کێشەی کورد چییە؟ ‎(ئەمریکا وکورد وتورکیا)

یەکێک لەھەرە دۆسیە ئاڵۆزەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا، دۆسیەی کورد و تورکە. ئەم کێشەیە بەدرێژای چەندین سەدە بە دانەخراوەی ماوەتەوەو ھەر ماوەیەک توشی ھەڵکشان و داکشان دەبێت
PM:03:53:22/07/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
ئەگەر کورد بوون بخرێتە پێش ھەرشتێکیترەوە، بێگومان ھیچ مەملەکەت و ھێزێک ناتواێت شکۆی کورد بشکێنێت، ئەوەش وادەکات لە دۆسیەی نێودەوڵەتیدا بۆ سەدەی نوێ ڕۆڵی گەورەی ھەبێت.

کوردستان ئەحمەد
نووسەر

یەکێک لەھەرە دۆسیە ئاڵۆزەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا، دۆسیەی کورد و تورکە. ئەم کێشەیە بەدرێژای چەندین سەدە بە دانەخراوەی ماوەتەوەو ھەر ماوەیەک توشی ھەڵکشان و داکشان دەبێت، ‎ئاڵۆزیەکانی نێوان تورک وکورد ڕیشەیەکی درێژخایەنی ھەیە، کە پەیوەستە بەچەندین کێشەی گەورەوە، ھەر لەسەردەمی عوسمانیەکان وپێشتریش ئەم کێشەیە ھەبووە، بەڵام لەم کۆتاییانەی سەدەی بیست و یەکدا، دۆسیەی کورد ئاڕاستەیەکی تری وەرگرتووە، ‎ھەندێک لێکۆڵەر پێیان وایە سەدەی بیست ویەک سەدەی چارەسەری کێشەی کوردە لە جیھاندا.

ئەو بۆچوونە دوای ڕووداوەکانی بەھاری عەرەبی زیاتر پەلی کێشاو ڕووی لە پرسێکی نێودەوڵەتی کرد، ‎بەشێکی گەورەی کێشەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا، پەیوەستە بە تورکیاوە و کورد زۆرترین نفوس و دانیشتوان و ھەروەھا کێشەی گەورەی لەگەڵ تورکیادا ھەیە، ئەوەش بە پێی کاتی ڕووداوەکان گۆڕانکاری بەسەر کات وناکاتی دۆسیەکەدا ھاتووە.

‎کێشەی کورد چییە؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە ھەرگیز کەس نەیتوانیوە وەڵامی دروستی بداتەوە، لە ڕاستیدا کێشەی کورد لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست و جیھاندا، بریتی نییە لە کێشەی دۆسیەیەکی ئابوری، یاخود سیاسی، گروپێک یان ناوچەیەک، ‎بەڵکو ئەم کێشەیە پەیوەندی بەگەلێکی (٤٥) ملیۆنییەوە ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا، کە بەدرێژای زیاتر لە (٣) سەدەیە بەدوایدا وێڵەو تائێستاش چارەسەر نەکراوە، ئەوەش بەڕاستی خۆێندنەوەی وردی دەوێت، ‎ئایا کێشەی کورد چییە؟ بۆچی تائێستا چارەسەر نەکراوە؟ کێ ڕێگرە لەچارەسەرکردنی؟ چۆن چارەسەر دەکرێت؟ کێ دەتوانێت چارەسەری بکات؟ بۆ دەبێت چارەسەر بکرێت؟ کەی چارەسەر دەکرێت؟

ئەوانە ئەو پرسیارانەن کە لەم سێ وەرزەدا شەن و کەو کراون، بەدوای وەڵامی دروستدا گەڕاوم بۆیان ودەمانەوێت بەڕاستی نیشانی جیھانی بدەین کە چۆن چارەسەر دەکرێت.

‎وەرزی یەکەم: ‎کێشەی کورد چییە؟

‎”کوردەکان نازانن چیان دەوێت”، ‎گەر ویستت کێشەیەکی تەندروستی لە لاشەتدا چارەسەر بکەیت، دەبێت بچیتە لای پزیشکێکی زۆر زیرەک و بەتوانا وپارەیەکی زۆریشی بۆ تەرخانبکەیت، لەو دوو شتەش گرنگتر ئەوەیە کە پێش ئەوەی بچیتە لای پزیشکەکە دەبێت بزانیت کێشەکەت چییە؟ بۆ ئەوەی پزیشکەکە دروست بگەرێت بەدوای چارەسەریی ڕیشەی کێشەکەدا. ‎

لەراستیدا یەکێک لەھەرە کێشە گەورەکان لە دۆزی کورددا ئەوەیە کە، کورد نازانێت کێشەکەی چییەو چی دەوێت، ھەر بەڕاستی کێشەی کورد چییە وچی دەوێت؟ کورد ھەر لەسەرەتادا لەگەڵ دراوسێکانی لەململانێدا بووە، بەڵام چۆن ململانێیەک؟ ‎بۆ ئەوەی بزانین کورد چی دەوێت سەرەتا دەبێت بزانین کوردەکان کێن؟ ئەوپرسیارە پێمان دەڵێت کە کورد چی دەوێت؟ چونکە تانەزانین کوردەکان کێن وچین لە ناواخندا ھیچمان بۆ چارەسەر ناکرێت.

‎کورد میللەتێکی فرەچەشن، فرە ئاین، فرە زاراوە، فرەخێڵ، فرە بۆچوون، فرە ئایدۆلۆژییە،ھەر ئەوەش وایکردووە فرە سەرکردە و، فرە باوەڕبێت و، بەئاسانی نەتوانرێت چارەسەرێکی ڕیشەی بۆ دۆسیەکەی بدۆزرێتەوە. ‎ئێستا کورد دابەشی ژمارەیەک ئاینزاو حیزب و ئایدۆلۆژیای جیاجیا بووە، کە لەڕاستیدا و لەڕیشەدا خۆی خاوەنی ھیچکامیان نییە، بەڵکو یان سەپێنراوە بەسەرییدا، یان وەریگرتووە بەھەر چەشنێک بێت.

یەکەم:ئاین.

‎بەشێکی زۆر لە کوردەکان موسڵمانن، بەشێکیتر جوون و بەشێکیتریش ئێزدی وبەشێکیتریش کاکەیی وبەشێکیتریش یەزیدى و جۆری گەورە گەورەیتری کۆمەڵەن، کە ئەم کۆمەڵانەش ڕاستەوخۆ گرێدراون بەکۆمەڵەیەکی ترەوە کەکورد نین وپشتیوانی دەوڵەتێک یان نەتەوەیەکی تریان لەپشتە.

‎ئەو دابەشبوونە ئاینییە کێشەیەکی گەورەی بۆ کورد درووستکردکردووە، لەلایەکیتریشەوە سودێکی گەورەی بۆچەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی کە، فرەئاینییە درووستکردووە، لە ڕاستیدا گرنگ نییە تۆ وەک کوردێک چ ئاینێکت ھەیە، بەڵام زۆر گرنگە نەتەوەکەت نەکەیتە قوربانی ئاینەکەت، بەم چەشنەش ئەگەر کورد بتوانێت بیربکاتەوە بێگومان کێشەی ئاین بۆ کورد چارەسەر دەبێت ‎یانی ئەگەر کوردێکی موسوڵمان کوژرا، یان کوردێکی مەسیحی یان کوردێکی جوو یان کوردێکی ئێزدی وئەوانیتریش، ئەوا ھەموو کورد وەک نەتەوە پشتیوانی لەو کەسە کوردە کوژراوە بکات، ئەوە درووست ئاین نابێتە کێشەیەک لە دۆسیەی کورددا.

دووەم:زمان. 

‎کوردەکان بە چەند زاراوەیەک قسەدەکەن کە پێنج زاراوەی گەورەو چەند زاراوەیەکى تری بچوک و کۆلکە زاراوەى تری ھەیە، بەدرێژای مێژوو کورد لەگەڵ زاراوەکانى زماندا کێشەی ھەبووە، ھەر زاراوەیەک خۆی بەباشتر لەویتر زانییوە، لەڕاستییدا ئەمە ھەڵەترین بۆچوونی مێژووی کورد بووە.


‎پێویستە ھەموو زاراوەکان وەک خۆیان بمێنن، ئۆتۆنۆمییەکی ناوچەی بۆ ھەموو زاراوەکانى زمانی کوردی ھەبێت و، ڕێزمان و ڕێنوسێک کەکۆکراوەی ھەموو زاراوەکان بێت وزاراوەیەکى ستانداردی لێ درووست بکرێت، بۆ ئەوەی زمانی نووسین و خوێندنی کوردی پێ بکرێت، جاکامیان لە سودی گەلدایە ئەوەیان بکرێتە زاراوەى نووسین و ئاخافت وتا کۆتای دونیا ئەو زاراوەیە زمانی ستاندارد بێت.

‎لەڕاستیدا کورد بەو فرەزاراوەییەوە ماوەتەوە و پێویستی بەزمانی ستاندەر نییەو ھیچ زەرور نییە زاراوەکان یەکتر بسڕنەوە، وپێویستە ھەموو زاراوەکان بپارێزرێن وکاریان لەسەر بکرێت ومیکانیزمێکی نوێ بۆ پرسی مامەڵە لەگەڵ زاراوەکاندا بدۆزرێتەوە.

‎وەرزی دووەم: ‎کێ دۆستی کوردە؟

‎”دۆست وشەیەکە لەسیاسەتدا شوێنی نییە”، ‎بەپێی ئەو دابەشبوونە جوگرافییە و سیاسییەی کە کورد ھەیەتی، کورد لەگەڵ چەند نەتەوە ودەوڵەتێکدا تێکەڵەیەکی گەورەی درووستکردووە وبارگاویی بووە بەزمان وئاین ونەتەوەی ترەوە، ‎زۆر گرنگە کورد ئەوەش بزانێت کە کورد بوون لەسەرو ھەموو شتێکەوەیە، زۆر ئاساییە تۆ موسوڵمانێکی سونی بیت و ھاوغەمی سعودیە بیت وسەردانی مەککە بکەیت، زۆر ئاساییە تۆ کورد بیت و جولەکە بیت وھاوغەمبیت لەگەڵ ئیسرائیل، زۆریش ئاساییە تۆ کوردێکی شیعەبیت وھاوغەمبیت لەگەڵ ئێران وسەردانی کەربەلاش بکەیت، هەروەها زۆر ئاساییە تۆ کوردێکی بێباوەربیت وپەیوەندیت لەگەڵ دۆستەکانی خۆتدا ھەبێت، ‎بەڵام ھۆشیارییەکە ئەوەیە کە نەبێتە ھێزێک بۆ ئەوەى بەکاربھێنرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی برا کوردەکەت کە لە جنس و ڕەگەز و ئاینی خۆت نییە.

‎واتە بۆ نمونە ئەگەر شیعەو سوونە کەوتنە شەڕەوە نابێت کوردە شیعەکان بچنە پاڵ شیعە وکوردە سوونەکان بچنە پاڵ سوونەو شەڕ دژی یەک بکەن، بەڵکو پێویستە کورد بوون بخەرێتە سەروو ھەموو شتێکەوە، وکورد ئەوەندە ھۆشیاربێت کە ئەگەر شیعەو سوونە کەوتنە شەڕەوە، ئەمان نەبن بە بەشێک لەو شەڕە، بەڵام ئەگەر شیعە یان سوونە ھێرشی کردە سەر کورد، ھەموو کوردە سوونە وشیعەو جووەکان دەبێت بەرگری لەخاک و نیشتیمانەکەیان بکەن و بە بەھێزی بیھێڵنەوە، ‎بەمە دەڵێن کوردبوونی شارستانی ومۆدێرن، کورد بوونێک کە دەتخاتە دەرەوەی کێشەی نەتەوەو ئاین و ئاینزاکانی نوچەکەوە ونابێتە ھێزی خۆ لەناوبەر، ھۆشیاری تاک لێرەدا زۆر زەروورە کە پێویستە ھێندە وشیاربن کە ھەرگیز ھیچ دوژمنێک نەتوانێت ھێرش بکاتە سەر ئەویتریان، وبەکاریان بھێنن بۆشەڕی کورد بەکورد.

‎لەڕاستییدا لە پرسی سیاسەتدا وشەی دۆست ھیچ جێگایەکی نییە و کەس دۆستی کەس نییە، ئەوەی ھەیە بەرژەوەندی نیشتیمانی وڵاتە کە واتلێدەکات دۆست و دوژمن دابینبکەیت، ئەمریکا زیاتر لە ١٠ساڵ شەری تاڵیبانی کردو ناوی نابوون دوژمن، ئێستا سەودا ومامەڵەی لەگەڵ دەکات، وەک دۆستێک لێی دەڕوانێت، ‎کوردەکان باش بزانن کەسێک دۆستانە کەسەروەریتان پێشێل ناکات وھاوکارتانە نەوتەکەتان دەکرێت وچەکتان پێدەفرۆشێت و دەوڵەتەکانی دونیا ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبنە دوژمنتان یان دۆستان ‎پێویستە زۆر بەگرنگی لە وشەی بەرژەوەندی تێبگەین.

لەڕاستییدا بەرژەوەندیت لەگەڵ کێ ھەبێت ئەوکەسە دۆستە، ئەمەش ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەت و شارستانیەتی نوێیە. ‎لە پرسی کورد لە دوو بەشی کوردستان، تورکیا وەک دوژمنێکی گەورە خۆی نیشانداوە، لە باکور کوردی و کورد بوون بەھەموو مانایەک قەدەغەیە، تەنھا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ژێردەستەی خۆیبیت، ئەوکاتە تۆی قبووڵە، بەڵام ھەر ئەو تورکیایە لەگەڵ باشور پەیوەندییەکی گەورەی ھەیەو مامەڵەیەکی فەرمی لەگەڵدا دەکات، ‎ئەوە پێی دەڵێن بەکارھێنانی چەمکی بەرژەوەندی، ئێستا تورکیا بەرژەوەندییەکی گەورەی لەگەڵ باشوری کوردستاندا ھەیە، لەوانەیە ڕۆژێک وابخوازێت کە ھەرێمی باکوری کوردستان دروست ببێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکات وخۆی لەگەڵی بگونجێنێت، لەوانەشە لە کاتێکدا ھاوکێشەکان پێچەوانە ببنەوە و باشوریش لەبەرژەوەندی تورکیادا نەمێنێت ‎تورکیا لە سێ بەشی کوردستان ھاوسنور وھاوکارو ھاوپیشەیە، نەوت و خاک و ئاومان و ئاوی ھاوبەشیان ھەیە، ھەژمونیشی بەسەر ھەرسێ پارچەکەدا ھەیە، یانی درووست لەکاتێکدا بێت دەتوانێت باشورو رۆژئاواو باکور وەک خاکی تورکیا بەکار بھێنێت، ‎بازار کۆنترۆڵ دەکات، سوپا دەھێنێت، زمان و فەرھەنگ دەچەسپێنێت، بۆیە پێویستە کورد بەوردی مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکات، تورکیا نەدۆستە نەدوژمن، تەنھا دراوسێیەکە کە دەتوانین وەک کۆڵەکەیەکی ئابوری لێی بڕواین و بەبەھێزی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، ‎ھەرچەندە ھەژمونی ئێران وعێراق وسوریاش لە بەشەکانیتردا ھەیە، بەڵام ھیچکامیان ھێندەی تورکیا گرنگ نییە، چونکە تورکیا بەھێزترینەو نێوەندی (ئەورووپاو ئاسیا)شە، ئەوەش وادەکات بە ھەموومان چاوی ورد بخەینە سەر تورکیا.

وەرزى سێیەم: ‎کورد و تورکیا وئەمریکا  

ئەمریکا تا ساڵانی دوای (٢٠٥٠) ش ھەیمەنەی سەربازی، ئابوری، فەرھەنگی بەسەر جیھاندا ھەیە. ‎لەنێوان تورکیا وکوردو ئەمریکادا ھاوکێشەیەک ھەیە تادێت دەئاوسێت، وسەد ساڵە چارەسەر نەبووە، ھەر ڕۆژئک بێت چاوپۆشینى ئەمریکییەکان لەبەرامبەر دۆستە گەورەکەیان کە تورکیایە، دەپچرێت و تورکیا دەبێتە ھەلوکی دەستی ئەمریکا، ‎لەڕاستیدا بۆ ناوخۆی تورکیا و وەک تورکێک، تورکیاو حوکمەتەکەی شتگەلی گرنگی بۆ تورکیا کردووە، گەورەترینی ناتۆیە، ھەژمونی ھەیە ئەمریکا نرخی لەسەر داناوە، قورسایی گەورەی ھەیە لەناوچەکەو جیھاندا، بووەتە پردێک لەنێوان مۆسکۆ و واشنتۆن، ‎دۆستێکی گەورەی ئەمریکایە، بەهۆى بەرژەوەندییەکانیان، بەڵام ئاڵۆزی گەورەش لەنێوانیاندا ھەیە، ئەوەش وادەکات کە ڕۆژێک ئەمریکا بەبەھێزی ڕووبەڕووی ببێتەوە، خراپترین خاڵی تورکیا لە جیھاندا ئەوەیە مامەڵەیەکی تر لەگەل ڕووسیا دەکات و بۆئیسرائیلیش بوەتە کێشە، ‎ئەگەر ئەو دوو حاڵەتە چارەسەر بکات ھەرگیز نابێتە دوژمنی ئەمریکا، بەڵام ناشتوانێت ئەو دوو پرسە چارەسەر بکات، چونکە ئەگەر پشت لە ڕووسیا بکات، ڕووسیا کردەیکی پێدەکات با بەدەواری شڕى نەکردبێت، ئەگەریش لەگەڵی بێت، ئەمریکا قبوڵی ناکات، چونکە سبەی تۆمار و ئەژمارەکانى ڕووسیاش دێتە پێشەوە، ‎ئەگەریش ڕوو لە ئیسرائیل بکات وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی ڕووبەڕووی دەوەستنەوە ودەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆی، خۆ ئەگەریش ئاوھا دژی ئیسرائیل بێت، دەکەوێتە بەرگورزێک بەرگەی ھەفتەیەکیش ناگرێت، بەڵام سیاسییەکانی تورکیا ھێندە گاڵتەنین، ئەو سنورە بەو شێوە بھێڵنەوە ‎لەھەردووبارەکەدا پێویستە کورد لە پرسی مامەڵەکردن لەگەل تورکیادا بەشێوەیەک بکات کە بەرژەوەندییەکانی خۆی پێبپارێزێت، ‎دەشتوانێت ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمریکا وتورکیا بەشێوەیەک لێکبداتەوە کە بە قازانجی خۆی بێت و بەبەھێزی مامەڵە لەگەل ئەو دۆسیەیەدا بکات کە، وادەکات تورکیا لاوازتر بکات.

‎لەکۆی گشتی ھاوکێشەکەدا ئەگەر کورد بوون بخرێتە پێش ھەرشتێکیترەوە، بێگومان ھیچ مەملەکەت و ھێزێک ناتواێت شکۆی کورد بشکێنێت، ئەوەش وادەکات لە دۆسیەی نێودەوڵەتیدا بۆ سەدەی نوێ ڕۆڵی گەورەی ھەبێت.



ئه‌م بابه‌ته 285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر