دەوڵەتى کوردستان لە نێوان دیفاکتۆ و یۆتۆبیادا

پرسە نیشتیمانی ونەتەوەییەکان وباسکردن لەمافی خۆچارەنووسی ودەوڵەتی سەربەخۆ و شیکردنەوەیەکی لۆژیکی وعەقڵانی، تەنھا ئەرکی سەرکردایەتی یاخود ڕابەرانی میللەت نییە، دەکرێت نووسەرو ڕۆشنبیرێک، یاخود ڕۆژنامەنووسێکیش ئەوئەرکە بگرێتەئەستۆ
AM:10:47:05/07/2019
دۆسیە: دەوڵەت سازی
دەوڵەت بۆکورد جگەلەوەی خەونێکی لەمێژینەیە پێداویستییەکی حەتمیە وئامانجێکی ستراتیژیە، باشوری کوردستان جگە لەوەی پایەکانی دەوڵەت وھەنگاوەکانی بڕیوە نیشانەکانی بەدەوڵەت بوونی تێدا بەھێزە

ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د
توێژه‌ر له‌ناوه‌ندی چاوی كورد

پێشەکى

پرسە نیشتیمانی ونەتەوەییەکان وباسکردن لەمافی خۆچارەنووسی ودەوڵەتی سەربەخۆ و شیکردنەوەیەکی لۆژیکی وعەقڵانی، تەنھا ئەرکی سەرکردایەتی یاخود ڕابەرانی میللەت نییە، دەکرێت نووسەرو ڕۆشنبیرێک، یاخود ڕۆژنامەنووسێکیش ئەوئەرکە بگرێتەئەستۆ. دەمێکە دۆزی کورد و پرسی دەوڵەت و سەربەخۆخوازی، بیر و زھنی داگیر کردوم، بەتایبەت دوای ئەو باھۆزە بەھێزەی کەبەشێک لەوڵاتانی عەرەبی ڕاپێچ کردوو، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. سەرەڕای ئاڵۆزی وگۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا دۆزی کورد و سەربەخۆییەکەی، چیترلەپرسێکی ناوخۆیی قەتیس نەماوە، بەڵکو لەدوای (ڕیفراندۆم)ەکەی باشوری کوردستانەوە، ئەم پرسە ڕەھەندێکی جیھانی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی گرنگە دۆخی ناوخۆی کوردستانە، ئاخۆ تاچەند گوزەر دەکات لەگەڵ ڕێنسانسی سەربەخۆیدا، ئەوڕاگوزەرەی بۆئێمە ماناداربێت، گواستنەوەی کۆمەڵگەیە لەئاستێکەوە بۆئاستێکی باڵاتر لەدەرەوەی شارستانیەتەوە، بۆ بەرھەمھێنانی شارستانیەت، دەرئەنجامی ئەوەش ڕاپێچکردنی کۆمەڵگەیە لەدەرەوەی مێژووەوە بۆناومێژوو، لەپەراوێزبوونەوە بۆگەیشتن بەناوەند، ئەگەر ڕێنسانسی کوردی بەواتای درووست بوونی دەوڵەتێک بۆکوردستان وەربگرین، ئەوا لەبەردەم دوو تێڕوانینداین: یەکەمیان: ڕوانین وئاوڕدانەوە بۆ ڕابردوو، کلتوری خۆمان. دووەمیان: لەبەرنەبوونی ھۆکاری بابەتیانە، نەمانتوانیوە سودمەندبین لەمیتۆدو فکری غەیری کورد. کوردستان پێش ھەرشتێک پێویستی بەدۆزینەوە ودەرچەیەکە لەوبارودۆخە نائارامەی ناوچەکەدا، ئەوەش تەنھا بەدرووستکردنی دەوڵەتی کوردستان دەگاتە ئەنجام، کورد ھەرلەدێرینەوە تینوی سەربەخۆیی بووە، بەدرێژایی مێژوو بێوچان لەھەوڵدا بووە، دواھەمین ھەوڵیشی لەڕیفراندۆمەکەی(٢٠١٧/٩/٢٥)دا بەرجەستە دەبێت، کەئامڕازی خستەخزمەت ئامانجەکەیەوە، بەمانایەکی دیکە، تاکتیکی خستەخزمەت ستراتیژیەکەیەوە، سەرباری ھەمووئەوانە گەشەی کۆمەڵایەتی کورد وەک پێویست نەبووە بەھۆی دابەشکردن وداگیرکردن وتۆبۆگرافیاوە، نەیتوانیوە تینوێتی سەربەخۆی بشکێنێت، ھەربۆیە کورد پێویستی بەڕاگوزەرێکی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی وکلتوری وفکری وفەرھەنگی ھەیە، تاوەکوھۆشیاری نەتەوەی تیادا بەرجەستە ببێت، جێی خۆیەتی بپرسین بۆچی وچۆن وکەی ئامانج وشێوازەکان یاخود ماھیەتی دەوڵەت چیە؟ چونکە پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆ ئامانج وخەونی ھەرتاکێک بووە، لێرەدا دەتوانین گریمانەی ئەوەبکەین لەسەرەتای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیدا، تادەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئامانجی بەدەوڵەتبونیان وەک دروشم بەرزکردوەتەوەو لەوپێناوەدا خەبات وقوربانیان ئەنجامداوە

بەشی یەکەم

باسی یەکەم
چەمک ومێژوی سەرھەڵدانی دەوڵەت

دەوڵەت(state)لەزانستی سیاسیدا، واتای پێکھاتە وکۆمەڵە خەڵکێکە لەناو خاک ونیشتیمانێکی دیاریکراوی ھاوبەشدا دەژین وخاوەن دەسەڵاتێکی سیاسین، ھاوڵاتیان بەھۆی دەوڵەتەوە دەبنە خاوەن سەروەری نیشتیمانی ولەڕێگەی جەوھەری حاکم ومەحکومەوە لەھێرشی دەرەکی پارێزراو دەبن. دەوڵەت مۆنۆپۆڵ وتوانای بەکارھێنای ھێزی ھەیە، لەناوچوارچێوەی دەوڵەتدا ھیچ ھێزێک لەھێزی دەوڵەت گەورەترو بەھێزتر نییە، ئامانجی دەوڵەت باشی گشتییە، (ماکیڤەر) سەبارەت بەدەوڵەت دەڵێت: "گردبوونەوەیەکە لەلایەن حوکمەتێکی خاوەن دەسەڵاتێکی ناچارکردن لەکۆمەڵێکی خاوەن خاکێکی دیاریکراو، کەپشت ئەستورە بەیاسا، ھەلومەرجی گشتی ودەرەکی سیستەمی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت"، دۆخی بێدەوڵەتی ترسناکە، دۆخی فەوزاو ناڕوونییە، یان وەک ئەوەی(تۆماس ھۆبز)باسی دەکات، دۆخێکە جەنگی ھەمووان دژی ھەمووان. 

دیاریکردنی مێژووی سەرھەڵدانی دەوڵەت لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، کارێکی دژوارو قورسە مێژووێکی ڕوونی بۆدیاری بکەین، بەڵام لەڕەوتی گەشەکردندا، کۆمەڵێک ھۆکار ڕۆڵیان ھەبووە بەشێوەیەکی تایبەت لەسەربنەمای کۆمەڵێک فاکت وفاکتەرو ھەلومەرجی ڕۆژگار بەدیھاتووە، زۆرێک لەسەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن دەوڵەت لەشارستانیەتی یۆنانی کۆن سەریھەڵداوەو سەرەتا بەدەوڵەتە شار دەستیپێکردووە، دواتر قۆناغ بەندی فۆڕمی دەوڵەتی تێپەڕاندوە، تاوەکو دەگاتە دەوڵەتی پۆست مۆدێرن، دەوڵەتە شارەکان لەئەنجامی کۆبوونەوەو یەکگرتنی ھۆزو قەبیلەکان درووست بووە، بەڵام دەوڵەت تاوەکوسەدەی شازدەیەم واتای سیاسی وەرنەگرتووە، یەکەمجار چەمکی دەوڵەت لەڕووی زانستییەوە دەگەڕێتەوە بۆ (ماکیاڤیللی)(١٥٢٧-١٤٦٩).

یۆنانییەکان لەباسی دەستەواژەی دەوڵەت وشەی(پۆلس)یان بەکاردەھێنا، کەدەکرێت بەدەوڵەتە شار بیناسێنین،(دەوڵەت-شار) دەگەڕێتەوە بۆنزیگەی(٥٠٠-٨٠٠)ساڵ بەرلە زایین، دەوڵەت قەوارەیەکی سەربەخۆی جوگرافی ونەتەوەییە، تاوەکوئێستا(١٤٧)پێناسە زیاتری بۆکراوە، گەشەکردنی مرۆڤ بۆخێزان، بنەماڵە، تیرە، خێڵ، نەتەوە، دەوڵەتی لێ بەرھەمھات، ئەمە گەشەکردنێکی سروشتییە، کاتێک دەوڵەت لەدایک بوو ھەڵگری ڕەنگ وکلتورو بەرژەوەندی نەتەوەیەکە، (ژان ژاک ڕۆسۆ)دەڵێت:"دەوڵەت جیھانێکە مرۆڤ(تاک)شوناسی خۆی تێدا وێنادەکات بۆفەراھەم کردنی مافەکانی"، سروشتی نەتەوە سروشتی دەوڵەت درووست دەکات، نەتەوە ودەوڵەت بێیەکتر نابن، دەوڵەت لەسەربوونی قەوارەی نەتەوە درووست دەبێت وتوانای تاکەکان کۆدەکاتەوە وھێزی گەورەی ھەمەجۆری لێدروست دەکات، دەوڵەت یەکگرتنێکی تاکەجیاواز وجۆربەجۆرەکان نیبە، بەچاکەخوازی یان زۆردارانە، ھەرنەتەوەیەک دەوڵەتی خۆی نەبوو،ملکەچ وژێردەستە ودیلی دەستی دەوڵەتی نەتەوەیەکی ترە، نەتەوەی بێ دەوڵەت کۆیلەیەو لەپڕۆسەی لەناوبردندایە وسیاسەتی توانەوە وپەرتکە وزاڵبەی(فرق-تسد)لەھەلومەرجی داگیرکراودا دەخنکێت.

لەڕووی فەلسەفییەوە، پێناسەی دەوڵەت لەچوارچێوەیەکدا دەبینێتەوە کەتایبەتمەندیە پەسەند وپێویستییەکانی دەوڵەتی پێشکەوتوو وەسفی دەوڵەتی چاک یان دەوڵەتی پەرەسەندووبکات، بۆئەمەش سێ قوتابخانەی ھزری ھەیە:

١- دەوڵەت بۆدرووستکردنی ھەماھەنگی لەنێوان بەشە جۆربەجۆر وپێویستیەکانی کۆمەڵگە لەئارادایە، ئەم دیدەش بۆفەیلەسوفانی وەک(ئەفڵاتون وئەرستۆ)، باوکانی کڵێسای وەک(ئاکویناس، ئۆگستین وشیشڕۆن)دەگەڕێتەوە.

٢- دەوڵەت لەئەنجامی(بڕیارێکی کۆمەڵایەتی)ەوە بەرھەم ھاتووە، ئەم بۆچوونەش بۆفەیلەسوفانی وەک(ھۆبز ولۆک وڕۆسۆ)دەگەڕێتەوە.

٣- دەوڵەت لەئەنجامی ململانێی نێوان چینەکان وھێزە ناکۆکە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەریھەڵداوە.

باسی دووەم
وێستڤاڵیا وەرچەرخانێک بۆدەڵەت نەتەوە

سیستەمی دەوڵەت بەشێوەیەکی کاریگەرلەشوێنی خۆی پارێزراوە بەھۆی جەنگی ساردەوە بەھێزبوو، لەوماوەیەدا فەزای گشتی دوژمنکارانەی نێوان زلھێزەکان ڕێگەی پێشکەوتنی لەدەربڕینى وردە نەتەوەییەکان تێپەڕبوو لە سنورە نەتەوەییەکان گیرسایەوە، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا دەوڵەت لەسەرتیۆری ئیلاھی شێوازی وەرگرت ولەسەر ئەو بنەما سیاسییە دەسەڵات کەوتە دەست پیاوانی ئاینی(کڵێسا)بەڵام لاوازبوونی دەوڵەت وبێتوانای کڵێسا بووە ھۆی درووست بوونی دەوڵەتى نەتەوەی. سەرئەنجام ڕژێمی ئیلاھی گۆڕا بۆدەسەڵاتی نەتەوەی، ھەموو ئەوانە جەخت دەکەنە سەرگۆڕانکاری سنورەکان بەچەشنی ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست لەئەورووپا، دەوڵەتی نەتەوەی(Nation state) لەگەڵ مردنی فیوداڵیزم سەریھەڵدا وبەشۆڕشی فەڕەنسی ھێزی دوو ئەوەندە زیادی کرد، بووە ھۆی گواستنەوەی دەسەڵات لەکۆشکی پاشایەتی وکڵێساوە بۆدەوڵەتی نەتەوەی، بۆ یەکەمجاربوو ئەودروشمە بەرزکرایەوە کەدەسەڵات لەھەموو نەتەوەکان پێکدێت، گەشەکردنێکی لەوجۆرە مانای ئەوەیە خاڵەسەرەکیەکانی وێستڤاڵیا(١٦٤٨)لەوانە ڕەگەزەکانی سەروەری نەتەوەیی وھەرێمی سیاسی وبنەما شەرعییەکانی دەوڵەت پێویستی بە چاوخشانەوەیە ھەتا وەلانانیش پاش وێستڤاڵیا یان ئەگەر وێستڤاڵیای نوێ بئافرێندرێت، لەپاڵ ھەموو ئەوانە خوێندنەوەیەکی ترھەیە بۆنەتەوە لەچوارچێوەیەکی تایبەتدا، کە نەتەوەش بەکۆمەڵە خەڵکێک دەوترێت کەڕابردووی ھاوبەش وزمانی ھاوبەش وجوگرافیای ھاوبەش وناسنامەی ھاوبەشیان ھەیە، دۆخێکی بونیادگەری زاڵەبەسەریاندا، مێژووێکی ھاوبەش لێکیان گرێدەدات، ھەستی ھاوبەش تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانیانە، ئەوکۆمەڵە مرۆڤە ھەست وخۆشەویستیان بۆجوگرافیا وخاکێکی دیاریکراوھەیە، بەڵام فەلسەفەی نەتەوەبوون ودرووست بوونی نەتەوە، ھەندێکجار جیاوازە، ھەندێکجار لەدەرەوەی ئەم جەدەلە، نەتەوە درووست دەبێت، لەناو زۆربەی نەتەوەکان، ئایین ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، بەشێوازی جیاجیا لەھەندێک دۆخی تایبەتدا نەتەوە لەچوارچێوەی ئایندا دروست بووە، وەکو جولەکەو فەلەستینیەکان، یان شیعە وسوننە لەعێڕاق، لەگەڵ درووست بوونی عێڕاق تاوەکو پڕۆسەی ئازادی عێڕاق(٢٠٠٣)، سوننەکان حاکمی عێڕاق بوون، لەومێژووەوە بەدواوە، شیعەکان حاکمی موتڵەقی عێڕاقن، ھەریەکەیان لەڕوانگەی ئایین ومەزھەبی خۆیانەوە ھەوڵی ئاڕاستەکردنی دەوڵەت دەدەن، بەڵام ھەندێکجار دۆخەکە جیاوازە، بۆنمونە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا لەیەک نەتەوەو یەک زمان پێک دێن، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جیاوازیەکانیان تۆخ دەبنەوە، لێک دووردەکەونەوە، ھەریەکەیان دەیانەوێت ناسنامەی تایبەت بەخۆی ھەبێت، ھەریەک لەوڵاتانی نەروێژو سوێدو دانیمارک، نایانەوێت لەچوارچێوەی یەک ڕەگەزدا بتاوێنەوە، ھەرنەتەوەیەک دەوڵەت درووست بکات، ڕەنگدانەوەی ناسنامەکەیەتی، بۆنمونە عێڕاق کوردی تیادا دەژی، تاوایتەوە بەھۆی باڵادەستی عروبیەتەوە، ناسنامەی عەرەبی عێڕاقی سەرجەم پێکھاتەکانی پوکاندۆتەوە.

لەسەدەی(١٦)بەدواوە بەسەردەمی لەدایک بوونی ناسیۆنالیزم وھەستی نەتەوەگەری دادەنرێت، بووەتە ھۆی لەدایک بوونی دەیان دەوڵەت لەسەر پێوەری دەوڵەت نەتەوە، بەسەردەمی ڕەگەزپەرستیش دادەنرێت، بەتایبەت لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا، چونکە ھەموو ئەودەوڵەتانەی لەم ناوچەیە درووست بوون، لەسەر حسابی نەتەوەیەکی تربووە، نەتەوە ژێردەستەکانیان داتاشیوە لەکلتورو فۆڕمی ڕەسەنایەتی، ئەم فۆڕمە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەدەی(٢١)کەبەسەدەی جیاوازی وفرەگەری وفرەڕەنگی پێناسە دەکرێت، ھەموو ئەو کرانەوانە، سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی خستە قەیرانەوە، چونکە بووە ھۆی لەدایک بوونی دەیان جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی میللەتان، ئەوکرانەوەیەی کەلە جیھانی تەکنەلۆژیاو تێکەڵاوبوون ھاتوەتە ئاراوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر دەوڵەت نەتەوە داناوە، لەلایەکی ترکاریگەری ئەرێنی لەسەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ھەیە، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە تا ئاستێک پێناسەی کەپیتاڵستی بەخۆیەوە دەبینێت، وڵاتانی سەرمایەدار ھەمیشە پشتیوانی دەوڵەت نەتەوەیان کردووە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، لەماوەی(٢٠٠)ساڵی ڕابردوو، وڵاتانی سەرمایەدار ڕۆڵی نەرێنیان ھەبووە لەسەر کورد، لەمێژووی کورددا وڵاتانی سەرمایەدار نەتەوەی کوردیان وەک کەرەستەی بەرژەوەندیەکانیان پێناسەکردووە، بۆیە سێیەکی وڵاتانی ئێستای جیھان، خەباتی چەکداریان لەپێناو سەربەخۆیدا ئەنجامداوە، کەڕۆژگارێک لەژێر زۆرەملێ(إکراە)دا بوون لەلایەن دەوڵەتە کۆڵۆنیاڵ و داگیرکارەکانی ئەوکاتدا.


باسی سێیەم 
ڕەگەزەکانی ھێزی دەوڵەت


١- فاکتەرە جوگرافییەکان:
 فاکتەری جوگرافی وڕوبەرو سنورو شێوەی دەوڵەت، کەش وھەواو دەرامەتەکانی سەرزەوی وژێرزەوی، پاڵپشتی بەھێزی دەوڵەتن.

٢- فاکتەری دانیشتوان:
 قەبارەی دانیشتوانی دەوڵەت وزۆری وکەمی ودابەشبوون وچڕیان دەستی کارو دانیشتوانی چالاک ڕەگەزێکی گرنگی ھێزی دەوڵەتن.

٣- فاکتەرە ئابوریەکان:
 سەرچاوە ‌سروشتییەکان وداھات وھەناردەوھاوردە.

٤- فاکتەرە سیاسییەکان:
 سیستەمی سیاسی وھەیکەلیەتی سیاسی وشێوازی وەرگرتنی بڕیارو دەستاودەستکردنی دەسەڵات ودەستورێکی مۆدێرن و دیموکراسییەت بەھەموو ماناکانی.

٥- فاکتەری سەربازی:
 قەبارەی پێکھاتەی ھێزەکان وخۆپڕچەک کردن وڕێکخستن ودیسپلینی سەربازی توانای لۆجستی وبەدیل ویەدەگ بۆ ڕووبەڕووبونەوە.


باسی چوارەم
تیۆرەکانی درووست بوونی دەوڵەت


تیۆروپێوەری بەدەوڵەت بوون، ناوەڕۆکی زانستی سیاسەت پێکدەھێنن، ئەم بابەتە لەچوارچێوەی زانستی سیاسەتدا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، سیاسەت باس لەگەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاک ونەتەوەو دەوڵەت دەکات، بەمانایەکی تر لێک گرێدانی پەیوەندی نێوان ئەوسێگوچکەیەو بەستنەوەی بە نیشتیمانەوە، جگەلەمانەش ئەم پرسە وابەستەیەکی جیھانی ھەیە، تیۆری دەوڵەت و بەدەوڵەت بوون چوار بنەمای سەرەکی لەخۆدەگرێت:

١- بنەما وتیۆرە بابەتیەکانی دەوڵەت: 
سێ بنەمای(نەتەوە، زەوی، دەسەڵات)دەگرێتەخۆی، جەخت دەکاتەسەرئەوەی ھەرگەل ونەتەوەیەک لەسەرزەوی ونیشتیمانی خۆی ڕێکخستنێکی سیاسی وشارستانی خۆسەریەک لەحوکمەتێکدا دروست بکات، گرنگ دەسەڵاتێکی سەربەخۆی ھەبێت ھەتا ئەگەر لەنزمترین ئاستیشدا بێت.

٢- فەلسەفە وکڕۆکی دەوڵەت:
 جەخت دەکاتەسەر بونیاد وڕوحی شارستانیەت وبایەخ وگرنگی دەوڵەت بۆتاک ونەتەوە، بۆئاشتی جیھانی وھەماھەنگی نێونەتەوایەتی لەپێناوچاکەوخێری گشتیدا.

٣- کردەی دەوڵەت بەپڕۆژە: بیرکردنەوەو تێڕوانینی ستراتیژی لەلایەن نوخبەی ڕۆشنبیر و سیاسی وھێزی سیاسی سەرکردەکانەوە، دەوڵەت دەربڕی ئاستی پێشکەوتن وڕێکخستنی شارستانیەتە.

٤- جەنگ وبنیادنانی دەوڵەت: 
داڕێژەرانی ئەم بوارە جەخت دەکەنە ڕۆڵی جەنگ وکاریگەری لەسەردەوڵەت، بەواتای جەنگ میللەتان دەکات بەدەوڵەت، ئەم بیرۆکەیە بۆ(سامۆئیل ھەنتینگتۆن)دەگەڕێتەوە، ئەوبەڵگەی ئەوە دەخاتە ڕوو لەسەدەی(١٨)شەست وھەشت جەنگ ڕوویدا، لەسەدەی نۆزدە(٢٠٥)جەنگ ڕوویدا، نزیکەی ھەشت ملیۆن کەس بوونە قوربانی ئەمەش دەرئەنجامی دوو ھۆکاری سەرەکی بوو:بەھێزی دەسەڵاتی حوکمەتی ناوەند، هەروەها سەرھەڵدانی ھەستی نەتەوایەتی بەھۆی چەوسانەوەو زوڵم، ئەودەڵێت بەرھەمی شۆڕشی ئەمریکی(١٧٧٦)دامەزراندنی دامەزراوەی شەرعی بوو واتە دەسەڵاتی ناوەند پەرت وبڵاوبوو بەمانایەکی تر چەندە دەسەڵاتی ناوەند لاوازتر بێت، ئەوەندە زیاتر میللەتان مافەکانیان وەردەگرن، لەدوای ساڵی(١٩٩٠)ەوە جیھان گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینی،(٢٨)وڵات سەربەخۆییان وەرگرت ودوو دەوڵەتیش لەناوچوون ئەوانیش یەکێتی سۆڤیەت ویۆگۆسلافیای جاران بوون، ھەموو ئەوانەش لەبەرئەنجامی جەنگدا ڕوویاندا، لەماوەی نێوان جەنگی دووەمی جیھانی وجەنگی سارددا بەنزیکەی(٥٠)ساڵ(١٠٠)وڵات سەربەخۆییان وەرگرت وسودیان لەجەنگ و ئاڵۆزیەکان بینی بۆدرووست کردنی دەوڵەت، مێژوو پێمان دەڵێت دەوڵەتی تازەو گۆڕانکاری سیاسی ومێژووی تەنھا لەئەزمونێکی ناسەقامگیروشڵەژاودا ڕوودەدات نەک لەبارودۆخێکی ئاسای وچەسپاودا.


باسی پێنجەم
پێویستیەتی وبایەخی دەوڵەت


یۆنانییە دێرینەکان دەوڵەتیان بەبەرجەستەکاری بەرزترین فۆڕمی ژیان دەزانی، (ئەرستۆ) باوەڕی وابووکە تاک بەجیا لەدەوڵەت ھیچ واتایەک نابەخشێت، (ئەفلاتون)یش باوەڕی بەھەمان گریمانە ھەیە کەدەوڵەت باڵاترین یەکەی کۆمەڵگەیەو گەورەترین دامەزراوەی ئەخلاقییە، ئامانجی پەرەپێدانی ژیانی باشترە، ھەموو ڕازوو نیازەکانی مرۆڤی ھەڵگرتووە، ھەرکارێک بۆپێشکەوتن وچاکەی ھەمووان دەزانێت، ھەموو فەیلەسوفە ئایدیاڵیستەکان دەوڵەت لەخودی خۆیدا وەک ئامانج سەیردەکەن، بۆڕازیکردنی ویستەکان وبەدەست ھێنانی پەرەپێدانی ئەخلاقی وگەشەپێدانی کەسێتی تاک وپاراستنی مافەکانی وھاوسەنگ کردن وپارێزگاری کردنی بەرژەوەندیەکان ودەستەبەرکردنی ئاسایش ودادپەروەری وخۆشگوزەرانیە، دەوڵەت ئامڕاز نییە بۆئامانجێک کەئەمرۆ ھێنابێتیەکایەوە، بەڵکو دەرئەنجامی ئەوگرێبەستە کۆمەڵایەتییەیە کەئارامی جیھان دابین دەکات، دەوڵەت شتێک دابین دەکات کەسروشت بۆمرۆڤی دابین نەکردووە، ئەویش ئاشتی وئارامی وئازادیە. دەوڵەت بۆمرۆڤ ھاتۆتەکایەوە نەک مرۆڤ بۆدەوڵەت بێت، ئایدیاڵیستە نوێیەکان ھاوڕای ئەوبیرۆکەیەن کەدەوڵەت دامەزراوەیەکی ئەخلاقییەھەتا بۆئەخلاقی مرۆڤایەتیش زەروریە، کەواتە
ئەگەردەوڵەت وەک قەوارەیەکی سیاسی ویاسایی بۆگەل ونەتەوەکان مافێکی سروشتی بێت، ئەوا بۆکورد چەندین ماناو ڕەھەندی ھەیە، دەبێت کورد جەنگێکی دژوار ڕابگەیەنێت، ئەوجەنگەش ئامانج بێت نەک ھۆکار، ئەو جەنگەش بریتییە لەجەنگی سەربەخۆیی  لەبەرئەم ھۆکارانە:

١- تاک بەکۆمەڵ بوون ونەتەوەبوون وکوردستانی بوون لەڕێگەی دەوڵەتەوە دەبێتە کەسێکی شارستانی، تاک بەشێکە لەنەتەوەکەی ودەوڵەت نەتەوەو نیشتیمان لێک گرێدەدات، دەوڵەت ئازادی ودیموکراسی وکۆمەڵایەتی بوون دەبەخشێتە تاکەکانی، سەربەخۆخوازی شارستانیەت بۆتاک دابین دەکات، دەوڵەت دەستور وقەوارە دیاریدەکات ئاشتیخوازی(pacifism)وھێمنی گەل ونەتەوە دەپارێزێت، کەبناغەی شوێنی بەرھەمھێنانی ژیان وچالاکیە مرۆییەکانە لەکشتوکاڵ وپیشەسازی وبازرگانی وچالاکی داھێنانی زانستی.

٢- بەدەوڵەت بوون، نەتەوەو نیشتیمانی کوردستان دەپارێزێت لەگۆڕینی پێکھانەی دانیشتوان(دیمۆگرافیا)، زۆرترین بێڕێزیش بەکورد کراوە ھەرجارەو بەناوێک، ھەندێک جاریش بەناوی ئاینەوە، ھەموو ئەوانە لەدۆخی بێدەوڵەتیدا ڕویداوە.

٣- زۆرترین کۆچ وڕاگواستن دووچاری کوردبووە لەمێژووی کۆن ونوێدا، بۆناوەوەو دەرەوەی وڵات، ئەمەش لەپێناوسڕینەوەو شوناسی کورد، خاوەن زۆرترین قوربانیدانە ھەرلەکۆنەوە تاوەکوئەمڕۆ ھەرلەئەنفال وجینۆسایدەوە تادەگاتە ئەوەی چەندین جارچەکی کیمیایی لەسەرتاقی کراوەتەوە، بەھۆی دۆخی بێ دەوڵەتی ھەموو ئەوانە ڕوویداوە.

٤- دەوڵەت بوون، کورد لەشەڕی ناوخۆ ڕزگاردەکات. ڕێگری لەدەستوەردانی دەرەکی دەکات وکوردستان لەپەلامارو داگیرکاری دەپارێزێت، ئاشتی ودڵنیایی وسەقامگیری کۆمەڵایەتی درووست دەبێت، خیانەت وجاشایەتی وعێڕاقچیەتی لەناو دەبات.

٥- بوار بۆ خەباتی مەدەنی وشەقام ودیموکراسی دەڕەخسێت، ئازادیەکانی تاک سنوربەندی لەسەرنامێنێت.

٦- دەوڵەت بوون سامان ونەوت وغاز وخێر وبێری وڵات دەپارێزێت لەدزی وتاڵانبردن، بناغەی پیشەسازیەکی گەشەسەندو مۆدێرن دێتەکایەوە.

٧- بەشێوەیەکی فەرمى ویاسایی لەڕێگەی دەوڵەتەوە دەتوانرێت پەیوەندییەکی تەندروست بگیرێت لەگەڵ دنیای دەرەوە، سەرەڕای ئەوە بەھۆی دەوڵەتەوە دەتوانرێت سود لەڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێت.

٨- بوار بۆ کشتوکاڵ کردن وئاودێری وئاوەدانی وڕێکخستنەوەی ژێرخانی ئابوری کوردستان دەڕەخسێت، لەگەڵیدا کلتورو دابونەریتی کوردەواری زیندوو دەبێتەوە، چونکە تەنھا دەوڵەت زامنی پاراستنی کلتورو ناسنامەی نەتەوەکانە.

٩- لەدۆخی بەدەوڵەت بووندا دادگەری ودادپەروەری ویەکسانی دێتەکایەوە، ھێزی یاسا سەروەرو دەچەسپێت، چونکە ھێزی دەوڵەت گەورەترە لەھەموو ھێزەکانی ناودەوڵەت.

١٠- دەوڵەت دۆزی کوردو کوردستان ڕاستەوخۆ دەکاتە بەشێک لەکێشە نێودەوڵەتییەکان ودەچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندی وھاوکاری ڕاستەوخۆی دەوڵەتانی دنیا، کوردستان ڕزگاردەکات لەوکۆت وپەیوەندییەی وەک بەشێکە لەعێڕاق، بۆنمونە نەتەوە یەکگرتووەکان ھەرچەند ناوی نەتەوەیە کگرتووەکانە بەڵام نەتەوەکان لەوڕێکخراوە جێگەیان نابێتەوە ئەگەربەرگی دەوڵەتیان لەبەرنەبێت، کاتێک کیمیاباران وئەنفال ڕوویدا نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنى ئاسایش ئەوڕووداوە گەورەیان بەکێشەیەکی ناوخۆیی دەبینی.

بەشی دووەم
باسی یەکەم
پێکھاتەکانی دەوڵەت

١- خەڵک(گەل): چەندایەتی وچۆنایەتی کاریگەری ئەوتۆیان لەپێکھێنانی دەوڵەتدا نییە، بەمانایەکی ترگەل بەھەردوو ڕەگەزەکەیەوە یاخود ڕێژەی دانیشتوان لەبەردیدە ناگیرێت بۆ بوون بەدەوڵەت، تەنھا ئەوەندە ھەبێت کاروبارەکانیان بەڕێوەبەرن، ئێستا لەجیھاندا دەوڵەتی واھەیە(١/٦)دانیشتوانی جیھان پێک دەھێنێت ھەردەوڵەتە، لەھەمان کاتدا دەوڵەتی وەھاش ھەیە یەک ملیۆنە ھەر دەوڵەتە، وڵاتێکی وەکو بەحرەین ژمارەی دانیشتوانەکەی(١٤٠٠٠٠٠)کەسە، یان قەتەر، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمترە لەیەک ملیۆن بەڵام دەوڵەتێکی وەکو چین ژمارەی دانیشتوانەکەی(١٣٥٠٦٦٠٠٠٠)کەسە، بەڵام گەلێکی(٤٠)ملیۆنی تاوەکوئێستا خاوەن دەوڵەتی خۆی نییە، پێویستە تاکی کورد بگاتە ئەو ئاگاییەی کەچارەسەری کێشەی ئەو لەبوونی دەوڵەتی کوردیدایە کاتێک تاک ئەوئاگاییەی بڕی لەو بوونە تەقلیدیە ڕزگاری دەبێت بۆشوناسێکی ھەبوون وپێکەوەیی لەژێرچوارچێوەی دەوڵەتدا پارێزراو دەبێت لەدەستوەردانی دەرەکی، ھەموو نەتەوەیەک ئارەزوی دامەزراندنی دەوڵەت دەکات مێژووش سەلماندویەتی ئاشتی وئاسایش لەدەوڵەتێکی فرەنەتەوەدا جێگیر نابێت، زۆرێک لەوڵاتانی ئەورووپا بەپێی بڕیارەکانی کۆنگرەی ڤییەننا(١٨١٥)ھەڵوەشانەوە کەچەندین گەل خرابوونە چوارچێوەی یەک دەوڵەت، پەیوەندی یاسایی نێوان گەل ودەوڵەت بەستراوەتەوە بەڕەگەزنامەوە، لەڕووی یاساییەوە ژمارەی دانیشتوان نەکراوەتە پێوەر بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت.

٢- خاک:
 ئەوپارچە زەویە دیاریکراوەیە کەخەڵک لەسەری دەژیت، ڕەگەزێکی سەرەکییە بۆدرووست کردنی دەوڵەت، بەڵام زۆری وکەمی خاک ڕێگرنییە بۆدرووست کردنی دەوڵەت، بۆنمونە وڵاتی بەحرەین ڕوبەرەکەی(٩٣٤)کم دوجایە، بەڵام ئەمریکاڕوبەرەکەیچەند هەزارێک لەو وڵاتە بچووکە زیاترە، ھەردوکیشیان ھەردەوڵەتن.

٣- دەسەڵاتی سیاسی:
 فاکتەرێکی سەرەکییە بۆدرووست کردنی دەوڵەت، ئەگەرھات وگەلێک لەھەرێمێکی دیاریکراودا نیشتەجێ بوو دەبێت حوکمەتێک یان دەسەڵاتێکی سیاسی ھەبێت کاروبارەکەی بەڕێوەببات، گرنگ نییە فۆڕمی ئەوحوکمەتە چی جۆرێکە، کورد لەدەوڵەتێکدا دەژی ھەرلەچرکەساتی دامەزراندنیەوە لەلایەن(مەلیک فەیسەڵ)لەیەکەم وتاری دەست بەکاربوونیەوە پەراوێزخرا، ئەم دەوڵەتە بەردەوام لەژێر کاریگەری ناسیۆنالستی عەرەبدایە، لەئەساسدا دەسەڵاتی سیاسی وپێکھاتە وبونیادی عێڕاق لەقەیراندایە، عەرەبەکان ھەوڵی بەھێزکرنی سەنتڕاڵ دەدەن، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی بەھاری(١٩٩١)ەوە کورد لەباشوری کوردستان خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسییە کەخۆی لەچوارچێوەی حوکمەتی ھەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە، ئەوەش فاکتەرێکی ئیجابی وگرنگە بۆبەرەوپێشچوون ودامەزراندنی دەوڵەت.

٤- دانپێدانان(اعتراف):
 یەکێکە لەڕوکنەکانی دروست بوونی دەوڵەت، ئەم ڕوکنە لەدوای کۆنگرەی(مۆنتیڤیدۆ)لەئۆرگوای لەساڵی(١٩٣٣)زیاد بوو، ئەمەش دەکرێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ، ئەمەش دەکەوێتە سەر بەرژەوەندی وڵاتان لەگەڵ ئەودەوڵەتەی تازە لەدایک دەبێت.

کاتێک دەبینین گەلی کورد خاوەنی پایەکانی بونیادنانی دەوڵەتەو تاوەکوئێستا دەوڵەتی نییە جێگەی داخ وتێڕامانە، گەلێکی(٤٠)ملیۆنی نەک لەسەرئاستی کوردستانی گەورە بەڵکو لەباشوری کوردستانیش دەوڵەتی نییە، ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆر دەوڵەت ھەیە بەقەد(١/٥)کورد نابێت وخاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی، بەڵام ئێمە تاوەکو ئێستا بەدوای دەوڵەتەوە عەوداڵین وپێی ناگەین وخەونی پێوە دەبینین ئاخۆدەبێت کەی لەوخەوە ڕاچڵەکێین ودەوڵەتی کوردستان ببێتە دیفاکتۆ، ھەزارەی سێیەم لەمێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ھەزارەی بڵندبوونی ڕوحی ناسیۆنالیزمە، بەرزترین پلەی بڵندبوونی ڕوحی وڕەھایی کۆمەڵایەتییە، تاگەیشتن بەئاستی دەوڵەت، لەچوارچێوەی جیھانگەرایدا دەوڵەتە بەھێزەکان بەرەوپیری دەچن ودەوڵەتی نوێ پێک دێن، کوردیش لەڕیزی کۆمەڵگە ھەڵچوەکاندایە چاوەڕوانی گەورەی لێدەکرێت لەگواستنەوەی قۆناغێکی باڵا تاوەکو ڕاگەیاندنی دەوڵەت.

باسی دووەم 
ڕێگاکانی درووست بوونی دەوڵەت

دەوڵەتەکانی جیھان بەشێوازی جۆراوجۆر درووست کراون، ھەریەکەو بەپێی ھەلومەرجی ڕۆژگار بڕیاریان لەچارەنووسیان داوە، زانایان لەسەرئەوە کۆکن درووست بوونی دەوڵەت ڕووداوێکی مێژووی سیاسییە بەدەر لەسیفەتە یاساییەکەی، دەتوانین شێوازەکانی درووست بوونی دەوڵەت بەم ڕێگایانە ڕوونبکەینەوە:

١- ڕێگەی گەشەکردنی سروشتی مێژووی:
 گەشەکردنی مرۆڤ(تاک)بۆخێزان، بنەماڵە، تیرە، ھۆز، نەتەوە، پاشان بۆدەوڵەت، ڕەوتی ئەم گەشەکردنەی ئێستا وەستاوەو ڕێگەی پێنادرێت بەھۆی ھێزی داگیرکەری دەوڵەتانەوە.

٢- ڕێگەی پەلاماردان وداگیرکاری:
 دەرکەوتنی ھێز ودەسەڵات لەلایەن کەسێک، خێڵێک لەڕێگەی جەنگ وشەڕو خەباتەوە بۆدەست بەسەرداگرتن وتاڵانی کەبیروباوەڕو ئایدۆلۆژیاو ئایین ڕۆڵی گەورەیان ھەیە وەک ھاندەرێکی مەعنەوی، مێژوو پڕیەتی لەنمونەی لەو جۆرە وەک داگیرکاری عەرەبەکان وفارسەکان وعوسمانیەکان ودروست بونی کۆماری لیبیریا لەساڵی ١٨٢٢ بەھۆی کۆیلە ڕزگاربووەکان.

٣- ڕێگەی خەباتی چەکداری:
 وەک شۆڕشی گەلان دژ بەداگیرکاری وداگیرکەر وکۆڵۆنیاڵیزم ونۆکەرەکانی، لەزۆربەی کیشوەری ئاسیا وئەفریقیا وئەمریکای لاتین زۆربەی دەوڵەتانی جیھان بەم ڕێگەیە دەوڵەتی سەربەخۆیان داتاشیوە.

٤- درووست بوونی دەوڵەت لەڕێگەی دابەشبون وھەرەسھێنانی ئیمپڕاتۆریەت ودەوڵەتە ئاڵۆزەکانەوە:
 نمونەی ئەم جۆرە لەمێژوودا زۆرە وەک ھەپرون بەھەپرونی ئیمپڕاتۆلاریەتی عوسمانی وھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بۆ(١٥)دەوڵەتی جیاواز، یان ھەڵوەشانەوەی چیک وسلۆڤاکیا(١٩٩٣/١/١)، لەتبوونی ھەردوو کۆریا لەساڵی(١٩٥٠)بۆدوو دەوڵەتی جیاواز.

٥- ڕیفراندۆم:
 یەکێکە لەشێوازەکانی درووست بوونی دەوڵەت، باشترین وئاشتیانەترین ڕێگەیە وەک تەیموری خۆرھەڵات لەساڵی ٢٠٠٢، دواھەمین دەوڵەتیش کەدروست بوو کۆماری باشوری سودان بوولە٢٠١١/٧/٩ لەکیشوەری ئەفریقیا.

٦- جیابوونەوە ویەکگرتن:
 زۆرێک لەدەوڵەتان بەم ڕێگەیە درووست بوون وسەربەخۆییان داتاشیوە کە ڕۆژگارێک بەشێک بوون لەدەوڵەتی دایک وەک جیابونەوەی ئەمریکا لەبەریتانیا١٧٧٦ یان جیابونەوەی بەڕازیل لەپرتوگال١٨٢٢ ھەندێک جارجیابوونەوە بەشێوازی ئاشتیانە ڕوودەدات وەک جیابوونەوەی نەروێژ لەسوید لەساڵی ١٩٠٥ یان یەکگرتنی ھەردوو ئەڵمانیاو ڕووخانی دیواری بەرلین لە١٩٩٠/١٠/٣ دا.

٧- کردەی یاسایی:
 ھەندێکجار دەوڵەت بەیاسایەک درووست دەبێت وەک درووست بونی فلیپین بەپێی یاسایەکی ئەمریکی لە(١٩٣٤/٣/٢٤)یان بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی ١٩٤٩ بۆدروست کردنی لیبیا.

دەوڵەت بەھەرھۆیەک دروست بێت لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کەدیاردەیەکی سیاسی وسەربازی وئابوری وکلتوری وشارستانی پێویستە بۆتاک ونەتەوە، تاھەنوکە لەجیھاندا(١٩٣) دەوڵەت ئەندامە لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ژمارەیەکی تری دەوڵەتیش ھەن بەڵام نەبونەتە ئەندام لەنەتەوە یەکگرتووەکان وەک تایوان، ئەنجازیا، ئۆسیتا، شەنگەھای، ھەموو دەوڵەتێک ھەڵگری مۆرک وڕووخساری نەتەوە وڕەگەز و کلتورێکە، بەڵام بۆدەوڵەتێکی فرەی وەکوعێڕاق ئەم پرسە تەواو پێچەوانەیە چونکە کوردەکان خاوەنی کلتورو ناسنامەی خۆیانن، بەڵام بەھۆی ئەوەی دەوڵەت نین بەرەو مردن وپوکانەوە دەچن، ھەرگیز ئۆتۆنۆمی وفیدڕاڵی وکۆنفیدراڵی نابنە پارێزەری ناسنامەی کورد، وەک میللەتێک بۆئەبەد، بەتایبەت کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەگۆڕانکاری وفۆڕمۆلیزەبوندایە، ئەوەی لەعێڕاق دان بەمافی کورددا دەنێت لەلاوازیەوەیە نەک لەقەناعەتەوە، شیعە کاتێک لەعێڕاق دەسەڵاتی وەرگرت وبووە حاکمی موتڵەقی وڵات کەوتە دژایەتی کردنی کورد لەکاتێکدا دۆستی کوردبوون، لەودەستورەش پەشیمان بوونەوە کە 
%٨٠ عیڕاق دەنگی بۆدابوو، بۆیە مانەوە لەعێڕاق مانای ئەوەیە ئێمە ھەرلەژێرھەیمەنەی عێڕاقدا دەمێنینەوەو وەک پاشکۆ(Annexation)سەیردەکرێین، ئەگەرتاوەکو سەد ساڵی تریش سەرۆک کۆمارو وەزیرەکان کورد بن، عێڕاق وڵاتێکی عەرەبیە وئەندامی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیە و بەشێکە لەئوممەی عەرەبی، کوردیش ناتوانێت شوناسی خۆی بدۆزێتەوە لەدەوڵەتێکی وێرانەو عەرەبیدا.

باسی سێیەم 
جۆرەکانی دەوڵەت لەکۆمەڵگەجیاوازەکان

دەوڵەتەکان لەڕواڵەت وفۆڕمدا چونیەکن، بەڵام لەناوەڕۆکدا تەواولێک جیاوازن، فرەچەشنن لەبەھێزی ولاوازی لەپێشکەوتن و دواکەوتن لەستەم ودواکەوتن وچەوسانەوە وڕەنج وبەرخودان جیاوازن، بۆیە دەبێت جۆرەکانی دەوڵەت بەم سێ شێوەیە جیابکەینەوە:

١- دەوڵەتی کۆمەڵگەی یەک نەتەوە: 
ئەم دەوڵەتە پێکھاتەی یەک نەتەوەیە، یەک زمان ویەک کلتور و یەک خوێن ویەک چارەنووسن، وەک ئەڵمانیا، ئوردون، ئیسڕائیل، ئەم جۆرە گرفتی سیستەم وحوکمڕانی وپێشکەوتن ودواکەوتنی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ھەروەھا گرفتی سەردەستەیی وژێردەستەی ھەیە وسەرەڕای ستەمگەری ودیموکراسی، گرفتی شەڕی نەتەوەیی لەم دەوڵەتەدا نییە، یەکێتی دەوڵەتەکە یەکێتی خاک ونەتەوەکەیەتی.

٢- دەوڵەتی کۆمەڵگەی فرەڕەگەز:
 دەوڵەتی کۆمەڵگەی فرەڕەنگ(تێکەڵاو)وەک ئەمریکا، لوبنان، میسر، باشترین نمونەی ئەودەوڵەتە ئەمریکایە دانیشتوانی ھیندیە سورەکان ڕەسەنەکانن، نەیانتوانی بەرگەی ھێرش وپەلاماردانی داگیرکەران وشەڕی پارتیزانی بگرن بۆیە تاوانەوە، ساڵانە ھەزاران کەس کۆچ بۆ ئەمریکا دەکەن ودەبنە ھاونیشتیمانی ئەو وڵاتە، ھیچ ھەڕەشەیەک لەسەر یەکێتی ئەمریکا نییە، کەسیش ڕووبەڕووی جیاوازیەکان نابێتەوە.

٣- دەوڵەتی کۆمەڵگە ئاڵۆز(داگیرکەروداگیرکراو):
 ئەم جۆرە دەوڵەتە بەھۆی دەستدرێژی وداگیرکردنەوە دوونەتەوەو دوو نیشتیمان لەخۆی دەگرێت، نمونەی ئەم جۆرە دەوڵەتە تورکیا، ھیندستان، سوریایە، باشترینیشیان عێڕاقە ئەم جۆرەی دەوڵەت ھەمیشە لەدۆخی فەوزاو جەنگدایە، خودی دەوڵەتەکەش لەفۆڕمی حوکمڕانیدا دەوڵەتێکی لاسارە(Rouge state)، بەردەوام شەڕی نەتەوەی سەردەست وژێردەست سیمای دیاری دەوڵەتەکەیە وبەسەربەخۆیی گەلی داگیرکراو ئاشتی دێتەکایەوە، ئەم جۆرە لەفۆڕمی دەوڵەت بەڕووی چەندین ئاستەنگ دەناڵێنێت، سیستەمی بەڕێوەبردن لەم جۆرەی دەوڵەت دینامیکیەتی یەک ڕەنگکردنە دورە لەھەموو بەھاو مۆڕاڵیەتێک(Ethos)، بۆیەھەمیشە جەنگ وکاولکاری بەرھەمی ئەودەوڵەتەیە، لەم جۆرە دەوڵەتەدا یەک نەتەوەو یەک کلتورو یەک زمان زاڵ دەبێت، دەوڵەتیش تەنھا بەرژەوەندی یەک نەتەوەو یەک کلتورو یەک ڕەنگ دەپارێزێت. 

لەلایەکی ترکۆمەڵناسە ‌سیاسییەکان جۆرەکانی دەوڵەت دابەشدەکەن بۆ:

١- دەوڵەتی ڕەھا:
 ئەم جۆرە دەوڵەتە دەسەڵاتی لەگەڵ ھیچ ھێزێکی تر دابەش ناکات، پشت بەدەزگای ھیڕاکی وسەنتڕاڵ دەبەستێت، نمونەی ئەم جۆرە لویسی چواردەو لویسی سێزدەیە لەفەڕەنسا، گرنگترین تیۆریستەکانی(ژان بۆدان وژان ژاک ڕۆسۆ)یە.

٢- دەوڵەتە دەستوریەکان:
 دەستەواژەی(Constitutionalism)لەزمانی ئینگلیزی وفەڕەنسی بۆپێناسەکردنی دەوڵەتە دەستوریەکان بەکاردێت، دەسەڵاتی دەوڵەت لەیاسادا بەرتەسک دەبێتەوە.

٣- دەوڵەتی لیبڕاڵ:
 ئەم جۆرەی دەوڵەت لەسەر بنەمای ئابوری وسیاسی دادەمەزرێت، دەوڵەت دەست وەرناداتە کاروباری ئابوریەوە، سەرگوڵی ئەم دەوڵەتانە ئەمریکا و بەریتانیایە.

٤- دەوڵەتی ڕابەری:
 ئەم دەستەواژەیە قورسە، دەگەڕێتەوە بۆدەیەی ساڵانی ١٩٣٠، تیۆرەکانی(کینز)ئەوە دەردەخات دەوڵەت لەکاتی قەیران وئاوساندا(Stagflation)،دەستوەردانی بازاڕدەکات.

٥- دەوڵەتی خۆشگوزەران:
 ئەم جۆرە دەوڵەتە لەپاش جەنگی دووەمی جیھانی سەریھەڵدا، دەوڵەتێکی بەرنامە داڕێژەرە بۆکۆکردنەوەی سەرمایە لەناوەندو درووست بوونی خۆشگوزەرانی، ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ھاوڵاتییە، سەروەری یاسا(السیادة القانونیة)لەسەروی ھەموشتێکەوەیە.

٦- دەوڵەتی نیولیبڕاڵیەکان:
 ئەم دەوڵەتانە بەرھەمی قەیرانی ئابوری حەفتاکانی سەدەی ڕابردوون، کەوڵاتە پیشەسازیەکانی گرتبۆوە.

باسی چوارەم
ھۆکارەکانی درووست نەبوونی دەوڵەتی کوردستان


لەڕاستیدا ھۆکارگەلی زۆر ھەن وایکردووە دەوڵەتی کوردستان درووست نەبێت، ھەم لەئاستی ناوخۆ تاوەکو دەگاتە فاکتەرە دەرەکی ونێودەوڵەتیەکان، بەڵام گرنگترین شت کورد خۆیبووە، دابەش بووەو دژبەرو دووپاڕادۆکسی بوون، سەبارەت بەم پرسە، دەکرێت بەشێوەیەکی کورت وڕێژەیی ئاماژە بەوخاڵانە بکەین:

١- ھەڵکەوتە وپێگەی جوگرافی کوردستان لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، کەناوچەیەکی گرنگ وپڕبایەخ ودەوڵەمەندە ھەمیشەچاوی زلھێزەکانی لەسەربووە، لەلایەکی تر داخراوی خاکی کوردستان ونەبوونی دەروازەی ئاوی کەزۆر گرنگە بۆھەموو دەوڵەتێک.

٢- دۆزی کورد وابەستەی چواردەوڵەتی داگیرکەری کوردستانە، ئەوانیش(ئێران، تورکیا، سوریا، عێڕاق)ە، کەچواردەوڵەتی داگیرکەرو تاکڕەون، ھەمیشە لەھەمبەر پرسی کورد یەک ئامانج ویەک ستراتیژیان ھەیەو ھاوڕان.

٣- ھەژاری ونەخوێندەواری وناھۆشیاری گەلی کورد.

٤- نەبوونی زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو، ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت:ئەگەربەزمانی خۆت قسەنەکەیت وەک ئەوە وایە زمانت نەبێت.

٥- نەبوونی سەرکردایەتییەکی لێھاتوو بیرتیژ بەشێوەیەکی ڕێژەی، سەرەڕای سیفەتی خۆخۆری وخیانەت کردن لەجیاتی خەمخۆری، بیرۆکەی دەوڵەت لەکوردستان بیرۆکەیەکی ھەرە لەمێژینەیە، بەڵام ناوچەییە، سەرتاسەری نییە، ئەمەش بووەتە تەگەرەدانان وکوردی ئاوابەپەرت وبڵاوی ھێشتوەتەوە، کەناتوانێت یەکێتی نەتەوەی بەدیبھێنێت.

٦- نەبوونی ھاوسەنگی ھێزی سیاسی وسەربازی لەبەرامبەرنەیارەکانیدا، سەرەڕای نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی، زۆرجار دەوڵەتە زلھێزەکان بەرژەوەندیان لەگەڵ کورد نەبووە.

باسی پێنجەم
دەوڵەت وڕێگەچارەی دۆزی کورد


لەڕاستیدا کێشەی کورد ئەوەیە کەمیللەتێکی چل ملیۆنی لەم جیھانە پێشکەوتوەی سەدەی بیست ویەکدا بێبەشکراوە لەمافی نەتەوەیی خۆی، وەک یەکێک لەکۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دۆزی کورد وابەستەی چواردەوڵەتی داگیرکەرە کەئەندامن لەنەتەوە یەکگرتووەکان وئاشنان بەپەیماننامەکەی، دەبێت پابەند بن بەتەواوی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان(Charter the united nations)، بەتایبەت ئەوەی لەبڕگەی یەک بەندی دووەم ئاماژەی بۆکراوە، لەساڵی ١٩٨١ چوارمەرجی دانا بۆ ئەو گەل ونەتەوانەی داوای سەربەخۆی ومافی خۆچارەنووسی دەکەن:

١- دەبێت ئەوگروپە خاوەن زمان وڕۆشنبیری وئاینی جیاوازبێت.

٢- دەبێت تاکەکانی ئەوگروپە ھەستی مێژووی ھاوبەشیان ھەبێت.

٣- دەبێت پابەندبن بەپاراستنی ناسنامەی خۆیان.

٤- دەبێت گروپەکە خاوەن ھەرێمێکی تایبەت بەخۆیان بن وداوای پیادەکردنی(Self-determination) مافی چارەنووس بکەن.

ئەگەرسەیر بکەین باشوری کوردستان بەتەواوی ئامادەیە بۆمومارەسەکردنی ئەو پرسە وتەواوی پایەکانی بونیادی دەوڵەتی تێدایە، باشترین فاکتەریش خودی ئەو بارودۆخە ناھەموارەیە کەدەوڵەتی عێڕاق خوڵقاندویەتی، چونکە عێڕاق دەستکەوتی چنینەوەی جەنگی جیھانییە کە دەستپێکێکی تراژیدی وئاڵۆز بوو بۆبەشێک لەجوگرافیای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کوردیش خرایە چوارچێوەی ئەو سنورو سیستەمە لەحوکمڕانی کردن، ئەگەربەوردی لەمێژووی دەوڵەتی عێڕاق بڕوانین بۆمان دەردەکەوێت کێشەکە لەخودی ستڕاکچەری بەدەوڵەت بوو‌نی عێڕاقدایە کەناسنامەیەکی ساختەیە، جیاوازیەکان زۆر زیاترن لەخاڵە ھاوبەشەکان لەسەر ئاستی نەتەوەی ودینی ومەزھەبی وکۆمەڵایەتی وزانستیەوە، ئەوجیاوازیانە نەبونەتە خاڵی ئیجابی وبەھێز بەقەد ئەوەی بونەتەھۆی لەرزۆک بوون ونزیک بوونەوەی ڕووخانی عێڕاق، دەوڵەتی عێڕاق تائەبەد نابێت وبەرەوھەڵوەشانەوە دەڕوات(Dissolution)، بۆیەدەبێت کوردیش بەخێڕای ھەنگاوی جیابوونەوە(Secession)ھەڵگرێت، کێشەکانی عێڕاق لەچوارچێوەی مەزھەبی بەتەنھا قەتیس نەماوە، بەڵکو دۆزی کورد دوای زیاتر لەسەدەیەک لەیەک بازنەی چەقبەستودا خول دەخواتەوەو ھەرحوکمەتەش بەجۆرێک ئەوکێشانە دەمەزەرد دەکات، کێشەکانی عێڕاق ھێندە زۆرن باڵایان زیاترە لەمێژووی درووست بوونی عێڕاق، یەکێک لەدەوڵەتە گەورەکانی کوردستان لەسەردەستی سەرکردەیەکی کورد بەناوی(دیاکۆ)دامەزراوە(١٥٠)ساڵ حوکمڕانی کردووە واتە(٥٥٠-٧٠٠)پ.ز،دوای عەیامێک کەیخوسرە دێت فەرمانڕەوای ھەموو عەجەموستان دەکات، بەڵام دوای بیست ویەک سەدە پاش زاین ھێشتا کورد خەریکی خۆخۆری وناکۆکی ناوخۆییە قۆناغبەندی جەدەلی دەوڵەتی سەربەخۆی تێپەڕنەکردووە، تاوەکوئێستا کەسانێک ھەن پێیان وایە پێویستمان بەدەوڵەت نییەو ڕێگری لێدەکەن، ھەموو مەینەتیەکانی کورد(Kurdish calamity)لەبێ دەوڵەتیەوە سەرچاوەی گرتووە، تاوەکو ئێستا لەعێڕاق دەسەڵاتێکی تۆتالیتارو مۆبۆکڕاسی(Mobocracy)حوکمی کردووە، بۆیە کلیلی چارەسەری دۆزی کورد لەدەوڵەتێکی خۆسەرەوە سەرچاوە دەگرێت کەزامنی پاراستنی کورد و ناسنامەکەیەتی.

ئەنجامگیری(Conclusion)

دەوڵەت بۆکورد جگەلەوەی خەونێکی لەمێژینەیە پێداویستییەکی حەتمیە وئامانجێکی ستراتیژیە، باشوری کوردستان جگە لەوەی پایەکانی دەوڵەت وھەنگاوەکانی بڕیوە نیشانەکانی بەدەوڵەت بوونی تێدا بەھێزە، دەسەڵاتی شمولی عێڕاق وفاکتەری ناوخۆیی ڕۆڵی سەرەکیان ھەیە لەمەڕ ئەوپرسە،ھەوڵدان بۆدەوڵەتی سەربەخۆ کلیلی چارەسەرەو زامنی پاراستن ومانەوەو بەرەوپێشچوونی کوردە.

سەرچاوەکان
______

١- مسعودعبدلخالق، مەوسوعەی جودی بۆچەمک وزاراوەکان، نوسینگەی تەفسیر، ھەولێر، ٢٠٠٨.

٢- حوسێن بەشیریە، بنەماکانی زانستی سیاسەت، و:ئەبوبکرکاروانی، چاپخانەی حەمدی، چاپی دووەم، ٢٠٠٩.

٣- عومەر ڕەسوڵ خدر، جیۆپۆڵەتیکی دنیاو بەجیھانی بوون، چاپی دووەم، ٢٠٠٧.

٤- عەبدولرحمان عالم، بنەماکانی زانستەسیاسیەکان، و:دلاوەرعەبدوڵا ومحمدکەریم، ئەکادیمیای ھۆشیاری وپێگەیاندنی کادیران، سلێمانی، ٢٠١٢.

٥- ئاوارە حسین، کورد ودەوڵەت، چاپخانەی سیما،٢٠١٠.

٦- ھاوڕێ سوارە، تیۆری دەوڵەت وبەدەوڵەت بوونی کوردستان، چاپخانەی ھونەر، سلێمانی، ٢٠١٣.

٧- نەوزاد عەبدوڵا، دۆزی کورد لەعێڕاق ومیکانیزمی چارەسەرکردنی دوای٢٠٠٣، چاپخانەی خانی، ٢٠٠٩.

٨- نەوزاد عوسمان، ڕێبازی سۆشیاڵ دیموکرات وکۆمەڵگەی کوردەواری، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، ٢٠٠٨.

٩- ئیسماعیل بێشکچی، کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی، و:حەمە ڕەشید، دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم، سلێمانی،٢٠٠٢.

١٠- فەرید ئەسەسەرد، چەمک وبیرۆکەی دەوڵەت لەجوگرافیای سیاسیدا، مەکتەبی بیروھۆشیاری، سلێمانی، ٢٠٠٢.

١١- عەتا قەرەداغی، خەونی سەربەخۆیی لەواقیعێکی ناجێگیردا، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٤.

١٢- ئۆفرا بینگۆ، بنیادنانی دەوڵەت لەناودەوڵەتدا، و:سۆران مستەفا، چاپخانەی ئاراس، ھەولێر، ٢٠١٣.

١٣- ئەلبێرت عیسا، عەسەبیەت وتیۆری دەوڵەت لەبیری ئیبن خەلدوندا، چاپخانەی ڕوون، ٢٠٠٥.

١٤- عەدنان مەلاساڵح، دەوڵەتی کوردستان لەنێوان خەون وواقیعدا، چاپخانەی چوارچرا، ٢٠١٢.

١٥- د.ئەحمەد نەقیب زادە، پێشەکییەک لەسەرکۆمەڵناسی سیاسی، و:مەسعود رەواندوست، چاپخانەی ئاراس، ھەولێر، ٢٠٠٧.

١٦- ئینگۆ نۆیمایەر، کورد گەلێکی بێ دەوڵەت، و:ڕێبوار تۆفیق، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠١١.

١٧- د.حکمت شبر، السیادة فی عالم متغیر، الطبعة الاولى، ٢٠٠٦.
١٨- خەلیل عەبدوڵا، مافی چارەی خۆنوسین، گۆڤاری کلتور، سلێمانی، ژمارە(٢)کانونی یەکەمی ٢٠١٠.
١٩- د.شێرزاد نجاڕ،یەکێتی ئەورووپا وعێڕاق وکورد، گۆڤاری گوڵان، ھەولێر، ژمارە(١٠٠٨).
٢٠- ابراھیم شێخ محمد، گرفتەکانی جێبەجێ کردنی دەستور لەعێڕاقدا، ڕۆژنامەی ھەولێر، ژمارە(٢٧٢٦)کانونی دووەمی ٢٠١٨.



ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر