پێکهێنانى كابینه‌ی نوێی حکومەتى هەرێم لەبەردەم گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەدا

پێدەچێت چەندین هۆکار هەبێت لەدەرەوەى ویستى لایەنە سیاسییەکانى عێراق بێت لەم بوارەدا، ویستێک کەبەردەوام مەسیج ئاڕاستەى لایەنەکان دەکات بەوەى کەپێویستە عێراق بەرەو سەقامگیرى هەنگاوبنێت. لەبەرئەوەى هەرێمى کوردستان به‌فه‌رمی بەشێکە لەعێراق، هەروەها هەربەرەوپێشچونێک لەعێراق کاریگەرى ڕاستەوخۆ وناڕاستەخۆ دەکاتە سەر پڕۆسەى سیاسی هەرێم، بۆیە هەرێم پێویستە سەقامگیر بێت
AM:12:23:03/11/2018
دۆسیە: شیکار
پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەپێی دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ٣٠ ى ئەیلول کاتێکى زۆر ناخایەنێت

شەماڵ ئەحمەد ئیبراهیم
بەرپرسی بۆردى ئەکادیمى ناوەندى چاوى کورد بۆ پەرەپێدانى سیاسی

لەدواى هەڵبژاردنەکانى ١٢ ى مایسى ئەمساڵ وشکستى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى هەرێم بەدیاریکراوى " بزوتنەوەى گۆڕان، یەکگرتووى ئیسلامى، کۆمەڵى ئیسلامى" هەوڵەکانى ئەو هێزانە بۆ هەمانهەنگى لەگەڵ هێزەکانى دیکەى عێراق بەمەبەستى جارێکى دیکە ئەژمارکردنەوەى دەنگەکان بەشێوەى دەستى، هەروەها دواى بڕیارى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى لەسەر پەسەند کردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکى زۆر کەم لەدەرئەنجامەکان، گەڕێکى دیکەى ئەزموونى ئۆپۆزسیۆنبوون لەهەرێمى کوردستان لە ٣٠ ى ئەیلولدا بەرەو ڕووى هەردوو هێزە باڵاکەى هەرێم " پارتى دیموکراتى کوردستان، یەکێتى نیشتمانى کوردستان" وهێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ( گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ)بوویەوە، دەرئەنجامەکانى ئەو گەڕەش هەروەک جاری یەکەم بەسەرکەوتنى دوو هێزى بڕیار بەدەست ولاوازبوونى هێزەکانى دەرەوەى دەسەڵات کۆتایی پێهات، کەئەمە کۆمەڵە هۆکارێکى هەیە:

 

یەکەم: وتارى ئۆپۆزسیۆن وهێزەکانى دەسەڵات، بەوورد بوونەوە لە وتارەکانى هەریەک لەهێزە سیاسییەکانى هەرێم بەوانەى کەلەدەسەڵات ودەرەوەى دەسەڵات بوون چەند تێبینییەک دەردەکەون لەسەروو هەمویانەوە:

-         وتارى هێزەکانى دەسەڵات لەدوو خاڵى سەرەکیدا چڕ بووبونەوە کەبریتی بوون لە" کوردستانێکى بەهێز" ى پارتى دیموکراتى کوردستان، " هەلى کار، ئارامى،  خزمەت" ى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، لە کاتێکدا کەوتارى هێزە نەیارەکان بەو شێوەیە نەدەبینرا، بۆ نمونە بەرەى ئیصلاح کەپێک هاتبوو لەیەکگرتووى ئیسلامى وبزوتنەوەى ئیسلامى وتارەکانیان لەچاکسازیدا چڕ کردبوه‌وە، کۆمەڵى ئیسلامى "خزمەت بەبێ جیاوازى" دروشمى زەقی لیستەکەیان بوو، گۆڕان وەک گەورەترین هێزى ئۆپۆزسیۆن دووبارەکردنەوەى دروشمەکانى پێشوو وەک: شەفافییەت ودژایەتى گەندەڵى وگەڕانەوەى داهاتى گشتى، لەمەشدا نەوەى نوێ وەک هێزێکى سیاسی نوێ هاوبەشی بزوتنەوەى گۆڕان بوو، جیاوازى ئەمان لەگەڵ گۆڕاندا تەنیا بریتی بوو لەو دەستکەوتەى کەلە هەڵبژاردنەکانى ١٢ ى مایسدا بەدەستى هێنا ئەوەش بەبەدەست هێنانى چوار کورسی لەپەرلەمانى عێراق.

 

-         ئەوەى تێبینى دەکرێت لەوتارەکاندا جیاوازییەکى گەورە لەنێوان وتارى هێزەکانى دەسەڵات و دەرەوەى دەسەڵات هەبوو، بۆ نمونە وتارى پارتى دیموکراتى کوردستان کەبریتى بوو لە (بونیادنانەوەى کوردستانێکى بەهێز) تەواو پڕاو پڕى واقعى ئەمڕۆى کوردستانە، کەبەراورد کردنێکى سەرپێیانە لەنێوان دوو کاتى جیاوازى کوردستان، لاوازى هەرێم دەردەکەوێت لەڕووى سیاسی وئابوورییەوە، بەئەنجام کردنى ئەو ئامانجە کاریگەرى لەسەر ڕوونى پەیام وبەرچاو ڕوونى دەنگدەر دەردەخات، ئەمەش لەداهاتوودا دەبێتە هۆى ئەوەى کەسۆزى دەنگدەران بەرەو لاى خۆى ڕابکێشێت، ئەگەر ئەم پەیامەى پارتى دیموکراتى کوردستان هێڵێکى گشتى بووبێت بۆ وەسفکردنى ئێستاى هەرێم، ئەوا پەیامى یەکێتى نیشتمانى کوردستان وردتر کارى دەکردە سەر دەنگدەرەکانى بەوەى کەنەبوونى خزمەتگوزارییەکان، نەبوونى ئارامى، نەبوونى هەلى کار، چارەسەرکردنیان ئەرکى داهاتوویان دەبێت، ئەو سێ بابەتەش تەواو پەیوەستن بەژیانى مرۆڤەکانەوە، ئەمەش هەنگاوێکى گەورە بوو بۆ ڕاکێشانەوەى هەستى دەنگدەرانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەئاڕاستەى پاڵپشتیکردنى لیستى یەکێتى، بەڵام وتارى لایەنەکانى دەرەوەى دەسەڵات یان ئەو لایەنانەى کە ئۆپۆزسیۆن بوون زیاتر دووبارەکردنەوەى وتارەکانى پێشووبوون، ئەو دووبارەکردنەوەیە لەلایەن هەمان هێزەوە گەیشتبووە ئاستى بێزارکردنى دەنگدەران.

پرسیارى جیدى لایەن دەنگدەرانەوە کەپاش تێپەڕبوونى دوو خولى پەرلەمانى وچوونە ناو دەسەڵات کێشەکان چارەسەر نەبوون، بگرە قوڵتر بونەتەوە، کەواتە پاساوى ئۆپۆزسیۆن بوون دەبێت چى بێت؟ لە کاتێکدا ئەو هێزانە گەر هەمان وتاریان بە پاساوێکى لۆژیکییەوە پێشکەشی دەنگدەر بکردایە، لەوانەیە ئەنجامەکان بەشێوەیەکى دیکە بکەوتنایەتەوە.   

بێگومان ئەم تێبینیانە ماناى ئەوە ناگەیەنێت کەسەرجەم هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناکارایی وتارى لایەنەکان، لەبەرئەوەى کەژمارەیەکى یەکجار بەچاو هۆکار هەن کەهۆکارى بابەتین وناکرێت نادیدە بگیرێن ولەسەروو هەمویانەوە تۆمارى دەنگدەران وڕێکارەکانى دەنگدان وفشارى سیاسی لایەنەکان، هەروەها نائومێدبوونى دەنگدەران لەپڕۆسەى دەنگدان وبایەخى ئەو پڕۆسەیە بۆ ئەنجامدانى هەرگۆڕانکارییەک لەسەر ئاستى هەرێم و سیستەمى سیاسی وئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئەم هۆکارانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەى ئەکادیمى جیدى هەیە بەمەبەستى دەست نیشانکردنى مەترسییەکان وکاریگەرییەکانیان لە داهاتوودا.

 

دووەم: بارودۆخى سیاسی ناوچەکە، جارێکى دیکە بۆ ڕوونکردنەوەى کاریگەرى ئەو سیاسەتەى کەلە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستنیشانکردنى هۆکارە گرنگەکانى پەسەندکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ١٢ ى مایس لە عێراق.

هەمووان ئاگادارین کەئەو پڕۆسەیە بەچەند قۆناغى سەختدا تێپەڕى، گەیشتە ئاستێک کەڕاستگۆیی پڕۆسەکەى خستە ژێر پرسیارەوە، ئەنجام دانى چەندین بەرنامە ودیبەیت وناڕەزاییەتى لایەنەکان، ئەمانە هەموویان سەلمێنەرى ئەوە بوون کە ئەو پڕۆسەیە نەیتوانیوە ئامانجەکانى خۆى بپێکێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەسەند کرا و دامەزراوە سەرەکییەکانى ئەنجومەنى نوێنەران وحکومەتى عێراقی بەرهەم هێنا، پێدەچێت کە چەندین هۆکار هەبێت لەدەرەوەى وویستى لایەنە سیاسییەکانى عێراق بێت لەم بوارەدا، ویستێک کەبەردەوام مەسج ئاڕاستەى لایەنەکان دەکات بەوەى کەپێویستە عێراق بەرەو سەقامگیرى هەنگاو بنێت.

لەبەرئەوەى کە هەرێمى کوردستان بەشێکە لەعێراق، هەروەها هەربەرەوپێشچونێک لەعێراق کاریگەرى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ دەکاتە سەر پڕۆسەى سیاسی هەرێم، بۆیە هەرێم پێویستە سەقامگیربێت ئەمەش چەند فاکتەرێکى لە پشتە:

 

-         تەواوى ناوچەکە بەقۆناغى دواى داعش گوزەر دەکات، بەڵام لەگەڵ بوونى مەترسی سەرهەڵدانەوەى داعش، جا لەژێر هەمان ناودا بێت یان هەر ناوێکى دیکە، قۆناغى داعش قۆناغى کاولکردنى ژێرخانى ئابوورى وڵاتانی عێراق و سوریا بوو. بەڵام قۆناغى دواى داعش، قۆناغى ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانە وئەمەش پێویستى بەسەقامگیرى هەیە بۆئەوەى کۆمپانیا بیانییەکان بتوانن وەک پێویست کارى خۆیان بکەن، هەروەها سوود وەربگرن لەو قۆناغە.

 

-         لەقۆناغى دواى داعشدا، چەک وتەقەمەنى بەشێوەیەکى زۆر سنووردار بەکاردێت، ئەوەى لەمەودوا کاریگەرى دەکاتە سەر سیاسەت لەم ناوچەیەدا، سێکتەرى ئابوورییە، نمونەیەکى زۆر دیار بریتییە لەو سزایانەى کە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا خستۆتیە سەر تورکیا، ئێران، هەروەها سەر چەند فەرمانبەرێکى باڵاى ئەو دوو وڵاتە، کەواتە لەمەودوا گۆڕانکارى لە کاراکتەرى ململانێکاندا دروست دەبێت، ئێستا بەزەقی وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، ڕوسیا، تورکیا، ئێران،سعودیە، لە ململانێدان، ئیدى حوسییەکان وبەرەى نوسرە وداعش ویەپەگە ویەپەژە وسەرجەم کاراکتەرە وردەکان نابنە مانشێتى سەرەکى ڕووداوەکان.

 

-         توندکردنەوەى سزاکانى سەر ئێران لە چوارى تشرینى دووەمدا بارودۆخێک ئەخوازێت کە ڕادەى ململانێى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، پێشوەختە ڕێککەوتنى لەسەر بکرێت، هەردوولا باش ئاگادارى ئەوەن کەناکرێت لەم قۆناغە بەرەو دوا هەوڵەکانیان پەرتەوازە بێت ولەچەندین گۆڕەپاندا بڵاوەى پێبکرێت، بەڵکو پێویستە لەگۆڕەپانێکى دیاریکراودا ململانێکان ئەنجام بدەن، نواندنى نەرمى بەرامبەر بەیەکتری لەعێراق ماناى کۆتایی جەنگەکە نییە بەهێندەى وەرگرتنى کاتێکى دیاریکراوە بۆ سەرلەنوێ پیاچونەوە بەتواناکانیاندا، پێکهێنانى حکومەتێکى سەقامگیر لەعێراق لەبەرژەوەندى هەردوولایە وئارامى پێش دەستپێکردنى جەنگە.

 

بەشێوەیەکى پوخت ئەو هۆکارانەى سەرەوە گەر بۆ عێراق دروست وڕاست بێت، بێگومان بۆ هەرێمى کوردستان ڕاستترە، بۆیە پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەپێی دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ٣٠ ى ئەیلول کاتێکى زۆر ناخایەنێت، بەڵکو پێویستە کەکاتێکى زۆر نەخایەنێت، چونکە هەر دواخستنێک کاریگەرى نەرێنى دەکاتە سەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان لەبوارە سیاسی وئابورییەکان، ئەوەى ئێستا بەدیدەکرێت بریتییە لە ئامادەسازى دوو لایەنى براوەى یەکەم ودووەمى هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێم وچاوەڕوانیش دەکرێت کە حکومەتێک بێت بەڕوونى هەردوو لایەن تیایدا بەشداربن، لەبەرئەوەى کە هیچ کام لەو دوولایەنە لەتوانایدا نییە کەبتوانێت بەبێ لایەنەکەى دیکە حکومەتى هەرێم پێک بهێنێت.       

 



ئه‌م بابه‌ته 1044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر