ڕیگی لەخەونی بەدەستھێنانی مافەکانەوە بۆ سەرپەتی سێدارە ‌

ئێران دەوڵەتێکی فرە پێکھاتەیە لەڕووی نەتەوەیی وئاینی ومەزھەبی وتەنانەت خەت وپێکھاتەکانی یەک مەزھەبی دیاریکراویشەوە، ئەم فرەییە بۆ ئێران وەک زۆربەی وڵاتانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نەوبووە بەمایەی بەھێزی وڵات
PM:02:39:05/07/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی
کۆتاییھاتن ولەسێدارەدانی ڕێگی بەمانای کۆتایی ھاتن وتەواوبوونی کارە توندوتیژیەکانی جنداللە وھێزە ڕادیکاڵەکانی تر نیشان نادات لە ئێران

یەحیا عیزەت
نوسەر

سەرەتا

ئێران دەوڵەتێکی فرە پێکھاتەیە لەڕووی نەتەوەیی وئاینی ومەزھەبی وتەنانەت خەت وپێکھاتەکانی یەک مەزھەبی دیاریکراویشەوە، ئەم فرەییە بۆ ئێران وەک زۆربەی وڵاتانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نەوبووە بەمایەی بەھێزی وڵات، بەڵکو خاڵی لاوازی وڵاتەکەیە وزۆر جاریش ئەم پێکھاتانە بۆ سەندنی ئەوەی بەمافی خۆیان زانیوە پەنایان بردووەتە بەر ڕێگاچارەی توندوتیژ و تەنانەت تیرۆریستیش، یەکێک لەوانە پێکھاتەی سونەیە کە لەھەندێ وێستگەی مێژوییدا پەنایان بۆ کاری توندوتیژی بردووە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران، (عەبدولمەجید ڕیگی) یاخود (عەبدولمالیک ڕێگی) کەناوێکی تری ھەمان کەسە، یەکێکە لەو سەرکردە ئیسلامییە سونییە بەڕەگەز بەلوجیانەی کە لەمێژوی نزیکی ئێراندا سەری ھەڵدا وکوژایەوە.

سەرەتای ژیان وپێگەیشتن

عبدولمالیک یان عەبدولمەجید ڕیگی لە یەکی کانونی دووەمی ساڵی(١٩٨٣) لەبنەماڵەیەکی ھەژار لەپارێزگای زاھیدانی باشوری ڕۆژئاوای ئێران  لەدایک بووە، ڕەچەڵەکی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھۆزی(ڕیگی)کە یەکێکە لە ھۆزە ھەرە گەورەکانی  ناوچەی سیستان و بەلوچستان کەزۆرینەی دانیشتوانەکەی سوونە مەزھەبن، ناوچەکە یەکێکە لە دواکەوتوترین ناوچەکانی ئێران، دانیشتوانەکەی سەرقاڵی ئاژەڵداری بازرگانی بچوکن(سروشتی خێڵایەتی، نەخوێندەواری، ھەژاری، نەبوونی خزمەتگوزاری، بەکارھێنانی مادەیی ھۆشبەر)لە نیشانە ھەرە دیارەکانی کۆمەڵگای بەلوچن، ئەمە سەرەڕای جیاکاریی و چەوسانەوەی نەتەوەیی و مەزھەبی کە بەدرێژای مێژوو ڕووبەڕووی بوونەتەوە لەسەر دەستی حکومەتەکانی پێشوو و ڕژێمی ئێستای ئەو وڵاتە.

ڕیگی، پاش ئەوەی لەزاھیدان دەخرێتە بەرخوێندن تا قۆناغی دووی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە خوێندن، ئەو بارودۆخەی لەسەرەوە باسکرا دەبێتە پاڵنەرێکی بەھێز بۆ زاڵبوونی ھەستی توند ئاژۆیی لە کەسایەتی ناوبراودا بەم ھۆیە ساڵی (١٩٩٦)لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا پەیوەندی دەکات بە گروپی چەکداری(لەشکری ڕەسول اللە)وە  بەڕێبەرایەتی مەولا بەخش درەخشان، کە گروپیکی چەکداری مەزھەبی ونەتەوەیی بوون لە ناوچە شاخاوییەکانی سیستان و بەلوچستان شەڕیان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاندبوو.

سەفەری پاکستان وگەیشتن بەقاعیدە

ڕیگی، بەمەبەستی خۆپێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی شەرعی ڕوو لە وڵاتی پاکستان دەکات، لە ھەریەکە لە شارەکانی سەراوان و کەراتچی ئەو وڵاتە پەیوەندی بە چەند قوتابخانەیەکی ئاینی سەربە ڕێکخراوی قاعیدەوە دەکات بەم ھۆیەوە ئاشنایەتیەکی باش لەگەڵ ئەندامانی ئەو گروپەدا پەیدا دەکات، لە نیوەی دووەمی ساڵی(٢٠٠١) ھاوکات لەگەڵ ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان  و لەناوبردنی حکومەتی تاڵیبان ڕیگی ڕوو لە پارێزگای(کوەیتە)ی ناوەندی ویلایەتی بلوچستانی پاکستان  دەکات کە لەو کاتدا بەشێکی زۆری سەرکردەو ئەندامە ھەڵاتووەکانی تالیبان و قاعیدە دوای شکستی ئەفغانستان تیایدا نیشتەجێ بوون، توانی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرانی ڕێکخراوەکە پەرەپێبدات و ڕۆڵیکی گرنگی بینی لە پڕۆسەی گواستنەوەی سەرکردەو ئەندامانی قاعیدە لە پاکستانەوە بەرەو کەنارەوەکانی عومان  بەخاکی ئێران دا کە یارمەتی دەر بوو بۆ بڵاوبوونەوەی ئەندامانی ڕیکخراوەکە لە ووڵاتە عەرەبیەکانی ناوچەکە بە گشتی، وبە تایبەت لە ھەریەکە لە وڵاتانی عێراق و یەمەن و سۆماڵ لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە نھێنیەی کە لە نێوان حکومەتی ئێران و ڕێکخرەوەکەدا ھاتبووە ئاراوە، ئەمە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ناوبراو تاکو لە ڕێیەوە پەیوەندی بە لاوە بەلوچیەکانەوە بکات بە مەبەستی سازدان و کۆکردنەوەیان لە ڕیکخراوێکدا و لەھەمانکاتدا سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەندامانی شکستخواردوی قاعیدە.
 
جنداللە، شمشێری ھەڵکێشراوی ڕیگی

دوای گەڕانەوەی ڕیگی بۆ ئێران  لەکۆتاییەکانی ساڵی(٢٠٠٢)دا (بزووتنەوەی جندللە)ی دامەزراند، لەسەرەتادا چالاکییەکانی بزووتنەوەکە خۆی لە ھۆشیارکردنەوە و بڵاوکردنەوەی کتێب و نامیلکە ئاینیەکاندا دەبینیەوە لە ناوچە سوننە مەزھەبەکان، بەڵام دەستگیرکردنی  ١٥ کەس لە ئەندامانی گروپەکە لەچارەکی یەکەمی ساڵی (٢٠٠٣)داو پاشان لەسێدارەدانی ١١ کەسیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەتۆمەتی دامەزراندنی ڕێکخراوی نھێنی مەزھەبی، زەمینەی ڕاگەیاندنی شەڕی چەکداری لەلایەن بزووتنەوەکەو خێراترکرد، ئەمە ھاوکات بوو لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی ڕیکخراوی قاعیدە و حکومەتی ئێران بەھۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک سەرکردەی ڕێکخراوی قاعیدە لەناویان دا چەند ئەندامێکی ماڵباتی(ئوسامە بن لادن)ی سەرۆکی ڕێکخراوەکە، لەمانگی چواری ھەمان ساڵدا لەلایەن دووەمیانەوە. 
 
ئەمە ھەلێکی زێڕین بوو بۆ ڕیگی و ڕێکخراوەکەی  تا گروپەکەیان سودمەند بێت لە ھاوکاری لۆجستی و مەشق و ڕاھێنانی ئەندامانیان لەلایەن قاعیدەوە، 
بەم جۆرە بزووتنەوەی ڕادیکاڵی سەلەفی(جندللە)لەسەر دەستی عبدولمالیک ڕیگی تەمەن ٢٠ ساڵان دامەزرا ھەرچەندە ئەم پۆلێنکردنە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە ڕەتدەکرێتەوەو ڕایانگەیاندووە ئامانجی بزووتنەوەکە بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراسی سیکۆلارە کە ڕێز لە جیاوازییە مەزھبیی و نەتەوەییەکان گەلانی ئیران بگرێت، ھەربۆیە لەڕاگەیانراوێکدا عبدولمالیک ڕیگی سەرۆکی ڕێکخراوەکە گۆڕینی ناوی بزوتنەوەکەی لە بزووتنەوەی (جندللە)وە بۆ (بزووتنەوەی بەرەنگاری نیشتمانی) ڕاگەیاندوو، ڕەتیکردەوە ئامانجی بزووتنەوەکەیان دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئاینی  بێت بەڵکوو، ئامانجیان بەدەستھێنانی مافەکانی پێکھاتەی سوننەیە لە ئێران بەگشتی و لە بەلوچستان بە تایبەتی، بەگشتی چالاکییە چەکدارییەکانی بزووتنەوەکە دەکەوێتە سیگۆشەی سنوری نێوان وڵاتانی ئێران و پاکستان وئەفغانستان، کە ناوچەیەکی سەخت و شاخاوییە و ژمارەی ئەندامانی بزوتنەوەکە بەنزیکەی (١٠٠٠)چەکدار دەخەمڵێنرێت و بەرپرسیاریەتی ئەنجامدانی  چەند کردەوەیەکی توندوتیژی دژ بە سوپاو ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتووە، کە  دیارترینیان ئەنجامدانی کردەوەیەکی خۆکوژی بوو لە (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩ )کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران و  سەرۆک ھۆزە شیعەو سونیەکانی شاری سەربازی کردبووە ئامانج  و، بووە ھۆی کوژرانی ٤٢ کەس لە ناویان دا(عەمید نورعەلی شوشتری) جێگری فەرماندەی ھێزە وشکانییەکانی ئێران و برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ کەس، شایانی باسە بزووتنەوەکە لە لیستی تیرۆری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دایە، ھەرچی حکومەتی ئێرانە بزووتنەوەکە بە تاقمێکی لادەرو بە کرێگیراوی ئەمریکا وئیسرائیل و ڕۆژئاوا دادەنێت و(عبدولمالیک ڕیگی) ڕێبەری بزووتنەوەکە لە لیستی یەکەمی دواکراوانی وەزارەتی ئیتلاعات دایە و، بەرپرسی یەکەمە لە کوشتنی سەربازانی سوپاو وھێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی و دروستکردنی  گروپی تیرۆرستی دژ بە حکومەت و ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.

دەستگیرکردنی ڕیگی وگێڕانەوە جیاوازەکان

بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە (٢٣)ی شوباتی ٢٠١٠ ڕادیۆی دەوڵەتی ئێران لەسەر زاری فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو وڵاتەوە ھەواڵی دەستگیر کردنی عبدولمالیک ڕیگی بڵاوکردەوە و 
ھاوکات ھەریەکە لە وەزیرانی  ناوخۆ و ئیتلاعات ھەواڵەکەیان  پشتڕاست کردەوە.

گێرانەوەی فەرمى کۆماری ئیسلامی ئێران

سەرچاوە ئێرانییەکان ڕایانگەیاند دوای پێنج مانگ لە چاودێری ورد و شوێن پێ ھەڵگرتنی ڕیگی لەلایەن تیمێکی دەزگای  ئیتلاعاتەوە، ھەواڵی گەیشتنی(عبدولمالیکی ڕیگی) بەفڕۆکەخانەی دوبەی گەیشتە بەرپرسانی ھەواڵگری تاران، وەزیری ئیتلاعات ئاماژەی بەوە کرد لەسەرەتادا پلانیان وابووە کە ھەر لە دوبەی کارەکە تەواو بکەن و ڕیگی دەستگیر بکەن لەڕێگەی چەند بەکڕێگیراوێکی دەزگاکەیانەوە کە توانیبویان خۆیان لە ناوبراو نزیک بکەنەوە، بەڵام وەک موسلیحی ئاماژەی پێدا کە لەلایەن بەکرێگیراوەکانیانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ڕیگی ڕەتیکردۆتەوە لە دوبەی نیشتەجێ ببێت و پێی ڕاگەیاندوون کە بە نیازە کاتژمێر (١١) شەو بەرەو قیرغیزستان گەشت بکات.

بەوپێەی کە ڕێڕەوی ئاسمانی فڕۆکە قیرغیزیەکان بە ئاسمانی ئێران دا تێپەڕدەبن بەرپرسانی دەزگاکە بیریان لە بەکار‌ھێنانی ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان کردەوە بۆ بەئەنجام گەیاندنی کارەکەیان.

پاش ئەوەی لە ڕێگەی سەرچاوە ھەواڵگریەکانیانەوە لە دوبەی زانیان ڕیگی بە پاسپۆرتی ئەفغانی و ناوی ساختەی عبدولحەمیدەوە بەیاوەری کەسێک بەناوی حەمزە بە فڕۆکەیەکی جۆری بوینگ ٧٣٧ ھیڵی ئاسمانی قیرغیزستان  بەرەو(بێشکیکی) پایتەختی ئەو وڵاتە دەڕوات، لەگەڵ گەیشتنی فڕۆکە قیرغیزیەکە بە ئاسمانی وڵاتی ئێران لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئەو وڵاتەوە کاپتنی فڕۆکەکە ئاگادارکرایەوە بەنێشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی بەندەر عەباسی نێودەوڵەتی، پاش ئەوەی کاپتنی فڕۆکەکە ڕەتیکردەوە بنیشێتەوە لە کاتێکدا ھیچ گرفتیکی تەکنیکی نییە ومۆڵەتی تێپەڕبوونی ھەیە لەلایەن دوو فڕۆکەی شەڕکەر لە جۆری(ئێف ١٤)ی سەربە ھێزی ئاسمانیەیەوە بە تەقاندنی ٢٠٠ گولەی ھەوایی فڕۆکە قیرغیزیەکە بە ١١٩ سەرنیشینەوە ناچار بەنیشتنەوەی زۆرەملێ کرا، لەگەڵ نیشتنەوەی فڕۆکەکە ڕیگی و ھاوڕێکەی لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە لە شەوی(سێ شەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠١٠)دا دەستگیرکران، دەستبەجێ و لە ڕێ وشوێنێکی ئەمنی تونددا بەرەو تارانی پایتەخت  گواسترانەوە، دوای سێ کاتژمێر مانەوەی فڕۆکە قیرغیزییەکە فڕۆکەخانەی  بەندەرعەباسی بە ١١٧سەرنشینەوە بەرەو بیشکاش بەجێ ‌ھێشت

ئیمارات وقیرغیزستان... دەڵێن ونایسەلمێنن

لە ٢٦ شوباتی ٢٠١٠ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕیگی بە پاسپۆرتی ئەفغانی وبەناوی خوازراوەوە لە کابوڵەوە ھاتۆتە ئەو وڵاتە وپاش دوو کاتژمێر لەمانەوەی فڕۆکەخانەی دوبەی بەرەو قیرغیزستان بەجێ ھێشتووە.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ڕۆژی دووشەممە ١ی مارسی ٢٠١٠ کەناڵی (BBC)فارسی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی قیرغیزستان بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرکۆنەی ناچارکردنی زۆرەملێی فڕۆکەیەکی وڵاتەکەیانی کرد بۆنیشتنەوە لە لایەن کاربەدەستان وڵاتی ئێرانەوە، ھاوکات ڕەتیکردەوە ھیچ سەرنشینێکی فڕۆکەکە دەسگیرکرابێت وتەواوی (١١٩) سەرنشینەکەی فڕۆکەکە گەیشتونەتە فڕۆکەخانەی بێشکیکی پایتەخت.

ھەر لەوبارەیەوە یاریدەدەری بەڕیوبەری گشتی ھێڵی ئاسمانی نیشتمانی قیرغیزستان لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادێۆی ئەورووپای ئازادی بانگەشەی بەرپرسانی ئێرانی پشتڕاست کردەوەو ڕایگەیاند کەفڕۆکەیەکی ھێڵەکەیان لە جۆری بوینگ ٧٣٧ لەلایەن دوو فڕۆکەی شەڕکەری ھێزی ئاسمانی ئێرانەوە ناچار بەنیشتنەوە کراوە لە فڕۆکەخانەی بەندەرعەباسی نێودەوڵەتی وپاش دەستگیرکردنی دووان لەسەر نشینانی و دوای سێ کاتژمێر ئینجا مۆڵەتی فڕین بە فڕۆکەکە دراوە بەبێ ئەوەی ھیچ ئاماژەیەک بەناوی ڕیگی وھاوکارکەی بکات.

لەبەرامبەر ئەم کردەوەیەدا وەزاراتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی دوای لێبوردنی لە باڵێۆزی قرغیزستان لە تاران کردوو، ئەم ھەنگاوەی وڵاتەکەی بە گرنگ و پێویست زانیی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە وبەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەی(تیرۆر).
ئێران ڕایگەیاند کە ئەم چالاکییە کە بە ھاوکاری ھیچ دەزگایەکی ھەواڵگری وڵاتانی بیانی وناوچەکە نەبووە و بەتەنیا لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی وڵاتەکەیەوە ئەنجام دراوە
ھاوکات (٢٤ی شوباتی ٢٠١٠)کەناڵی(الجزیرة)لە زاری  پەیامنێری کەناڵەکەیانەوە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانەوە بڵاوی کردەوە کە ڕیگی حەفتەیەک بەرلە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی دەستگیرکردنی لەلایەن بەرپرسانی پاکستانەوە ڕادەستی کاربەدەستانی ئێران کراوەتەوە، لەھەمانکاتدا محەمەدعەباسی باڵێۆزی پاکستان لە تاران خۆشحاڵی وڵاتەکەی بە دەستگیرکردنی ڕیگی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەگەر ھاوکاری وڵاتەکەی نەبوایە ھەرگیز نەدەتوانرا ڕیگی دەستگیربکرێت ئاماژەی بەوەدا دوو ھەفتە بەر لە دەستگیرکردنی ناوبراو ھەشت ئەندامی گروپی جندللە لەناویاندا عەبدولحمید ڕیگی برای عەبدولمالیک ڕیگی تێدابووە لە لایەن بەرپرسانی ئەمنی پاکستان ڕادەستی ئێران کراونەتەوە، دەزگای ھەواڵگری ئێران بە سوود وەرگرتن لە دانپیانانی ئەو ھەشت کەسە توانیویانە شوێن  پێی ڕیگی ھەڵگرن.

گێڕانەوەی جندللە بۆ دیارنەمانی ڕێگی

دوای دەستگیرکردنی ڕێبەرەکەیان بزووتنەوەی بەرەنگاری نیشتمانی ناسراو بە جندللە لە بەیاننەمەیەکدا دەنگۆی بەرپرسانی باڵای ئێرانیان لە بارەی شێوازی دەستگیرکردنی(ڕیگی)ەوە ڕەتکردەوە، ھەریەکە لە دەزگا ھەواڵگرییەکانی ئەمریکاو پاکستان و ئەفغانستانیان تۆمەتبارکرد بەوەی ھاوکاری دەزگای ھەواڵگری ئێران بوون لەدەستگیرکردنی ڕیگی دا، ھاوکات ھەریەکە لە (کەمال نارۆیی ) و(عەبدول ڕەئوف ڕیگی)و تەبێژانی فەرمی بزووتنەوەکە لە چەند چاوپێکەوتنێکی جیاجیادا ئاماژەیان بەوەدا ڕیگی و زاواکەی بەناوی (حەمزە) لەماڵی ھاوڕێیەکیان بوون لە ناوچەی  قەندەھاری ئەفغانستان لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکاو بە ھاوکاری ھەریەکە لە دەزگای ھەواڵگریەکانی بەریتانیا و مۆساد دەسگیرکراون و، ڕادەستی حکومەتی ئێران کراونەتەوە لە بەرامبەر ئازادکردنی سێ ھاوڵاتی ئەمریکی و ڕادەست کردنی چەند سەرکردەیەکی ڕێکخراوی قاعیدە، کەلەو وڵاتە دەستگیرکرابوون لەوانە(عبداللە بن لادن،سەیف عەدل میسری)ھەروەھا نارۆیی ڕایگەیاند بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە نێوخۆیانەی کە لەلایەن بزووتنەوەکەیانەوە ئەنجام دراوە لەبارەی دۆسیەی دەستگیرکردنی ڕێبەرەکەیانەوە، سیخوڕیکی ئیسرائیلی بەڕەگەز ئەفغانیان لە ڕیزەکانیان دا دەستگیرکردووە کە ڕۆڵی سەرەکی ھەبووە لەپڕۆسەی ئاشکراکردنی شوێنی ڕیگی و دەستگیرکردنی گرتەی ڤیدێۆی دانپیانانەکەیان بڵاو کردۆتەوەو بەو ھۆیەوە لە سێدارە دراوە.

ڕێوایەتی سێ یەم

ئەفسەری فڕۆکەوان کەیوان وەیس موراد فڕۆکەوانی فڕۆکەی جەنگی لە ھێزی ئاسمانی ئێران کە بەگوتەی خۆی بەھۆی بێزاری و ناڕەزای بوونی لە ھەڵسوکەوتی بەرپرسانی سەرو خۆی بەڕێگای قاچاخ ئێرانی بەرەو دەرەوەی وڵات بەجێ ھێشتووە لە بارەی دەستگیرکردنی ڕیگیەوە دەڵێت: ئەو ڕۆژەی کە ڕیگی دەستگیرکراوە لەئەرک دابووم و فڕینم ھەبوو یەکێک لە ھاوڕێ نزیکەکانی پێی گووتم چالاکیەکی نھێنیم پێ سپێردراوە کە دواتر زانیومە گواستنەوەی ڕیگی بووە لە فڕۆکەخانەی بەندەر عەباسەوە بۆ تاران، کەیوان لە درێژەی قسەکانی دا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە دوای ئەوەی ڕیگی بەمەبەستی ئەنجام دانی نەشتەرگەری جگەر ڕولە ناخۆشخانەیەکی پاکستان دەکات لە لایەن تیمێکی (ESS)واتە دەزگای ھەواڵگری پاکستانەوە دەستگیر دەکرێت لە سنوری نێوان ئێران و پاکستان ڕادەستی دەزگای ھەواڵگری ئیران دەکرێتەوە لە بەرامبەر چەند سەرکردەیەکی قاعیدە دا کە لەو وڵاتە دەستگیرکراون، ھەروەھا دەڵێت کە ڕیگی لەسەر سنوری ئیران بە ھەلیکۆپتەرێک براوەتە فڕۆکەخانەی بەندەرعەباس و جلوبەرگی نەخۆشخانەی لەبەردا بووە و پاش ئەوەی لە لایەن فڕۆکەی ھاوڕێکەیەوە بڕاوەتە ئەسفەھان جلەکانی گۆڕاوەو لە وێوە براوەتە تاران، کەیوان بەڵگەی بۆ پشتڕاست کردنەوەی قسەکانی بەوە ھێنایەوە تەواوی ئەم زانیاریانەی لەسەر زاری ھاوڕیکەیەوە بیستوە کە بەرپرسیاریەتی گواستنەوەکەی پێسپێردراوە.  

گەمەی ھەواڵگری... سیناریۆی ھەرە بەھێز

جیاواز لەو سینارێۆیانەی کە لەسەرەوە باسکران ھەندێک سەرچاوەی تر باس لە  سینارێۆیەکی جیاوازتر دەکەن لەبارەی دەستگیرکردنی (ڕیگی)ەوە دەنگۆێ بەزۆرملێ نیشاندنەوەی فڕۆکە قیرغیزیەکە لەلایەن ھێزی ئاسمانی ئێرانەوە ڕەتدەکەنەوە، ئاماژە بۆئەوەدەکەن دوای گەیشتنی ڕیگی بە فڕۆکەخانەی دوبەی بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتێک بۆ بێشکیکی پایتەختی قیرغستان، لەلایەن تیمێکی سێ کەسی سەربە دەزگای ھەواڵگری ئێرانەوە چاودێری دەکرێت دەبنە سەرنشینی ھەمان ئەو  فڕۆکەی کە ڕیگی ھەڵگرتووە. دوای بەڕێکەوتنی  فڕۆکەکە ولەگەڵ گەیشتنی بە خاڵێکی دیاری کراو یەکێک لە سەرنشینەکان باری تەندوستی تێکدەچێت و سەرنشینێکی تر کە خۆی وەک پزیشک دەناسێنێ و دوای پشکنینی نەخۆشەکە ئاماژە بە مەترسیداری دۆخی تەندروستی نەخۆشەکە دەکات وبەکاپتنی فڕۆکەکە دەڵێت: بەھۆی بونی گرفت لە دڵی نەخۆشەکە پێویستە بە زووترین کات ببرێتە نەخۆشخانەو چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام بدرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەری گیان لەدەستدانی بەھێزە و کاپتنی فڕۆکەکە بەناچاری  داوا لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئێران دەکات کە مۆڵەتی نیشتنەوەی پێبدرێت لە فڕۆکەخانەی بەندەرعەباس، پاش ئەوەی مۆڵەتی نیشتنەوەی پێدەدرێت فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەندەرعەباس دەنیشێتەوە و لەگەڵ نیشتنەوەیدا ڕاستەوخۆی ھێزە ئەمنیەکانی ئێران بەرەو کورسی دانیشتنی ڕیگی دەڕۆن ودەستگری دەکەن. پاش ئەمە بەدیار دەکەوێ کە نەخۆشەکە و پزیشیکەکەیش ئەندامی تیمە سێ کەسیەکەبوون واتە  تیکچوونی باری تەندروستی سەرنشینەکە و پشکنینی پزیشکەکە شانۆگەریەکی ھەوڵگری بووە لەلایەن تیمەکەی ھەواڵگری ئێرانەوە بەڕێوەبراوە بەئامانجی دەستگیرکردنی ڕیگی.   

ڕێگی کۆتایی ھات وتوندوتیژیەکانی بەردەوامە

دوو ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی ڕیگی گرتەی ڤیدێۆی دانپیانی  لەتەلەفزێۆن و پێگە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران بڵاوکرایەوەو تێیدا دانی نا بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ناتۆ لە ئەفغانستان و دەزگا ھەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێشنیاری ھاوکاری دارایی و لۆجستی و دابینکردنی بنکەی مەشق بۆ ڕێکخراوەکەی کراوە لە لایەن ئەمریکاوە، ھەروەھا ڕایگەیاند گەشتەکەی بۆ قیرغیزستان بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار بووە لەگەڵ(ڕیچارد ھاڵبێرگ) نێردەی تایبەتی ئۆباما لە ئەفغانستان لە (بنکەی سەبازی مۆناسی ئەمریکی) لەو وڵاتە ئەمە لەکاتێکدایە کەمال نارۆیی وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەکە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئاسۆ ساتدا ڕایگەیاند لەڕێگەی سەرچاوە ھەواڵگریەکانیانەوە زانیویانە کە دانپیانی ڕیبەرەکەیان لە ژێر گوشارو ئەشکەنجەی توند دابووەو تەنانەت عەبدولحمید ڕیگی برایان بە بەرچاویوە لە سێدارەداوە و حەمزەی زاوای کە پێکەوە دەستگیرکران لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتەوە ناچار بەو دانپیانانە کراوە، ھەوڵی زۆریان داوە تا لەڕیگەی ڕیکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە پارێزەری بۆ بگیردرێت و بەڵام لە لایەن بەر پرسانی باڵای ئێرانەوە ڕەتکراوەتەوە.

سەرەنجام ڕیگی بەتۆمەتی (محاربة الفساد فی الارض) لە یەکێک لە دادگاگانی  دادگای باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران دوای بەڕێوەچوونی چەند دانیشتنێکی دادگاکە تاوانبارکرا بە ئەنجامدانی پانزە مادەی تاوان لەوانە کوشتنی ھاوڵاتیان و ‌سەربازانی ئێرانی و ڕفاندن و چالاکی چەکداری و تەقینەوەو کردەوەی تیرۆرستی و چەند مادەیەکی تر، بەھۆیەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراو لەبەرەبەیانی ڕۆژی یەک شەممە (٢٠١٠/٦/٢٠) لە گرتووخانەی ئەوین لە سێدارە دراو تەرمەکەی لە گۆڕستانی خاوەران بەخاک سپێردرا.

دەکەوتنی ئەم کارەکتەرە سونیە لەئێران، دیاردەیەکی ھەمیشە چاوەڕوانکراوە لەو وڵاتانەی کە پێکەوە ژیانی ڕاستەقینە وئاشتیانە و ئارەزوومەندانە لەناو پێکھاتەکانیدا نییە، ھەر بۆیە سەرھەڵدانی ڕیگی وبزوتنەوەکەی نەبوونە ھۆی دان پیانان وبەدەستھێنانی مافەکانی ئەو پێکھاتەیە، ھەروەک کۆتاییھاتن ولەسێدارەدانی ڕێگییش بەمانای کۆتایی ھاتن وتەواوبوونی کارە توندوتیژیەکانی جنداللە وھێزە ڕادیکاڵەکانی تر نیشان نادات، بەڵکو ھەتا نکولیکردن ھەبێت ھەمیشە دەرگای توندوتیژی وتوندڕەوی کراوەیە و چارەسەری بنەڕەتی نایەتە کایەوە.

سەرچاوەکان

لەئامادەکردنی ئەم بابەتەدا سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

یەکەم: کتێب

١- نوسەر"سید حکمت قاضی میر سعید"ناوی کتێب"در چنگال عقاب"
٢-نوسەر"د.مصلح خضر الجبوری" ناوی کتێب"الدورالسیاسی للأقلیات فی الشرق الأوسط"
٣-نوسەر"مجموعة من الباحثین"ناوی کتێب"أھل السنة فی إیران"

دووەم: ماڵپەڕ
١-نوسەر"عبدالستار دوشوکی" ناوی بابەت"حقایق زندگی عبدالمالک ریگی از صعود تا سقوط
٢-نوسەر"ماھرخ غلامحسین پور" ناوی بابەت"واقعیت دستگیری عبدالمالک ریگی در ھالە ای از ابھام
٣-نوسەر"عبدالرحمان الراشید" ناوی بابەت" کیف خگف ریغی؟"
٤-نوسەر"امین جابر" ناوی بابەت" الأمیرکیون سلموا رقبة ریغی لإیران مقابل رۆوس من القاعدة" 
٥- نوسەر"حسام حداد" ناوی بابەت " عبد الملک ریغی.. زعیم تنظیم "جند اللە" فی إیران"
٦-ماڵپەڕی" wikizero"
٧- نوسەر" عمر نجیب" ناوی بابەت " معرکة أجھزة المخابرات فی المنطقة العربیة"
٨- نوسەر"نشوان نیوز" ناوی بابەت " من ھی جماعة جند اللە السنیّة التی تقاوم اضطھاد طھران منذ ١٠ سنوات؟ "
٩- ماڵپەڕی"tabnak" ناوی بابەت "سناریوی بازجویی ریگی "
١٠-چاوپیکەوتنی تەلەفزێۆنی"حەیدەر موسلیحی" وەزیری ئیتلاعاتی ئێران
١١- چاوپیکەوتنی تەلەفزێۆنی"کەمال نارۆئی" وتەبێژی بزوتنەوەی بەرەنگاری نیشتمانی 



ئه‌م بابه‌ته 271 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر