بەندەری گەوادر قیبلەی نوێی جیھان

مەبەست لە رێرەوی ئابوری چینی - پاکستانی(سیپاک - CEPC)، بریتییە لە پرۆژەی درووستکردنی تۆڕێکى گەورەی ئابوری لە نێوان چین و پاکستان، ئەویش لەڕێگەی درووستکردنی ڕێگایەکی وشکانی کە ڕۆژئاوای چین دەبەستێتەوە بە باکوری پاکستان
PM:03:08:13/07/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ئەمریکا بەنیازە بزووتنەوەی تالیبان زیندوو بکاتەوە بۆ درووستکردنی ئاژاوە و کۆتایھێنان بە فراوانخوازیەکانی نەیارەکانی بەتایبەت چین

هێمن سعید
نوسەر

مەبەست لە رێرەوی ئابوری چینی - پاکستانی(سیپاک - CEPC)، بریتییە لە پرۆژەی درووستکردنی تۆڕێکى گەورەی ئابوری لە نێوان چین و پاکستان، ئەویش لەڕێگەی درووستکردنی ڕێگایەکی وشکانی کە ڕۆژئاوای چین دەبەستێتەوە بە باکوری پاکستان، بڕیارە بەدرێژایی ئەم ڕێرەوە چەندین پڕۆژەی ئابوری و پیشەسازی و گەشت و گوزار و گواستنەو و وزە لە خۆبگرێت، ئەم پرۆژەیە پێکدێت لە ڕێگەیەکی وشکانی(ھێلی ئاسنین و بۆری نەوت و پرد) بەدرێژایی (٣٠٠٠کیلۆمەتر)، کە لەشاری شینجای چینەوە دەسپێدەکات و لەبەندەری گەوادری پاکستانی کۆتایی دێت. 

مەبەست لەم پرۆژەیە گواستنەوەی شتومەک و نەوت و گازە(بەرھەمی ناوخۆیی چین) بۆ دەوڵەتانی جیھان، لەڕێگەی بەندەری گەوادر، ئەم پرۆژەیە(CEPC) یەکێکە لە پرۆژە سەرەکییەکان لەچواچێوەی دەستپێشخەری (یەک ڕێگە و یەک پشتوێن)ی سەرۆکی چینی (شی جین بینگ).
 
لەڕووی جوگرافییەوە، ئەم ڕێرەوە ناوچەی شینشیانگ لە باکوری ڕۆژئاوای چین دەبەستێتەوە بە بەندەری گەوادری پاکستانی و قووڵایی پڕۆژەکە دەکەوێتە سەرخاکی ھەرێمی بلوچستان لە باکوری پاکستان.

بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە وەرگیراوە لە نووسینێکی شارەزاى جوگرافیای ستراتیژی (ڕۆبەرت کابلان) بەناوی (جوگرافیا و جوگرافیای سیاسی) لە (گۆڤاری ئەتڵەسی)، کە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە. لەو نووسینەدا کابلان ناوچەی گەوادر، بەشوێنێکی جیوستراتیژی وێنا دەکات و بە خاڵی پێکەوە بەستنی ھەموو کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە ناوچەی شینجیانگی چینی و بەستنەوەی چینیش بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و کورتکردنەوەی ڕێگەی ٩٠٠٠ھەزار کیلۆمەتری بۆ تەنھا ٣٠٠٠ ھەزار کیلۆمەتر، ھەر لەپاش دەرچوونی گۆڤارەکە دەسەڵاتدارانی پاکستانی دەستیانکرد بەکارکردن لەسەر ئەو بیرۆکەیە و، بەدرێژایی چوار ساڵ لە ھەوڵدان، کردیان بەپڕۆژەیەک و لەگەڵ چین تاوتوێیان کرد، تا لەساڵی ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆکی چینی (شی جین بینگ)وەک دەسپێشخەریەک لەچوارچێوەی پڕۆژەی گەورەى جیھانی (یەک ڕێگە و یەک پشتوێن) ڕاگەیەنرا و، پاشتریش لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتنیان لەسەر پڕۆژەکە کرد، کە( ٥١ )ڕێککەوتنی تر لەخۆدەگرێت.

ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە (١٥) ساڵە و، لە ٢٠١٥ دەستپێدەکات بۆ ٢٠٣٠، هەروەها تێچووی پڕۆژەکە بە (٤٦ ملیار دۆلار) خەڵمێنراوە و، چین بەنیازە بەبەھای ٦٤ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی تێدابکات.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە کورتکردنەوە و ئاسانکردنی ڕێگەی گواستنەوەیە بۆ گەیاندنی شتومەکەکانی چین بەکەمترین کات و، بە ڕێگەیەکی کورت بۆ ناوچەی کەنداو و ڕۆژھەلاتی ناوەراست و ئەفریقیا لەڕێگەی بەندەری گەوادرە وە.

پڕۆژەکە  بە چوار قۆناغ جێبەجێدەکرێت، قۆناغی یەکەم، پێی دەوتریت قۆناغی درووستکردن و بونیادنان کەماوەکەی چوارساڵە و لە ٢٠١٤ دەستپێدەکات بۆ ٢٠١٨، قۆناغی دووەم بە قۆناغی نزیکیبونەوە ناودەبرێت، واتە دەرکەوتنی ئەرێنى پڕۆژەکە، ئەم قۆناغە لە ٢٠١٨ دەستپیدەکات بۆ ٢٠٢٠ ماوەکەی تەنھا دوو ساڵە، قۆناغی سێیەم ناودەبرێت بە قۆناغی ناوەنجی و ماوەکەی پێنج ساڵە و لە ٢٠٢٠ دەستپیدەکات بۆ ٢٠٢٥، کۆتا قۆناغ کە بە قۆناغی کۆتایی ناودەبرێت ماوەکەی پێنج ساڵە و لە ٢٠٢٥ دەستپێدەکات بۆ ٢٠٣٠.

باشییەکانی ئەم پرۆژەیە بۆ وڵاتی چین

یەکەم:- ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ وڵاتانی جیھان بە ئاسانترین شێوە و کورترین ڕێگە.
دووەم:- کرانەوەی چین بەڕووی جیھاندا وەک بەستنەوەی چین بە کیشوەرى ئەفریقیا و ئەورووپا و ڕۆژھەلاتی ناوەراست و کەنداو.
سێیەم:- فراوانخوازی و ھەژموونخوازی ئابوری چین تا دوورترین وڵاتانی جیھان و وەستانەوە بەرامبەر ڕکابەرە سەرەکییەکەی کە ئەمریکایە، وەک چۆن دەوترێت سەدەی بیست و یەک سەدەی چینە.
چوارەم:- ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ ٨٠٠٠٠ ھەزار کارکەری چینی.
پێنجەم:- کردنەوەی دەرگا بەڕووی وەبەرھێنەرە چینییەکاندا تاوەبەرھێنان بکەن لەم پڕۆژەیەدا. 
پێنجەم: - وەبەرھێنان بەرێژەی ١,٧% ملیار دۆلار. 
شەشەم:- سەرکوتکردن و وەدەرنانی موسڵمانانی (ئیگۆر) لە شاری شینجیا.
حەوتەم:- دەستگرتن بەسەر زیاتر لە ١٠٠ ھیکتار زەویدا بۆماوەی ٤٠ ساڵ کە وەک کرێ وەریگرتووە لە حکومەتی پاکستان کە بلوچییەکان بە داگیرکەر ناوی دەبەن.
هەشتەم: - بەوتەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان (نەوواز شەریف) ئەم پڕۆژەیە دەبێتە ھۆی گۆڕینی بنەماکانی ھاوسەنگی ھێز لەناوچەکەدا لەبەرژەوەندی چین، چونکە ئەم پڕۆژەیە ھەرسێ باشوری ئاسیاو چین و ئاسیای ناوەڕاست پێکەوە دەبەستێتەوە.

باشییەکانی ئەم پرۆژەیە بۆ وڵاتی پاکستان

یەکەم: - ژیانەوەی ژێرخانی ئابوری پاکستانی بەتایبەت ھەرێمی بلوچستان کە ناوچەکەیان بەھۆی شەڕی گروپە توندرەوەکانەوە خاپورکرابوون بەوھۆیەشەوە توشی ھەژاری و کەم دەرامەتی بونەتەوە.
دووەم: - ھەناردەکردنی نەوت و گاز و بەرھەمە کانزاییەکانی وەک خەڵوز و کبریت بە کورتترین ماوە و کەمترین تێچوون، کە پێشتر بەھۆی دووری ڕێگەکەیەوە بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی وڵاتی پاکستان خراپ دەبوون.
سێیەم: - کرانەوەی پاکستان بەڕووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و ھەناردەکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی لەڕێگەی بەندەری گەوادر. 
چوارەم:- بەرزبوونەوەی داھاتی ساڵانەی پاکستان بەرێژەی ٥%.
پێنجەم:- لەتبوونی ھەرێمی بلوچستان و لەگۆڕنانی داخوازی سەربەخۆیی گەلی بلوچی، کە چەندین ساڵە لەوپێناوەدا تێدەکۆشن.
شەشەم:- دامەزراندنی ٧٠٠٠٠ ھەزار کارکەری پاکستانی لەسەر پڕۆژەکە.

بەندەری گەوادر

بەندەری گەوادر لەڕووی شوێنی جوگرافییەوە دەکەوێتە سەر (دەریاى عەرەب) و سەربە ھەرێمی بلوچستانە، نزیکە لە گەروی ھورمزە و ڕێژەی سێیەکی بازرگانی نەوتی پێدا تێپەڕدەبێت.  ئەم بەندەرە لە سالی ١٧٩٧ تا ١٩٥٨ لەژێر دەسەڵاتی سەڵتەنەی عوممان بوو، بەڕێککەوتن لەساڵی ١٩٥٥ کە کۆمەلێک مەرج و ھاوکاری دولایەنە لەخۆدەگرێت دەوڵەتی پاکستان  لە سەڵتەنەی عوممانی کڕی بە بەھای ٣ملیون دولار، ئەم بەندەرە ھەتا ساڵی ٢٠٠٢ وەک خۆی مایەوە و کاری تێدا نەکرا، لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٧ بەگوژمەی (٢٤٨) ملیۆن دولار لەلایەن (پەرویز موشەرەف) سەرۆک وەزیرانی پاکستان کرایەوە. لەسالی ٢٠١٥ پاکستان و چین گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پڕۆژەیە و بۆماوەی ٤٣ ساڵ، واتە تا ساڵی ٢٠٥٩ وەک کرێ حکومەتی پاکستان فرۆشتی بە حکومەتی پەکین بەو مەرجەی حکومەتی پاکستان ئارامی ئەوشوێنە بپارێزێت لەڕێگەی ھێزێکی سەربازی کە پێکدێت لە  ١٥٠٠٠ ھەزار سەرباز.

بەندەری گەوادر شوێنێکی جیوستراتیژی گرنگە لەنێوان باکور و ناوەڕاستی ئاسیا و  ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها بەشێکی گرنگە لەڕێگەی (حەریری کۆن) کە چین دەبەستێتەوە بە ئەورووپا و ئاسیا و ئەفریقیاوە، هەروەها ڕۆژئاوای چین دەبەستێتەوە بە(بەحری عەرەب)ەوە، ئەم بەندەرە ناو دەبرێت بە خاڵی پەڕینەوەی ستراتیژی کە ڕێگەدەدات بەگواستنەوەی ھەناردەی چین بەخێراییەکی زۆر بۆ بازاڕەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە.

پێشبینی دەکرێت ساڵانە چین بەرێژەی ١,٦% ملیار دۆلار وەبەرھێنان بکات لەم بەندەرە و، ھاوکات لەگەل کۆمەڵێک پڕۆژەی تر کە بڕیارە لەماوەی(٥) ساڵی داھاتوودا بونیاد بنرێت وەک فڕۆکەخانە و کەناراوی ئاویی و گەشتیاری و (٢٩)پرۆژەی تر.

دەستپێشخەری یەک رێگە و یەک پشتوێن
 
دەستپێشخەرییەکی (چین)ییە بۆ زیندوکردنەوەی ڕێگەی حەریر لە سەدەی بیست ویەکدا لە پێناو گەیاندنی چین بە ھەموو جیھان، ئەم پڕۆژەیە بەگەورەترین پڕۆژەی ژێرخانی ئابوری دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە لەلایەن سەرۆکی چینی (شی جین بینگ) لە مانگی نۆ و دەی ٢٠١٣ خرایەڕوو، ناوەرۆکی پڕۆژەکە وەبەرھێنانە لە ژێرخانی ئابوری و ھێڵی ئاسنین و ڕێگەی خێرا و ئوتومبێل و خانوبەرەو پێداویستی بینایات و پێگەیاندن و وزە و ئاسن و بەرد. پڕۆژەکە زیاتر لە (٦٨) دەوڵەت لەخۆدەگرێت کە ڕێژەی لە ٦٥% ی دانیشتوانی جیھان دەکات، هەروەها ڕێژەی ٤٠% ی کۆی داھاتی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠١٧ لەخۆدەگرێت.  

ڕوانگەی بلوچیەکان لەسەر پڕۆژەکە

بلوچیەکان پڕۆژەکە بە تیۆری گەلەکۆمێ(نظریة المؤامرة) ناودەبەن و دەڵێن ئامانجی پڕۆژەکە بەپلەى یەکەم داگیرکاری (چین)ە بۆ ھەرێمەکەیان و بەپڕۆژەیەکی ئابوری - سەربازی چینی دەزانن. ھەروەھا ئەم پڕۆژەیە بەھەڕەشەیەکی گەورە دەزانن بۆ لەدەستدانی سەربەخۆییان کە چەندین ساڵە لەو پێناوەدا تێدەکۆشن و تائێستاش حکومەتی پاکستانی - بنجابی لەگەڵ حکومەتی ئێرانی بە داگیرکەری خاکەکەیان ناودەبەن، بلوچیەکان ئەم پڕۆژەیە بە مەترسی دەزانن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیان، ئەویش لەڕێگەی ھێنانی خەڵکی بیانی لە چینی و بنجابی بۆ سەرخاکەکەیان، ھەر ئەوەش بە مەترسی گەورە دەزانن بۆ گۆڕینی ناسنامەیان و بەوھۆیەشەوە دەترسن ببن بەکەمینە لەسەر خاکەکەی خۆیان، چونکە دەڵێن حکومەتی پاکستان ھەرێمەکەیان دابەش دەکات، ھەروەھا ڕێگە نادات کرێکاری بلوچی لەو پڕۆژەیەدا کاربکات، بەڵکو لەھەرێمی بەنجاب کارکەر دەھێنن بۆ پڕۆژەکە و تەنھا ڕێگە بەوانیش دەدەن کاری تێدا بکەن، کە ئەوەش واتە حسابکردنە بۆ خەڵکی بلوچی بە پلە دوو.

بلوچیەکان بۆیە ناڕازین، پێیانوایە سەروەت و سامانەکەیان دەبرێت بەتاڵان و ھەروەھا ناسنامەى شوێنەکەیان دەگۆڕدرێت، بۆیە گەنجانی بلوچی دەستیان داوەتە چەک دژی کرێکارە چینیەکان و بە (ھێزی داگیرکەر) ناویان دەبەن و تێدەکۆشن بۆ وەدەرنانیان لە خاکەکەیان.
 
ئەوان پێیان وایە ڕێککەوتن کراوە لە نێوان پاکستان و چین بۆ ڕووبەڕووبونەوە و دەرکردنی بزوتنەوەی تورکستانی ڕۆژھەلاتی ئیسلامی (ئیگور) کە لە ناوچەی ھەرێمی شینشیانگ جێگیرن و داوای مافی سەربەخۆیی خۆیان دەکەن.

ئوسترالیا و ژاپۆن و ھیندستان ترسیان ھەیە لە پڕۆژەکە

ھیندستان دەترسێت ھاوکاری پڕۆژەکە بکات، چونکە ئەو ھێلە بازرگانییە بەشێکی بەناوخاکی ھەرێمی کشمیردا تێپەڕ دەبێت کە جێگەی ناکۆکی چەندین ساڵەی نێوان ھند و پاکستانە، هەروەها لەلایەکی ترەوە ھیندستان ترسی ھەیە لە ھەژموونی ئابوری چینی و پەلھاویشتنی بۆ وڵاتەکەی کە کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر ژێرخانی ئابورییەکەی.

ھەرچی ئوسترالیا و ژاپۆنە لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەسەر ئەو یەکێتییەی کە چین پێکیھێناوە بۆ پشتگیری لە پڕۆژەکە کە ئەوان بەمەترسی دەزانن بۆ سەر ئاسایشی ئابوریان.

ڕوانگەی ئیمارات و ئێران بۆ پڕۆژەکە پێچەوانەی یەکترە

ئیمارات بەھەڕەشەی دەزانێت بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی بەھۆی بەندەری دوبەی کە زۆربەی بازرگانی جیھانی لەڕێگەی بەندەری دوبەیەوە تێپەڕ دەبێت و ئەگەر پڕۆژەی بەندەری گەوادر کۆتایی بێت ئەوا بەندەرەکەییان بایەخی جارانی نامێنیت ھەربۆیە لەگەڵ ئەمریکا ھاوکاری بزووتنەوەی تالیبان دەکات بۆ لێدان لەپرۆژەکە.

بەڵام ئێران بە پڕۆژەیەکی باشی دەزانێت و لە دوو ڕوانگەوە بەسودی دەزانێت بۆوڵاتەکەی، لەڕووی سیاسییەوە پشتیوانی لێدەکات، چونکە بلوچستان دابەشکراوە لەنێوان ئێران و پاکستان، ئەگەر بەشێکی بلوچستان سەربەخۆیی وەربگرێت واتە ئەو بەشەکەی تریش سەربەخۆ دەبێت کە لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە. بۆیە لەڕوانگەی ئێرانەوە ئاسایشی پاکستان واتە ئاسایشی ئێران. لەڕووی ئابوریشەوە لەوانەیە ڕێگەبدات بە چین بۆ بەرھەمھێنان لە بەندەری تشابھار و کۆتایی بە هاوپشکى بێنێت لەگەڵ ھیندستان لە پڕۆژەی بەندەری تشابھار.

ئەمریکا و ڕێککەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی تالیبان بۆ لێدان لەم پڕۆژەیە

ئەمریکا لەکاتی شەڕی قاعیدە لە ئەفغانستان، پاکستانی بەوە تۆمەتباردەکرد کە پشتیوانی و داڵدەی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان دەدات، ھەروەھا پاکستان لەگەڵ ڕووسیا بەشداری لە بەھێزکردنی سوپای ئێرانیدا کرد لەڕێگەی بازرگانی چەک و ڕاھێنان بە سوپای ئێرانیەوە، ھەروەھا لەگەڵ ڕووسیا دەستیکرد بە بازرگانی کڕین و فرۆشتنی چەک، ھەموو ئەوانە ھۆکار بوون بۆ وەرچەرخانی ڕووی پاکستان لە ھاوپەیمانێتییە بەھێزەکەی کە ئەمریکا بوو، هەروەها ڕووکردنە ھاوپەیمانێتیە نوێیەکەی کە چینە بەتایبەت دوای ئەوەی چین دەرگای بۆکردەوە کاتێک ئەمریکا ڕەخنەی لەسیاسەتەکانی پاکستان گرت بەداڵدەدانی تیرۆر، حکومەتی پەکین یەکەم دەوڵەت بوو ئیدانەی سیاسەتی ئەمریکای کرد و پشتیوانی لەپاکستان کرد و بە حکومەتێکی چالاک لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆردا ناوى برد.

ھەروەھا داگیرکارییە ئابورییەکانی چین خەریکە تەنگ بە ھەژموونی سیاسی ئەمریکا دەھێنیت لەجیھان و ئەو پڕۆژەیەش یەکێکە لەو ھۆکارانەی تەنگ بە دەسەڵاتى ئەمریکا بھێنێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، بۆیە ئەمریکا سیاسەتەکانی چڕکردۆتەوە لە ناوچەکە ئەویش بەگوشار خستنە سەر دەوڵەتانی ھاوپەیمانی چین وەک ئێران و پاکستان لەڕێگەی جەنگی بەوەکالەتەوە، یەکێک لەو ئامانجانەی کە دەیەوێت شکست پێبھێنێت پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابوری چینی - پاکستانییە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی جیھانی دووبارە ئەمریکا بەنیازە بزووتنەوەی تالیبان زیندوو بکاتەوە بۆ درووستکردنی ئاژاوە و کۆتایھێنان بە فراوانخوازیەکانی نەیارەکانی بەتایبەت چین وەک چۆن پێشتر و لە ماوەی جەنگی سارددا بزووتنەوەی تالیبانی درووستکرد بۆ وەدەرنانی یەکێتی سۆڤێتی جاران لە ئەفغانستان، ئێستاش واخەریکە دووبارە بەکاریان بھێنێتەوە بەڵام ئەمجارە بۆ نەیارێکی تری کەئەویش داگیرکەری گەورەی ئابوری جیھان(چین)ە.



ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر