوە دواى ئەوەى کە بەعسییە سەددامییەکان بە زیندووى زیندەبەچاڵیان کرد، هەوڵمدا کە وێنەکە گەورە بکەم بۆ ئەوەى جۆرى کاتژمێرەکە بزانم، لەوانەیە لە جۆرى (جوفیال) بووبێت، چونکە ئەو سەردەمە سەردەمى (جوفیال) بوو، ئەم کاتژمێرە دیارترین کاڵاى شیکردنەوەى ئەوەیە کەچی ڕووى داوە، لەکاتێکدا جل و بەرگەکان و ئێسکەکان پووکاونەتەوە.

 

ئاشکرا بوونى تاوانى کۆمەڵکوژییەکە پاش تێپەڕبوونى سی ساڵ وامان لێدەکات بیربکەینەوە لە ئاماژە هەمە جۆرەکانى، پێویستە ئەوە لە خەیاڵى خۆمان دەربکەین کە سەددام حوسەین و دەستودایەرەکەى بوون بەبەشێک لە ڕابردوو، کاتژمێرەکە کە ژەنگ لەنێوى نەبردووە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە تاوەکو ئێستا بەعس لەنێوماندا ماوە، بەو سیفەتە نا کە ئامێرێکە و لەنێو نەچووە بەڵکو بەو سیفەتەى کە ئامێرێکە سەرلەنوێ پێمان دەڵێت چی بووە، بەعسییەکان کوردەکانیان بە زیندووی زیندە بەچاڵ دەکرد وەکو چۆن تەیمور بۆ کەنعانى گێڕاوەتەوە، دواتر بلدۆزەکان هاتن و خۆڵیانکرد بەسەریاندا.

 

خاوەنى کاتژمێرەکە دواى چەد خولەکێک لە زیندەبەچاڵکرنى لە چاڵەکەدا گیانى سپارد، کاتژمێرەکە لەوانە تاوەکو ساڵێکى دواتر یان زیاتر لە کۆچى دوایی خاوەنەکەى کارى کردووە، لە بیاینى سەماوە کە زیاتر لە ٥٠٠ میل لە کوردەکانەوە دوورە، بەعسییەکان بە زیندووى لە چاڵیان نا، بەڵام ئەو بەردەوامبوو لە تۆمارکردنى خولەک و کاتژمێر و ڕۆژەکان، لەژێر خاکدا، کەى لەکار وەستاوە، ئەوە کەس نازانێت؟ دیمەنێکە ناتوانرێت بهێنرێتە بەرچاو، ڕاستترە ئەگەر بڵێین کە کوڕى خاوەنى کاتژمێرەکە هەمان پرسیار لەخۆى دەکات دواى ئەوەى بۆى دەرکەوت کە ئەو کاتژمێرە کاتژمێرەکەى باوکییەتى.

 

بیابانى سەماوە فراوانە و تەرمى زۆرێک لە کوردەکانى تیادایە، بەڵام لە هەمانکاتدا شیعەکان و کوێتییەکانیشی لێیە، بەڵام بۆچی عێراقییەکان ئەو ناوچەیەیان پەسەندکردووە بەسەر ناوچە بیابانەکانى دیکەى عێراقدا، ئەمە ئەوەیە کە (زانستى بەدواداچوون بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکان) بەدواداچوونى بۆ دەکەن، بۆ هەڵبژاردنى شوێنەکە تێگەیشتنێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە پێویستە ئەو شوێنە دوور بێت لە نیشتمانى قوربانییەکانەوە، چونکە درووست بوونى پەیوەندییەکى سۆزدارى لە نێوان شوێنەکە و قوربانییەکاندا ئەوە دەخوازێت کە شوێنێکى دوور هەڵببژێردرێت، هەروەها پێدەچێت کە بەعسییەکان لەهەوڵى ئەوەدا بوون کە ئەرکى گەڕان بەدواى کوژراوەکانیاندا لەلایەن کوردانەوە سەخت بکەن، بۆیە بڕوایان بەوە بووە کە بیابانى سەماوە هێندە دوورە کە ئەو ئامانجە بپێکێت، هەروەکو چۆن کاتژمێرێک دوو زەمەنى بەیەکەوە بەستەوە، واتە کاتى ئەنجامدانى تاوانەکە و کاتى ئاشکرابوونى تاوانەکە، هەر ئەویش ماوەى نێوان قوربانییەکان و نیشمانەکەیانى لەنێوبرد، تواناى کانزاکەى کە توانیویەتى بەرگەى ئەم هەموو کاتەبگرێت و لە نێو نەچێت، زیاتر کاریگەرى هەیە لەسەر ڕووداوەکە و جوڵاندنى سۆزەکان وەک لە تەرمى خاوەنەکەى، ئەوە تەنیا شتە کەلە خاوەنەکەى ماوەتەوە و تەنیا ئەو بەردەوام بووە لە لێدان لەدواى وەستانى دڵى خاوەنەکەى.

 

دوور خستنەوەى گۆڕى ئەنفالکراوەکان لە شوێنى نیشتەجێبوونیان کارێکى لەخۆڕا نەبووە، بەعسییەکان لەوپەڕى ئاگایی و هەستەوە ئەوەیان کردووە، هەر ئەمەشە زیاتر ئەمانترسێنێت، کە چ عەقڵانییەتێک لەپشت ئەم هەموو توندوتیژیی و دڵڕەقییەوە بووە، لێرەدا پێویستە لەخۆمان بپرسین، بۆچى ئەوان بەزیندووى زیندەبەچاڵ کران؟ چ ئەقڵانییەتێک دەکەوێتە پشت ئەوەى کە نەیانکوژیت و دواتر لەچاڵیان بنێیت، پرسیارە هەرە سەختەکە، کێن ئەوانەى بەدەستەکانیان ئەو تاوانەیان کردووە، چونکە ئێمە بکوژەکان دەناسینەوە، ژیاننامە و دان پیادانانەکانیشیان دەزانین، هەروەها چیرۆکەکەى (تەیمور)یش دەزانین، کە تاکە ڕزگاربووى ئەو چاڵەیە، بەڵام ژیاننامەى شۆفێرى بلدۆزەرەکە، کە خۆڵى دەکرد بەسەرى قوربانییەکاندا، هیچى دەربارە نازانین، نازانین چۆن ئەم کەسە وەڵامى هاتوهاوارى قوربانییەکانى داوەتەوە پێش ئەوە خۆڵ بکات بەسەریاندا.

 

سەردەمى بەعس کۆتایی پێ نەهاتووە، پێویستە خۆمان بۆ گۆڕەبەکۆمەڵى زیاتر ئامادە بکەین، لە نێوان بەعسی عێراق کە ئێستا بووە بە داعش، بەعسی سورى کە زیاتر لە هاوتا عێراقییەکەى گۆڕى بەکۆمەڵى بەرهەم هێنا، پێویستە دان بەوەدا بنێین کە گۆڕى بەکۆمەڵ ناسنامەیەکى هەیە، چەندین کەس لە سوریا چەپڵەیان بۆ سەددام لێدەدا، عێراقییەکانش چەپڵە بۆ بەشار ئەسەد لێدەدەن، لە کاتێکدا خزمەکانیان لەناو گۆڕەبەکۆمەڵەکانى سەددامدان.

 

ئەگەر کورد بوومایە، کاتژمێرەکەى دەستى باوکمم هەڵدەگرت و ئەم وڵاتەم جێ دەهێشت.


ئه‌م بابه‌ته 69 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر