گۆڕانکارییەکان له‌ستراتیژى ئیسڕائیل بەرامبەر بەسوریا

سوپاى سوریا لەکاتى هێرشى ئاسمانى سوپاى ئیسرائیل فڕۆکەیەکى لەجۆرى "ئیلیوشن -٢٠" ى ڕۆسى لە١٨ ى ئەیلولى ٢٠١٨ خستە خوارەوە کەبوو بەهۆى گیان لەدەستدانى ١٥ سەربازى ڕوسى سەرنشینى فڕۆکەکە، هەرزوو ڕوسیا ئۆباڵی ئەو ڕوداوەى خستە ئەستۆى هێزى ئاسمانى ئیسڕائیلی کەلەو کاتەدا هێرشى ئاسمانى لە سوریا ئەنجام دەدا، تۆمەتباریکردن بەوەى کەبە ئەنقەست فڕۆکە روسییەکەیان وەک پشتێنەیەک بەکارهیناوە ولەئەنجامدا ئەو هەڵەیەى لیکەوتۆتەوە، ڕاستەوخۆ دواتر، "سێرغی شویگۆ" وەزیرى بەرگرى ڕوسیا ڕایگەیاند کەسیستەمى پێشکەوتووى موشەکى دژە ئاسمانى "ئێس -٣٠٠" دەدەن بەسوریا کەلەتوانیادایە بەربە موشەکى بالیستى بگرێت وتیکی بشکینیت هەروەها تواناى ڕووبەڕووبونەوە وبەریەککەوتنى هەیە لەگەل ئامانجە دوژمانکارییەکان لەدوورییەک کە دەگاتە ٣٠٠ کیلۆمەتر، هەموو ئەمانەش لەچوارچێوەى ئەو گۆڕانکارییانەدا دێت کە ستراتیجییەتى ئیسڕائیل بەخۆیەوە دەیبینێت لەبەرامبەر سوریا، ئەم پەیپەرە باس لەوە دەکات، ئەو ڕوداوە دەکاتە چەقی شرۆڤەکە لەگەڵ شیکردنەوەى ڕوداوەکان لە پێش وپاش ڕوداوەکە، هەروەها لەداهاتوودا چ پێشهاتێکى لێ بەرهەم دێت.
PM:04:35:30/10/2018
دۆسیە: هەرێمایەتی
ئیسرائیل لەهەوڵى ئەوەدایە کە ڕوسیا کۆنتڕۆڵى تەواوى سیستەمى موشەکى ئێس -٣٠٠ نەداتە دەست هیزەکانى سوریا وهەروەها هەماهەنگى نیوانیان فراوانتر ببێت بەجۆرێک کەبەرژەوەندییەکانى هەردوولا بەدی بهێنێت لەسوریا.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

سەرەتا

 

سوپاى سوریا لەکاتى هێرشى ئاسمانى سوپاى ئیسرائیل فڕۆکەیەکى لەجۆرى "ئیلیوشن -٢٠" ى ڕۆسى لە١٨ ى ئەیلولى ٢٠١٨ خستە خوارەوە کەبوو بەهۆى گیان لەدەستدانى ١٥ سەربازى ڕوسى سەرنشینى فڕۆکەکە، هەرزوو ڕوسیا لۆمەى ئەو ڕوداوەى خستە ئەستۆى هێزى ئاسمانى ئیسڕائیلی کەلەو کاتەدا هێرشى ئاسمانى لە سوریا ئەنجام دەدا، تۆمەتباریکردن بەوەى کەبە ئەنقەست فڕۆکە روسییەکەیان وەک پشتێنەیەک بەکارهیناوە ولەئەنجامدا ئەو هەڵەیەى لیکەوتۆتەوە، ڕاستەوخۆ دواتر، "سێرغی شویگۆ" وەزیرى بەرگرى ڕوسیا ڕایگەیاند کەسیستەمى پێشکەوتووى موشەکى دژە ئاسمانى "ئێس -٣٠٠" دەدەن بەسوریا کەلەتوانیادایە بەربە موشەکى بالیستى بگرێت وتیکی بشکینیت هەروەها تواناى ڕووبەڕووبونەوە وبەریەککەوتنى هەیە لەگەل ئامانجە دوژمانکارییەکان لەدوورییەک کە دەگاتە ٣٠٠ کیلۆمەتر، هەموو ئەمانەش لەچوارچێوەى ئەو گۆڕانکارییانەدا دێت کە ستراتیجییەتى ئیسڕائیل بەخۆیەوە دەیبینێت لەبەرامبەر سوریا، ئەم پەیپەرە باس لەوە دەکات، ئەو ڕوداوە دەکاتە چەقی شرۆڤەکە لەگەڵ شیکردنەوەى ڕوداوەکان لە پێش وپاش ڕوداوەکە، هەروەها لەداهاتوودا چ پێشهاتێکى لێ بەرهەم دێت.

 

گومان لەوەدا نییە کەخستنەخوارەوەى فڕۆکە روسییەکە کاریگەرى هەبووە لەسەر ستراتیجییەتى ئیسرائیل وئازادى هەڵفڕینى فڕۆکەکانى لەناوخاکى سوریادا ڕووبەڕووى چەندین بەربەرەکانى کردەوە، هەرلەدواى خستەخوارەوەى فڕۆکەکە، ڕاستەوخۆ وەزارەتى بەرگرى ڕوسیا ئیسرائیلى تۆمەتبارکرد بەوەى کەلەهەمانهەنگى دوولایەنە لایانداوە وبەرپرسیارن لەو ڕوداوە(١)، لەمیانەى گفتوگۆکاندا سەبارەت بەو ڕوداوە ووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ڕوسیا ڕوونى کردەوە کە هێزەکانى ئیسرائیل تەنیا یەک خولەک بەر لەهێرشە ئاسمانییەکانیان لایەنى ڕوسییان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەمە بەپێی تێگەیشتنیان ئاگادارکدنەوەیەکى "هاوکاتە" ولادانە لە لێکتێگەیشتنەکانى "هەلوەشاندنەوەى بەریەککەوتن" کە پێشتر هەردوولا لە ساڵى ٢٠١٥ واژۆیان لەسەرکردووە(٢)، پەرچەکردارى ڕوسیا لەم نێوەندەدا بەوە هات کەلە بەروارى ٢ ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٨ ڕایگەیاند کەپڕۆسەى رادەستکردنى سیستەمى موشەکى "ئێس -٣٠٠" لەگەڵ سوریا تەواوکردووە، ئەو هەلوێستەى کە ئیسرائیل بەتوندى دژى دەوەستێتەوە، شایەنى باسە کەهەردوو لایەنى ڕوسی وسورى لەساڵى ٢٠١٠ ڕێککەوتن نامەیەکیان واژۆکردووە سەبارەت بەنوێکردنەوەى سیستەمى دژە ئاسمانى سوریا وپاڵپشتیکردنى بە موشەکى "ئێس ٣٠٠"، بەڵام پلانەکانى ئەو ڕێککەوتننامەیە بەهۆى فشارەکانى ئیسرائیلەوە چەند جارێک دواخرا، لەسەرتاکانى ساڵى ٢٠١٨، دەنگۆى ئەوە بڵاوبویەوە کە ڕوسیا لە نییەتیدایە کە سیستەمەکە ڕادەستى سوریا بکات، هەروەها دواى ئەو هێرشە ئاسمانیانەى کە هەریەک لە ئەمەریکا وبەریتانیا وفەرەنسا لەمانگى نیسانى ساڵى ٢٠١٨ لەسوریا ئەنجامیاندا، مۆسکۆ رایگەیاند کەلەسەروبەندى ئەوەدایە کە سیستەمى موشەکى ڕادەستى سوریا بکات وسیستەمى بەرگرى ئەو ووڵاتە نۆژەنبکاتەوە، بەڵام جارێکى دیکە بەهۆى فشارەکانى ئیسرائیلەوە دواخرا.

 

ئەنجام ڕوسیا گەیشتۆتە ئەو ڕاستییەى کەسیستەمى بەرگرى ئاسمانى سوریا نەیتوانیوە فڕۆکە ڕوسییەکان وفڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل لەیەک جیابکاتەوە، بۆ ئەوەى لەداهاتوودا هەڵەى لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، ڕوسیا پێی وایە کەپێویستە سیستەمى بەرگرى ئاسمانى سوریا نوێبکرێتەوە وپەرەى پێبدریت لەڕێگاى بەهێزکدنى بەسیتەمى موشەکى و ڕادارى پێشکەوتوو، هەروەها لەبەر ئەوەى کە ستافى سورى بۆ بەکارهێنان وبەگەڕخستنى سیستەمى موشەکى "ئێس -٣٠٠" چەندمانگێک دەخایەنیت –بەهۆى مەشق پێکردنیانەوە – هەروەک چۆن سێرگى شویگۆ وەزیرى بەرگرى ڕوسیا رایگەیاندووە بۆیە ئەگەرى زۆرە کەستافیکى ڕوسی ئەو سیستەمە لەسەتاوە بەکاربهێنیت وکۆنتڕۆڵى بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، ئاشکرا نییە کەئایا لایەنى ڕوسی لەکۆتایدا بەپرسیاریتى تەواو دەگوێزێتەوە بۆ لایەنى سورى دواى مەشقەکان یان هەر خۆى کۆنتڕۆڵى ئەو سیستەمە دەکات، لەوەش گرنگتر، هێشتا روون نییە، ئەو موشەکانە لەکویدا بڵاوەیان پێ دەکریت، هەروەها ژمارەى یەکەکان وموشەکەکان کە مۆسکۆ ڕادەستى سوریاى دەکات دیار نییە، لەساڵى ٢٠١٣، جەنەڕال ئەناتۆلى کۆرنۆکوڤ فەرماندەى گشتى هێزە ئاسمانییەکانى ڕوسیا ڕایگەیاند کەبەلەبەرچاوگردتى ڕووبەرى سوریا(٣)، ئەو وڵاتە پێویستى بە "دە" یەکەکەى موشەکى لەجۆرى ئێس -٣٠٠ هەیە بۆ پارێزگاریکردنى ڕووبەرى ئاسمانى خۆى، ئەمەش لە لایەنى کردارییەوە ئەوە دەگەیەنیت کە ووردەکارییەکانى مەترسییەکانى ئەم سیستەمە بۆسەر لایەنى ئیسرائیلى هێشتا ڕوون نییە، بەبێ چوونە ناو ووردەکارییەکان لەم قۆناغەدا، مەترسییەکانى ئیسرائیل بەهۆى بوونى موشەکى "ئێس -٣٠٠" ەوە نییە بەهێندەى مەترسی لەبوونى ئێرانە لەسوریا وداهاتووى لەقۆناغی دواى ململانێکە، ئەمانەش هەمووى کاریگەرى کردۆتە سەر ستراتیجییەتى ئیسرائیل لە سوریا، بەلەبەرچاو گرتنى دەستوەردانى بێگانە لەسوریا، سەرەڕاى پەرەسەندنى ئەو بارودۆخانەى کەلە گۆڕەپانى سوریادا روودەدەن.

 

ستراتیجییەتى ئیسرائیل وگۆڕانکارییەکانى

 

ستراتیجییەتى ئیسڕائیل زیاتر جەختى دەکردەوە لەو مەترسییانەى کە پەیوەستبوون بەچالاکییە سەربازییەکانى هێزى ووشکانى سوپاى سوریا بەمەبەستى بەدەستخستنەوەى ئەو ناوچانەى کەئیسرائیل لە بەرزاییەکانى جۆلان داگیرى کردبوو، بەڵام ئەم سترایجییەتە کەوتە بەرگۆڕان بەهۆى گۆڕانکارییەکان وپێشکەوتنەکانى ناو گۆڕەپانى سورى، ئێران وئەو میلیشیایانەى پشتگیرى دەکەن وەک – حیزب الله – لەسوریا ونزیک لەسنورەکان جێگیربوون، لەهەمانکاتدا بەهۆى بەرژەوەندییە هەرێمایەتى ونێودەوڵەتییەکان ڕوسیا هاتۆتە ناو هاوکێشەکەوە، ئەوەشمان بیر نەچێت کەڕوسیا یەکێکە لە ولاتە زلهێزەکان، ئەو گۆرانکارییانە دەتوانین لەڕیگاى سێ ناونیشانەوە دەربخەین کەبەڵگەن لەسەر گۆرانکاریەکان وڕەهەندەکانى ستراتیجییەتى ئیسرائیل.

 

یەکەم: ڕووبەرووبونەوەى بەربەرکانی سەربازییە تەقلیدییەکان

 

لەماوەى چل ساڵى ڕابردوودا ستراتیجییەتى ئیسرائیل بەرامبەر بەسوریا دەرئەنجامى حاڵەتى ئەو ململانێیە بووە کەبەهۆى داگیرکردنى بەرزاییەکانى جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە لەساڵى ١٩٦٧، ڕووبەرى بەرزاییەکان ١٢٠٠ کیلۆمەترە بەدرێژاى ٦٢ کیلۆمەتر ولەڕووى جوگرافییەوە باڵادەستە بەسەر سەرجەم شارەکانى باکورى ئیسرائیل، هەروەها بەهۆى بوونى زنجیرە چایەکى سەخت ونشێو ئیسرائیل وەک بەربەستیکى سروشتى لێ ى دەروانێت لەبەرامبەر هەر هێرسێکى ووشکانى، ئەمەش بەڕوونى لەکاتى جەنگى سالى ١٩٧٣ بەدەرکەوت، لەکاتژمێرەکانى یەکەمى ئەو جەنگەدا، سوپاى سوریا بەشیوەیەکى چاوەروان نەکراو توانى هێڵەکانى بەرگرى سوپاى ئیسرائیل ببەزێنیت وزیانیکى زۆرى پێ بگەیەنیت، دواتر ئیسرائیل توانى لەماوەیەکى کورتدا هیزەکانى خۆى کۆبکاتەوە پەرچە هێرشیک ئەنجام بدات وزیانیکى زۆر بە هێزەکانى سوریا بگەیەنیت وجارێکى دیکە دەست بگریتەوە بەسەر بەرزاییەکاندا، سەرەراى ئەوەش، هێرشى سوریا بووە هۆى کوژرانى زیاتر لە ٢٥٠٠ سەربازى ئیسرائیلى ودابەزینى ئاستى متمانەى هاوڵاتیان بە حکومەتەکەیان وئەو سوپایەى کە هەیانە کە متمانەیەکى زۆریان پێی هەبوو بەتایبەتى دواى جەنگى ساڵى ١٩٦٧، لەوەش گرنگتر، گورزە چاوەرواننەکراوەکانى سوریا بوو بەهۆى گۆڕینى بیرکردنەوەى ئەمنى ئیسرائیلى بەشێوەیەکى دراماتیکى سەبارەت بەو مەترسییە ئەمنییانەى کە بەرەى سوریا بەدى دەهێنیت لەداهاتوودا، لەیادکردنەوەى ئەو سەربازانەى کەلە ساڵى ١٩٧٣ گیانیان لەدەست دا بنیامین ناتانیاهۆ سەرەک وەزیرانى ئیسرائیل لە ٢٠ ى ئەیلولى ٢٠١٨ شکستى جەنگى ١٩٧٣ بەستەوە بەلایەنى هەواڵگیرى کە پێشبینى ئەو هێرشەى نەکردووە دەڵێت کە" وویستیک نەبووە بۆ جوڵەیەکى خێرا بەمەبەستى بەرگرتن لەو مەترسییەى کەبەردەرگاى پیگرتوین"(٤)، هەروەها ناتانیاهۆ دوپاتیکردەوە کە " جارێکى دیکە ڕێگا نادەن ئەوە دووبارە ببێتەوە"(٥).

 

پاڵپشت بەئەزموونى ساڵى ١٩٧٣ ستراتیجییەتى ئیسرائیل بەو شێوەیە داڕێژراوە کە شکست بەمەترسییەکان بهێنرێت بەرلەوەى کەدروست ببیت، ئەوەش لەڕێگاى بەرگرتنى پێشوەخت وشکست پێهینانى هەرمەترسییەک کەئیسرائیل بەمەترسى دابنێت(٦)، بۆ نمونە، ئیسرائیل لە تشرینى یەکەمى ٢٠٠٣ هێرشی کردە سەر ناوچەیەکى مەشقپێکردنى فەلەستنى لە ناوچەى عەین ئەلساحیب، هەروەها لە ساڵى ٢٠٠٧ ئیسرائیل لە پارێزگاى دێرەزوور لە سوریا کورەیەکى ئەتۆمى خاپورکرد ودواى دە ساڵ ئیسرائیل بەرپرسیارییەتى خۆى لەو ڕووداوە راگەیاند.

 

دووەم: شکست پێهێنانى هەژمونى ئێران وهاوپەیمانەکانى.

 

ئیسرائیل دواى دەست وەردانى ئێران ومیلیشیا چەکدارە شیعییەکانى سەر بەو وڵاتە – بەتایبەتى حیزب الله – لەدواى هەڵگیرسانى ناڕەزایەتییەکانى سوریا لە٢٠١١، سەرلەنوێ تێروانینەکانى خۆى بۆ مەترسى ئەمنى بەرەى سورى هەڵسەنگاندەوە، ئەگەر پێشتر ستراتیجییەتى ئیسرائیل لەسەر مەترسى جەنگى ووشکانى سوپاى سوریا بەرامبەر بەئیسرائیل بۆ گەڕاندنەوەى بەرزاییەکانى جۆلان داڕێژرابێت، ئەوە لەکاتى ئێستادا داڕشتنەوەى پەیوەستە بە بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەى ئێران و میلیشیا چەکدارەکانى سەر بە ئێران وبەرگرتن لەبڵاوبوونەوەى موشەکى مامناوەند ودوورهاوێژ کەلەتوانایدایە قوڵایی ئیسرائیل بپێکێت، دەستوەردانى ئێران بەمەبەستى لێدانى هێزە چەکدارە نەیارەکانى حکومەتى سوریا بوو کەلەڕێگاى ئەو دەست وەردانى پایەکانى حوکمڕانى بەشار ئەسەد پتەوتر ئەبوو، ئەوەش لەچوارچیوەى ستراتیجیەتێکدا بۆ قۆناغى دواى جەنگ کەگرنتى مانەوەى سەربازى ئێرانى دەدات لە سوریا لەچوارچیوەى ستراتیجییەتێکى هەرێمایەتی دوور مەودا لە ناوچەکەدا کە بە " کەوانەى هیلالى شعیى ناودەبرێت وتیایدا عێراق وسوریا ولوبنان دەگرێتەوە". بەمەبەستى پتەوکردنى پێگەیەکى هاوئاهەنگ لەگەڵ خۆیدا، ئێران بەهەموو تواناى خۆیەوە هەوڵى دامەزراندنەوە ڕێکخستەوەى یەکەسەربازییەکانى سوریاى دا، هەروەها پشتگیرى سەربازى "حیزب الله" ى لوبنانى کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بوو بەمۆڵگەیەک بۆ لەخۆگرتنى هەزارەها لە شیعە ئەفغانى وئێرانى و پاکستانییەکان. لاى خۆیەوە ئیسرائیل ئەم هەنگاوانەى ئێرانى بەوە شیکردەوە کە هەوڵێکى ئەو وڵاتەیە بۆ دۆزینەوەى پتەوکردنى جێ پێی خۆیەتى لەسوریا بەمەبەستى مەترسی دروستکردن لەسەر ئیسرائیل لەماوەیەکى دووردا، وەئامانج لێ ی پاڵپشیکردن ویارمەتیدانى سەرۆکى سوریا نییە هەروەک چۆن تامیر هایمانى جەنەڕاڵى ئیسرائیلى لە مانگى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٨ ئەوەى ڕوونکردەوە(٧).

 

وەڵامدانەوەى ئیسرائیل بۆ دەستوەردانەکانى ئێران بەدوو ئاڕاستەى تێکهەڵکێشدا بەدیکرا: فشارى سیاسی وکردەى سەربازى. هەر دواى دەستوەردانى ئێران، ئیسرائیل تەواوى فشارە سیاسییەکانى بەکارهێناوە بەمەبەستى وەستاندنى شەپۆلى هەژمونەکانى ئێران بەتەنیا لەسوریادا نا بەکڵو لەتەواوى ناوچەکەدا، لەم ڕووەوە چەندین جار ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کەدژى هەر ئامادەبوونێکى ئێرانییە لە ناوچەکەدا، لەم ئامانجەدا چەندین کاراکتەرى نێودەوڵەتى وهەرێمایەتى هاوبەشى "ئیسرائیل"ن، لەڕووى هەرێمایەتییەوە ئیسرائیل بەردەوام هەوڵى داوە کەلەگەڵ دوو ڕکابەرى ئێران لە ناوچەکەدا کەبریتین لە شانشینى عەرەبی سعودى ومیرنشینەکانى عەرەبی یەکگرتوو نزیک ببێتەوە، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى ئیسرائیل بەردەوام هەڵى داوە کە هانی وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا بدات بەمەبەستى زیاتر هاتنە ناو ناوچەکە لە ڕووى سەربازییەوە بەمەبەستى بەرگرتن لەبەهێزبوونى تواناکانى ئێران. لەگەڵ داکشانى هێزە نەیارەکان، هەواڵگیرى ئیسرائیل پێی وایە کە سەرکەوتنەکانى سوریا گومانی تیادا نەماوە بەڵام پێشبینى ئەوە ناکەن کە ئێرانییەکان و حیزب الله ناوچەکە بەجێ بهێڵن(٨). ئەوەى ئەم گومانەى لاى ئیسرائیلییەکان پتەوتر کرد بریتی بوو لەداگیرکردنەوەى درعا لە باشورى سوریا لەلایەن سوپاى ڕژێمەوە لە حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٨، ئەمەش ئەوە دەگەیەنیت کە سوپاى ڕژێم بەتەواوەتى توانیویەتى باشورى سوریا کۆنتڕۆڵ بکات، ئەو ناوچەیەى کەجێگاى بایەخى وسەرجەم هێزە کێبڕکێکارە نێودەوڵەتییەکانە. ئەم ناوچەیە نزیکە لەسنوورى هەریەک لەئیسرائیل وئوردن ولەهەمانکاتیشدا هێزەکانى سنورى ئوردون و هێزەکانى ئیسرائیل لە بەرزاییەکانى جۆلان چالاکى تیادا ئەنجام دەدەن(٩)، هەروەها لەو ناوچەیەدا هێزەکانى سوپاى ڕژێم و میلیشیا چەکدارەکانى سەر بەو سوپایە، هێزەکانى هاوپەیمانى بەسەرۆکایەتى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا ئەو هێزانەى کە بنکەى سەربازى "ئەلەتەنەف" جێگیربوون لەوناوچانەدا بڵاو بوونەتەوە(١٠)، لەم دواییانەدا چەند ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەوانى ئەوەیان دەرخستووە کەچەند باڵێکى حیزب الله لەهەوڵى ئەوەدان لەو ناوچەیەدا بڵاوببنەوە وتۆڕێکى سەربازى پتەو دروست بکەن(١١). هەربۆیە ئامانجى ئیسرائیل لەم کاتەدا بەرگرتنە لەوەى کە سنورى باکۆرى خۆرهەڵاتی ببێت بەبەرەکى جەنگى لەگەڵ ئێراندا هەروەک جۆن لەباکورەوە لەگەڵ لوبنان بەرەکى هەیە حیزب الله کۆنتڕۆڵى کردووە. ئیسرائیل مەترسى ئەوەى هەیە کە هەریەک لە ئێران و حیزب الله ناسەقامگیرى ولاوازى حکومەتى سوریا بەکاربهێنن بەمەبەستى بەکارهێنانى خاکى سوریا وەک سەکۆیەکى موشەکى هەروەک چۆن باشورى لوبنان بەکاردەهێنرێت، ڕوونتر، ئیسرائیل هەروەک چۆن ژەنەڕال هایمان سەرۆکى دەزگاى هەوڵگیرى سەربازى لە ١٥ ى حوزەیرانى ٢٠١٨ دا دەڵێت کە ئێران شانە سەربازییەکان بکات بۆ چوونە ناو ئیسرائیل یان بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانى بەرزاییەکانى جۆلان(١٢).

 

لەڕووى سەربازییەوە، مەترسییەکانى ئیسرائیل تەنیا ناوچە سنوورییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو قوڵاى خاکى سوریاش دەگرێتەوە، ئەگەر هێزەکانى ئێران ومیلیشیا چەکدارەکانى لەسوورەکانیش دوور بکەونەوە، ئەوا ئیسرائیل مەترسی ئەوەى هەیە کە ئێران هەڵسێت بەجێگیرکردنى سیستەمى موشەکى لە " حمص وحەما یان لە دێرەزور" ولەو کاتەدا دەتوانى خاکى ئیسرائیل بپێکێ، هەروەک چۆن وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل ئەڤیگیدۆر لیبرمان لە حوزەیرانى ٢٠١٨ ئاماژەى پێداوە(١٣). لەم چوارچیوەیەدا ئەتوانین لەوە تێبگەین کەبۆچى ئیسرائیل بەشێوەیەکى بەردەوام گورزە سەربازییەکانى دەوەشێنێت کە دیارە ئامانج لێی وەستاندنى پێدانى چەکە بە حیزب الله لەلایەن ئێرانەوە هەورەها هەوڵدانە بۆ بەرگرتنى ئێران بۆ ئامادەکردنى هەر سیستەمێکى سەربازى پێشکەوتووە لە سوریا یان دامەزراندنى هەر کارگەیەک کەبتوانێت پارچەکانى پێکەوە ببەستێتەوە، ئەمەو، سوپاى ئیسرائیل لە ٤ ىئەیلولى ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠٠ هێرشى لەسوریا ئەنجام داوە لە ساڵى ٢٠١٧ ەو لەو هێرشانەدا زیاتر لە ٨٠٠ موشەک وبۆمبی جۆراوجۆریان بەکار هێناوە(١٤)، لەدیارترینى ئەو هێرشانە، ئەو هێرشەبوو کە ئیسرائیل لە ١٠ ىشوباتى ٢٠١٨ ئەنجامى دا بۆ سەر فڕۆکەخانەى تەیفور لەناوەڕاستى سوریا کەبەیەکێک لەفڕۆکەخانە گەورەکانى سوریا ناودەبرێت، لەسەر ئاستێکى فراوان واپێشبینى دەکرێت کەئەو هێرشە ئاسمانییە بووە هۆى کوژرانى ژمارەیەکى زۆر لە ڕاوێژکار وشارەزا ئێرانییەکان، ئەو هێرشە لەدواى ئەوە هات کە فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان لە فڕۆکەخانەى تەیفورەو چووە ناو ئاسمانى بەرزاییەکانى جۆلانەوە ولەلایەن فڕۆکەسەربازییەکانى ئیسرائیلەوە خرایە خوارەوە، لەکاتى هێرشە ئاسمانییەکەدا دژە بەرگرییە ئاسمانییەکانى سوریا ڕووبەڕووى فڕۆکەکانى ئیسرائیل بویەوە وتوانى یەکێک لەو فڕۆکانە لەبەرزاییەکانى جۆلان بخاتە خوارەوە، ئەمەش بەیەکەم زیانى هێزى ئاسمانى ئیسرائیلى ئەژماردەکرێت لەماوەى ٣٥ ساڵى ڕابردوودا(١٥)، لە ١٠ ى ئایارى ٢٠١٨ ئیسرائیل ڕایگەیاند کە گەورەترین گورزى سەربازى لە ژێرخانى سەربازى ئێرانى وەشاندووە(١٦).

 

سێیەم: سوود وەرگرتن لەدەستوەردانى ڕوسیا.

 

 لەدواى هاتنەوناوەوەى هێزى ئاسمانى ڕوسیا، دەستپێکردنى وەشاندنى گورزى سەربازى لەهێزە نەیارەکان لەئەیلولى ٢٠١٥، بنەماکانى پێکدادانى ئیسرائیلى لە سوریا گۆڕانکارییان بەسەرداهات، بەپێچەوانەى ئامادەسازى ئێرانى، ئیسرائیل پێی وایە کە بوونى ڕوسیا بەربەستیکى ستراتیجى نییە لەبەردەم وویستەکانى لەناوچەکەدا، تەواو بە پێچەوانەوە، بەفاکتەرێکى کاریگەرى دەزانێت بۆ پارێزگاریکرن لە ئارامى ئیسرائیل وسەقامگیرى بەتایبەتى لەناوچە سنورییەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتدا، لە نیسانى ٢٠١٨ وەزیرى بەرگرى ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە" گرفتەکە ئێرانە وڕوسیا نییە"، بە پاساوى ئەوەى کە " سیستەمى بەرگرى ڕوسیا لە سوریا لەدژى ئیسرائیل بەکارنەهینراوە" (١٧)، لەم دواییانەدا گرنگى هەماهەنگى و هاوکارى نیوان ڕوسیا – ئیسرائیل بەدەرکەوت، لەدواى ئەوەى لە تەموزى ٢٠١٨ سوپاى ڕژێمى سوریا توانى کۆنتڕۆڵى ناوچە سنورییەکانى نێوان سوریا وئوردن وئیسرائیل بکاتەوە، چەند ئەفسەرێکى سوپاى ڕوسیا یاوەرى هێزە نیودەوڵەتییەکانى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانیان کردلە ٢ ى ئابی ٢٠١٨ بەمەبەستى گەراندنەوەى بارودۆخى ناوچەکان بۆ بارودۆخى ساڵى ٢٠١١، کە ئەمەش بوو بەهۆى کردنەوەى دەروازەى قونەیتەرەى نیوان سوریا و ئیسرائیل، لە ١٥ ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٨، پاش داخستنى بۆ ماوەى چوار ساڵ لەدواى ئەوەى هیزە نەیارەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو، سەرەراى ئەوەش، ڕوسیا رایگەیاند کە لەهەوڵى دامەزراندنى هەشت بنکەى چاودێریی سەربازییە لەجۆلان بەمەبەستى یارمەتدیانى هێزەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان کەلە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە بۆ ئەوەى بەر بەهەرهەوڵێکى دەستدرێژى بگیرێت کە ئاڕاستەى ئەو هێزانە دەکرێت، هەروەها هێزەکانى ڕوسیا یارمەتى دوورخستنەوەى هێزەکانى ئێران وهێزە هاوپەیمانەکانى دا بۆ دوور کەوتنەوە بۆ ماوەى ٨٥ کیلۆمەتر لە سنوورى سوریا - ئیسرائیل(١٨).

 

باڵپشت بەمانە، ئیسرائیل زیاتر لەبەرژەوەندییەکانى ڕوسیا لەناوچەکەدا تیگەیشت(١٩)، بەپێچەوانەى هاندەرە ئایدۆلۆجییەکانى ئێران، هاتنەناوەوەى ڕوسیا مەبەست لێى پارێزگاریکردن بووە لەبەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکانى لەتەواوى ناوچەى دەریاى سپى ناوەڕاست بەسوریاشەوە، هەربۆیە، هەردوولا لەسەر پێکهینانى تیمیکى مەیدانى هاوبەش ڕێککەوتن بەمەبەستى ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان بەشیوەیەک کەبەر بەپەیوەندییە لاسلکییەکان وسیستەمى رادارى هیچ لایەک نەگریت بەمەبەستى نەهێشتى بەریەککەوتنى نێوان هەردوولا(٢٠)، ئەو هەمانهەنگییە ئامادەیی ئێرانى لەسوریا لەخۆدەگرت، لەم نێوەندەدا روسیا چاوپۆشى لەهێرشە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل دەکرد بۆسەر بارەگاکانى ئێران وڕژێمى سوریا لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنى سیستەمیکى پێشکەوتووى موشەکى بوو لە سوریا، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوسیا بەردەوام هێزەکانى دوور لە هێزەکانى ئێرانەوە دادەمەزراند بۆ ئەوەى هیچ بەریەککەوتنیک لەنێوان خۆى وئیسرائیل ڕوونەدات، هەروەها بۆ ئەوەى لایەنى بەرامبەر تەواو ئازاد بیت بۆ چۆنیەتى مامەلەکردن لەگەل ئامانج ئێرانییەکان، لە ١٠ ى ئایارى ٢٠١٨ بەئامانج گرتنى هێزى ئاسمانى ئیسرائیلی پێگە ئێرانییەکان بووبەهۆى زیان گەیاندنى گیانى وماددى لە لایەنى ئێرانى وئەمەش بەڵگەیە لەسەر جیاوازى بەرژەوەندییەکانى ئێران وڕوسیا لەلایەک وهەروەها بەڵگەیەکى دیکەیە لەسەر قولى لێکتێگەیشتنەکانى نێوان ڕوسیا و ئیسرائیل لەلایەکى دیکەوە، ئەو گورزە سەربازییە دواى ماوەیەکى کورت هات لەگەڕانەوەى ناتانیاهۆ لە مۆسکۆ کە تیایدا گفتوگۆى کردبوو سەبارەت بە بوونى سەربازى ئێرانى لە سوریا، دواتر ئیسرائیل رایگەیاند کە مۆسکۆیان ئاگادارکردۆتەوە لەگورزە سەبازییەکانیان وئەمەش بەلگەیە لەسەر ئەوەى کەمۆسکۆ هەلنەستاوە بەئاگادارکردنەوەى تاران(٢١).

 

چالاکییەکانى ئیسرائیل لەداهاتوودا

 

کۆمەڵە سینارۆ وپێشهاتێک لەدواى خستەخوارەوەى فڕۆکەکەى روسیا سروشتى چالاکییەکانى ئیسرائیل لەسوریا دیارى دەکەن کە هێشتا لە قۆناغى خەمڵاندندان، بەڵام لەگەل ئەوەشدا دەتوانین کۆمەڵە ڕێکارێک دیاریبکەین کەکردار و پەرچەکردارەکانى ئیسرائیل دەردەخەن لەگۆڕەپانى سوریادا:

 

یەکەم: خۆلادان لەڕووبەڕووبونەوە وخۆسازدان بۆ هەڵکشان

 

راستەخۆ دواى خستنە خوارەوەى فرۆکەکە، ئیسرائیل هەوڵە دیبلۆماسییەکانى خۆى چڕکردەوە بەمەبەستى سنووردارکردنى هەلوێستى خۆى لەگەڵ ڕوسیا وبەرگرتن لەهەر ڕووبەڕووبونەوەیەکى سەربازى نیوان هەردوولا، هەرلەو بوارەدا ژەنەڕال عەمیکام نورکین فەرماندەى هێزە ئاسمانییەکان سەردانى مۆسکۆى کرد بەمەبەستى سەلماندنى بیتاوانى ئیسرائیل لەرووداوەکە، هەروەها سەرەک وەزیرانى ئیسرائیل ناتانیاهۆ پەیوەندى کرد بەسەرۆکى روسیا بەمەبەستى ڕیکخستنى چاوپێکەوتنیکى راستەخۆ لەماوەیەکى نزیکدا وهەروەها بەردەوامى هەماهەنگى ئەمنى نیوان هەردوولا تایبەت بەکێشەى سوریا، ئەمەش دواى ڕاگەیاندنى ئەو پەیوەندییە لەلایەن ناتانیاهۆ وە لەبەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى ئیسرائیلدا(٢٣)، بەڵام لەهەموو بارێکدا ئەگەر ڕوسیا سیستەمى موشەکى بدات بەسوریا ئەوا ئیسرائیل هەولى لەکارخستنى ئەو سیستەمە دەدات وئەمەش چەند جاریک ئیسرائیل دووپاتى کردۆتەوە لەماوەى چەند مانگى رابردوودا(٢٤)، لەلایەنى پراکتیکییەوە ئیسرائیل خاوەنى فڕۆکەى جۆرى ئیف -٣٥ ى ئەمەریکییە کەدەتوانیت ئەو کارە ئەنجام بدات. لەو کاتەدا پەیوەندییەکانى نیوان تەل ئەبیب و مۆسکۆ تێک دەچیت، لەوانەبە بگاتە ئاستى رووبەرووبونەوەى سەربازى، ئەشێت لەو کاتەدا مۆسکۆ ئەو هەلوێستەى ئیسرائیل بە بەئامانج گرتنێکى راستەوخۆى هیزەکانى لیک بداتەوە. بەڵام لەم کاتەى ئێستادا هەردوولا لەهەولى ئەوەدان کە هەمانهەنگى نیوانیان بگەڕیتەوە بارێکى ئاسایی، بەپێچەوانەى هەلوێستى وەزارەتى بەرگرى ڕوسی سەرۆکى روسیا بیتاوانى ئیسرائیلی راگەیاند بەوەى کە هۆکارى کەوتنەخوارەوەى فرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ " چەند بارودۆخێکى خراپی تێپەڕ"(٢٥)، لەهەمانکاتدا چاوەڕێى ئەوەش دەکرێت کە کۆنتڕۆڵکردنتى سیستەمى موشەکى نەدرێتە دەست سوریا بەڵکو روسیا خۆى کۆنتڕۆڵى بکات بەمەبەستى پارێزگاریکردنى لە سەرباز وبەرژەوەندییەکانى لە ناوچەکەدا ولەلایەکى دیکەوە بەمەبەستى بەرگرتن لەتورەبوونى ئیسرائیل. ئەشێت ڕوسیا ئاماژە بەوە بدات کەهێزەکانى سوریا هەلەیان کردووە وبەوەش پاساویک دەدات بەخۆى کە کۆنتڕۆڵکردنى سیستەمى موشەکى نەدات بە سوریا، لەوکاتەشدا روسیا دەتوانیت سەرجەم هێزەکانى بەرگرى ئاسمانى سوریا بخاتە ژێر دەستى خۆى بۆ ئەوەى جاریکى دیکە هەڵەى لەو شیوەیە دووبارە نەبیتەوە.

 

دووەم: بەردەوامى هەماهەنگى لەگەڵ مۆسکۆدا بەمەبەستى هەڵکەندنى مانەوەى ئێران لەسوریا.

 

یوئاف گانت ئەندامى ئەنجومەنى ئاسایشی ئیسرائیلی لەم دواییانەدا رایگەیاند کە تەلئەبیب ئومێدەوارە مۆسکۆ هاریکاربێت بۆ هەلکەندنى ئێران لە سوریا(٢٦)، ئەوەش لەهەر سازانێکدا بیت کە دەکەوێتە دواى قۆناغى جەنگەوە. لەمەشدا بەرژەوەندییەکانى هەریەک لە مۆسکۆ وتەلئەبیب یەکدەگرنەوە. پێدەچیت کە هەردوولا زۆر گرنگى نەدەن بە جەنگ بەهیندى ئەوەى مەبەستیانە سەقامگیرى سیاسی بگەڕێتەوە وهیزە بێگانەکان وەدەربنرێن بەتایبەتى ئێران و هاوپەیمانەکانى. لەگەل نزیک بوونەوەى کۆتای جەنگى سوریا، ڕوسیا لەهەوڵى ئەوەدایە کە دەست بکرێت بەئاوەدانکردنەوەى ئەو شارانەى جەنگ خاپورى کردون بەمەبەستى پتەوکردنى پێگەى روسیا لەسەر ئاستى ناوچەکە ونیودەولەتى. چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە روسیا سەرکەوتوو بیت لە گریبەستەکانى ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهینان لەبوارى گەڕان بەدواى گازى سروشتى. لێرەوە ئیسرائیل هەولى ئەوە دەدات کەپەیوەندییەکانى نیوان ئێران وروسیا تێک بدات لەماوەیەکى مام ناوەند ودور مەودادا لە ڕێگاى قوڵکردنەوەى جیاوازى نیوانیان سەبارەت بەداهاتووى روسیا. چونکە لەکاتێکدا کەڕوسیا خوازیارى پاشەکشەپێکردنى هەژمونى ئێرانە بەمەبەستى گەڕانەوەى ئارامى بۆ ناوچەکە، ئێران لەهەولى ئەوەدایە کەپێگەى بەهێزببیت لەرووى سەربازى وبەشدارى لە ئاوەدان کردنەوەدا.

 

سییەم: جێگیرکردنى سیاسەتى تۆقاندن

 

لەگەڵ ئەوەدا کە ئیسرائیل لەدواى کەوتنەخوارەوەى فرۆکە روسییەکە هێرشی نەکردۆتە سەر پێگەکانى سوپاى ئێران وحیزب الله لە سوریا بەڵام گومان لەوەدا نییە کە دەست دەکاتەوە بە هێرشەکانى دواى گەیستن بەلێکتیگەیشتن لەگەڵ ڕوسیا بۆ دەستەبەرکردنى پارێزبەندى سنورەکانى باکورى رۆژهەلاتى لەڕیگاى دروستکردنى کەشیک لە "تۆقاندنى چەسپاو" لەسوریا. ئیرائیلییەکان پێیان وایە کە ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانى پیویستیان بە ئارامییەکە لەناوچەکەدا، ڕژێمى ئەسەد لەکاتى ئێستادا پیویستى بەوەیە کە پێگەى بەهێزبکاتەوە وکۆنتڕۆڵى ئەو ناوچانە بکات کە بەدەستى هیزە نەیارەکانەوە ماوەتەوە، بەتایبەتى شارى ئیدلیب وبڵاوکردنەوەى هێزە سەربازییەکانى لەباشورى سوریا. لەهەمانکاتدا ئیسرائیل پێشبیى ئەوە دەکات کە سوریا نایەوێت ئیسرائیل توڕەبکات چونکە ئەوە دەبیتە هۆى بەریەککەوتنى ڕاستەخۆى نیوان هەردوولا، لەباشترین ساتدا، لەماوەیەکى نزیکدا ڕژێمى سوریا سیاسەتى ئیستفزاز نەکردنى ئیسرائیل پەیڕەو دەکات، هەروەها ئێرانیش لەم کاتەدا نایەویت بەشیوەیەکى ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلدا بەریەک بکەوێت بەتایبەتى پاش ئەوەى کەئەمەریکا لەڕێککەوتننامەى ئەتۆمى هاتەەرەوە تابتوانێت پشتگیرى نێودەولەتى بەدەست بهێنیت، بەتایبەتى ئەوروپییەکان، تا ئەو ڕێککەوتننامەیە هەربەزیندویەتى بمینیتەوە، لەهەمانکاتدا حیزب الله بەهەمانشیوە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەریەک ناکەویت تا بتوانێت پارێزگارى لەدەستکەوتەکانى لەسوریا بکات وبتوانێت ئەو دەستکەوتانەى دواى هەڵبژاردنى ئایارى ٢٠١٨ لە لوبنان بەدەستى هێنا پارێزگاری لێبکات. چونکە ململانێ لەگەڵ ئیسرائیلدا لەوانەیە ببێتە هۆى هەرسهاتنى سەرجەم دەستکەوتەکانى هەروەک چۆن لەجەنگى ساڵى ٢٠٠٦ سەرجەم دەستکەوتەکانى لەدەستدا. بەڵام هێرشێکى بەرفراوانى ئیسرائیلى بۆ سەر سوریا دەبێتە هۆى ئەوەى سەرجەم ئەو لایەنانە ڕووبەڕووى ببنەوە وئەمەش دەبێتە هۆى هەڵخلیسانى بارودۆخەکە بۆ بەریەککەوتنێکى کراوە.

 

چوارهەم: بەکارهێنانى کێبڕکێ هەرێمایەتییەکان

 

لەکاتی ئێستادا ئیسرائیل هەولى ئەوە دەدات کە فشار بخاتە سەر ئەمەریکا بەمەبەستى وەرگرتنى هاریکارى سەربازى لەو وڵاتە لەڕێگاى بەکارهینانى ئەو کێبڕکێیەى لەناوچەکەدا دەکرێت(٢٧)، هەلوێستى ڕوسیا سەبارەت بە بڕیاردان بەڕادەست کردنى سیستەمى موشەکى بەسوریا ئەو کێبڕکێیە قوڵتر دەکات، ئەمەش لەبەرژوەندى ئیسرائیلە، مەبەستى روسیا بریتییە لەفشارخستنە سەر ئەمەریکا بۆ نواندنى نەرمى زیاتر لە دۆسییەى ئۆکرانیدا، لەبەرامبەر وازهینانى ڕوسیا لە دۆسیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەراست کە ناوچەیەکە ئەمەریکا تیایدا چالاکە، لەم نیوەندەدا ئیسرائیل ئومێدەوارە کە ئەمەریکا زیاتر ڕۆبچێتە ناو کێشەکانى ڕۆژهەلاتى ناوەڕاست بەشێوەیەک کەسوود بەبەرژەوەندییەکانى بگەیەنیت.

 

کۆتایی

 

ئیسرائیل لەهەوڵى ئەوەدایە کە ڕوسیا کۆنتڕۆڵى تەواوى سیستەمى موشەکى ئێس -٣٠٠ نەداتە دەست هیزەکانى سوریا وهەروەها هەماهەنگى نیوانیان فراوانتر ببێت بەجۆرێک کەبەرژەوەندییەکانى هەردوولا بەدی بهێنێت لەسوریا. لەهەمانکاتدا ئیسرائیل دەزانێت کە توڕەکردنى روسیا دەبیتە هۆى لاوازکردنى پێگەى لەناوچەکە وەنەتوانێت لەداهاتوودا ڕووبەڕووى هەژمونى ئێران ببیتەوە لەدواى کۆتاى جەنگى سوریا، هەروەها پێشبینى ئەوە دەکرێت کەئیسرائیل هەوڵى ئەوە بدات کە چالاکییەکانى ئێران وهاوپەیمانەکانى بەتایبەتى – حیزب الله – لەسوریا سننوردار بکات وئەمەش دەبیتە هۆى بەریەککەوتنى نیوان روسیا وئیسرائیل، لەم کەشەدا ئەگەرى پیکدادان لەنیوان لایەنەکانى ناوچەکەو هیزە نیودەوڵەتییەکان ئەکەرێکى کراوەیە بەتایبەتى بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى ناسەقامگیرى ئەمنى ناوچەکەو ڕیزبوونى هیزە نیودەوڵەتییەکان لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەراست بەتایبەت لەگەڵ وادەى نزیکبوونەوەى کۆتاى جەنگى سوریا، کەئەمە تۆى سازان وتۆوى کودەتا بەسەر دەستکەوتەکانى بەرەى ڕوسیا – سوریا لەخۆدەگریت.

               

سەرچاوە:

http://studies.aljazeera.net/mritems/Documents/2018/10/28/051e77755be3450f858452b86d1cc238_100.pdf

 

   

 

          



ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر