نووسینەوەی کارەسات!

ئایا ئێستا جیھان بەرەو کۆمەڵی مەترسیدار ناچێت؟ ئایا نەبوونی ئاسایش و باڵا دەستیی ئاشوب و ترس و نەبوونی بێمافی کۆمەڵایەتی لەزۆربە یان لەھەندێک وڵاتان لەفراوانی و گەشەدانین؟ ئایا ئێستای جیھان لەجیاتی ئامانجی ماف و ئازادی و بەشداری و یەکسانی لەھەوڵ وتێکۆشانی ھێنانەدی ئاسایشدا نیە؟ئێستا بەشێک یان زۆربەی خەڵکی جیھان لەجیاتی ھێنانەدی ئامانجەکانی رۆشنگەری و دیموکراسی و خۆشبەختی، لەترس و ھەوڵی ئەوەدان کە ژیان و بوونیان پارێزراو بێت. ئێستا خەڵکی جیھان لەھەموو کات زیاتر لەترسی ئەوەدان لەناوبچن، نەک ئەو ئامانجانە بھێننەدی، و بێگومان ئەمەش ئەو ھەلومەرجەیە بیرمەندان ناویان ناوە گەڕانەوە بۆ ھەلومەرجی سەرەتایی، کە ئەو ڕەوشەیە تیایدا لەوانەیە مرۆڤ لەبەرامبەر مەترسی کوشتن و کۆکوژی و تیرۆرو جەنگەکاندا ژیان ببەنەسەر.
AM:12:12:04/11/2018
دۆسیە: نامیلکە
ھێشتا مێژوو ئەو کابوسەیە کە تێدەکۆشین لەدەستی بێداربین ترس لەسەرھەڵدانی جەنگ و نابودی گشتی و کۆکوژی و ھەڵایسانی ئەو دۆزەخانەی کەلە کارەساتەکاندا بینیمان

د. ئەکرەم میهرداد
نوسەر

ئایا ئێستا جیھان بەرەو کۆمەڵی مەترسیدار ناچێت؟ ئایا نەبوونی ئاسایش و باڵا دەستی ئاشوب و ترس و نەبوونی بێمافی کۆمەڵایەتی لە زۆربەی یان لەھەندێک وڵاتان لەفراوانی و گەشەدانین؟ ئایا ئێستای جیھان لەجیاتی ئامانجی ماف و ئازادی و بەشداری و یەکسانی لەھەوڵ وتێکۆشانی ھێنانەدی ئاسایشدا نیە؟ئێستا بەشێک یان زۆربەی خەڵکی جیھان لەجیاتی ھێنانەدی ئامانجەکانی ڕۆشنگەری و دیموکراسی و خۆشبەختی، لەترس و ھەوڵی ئەوەدان کە ژیان و بوونیان پارێزراو بێت. ئێستا خەڵکی جیھان لەھەموو کات زیاتر لەترسی ئەوەدان لەناوبچن، نەک ئەو ئامانجانە بھێننەدی، و بێگومان ئەمەش ئەو ھەلومەرجەیە بیرمەندان ناویان ناوە گەڕانەوە بۆ ھەلومەرجی سەرەتایی، کە ئەو ڕەوشەیە تیایدا لەوانەیە مرۆڤ لەبەرامبەر مەترسی کوشتن و کۆکوژی و تیرۆرو جەنگەکاندا ژیان ببەنەسەر.

"نیگەرانی دەربارەی ترس و نەبونی ئاسایش لەدوو دەیەی پێشترەوە بابەتی سەرەکی زۆرێک لەباس و نوسینەکانی بیرمەندان بووە. سەردەمی ئێمە وەک فەرھەنگی ترس باسکراوە و لەئاستی جیھانیشدا وتراوە کە ترس و نەبوونی ئاسایش و بڵاوبوونەوە و گەشەی تاوان و تیرۆر بوونەتە ھۆکاری کاریگەریی زۆربەی گوتار و سیاسەتەکانی  دادپەروەریی سزایی بۆ ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەمرۆڤ دەکرێن."

ترس لەتاوان و تیرۆر ھەوڵی مەزن یان مەترسیدار بۆ ڕزگاربوون لەو ترسانە یان بۆ ھێنانەدی ئاسایش، ئەو ھەلومەرجەیە کە ھەموو جیھانی خەریک کردووە،بەشێک لە بیرمەندان و شارەزایانی ئاسایش و نەھێشتنی تاوان ئاماژە بەوەدەکەن کە پرسی ترس و نەبوونی ئاسایش دەبێت لەزەمینەی ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتی فەرھەنگی  و ئابووری فراواندا چارەسەر بکرێت، لەلای ئەوان ترس  لەتاوان و ئاشوب پەیوەندارە بەئەنجامە فراوانەکانی مۆدێرنێتی و مانای کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئەو ژیانەی کە لەنێوان ھەست و ھیوای گشتی بۆ گۆڕان و  پاشەکشەی نەبوونی گۆڕان، لەنێوان خۆشبینی و نیگەرانیدا پەیدا دەبێت. ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و ئابووری و سیاسیەکان لەمۆدێرنێتی درەنگانەوە بەرەو مۆدێرنێتی  گۆڕاو یان پۆست مۆدێرنیزم دەبنە کۆتایی جێگیربوون و دڵنیایی بەرەو گۆڕان و ناپایەداری پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دەچن. ھەندێک وا دەزانن کە ئەم ئاڵوگۆڕانە بەرەو پۆست مۆدێرنیزم و کۆتایی لەیەک چوون و یەکسانییەکان دەچن، ھەندێک گوتارو گێڕانەوەی وا پەیدا دەبن کە بەرەو ترس و تاوان و نەبوونی ئاسایش دەرٍۆن و وێنەکانی توندوتیژی و مەرگ و وێرانکاری لەگەڵ خۆیان دەھێنن. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، کە وێرای ئەوەی ئەم دیدگا و ڕوانگانە ڕاست و  لەسەر ھەقن، چۆن لەتیرۆرو فاشیزمی تازەی ئایینی بڕوانین، یان چۆن لەگەڵ ئەو بیرودەروونە فاشیست و دڵرەقانە مامەڵەبکەین.

" تیرۆریست ھێرش دەکاتە سەر ھاوڵاتیانی بێتاوان وخوازیاری گۆڕان و خۆشبەختی، لەم ھێرشانەدا ھەموومان دەکاتە قوربانی یان پرۆژەی بوون بە قوربانی ئەوتاوانانەی کە بەشێکە لەعەقیدەی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیان. باس و شیکردنەوەکانی پۆست مۆدێرن، نیگەرانیەکانی تاوان و ناسینی نەریتی بەھۆکار و بەھانەی ئاکامەکانی تاوان ڕەت دەکەنەوە، و لەبەرامبەردا باسی پارچە پارچەبوونی کۆمەڵگەکان دەکەن و بیر لەو ترسە دەکەنەوە کە زۆربەی وڵاتانی ئیفلیج کردووە و  ھۆشداری لەرەوشی سەرھەڵدانی ئەو توندوتیژیانە دەدەن کە لەھەموو ئاستەکانی کۆمەڵدا دەکوڵێن و لەبیریشیان ناچێت باسی لاوازی و بێتوانایی ئاشکرای دەوڵەتەکان بکەن بۆ چارەسەری ئەم کێشانە، ئەم نیگەرانیانە ھاوکاتن لەگەڵ مەترسی پێشبینی نەکراوی ئەو ناوەندومیدیایانەی کە لە ھەموو شوێنێک ئامادەن و بەردەوام بەھێزدەکرێن".

لەکۆمەڵی مەترسیداری سەردەمی جیھانگیریی تاوان، جەنگ، تاوانەکانی جەنگ و جەنگەکانی تاوان سەرھەڵدەدەن و لەھەلومەرجی گۆڕاوی جیھانیدا ڕەوشی زۆربەی وڵاتان بەرەو لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بێھێزبوونی نەخشی مۆدێلی مۆدێرنی دەوڵەت کە دەوڵەتی نەتەوە و نیشتمانە، نایەکسانی جیھانی، و کۆمەڵگەی مەترسیدار و فراوانی و تەشەنەی تاوان دەبنە تابڵۆ بەردەوامەکانی جیھان یان ھەندێک لەوڵاتان. ماوەی زیاتر لەدوو دەیەیە کە ئەم ھەلومەرجانە نەک تەنھا لەناوخۆی وڵاتێک یان چەند وڵاتێکدا کاریگەریی خراپ و سەختیان لەسەر ژیانی گشتی داناوە، بەڵکو توانیویانە سنورەکان ببڕن و لەھەموو کیشوەرەکاندا بڵاوببنەوە. ئەم ھەلومەرجانەش بێگومان زەمینە یان ھۆکاری یارمەتیدەدەرن بۆ پەیدابوون و بڵاوبوونەوەی تیرۆر و توندرەوی.

ھەڕەشەی تیرۆر و توندڕەوی و تۆتالیتاریزمی ئیسلامی بۆتە ترسێکی  بەردەوام و یادەوەرییەکی ھەمیشەیی و بەھێز کە نەک تەنھا خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی و خۆرھەڵاتی ناوەراستی خستۆتە نائارامی و نەبوونی ئاسایشەوە، بەڵکو شێوازی ژیانی ڕۆژئاوا لە ناوچە دەوڵەمەند و بەختیارەکانیش چیدی ناتوانن لەم بێیاسایی و بێنەزمیەی جیھاندا لە ئاسایشدا بژین. بەھۆی تیرۆریزم و جیھانگیریەوە ئێستا ناوچەکانی ئاسایش و بێ ئاسایش، ئارام و ئاشوب، بەخیتار و ستەم دیدە زۆر لەیەک نزیک بوونەتەوە و کاریگەرییانن لەسەر یەک زۆرە.

تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی، نیوە تاریکەکەی جیھان

دیمەنە ترسناکەکانی ١١ی سێپتەمبەر و بڵاوبوونەوەی تیرۆ و کۆکوژیو تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و بەھێزبوونی بزاڤ و لەشکر و دەسەڵاتە تیرۆریست و فاشیستە ئیسلامییەکان دەبنە تەعدایەکی توندوتیژ و دڵرەق  لەدژی جیھان و مرۆڤایەتی.دەرکەوتن و بەھێزبوونی بزاڤە تیرۆریست و فاشیە ئیسلامییەکان گەورەترین سوکایەتی و ئیھانەیە کە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی دەکرێت و ھەمان ئەو دڕندەیی و سوکایەتیانەن کە فاشیزم و نازیزم لەناوەڕاستی  سەدەی بیستەمدا بەسەر مرۆڤایەتیان ھێنا، یان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانمان بەدەستی تۆرانیە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورکیا بیردەھێنێتەوە. ئەم دیمەنە ترسناکانە توانیان خەیاڵی دیجیتاڵی جیھانی یەکەم یان دەوڵەتانی دەوڵەمەند(باکور) لەڕاستیەکانی جیھانی سێیەم یان وڵاتانی ھەژاری(باشور) بشێونێت و ئێستا لەدوای ١١ی سێپتەمبەر و پەیدابوونی ئەو ھەموو تیرۆریست و دڵرەق و بکوژانەی کە لەوڵاتانی ئەرووپا وئەمریکا و ئاسیا و ئەفریقا و ئوسترالیاوە چوونەتە ناو داعش و نەسرە و قاعیدە و  بۆ کۆحەرام و شەبابی سۆماڵی و ھاوشێوەکانیان، دەتوانێ ئەو ڕاستیە تاڵە بەھەموو جیھان بڵێت کە دەستیان دەگاتە ھەموو وڵاتان و لەھەموو  شوێنەکان ئێستا بەھۆی ئەوانەوە دوژمن چوونەتە ناوخۆی سنورەکان و چیدی لەدەرەوەی سنورەوە ھەڕەشە لەو دەوڵەتانە ناکەن کە بەنەیار و دوژمنی خۆیانیان دەزانن.

" لەدوای ١١ی سێپتەمبەر ئامانج خوازی لەسەرەوەی لیستی داخوازییەکانی مرۆڤ  زۆرھاتۆتە خوارەوە و لەجیاتی ئەو نیگەرانی خەڵک بۆ ئاسایش و پاراستنی خۆیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ھەموو  ئەمانەش لەبەرئەوەیە  کە جیھان ڕووبەرووی ھەڕەشەی تیرۆر بۆتەوە و لەبەرئەوەی کە ئەم تیرۆرە خاوەنی سیاسەت و دەسەڵات و فەرھەنگی ئایینی و دژ وەستانەوەی ھەموو ئەوانەیە کە لەخۆیان ناچن.لەم ھەلومەرجەدا ناساندنی ھەڕەشەی تیرۆر دەبێتە یەکێک لەپرسە چارەنووس سازەکانی سیاسەتی جیھانی بۆ ڕێگاگرتن لەو کارەساتانەی کە  بەسەر مرۆڤایەیتدا دەیھێنن."

ناساندنی ھەڕەشەکانی تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی تەنھا کارێکی میتۆدی وفکری نیە، بەڵکو دەبێت بەرنامەی گرنگ و ستراتیژی جیھان بۆ ڕێگاگرتن لەدووبارەکردنەوەی کارەساتەکان بگرێتە بەر, ئەگەر لەڕوانگەی دیموکراسی و ئازادی و مرۆڤ دۆسیتەوە بمانەوێ  لەدژی ئەم فاشیزمە ئایینیە بوەستن، دەبێت ئەو ناساندنە لەلای خەڵک بە ڕادەیەک مرۆیی و شایانی تێگەیشتنی زۆربەی خەڵک بێت بۆ ئەوەی بتوانن بەلەخۆبووردەیی مەزن بەرامبەر ئەم مەترسیە بوەستنەوە. ھەرچەندە تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی قاعیدە و داعش  و ھاوشێوەکانیان بەو کارەساتانەی بەسەر جیھانیان ھێنا وایان لەزۆرینەی خەڵکی جیھان کرد بزانن ئەوان چەند توندتیژ و دڵرەق و چەند بێپەروان کە کۆکوژی کارەسات بەسەر ئەو ناوچانەدا دەھێنن کە داگیریان دەکەن. پێویستی ئەمکارە ئەوەیە کە بەشێوەی شەفاف و ڕاشکاو لەڕوانگەی ماف و ئازادی و مرۆڤپەروەرییەوە ئەم مەترسیە بناسین. ئەگەر چی ئەمکارە ئاسان نیە و دژایەتی ئەوانە کارێکی سەختە چونکە نەفرەت و دەمارگیری ئەو تیرۆر و فاشیزمە لەدژی ئەوانی کە سەر بەناسنامەی خۆیان نین زۆربەھێزترە لەوھاودڵی و ھاودەردییەی کە لەسەنگەری دژی ئەواندا ھەیە. ئەگەر کاری پەیگیر ھەبێت لەئاستی جیھانیدا بۆ لەناوبردنی ئەم ھەڕەشە سامناکە و لەسەر بنەمای ھاوسۆزی و ھاودەردی دژایەتی ئەم مەترسیە بکرێت ئەو کاتە کارەکە ئاسانتر دەبێت. بەڵام ئاستەنگی سەخت ئەوەیە کە ئایا دەسەڵاتی دەوڵەتانی ناوچەیی و جیھانی تاچەند ڕاشکاوانە و پەیگرانە لەدژی ئەم ئافەتە دەجەنگن.

کێشە یان ئاستەنگی ئێستای جیھان ئەوەیە: چۆن لەدژی دوژمنێک بجەنگێت کە لاوازە، بەڵام ھۆکار و بەھانەی بەھێز و توندڕەوی ھەیە. ھەتا سەرچاوە و پێکھاتەی ئەو
 زەمینە و بەھانەیە لەناونەبرێت، ھەوڵدان بۆ جەنگی ئەو دوژمنە و نابودکردنی دەبێتە کارێکی سەخت و سیزیفی، چونکە ئەو نەفرەت و دژایەتی و دەمارگیری و نێگزیەتەی لە ئیسلامی سیاسیدا ھەیە جارێکی دیکە و بەناوی دیکەوە دوژمنایەتی دیکەی جیھان و شارستانی دەکەنەوە. تەنھا لەدوای ناساندنی وردی بەھانە و ھەست پێکھاتەکانی ئەو دوژمنە(یان دوژمنانە) دەتوانرێت لەناوببرێت. مەبەست و پێکھاتەکانی ئەو تیرۆر و فاشیزمە لەوەدا دەبێتە کارێکی سەخت و ئاستەنگ، کە لەخودی ئایینی ئیسلامدایە، نەک لە تەفسیری سیاسی بۆ ئەوئایینە. ھەڵگرانی بیروڕا ئایینی و شیکردنەوە سیاسیەکانی ئیسلام لەناو خودی دینەکەیاندا تیرۆر و فاشیزم پەیدا دەکەن و دەیکەنە ئامراز و ئامانجێکی دڵرەق و بێ بەزەیی لەدژی ھەموو  ئەوانەی کە لەخۆیان ناچن. بەڵام لەوەش کارەسات بارتر ئەوەیە کە ھەڵگرانی ئەم بیروڕا ئایینی و سیاسیە ئیسلامیە بۆپیادەکردنی تیرۆرو فاشیزمەکەیان ھیچیان نیە لەدەستی بدەن و تەنانەت بڕواشیان وایە بەمکارە ھەموو شت بەدەست دەھێنن. ئەوان ئامانجی خۆیان لەتوندڕەویی ئایینی و دەمارگیری سیاسیدا پەیدا دەکەن و بیروباوەڕو بەرنامەکانیان بەحەماسەت و گەرمی بەیان دەکەن، کە ئەو حەماسەت و شەوق و شورەیان لەلاوازی و تاریکی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرن. زۆربەی ئەو کەسانە کە لاوازو توندڕەو دڵرەق و دڕندەن ھەمیشە لەڕەوشی کاردانەوەدان و ئامادەن خۆیان فیدای ئایین وسیاسیەتەکانیان بکەن و مەرگیان کردۆتە بڕوا و ئامانجی کۆتایی بۆ خۆیان و بۆ دوژمنان و تەنانەت بۆ کەسانی بێلایەن و بێتاوان. لەلای ئەوان ژیان کاتێک سەربەرز و شەریف دەبێت کە لەرێگای خۆکۆشتن و خۆتاقاندنەوە بخرێتە خزمەتی ئیسلامەوە. لاوازی و داماوی و تەنانەت مردنیش لەلای ئەوان شەوق و  حەماسەت دەھێنەدی و ئەمەش خواستگای کارە تیرۆریستی و دڵرەقەکانیانە
.

بەڵام بەرەی دژی تیرۆر و فاشیزم لەجەنگی دژی ئەوان زۆر شت  لەدەست ئەدەن و بەتایبەتی ئەو شتانەی کە بەھای زیاتریان ھەیە و بەشێکن لەژیانی ئازاد و مۆدێرن، کە ئەوانیش خۆشی و ئازادی و ئاسودەییە. لەم رەوشەدا نیگەرانی یان لاوازی لەجەنگی یەکلاکەرەوە ھێزی ئەوان کەمدەکاتەوە.  ئەوان پارێزگاری گیان و ژیانی خۆیان دەکەن، بەڵام تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی لەھەوڵی کوشتن و نابودکردنی ھەموو گیان و ژیانەکانن،  تەنانەت ژیان و گیانی خۆشیان. ئەمەش ئەو رەوشەیە کە فاشیزمی ئیسلامی لەوە بەھێزترە دەرئەکەوێ کە لەراستیدا ھەن و بەرەی دژی فاشیزمیش ئەو بڕوایەیان دەبێت کە ھێزی گریمانکراوی دوژمن زیاتر لەئەندازەی راستی خۆی ببینن.

تیرۆریست و فاشیستە ئیسلامییەکان ناتوانن ژیانی خۆیان بگۆڕن و ببنە خاوەنی ئاسایش و ئارامی و ئازادی و خۆشبەختی، بەڵام دەتوانن ژیانی خەڵکی دیکە رۆژ  بەرۆژ کارەستبارتر بکەن. ئەم ھەڕەشەیەی تیرۆرو فاشیزمی ئیسلامی ھەرچەند لەبناغەدا  لاوازە و لەھەموو کاروانەکانی مرۆڤایەتی بەجێماون و تاک  و کۆمەڵەکانیان خاوەنی ھیچ ژیان و خۆشبەختیەکی شایانی مرۆڤ نین، بەڵام ھێزی ئەو لاوازانە دەبنە خاوەنی ئەو ڕەوشە سیاسیەی کە شارەزایانی ستراتیژی جەنگی ناوی دەنێن:جەنگی ناھاوتا. لەم جەنگەدا ھەرچەندە چەک و توانای جیھانی دژی تیرۆر و فاشیزم زۆر و بەھێزترە، بەڵام توانای وەشاندنی گورزی کۆمەڵایەتی و نانەوەی کارەسات و کۆکۆژی لەلای ئەو فاشیستانە زیاتر دەبێت، ئەمەش ئەو ھەلومەرجەیە کە توانا و ھێزی بەرەی دژی فاشیزم ھەرچەندە زیاتر بێت، بەڵام ترسیان لەو توندرەوە دڵڕەقە لاوازانە زۆرتردەبێت.

دەسەڵات و ھێز و دڵرەقی ئەم تیرۆریست و فاشیستانە ئەو تواناو ھێزانە پەیدا دەکەن" کە لەچوار ھەلومەرجی واقعی نوێی ژیانی مۆدێرن دەستیان دەکەوێت: یەکەمیان، پەیداکردنی ئامرازەکانی کوشتاری بەکۆمەڵ تەنھا پاوانی دەوڵەتانی بەھێز و گەورە نیە. ئەم ھێز و کۆمەڵە تیرۆریستانە ھەرچەندە زۆر بەھێزنین، بەڵام پەیگیرن لە نانەوەی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی سەخت، بەتایبەتی تێکدانی ئارامی و ئاسایش. دووەم، ھۆکارەکانی پەیوەندی و ھاتۆچۆ و سەفەری وڵاتانی دیکە ئەو ھەلەی بەوان داوە کە تێکەڵاوی و پەیوەندیی جیھانییان بۆ ئاسانبووە. لەم رەوشەدا وێرای ئاسایبوونی پەیوەندییە جیھانیەکان، بەڵام ھۆکار و زەمینەی تازەیان بۆ ھاوئاھەنگی و بەرنامەرێژی گروپە ژێر زەمینەکانیان ئاسانتر کردووە، ئەو رێکخراو و گروپانەی کە پێشتر پەراکەندو دووربوون لەیەکتر،  ئێستا باشتر و ئاسانتر دەتوانن لەو رێگاو کەناڵانەوە پەیوەندیەکان ساز و ئامادەبکەنەوە.سێیەم، ئەوەی کە دەسەڵات وکۆمەڵگە دیموکراتەکان رێگا بە رەخنە و نەیاری دەدەن و لەکۆمەڵگا کراوەکانیشدا ئەمانە ئاسانتر دەبن و ئاشکراکردن و ناسینی ھەڕەشەکانیش زۆر سەخت دەبن، کە کێشەو ئاستەنگیش بۆ دیموکراسی دروست دەکەن. چوارەم، وابەستەیی و پابەندییە سیستەماتیکەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن دەبنە ھۆی پەیدابوونی کاردانەوە زنجیرەییەکان، تەنانەت ئەگەر بەشێک لەم سیستەمە تووشی کێشە بێت بەخێرایی ئاژاوەی کۆمەڵایەتی و ترس و تۆقاندن و ئاشوب ھەموو کۆمەڵ دەگرێتەوە."

تراژیدیای کارەسات

کارەساتە مرۆیی و سیاسیەکان ئەو رووداوە توندوتیژ و مەرگەساتانەن کە مرۆڤەکان بەسەریەکدا دەیھێنن، و دەبنە تراژیدیای ئەو چارەنووس و ئاکامانەی  کە خەڵک دووچاری بەڵا و ناخۆشی گەورە دەکەن، کارەساتەکان لەقوڵترین زام و دەردەکاندا دەرئەکەون و لەسنورێکی فراوان و کاریگەردا ستەم و توندوتیژی و ملھوڕی تاوانکاران پیادە دەکەن و لەوێدا سروشتی خۆیان ئاشکرا دەکەن و لەلای خەڵکیش ترس و بەزەیی لەگوێ و چاوانی ئەم جیھانەدا دەخرۆشێنن ستەمکاران و جەللادانی ناو کارەسات دووبارە ئەو گومان و ترس و تاسانە بەھێزانە بەھێزتر دەکەنەوە، کە دیسان ئەم ژیان و جیھانە لەسەر پایە لەرزۆکانەکانی سیاسەت و دەسەڵات و بەرژەوەندی ھەر تراژیدیا وکارەسات دەبنە چارەنووس.

لەدیداری ترس و تاسان و ھەژاندنی کارەساتەکاندا گۆتە شاعیر و بیرمەند و رۆمان نوسی ئەڵمانیا:" تەنانەت تراژیدی نووسێکی گەورەی یۆنان کە زۆرباش دەزانێ چۆن قارەمانەکانی تراژیدیا وێنا بکات، دڵنیایە ئەم قارەمانانە لەھەلومەرجی تاریک و پڕ لەرەنج و ئازاردا دەکەونە گریان. ئەو دەڵێت: کەسانی مەزن ئەوانەن کە دەتوانن بگرین و لەبەرامبەریشدا بەزاڵمان و ستەمکاران دەڵێ: ئەی خاوەن دڵە سارد و ئەشکە وشکەکان، ئاگاتان لەژیان و ھەلومەرجی ئێمەیە، من ئەو کەسانە نەفرەت دەکەم کە ژیان وخۆشی خۆیان لەسەر ناخۆشی وکارەساتی کەسانی دیکە دروست  دەکەن".

قارەمانەکانی ناو کارەسات تەنھا خەریکی باری سەنگینی خۆیان نین، بەڵکو ئەوان لەگەڵ قوربانیەکان دەگرین و ناڵە و فرمێسک و ئاھە ساردەکانیان بەشێکن لەژیان و رەوشی سەپێنراوی کارەسات و لەھەمان کاتیشدا مەحکومن بەجەنگ و خەبات و توندوتیژی لەدژی زاڵمان و ستەمکاران. لەکارەساتدا مەرگ، خیانەت وخەم ھەمیشە لەپێشڕەویدان و بەرەو تۆفان و ئایندەی نادیار لەجۆڵەدان. لەم ھەموو جۆڵە و وزە خراپانەی ناوکارەساتدا، بەڵام تابلۆکانی دیکە لەلای قوربانیان بێدەنگی و ئارامی چاوەڕوانیە، تەنانەت لەلای ئەوانی کە بەشێک نین لەکارەسات، بەڵام بینەری کارەساتن ئەم بێدەنگی و چاوەڕوانیە سامناکە ھەمیشە دەسەڵاتدارە و وەکو ئەو وەسفە وایە کە (جان ئانۆی) لەباسی  ڕووداوەکانی تراتژیدیای ھونەریدا باسیدەکات:" وەکو ئەو بێدەنگیە وایە لەشانۆی تراژیدیایدا، ھەموان تەماشای تەوری جەللاد دەکەن کە ھەر ساتێک لەوانەیە گەردنی یەکێک لەقوربانیەکان بپەڕێنێ".  ئارامی و بێدەنگی ناو کارەسات وێنای ئەو بێئومێدی و بێ ھیواییەیە کە دەڵێ ئەمە تراژیدیای ئەو کەسانەیە کە گرفتاری داوێکی داخراون و ئاسمانیش بەسەریاندا ڕوخاوەو تەنھا کارێک لەدەستیان بێت ئەوەیە کە بناڵێنن.

قارەمانەکانی ناو کارەسات، یان ئەوانەی کە دەیانەوێت کارەسات نەھێڵن و لەدژی ستەمکارانی کارەسات خوڵقێن بجەنگن لەو کەسانەن کە دەتوانن خۆیان بناسن و بزانن  تاچ رادەیەک گوناھکارن یان ڕزگاریخوازن، یان ئەوانیش کارەسات دەیانخاتە ئەم دووڕییانەوە. ئەمەش ھەست وھۆشیارییەکی زۆر بەرزە، چونکە  ئاگایی و ناسینەوەی دووبارەی کەسەکان جۆرێکە لەئازادی خوازی و مرۆڤ دەبێت بزانێت چاکەچیە و خراپە کامەیە؟ ئەمەش دروست پێچەوانەی رەوش و بیرکردنەوەی ستەمکار و ئەوباش و جەللادەکانیانە کە خراپەی ڕەھایان پێ چاکە و خێر و ئیمانە. گەورەترین مەترسی ناوکارەسات ئەوەیە کە خراپە و  ستەم و توندوتیژی رەھا دەسەڵاتدارن و ھێندەش دەسەڵاتدارن کە تەنانەت  ئەنجامدەرانی ئەم خراپەکارییانەش دەخاتە ئامێزی مەرگەوە. بێگومان مەبەست لەو مەرگە نیە کە لەوانەیە قوربانیان و قارەمانەکانی ناو کارەسات تۆڵەی لەجەللاد و ستەمکار پێبکەنەوە، بەڵکو ئەو مەرگەی کە ستەمکارانی گەورە و ئیماندارانی پایەبەرزی کارەسات قەناعەت بەدەست و پێوەند و پەیڕەوکارانیان دەکەن لەپێناوی ئەوان و لەرێگای ئیمان و نیشتمان و خوداو بیڕوباوەڕدا ئامادەبن بمرن و خۆیان و کەسانی دیکەش بکوژن. سەرەنجام دەسەڵاتی رەھا لەرەوش و بڕوا و ژیانی ناو کارەساتدا بۆ مەرگە  و تەنانەت قوربانیەکانیش بۆ ڕزگاربوون لەئازار و رەنج  مەینەتیەکان  پەنا بۆ مەرگ و خۆکوشتن دەبەن و قارەمانەکانیش ئازا و دڵخواز مەرگ دەکەنە کۆتایی بۆ دوایی ھێنان بەمەرگەکانی ناو کارەسات. ئەمەش نامرۆڤانەترین رەوش و ئاکامە کە مەرگەکانی کارەسات لەھەموو شوێن و کات و لەلای ھەموان دەکاتە قارەمانی بێکۆتایی و ھەندێک جار نەمری ناو کارەسات و تەنانەت ھەندێک جار ھەلومەرجەکە بەجۆرێک دەبێت کە قارەمانە مەزن و دلێر و  نەترسەکانیش لەمەرگ ڕزگاریان نابێت یان ھیوای مەرگ دەخوازن، یان بەرەو پیری مەرگ دەچن!

کەسایەتییەکانی ناو کارەسات( ستەمکار، قوربانی، قارەمان)

تراژیدیای کارەسات تایبەت نیە بەکەسانی تەنھا، بەڵکو ڕووداوێکی گشتی و ناتایبەتە و لەکەسانی زۆر و فرە ڕوودەدات و ھەر بۆیەش شکۆ و ترس و تاسانی کارەسات بەو شێوەیە گەورە و کاریگەرە. کارەسات تراژیدیای ئەو ڕووداوانە نیشان دەدەن کە لاوازی و بێ توانایی مرۆڤ لە ئەندازەیەکی گەورە و فراواندا دەخەنە ڕوو. لەوێشدا بەمرۆڤەکان دەڵێت: ئێوە کە پەرێشانی و خرۆشان و تاسان ئەزموون دەکەن، توانای ئەوەتان ھەیە سەرسامی خۆتان نیشان بدەن؟ بەڵام سەرئەنجام مرۆڤ دەتوانێت لەھەمان کاتی شکست و ناکامی  و لەناچوونیشدا پەردە و ڕووپۆشەکان لەسەر ھەلومەرجی خۆی دابنێ یان ھەڵماڵێ.

لەکارەساتەکاتدا ھەستی تراژیکی ژیان بەھێز دەبێت، یان بەھێز دەکرێت و ھەمووان بەبێدەنگی دەڵێن ھەلومەرجی ژیانی ئێمە لەبنەڕەتەوە تراژیک بووە. رەوشی قارەمان ھێنانەدی دادپەروەریی شاعیرانە و مرۆیی، یان ئەو ھەلومەرجەیە کە بەدادپەروەریی تراژیک ناسراوە، کە پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانانی یەپەگە شانیان خستەبەر ھێنانەدی ئەو دادپەروەرییە تراژیکە. بەڵام ستەمکار یان جەللاد و ئەوباشەکان کە خولقێنەری تراژیدی و کارەسات  و مەرگن و ھەمیشە ستایشی مەرگ دەکەن و خۆشیان ھەمیشە لەبیرکردنەوەی ژوانی مەرگدان، بۆخۆیان و بۆدوژمنان. قوربانیەکان ئەوانەن کە چارەنووسی تراژیکی مەرگی خۆیان بێدەسەڵاتانە پەسەند دەکەن وھەمیشە لەچاوەڕوانی مەرگدان و تەنانەت ئەوانەش  کە پرۆژەی کردەیی مەرگو لەناوچوون نین و لەوانەشە لەجەنگ و کارەساتیشدا نەبن، یان کۆیلەی ئامادەکراوی مەرگ نەبن. بەڵام قارەمانەکان ئەوانەن کە دەبێت بڕوا و ئامانجی خۆیان بۆ داکۆکی لەخەڵک و لەقوربانیەکان بەمەرگی خۆیان سامان بدەن، ئەمەش ئەو کارەیە کە لەتوانای زۆربەی خەڵکدا نیە.

لەکارەساتدا ئەو ھەست وبیرە تراژیدیەمان زیاتر دەبێت کە چارەنووسی نادڵخواز و ژیانی ناخۆش دەبێتە ئەو چەمکەی بەڕامان لەدووبارەبوونەوەی کارەسات پێی دەگەین. بەڵام ھەر لە کارەساتیشدا پرسی ھێنانەدی داستەکانەکانی  پاڵەوانی و ئازایەتی و دلێری، یان بەشێوەیەکی گشتی کار و رووداوی قارەمانانەش پەیدا دەبن. کارەسات وداستان یەک پرس و ناوەڕۆک بەشێوازی جیاواز دەخەنەڕوو، تەنانەت لەھونەری تراژیدیای شانۆ و رۆمان و شیعریشدا ئەم دوانە ( کارەسات  و داستان) دەبنە دوو ڕووی یەک پرس یان ڕووداو کە ئەویش ئاوێزانی ژیان و مەرگ بە ھەردوو ئاراستەی ستەمکاری و  ڕزگاریخوازی ئەو مەرگ و ڕووداو و توندوتیژیانەی کە ستەمکاران دەیھێنن. لەفەرھەنگی زۆربەی نەتەوەکاندا بەکارەسات و مەرگەسات ناسراون، بەڵام مەرگ و داکۆکی توندتیژانەی دژی ستەمکاران بەداستان و قارەمانی و ئازایەتی ناسراون. تراژیدیای قارەمانی ناو کارەسات وێرای ئەوەی کە دەیەوێت تراژیدیا نەھێڵێ، بەڵام خۆی دەبێتەی قوربانی یان بەڵاگەردانی خەڵک بۆ کەمکردنەوە یان نەھێشتنی بوون بەقوربانی." قارەمانەکانی ناو کارەسات دەمانخەنە ناو ئەو ترسە ئاوێتەیە کە رێز و سام و مەزنی لەناوماندا دەھەژێنن و تەنانەت ئەو کاتەش  کە لەناو دەچن یان دەکەون ھەر لەلوتکەدا دەبن"

ئەدەب و ھونەریش لەوێنای پڕشکۆی قارەمانی تراژیدی توانیویانە پێمان بڵێن کە ئازایەتی ودلێری نەیار و دوژمنی کارەسات ھەمیشە دەبێت چاوەڕوانی لەناوچوون یان مەرگی ناچاری بکەن. چونکە لەکارەساتدا ئێمە ھەمیشە ڕووبەڕووین لەگەڵ کەوتن و خراپەدا  و بۆیەش ئەرستۆدەڵێت:" کارەسات ھەمیشە لەرێگای تاوان لەداوەرییدا ڕوودەدات یان دروست دەکرێت" تراژیدیا ئەو ڕەھەندەیە کە نەخشە جیاوازەکانی مرۆڤ رەوشی تایبەتیان دەبێت، بەومانایەی  ئێمەی بینەر کە بەشێک نین لەکارەسات دەڵێین ئەگەر بەسەر ئێمە بھاتایە چۆن دەبووین، ئێمە ناتوانین وێنای ئەو رەوشە بکەین، ھەرچەندە ھەموومان لەوبڕوایەداین کە کاریگەریمان زۆر لاواز و سنوردارە لەنەھێشتنی کارەسات یان ھەوڵدان بۆ ڕوونەدانی. ئاراستەی گشتی کارەسات ھەر لەسەرەتاوە پیشانمان دەدات کە ھەلومەرجەکان بەرەو خێر وچاکە ناچن. لەوانەیە ئەگەر بیرکردنەوەی لۆجیکیمان ھەبێت ئەو گریمانەیەبکەین کە ویست و نەخشی کەسەکان بەشێک بن لەڕەوش و ئیرادەیەکی گشتی گەورەتر، یان بەشێک بن لەوەی ڕوویداوە یان ڕوودەدات. کارەسات لەبنەمادا بوارێک بۆ ویستی ئازادی کەسەکان ناھێڵێتەوە و ھەرسێ  کەسایەتیەکە( جەللاد، قوربانی، قارەمان)مەحکوم دەکات بەچارەنووسێکی نەخوازراو، یان ھەر کاتێک ڕووداوێکی دیاریکراو ڕوودەدات زنجیرەیەک ڕووداوی دیکە بەدوای خۆیدا دەھێنێت کە سەرئەنجام بەمەرگەسات کۆتاییان دێت. ئەوەی  ڕوویداوە لەدەرەوەی ویستی مرۆڤە و لەکارەساتدا ڕەوتی ڕووداوەکان بە شێوەیەکە کە گوایە ھەلومەرجی مرۆیی لەئاکامدا پەیوەندیی دانەبڕاوی بەمەرگەسات و موسیبەتەوە ھەیە یان وەھا دەنوێنن.

لەکارەساتدا رابردوو و ئایندە ھەردووکیان لەئێستادا( واتە کاتی ڕوودان یان بەردەوامی کارەسات) ڕوودەدەن و ھەرسێ کەسایەتیەکە لەو باوەڕەدان و تەنانەت دڵنیاشن کە تێگەیشتن لەکاتی(ئێستا)یان لەحاڵی حازر و مامەڵەی ئەم کاتە و ڕزگاربوون لەم کاتەدا دەبێتە تەوەری تێگەیشتن لەتەواوی زەمەن  و ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەتراژیدیاکانی کارەسات، کە ئاسۆی بیرکردنەوە و توانا و ھێزی وێناکردنی ئایندە بەجۆرێک لاواز و سنوردار دەکات کە ھەمووان بڵێن خوادەکات لەم رەوشە رزگاردەبین، ئیدی چی ئەبێت بابێت! قوربانیەکان کە بکەر یان کەسایەتی ئازار و رەنج و پەرێشانین ھەمیشە لەچاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی کات یان زەمەنی ئەو مەینەتیانەن کە بەسەریاندا ھێنراوە و قارەمانەکانیش وێرای ئازایەتی و فیداکاری و ئامادەبوونیان بۆ خۆبەختکردن و مەرگ، بێگومان لەھیوای تەواوبوون یان کۆتایی ھاتنی ئەم دلێری و ئازایەتیانەن. ستەمکار و جەللادەکانیش، بیڵێن یان نەیڵێن، ھەمیشە لەبیرکردنەوەی ئەوەدان کە ئەگەر کارەساتەکان کە ئەوان دروستیان کردووە و وەک بەڵا بەسەر خەڵکیاندا ھێناون کۆتایی ھات،چارەنووس و ئایندەیان چۆن دەبێت و کەی تۆڵەیان لێدەکرێتەوە و بەدەردی قوربانیان دەچن، یان کەی سەردەکەون. سەرئەنجام ھەموو کات و زەمەنەکان بەتوندی بەئێستاوە گرێدراون و رەوشی ترسناک و مەرگباری کارەسات ھەموو شتێک دەخاتە سێبەری مەترسی خۆیەوە. قارەمان ئەو کەسەیە کە بەقوڵی لەھەستی مرۆڤبوون و یادەوەریی مرۆڤبوون ئاگادارمان دەکاتەوە و دەتوانین بڵێین کە ئەو جیلوەیەکە لەخودی(ئێمەی باڵاتر).

لەکارەساتدا ھەمیشە ئێمە لەدوو ڕەوشی باوەڕیدان، ئایا باوەڕ بکەین یان باوەڕ نەکەین بەوەی کە ڕوویداوە. ستەمکار پێمان دەڵێت: من دەمەوێت تەماشاکەران بەھەر نرخ و بەھا و شێوەیەک بێت بخەمە ترسەوە. ئەمەش ھەمان ئەو شتەیە کە دەبێت بەرەو ڕووی ببینەوە یان نەیھڵین، بەڵام نازانین چۆن ئەمکارە جێبەجێ بکەین و ناشتوانین باس و خواستی ئەوە بکەین، کە ئایا دەتوانین خۆمان بەکەسایەتیەکانی ناو کارەسات( جەللاد، قوربانی،قارەمان) بەراورد بکەین. لەھەموو ساتە تراژیدییەکانی کارەساتدا ئێمە ھەموو کات ئەو ھەستە ناکۆکەمان تووش دەبێت کە پێویستە لەم رەوشە کارەسات ومەرگبازە دووربکەوینەوە  و لەھەمان کاتیشدا بەتوندی بیری لێدەکەینەوەو تەنانەت ئەوکاتەش کە کارەساتەکە کۆتایی ھاتووە و کارەساتی رووداو لەلای مرۆڤە ھەستیارەکان وەکو نەبوویەکی ئامادە، یان ھەبوویەکی نادیار لەھەست ونەست و ھۆشیاریدا دەمێنێتەوە وکاریگەریی دەبێت.

زەمینە و ھۆکارەکانی سەرھەڵدانەوەی کارەسات

تیۆدۆر ئادۆرنۆ بیرمەندی ناسراوی قوتابخانەی فرانکفۆرت و رەخنەگری سەرسەختی کۆمەڵی مۆدێرن ئاگاداربوو لەمەترسیەکانی ژیان لەجیھانێکدا کە دەتوانێ ئاشتی و ئاسایش بۆ ھەموو دانیشتوان بەدی بھێنێ، و ھەمووکاتێک لە ھەل و ئەگەری خزاندنە بەرەو دڕندەیی و ئەوکارەساتانەی کەشایانی باوەڕو وێناکردن نین، یان ھەلومەرجی سەرھەڵدان و بەھێزبوونی ئەو  کارەساتانەی لەخۆیدا حەشارداوە." بەبڕوای ئەو یەکێک لەبنەڕەتی ترین پوچی و بێھودەییەکانی ئەم جیھان و ژیانە ئەوەیە کە لەوپەڕی باشیدا نەیتوانی ڕێگا لەکارەساتەکانی ئاشۆیتس و ھێرۆشیما بگرێت و لەخراپترین رەوشیدا خۆی بەدیھێنەر و بکەری ئەم مەرگەساتانەیە."

ئەو ھێندە رەشبینە  بەرامبەر بەکۆمەڵگەی مۆدێرن و ھەل و ئەگەری دووبارە وچەندبارەی سەرھەڵدانەوەی کارەسات کە دەڵێت:" جیاکردنەوەی ژیان و دابەشکردنی بۆ ئەو ھەوڵ وھێزانەی (کە زۆربەیان مەرگبارن) کە بۆشایی نێوانیان پڕن لەپوچی و بێ مانایی، بۆیە مەرگ لەئاکامدا ئەم فەزا دابەشکراوەی نێوان پارچەکانی ژیان بەیەک دەگەیەنێ و داگیری دەکات، چونکە جیھان و دەسەڵاتەکانی کارێکی شایانی باس ناکەن بۆ ئەوەی ئەو فەزا دابەشکراوە بەخۆشی و شادمانیی مرۆڤەکان پڕبکەنەوە. و سەرئەنجام دەگاتە ئەوبڕوایەی کە لەدوای ھۆلۆکۆست و ھێرۆشیما جیھان جگە لە زبڵخانە شتێکی دیکەنیە."

داپۆشین و شاردنەوەی بەمەبەست و بەرنامە دارێژراوی برینە ئاشکراکانی کۆمەڵ بەشێکە لەکارنامەی دەسەڵاتی جیھانی و ناوچەیی، بۆیە ھۆلۆکۆست لەلای بیرمەندانی فرانکفۆرت جگە لەتوند کردنەوە و بەھێزبوونی کارەساتباری مەیلە شاراوەکانی فەرھەنگی رۆژئاوایی شتێکی دیکەنەبوو. دەرکەوتنی قاعیدە و داعش و ھاوشێوەکانیان جگە لە توندکردنەوە و بەھێزبوونی مەیلە شاراوەکان و فەرھەنگ و دەسەڵاتی عەرەبی و ئیسلامیش شتێکی دیکە نیە، ئەم دیاردەیە پێویستی بەدیدێکی نوێ ھەیە بۆ ئایندە. بۆچی مرۆڤ لەجیاتی ئەوەی لەھەوڵی ھێنانەدی ھەلومەجێکی بەڕاستی مرۆیی و شایانی ژیانێکی شایستە بێت بۆ مرۆڤ، ھەتا بێت زیاتر بەرەو شێوازە تازەکانی دڕندەیی و توندوتیژی دەچێت؟ "یەکێک لەلاوازییەکانی بیرکردنەوەی تیۆریی ھاوچەرخ کە لەھەموو شوێنەکان دەبینرێ ئەوەیە: بۆچی خەڵک و کەسانی خوێندەوار و شارەزا  لەتەکنیک و فەرھەنگ و زانست بەرامبەر ھەر شێوازێک لەستەمکاری و ملھوڕی ملکەچ دەکەن، یان خۆیان لەو وێرانکارییە نزیک دەکەنەوە و دەبنە بەشێک لەپارانۆیای ناسیۆنالیستی یان ئایینی و ئایدۆلۆژی. لەم ھەموو پرس و وێنایانەدا بێمانایی دەبێتە ئاکام... لەم ھەلومەرجانەدا و بەھۆی بەدەسەڵات گەیشتنی ئەو گروپانەی کە خۆیان بەشێکن لەو بکەرە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە ھەڵگری ھەمان ئەو دید و بۆچوونە توندوتیژ و دڕندانەن، سەرئەنجام فاشیزم و وەحشەت دەبنە ئەو دەسەڵاتانەی کە پێشکەوتن بۆدواوە دەگەڕێننەوە."

ئەمڕۆ دژایەتی ھەموو ئەوانەی کە بزاڤ و دەسەڵاتە ستەمکارەکان بەبێگانە و دوژمنیان دەزانن لەلای ھەندێک پرسێکی پەیوەندارە بەچارەنووسی مرۆڤ و جیھان. چونکە کارەساتەکان کە ئەو ستەمکارو جەللادانە  لەمێژوودا بەسەر بێگانەکاندا ھێناویانن چارەنووسی ئەو کۆمەڵە کۆکوژکراوانە دەخەنە بەردەم ئاسۆیەکی مەترسیدار و سامناکەوە. لەلای خودی ئەو ستەمکار و فاشیستانەش دژایەتی کەس و کۆمەڵەکانی دیکە جگە لەبەھانەیەک کە شایانی باس نیە شتێکی دیکە نیە. ئەوان کەس و کۆمەڵە نەیارەکان بەلەمپەڕی بەردەمی پاوانخوازی  خۆیان و جێبەجێکردنی بەرنامە و باوەڕەکانی خۆیان دەزانن. فاشیستەکان، بێگانەکان تەنھا وەکو نەژادێکی دیکە و تەنانەت وەکو کەمایەتیەکی نکۆلی کراو نابینن، بەڵکو نکۆڵی و دژایەتی ئەوەش دەکەن کە ئەوانە نەژادو ئایین و کۆمەڵێک بن. ستەمکاران و جەللاد و ئەوباشەکانیان نەیاران وەک رەسەنێکی خراپ و ناشایستە تەماشادەکەن و لەلای ئەوان شادمانی وخۆشبەختی، یان پابەند بوون بەباوەڕ و ئاینی خۆیان لە سەرکوت و لەڕیشەوە دەرھێنان و کۆکوژی نەیاراندا دەبینن.

پەیوەندی ئەو نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕانەی کە چەوسێنەران و ستەمکاران بە کەمایەتی و نەیارو دوژمن دەیانبین، لەگەڵ نەتەوە دەسەڵاتدارەکاندا پەیوەندییەکی دامەزراوە لەسەر تەماع و ترس. ھەرکاتێک ئەوان جیاوازی و ناسنامەی خۆیان بکەنە قوربانی بۆ ھەلومەرجی دەسەڵاتدار، واتە بەرەو تەسلیم بوون ھەنگاویان نابێ،ئەوجا نەتەوە دەسەڵاتدارەکان بەساردی و نابەدڵی پەسەندیان کردوون و وەکو خەڵکی دانراو بۆ پرۆژەی قوربانی ئایندە یان نکۆڵی کردن لەماف و ئازادییان مامەڵەیان لەگەڵ کردوون. ئەم پەیوەندییە لەم ھەلومەرجە  ستەمکارییەدا بێگومان نەک تەنھا زەمینەی چەوسانەوە و نکۆڵی کردنە لەماف و ئازادییەکانی نەتەوە و ئایین و بڕوا چەوسەوەکان، بەڵکو ھۆکاری بەھێزیشن بۆ ئەو کارەساتانەی کە زاڵمان بەسەر ئەوانیان ھێنا. کارەساتەکانی ئەرمەن و جولەکە و کورد و ھەموو نەتەوە و ئایینە ستەمیدەکان لەھەمان زەمینە و بەھۆی ھەمان ئەو دەسەڵاتە ستەمکارانەوە ڕوویانداوە. "ئازاردان و تاوانکردن بەرامبەر یەھود(یان ھەر نەتەوە و ئاینێکی چەوساوە) وەکو ھەموو ئازار و توندوتیژیەکی دیکە لەسستەم و فەرھەنگی دەسەڵاتدار جیاناکرێتەوە. ماھیەتی  ئەم رژێمە ھەرچەندە لەوانەیە لەھەندێک سەردەم و جێگادا خۆی بشارێتەوە، بەڵام ئەم ماھیەتە ھەمان ئەو توندوتیژیانەیە کە لەجیھاندا خۆیان ئاشکرا کردووە".

بەڵام ستەمکارانی بەدیھێنەری کارەساتەکان، تەنھا کارەساتەکانیان لەوەدانیە کە ئەو نەتەوە و ئایین و کۆمەڵە سەرکوت و ریشەکێش دەکەن، بەڵکو کارەساتێکی دیکەیان ئەوەیە کە ئەم بەدبەختی و رۆژرەشیانە بەھۆی نەتەوە و ئایین و کۆمەڵی دەسەڵاتدارەوە جێبەجێ دەکەن، واتە کۆمەڵێک خەڵک کارەسات و ناخۆشی بەسەر کۆمەڵی دیکەدا دەھێنن و ئەو خەڵکانەی کە تا دوێنێ دۆست و ئاشنا و ھاودەمی یەکتری بوون، ئێستا دەکەونە گیانی یەکتر و یەکتری قڕدەکەن و کۆکوژی و کارەسات بەسەریەکدا دەھێنن. ستەمکاران لەرێگای جەللادان و ئەوباشەکانیان و ھەندێکجاریش بەھۆی ھەندێک لەو قوربانیانەی کە فریودراون کوێرانە ھێرش دەبەن و توندوتیژی دەنوێنن، یان کوێرانە داکۆکی لەستەمکارە باڵادەستەکان دەکەن و ھەموویان پابەندن یان وابەستەن بەیەک بازنە یان چەرخی کارەساتباری خەوشساز.رەفتاری دژایەتی کەسانی دیکە لەھەلومەرجێکدا زنجیرەکان دەپسێنێ کە مرۆڤ کوێرکراوە بەدبەختەکان یان بە تاڵکراوەکان لەھەر کەسایەتی و زھنیەتێک، کە ئیدی وەک بکەری ئازاد و سەربەخۆنامێنن، یان بەتەواوی کەسایەتی و شایستەیان ویڵ دەکرێت، رەفتارەکانی ئەوان( بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بەدەستیانەوە تووشبوون) وەکو کاردانەوەیەکی مەرگبار و بێمانایە، یان ھەمان ئەو رەفتارانەیە کە دوورن لەمانا و لەبیرکردنەوە. دژایەتی و نکۆڵی لەنەتەوەو ئایین و نەژادەکانی دیکە ئەو نموونە و رەفتارە راھێنراوانەن کە بوونەتە یەکێک لەئایین و پەیڕەوەکانی شارستانی ئێستا( بۆنموونە ئیسلام). دژایەتی ونکۆلی لەکەسان و کۆمەڵانی دیکە، یان ھەوڵدان بۆ دروستکردنی قوربانی، دەبێتە ئەو کارو رەفتارە بەد و لاواز و بێتوانایانەی کە لەجیاتی رامان و مانا، و سەرئەنجام  لەجیاتی راستی و ھەقیقەت پیادەکرێن. بەسەر بردنی گەوجانە و دڵرەقانەی کاتەکان بەئازاردانی مرۆڤ ھەتا مەرگ، پشتیوانی ھەمان ئەو ژیانە بەتاڵ و پەرێشانی و بێزاریەیە کە ھەندێک کەس خۆیان بۆ تەرخان کردووە و ئەوان لەسەر ئەو بڕوا پوچ و بێئابڕووە رەفتاردەکەن کە دەڵێت( شەڕ لەبەتاڵی باشترە).

کوێرایی دژایەتی و نکۆلی لەنەتەوە وئایین و کۆمەڵەکانی دیکە، ھەمان ئەو بێمانایی و بێھیواییە کە ڕق و توڕەیی خۆیان بەسەر ئەو کەسانەدا دەبارێنن، کە بەبێ ھیچ پشت و پەنایەک بوونەتە کۆیلەیان.لەوانەیە ھەمان شێوەش قوربانیەکان، وەکو کۆمەڵ و ئایین و نەتەوەی دژایەتی و نکۆڵی کراو، لەسەردەمێکی دیکەدا جێگای جەللادان بگرنەوە و بتوانن ھەمان شەھوەتی کوێری کوشتن بەسەر بکوژەکانی جارانیاندا بھێنن. بەڵام دەبێت ئەو راستیە بزانین کە دژایەتی و لەناوبردنی کەس ولایەنی دیکە، تایبەتمەندییەکی  زگماک یان رەسەن نییە و بەشێک نییە لەسیفەتی مناڵان، بەڵکو گەورەکان بانگەوازی رشتنی خوێنی نەیاران دەکەن و ئەم بڕوایە دەبێتە یەکێک لەجیاکەرەوەی کەسایەتی ئەوانەی کە ستەمکارن و جێبەجێکەری ستەمەکانن.

ستەمکاران و جەللاد و ئەوباشەکانیان یان ئەو نەتەوە و ئایین و کۆمەڵانەی کە بەرنامە و بڕوای دڵرەقی جێبەجێ دەکەن، تەنھا لەپێناوی دڵڕەقی و چەوساندنەوە و لەناوبردنی ئەوانی دیکەدا ئەمکارانە ناکەن، ئەگەرچی لەکاتی کارەساتەکاندا بەزۆری بەھۆی زاڵبوون توندوتیژی و دڕندەییەوە وادەرئەکەوێت کە ئەم دیمەنە ناخۆشانە تەنھا لەپێناوی نواندنی توندوتیژی و وەحشیەتدایە. بەڵکو ئەوان دەیانەوێت یان وابیردەکەنەوە بەھۆی لەناوبردنی نەیاران و دوژمنان دەسەڵات و کۆمەڵ و شارستانی خۆیان زاڵبکەن، یان وەک قاعیدە و داعش دەخوازن ئایین و بەرنامەی خوداکەی خۆیان بەسەر خەڵکدا فەرز بکەن. بەم بۆنەیەوە(برتۆڵد برێشت) بیرمەند و شانۆنووسی ئەڵمانی نزیک لەقوتابخانەی فرانکفۆرت لەباسی بەدەسەڵاتی گەیشتنی فاشیست و نازییەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا دەڵێت:" ئەوان بۆچەند ھەزار ساڵی دیکە بەرنامەرێژییان کردووە... دەیانەوێت ھەموو شت لەناوبەرن،  و ھەموو خانەیەکی زیندوو لەتەقاندنەوەی مەرگبار و وێرانکەردا خاپور بکەن... و کۆرپەی لەدایک نەبوو لەسکی دایکاندا بکوژن".

بەبڕوای ھانا ئارێنت ھۆکاری سەرھەڵدانەوەی کارەسات و دڵرەقی و وەحشیەت و "بوونی ئۆردوگاکانی مەرگ لەلای نازییەکان و کۆلاگەکانی ستالین، داڕمانی پلورالیزمی مرۆیی و دابەزینی مرۆڤەکانە بۆ بوون بە بوونەوەری بێ بیرکردنەوە و ئازادی. بەوتەیەکی رۆشنتر تۆتالیتاریزم و فاشیزم تاکێتی و کەسایەتی مرۆڤەکان دەھاڕن و دەیانکات بەھیچ یان نەبوو، تا ئەو رادەیەی کە ھیچ کەسێکی دیکە نەبینێ و نەبیستێ. ھەرچەندە وا دیارە کە مرۆڤ لەھەموو شوێنێک بەشێوەی جەماوەری میلۆنی دەبینرێن، بەڵام لەراستیدا ھیچ کەسێک لەھیچ جێگایەک بوونی راستەقینەی نیە.(یان کارەساتەکانن ئەو راستیە تاڵەدەکەن بەھەست و نەستی زۆرینەی خەڵک). ھەرچەندە  ھەموویان لەبەدبەختی و فەلاکەتدا ھاوبەش و یەکسانن، بەڵام ھیچ جیھانێکی ھاوبەشیان نیە کە لەوێدا کەسێتی خۆیان لەفرەیی بیروباوەڕەکاندا بەدەست بھێننەوە. باشترین باسی ئەم رەوشە لەو رستە بەناوبەنگەی ( مارچیلۆ ناسترۆیانی) و لەفیلمی ( لەرۆژێکی تایبەت)دابەڕۆشنی دەرئەکەوێت کە (ئۆتۆرە سکۆلا) دەڵێت: ئەوە گرێگرتەی قاتی شەشەم نیە، کەنەیاری فاشیزمە، بەڵکو ئەوە فاشیزمە کە نەیاری کرێگرتەی قاتی شەشەمە."

لەرۆشنکردنەوەی زیاتری بەرھەمەکانی ئارێنت دەتوانین ئەو ئەنجامە بزانین کە  ئاراستەی ئەو لەشیکردنەوەی ئایدیۆلۆژیە تۆتالیتارەکانی سەدەی بیستەمدا دەربارەی سیاسەتی مۆدێرن دەڕون بەرەو نازیزم و ستالینیزم شێوازی نوێ و ترسناکی ژیانی سیاسی مۆدێرنە کە یەکەمجارە لەمێژوودا دەرئەکەون. ئەوەی کە وەک دیاردەیەکی نوێی ئەم رژێمە تۆتالیتارانە دەرئەکەوێ، بەکارھێنانی سیاسەت و رێبازی تیرۆرە. پرسەکەش لەوە ترسناکترە، چونکە لەلای ئەو رژێمانە تیرۆر تەنھا ئامرازێک نیە بۆ ھێنانەدی ئامانجەکانی دیکتاتۆری، بەڵکو تیرۆر دەکەنە بەشێک لەپێکھاتەی سیاسی کۆمەڵ. ھەربۆیە لەو پێکھاتە سیاسیانەدا  خەڵک لەیەکتر بێزارن و ھاوڵاتی بوون دەکەوێتە قەیرانەوە. ئەم قەیرانە ھاوکاتە لەگەڵ قەیرانی ئەندێشە و بیرکردنەوە، چونکە لەو ھەلومەرجەدا بوارێک بۆ باس و گفتوگۆ نامێنێ، لەبەرئەوەی کە بیرکردنەوەش بۆ خۆی پرسێکی گفتوگۆییە و لەجیھانی ھاوبەشی مرۆڤدا مانا پەیدا دەکات، و سەرئەنجام نەمانی گفتوگۆ دەبێتە نەمانی بیرکردنەوە. لەبەرئەوەی کە بیرکردنەوە  ھێزی داوەر دەربارەی (خراپە) بەمرۆڤەکان  دەبەخشێ، و لەئاکامدا بیرنەکردنەوە  توانای خەبات لەدژی خراپە و ستەمکاری لەمرۆڤ وەردەگرێتەوە. رۆشنتر بڵیێن، ئەگەر بیرکردنەوە لەھەوڵی پەیداکردنی مانا و پرسی تێگەیشتن بێت لەجیھان و بەرپرسیاریی مرۆڤ بێت لەجیھاندا، بۆیە نەپرسین بەرەو نابەرپرسیاری تاک دەچێت. بەبڕوای ئارێنت:( ئەم ھەلومەرجە توانای بەرھەمھێنانی کەسایەتی وەک ئادۆلف ئایخمان تاوانکاری نازی کە بەرپرسی ئۆردوگاکانی مەرگی ئاشۆیتس بوو، کە ئەوپەڕی بەرجەستەبوونی(بێنرخی خراپەکارییە). بەکارھێنانی  ئارێنت بۆ وشەی (بێ نرخی)  و پەیوەندی بەچەمکی(خراپە)وە بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیاریی ئایخمان نیە لەکار و ئامادەکردنی تاوانەکانی نازی لەئوردوگاکانی مەرگدا، بەڵکو لەلای ئارێنت (بێنرخی خراپەکاری) تایبەتمەندیی ئەو کەسو تاکانەیە کە بەتەواوی توانای بیرکردنەوە و داوەرییان دەربارەی کارەکانی خۆیان لەدەستداوە. ئەو بڕوای وایە کە یەکێک لەگەورەترین تاوانەکان بیرنەکردنەوەیە، لەبەر ھەمان ھۆکاریش ئایخمان نە(باگۆ)و نە(ماکبێس)ە، بەڵکو کەسێکە کە گفتوگۆی دەروونی لەگەڵ ویژدانی خۆیدا بەتەواوی لەدەستداوە وئەم نەبوونی گفتوگۆیە دەبێتە ھۆکاری بێئاگایی لەھەبوونی(خراپە).  ئارێنت لە کتێبی( ئایخمان لەئۆرشەلیم)دت دەڵێت: ئایخمان کەسێکە پەیڕەوی لە فەرمانەکان دەکات و ھەلی بیرکردنەوە دەربارەی کار و کردەوەکانی بەخۆی نادات لەوانەیە ھەر لەبەر ئەوەش بێت، کەکوشتنی یەھودەکانی لەئاشۆیتس وەکو ھەر فەرمانێکی دیکەی بیرۆکراتی دەبینی."

بیرکردنەوە و نوسینی ئارێنت دەربارەی کەسایەتی ئایخمان و کارەساتەکانی نازیزم زیاتر بەمەبەستی درۆینەوەی پەیوەنیەکی فکرییە لەنێوان ھەلومەرجی سیاسی ژیانی مۆدێرن و زھنی تاکی مۆدێرندا. بۆیەش لەوتارێکدا بەناوی (تێگەیشتن لەسیاسەت) دا دەنوسێ: ( ئەگەر بمانەوێت ئەم گۆی زەوییە وەکو ماڵی خۆمان بێت... دەبێت لەگفتوگۆیەکی بێ پایاندا بین دەربارەی ناوەرۆکی تۆتالیتاریزم). لەلای ئارێنت وەحشیەتی تۆتالتیاری سەدەی بیست بەرجەستەبوونی ئەو پرسە سادەیەیە کە سروشتی مرۆیی تەنھا مرۆییە و ھیچی دیکەنا، واتە تەنھا مرۆڤ توانای مرۆڤبوونی ھەیە، بۆئەوەی مرۆڤ بین دەبێت لەچوارچێوەی جیھانی ھاوبەشدا بژین و ئەزموونەکانی مێژوو فێرمان دەکەن کە ئەم جیھانە ھاوبەشە جیھانێکە شایانی شکستە، یان ماک و توخمەکانی شکستی لەخۆیدا ھەڵگرتووە. بەم بۆنەیەوە ئارێنت لەکۆنفرانسی ساڵی ١٩٧٢ شاری تۆرنتۆ باسی ئەوە دەکات، کە لەھەریەکێک لەئێمەدا ئایخمانێک ھەیە. مانای ئەم رستەیە دەتوانێ مەرگی ئەندێشە لەرژێمی ستەمکاردا بەیان بکات. مەرگی بیرکردنەوەش دەبێتە مەرگی ژیان و لەم پرسەشدا رستەیەکی گرنگی ئەرستۆ دەڵێتەوە:( بیرکردنەوە خودی ژیانە). ئارێنت وەکو ئەرستۆ باوەڕی  بەوەیە کە ژیانی مرۆڤ جگە لەبەشداری لەھەلومەرجی سیاسی ھاوبەشی مرۆڤەکان شتێکی دیکە نیە. یان رۆشنتر دەڵێت: بۆ ئەوەی مرۆڤ بین تەنھا بوونمان بەس نیە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە بەشێک بین لەو ھەلومەرجەی کە مرۆڤبوونی تاک تیایدا مانا پەیدا دەکات. بەوتەی مارسێل پرۆست لەرۆمانی ( گەڕان بەدوای زەمەنی لەدەستچوو) دا( پرسەکە بوون یان نەبوون نیە، بەڵکو پابەنبوون یان پابەندنەبوونە). ھۆکاری مرۆڤبوونی مرۆڤەکان لەوێدایە کە ھەر تاکێک ئایدیای مرۆڤایەتی تێدا بێت. لەلای ئارێنت، ئەگەر ئومێدێک سەبارەت بەچالاکی مرۆیی و ئازادی ھەبێت، بەو مانایە دەبێت کە مرۆڤایەتی ھەموو کاتێک وەکو ئامانجێکی واڵا لەبیری ئێمە داھەبێت.

ئەو خەڵک و نیشتمانەی کە ژینگەی ھێنانەدی کارەساتن

بیرمەند و دەروونناسی ئەڵمانی_ئەمریکی و یەکێک لەزانایانی قوتابخانەی فرانکفۆرت(ئێریک فروم) لە( گەوھەری مرۆڤ) دا دەربارەی ئەو کەس و جەماوەرانەی کە دەبنە ژینگەی ھێنانەدی و ئەنجامدانی کارەسات:( ئایا تەڵعەت پاشا بەتەنھا کۆکوژی ئەرمەنەکانی ئەنجامدا؟ ھێتلەر بەتەنھا ملێونەھا یەھودی کوشت؟ ستالین ھەرخۆی بوو کە ملێونەھا نەیاری سیاسی خۆی لەناوبرد؟ بێگومان، نا لەژێرفەرمانی ھەریەکێک لەوانە ھەزاران کەس ھەبوون کە خەڵکیان دەکوشت و بەفەرمانی ئەوان ئازار و ئەشکەنجەی کەسانی دیکەیان دەداو بەو پەڕی توانا و خواستەوە ئەم فەرمانانەیان جێبەجێ دەکرد و تەنانەت خۆشی و ئارەزوویان لێدەبینین).

ئایا مێژووی مرۆڤ ئەوە ناسەلمێنێ کە توند و تیژی و دڵرەقی بەرامبەر کەسانی دیکە ئەنجامداوە. ئایا جەنگە دڕندەکان و تاوانەکانی کوشتن و سەربڕین و تەعدا، و چەوسانەوەی بەھێزەکان بەسەر لاوازەکاندا،  یان فەرامۆشی و گوێنەدانی زۆربەی خەڵک بەرامبەر گریان و ناڵەی قوربانیانی جەنگ و کارەسات و ئەشکەنجەکان سەلمێنەری ئەوە نین کە ھەندێک کەس و لە سەردەمی جەنگ و کارەساتەکانیشدا زۆربەی خەڵک ڕەوشی خراپ و نەیارو دژیان بەرامبەر کەسانی  دیکە ھەیە.  کە مرۆڤ توندوتیژی و خراپە ئەنجام دەدەن، سەردەمێک دێت کە زیاتر و زیاتر بەرە وخراپە و توندوتیژی دەچن و سەرئەنجام دەبنە کەسانی دڵڕەق و چێژ لەئازاردانی  کەسانی دیکە دەبینین. ستەمکاران و جەللادان ھەر تەنھا لەپێناوی دەسەڵات و بەرژەوەندی و ترساندنی خەڵکدا توندوتیژی و ستەم ناکەن، بەڵکو ئەم شتانە دەبنە بەشێک لەکەسایەتی و بیرکردنەوە و بڕوایان و خۆشیش لەم کارانە دەبینن. جەنگ و کارەساتە سیاسی و مرۆییەکان و سەرھەڵدانی فاشیزم و کۆکوژی و لەناوبردنی نەتەوە و ئایین و کۆمەڵەکان، ھەر لەبەرئەوەی کە جیاوازن لە دەسەڵاتداران و جێبەجێکەرانی جەنگ و کارەسات، جارێکی دیکە ھێز و توانا بۆ توندوتیژی وستەم دڵرەقی دەگێڕنەوە و سەردەمانێکی دیکەش تێۆری نەریتی و کلاسیکی لەوە دڵنیا دەبێتەوە و شانازی بەوە دەکات کە مەیل و ویستی مرۆڤ بەرەو کاری خراپە و توندو تیژیە. مرۆڤەکان بەگشتی و ئەو کۆمەڵ و نەتەوانەی کە لەمێژوودا جەنگ و کارەساتی  گەورە و بەردەوامیان دیوە( وەکو کورد و ئەرمەن و جولەکە)، سەرئەنجام لەوە تێدەگەن و بەئەزموون و مەزەنەی عەقڵی خۆیان دەزانن کەکەسانی نائاسایی و دەسەڵاتداران و دڕندە و سادیستە مرۆییەکان ھەمیشە  لەبیر و بەرنامەی ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکدان. بەڵام لەسەردەمی کارەسات و جەنگەکاندا تراژیدیایی دیکە سەرھەڵدات، کە ئەویش ئەوەیە ( ھەندێک مرۆڤی ئاسایی و تەنانەت لاوازیش، دەسەڵات  وتوانای نائاسایی و بەھێزیان دەستدەکەوێت و مەترسی گەورە لەسەر خەڵک و کۆمەڵ دروست دەکەن و توندوتیژی و ستەم و دڵرەقی لەئاستی فراوان و قۆڵی کۆمەڵدا بڵاودەکەنەوە، یان ڕەھەند و مەیل و ئامادەیی بەھێزی کۆمەڵایەتی بۆ توندوتیژی و کارەسات بەرھەم دەھێنن و ئەمەش دروست ئەو ھەڕەشە و مەترسیە گەورە و فراوانەیە کە ھەموو بزاڤ و دەسەڵاتە فاشیستەکان بەسەر وڵات و کۆمەڵەکانیان ھێنا.)

جەنگ و کارەسات، ھەروەکو چۆن پێویستیان بەچەک و جەنگاوەر ھەیە، ھەروەھا زیاتر پێویسیتان بەو ھەست و پاڵنەرە بەھێزانەی کینە و ڕق و ترس و مەیلی وێرانکەر ھەیە بۆ ئەوەی ھەزاران و میلۆنەھا کەس ڕووبەڕووی مەرگ بکەنەوە و یان بیانکە بکوژ و ئازاردەری کەسانی دیکە.  ئەم ھەست و پاڵنەرانە مەرجی پێویستن بۆ سازدانی ھەموو ململانێ و جەنگەکان، چونکە تفەنگەکان تەنھا خۆیان ناتوانن جەنگ و کارەسات بقەومێنن، بەڵکو ئەو کەسانە زۆر پێویسترن کە تفەنگ و ھۆکارەکانی توندو تیژی بەکاردەھێنن. ھەرلەم جەنگ و کارەساتانەدا بەرامبەر و لەدژی توندوتیژی  و ستەم و ئازار و ئەشکەنجەی ئەوانەی کە بەرژوەندی و دەسەڵاتیان پێویستی بەم شتانە ھەیە، و لەبەرامبەر ئەوانەشدا کە ھەست و پاڵنەرەکانی ڕق و کینە و ترس و مەیلی وێرانکەریان شەپۆل دەدات، جۆرێکی دیکە لە توندوتیژی سەرھەڵدات کە ئەریک فرۆم بە ( توندوتیژی کاردانەوە) دەیناسێنێَ و بەم شێوەیە باسی دەکات:( مەبەستم لەو توندوتیژیەیە کە بۆ داکۆکی لەژیان و ئازادی و شایستەیی خاوەندارێتمان پەنای بۆ دەبەین، یان ئەو کارە توندانەیە بۆ داکۆکی لەکەسانی دیکە کە کەوتونەتە ئەو مەترسیانەوە. ھەرچەند رەگوڕیشەی ئەم کاردانەوەیە لەترسدایە، بەڵام لەخرمەتی ژیاندایە، نەک مەرگ، و ئامانجەکەی پاراستن و داکۆکیە نەک وێرانکاری. لەوانەش زیاتر ئەوەیە، کە ئەم توندوتیژیە تەنھا کاردانەوە نیە، بەڵکو تارادەیەکی زۆریش لێکۆلێنەوەی لۆجیکی و عەقڵانیشی تێدایە، کە ھۆکار لەگەڵ ئامانجدا ھاوئاھەنگ و گونجاوە.)

دەبێت ئەوەش بزانین کە لەڕوانگەی بەھا مرۆیی و رۆحانی و ئەخلاقییەکانەوە، ھەموو تاوانێک بەرامبەر ئەخلاق نەیارە، ھەرچەندە داکۆکیش بێت لەژیان. بەڵام خودی ئەم بەھایانەش دەزانن کە جیاوازی راستەقینە ھەیە لەنێوان توندوتیژی( داکۆکی) و ئەو توندوتیژیانەی کە مەبەستیان تاوان و وێرانی و کوشتارە، کە خاوەنەکانیان حەزی پێدەکەن. لەشێوازەکانی دیکەی توندوتیژی کاردانەوەدا دەبێت باسی ئەو توندوتیژیانەش بکەین کە لەئەنجامی سەرکوت پەیدا دەبن، یان ئێرەیی و دڵپیسی بەرھەمی دەھێنن، یان بەشێکن لەئارەزووی تۆڵەکردنەوە، یان بۆ پڕکردنەوەی ھەستی بەئازاری داڕمانی ھیواکانە، یان ئەو توندوتیژیانەیە کە خاوەنەکانیان پەنای بۆ دەبەن بۆ رازیکردنی ھەستی شکست و  بێ توانایی و داواکەوتن.  ھیچکام لە توندوتیژی کاردانەوە ناتوانن لەئاستی فراوانیدا ببنە ھۆکاری جەنگ و کارەسات، ئەگەرچی لەوانەیە لەئاستی سنوورداری کەسەکاندا ئاستەنگ و ناخۆشی بەرھەم بھێنن. بەڵام کاتێک دەتوانن لەکۆمەڵدا بەدیھێنەری کارەسات بن کە توندوتیژی تینوی خوێن ڕشتن و وێرانکاری ببێتە سەرکردە و فەرمانداریان.

دوایین شێوازی توندو تیژی بریتی یە لە( تینوێتی خوێنڕشتن) کە مەبەست لەو توندوتیژیە نیە کە کەسانی بریندار لە رێز و شایستەییان پەنای بۆ دەبەن،  بەڵکو مەبەست لەو رق و توڕەییە کوشندەیە کە لەئاستی کۆمەڵایەتیدا جەنگ و کوشتار و وێرانکاری دەنێتەوە. ئەوانەی وا بیردەکەنەوە کە خوێن ڕشتن ھۆکاری بوون و ھێز و جیاوازیانە لەخەڵک و سەرکەوتن و شایستەی خۆیان  بەو شێوازە بەدی دەھێنن، ئەوانەی کە ئەم جۆرە لە توندوتیژی دەبێتە  رەوشی ژیان و بیرکردنەوە و بەرنامەی دەسەڵات و ئیمانیان. ئەوان وابیردەکەنەوە، یان ھەلومەرجێکی وەھا دەسازێنن کە یان دەبێت بکوژن یان بکوژرێن، ئەمەش دروست ئەو پەیڕەوە سیاسی و دەسەڵاتداری و ئیمانداریەیە  کە فاشیزمە جۆراو جۆرەکان لەمێژوودا بەسەر خەڵکیاندا سەپاندووە. لەکۆمەڵە سەرەتاییەکاندا ئەم شێوازەی توندتیژی باوبووە و ھەندێک کەسی خەڵکی  زۆریان کوشتوە و ھەتا توانیویانە کوشتاریان ناوەتەوە و پاش ئەوەی تینوێتیان لەخوێن رشتن شکاوە، خۆشیان کوژراون.

کێشەی ستەمکارانی خوێن رێژ و دەسەڵات و بزاڤە فاشیستەکان ئەوەیە کە شێوازی دەسەڵاتدارێتی و بەرێوەبردنی وڵات ھێندە دەگەڕننەوە دواوە و ئەو داوەرییەی بیرمەندان  دەسەلمێنن، کە فاشیستەکان تەنھا توندوتیژ وخوێن رێژنین، بەڵکو  لەئاستێکی زۆر  سەرەتایی و بەربەریدا ئەو ستەم وخوێن رشتنە دەکەنە رەھەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ھەموو جۆرەکانی دیکەی توندتیژی کاردانەوەش دەخەنە خزمەتی دەسەڵاتی خوێن رێژی خۆیانەوە. ستەمکاران، جەللاد و ئەوباشەکانی بەردەستیان دەکەنە ئامراز و ھێزی خوێن رشتن و لەئاستی کۆمەڵایەتیشدا ھەموو شێوازەکانی دیکەی توندتیژی کاردانەوە چالاک دەکەن و دەیانخەنە دوای خۆیان بۆ خوێن رشتن.  کەسانێک لەئاکامی سەرکوت و شکستی خۆیان دەچنە ریزی خۆێن رێژان و ھەندێکی دیکەش بەھۆی ئێرەیی ودڵپیسی بەرامبەر بەکەسانی دیکە دەچنە دەزگای توندتیژی ئەوان و ئەوانەشی کە بەداوای تۆڵەکردنەوە دان  رقی تۆڵەی خۆیان نەک تەنھا بەرامبەر نەیاران و دوژمنان بەڵکو بەسەر ھەموو ئەو کەسانەدا دەبارێنن کە توانایان بەرسەریاندا ھەیە. ھەندێکی دیکەش بۆ رازیکردن و ھەق کردنەوەی شکست و بێتوانایی دواکەوتن یان  بەھۆی ترسەوە دەچنە ناو بکوژەکان و لەترسنۆکەوە دەبنە ترسناک. ئەمەش ھەمان ئەو سیاسەت و رەوشتە ترسناک و کارەساتبارەیە کە ستەمکاران و فاشیستەکان کردیانە بەری کۆمەڵەکانیان. ئەوان کارەساتەکانیان دەکەنە ئارەزووی کوشتار و نەمرکردنی ھێز و توندوتیژی و بەپیرەوەچوونی مەرگ و قێزەونی و سادیزم و ئارەزوی لەناوبردنی ھەموو شت. تەنانەت ئەوانەی کە بەشێک نەبوون لەو توندوتیژیانەی کە لەسەر بنەمای کاردانەوە دامەزراون، بەناچاری بۆ خۆپاراستن و بەرگری یان بۆ نەھێشتنی ئەم ھەلومەرجە نەخوازراوە پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن و رێگای توندوتیژی قارەمانانە دەگرنە بەر، ھەروەکو لە پێشوودا باسمانکردن.

بە دێھینەرانی کارەسات بیرو دەروونی مەرگخوازی خۆیان دەکەنە بیر و دەروونی کۆمەڵ و ھەژانەکانی ئەوان و بەرەو مردن و وێرانکاری دڵڕەقی دەبەن، چونکە ئەو ( کۆمەڵانە نەیانتوانیوە پێویستی و نیازەکانی زۆربەی خەڵک جێبەجێ بکەن، بۆیە شێوازێک لەرازیکردنی نێرگزیەتی جۆری ئازاردەریان بۆ دابین دەکەن، ئەمەش لەترسی ئەوەی کە نەبادا ھەستێکی گشتی نەیاری و ناڕەزایی لەلای خەڵک تەشەنەبکات. شانازی نێرگزیەت بۆ پابەندبوون بەکۆمەڵ، ئایین، نەتەوە و ئایدیۆلۆژیا دەکەنە تاکە سەرچاوەی رەزامەندیی ئەو خەڵکەی کە لەڕەوشی ھەژاری و سەختی ئابووری و فەرھەنگیدا دەژین، و ئەمەش زۆربەی جار دەبێتە یان دەکرێتە رەوشێکی کارا.  چونکە ژیان بۆ ئەوان ھیچ( خێرێک) ناھێنێتەدی و ھیچ ئەگەرێکی ناسنامەی دڵخوازیان بۆ دروست ناکەن و یان پابەند نابن بەھیچ شتێکی دیکە، بۆیە ھەستی شانازی و رەزامەندی و لەخۆبایی بوونی نێرگزیەتیان دەگاتە یان دەکرێتە سەرچاوەی سەرەکی و بڕیاردەری ناسنامە.)

ئەم ڕەوشە ھەمان ئەو ھەلومەرجانەیە کە بەسەر کۆمەڵەکانی ئەڵمانی و ئیتاڵیای نازی و فاشستی سەپێندراو خەڵکیان کردە ئۆردوی جەنگ و ھێرش و کۆکوژی کەسانی دیکە، یان بەزاراوەی خۆیان دوژمنان. ئێستاش داعش سوننەی عەرەبی عێراق و سوریای کردۆتە ژینگە وھێزی دژایەتی و نکۆڵی و لەخۆبایی بوونی نێرگزیەتی فاشیزمی ئیسلامی لەدژی ھەموو ئەوانەی کە بەدوژمن ناساندوونی. لەھەموو ئەو  کۆمەڵانەدا کە کراونەتە قوربانی و جەللادی دەسەڵات و بزاڤە فاشیستەکان، دەبینین کە ناوەندی ھەستی خۆ بەگەورە زانین و باڵادەستی لەلای چینی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەلای خوێندەواران پەیدا دەبێت کە کراونەتە قوربانی و سازوکاری ھەژارکردنی ئابووری و فەرھەنگی. لەبەرئەوەی ئەو چینە ئومێدی باشبوونی ژیان و ئاکاریان نیە و لەلایەکی دیکەش پابەندن بەکۆمەڵێک یان سیاسەت و فەرھەنگێک کە لەوپەڕی لاوازی و نائومێدیدا دەژین و لەوانەشە لەدوایین ھەناسەکانیاندابن، پاش ئەوەی کە سەردەمێکی دووردرێژ لەدەسەڵات و ھەژموون و خۆشیدا بوون و باشترین نموونەش سوننەی  عەرەبە لەعێراق.یان ھەندێک کۆمەڵ ھەن کە لەرەوشی مێژوویی ھەژاری و سەرکوت و سوکایەتی ژیاون و لەوانەیە سەردەمێکی دیکە بێتە پێشەوە ھێزو توانا پەیدا بکەن و دوژمنەکانیان  لاواز بن، بۆیە دەکەونە رەوشی ھێرش و پەلامار و تۆڵە و کۆکوژی بەرامبەر دوژمنانی جاران و ھەموو ئەو کەس و لایانەنەی کە ئەوان دەتوانن ھەژموون و ڕقی خۆیان بەسەریاندا ببارێنن. ئیسلامییەکانی لیبیا و سەلەفیەکانی تونس و حوسیەکانی یەمەن و ئیخوانەکانی میسر و شیعەکانی عێراق لەساڵی ٢٠١١ ھەتا ئێستا لەو ڕەوشەدا سیاسەتە فاشیستی و توندوتیژیەکانی خۆیان لەدژی نەیاران و دوژمنان ئەنجامدا.

سەرچاوەکانی کارەسات:ستەمکاری، کۆنەپەرستی، توندرٍەوی

ئەگەر چی کارەسات لەسەرچاوەکانی خۆی توندوتیژتر و توندڕەوتر و ستەمکارترە، بەڵام کارەساتە مرۆیی و ئایینی و سیاسی و نەتەوەییەکان چۆن ڕوودەدات، ئەگەر ھێزەکانی ستەمکاری و کۆنەپەرستی و توندرەوی لەشێوازە جۆراوجۆرەکانی ئایدیۆلۆژی و ئایینی و نەژادیدا بەرھەم ھێنەری کارەسات نەبن. ستەمکاری کە سەرچاوەی بنەڕەتی پەیدابونی کارەساتەکان ھەم نەفرەتی خەڵک لەخۆیان بەرھەم دەھێنن و ھەم مایەی سەرسامی و تاسانن کە کتێبەکانی مێژووی رابردوو یان ناونیشانی ھەواڵەکانی ئەمڕۆیان پرٍکردووین. ئەوانە سەبارەت بەخواستە مرۆییەکان خۆیان بەپابەندنازانن و ھیچ بەھایەکیان بۆ دانانێن. لەوجیھانەی کە زۆربەمان تیایدا خاوەنی دەسەڵات و ھەژموون نین، بەڵام ئەوان وەکو خاوەنی ھێز دەرکەوتوون، باھۆزەکانی مێژوو ئەوانی نەچەمانۆتەوە بەڵکو ھێشتا بەھێز راوەستاون و دیسان سەریان لەمێژوو ھێناوەتەوەدەر، و ھەندێک جاریش مێژوو دەگۆڕن. لەبەرئەوەی بەدیھێنەری ترس و نەفرەتن، بۆیە ھەمیشە لەکاتی پەیدابوونیان ھەژان و ئاشوب و کارەسات دەنێنەوە و ئێمە وەکو چۆن تەماشای ئاگردەکەین، ھەرواش سەرنجی ئەوان ئەدەین و ناتوانین یان نامانەوێت لێیان نزیک ببن.

ھەروەکو (کارل ویتفۆگڵ) دەڵێت:( شێوازەکانی ستەمکاری و کارەساتەکان کە بەسەر خەڵکیان ھێناوە، لەماوەی ھەزاران ساڵدا بەشێوەی سەرنج راکێش بەبێ گۆڕان ماونەتەو.) یان ئەفلاتون دەڵێت:ستەمکاری، ھیۆلای روخساری توندوتیژی ودڵرەقیە.

وڵات و نیشتمانی ستەمکاری ناتوانن کەسی باش پەروەردە بکەن، لەو ژینگەیە و لەژێر ئەو ئاسمانەدا ھیچ مرۆڤێک، کە  بەشێوەیەکی ئاسایی پەروەردەکرابێت ناتوانێ ھەرگیز بەعەقڵانیەت بگات. ئەم ھەلومەرجە سەرسامی و تاسان لە سروشتی کەسەکاندا دروست ناکات، و بەتایبەتی ئەگەر سەردەمی دوور و درێژ ستەمکاری لەو کۆمەڵانەدا دەسەڵاتداربن. ستەمکار و رەعیەتەکان ھەردوکیان وەکو ئاوێنە یەکتر نیشان دەدەن و دواکەوتن و سەرکوت و بیماری ھاوبەشی خۆیان درێژە پێدەدەن و بەھێزی دەکەن.

زاراوەکانی ستەمکاری و کۆنەپەرستی و دڕندەیی پڕن لەترس و تاسان وھەژان، چونکە ھەرکەسێک پابەندبێت بەژیان و شایستەیی مرۆڤ، کاریگەری ئەوان لەسەر ئازادی و ماف و دادپەروەری وەکو ئەتکردنی مۆرڤایەتی تێدەگا. پەیوەندی نێوان ئەو دەسەڵات وسیاسەتانە لەگەڵ پرسە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵ و وێرانکردنی ھەموو ژیان و پەیوەندییەکانی لەلای ئەوان پەیدادەبن . تێگەیشتن لەو دەسەڵات و سیاسەتانە پێویستی بەتێگەیشتنە لەکۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان کە ژیانی ئێمە پێکدەھێنن. سەرئەنجام ھەموو باسەکان دەربارەی ستەمکاری و کۆنەپەرستی و کارەساتەکانیان دەبنە پرسەکانی کۆمەڵ و ماھیەتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ئەو کۆمەڵ و وڵاتانەی کە ئەو دەسەڵات و ھێزانە تیایدا سەرھەڵدەدەن. کارەکانی ستەمکاری و کۆنەپەرستی و دڕندەیی پێش ھەرشتێک ئەو بڕواو ئایدیۆلۆژی وسیاسەتانەن کە خاوەنی توانای لەناوبردنی مرۆڤن و لەماھیەتی ئەو کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەدا شاراونەتەوە کە ئێمە تیایاندا دەژین.

بۆ رۆشنکردنەوەی ماھیەتی کۆنەپەرستی و توندڕەوی دەسەڵاتە ستەمکارەکان و بۆ سەرنجدان لە شێوازەکانی ستەمکاری و کارەساتەکانیان کەلە ماوەی سەدان و ھەزاران ساڵدا بەسەرخەڵکیان ھێناوە، بانمونەیەک لەنووسەر و روناکبیرێکی عێراقی ( د. عەلی ئەلوەردی ) ببینین کەلە کتێبی (گاڵتەجاری عەقڵی مرۆیی)دا چۆن باسی کۆکوژی  ئێزیدیەکان لەلایەن عوسمانیەکانەوە دەکات: " لەسەردەمی عوسمانیدا کاتێک والی موسڵ ھێرشی سەربازی لەدژی ئێزیدیەکانی باکوری عێراق ساز کرد و ھێرشەکە بەرەو لادێکانی ئێزیدی پەلاماریدا و مناڵانیان کوشت و ژنەکانیان بۆ خۆیان برد و پیاوە زیندوەکانیان ھێنا بۆ موسڵ کە سەرپشکیان بکەن لەنێوان کوشتن  بەشمشێر و شەھادەی "لا الە الا اللە". والی موسڵ بەم سەرکەوتنە دڵخۆش بوو کە خوا لەسەر دەستی ئەو ئەنجامیدا، چونکە بڕوای وابوو لە پاداشتی ئەم قەسابخانە قەشەنگەدا خوا لە بەھەشت کۆشک وتەلاری جوانی پێشکەش دەکات"

ھەر لەھەمان لاپەڕەشدا باسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ئێزیدیەکان دەنووسێ: "کاتی خۆی لەموفتی ئیسلامی سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانونیان پرسی کەناوی ( ئەبو ئەلسعود ئەلعمادی) بوو: ئایا ئیسلامەکان دەتوانن جەنگی دژی ئێزیدیەکان بکەن. موفتی دەڵێت: بەخوا وەڵامەکە دەزانم کە بەڵێ یە: بکوژی ئەوان غازییە و کوژراو لەشەڕی ئەواندا شەھیدە و جیھاد و جەنگی دژی ئەوان گەورەترین جیھاد و مەزنترین شەھادەتە.ئێزیدیەکان لە کافرە رەسەنەکانیش کافرترن و کوشتینان لە ھەرچوار مەزھەبەکەی ئیسلامدا حەڵاڵە و جیھاد لەدژی ئەوان راستر و بەسەوابترە لەپەرستنە ئاینیەکان. تێکدانی کۆمەڵ و بنەماڵەکانیان  و جیاکردنەوەی کۆمەڵەکانیان و کوشتن و لەناوبردنی سەرۆکەکانیان بەشێکە لە ئەرکە دینیەکان،بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی وەخت و شوێنکەوتوانی ئەو دەسەڵاتانە فتوای کوشتنیان بدەن و ھانی خەڵک بدەن بۆ لەناوبردن و فرۆشتنیان. دەبێت پیاوانیان بکوژرێن و نەوەکانیان دیل و ئەسیربکرێن و ژن و کچەکانیان ئەتک بکرێن".

ئایا داعشەکانیش لەساڵی٢٠١٤ ھەمان ئەو ستەمکاری و توندوتیژی و کارەساتانەیان بەسەر ئێزیدیەکاندا نەھێنا کە عوسمانیەکان بەسەریاندا ھێنان و پاشای کۆرەی میری سۆرانیش ھەروەکو عوسمانی و داعشەکان کۆکوژی ئەوانی نەکرد؟

ئەفڵاتون کەباسی ستەمکاری دەکات و دەڵێت" تایبەتمەندییەکانی ئەوان بریتییە لە نەبوونی دادپەروەری، بێ شەرەفی ، بێ ئەقڵی و لەڕاستیدا ستەمکاری راستەقینە جگەلەکۆیلەیەک شتێکی دیکە نییە، ئەگەر لەلای خەڵکی دیکەش وانەنوێنێ. ستەمکار و جەللادەکانیان کەدەسەڵاتیان بەسەر خۆیاندا نیە، بۆیە ھەوڵدەدەن فەرمان بەکەسانی دیکە بکەن. لەکاتێکدا کە ئەقڵ و شەرەف لەلای ئەوان پەیدا نابن". بۆیە دەیانەوێت ھەموو ئەو سیفەتانەی کەلە خۆیانداھەن بەسەر دەستوپێوەند و جەللاد و تەنانەت بەسەر قوربانی و رەعیەتەکانیشدا  بھێنن. کەخۆیان کۆیلەن، بێگومان کەسانی دیکەش کۆیلە دەکەن، کە بێ ئەقڵ و بێ شەرەفن ، دەخوازن ئەقڵ و شەرەف و ویستی خەڵکی دیکەش لەناو ببەن، ئەوان دەیانەوێت جیھانێک بەشێوەی خۆیان لەژێر رکێفی خۆیاندا دروست بکەن. ھەر بۆیە لەژێر فەرمان و لەنیشتمانی ستەمکاریدا جگە لە توندرەوییەکانی کۆنەپەرستی و دڵڕەقی و خوێن رێژی شتێکی  دیکەپەیدا نابێت.

نیشتمانی ستەمکاری و کۆنەپەرستی و توندڕەوی، پڕە لەدوژمنایەتی و بەدکاری، پەرێشانە بەھۆی خۆپەرستی ودەڵڕەقی،پڕە لەو کەسانەی کە ھەرچەندە بەکاری خۆیانەوە خەریکن، بەڵام حەسوودی بەیەک دەبەن. شوێنی خەم و خەفەتە، بە زەحمەت و بەسەختی دەبێتە وڵاتێکی یەکگرتوو، زیاتر وەکو کۆمەڵ و خەڵکی بێ پەیوەندی دەرئەکەون. نیشتمانی ستەمکاری شوێنێکە دۆستایەتی راستەقینەی تیانیە، لەتەواوی تەمەندا کەس دۆستی کەس نییە، ھەمیشە یان کۆیلەن یان خاوەنی کۆیلەن. سروشتی ستەمکاری  ھەرگیز بۆنی ئازادی یان خۆشەویستی نەکردووە.لەدەسەڵات و کۆمەڵی ستەمکاردا ھەموان نوێنەرانی تراژیدین کە دوورن لەسەلامەتی، ھاودەردی و دۆستایەتی کە سروشت  پێویستی کردوون. تەنانەت ئەگەر سەردەمێک واش نەنوێنن، یان لە رووخساردا دۆست و ھاودەمی یەکتربن، بەڵام لەسەردەمی جەنگ و کارەساتەکاندا خەڵک بەردەبنە گیانی یەکتر و ھەرچیان لە دەست بێت لە خراپە و توندوتیژی بەرامبەر بە یەکتری دەکەن، یان لەڕاستیدا بەھێزەکان ھەرچیان لەدەست بێت لەدژی لاوازەکان درێغی ناکەن. ئەمەش ھەمان ئەو کارەساتانە بوو کە عەرەب و تورکمانی سوننە بەسەر ئێزیدی و مەسیحی وشەبەک و کاکەییەکان ھێنا بەپشتیوانی ستەمکار و جەللاد و ئەو باشەکانی داعش.

" کە( ھانا ئارێنت) دەیوست ترس و تاسانی ئۆردوگاکانی مەرگی نازیەکان بناسێنێ، بەو ئەنجامە گەیشت کە خولیای شێتانە و ئارەزووەکانی ھەژمونخوازی سادیستی و ئازاردانی کەسانی دیکە و ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە لەرۆژی ڕووناکدا مەگەر لە مۆتەکەی شەواندا بە خەو بیبینین، دەبنە کار و کردەوەی نازیەکان و دەست و پێوەند و ھاو نیشتمانیان".ئەگەر ستەمکاری ڕێگربێت لە ھەموو ئەو ھەوڵانەی کە دەیانەوێ ھەلومەرجی مرۆیی بھێننەدی، بێگومان لەکارەساتەکاندا ھەموو ھەوڵەکان لە ناو دەچن و ھەموو ئومێدەکانی ستەمکاران دێتە دی، ئیدی ھێچ شتێک ناتوانێت سنوور بۆ ستەمکار دابنێ و توانای ھەموو تاوان و توندوتیژیەکی ھەیە. ستەمکاران لە نانەوەی کارەسات و قڕکردن و کۆکوژیەکاندا توندڕەوترین راستی و ئیمان و بەرنامەی خۆیان دەرئەخەن و راستی ئەوان لەوەدایە کە گەورەترین تاوان بەھۆی توندڕەوی و پابەندبوونیان بە بڕوا و بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن.

ستەمکاری خەڵک فێری ئەوە دەکەن خوازیاری ئەوەبن کە رابەرانی ستەمکار وەکو باوکی خۆیان تەماشابکەن و ئەویش وەکو مناڵ چاودێری ئەوان بکەن. خەڵک لە ھەست و پەیڕەوی مناڵانەیان ھەست بە ئارامی و ئاسایش دەکەن و خوویان بەکۆیلە بوونەوە گرتووە. ئەوان دەخوازن لە سایەی دەسەڵاتدارێکدا بژین کە توندوتیژ و ستەمکار بێت.ئەمەش ھەمان ئەو دیمەن و مێژووەیە کە عەرەبی سوننەی عێراق چۆن لەبەردەستی بەعس و سەدام و پاشان لەبەر دەستی داعشدا ھەستیان بەبوون و ھێنانەدی ئامانج و ھیواکانیان کرد. ئەگەر ئەم ڕەوشەلاوازی و بێدەسەڵاتی کۆمەڵی عەرەبی سوننەی عێراق بنوێنێ، لە لایەکی دیکە ستەمکاری و کۆنەپەرستی و دڵڕەقی ھەموو دەسەڵاتەکانی عێراق ھەر لەسەردەمی عوسمانیەوە ھەتا دەسەڵاتی داعش بەسەر کۆمەڵگای سوننەی عەرەب و عێراقدا دەنوێنێ، کە فرانکشتاینێکیان دروست کردووە جگەلە ستەمکاری و توندڕەوەی و کۆنەپەرستی شتێکی دیکەی لێ بەرھەم نایەت. یان ھەروەکو ماکیافیلی  دەڵێت:" لەژێر سایەی ستەمکاریدا جگەلە بەدبەختی زۆر، بەدناوی، بێ قیمەتی و شێوازە زۆر و زەبەندەکانی ناخۆشترین و سوکترین دڵڕەقی و بێ بەزەیی، ھیچی دیکە بەرھەم نایەت.". ئەمەش ھەمان ئەو ھەلومەرجانەیە کە نازیەکان بە ئەڵمانیەکان کرد، و فاشیستەکان بە ئیتاڵیەکان و پان تۆرانیستە تورکەکانی ئیتحاد و تەرەقی بەتورکیایان کرد و ڤاڵانژەکان بە ئیسپانیاو بەعس و داعش بە عەرەب و تورکمانی سوننەیان کرد، واتە لە رێگای  ئەوانەوە ئەوپەڕی بەدبەختی ، بەدناوی ، بێ قیمەتی و ناخۆشترین و سوکترین دڵڕەقیان بەرامبەر بەنەیار و دوژمنەکانیان جێبەجێ کرد.

ستەمکاران ھەرتەنھا لە سیاسەت و بەڕیوەبردنی وڵاتدا کۆنەپەرستی و توندڕەوی بەرھەم ناھێنن، بەڵکو لە کارەساتەکانی وەکو کۆکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن پاشاکانی ئیتحاد و تەرەقی، ئاشۆیتس و ھوڵۆکۆست لەلایەن نازیەکان،ئەنفال لەلایەنە بەعسیەکان و کۆکوژیەکانی ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەکان، وڵاتەکان دەکەنە نیشتمانی فەرمانە بێڕەحمەکان، تاوانە ناڕاستەکان، دۆستایەتی خیانەت ئامێز و نابودکردنی بێتاوانان. لەم رووداوانەشدا نەک تەنھا دوژمنەکان یان ئەوانەی کارێکیان بەرامبەر ستەمکاران کردووە، بەڵکو تەنانەت ئەو کەسانەش کە لەژیانیان دوژمنێکیان نەبووە و کارێکی نائاسایشیان بەرامبەر کەسانی دیکە نەکردووە، بەڵام ئێستا لەلایەن دۆستەکانیان یان بەھۆی دراوسێکانیانەوە لە ناودەبرێن"لەوڵاتی ستەمکاردا یان ئەو شتانە کۆدەبنەوە کە بۆخۆیان خراپن، یان دەیانتوانی ھەموو مرۆڤێک خراپ بکەن: لاوانی تەمەڵ و پیرانی بێ بەندوبار، ھەردوو رەگەزەکە و لە ھەموو تەمەنەکان بە توندی گرفتاری ئاکار و عادەتی ھەرزەکارانەبوون."

ئەفسانە دزیوەکانی ستەمکاری و کارەساتەکانیان

ئەریک فرۆم لەکتێبی ( راکردن لە ئازادی )دا دەڵێت: " بۆچی ملێونەھا ئەڵمانی دەیانویست واز لەئازادی خۆیان بھێنن و وەکو باب و باپیرانیان چۆن لە جەنگەکانی  ئەڵمانیدا بەشداربوون، ئەوانیش ئامادەبوون لە پێنوای فاشیزمدا بجەنگێن. ئایا ئەڵمانیا خاکێکی بەپیت بوو بۆ روانی فاشیزم"، فرانتز نوێمان یەکێکی دیکە لەبیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت دەڵێت" بۆچی خەڵکی ھەژار و بێبەش پشتیوانیان لە نازیزم کرد".

وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای بیرمەندانی دیکە و بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت دراوەتەوە، ھەموو ئەوان وابیردەکەنەوە کە سازکردنی ئەفسانە کۆمەڵایەتیە دزێوەکان لەلایەن ستەمکارانەوە کەلە کارەساتەکاندا بەلوتکەی تراژیدی دەگەن، ئەو ژینگە و زەمینانەن کەخەڵک و نیشتیمانەکان دەبنە خاکێکی بەپیت بۆ ڕوانی ئەوان و کەسەکانیش دەبنە ئەو ھێز و ئاپۆرانەی کە تاوانە دڵڕەقەکان ئەنجام دەدەن. گۆستاف لۆبۆن لە نوسینەکانی دەربارەی دەروونناسی رەفتاری جەماوەر کەلە ساڵانی دەیەی ١٨٩٠ نوسیویەتی باسی ھێڵە گشتیەکانی ئەو یاسا دەسەڵاتدارارانە دەکات کە حاکمن بەسەر رەفتاری گشتیدا. بەبڕوای ئەو " چالاکی بە کۆمەڵ نیشانیداوە کەچۆن ھەندێک کەس لە ھەلومەرجی دیاریکراودا عاقڵانە رەفتار دەکەن، کەچی لەژێر کاریگەری ھەژمونی کۆمەڵ و ئاپۆرەدا رەفتاری ناعەقڵانی دەکەن، رەفتاری گشتی ھەمان ئەو رەفتارە نائەقڵانی و تەنانەت غەریزی و وەحشیانەن کەدژ و ناکۆکن لەگەڵ رەفتاری  عەقڵانی کەسانی شارستانیدا."

وەڵامی ئەم پرسیارە بەشێوەیەکی رۆشنتر و وردتر لەلایەن ھەردوو بیرمەندی فەرەنسی( جۆرج سۆرێل) و (ھێنریک دۆمان) وە لە شیکردنەوەی ئەفسانەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی بۆ ستەمکاری و کارەساتەکانیان بەم جۆرە دراوەتەوە:

جۆرج سۆرێل: " ئێمە لەقەڵەمڕەوی ئەفسانەی کۆمەڵایەتیدا دەژین، ئەو ئەفسانەیەی کە وەکو ھێزی کۆکەرەوەی خەڵک کاردەکات و ھەم لەسەر ئایندەی خەیاڵی دامەزراوە. ئامانجی ئەوان داگیرکردنی مەیدان و دۆزینەوەی ئەو کارو چالاکیانەیە کە لەسەر بنەمای ویستی گشتی دامەزراوە. تایبەتمەندی سەرەکی ئەو ئەفسانەیە کۆکردنەوەی ھێزە کۆمەڵایەتی و بنەما ناعەقڵانیەکانە کە خراپ بەکارھێنانیان لەلایەن سیاسەت و دەسەڵاتەکانەوە ھەمیشە لە ئارادایە". ئامانجی ئەم ئەفسانە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە کە زۆربەی جار بەرگی پیرۆزی و ئاینی لەبەر دەکەن لەسەر دوو پایە وەستاوە، یەکێکیان یۆتۆپیا و نمونەی خەیاڵی و بەزۆر دروستکراوی سیاسەت و دەسەڵات و کۆمەڵگایە کەدەبنە تۆتالیتاریزم  و ئەوی دیکەیان کۆنەپەرستی کە دژی ھەموو ماف و ئازادی و عەدالەت و بەشدارییەکە. تەنھا بەشداری خەڵک لە ئەفسانەی کۆنەپەرستیە کۆمەڵایەتیدایە ئەوەیە وەکو ھێرشی مێگەل و دڕەندەکان پەلامار بدەن و وێرانکاری و کۆکوژی و تاوان ئەنجام بدەن، ئەمەش ھەمان ئەو بەشدارییە مێگەلی و دڕندانەبوو کەسوننەی عەرەب و تورکمانە سوننەکان پەلاماری ئێزیدی و مەسیحی و شەبەک و شیعەکانیاندا لەشاری موسڵ و ناوچەکانی.

(ھێنرێک دومان) وەکو جۆرج سۆرێل بەخستنەڕووی پرسی پاڵنەرەکانی ھێزی کۆمەڵایەتی لەناو ئەفسانەی  کۆمەڵایەتی کتێبێکی نووسی بەناوی " دەروونناسی سۆسیالیزم" و لەساڵی ١٩٢٦ لەوتارێکیدا بەناوی " لەودیوی مارکسیزم" : " من لەدوو شت دڵنیام، یەکەمیان ماتریالیزمی مارکس یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی پاشەکشەی سۆسیالیزم، و دووەم جەنگی جیھانی یەکەم سەلماندنی کە سۆسیالیزم ھێزێکی شۆڕشگێڕ نەبوو، چونکە بیرو باوەڕێک نەبوو کەخەڵک بخوازن لەپێناویدا بمرن."

کارەساتی ئەفسانە کۆمەڵایەتیەکان لەوەدایە کەدەتوانن وا لەخەڵک بکەن بیانەوێت لە پێناویاندا بمرن و بکوژن، فاشیزم و ستەمکاری خەڵک دەخەنە نێوان دوو رێگاوە یان دەکوژیت یان دەکوژرێیت؟

دوو تایبەتمەندی رەسەنی فاشیزم بریتین لە ناکۆکی و نەیاری بەرامبەر عەقڵ و ھۆش و لەجیاتی ئەوان پەیڕەوەییە لەویست و رۆحیەت ( رۆحیەت دۆخێکە کە ھەست بەسەریدا زاڵ بێت،وەکو حاڵ لێھاتن). ھەرچەندە ئەم دوو تایبەتمەندییە رەگ و ریشەیان لە ھەمان زەھنیەتی فاشیستیدایە کە ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی ھەژموون و بزاڤ و ئاپۆرە و پەلاماردان، کە بنەما و پێکھێنەرەکانی ئەفسانەی کۆمەڵایەتی دەکاتە ئاکام. تایبەتمەندی یەکەم نەیارییە بەرامبەر بەتێوری زانین و بیرمەندی و ئەوی دیکەیان بەدی ھێنەری ئەو بڕوایەیە کە سیاسەت و کۆمەڵ دەبنە یان دەکرێنە قەڵەمڕەوی خەبات و جەنگی ھەمیشەیی. ئەمەش ھەمان ئەو رەوش و ئاکامەیە کە ستەمکار و بزاڤە ئاپۆرەکان بەسەر خەڵکیاندا ھێناوە و داعش ھەمان ئەو حاڵەت و حاڵ لێھاتنانەیە کە بزاڤە ئیسلامیەکانی دیکە تەنھا لەمەیدانی چالاکان و ھەڵسوڕاوانی ئوسوڵیەتی ئیسلامیدا ئەنجامیاندا، بەڵام داعش دەستی گەیشتە رەفتاری گشتی کۆمەڵ و ئەفسانەی وەحشیەتی کۆمەڵایەتی لەکارەساتدا بەرجەستەکرد.

بۆچی بزوتنەوە فاشیستی و بونیادگەراکان بێزارن لەژیانی خۆشی و پشودان؟ لەبەر ئەوەی بە بڕوای ئەوان مرۆڤ لەبنەڕەتدا بونەوەری نائەقڵانین، ھەربۆیەش زانست و بیر و تیۆر ناتوانن وەکو ھێزی کۆکەرەوەی خەڵک کاربکەن. لەلای ئەوان ھیچ وەکو رەوشی چالاکی و جموجۆڵ و کۆبونەوە و ئاپۆرە و پەلامار ناتوانێت رێننمایی بزاڤەکەیان بکات. ئەوان پێویستیان بەوەیە کەس و ئەندام و چەکدارەکانیان ھەمیشە لە حاڵ لێھاتن و چالاکی و پەلامار و ھێرشدابن. ئەمەش ئەو ئاکامەیە کە ئەو بزاڤ و سیاسەتانە لەماوەیەکی کەمدا زۆرترین کار و چالاکی و تاوان ئەنجام دەدەن و زۆرترین کەس دەکوژن و زۆرترینیان لێدەکوژرێت و خراپترین کارەساتیش لە ماوەیەکی کەمدا دەقەومێنن.

نەیاری و دوژمنایەتی فاشیزم بەرامبەر بەروناکبیران و تیۆری بیرمەندی لەوەدایە کە روناکبیر و تیۆر و بیرەکان بەدوای راستیدا دەگەڕێن بەھۆی عەقڵەوە، بەڵام بەبڕوای فاشیزم ستەمکاری نابێت بپرسێت کام بڕوایە راستە، بەڵکو دەبێت ئەو بڕوایە پەسەند بکرێت کەویست و خرۆش و چالاکی بەکاریگەرترین و بەھێزترین شێواز بەیان دەکەن و زیاتر لەھەموویان دەتوانن خەڵک کۆبکەنەوە. کارو چالاکی لای ئەوەان بنەمای ئاڵوگۆڕی تاک و کۆمەڵە، نەک بیر و ئەندێشە. لەم پرسەشدا خودی فاشیزمیش لەلای خۆیان ئەو تیۆرە نیە کە دەبێت بزانرێت، بەڵکو ئەو بنەما گشتیەیە کەھەمووان ھەستی پێبکەن و دەبێتە نھێنی ژیانیان، نھێنی ژیان دەبێتە یان لە راستیدا دەکرێتەحەقیقەتی گشتی خەڵک.بەڵام رووناکبیران بەجیاکردنەوەی ئەندێشە لەکار و گرنگیدانی تەواو بە ئەندێشە و ستایش کردنی عەقڵ و بەدەست ھێنانی ئاکامی ھۆشمەندانە لەگەڵ ئەم ھەموو کار و چالاکی وسەرسپاردنانەدا ناکۆک و نەیارن، ئەمەش ئەوەیە کەستەمکاران و بەدیھێنەرانی کارەسات نایانەوێت.ئەوان دەیانەوێت زۆرترین خەڵک سەرسپاردەیان بن و بیانخەنە ھێرش و پەلامار و ئاپۆرە و ئاشوبەوە.

نەیاری ئەوان بەرامبەر بەبیر و ئەندێشە تەنھا لەبەر ئەوەنیە کە خۆشییان لە عەقڵ و تێۆری و بیرەکان نایە،بەڵکو بەیانکەری ئەو تێگەیشتنەیە کەدەبێتە یان دەکرێتە ( ئیمان)، واتە ھاوتایەکە لەبڕوای ئاینی نەک بیر و ئامۆژگاری عەقڵانی. لەلای ئەوان خەڵک پێویستی بەوەنیە کە تێبگات، بەڵکو دەبێت باوەڕبکەن و ئیمانیان ھەبێت. چوار چێوەی گشتی باوەڕھێنان لەلای ستەمکاری و فاشیزم  لەسەر بنەمای زمان و رواڵەت گەرایی دامەزراوە، کەزیاتر ئایینە نەک بیر و تیۆری، تەنانەت ھێندەی لە ئایین نزیکن ئەوەندە لە ناسیۆنالیزم نزیک نین. ھەربۆیەش مۆسۆلینی و جەنتیلی لە " ئامۆژگاری فاشیزم" دا بەدڵنیابوون لەسەر پێڕەوی لە کار و چالاکی، باسی ئەوەش دەکەن کە فاشیزم ئەندێشەیەکی ئایینییە:" فاشیزم مامەڵەیەکی ئایینییە کەتیایدا مرۆڤ لەپەیوەندیەکی دەروونی و رۆحانیدایە لەگەڵ یاسایەکی باڵاتر و ویستێکی بابەتی کە لەتاک فراوانتر و بەھێزترە و سەرئەنجام دەیکات بە ئەندامێکی ئاگا بۆ کۆمەڵێکی مەعنەوی. فاشیزم بڕوا و مامەڵەیەکی مەعنەیەو لەوێدا دەوڵەت لە جێگای خودایە. دەوڵەتی فاشیست ھێزێکە، بەڵام ھێزێکی مەعنەوی و رۆحی رۆحەکانە. لەلای ھێتلەر و نازیەکانیش بریتییە لە( شۆڕشی رۆح) و پشت بەتێگەیشتنی مەعنەوی لە ماھیەتی گشتی دەبەستێ.

ھەموو بزاڤ و دەسەڵاتە فاشیستەکان بە ئاینی و نەژادی  و ئایدۆلۆژیاوە پشتیوانی تەواویان لەسەر ئەفسانەی  کۆمەڵایەتی و ئەو ھێزە زەبروزەنگەیە کە ئەم ئەفسانەیە سەرکردایەتی دەکات. بەڵام لەلای بزاڤ و دەسەڵاتە ئایینی و بونیادگەراکان ئەم کارە زۆر ئاسانتر و ئامادەترە، چونکە خودی ئایین لەسەر بنەمای ئەفسانەکان دامەزراوە و لە ئیسلامدا وێڕای ھەموو ئەفسانەکان لەسەر بنەمای ئەفسانەی توندوتیژی و تۆڵە و تەکفیر کردن و لەناوبردنی نەیار و دوژمنەکان ھەمیشە لە دەقەکانی ئایین و لە تەفسیرە سیاسیەکانیشدا ئامادەن و ئەمەش ئەو نھێنی و رۆحەیە  کە ئەو بزاڤانە بەو شێوەیە گەشەیان کردووە و بەو جۆرە بەجیھانی ئیسلامیدا بڵاو بونەتەوە.

عیشق بۆ ترس و مەترسی، خۆڕاھێنان و عادەت گرتن بەچالاکی و وزە و ئازایەتی بێباکی و پەلاماردان، یەکێکی دیکەیە لە ئەفسانەکانی کۆمەڵایەتی لەدیدگای فاشیزم  و بونیاد گەراییدا. ئەم رەوشانە لەلای ئەوان تەنھا بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات و بەرژەوندی سیاسی نیە، بەڵکو بەیانێکی دڵخوازی جوانی ناسیە. جەنگ لەلای ئەوان  تەنھا ھۆکاری دروستکار و بەدیھێنەری جیھانە، دەبێت ستایشی جەنگ بکەن. لەلای ئەوان جەنگ ھەموو ھێزەکانی مرۆڤ بەباڵاترین ئاست دەگەیەنێ و مۆری رەسەنی و نەجابەت لەو مرۆڤانە دەدات کە ئازایەتی ئەوەیان ھەیە خۆیان بخەنە جەنگ و مەترسیەوە، ھەربۆیەش ستایشی جەنگ دەکەن و پێویستیان بەوە نیە کە ھۆکار یان بەھانەیەک بۆ جەنگ بدۆزنەوە، یان بنەمای عەقڵانی و ئامانجی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ بھێننەوە،بەڵکو ئەوان سەرەتا و کۆتاییان ھەر تەنھا لە جەنگدایە.

ئەفسانەیەکی دیکەی ستەمکارانی ناو کارەسات کە لەئاستی کۆمەڵایەتیدا دەتوانن ھێز و توانای خەڵکی پێ کۆبکەنەوە پەیوندارە بە پاشەکشەی ئامانجی " قارەمانێتی" ئەو نەتەوە و ئایین و کۆمەڵانەی کەلە مێژووی خۆیاندا نەیانتوانیوە قارەمانێتی بەرامبەر بەستەم و چەوسانەوە یان بەرامبەر  بە داگیرکاران بنوێنن. بۆ رۆشنکردنەوەی ئەم پرسە کە بەرجەستەکردنی ئەفسانەیەکی کۆمەڵایەتی مەسخەرە و کارەسات ھێنەرە دەتوانین تەماشای مێژووی سوننەی عەرەب بکەین لە عێراق و سوریا. جەماوەر و کۆمەڵی سوننەی عەرەب لە عێراق و سوریا لەسەردەمی عوسمانیەکاندا زۆریان نۆکەر و بەکرێگیراوی دەسەڵاتی ئەوان بوون، لەسەردەمی ھەردوو دەسەڵاتی ئینگلیز و پاشایەتی لەعێراق، و فەرەنسی و بەعسیەکان لەسوریا سەرەڕای بەھرەمەندبوونیان بەڵام بەتەواوی پاشەکشەیان کردبوو لەھەموو داواکاریە نەتەوەیی و ئایینیەکەیان. لەسەردەمی بەعسی سوریا کە حیزب و دەسەڵاتی عەلەوییەکان  بوون سوننەی عەرەب لەھەموو مەیدانەکان پاشەکشەیان کردبوو، تەنانەت نەیانتوانی ھیچ ھەلومەرجێکی خەبات و دلێرانە بھێننەدی کە شایستەیی و شانازی بۆ خۆیان دروست بکەن. سوننەی عێراق ھەرچەندە لەسەردەمە جیاوەزەکاندا دەسەڵاتی رەھایان ھەبووە و بەھرەمەندبوون لە ھەموو شتێکی ئەو دەسەڵاتە و ھۆکار و ئامرازی سەرکوت  و جەنگ و مەترسیەکانی ئەو دەسەڵاتانەش بوون، بەڵام لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکا و پاش ئەوەی دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا بەرەوە بەھێزی دەچوو، ئەوان ھەستیان بە پاشەکشە و مەترسی کرد و لەبەرامبەر  ئەمریکا و شیعەکانیشدا نەخەبات و بەرخودانیان ئەنجامدا و نەتوانیان قارەمانێتی بکەنە ناسنامەی خۆیان. سەرنجام لەدوای دەرکەوتن و بەھێزبوونی رەوتە ئیسلامی و قاعیدی و داعشەکان ئەم دوو بەشەی سوننەی عەرەب لە عێراق و سوریا بوونە ھێزی کۆمەڵایەتی ئەوان بۆ بەدەست ھێنانەوەی ئەو دەسەڵات و شکۆ و شانازییەی لە رابردوودا ھەیانبوو . بەڵام ئەوان لەجیاتی ئەوەی نەخشی قارەمانی ببینن لەبەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا، ترس و نەھامەتی خۆیان بەرەو توندوتیژی  و ھیچ و پوچی وبێ بڕوایی برد و ئەمجارە ئەوان بوونە ئەو بوونەوەرە دڕندانە و ئەو وڵات و نیشتمانەی کە لە دژی ھەمووان خۆیان بە بێ ھێزەکان تاقی کردەوە و ئەو ھەموو کارەسات و قوربانی و توندوتیژیەیان تۆمارکرد، کە تەواوی مێژووی ئایندەی ئەم دوو وڵاتە دەبێت باسیان بکات.

ئەگەر ئەوان ترس و نائومیدی و ستەمەکانی سەرخۆیان بکردایە بەھێز و توانای کۆمەڵایەتی بەرەو ئازادی و رزگاریخوازی  و ئامانجی بەدەست ھێنانی یەکسانی و دادپەروەری، کە ھەموو ئەمانە دەتوانرێت لەزاراوەی قارەمانێتیدا کۆبکرێنەوە و ئەم زاراوەیە بەتایبەت لەسەردەمی جەنگ و کارەساتەکاندا بەرامبەر بەجەللاد و ستەمکاران دەبێتە دژ و نەیار. بەڵام ئەوان لەسەردەستی تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی( داعش و نەسرە و نەقشبەندی و بەعس و بەرەی ئیسلامی و ناوەکانی دیکە) ئەفسانەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی دزێویان دروستکرد کە ئەویش وەرچەرخانی ھەموو ئەو مەترسی و ناخۆشی و نائومێدی و نەھامەتیانەی کۆمەڵەکانیان بوو بەرەو تیرۆر و فاشیزمێکی ئایینی خوێن رێژ و بەدیھێنەری کارەسات. ئەگەر قارەمانێتی ئەفسانە و داستانێکی کۆمەڵایەتی پەسەند بێت بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری، بێگومان ئەفسانەی داستانی کۆمەڵایەتی و ستەمکاری تیرۆر و فاشیزمی ئیسلامی دەبنە ھۆی ھێنانەدی ترس و کارەسات و ئەو کۆکوژیانەی کە ئێستا بزاڤە ئیسلامی و لەشکرەکانیان لە جیھانی عەرەب و ئیسلامدا ناویانەتەوە. ئەو داستان ئەفسانانەی کەئێستا داعش و نەسرە و ھاوشێوەکانیان لەتراژیدی و کارەسات و کۆکوژیدا بەرجەستەیان کردووە، ھەمان ئەو داستان و ئەفسانە دزێوانەیە کە فاشیستەکانی ئیتالیا و نازیەکانی ئەڵمان و ھاوشێوەکاینان لە ئەوروپا و جیھان شانازیان پێوەکرد. مۆسۆلینی لە ناپۆلی بەم شێوەیە باسی ئەفسانەو داستانی خۆیان دەکات: (ئێمە ئەفسانەی خۆمان ھێناوەتەدی، ئەم ئەفسانەیە ئیمانە، شەوق و شورە. پێوستی بەوە نیە کە واقعی بێت. بەومانایە واقعی و راستە کەجوڵێنەرە، ئومێدە، ئیمان و دلێرەییە. ئەفسانەی ئێمە نەتەوەو، مەزنایەتی نەتەوەیە. بەبڕوای ئێمە نەتەوە تەنھا قەڵەمڕەوێک نییە، بەڵکو پرسێکی مەعنەویە، نەتەوەی ئێمە نەتەوەیەکی مەزنە کە ھێزە رۆحیەکانی خۆی دەکات بە واقعیەت.). ئەمەش ھەمان ئەو ئیمان و شەوق و شور و دلێریەیە کەداعش لە جیاتی نەتەوەی فاشیستەکان، ئاینی ئیسلام و پەیڕەوە سیاسیەکان کردۆتە ئەو پرسە مەعنەوی و ئەو ھێزە رۆحیانەی کە ئەم ستەم و کارەساتانەیان پێ ھێناوەتە دی.

سەرکەوتنی کارەسات

یادەوەری یان بیرکردنەوە لە کارەسات، بێگومان ھەر مرۆڤێکی ئاسایی دەخاتە ترس و رەقەوە. بەڵام ھەندێک کەس ھەن بەھۆی ئەزمونی تایبەتی یان رامان لە کارەساتە مێژوویەکان، یان بەھۆی پابەندبوونی قوڵتر بە بەھاکانی مرۆڤایەتی و دەرگیربونیان لەگەڵ کێشەکانی رەنج و ئازاری مرۆڤ، ئاگری رقی خۆیان لە ئاوی ساردی خەمدا نقوم دەکەن و لە خۆیان دەپرسن: بۆچی؟ تاکەی؟ لە پێناوی چی؟ ئەم کارەساتانە بەردەوام سەرھەڵدەدەن و مرۆڤایەتی دەخەنە مەرگە ساتەکانەوە. کەسانی دیکەش پەیدا دەبن کارەساتە مێژوویی و مرۆییەکان بەپرس و رامانی فەلسەفی وەڵام بدەنەوە.ھەندێکی دیکەش وەڵامی پرسیارەکانی کارەسات و گومان و نەزانینەکانی مرۆڤ بە رەشبینی دەدەنەوە و  زۆرێک لە کەسانیش، بەتایبەتی ئەوانەی توشی کارەسات بوون یان لەنزیکی ئەوان کارەساتەکان قەوماوە، بێدەنگی تراژیکی یان مۆنۆلۆگی سەودایی ھاملێت دەبێتە وەڵامەکانیان. کەسانی دیکەش پەیدا دەبن  بەوێنا و رامانی جوانی ناسی، رەنج و مەرگ دەکەنە سەرچاوەی پشتیوانی خودی ژیان. لەوانەیە زمانی ئەدەب و ھونەر بتوانێ مەتەڵی رەنجەکانی ژیان بەشێوەی پێویست بەیان و وێنا بکات، بەڵام لە ھەمان کاتێشدا دان دەنێت بەلاوازی و بێتوانایی خۆییدا لە دەربڕینی ھەر وڵامێکی رۆشن یان (راست).؟

بەرھەمەکانی( فرانز کافکا) پڕن لە تاسانی ئەو کارەساتانەی کە ساڵان لە دوای مەرگی خۆی روویاندا. لە کاتێکدا باسی باڵایی و توانای ھونەر دەکەین بۆ ناسینی کارەسات مە بەستمان لەوە نیە کە ناتوانین  یان نابێت دیدگای فەلسەفی و تیۆریمان بۆ کارەسات  ھەبێت. ئامانجی ئەم روانگەیە بێگومان تێگەیشتنە لە ھۆکار و زەمینە میژووییەکانی کارەسات و ناسینی مانای راستەقینەیە بۆ قوربانیان و جەللادان و خودی ئێمە.

بەڵام ئەم ھەوڵە فەلسەفی و تیۆری و سیاسیە بۆ ناسینی کارەسات لەگەڵ دوو مەترسی گەورە رووبەڕوو دەبێت:

یەکەم  ھەر بڕوایەک کە بیەوێت  ئاشکراکردن و تێگەیشتنی تەواوی کارەسات بەدەست بھێنی، بێگومان دەبێتە نادیدەگرتنی ماھیەتی راستەقینەی کارەسات، وەکو روداوێک کە شایەنی تێگەیشتن نیە و دژی عەقڵاتیەتە. لە رووداوەکانی کارەساتدا ھەرگیز ناتوانین ھەڵوێستی بێلایەنی ھەڵبژێرین و وەسف و وێنای بابەتیانەی رووداوەکان بکەین. ئاخر مرۆڤ چۆن دەتوانێت بێلایەنی باسی کوشتنی کۆرپەکان لە سکی دایکاندا بکات، یان بتوانێ وێنای ئەو دیمەنە بکات کە دایکان و باوکان خۆیان بریندار کردووە، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان خوێنەکانیان بخۆنەوە و لە چیای شەنگال لە برسان و لە تینوێتی نەمرن. یان چۆن دەتوانین دڵ و دەروونی ئەو دایک و باوکە وێنا بکەین کە ( عەزیز)ی پێنج ساڵانەیان لە چیای شنگال بەجێھێشت و پاشان لە برسان و لەگەرمان کوێر بوو، پاشان دوای چەند رۆژێک لەکوردستانی رۆژئاوا مرد. دایک و باوکی عەزیز وتیان لەبەر منداڵەکانی دیکە نەماندەتوانی عەزیز ھەڵبگرین  و لەو رێگا دوورەدا لە باوەشی بگرین بۆیە بەجێمان ھێشت. سەخترین رەھەندی کارەسات ئەوەیە کەشایەنی باوەڕکردن و وێناکردن نیە و یادەوەری و بیرکردنەوەشی زۆر سەخت و پەرێشانیە و تەنانەت زمانە بەھێزەکەی شیعریش بێتوانایە لە وێناو تێگەیشتنی تەواو  بۆ کارەسات.

ئەوانەش لە کارەساتەکان بە جێماون یان بە موعجیزە رزگاربوون ناتوانن بە خەیاڵی ئاسودە. و لە باسی بەسەرھات و روداوەکانیان بکەن، چونکە ئەوان ناتوانن دەنگی ئەو کەسانە لەیاد بکەن و وێنای ئەو دیمەنانە فەرامۆش بکەن کە لەسیاچاڵەکانی  بێدەنگی و بێڕەنگی کەسەکان وەکو تارمایی کوژراون و ونکراون، ئەو تارماییانەی کە ھەرگیز ناتوانن باسی بەسەرھات و یادەکانیان بکەن .بێھودە نەبوو کە زۆربەی بەجێماوان یان رزگاربوانی کارەساتەکان نایانەوێت باسی تراژیدیا و مەرگەساتەکانیان بکەن و ئەگەریش ناچاربن یادەوەرییەکان بگێڕنەوە، باسی ئەزموونی تایبەتی خۆیان ناکەن و ھەتا بۆیان بکرێت لە بەکارھێنانی راناوی کەسی یەکەم (من) دوور دەکەونەوە. بێگومان مەبەست و ئامانجی ئەوان لەم شێوازی باس و یادەوەرییە بەدەست ھێنانی رەوشی بابەتی  یان بێلایەنی نیە، بەڵکو دەیانەوێت لەوە دڵنیاببنەوە کە مەودایەکی ناچاری ھەیە لە نێوان واقعیەت و باسەکاندا کە ھەرگیز ناتوانن لێی بپەڕنەوە. نادیدەگرتنی ئەم مەودایە و ھەوڵدان بۆ رۆشنکردنەوەی تێگەیشتنی تەواو لە کارەسات، واتە نکۆڵی کردنە لە ماھیەتی راستەقینەی وەکو رووداوێک کە ھەرگیز شایەنی تێگەیشتن یان باوەڕکردن نیە. ئەم کارە نەک تەنھا خیانەتە لە قوربانیان، بەڵکو راستینەی مێژوویی رووداوەکانیش تەحریف دەکات.

تەنانەت زۆر گوتن دەربارەی کارەسات و ئاماژەکردنی زۆر بەو کارەساتە وەکو پرسێکی  رۆشن و شایەنی تێگەیشتن، دەیکات بەبەشێک لە ژیانی رۆژانە و ئاسایی و ئەمەش لە رەوشی راستەقینەی کارەسات دەیباتە دەرەوە. لاوازترین فەرھەنگ و ھەڵوێستی ھەر نەتەوە و کۆمەڵێک لەوەدا دەرئەکەوێت کە کارەسات وەکو شتێکی ئاسایی و ئاسان رووداو لەژیان و مێژووی خۆیان ببینن، واتە وەکو وێستگەیەکی تراژیدی و رووداوی تاسان و مەرگەسات تەماشای نەکەن. ئەم کارە لەڕاستیدا فێڵ و خۆگێلکردنی زمانەوانیە بۆ ئاسایی کردنەوەی تاسان لەو ھەواڵ و باسانەی کە دەیانەوێ رووداوەکان بکەنە پرسێکی ئاشنا و ئاسایی و لەئاکامدا بەھۆی چەند وشەیەکی بێماناوە پوچی دەبێتە ئەزمون و بێھودەیی دەکرێتە مێژوو، تەنانەت لەھۆشیاریشدا ھەوڵ و تێگەیشتنی کەمتر بەکار دەھێنن.

دووەم- بێتوانایی ئێمە لە شیکردنەوە و تێگەیشتنی پێویست بۆ کارەسات، لەبنەڕەتدا بەشێکە لەماھیەتی خودی کارەسات وەکو روداوێکی باوەڕپێنەکراو یان سەخت بۆ تێگەیشتن. ھەر لەبەر ئەمەشە کە ھەموو ھەوڵەکان بۆ کاریگەری لەسەر قوربانیان و جەللادان و دەستکاریکردنی مانای راستەقینەی رووداوەکان لە مێشک و دەروونی ئەوان، ناتوانن نەخشی گرنگ و بەھێزیان ھەبێت. وێناکردنی روخساری ئەھریمەنی بۆ جەللادان دەبێتە ھەوڵێک بۆ پەیوەندیکردن بەو ماناو تێگەیشتنەی کە ئەوان لە کارەساتدا مەبەستیان بووە، یان پەیوندارە بەو پەیگیری و کاریگەرییەی کە ئەوان لە ئەنجامدانی کارەساتدا  بەکاریان ھێناوە. تەنانەت دڵنیایی زیاتر لە پێویست دەربارەی سادیزمی جەللادان وەکو لایەنی تاریک و ئەھریمەنی بکەری ناخود ئاگا یان حاڵ لێھاتوو بەرەو تەحریفی کارەسات و نەبینینی پەیوەندی ئەو بکەرانە لەگەڵ عەقڵی مۆدێرن و رژێمی دەسەڵاتدار بەسەر ژیانی رۆژانەدا دەڕوات. نابێت لەبیرمان بچێت کە نازیەکانی ئەڵمانیا بەرنامەی پاکتاوی نەژادییان بەشێوەی مۆدێرن و بەسوود وەرگرتن لە پێشکەوتوترین سیستەمی سازمان و بەڕێوەبردن بە ئاکام گەیاند.

لەڕاستیدا، ئەگەرچی خراپەی ئەھریمەنی و بەدیھێنەرانی کارەسات دەتوانن وەکو دیاردەیەکی دزێو، گەوجانە و بەجێماو لە دڕندەیی و سوکێتی خۆیان بنوێنن، کە زۆربەی کاتەکان وا دەرئەکەون. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئامادەیی بەھێز و بەردەوامی کارەسات لە پەیوەندی و روداوە ئاسایی و نەزانەکانی ژیانی رۆژانەشدا دەرئەکەون و ھەمان روانگەی سارد و ھەڵوێستی نابەرپرسیارن کە تاسانی کارەسات چەندان جار زیاتر دەکەن. واتە کاتێک کە ھەڵوێست و روانگەی خەڵک بەرامبەر بەئەقڵ و دەروونە دزێوە گەوج و وەحشی و سوکەکان کاردانەوەیەکی ئاساییە، سەرئەنجام لە یەکانگرتنێکی مێژوویدا ئەو عەقڵ و دەروونانە کارەساتی وەکو کۆمەڵکوژیەکان دەسەپێنن، ئەمەش لایەنێکی دیکەی تاسانە بەرامبەر کارەسات و ئەو ئەقڵ و دەروونانەی کەکارەسات ئەنجامدەدەن. لەم پرسەدا ئێمە لەگەڵ دو ھەڵوێستی  ناخۆش یان بەدیھێنەری تاسان رووبەڕوو دەبین: یەکەم،ئەوانەی بەھۆی نزیکی بیرو باوەڕ و ئیمانیان لەگەڵ جەللادان و جێبەجێ کەرانی کارەسات ھەڵوێستی دژی ئەوان نانوێَنن، وەکو ھەڵوێستی زۆربەی ئیسلامیە سیاسیەکان و ھەندێک لە بڕوادارانی ئیسلام بەرامبەر داعش و کارەساتەکانیان، کە لەعەقڵ و دەروونی خۆیاندا لایەنگریانن و ئەگەر بۆشیان بکرێت دەری دەبڕن. یان ناڕاستەوخۆ لە دژی قوربانیانی غەیرەدین و بێگانە ھەڵوێست دەردەبڕن، ئەو قوربانیانەی کە ھاودین وھاو ھاوبڕواکانی ئەوان کارەساتیان بەسەردا ھێناون، وەکو ھەڵوێستی نەیاری ئیسلامیەکان و ھەندێک لە مەلاو بانگخوازەکانیان بەرامبەر بە ئێزیدی و شەبەک و کاکەیی و مەسیحی یەکان، یان بەرامبەر بە شیعەکان کە تەنانەت بە ئیسلامیشیان نازانن.

دووەم، لەم پرسەدا دەسەڵات و کاریگەریی سەخت و ترسناکی ئەھریمەنی خراپە لەناو سیستەمی ( عەقڵانی) دەسەڵاتداردا بەشێوەی یاسا، دادگا، فەرھەنگ و بیرو باوەڕی ئاینی و ھێزی سەربازی دا دەرئەکەون و ئیدی  ژیانی ئاسایی و کارەسات دەکەن بەیەک و جارێکی دیکە ناسینەوە و ناساندنی کارەسات مانای راستەقینە و ترسناکی خۆی دەخاتە ناو ژیان یان تیایدا رەنگ دەداتەوە.

وێڕای ھەموو جیاوازی و ھەڵوێستەکان بۆ ناسین و رۆشنکردنەوەی کارەسات، بەڵام رۆمانتیزە و رازئامێزگرتنی کارەسات، یان ھەوڵەکان بۆ تێگەیشتنی زانستی و بابەتی ناتوانن مانای راستەقینەی کارەسات بەیان بکەن، چونکە لایەن و رەھەندە ناکۆکەکانی کارەسات یان بەرجەستەکرنی یەکێک لەو لایەنانە بەنرخ و بەھای مەتەڵی کارەسات تەواو دەبێت و سەرئەنجام تێگەیشتن لە کارەسات بە یارمەتی عەقڵ دەبێتە کارێکی سەخت. بەڵام کارەساتەکانی سەردەمی خۆمان لە یەک کاتدا ھەم ئاوارتەن و ھەم ڕێسان، ھەم ئەنجامی لۆجیکی ھەلومەرجی مێژووین و ھەم نکۆڵین لە ھەر ئەندازەیەک لەسنوری لۆجیکی و عەقڵانی لە مێژوودا. کارەساتەکان پڕن لە گەوجی و دزێوی و سوکێتی و ھەم کارێکی بڕیاردراوی ترسناک و باوەڕپێنەکراون. ھەمان ئەو ناکۆکیە دەروونی و عەقڵانیەن کە کارەسات دەکەنە مەتەڵ و رووداوێکی باوەڕ نەکراو، کە وێنا و تێگەیشتنی مەیسەر نابێت.

ئەوەی لە کارەساتەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەمدا روویاندا ئاوێتەیەک بوون لە پاکتاوی نەژادی و ئایینی سازماندراوی فەردی و کۆمەڵایەتی. ئەم دوولایەنە تاڕادەیەکی زۆر لە ھەموو کارەساتە مێژووییەکانی سەردەمی ئێمەدا بوونیان ھەیە، ھەرچەند بەزۆری یەکێک لەوان نەخشی بڕیاردەری بینیووە. توندوتیژی و دڵڕەقی رێکخراو و سەرکێش و بڕیار و کارە توندڕەوەکان کە شایانی باوەڕکردن نین لەگەڵ ئەو دوولایەنەی دیکەدا رووداوەکانی کارەسات دەقەومێنین، کە ئەم دڵڕەقی و سەرکێشیە تایبەتمەندی سەخت و تراژیدیی کارەسات بەرجەستە دەکەن. ئەوەی کە ئەم رەھەندانە دەکاتە یەک ماھیەتی نەژادپەرستی یان فاشیستی ئەو کەسانەیە کەکارەسات ئەنجام دەدەن. فاشیزمەکانی نەژادی و ئایدیۆلۆژی و ئایینی( نازیزم، ستالینیزم و بزاڤە ئیسلامیەکانی وەکو داعش و تاڵیبان وقاعیدە و نەسرە و بۆکو حەرام  و شەبابی سۆماڵی) توندڕەوترین، توندوتیژترین و پەیگیرترین شێوازی نەفی یا نکوڵی کردنی ڕەھان لە (بەرامبەر) یان (ئەوی دیکە)، کە دەکارن نەفی و نکوڵی رەھا  بکەن لە مافی ژیان بۆ ( ئەوانی دیکە)ی کە وەکو خۆیان نین، کە بێگومان ئەمکارە بەشێوەی بیروباوەڕ  و بەرنامەی سازماندار و جێبەجێ دەکەن و پاشان پەیگیری و سووربوونی کردەیی بۆ ھێنانەدی ئەم ئامانجە.

ئاوێتەکردنی ئەم دوو بەرنامەیە ھەمان ئەو شتانەیە کە نازیزم و فاشیزم لە شۆفینیزم جیادەکاتەوە، یان فاشیزمی ئیسلامی لە ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی جیادەکەنەوە. لەپێش نازیەکان ھەندێک گروپ و رێکخراوی سیاسی و شۆفێنی وەھا ھەبوون کە لەئاستی تیۆری و سیاسیدا لە دژی ئەوانی دیکە دەجەنگان و پڕۆژە و بەرنامەکانیان بۆ ئەم مەبەستە دەخستەڕوو، بەڵام پڕۆژە و بەرنامەکانیان لە قۆناغی جێبەجێکردن نزیک نەبوونەوەو لە ڕاستیدا ئەوان کاری راگەیاندن و ھاندانیان دەکرد. بەڵام نازیەکان توانیان ھەر لەسەرەتاوە پرس و کێشەکانی تایبەت بەنەھێشتن و چارەسەری ئەوانەی بەدوژمنیان دەناساندن بە کردەیی و پەیگیری جێبەجێ بکەن.ٍ فاشیزمەکانی نەژادی و ئایدیولۆژی و ئایینی زیاتر بەپەیگیری و سووربوون و کارایی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان ناسراون و بە ئاشکراش ئەمکارە دەکەن و رایدەگەیەنن، لەم پرسەشدا ھیچ ناکۆکی و دڕندۆگی و کەمکاریەک پیشان نادەن. ئەمەش لایەن یان رەھەندێکی دیکەی خراپ و نامرۆیی کارەسات و ئەوانەیە کە کارەسات  ئەنجامدەدەن.

بۆچی خەڵکانێک ھەتادوێنێ بە ئاشتی و رێکەوتن لەچوارچێوەی کۆمەڵێکدا پێکەوە ژیاون، لەپڕ دەکەونە گیانی یەک و بەشێک لەو کۆمەڵە ( تاک و جەماعەت) مافەکانی ژیان و مافی سەرەتایی بەشێکی دیکەیان بە شێوەی سازماندراو بەرنامەرێژی و بەوپەڕی توندوتیژی و دڵڕەقی دەخەنە ژێرپێ؟ چۆن دەتوانین بیر و مێشکی ئەو کەسانە بناسین کە بەو ڕادەیە دڵڕەق و خوێنڕێژن؟ ئەوان بیروباوەڕیان بۆ خۆیان و دەربارەی کەسانی دیکە چی یە؟ چۆن دەتوانین بەرامبەر بەم ھەموو توندڕەوی و بێدڵیە کاردانەوەی ھەردوولا (جەللاد و قوربانی) لەسەر بنەمای ھەست یان غەریزە بناسین یان بە چاویلکەی ( بابەتی بوون) تەماشای کارەسات بکەین و لە خود ئاگایی و ناھۆشیاری شێتانەی جەللاد شارەزابین؟ سەرئەنجام ئەوەی روویداوە، ئەوەیە کە نەدەبوو رووبدات و ئەویش کارەساتە و ئیدی ئەو پرسانەی کەلەم زەمینەدا پەیدادەبن و بۆ تێگەیشتنی خودی کارەساتیش پێویستن، ناتوانن نەخشی بڕیاردەر ببینن (ھەرچەندە ئەمە مانای نەبوونی پەیوەندی یان ناگرنگی ئەو پرس و ھۆکارانە نیە؟)

ھەرچەندە زەمینە و ھۆکارەکانی ئابوری و سیاسی و مێژوویی،نەخشی ئایین و کاریگەرییەکانی، یان رەھەندی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دیاردەی توندو تیژی و توندڕەوی پەیوەندییان بە روودان و سەرھەڵدانی کارەساتەکانەوە ھەیە کە لەمێژوودا کەڵەکە بوون و لەڕابردووی دوورەوە ھەتا ئێستا کاریگەرییان ھەبووە و ھەموویان پێکەوە ئەم بەرھەمە خراپەیان ھێناوەتە ژیان.

بەڵام فاشیزم لەسەرھەڵدانی دژە کۆنەکان لەسەردەمی ھاوچەرخدا روودەدات، یان دەتوانین رۆشنتر بڵێین دیاردەیەکی ناوەختە کەلەوێدا رابردوو و ئێسا بەشێوەیەکی سەیر و مۆتەکە ئاوێتەدەبن. ئەنجامی ئەم ئاوێتە ناڕەسەن و ناھاوئاھەنگە، لەدایک بوونێکیی بوونەوەرێکی شێواوە کە ھەم مەسخەرەیە و ھەم ترسناک. ئەڵمان و ئیتالیا چەند سەدەیەک دوای نەتەوەکانی دیکەی ئوروپا یەکبوون و سەربەخۆییان بەدەست ھێنا، ھەردووکیان کاتێک بە ناسیۆنالیزمی توندڕەوی ھێرشبەر گەیشتن کە ئیمپراتۆریا پیرەکانی فەرەنسا و بەریتانیا بەرەو نەمان دەچوون. فاشیزمی ئیسلامیش کە داعش و ھاوشێوەکانی بەڕێوەی دەبەن کاتێک توندڕەوی و دڵڕەقی ئایینی خۆیان دەرئەخەن، کەلەزۆربەی جیھان شێواز و دەسەڵاتی ئایینی روو لەنەمانە. ئەم دواکەوتنە مێژووییە لە نەخشاندنی توندڕەوییدا ھەمان ئەو دژە کۆن و دێرینەیە کە لەسەردەمی ھاوچەرخدا روودەدات و ھەژانە مەترسیدارەکانی ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانی لە رزاندووە.

بەڵام یەکێک لە زەمینە و ھۆکارە بەھێز و کاریگەرەکانی ئەم دیاردە مەخسەرە و مەترسیدارە بوونی ژینگەی کۆمەڵایەتی بەرھەمھێنەری ئەو بوونەوەرە دڕندە و ترسناکانەیە، کە لە زۆربەی وڵاتان و جیھان لە رابردوودا ھەبوون و ھێشتاش لەوڵاتانی دواکەتوو ماون.

خاڵی سەرەکی بۆ شیکردنەوەی توندوتیژی و دڵڕەقی بەدیھێنەرانی کارەسات ھەمان ئەو بەڵگە ئاشنا و کۆنەیە کە زانا و بیرمەندانی دێرین دەیانزانی: توندوتیژی زۆربەی جار و کاتەکان لە لاوازی و باوەڕ بەخۆ نەبوون پەیدا دەبێ.نەفرەت لەکەسانی دیکە،چ تاک بێ یان کۆمەڵ، لەبنەڕەتدا شێوازێکی شوێنراوی نەفرەتە لەخود. دژایەتی و نکۆڵی و لە ناوبردنی کەسانی دیکە بەھاوکاری دەمارگیری و رەقی کوێرانە بەزۆری لەوێوە پەیدا دەبێ کە خاوەنی ئەم نەفرەت و توندوتیژیە ھێندە کەسانی لاواز و بێ ماھیەتن کە جۆرێک لەپابەندی و نیازی شاراوەیان بۆ (دوژمنی بێگانە)ھەیە. بەشێوازێک کە ھەندێک جار تووشی رەوش و ھەڵوێستی سەیروسەمەرە و پڕ ناکۆکی دەبین لە نێوان پابەندبوون و پێویستی و عەشق و نەفرەت و لە ناوبردن کەشیکردنەوەی تەواویان زۆر ئەستەمە. ھەموو شێوازەکانی فاشیزم و لەسەرووی ھەموشیانەوە ئەڵمانیای ھێتلەری نموونەی ئاشکراو بەرجستەی ئەم ڕەوشە تراژیدی ومەسخەرەیەن. زۆرەبەی ئەوانەی خەریکی تێگەیشتن و شیکردنەوەی رەفتاری نازیەکان بوون ئاماژەیان بەو خاڵە کردووە کەتوندوتیژی و وەحشیگەری ئەوان تاڕادەی ترس و باوەڕ بەخۆنەبوون رۆشتووە و بەشێک لە توندوتیژی و دڕندەیی ئەوان بریتی بووە لە لاوازی و پێویستی و ناچارییان بۆ ئەو کەسانەی کەپاشان بوونەتە قوربانی. زۆربەی جارەکان رەفتاری توندوتیژی و دڵڕەقی ئەوان لە ئەنجامی ترس و لاوازییان سەریھەڵداوە.

(فریدریک نیچە) پەیوەندی نێوان ترس و توندوتیژی یان نەفرەت لەخۆ و نەفرەت لەوانی دیکە لەژێر ناونیشان و چەمکی (بێزاری) و (ئەخلاقی کۆیلە)دا باس و لێکۆڵینەوە دەکات. بەبڕوای ئەو ( بێزاری) دەبێت وەکو کاردانەوەی کەسانی کۆیلە بناسین، کە ناتوانن دەسەڵات و باڵایی "خاوەنەکانیان" تێک بشکێنن، بۆیە کاتێک کە ھەلیان بۆ ھەڵدەکەوێ بەوپەڕی پێداگری رق و کینەی تەواوی ژیان و بوونیان دەخەنە خزمەتی لەناوبردنی ئەو" دەسەڵاتدارانە"، تەنھا لەبەردەوامبوونی وابەستەیی پەنھانی خۆیان بۆ ئەو خاوەنانە، تەنانەت لەدوای لەناوبردنیشیان، کۆیلەکان دەیانەوێت خۆیان بسەلمێنن.

ھۆشیاری شاراوە بۆ ئەم وابەستەبوون و نیازە پەنھانە، رقی کۆیلە زیاتر دەکات و لەکۆتاییدا دەیکاتە ئەسیری دەورانێکی گومڕا لەترس و توندوتیژی یان حەقارەت و ھەڵگەرانەوەی خراپ، کەجگەلە دڵڕەقی ئاوێتەی شێتی، ئەنجامێکی دیکەی نیە و ھیچ بینین و مامەڵەیەکی واقعی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی، ئاشتی و دۆستایەتی لێ سەوز نابێت. ئەم شێوازی رق و کینەیە بەرامبەر ئەوانی دیکە ھاوکاتە لەگەڵ یادەوەری تیژ و فەرامۆش نەکردنی رابردوو.نیچە لەستایشی " مارکی دومیرابو"ی شۆڕشگێر و سیاسەتمەداری مەزنی فەرەنسی ئاماژە بە ئامۆژگارییەکی ئەو دەکات کە لێبوردن و گوێنەدان بە رووداوەکانی رابردوو یەکێکە لەتایبەتمەندییە شەریف و بڵندەکانی ئەو. بەبڕوای نیچە" میرابۆ نموونەی راستەقینەی شەرافەت و مەزنی بوو لەسەردەمی نوێدا. یادەوەری ئەو دەربارەی ئەو خراپە و توندوتیژی و سوکایەتیانەی کە بەرامبەری کراوە، لەڕاستیدا فەرامۆشی کردووە. ئەو توانای ئەوەی ھەبوو کەسێک ببەخشێ،نەک (ھەموو روداوەکە) فەرامۆش بکات" پایەی سەرەکی بەڵگەی نیچە دەربارەی "بێزاری" ئەوەیە کە شێوازێکە لەکاردانەوە، نەک بەشێک بێت لەکار، ھەربۆیەش بێزاری تایبەتمەندیەکی پاسیف یان سلبی یە، یان لەڕاستیدا ھەستێکی خراپ و خراپەکارە. کەسێک کە دوچاری بێزاری دەبێت، ناتوانێ شتەکانی فەرمۆش بکات، چونکە لەلای ئەو تۆڵەکردنەوە یان لەناوبردنی بەرامبەر تەنھا مەبەستە بۆ پشتیوانی دەروون و بەدەستھێنانەوەی ناسنامەی خۆی.

ئەو خاوەنی ناسنامەی سەربەخۆ و ئیجابی نیە و ھەربۆیەش پشتیوانی و خۆی بەتەواوی لە رق و کینە و لە ناوبردنی کەسانی دیکە دروست دەکات. کەسێکی ئاوا زۆر پێوستی بە" دوژمنێکی بێگانە" ھەیە ئەمەش نەک تەنھا وەکو ئامانجی سەلماندن وئاڕاستەکردنی رق و نەفرەتی خۆی، یان بەھانەیەک بۆ شاردنەوەی لاوازی دەرون و کێشەو شکستەکانی، چونکە لەدیدی خۆی و کەسانی دیکەشدا دژایەتی کردنی ئەم" نەیارە" تەنھا بونیادی واقعی و راستەقینەی ناسنامەی ئەوە. ھەربۆیە تەواوی کار و چالاکیەکانی، تەنانەت لەدوای سەرکەوتن و بەدەست ھێنانی دەسەڵات، شتێک نیە مەگەر تەنھا کاردانەوە بەرامبەر ئەم" نەیار و دوژمنە" کە ئەگەر نەشبێت، دروستی دەکات.

پەیوەندی نێوان ترس و توندوتیژی، وێڕای دڵنیابوونەوەمان لەسەر تایبەتمەندییەکانی شکست، ھیچ و پوچی و بێ بڕوایی بەخود، توندوتیژی ئەوانەی کە کارەسات دەخوڵقێنن پەیوەندارە بەپاشەکشەی ئامانجی" قارەمانی". ئەم خاڵە بەھێز و شیکردنەوە وردە بەشێکە لە ژیاننامەی" میلوان جیلاس"ی خەڵکی مۆنتیگرۆ لە کتێبی " رێگرەکان"ی ئەریک ھۆبزباوم.

ئەم روانگە ژیر وبەھێزە ھەم لەباری دەروونی و ھەم لەدیگای مێژووییدا گرنگی زۆری ھەیە. ھەرچەندە بەدێژایی مێژووی ئەو نەتەوانەی کە زۆرجار شکستی  ھێزی سەربازی دوژمنیان چەشتووە، بەبێ ئەوەی کە ئەم شکستە ئەوان بەرەو حەقارەت و نەفرەت لەخۆ و ھەڵگەڕانەوەی وەحشیگەری بەرێت. ھەرچەندە بەڵگەکانی میلوان جیلاس دروستن و پاراستنی پەیکەر و یەکپارچەیی کەسایەتی تاک و مانەوەی سیستەمی بەھا ئەخلاقیەکانی کۆمەڵ دەتوانێ ھۆکاری کاریگەربن بۆ رێگرتن لە دڵڕەقی و رەفتاری خراپە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە گریمانەیەک دەتوانێ ئەم داوەرییە گشتی و تایبەتمەندییە باشەش لە ناو بەرێت و وەکو ھەموو گریمانە مێژووییەکانی دیکە ھەمیشە شایەنی سەلماندن نەبێت. سەرنجام گریمانەکەی جیلاس یەکێکە لە گریمانەکان و دەشێت ئەویش شایانی روودان نەبێت. بەم حاڵەشەوە بەھای باس و خستنەڕووشی ھەیە، چونکە  لەلایەک لەگەڵ کۆمەڵێک راستی مێژوویی ھەتا ئێستا ناکۆکی ئاشکرای نیە، ولەلایەکی دیکەش دەتوانێ ( لانیکەم وەکو گریمانە) شیکردنەوەی ئێمە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە کارەسات دەقەومێنن لەئاستی گوتاری گشتی مێژوویی و فەرھەنگی بترازێنن و یارمەتی تێگەیشتنی باشترمان بدات.

ئایا ناتوانین بە یارمەتی گێڕانەوەی میلوان جیلاس، توندوتیژی و دڵڕەقی کارەسات و بەرنامەی پاکتاوی ئایینی و نەژادی بەشێک بێت لە پاشەکشەی ئامانجی "قارەمانێتی"؟ لە کام ئامانج و کام قارەمانێتی و کام ھەلومەرجی مێژووییدا؟.

ئامانجی "قارەمانگەری" لەجەنگی دژی ئەو رژیمانەی کە ھەتا پێش ١٩٨٩ بەسەر تەواوی رۆژھەڵاتی ئوروپادا دەسەڵاتداربوون و لە ١٩٩٠ ھیچ ئەسەرێکیان لێ نەمایەوە. بەم پێیە بێت وەحشیگەری سربەکان و ئەوانەش کە بەدیھێنەری کارەساتن پەیوەستە بەسەرکەوتنی ئاسان و بێ ئامانجی ئەوان بەسەر کۆمۆنیزمی ستالینیدا. بەھەرحاڵ  رۆشنکردنەوەی ئەم داوەریە پێویستی بەشیکردنەوەی زیاتر و راشکاو کردنی دووخاڵی تیۆری و میتۆد ناسانەی گرنگ ھەیە کە ھەتائێستا رێنمای پەنھان و ئارامی ئەم باسەمان بووە: دڕندەیی سربەکان پەیوەستە بەنەبوونی" بڕوای قارەمانێتی" لە رابردووی ئەم نەتەوەیەدا. بەوتەی خودی جیلاس سربەکان لەکاتی جەنگی جیھانی دووەمدا بە لوتف و مۆڵەتی ھێتلەر توانیان "قارەمانانە بجەنگن، بکوژن وبکوژرێن" بەڵام راستی پرسەکە ئەوە نیە کە ئەوان جەنگاون و شانازی و پیرۆزییان ھێناوەتەدی.

ھێشتا مێژوو ئەو کابوسەیە کە تێدەکۆشین لەدەستی بێداربین ترس لەسەرھەڵدانی جەنگ و نابودی گشتی و کۆکوژی و ھەڵایسانی ئەو دۆزەخانەی کەلە کارەساتەکاندا بینیمان. ئێستا جیھان لە ئاستانەی سەرھەڵدانی جەنگ و توندوتیژی نێوان نەتەوە و ئایینیەکاندایە و دۆزەخەکان ھێشتا گەرمن و دۆزەخی تیرۆر و فاشیزم ھێشتا لەبۆسەی ئەو نەتەوەو ناوچانەدایە کەپشتیوانی و پارێزگاریی جیھانیان نیە( ھەرچەندە لە روانگەی قوربانیانی کارەساتدا، ئەو ئاشوب و دۆزەخە ناوچەییانە مەسخەرەترین و ترسناکترین تەڵەی مێژوون). بێدەسەڵاتی و ناتوانایی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە جەنگی دژی ئەم دۆزەخانە کە بەلوتفی ناوەندەکانی میدیا و ھەواڵەکان بوونەتە بەشێک لەژیانی ئێمە، پرسیاری سەرەکی خەباتى ئێمەیە. لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارە وەکو ھەموو پرسیارەکانی دیکەی مێژوو، ورتەورتێکی نارۆشن بێت لە ناو رەشەبادا. بەڵام ئایندە ھەرچی بێت، رۆشن کردنەوە و سەلماندنی چارەنووسی قوربانیان و تێگەیشتن لەم مانایە ھێشتا کارێکی ئاسان نیە، یان لەڕاستیدا ئەستەمە و ئەمەش لەوانەیە تەنھا مانای راستەقینەی کارەسات بێت.

یادەوەرییەکی ناخۆش و دڵتەزێنی (ئیلی ویزل) خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ لەسەردەمی مناڵی و لەئۆردوگای کوشتاری جولەکەکان. گەستابۆ (پۆلیسی نھێنی نازیەکان) نەوجەوانێکیان بە مەرگ حکمداربوو، لەکاتی جێبەجێکردنی ئەم مەرگە جولەکە دیلەکانی تریان بەزۆر ریزکردبوو بۆ ئەوەی دیمەنی مەرگ و پەیکەری بێگیانی ئەو بەسێدارەوە ببینن. نەوجەوانەکە ئارام و رەنگ زەرد و غەمناک چووە سەر سێدارەکە و لەو کاتەدا یەکێک لەدیلەکان لەوەی تەنیشتی پرسی: "خوا لەکوێیە؟ بۆچی کارێک ناکات؟" چەند خولەکێک تێپەڕبوو، حوکمەکە جێبەجێ کراو نەوجەوانەکە بێتاوان و بێدەنگ گیانیدا. ئەوکەسە دیسان پرسیەوە: "ئەی ئێستا خودا لەکوێیە؟"  ئیلی ویزل کە ئەم وتانەی بیست، لەبەردەمی خۆیەوە وتی: " خوا لەکوێیە؟ ئەو لە ھەمان ئەو شوێنەیە... لەسێدارە دراوە." ئیلی ویزل ھەر لە ئاشۆیتس بۆ ھەمیشە ماڵئاوایی لەخودا کرد. ئێمەش نابێت ھەرگیز ئەو کارەساتانەی کە فاشیزمی ئیسلامی بەناوی خوداو لەژێر ئاڵای (لا اللە الا اللە، محمد رسول اللە)دا کە بەسەر خەڵکیان ھێنا، لەبیرمان بچنەوە.

 

 

 

 

 



ئه‌م بابه‌ته 843 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر