بەهاى سەربەخۆبوون، ئایا ئەورووپا دەتوانێت سوپایەکى یەکگرتووى هەبێت؟

PM:02:46:02/12/2018
دۆسیە: نێودەوڵەتی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نوسینى: نوار ئەلصەمەد

 

بانگەوازەکانى " ئیمانۆئێل ماکرۆن" ى سەرۆکى فەرەنسا، سەبارەت بەپێکهێنانى سوپایەکى ئەورووپی یەکگرتوو، چەندین هەڵوێستى جیاوازى لێکەوتەوە، هەروەها لەلایەن "دۆناڵد ترامپ" ى سەرۆکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە، ناڕەزایەتى لەسەر ئەو بابەتە دەربڕدرا، دواتر داواى لە یەکێتى ئەورووپا کرد کەنرخى پارێزگاریکردنى خۆیان لەچوارچێوەى هاوپەیمانى ناتۆدا بدەن. گرنگترین پاڵنەرەکانى پشت پێکهێنانى سوپایەکى ئەورووپی خۆیان لە: ناڕێکى سیاسی وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەمیانەى کارلێکە نێودەوڵەتییەکانیدا، بوونى مەترسییەکى بەردەوام لەخۆقوتارکردنى ئەو وڵاتە لەپابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانى، هەڵکشانى مەترسییە نائاساییەکان کەیەکێتى ئەورووپا ڕووبەڕووى دەبێتەوە، دەبینێتەوە.

 

سەربەخۆیی ئەورووپا

 

لەمانگى تشرینى دووەمى ٢٠١٨، سەرۆکى فەرەنسا" ئەمانۆئێل ماکرۆن" بانگەوازى پێکهێنانى سوپایەکى ئەورووپی یەکگرتووى کرد، ئەوەش بەمەبەستى بەرگریکردن لە ئەورووپا بەشێوەیەکى سەربەخۆ، دوور لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەم بانگەوازەش لەلایەن "دۆنالد ترامپ" ى سەرۆکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە" سوکایەتییەکى بێ ئەندازە" وەسف کرا، بەتایبەتى کە سەرۆکى فەرەنسا، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى لەگەڵ هەریەک لە: چین و ڕوسیا، لەیەک ئاستدا دانابوو، بەجۆرێک کەمەترسین بۆسەر ئاسایشی سیبرانى، هەروەها مەترسین لەسەر پڕۆسەى دیموکراسى.

 

لەکاتێکدا ئەم بانگەوازە، لەلایەن "ڤلادیمیر بۆتین" ى سەرۆکى ڕوسیاوە پێشوازى لێکرا، سەبارەت بەو بابەتە بۆتین دەڵێت کە" ئەم بابەتە نوێ نییە، بەڵام سەرۆکى فەرەنسا ئەو بابەتەى زیندوو کردەوە، هەروەها لەڕووى لۆژیکەوە ئاساییە ئەگەر وڵاتانى ئەورووپا بیانەوێت سەربەخۆبن وخاوەن سەروەرى خۆیان بن لەهەردوو بوارى ئاسایش وبەرگریدا". لەهەمانکاتدا، "ئەنگێلا مێرکل" لە وتەیەکیدا لەبەردەم پەرلەمانى ئەورووپادا لە ١٣ ى تشرینى دووەمى ڕابردوودا دەڵێت" پێویستە ئامڕازە سیاسییەکانى خۆمان بەئاڕاستەى خزمەتى هاوڵاتیانمان گەشە پێبدەین، بەڵام پێویستە کار لەسەر ئەوە بۆچوونە بکەین کەپێی وایە سوپایەکى یەکگرتووى ئەورووپی بەڕاستى هەبێت"، لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەى کەئەم بۆچونە دژ بەبڵاوبوونەوەى هاوپەیمانێتى ناتۆ نییە لەئەورووپا.

 

لەوانەیە ئەم بابەتە جارێکى دیکە، پرسی "ئاسایشی ئەورووپا" بهێنێتەوە بەر باس، ئەو پرسەى کە زۆرجار، لەگەڵ هەرگۆڕانکارییەک لە ستراکچەرى نێودەوڵەتییدا، لەدواى کۆتایی جەنگى جیهانى دووەم، تا هەنوکە، سەری هەڵدەدایەوە. لەم بوارەدا تیمێک پێیان وایە کەپێویستە یەکێتى ئەورووپا، خاوەنى دامەزراوەیەکى ئاسایشی تایبەت بەخۆى بێت، چونکە ناکرێت کە پڕۆژەیەکى ئەورووپی سەربەخۆ بینابکرێت تەنیا بەپشتبەستن بە لایەنى ئابورى، لەکاتێکدا کەئەو بوارانەى پەیوەندیدارن بە ئاسایشەوە ببسترێنەوە بەچەند بازنەیەکى دەرەکییەوە. لەبەرامبەردا، تیمێکى دیکە پێیان وایە، کە ئاسایشی ئەورووپا دەستەبەر نابێت، تەنیا لەکاتێکدا نەبێت، کە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەشدارییەکى کاراى تیادا نەکات. لەهەمانکاتدا، هەرجارێک سەقامگیرى ئەورووپا ڕووبەڕووى مەترسی بوبێتەوە - وەک ماوەى جەنگى سارد، قەیرانى پارچەپارچەبوونى یۆگسلاڤیا – ڕۆڵى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەدەردەکەوێت، ئەوەش وەک کۆڵەکەیەکى سەرەکى ڕاگرتنى هاوکێشەى ئاسایش لەئەورووپادا.

 

پاڵنەرەکانى پشت دروستبوون.

 

پیشتر هەرکاتێک ڕوسیا لاواز بووبێت، یان سەرقاڵى کێشە ناوخۆییەکانى بووبێت، وەک ئەو ماوەیەى دواى هەرەسی یەکێتى سۆڤێت، ئەم جۆرە پێشنیارانە سەبارەت بەسەقامگیرى ئاسایشی ئەورووپا، سەریهەڵدەدا. بەڵام، ئەم جارەیان بەپێچەوانەوە، ئەو پێشنیارە هاوتا لەگەڵ بەهێزبوونى ڕوسیادا سەرى هەڵداوە، هەربۆیە ئەم جارەیان، چەندین هۆکار لەپشت ئەو پێشنیارەوە بونیان هەیە ولەوانە:

 

یەکەم: گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتى ئەمریکادا

 

 لەگەڵ گەشتن بەدەسەڵاتى "ترامپ"، لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، مەترسییەکانى هاوپەیمانە ئەورووپییەکان ڕووى لەزیادبوون کرد، بەتایبەتى کە ناوبراو هەڵمەتى هەڵبژاردنى لەسەر چەند بنەمایەک داڕشبوو کەمەترسیبوون بۆ سەر سەقامگیرى ئەورووپییەکان، بۆ نمونە، ئەو دەیگوت کەسەرچاوەى گرفتەکانى ئەمریکا لەوە سەرچاوەى گرتووە کە ڕۆچووە لەسەرکردایەتی کردنى جیهان "global leadership"، هەروەها بەردەوام ئاماژەى دەدا بە کشانەوە لە ناتۆ، دواتر بەردەوام جەختى لەوە دەکردەوە کەپارێزگارى سەربازى بۆ هاوپەیمانان تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کەزیاتر دەبەخشن، هەروەها پێویستە لەسەر وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کەخۆى ڕزگار بکات لە سەرنشینە شێتەکان "Free Rider"، ئەمەش ئەوە بوو کەسەرۆکى فەرەنسا "ماکرۆن" ڕەدیکردەوە، لەکاتێکدا کەلە تشرینى دووەمى ٢٠١٨ بە تۆڕى هەوڵى "C.N.N" ڕاگەیاند کە" پێویستە لەسەر ئەورووپا سەربەخۆیی ئاسایشی خۆى ڕابگەیەنێت، لەبری کڕینى چەک لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەگەر بمانەوێت خەرجییەکانمان زیاد بکەین ئەوە دەبێت لەپێناو بەدیهێنانى سەربەخۆیماندا بێت".

 

لەهەمانکاتدا، ڕۆژنامەى"گاردیان" لە وتارێکیدا کەلەمانگى تشرینى دووەمى ٢٠١٨ بڵاوى کردۆتەوە، ڕایگەیاند کە، ڕاپۆرتێک لەلایەن هەریەک لە"برنارد کازنۆڤ" ى سەرۆک وەزیرانى پێشوى فەرەنسا وسکرتێری پێشووى هاوپەیمانی ناتۆ، ئامادەکراوە، لەو ڕاپۆرتەدا گەیشتونەتە ئەوەى کە" ترامپ" ى سەرۆکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، هەڵگرى بۆچونى دژایەتیکردنى ئەورووپایە، هەروەها پێویستە هەریەک لە بەریتانیا وفەرەنسا هاریکارى نێوانیان زیاد بکەن، لەهەمانکاتدا، دڵنیایی دەدەن سەبارەت بەوەى کەلەکاتى ئێستادا ناتوانرێت، پێشبینى سیاسەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بکرێت.

 

دووەم: مەترسییە نائاساییەکان

 

سەبارەت بەچۆنیەتى ڕووبەڕووبونەوەى مەترسییە نائاساییەکان هەریەک لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وئەورووپا بۆچونى جیاوازیان هەیە، بەتایبەتى کەهەندێک لەو مەترسییانە کاریگەرى ڕاستەوخۆى بۆسەر ئاسایشی وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا نییە، وەک قەیرانى کۆچبەران. هەربۆیە ئەورووپا بەپێی بەرژەوەندییەکانى ڕووبەڕووى ئەو قەیرانانە دەبێتەوە. پلانى ئەورووپا لەم بوارەدا بریتییە لەدامەزراندنى چەند بنکەیەکى ئاسایش بۆ پێشوازیکردن لەو کۆچبەرانەى کەڕوو دەکەنە ئەورووپا بەمەبەستى وەرگرتنى پەنابەرێتى، ئەوەش بەمەبەستى گەڕانەوەیان بۆ ئەو وڵاتانەى کەلێوەى هاتوون، دەست بەجێ، دواى کۆتایی هاتنى قەیرانى وڵاتەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەن کە چی زووترە چارەسەرى سیاسی سوریا سەربگرێت.

 

سەرەڕاى ئەوەى کەئاژانسی پەنابەرانى یەکێتى ئەورووپا لەمانگى شوباتى ساڵى ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە، ژمارەى ئەو کەسانەى کەهەوڵ ئەدەن پارێزبەندى نێودەوڵەتى لە ئەورووپا بەدەست بهێنن لەساڵى ٢٠١٧ بەبەراورد بە ساڵى ٢٠١٦ بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام، مەترسی ئەوە هەیە کەشەپۆلێکى نوێى پەنابەران لە ئەفریقیاوە ڕووبکاتە ئەورووپا، "ستیڤن سیمیس" لەمانگى شوباتى ساڵى ٢٠١٨ لە پەڕتوکێکیدا بە ناونیشانى "هەڵکشان بەرەو ئەورووپا" ئەم مەترسییەى ڕاگەیاند، ئەو دەڵێت کە ژمارەیەک لە پەنابەران بەشێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو لە ئەفریقیاوە بەرەو ئەورووپا هەڵدێن، بەوپێیەى کەژمارەى دانیشتوانى ئەفریقیا لەماوەى سی ساڵى داهاتوودا دەگاتە٢,٤ ملیار کەس، ئەمەش دەبێتە هۆى دروست بوونى فشار لەسەر کاڵاکان، هەروەها کۆچکردنیان بۆ چەندین ناوچەى جیاواز لەجیهاندا، لەنێویشیاندا وڵاتانى ئەورووپا، بەپێى ئەو ژمێرکارییانەى کەنوسەر لەپەرتوکەکەیدا ئەنجامى داوە، پێشبینى دەکرێت کە ٢٥% ى دانیشتوانى ئەورووپا لەڕەچەڵەکدا ئەفریقی بن لەداهاتوودا.

 

سێیەم: پشتگیریکردنى بەرژەوەندییەکانى فەرەنسا

 

"ماکرۆن" پێی وایە کە ئەورووپایەکى بەهێز خزمەت بەبەرژەوەندییەکانى فەرەنسا دەکات، ئەمەش هەمان ئەو بۆچوونەیە کەچەند سیاسییەکى فەرەنسی پشتگیرى دەکات وەک وەزیرى پێشووى دەرەوەى فەرەنسا " هوبیرت فیدرین"، ئەم بۆچوونەش لەنێو ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کەناوبراو ئامادەى کردووە لەسەر داواى "فرانسوا هۆلاند" ى سەرۆکى فەرەنسا، تایبەت بە مانەوەى فەرەنسا لە هاوپەیمانێتى ناتۆدا، هەروەها ئەم بۆچوونەش لەمیانەى ئەو پاساوانەدا هاتووە کە ناوبراو ئامادەى کردووە بۆ سەرکردایەتى کردنى هاوپەیمانێتى باکورى ئەتڵەسی لەلایەن فەرەنساوە. دوابەدواى ئەمەش بەدرێژى باسی لەبۆچوونى خۆى کردووە، ئەوەش لە ڕاپۆرتێکدا کەگۆڤارى"جیهانى دیپلۆماسی" لەنیسانى ٢٠١٣ بەناونیشانى: پەیماننامەى ناتۆ، خاکى هەژمونى فەرنسا، بڵاوى کردۆتەوە، لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دەدات کەمانەوە لە هاوپەیمانى ناتۆدا خاڵى ئەرێنى زۆرترە وەک لەمەترسییەکانى، بەتایبەتى ئەگەر تواناکانى هەریەک لەفەرەنسا وئەورووپا بەرز بکرێتەوە.

 

چوارهەم: هەڵوەشاندنەوەى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان

 

هەڵوەشاندنەوەى هەندێک لەپەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، یان ئەگەرەکانى پاشگەزبوونەوە لەهەندێک لەو پەیماننامانە بەمەبەستى فشارخستنە سەر هەندێک لەوڵاتان لەلایەن "دۆنالد ترامپ" ى سەرۆکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە بەشێوەیەکى بەردەوام لەهەڵکشاندایە، هەروەها پێدەچێت کەهاتنەدەرەوەى ئەمریکا لەو پەیماننامانە کاریگەرى بکاتە سەر ئاسایشی ئەورووپا. بۆ نمونە، سەرۆکى ئەمریکا مەترسی ئەوەى هەیە کەلە پەیماننامەى موشەکى نیومەودا بکشێتەوە، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، لەهەمانکاتدا پێکدادانى ئەتۆمى ببێت، ئەوا زەوییەکانى ئەورووپا دیارترین ناوچە دەبن کەئەو پێکدادانانەى تیادا ڕووبدات.

 

ڤیتۆکانى ئەمریکا

 

ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڤیتۆى هەبێت لەسەر ئەو قورساییە ئابورى وسەربازییەى کە دەکەوێتە ئەستۆى لەئەنجامى پارێزگاریکردنى لەهاوپەیمانەکانى، ئەوا باشترە کە دەستخۆشی بکات لەپێکهێنانى سوپایەکى ئەورووپی، چونکە ئەوە دەبێتە هۆى ئەوەى کە ئەو خەرجییە ئابورییانەى لەکۆڵ بکاتەوە، بەڵام ئەبینرێت کە سەرۆکى ئەمریکا وتیمەکەى ئەو هەنگاوەیان ڕەدکردۆتەوە وئەمەش بەچەند پاساوێک:

 

یەکەم: خەرجییەکانى هاوپەیمانى ناتۆ

 

وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەڕووى مێژووییەوە بە گەورەترین وڵات دادەنرێت لەڕووى دابین کردنى خەرجییەکانى هاوپەیمانى ناتۆوە، ئەو خەرجییانە لەساڵى ٢٠١٧ بە ٦٨٦ ملیار دۆلار مەزەندەکراوە، ئەمەش هاوتاى ٧١% کۆى ئەو خەرجییانەیە کە باقی ئەندامانى دیکەى هاوپەیمانیەتییەکە خەرجیان کردووە، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێک کە ناتۆ لە کانونى یەکەمى ٢٠١٨ دا بڵاوى کردۆتەوە. سەرۆک ترامپ پێی وایە کە ئامانجى سەرەکى ئەو هاوپەیمانێتییە پارێزگاریکردنە لە ئاسایشی ئەورووپا، بۆیە پێویستە لەسەر ئەندامە ئەوروپییەکان خەرجییەکانیان لەناو هاوپەیمانیدا زیاد بکەن تا دەگاتە ٢% ى کۆى بەرهەمى گشتى ناوخۆ، ئەم ڕێژەیەش تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەریتانیا، ئیستۆنیا، یۆنان وپۆلەندا بەدییان هێناوە، بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئەورووپا چۆن دەتوانێت خەرجییەکانى سوپایەکى یەکگرتوو دابین بکات؟ لەکاتێکدا کەنەیتوانیوە پشکدارى خۆى لەناتۆدا دابین بکات! بۆیە دەشێت بەشداریی داراییان لەوسوپا نوێیەى ئەورووپادا لەسەر هاوپەیمانى ناتۆ بکەوێت.

 

دووەم: مەترسییەکانى هەژمونى ئەمریکا

 

هەندێک لەشرۆڤەکاران پێیان وایە کەپێویست بوو دواى کۆتایی هاتنى جەنگى سارد وهەڵوەشاندنەوەى یەکێتى سۆڤییەت ولەبەریەکهەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانى وارشۆ، هاوپەیمانى ناتۆ هەڵبوەشایەتەوە، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەیەوێت هاوپەیمانى ناتۆ بەکاربهێنێت بەمەبەستى گەورەبوونى هەژمونى لەئەورووپادا، لەم چوارچێوەیەدا، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئابڵوقەى هەرهەوڵێک دەدات کەمەبەست لێی سەربەخۆبوونى ئەوروپابێت لەئەمریکا، هەرئەوەش ڕوویدا کاتێک هەریەک لەئەڵمانیا وفەرەنسا دژى بڕیارى جەنگ وەستانەوە لەگەڵ عێراق، لەو کاتەدا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەوڵى ئابڵوقەدانى ئەو دوو وڵاتەى دا لەسەر ئاستى ئەورووپا وڕایگەیاند کە ئەورووپایەکى کۆن ومۆدێرن هەیە، هەروەها چەقی قورسایی بەرەو ڕۆژهەڵاتى کیشوەرى ئەورووپا هەنگاو دەنێت، پێدەچێت لەئێستاشدا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەمان شێواز بگرێتەبەر، بۆیە سەرۆک وەزیرانى هۆڵەندا " مارک ڕۆتێیه" هەر زوو بانگەوازى سوپایەکى ئەورووپی یەکگرتووى ڕەدکردەوە، هەروەها ڕایگەیاند کە ناتۆ بەردى بناغەى ئاسایشی ئەورووپایە، ئەمەش وەک ڕەنگدانەوەیەکى سیاسەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لێکدرایەوە.

 

سێیەم: سنوردارکردنى مەترسییەکانى ڕوسیا

 

پەڕتوکى " پلانى مارشاڵ، ئاسۆى جەنگى سارد" ئاماژە بەوە دەدات کەوڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەڕێگاى پلانى مارشاڵەوە مەبەستى یارمەتیدانى ئەورووپاى ڕۆژئاواى نەبووە، بەڵکو ئەو یارمەتیدانەى بۆ ئەوە بووە کەنەکەونە ناوگێشاوى لێشاوى شیوعییەتەوە، ئەوەش فرسەتێکى ئەدا بەمەبەستى سەرکەوتن بەسەر یەکێتى سۆڤێتدا، بەهەمان شێوە یارمەتییەکانى ئێستا بۆ وڵاتانى بەڵتیق وپۆڵەندا بەمەبەستى سنوردارکردنى ڕوسیایە، هەربۆیە، گەیشتنى ئەورووپا بەسەربەخۆیی لەبوارەکانى ئاسایش وبەرگریدا مەترسی دروست دەکات لەسەر پلانەکانى ئەمریکا کەئامانج لێى کۆنتڕۆڵکردنى ئەورووپا وسنوردارکردنى ڕوسیایە.

 

ئاڕاستەکانى داهاتوو

 

لەگەڵ بوونى چەندین بەربەستى گەورە لەبەردەم پێکهێنانى سوپایەکى ئەورووپی بەهێز، لەڕووى دابینکردنى خەرجییەکان، مەشقپێکردن، بوونى بیروباوەڕێکى سەربازى هاوبەش وسەرکردایەتییەکى یەکگرتوو، بەڵام، یەکێتى ئەورووپا پابەند دەبێت بەو هەنگاوانەى کەپێشتر بڕیاریان لەسەردراوە، هەر لە پەیماننامەى ماسترێخت لەساڵى ١٩٩١ کەبڕیارى داوە لەسەر پێکهێنانى سیاسەتێکى ئاسایش وبەرگرى هاوبەش، دواتر پەسەندکردنى دەستپێشخەرى دەستوەردانى ئەورووپی لەساڵى ٢٠١٨ کەتیایدا ٩ وڵاتى ئەورووپی ئەو دەستپێشخەرییەیان پەسەند کرد، کەتیایدا هاتووە کە سوپایەکى تێکەڵ دروستبکرێت بەمەبەستى دەستوەردانى سەربازى لەدەرەوەى سنورەکانى ئەورووپا.

 

هەروەها لەساڵانى داهاتوودا هەوڵەکان چڕ دەبنەوە لەچوارچێوەى پەرەپێدانى بیرى پێکهێنانى سوپایەکى ئەورووپی، ئەو پێشنیارەى کەپێشتر لەلایەن " جان کلود یونیکەلا" ى سەرۆکى کۆمسیۆنى ئەورووپا پێشنیارکرا، دواى ئەوەى ڕوسیا نیمچەدورگەى قرەمى داگیرکرد، بەشێوەیەکى گشتى پێشبینى دەکرێت کەفەرەنسا سەرکردایەتى ئەو دەستپێشخەرییە بگرێتە ئەستۆ بەهاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیادا، دواتر پێکەوە کار بکەن بەمەبەستى فراوانکردنى.

 

لەلایەکى دیکەوە، هەندێک لەشرۆڤەکاران پێیان وایە کە"ترامپ" لەسیستەمێکى نێودەوڵەتى فرەیی دەسڵەمێتەوە، چونکە ئەو چەشنە سیستەمە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بەدیناهێنێت، ئەوەش بەپێی تێڕوانینى ترامپ. هەرئەمەشە بۆتە هۆى ئەوەى کەویستى تاکڕەوى لاى ترامپ زیاد بکات، ئەمەش واى کرد کە "جۆزێف ناى" بڵێت کە لە سیستەمى نێودەوڵەتى ناترسێت لەهەڵکشانى چین، بەهێندەى کە سیستەمى نێودەوڵەتى مەترسی لەسەردەبێت بە سەرکەوتنى "ترامپ"، بۆیە ئاماژەکانى ئەورووپا سەبارەت بەپێکهێنانى سوپایەکى یەکگرتوو، دەشێت ببێتە هۆى ئەوەى کە ترامپ کەمێک لەویستى تاکڕەوى خۆى دەستهەڵبگرێت، هەروەها ببێتە هۆى پێشخستنى هاوپەیمانى ناتۆ بەشێوەیەک کەبەرژەوەندییەکانى ئەورووپا لەبەرچاو بگرێت، لەهەمانکاتدا ئەمەش ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەى ڕۆڵێکى گەورەتر بەئەورووپا بدرێت لە جیهانێکى فرەییدا، ئەوەش بەپێچەوانەى ویستى ئەمریکا کە لەکاتى ئێستادا ئارەزووى ئەوە دەکات کەوەک پاشکۆیەک مامەڵەى لەتەکدا بکات.

 

پێدەچێت کە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پەنا بۆ گفتوگۆبەرێت، ئەمەش لە لێدوانى "جۆردون سۆندلاند" باڵیۆزى ئەمریکا لەیەکێتى ئەورووپا لەمیانەى گوێگرتنى لیژنەى کاروبارى دەرەکیدا دەردەکەوێت کەدەڵێت"ئەمە بابەتێکى زۆر هەستارە بەلاى ئێمەوە، ئێمە ساڵانە گرنتى ئەوە دەدەین کە دەیاها ملیار دۆلار بنێرین بۆ ئەورووپا بەمەبەستى بەرگریکردن لێیان لە ڕوسیاو ئەو هێزانەى دۆستى ئەورووپا نین، لەهەمانکاتدا گرفتە ناوخۆییەکانى خۆشمان لەبەر چاو دەگرین، کەدەکرێت ئەو پارانە بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکانى خۆمان دابین بکرێت، تا ئەو ئاستەى کە یەکێتى ئەورووپا توانا خودییەکانى خۆى دیاریدەکات بەمەبەستى پارێزگاریکردن لە خودى خۆیان، بۆیە ئێمە خوازیارى ئەوەین کە ئەو پرسە بەشێوەى ڕێکەوتنێکى تەواو لەگەڵ هاوپەیمانى ناتۆدا ئەنجام بدرێت، بەشێوەیک کە زیاد بکرێت، لەبرى ئەوەى ببێتە جێگرەوەى ناتۆ".

 

  

سەرچاوە:

https://futureuae.com

 



ئه‌م بابه‌ته 677 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر