ئێران لەژێر سزاکاندا: هیندستان وچین پشتگیرى بەرمیلە نەوتەکان ئەکەن

زۆر دەوترێت سەبارەت بەوەى کەلە تشرینى دووەمدا چى ڕوودەدات. پێدەچیت کەئیدارەى ترامپ گرەوى کردبێت لەسەر ناچارکردنى ئێران بۆ قبوڵکردنى دانیشتن لەسەر مێزى گفتوگۆ لەبەرامبەر ئەو هەوڵە زۆرەى لەو بوارەدا بەکارى بردووە. کاریگەرییەکانى سزاکان، هەروەها ئاڕاستەکانى بازارى نەوت ئەو کەشەى بۆ هەردوولا فەراهەم کردبێت، ئەمەش بەتەواوەتى پشتدەبەستێت بەکاردانەوەکانى چین وهیندستان کەدوو بەکاربەرى دووەم وسێیەمى نەوتن لەجیهاندا، کەپێکەوە زیاتر لەنیوەى نەوتى ڕەشی ئیران بەکاردەبەن.
PM:04:38:16/10/2018
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ئیدارەى ترامپ لەئومێدى ئەوەدایە کەئەو ڕیکارانەى گیراونەتە بەر بەگەیشتن بەبەرژەوەندییەکانیان کۆتایی بێت دژ بە ئێران.

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

نوسینى : جۆهان کالابریسا، یاریدەدەرى پڕۆفیسۆر، بەڕیوەبەرى پڕۆژەى ڕۆژهەلاتى ئاسیا لەزانکۆى ئەمریکا – دامەزراوەى ڕۆژهەلاتى ناوەڕاست.

 

کۆمەڵە هۆکارێک هەیە کەکاردەکاتە سەر هەڵکشان و داکشانى بازاڕەکانى نەوت لە جیهاندا، هەروەها کاریگەرى دەکاتە سەر قورسایی نرخەکانى نەوت.  بەروارى ٤ ى تشرینى دووەم بەروارێکى زۆر گرنگە – تیایدا ماوەى ١٨٠ ڕۆژ – لەم بارودۆخەى ئێستا – کۆتایی دێت، هەروەها سزاکانى ئەمریکا بۆسەر کەرتى وزەى ئێران دەستپێدەکاتەوە. دوو رۆژ دواتر، هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى پیران دەستپێدەکات.

 

زۆردەوترێت سەبارەت بەوەى کە لە تشرینى دووەمدا چى ڕوودەدات. پێدەچێت که‌ ئیدارەى ترامپ گرەوى کردبێت لەسە ناچارکردنى ئێران بۆ قبوڵکردنى دانیشتن لەسەر مێزى گفتوگۆ لەبەرامبەر ئەو هەوڵە زۆرەى لەو بوارەدا بەکارى بردووە. کاریگەرییەکانى سزاکان، هەروەها ئاڕاستەکانى بازاڕى نەوت ئەو کەشەى بۆ هەردوولا فەراهەم کردبێت، ئەمەش بەتەواوى پشتدەبەستێت بەکاردانەوەکانى چین وهیندستان کەدوو بەکاربەرى دووەم وسێیەمى نەوتن لەجیهاندا، کەپێکەوە زیاتر لە نیوەى نەوتى ڕەشی ئێران بەکاردەبەن.

 

ناسەقامگیرى لەبازارى نەوتدا

 

بەشێوەیەکى خێرا پێدەچیت کە نرخى نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزببێتەوە وەک چۆن لەساڵى ٢٠١٤ بازیدا بۆ زیاتر لە ١١٥$ ودواتر دواى دووساڵ دابەزییەوه‌ بۆ کەمتر لە ٣٠$، لە سەرەتاکانى ئەمساڵدا نرخەکە گەیشتە نزیکەى٨٠$ بۆ هەربەرمیلێک لەئەنجامى بڕیارەکانى ڕیکخراوى ئۆپیک لەتشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٦ بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمى نەوت (کەبە گروپی ڤییەنا ناودەبرێت)، لە هەمانکاتدا خواستى جیهانى وکەوتنى بەرهەمى فەنزوێلا بەشێک بوون لەو هۆکارانەى نرخەکانیان بەرزکردەوە.

 

لەگەڵ ئەوانەشدا ئەو هەوڵە بەرچاوەى کەوڵاتانى گروپی ڤییەنا ئەنجامیاندا بەمەبەستى کەمکردنەوەى ڕێژەى بەرهەمهێنان کاریگەرى هەبوو لەسەر زیادبوونى داهاتى وڵاتانى بەرهەمهێن، هەروەها بوو بەهۆى بەرپابوونى ناڕەزایەتى لەلایەن وڵاتە بەکاربەرە گەورەکانى وەک وڵاته‌ یەکگرتووەکانى ئەمریکا کەتیایدا سەرۆک ترامپ لە چەند تویتێکدا بە(کارگەى بەرزکردنەوەى نرخ) ناوى بردن، هەروەها داواى لە ئۆپیک کرد کە" بەرهەمەکانیان بەشێوەیەکى بەرچاو زیادبکەن"، لە بەرامبەر ئەمەدا وەزیرانى ئۆپیک لە ٢٢ ى حوزەیران لەڤییەنا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەى بەرهەمى نەوت تائاستى داخوازییەکان وگەڕانەوەى سەقامگیرى بۆ بازاڕەکان هەروەها بەرگرتن لەتێکشکانى نرخەکان بەشیوەیەکى چاوەڕێ نەکراو.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، کەمکردنەوەى بەرهەم پێدەچیت چاوەروانکراوبێت، کازاخستان بەهۆى تێکشکانى کێڵگەکانیەوە بەرهەمەکانى کەمیکردووە، ئەنگۆلا ڕووبەڕووى کێشەى تەکنیکى وپرۆسیسەرى دەبێتەوە، بەتایبەتى لەکێڵگەکانى ناو دەریادا، بەربەرەکانییەکان لەنەرویج وعێراق بەردەوام لەم ساڵانەدا ئاستى بەرهەمهێنانى دابەزاندووە، پچراندنى تەزووى کارەبا بەشێوەیەکى چاوەروان نەکراو لەکێڵگەى سینکرودى لە ئەلبێرتاى کەنەدا بووبەهۆى وەستانى بەهەمهێنانى  زیاتر لە ٣٠٠٠٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا تامانگى ئەیلول.

  

کێشە نێوخۆییە جوگرافییەکان کاریگەرییان لەسەر نرخەکانى بازاڕى نەوت هەیە، بەریەککەوتنە سەربازییەکانى نێوان گروپە چەکدارەکان لە لیبیا بۆ بەهۆى داخستى بەندەرى ئەلسەدرى نەوت لەو وڵاتە، هەروەها ئەوەش بوو بەهۆى تێکشکانى دوو عەمبارى گەورەى نەوت لەنزیک تێرمینالى "راس لەنوف"، لەگەل ئەوەدا کە دواتر بەندەرەکە کرایەوە بەڵام مەترسى پێکدادنەکان کەم نەبووه‌تەوە. نەیجیریا، لە ساڵى ٢٠١٦ چەندجارێک بەرهەمى نەوتى وەستاوە، به‌ئێستاشه‌وه ئەگەرى پێکدادانى سەربازى لەداهاتوودا هەیە کەکاربکاتە سەر ژێرخانى نەوت و بەرهەمەکانى لەو وڵاتە. شەپۆلى ناڕەزایەتییەکانى باشورى عێراق لەسەرەتاکانى مانگى تەموز و ئەگەرەکانى سەرهەلدانەوەى داعش، بەردەوام مەترسین لەبەردەم سەقامگیرى عێراق. لەتەموزدا سعودیەى عەرەبی هەناردەکردنى نەوتى لە باب ئەلمەندەبەوە ڕاگرت پاش ئەوەى دوو لەبارهەلگرە گەورەکانى هێرشیان کرایەسەر، لە هەمانکاتدا، بەرهەمى فەنزویلا بەردەوام لەدابەزیندا بوو، بەشیوەیەک کەرۆژانە ٤٠٠٠٠ هەزار بەرمیل نەوت کەم دەکات لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا.

 

مەترسی ئەوە هەیە کە لە کۆتاییەکانى ساڵى ٢٠١٨ خواست لەسەر نەوت زیادبێت لە کاتێکدا کە ناتوانرێت بەهەمان ئاڕاستە هەناردەکردن زیادبکریت بەهۆى کێشە جیۆسیاسییەکان وبەربەستەکانى بەردەم بەردەوامی پێدانى گەیاندنى نەوت بەکڕیارەکان، ئاماژە بەبۆچوونى ئەندامى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکى (بۆب ماکنالى) کەلە هەمانکاتدا سەرۆکى گروپی (ڕاپیدان)ە بۆ وزە کە سەبارەت بەتواناى بەرهەمى جیهانى دەڵیت کە"زۆر لاوازە ئەگەر زۆر ئاڵۆز نەبێت"، دامەزراوەى وزەى نێودەوڵەتى بەهەمان ئاڕاستەى ئەو مەترسییانە سەبارەت بەکەمبوونەوەى بەرهەم وتواناى جیهان وکۆدەکانى سەقامگیرى بازار دەڵیت "پێدەچێت ماوەیەکى زۆر بخایەنێت وەک لەوەى لەماوەیەکى کورتدا چارەسەر ببێت".

 

وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بازاڕەکان سەقامگیردەکات یان دووچارى پەرتبوونیان دەکات.

 

بۆچونێکى گەشبینانە هەیە سەبارەت بەوەى کە پێگەى پێشووى وڵاته‌ یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ئاستێکدایە کە بتوانێت زیانەکانى بازاڕ هاوسەنگ بکاتەوە، لە ڕاستیدا بەرهەمى نەوتى خاوى ئەمریکى بەردەوامە لە تۆمارکردنى نمرەى پێوانەى، لە مانگى تەموزدا بەرهەمى بەرز کردۆتەوە بۆ ١١ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، هەرچەندە ئەم بەرزبوونەوەى بەرهەمە زیاترە لە تواناى گواستنەوەى لە ڕێگاى بۆرییە نەوتەکانەوە، هەروەها ئەمەش دابەشبوونى بۆ چوونەکانى لێکەوتەوە کە لەچ کاتێکدا کۆتایی بەو قەیرانە دێت، لەهەمانکاتدا، کەبەرهەمى نەوتى ئەمریکا زیاد دەکات، ئەبینین کە نرخى نەوت لەبازاڕەکاندا بەرەو زیاتر لە ٧٠$ هەنگاو دەنێت.

 

لەگەڵ ئەوەى کە بەرهەمى نەوتى خاوى ئەمریکا کاریگەرى دەبێت لەسەر بازاڕەکانى نەوت، سیاسەتە ئاشکراکانى کۆشکى سپی – بە تایبەت دژ بە ئێران – ئەو بازاڕانە ناسەقامگیردەکات، دوابەدواى ڕاگەیاندنى وڵاته‌ یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ٩ ى مانگى مایسدا سەبارەت بەکشانەوەى لە بەرنامەى کارى هاوبەش (JCPOA)، دەستبەجێ نرخى نەوت ٣,٥ % بەرزبوه‌وه‌. لەو ساتەوە بەربەرەکانێکانى نێوان وڵاته‌ یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئێران بەرەو هەڵکشان چووە. سەرەتا بەشەڕى لێدوانەکانى بەرپرسانى هەردوولا دەستی پێکرد، سوپاى پاسدارانى ئێران لە مانگى ئابدا مانۆڕى سەربازى لە کەنداو ئەنجام دا کەئەمە  بوو بەهۆى ناسەقامگیرى نرخەکانى نەوت.

 

ئەوەى کە نادڵنیایی لە بازارەکانى نەوتدا زیاددەکات ئەو پرسانەیە کە پەیوەستە بەکاریگەرى دەستپێکردنەوەى سزاکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران، سەبارەت بە سەرۆکى وڵاته‌ یەکگرتووەکان "دوا فشارەکان"ى  هەڵمەتەکەى بریتییە لە وەستاندنى هەناردەکانى نەوتى ئێران، کاربەدەستە ئەمەریکییەکان داواکارییەکى سەرکردە ئەوروپییەکانیان ڕەدکردەوە سەبارەت بەقۆناغەکانى سزاکانى سەر ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا (مایک پۆمپس) ئاماژە بەوە دەکات ودەڵێت "ئەو وڵاتانەى کە داواى یارمەتی دەکەن لەو بارەیەوە بەپەنجەکانى دەست دەژمێردرێن، ئێمەش ئەوە لەبەرچاو دەگرین"، هەربەو ئاڕاستەیە وەزیرى گەنجینەى ئەمەریکى (ستیڤ منشین) بە ڕۆژنامەنوسان دەڵێت"کە ئێمە خوازیارین داخوازى لەسەر کڕینى نەوت بگاتە سفر، ئەگەرى ئەوە هەیە کە ئەو بابەتە لەشەو ڕۆژێکدا بەدینەیەت، بۆیە ئێمە ئەو بابەتە لەبەرچاو دەگرین".   

 

کارێکى سەختە کەئاماژە تێکەڵەکانى فەرمانبەرە ئەمریکییەکان وەک دابەشبوونى ناو ئیدارەى ترامپ لێکبدەینەوە، یان وەک ئاماژەیک بۆ هەڵوێستێکى تەمومژاوى هەژماربکرێن، یان بەرژەوەندییە هاوتاکان بەهۆى تێگەیشتنى هەڵەوە لە کۆتاییدا لایەنەکانى دیکە دەخاتە ژێر مەترسییەوە. ئامانجى قتکردنى نەوتى ئێران لە بازاڕەکانى جیهان لە بنەڕەتدا سەلمێنەرى ئەو هاودژییەیە کە پێی وایە بەدەست هێنانى سوتەمەنى لە گۆڕەپانى جەنگى وڵاتاندا ئاسانترە بەتایبەتى کە ئێستا هەڵبژاردنەکانى (ئەنجومەنى پیران)ەو دەکرێت دواتر بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى بەکاربهێنرێت.

 

هیندستان وچین، دەرئەنجام پێکەوە پابەنددەبن؟

 

چەند تیمێکى ئەمریکى لە وەرزى هاویندا سەردانى پایتەختەکانى ئەورووپا وئاسیایان کرد بەمەبەستى هاندانى ئەو وڵاتانە بۆ هەناردەنەکردنى نەوتى ئێران، لە شەشى مانگى ئابدا و دواى ئەوەى گوژمى یەکەمى سزاکان چووە بوارى جێبەجیکردنەوە، بەریتانیا وفەرەنسا وئەڵمانیا لەمیانەى هاوڕاییەکدا ڕایانگەیاند کە"بەردەوام دەبن لە پارێزگاریکردن لەبۆندە ئابورییە یاساییەکانى وڵاتانى ئەورووپا لەگەل ئێراندا"، ڕۆژێ دواتر، یاسایەک لەلایەن یەکیتى ئەورووپاوە خرایە بوارى جێبەجێکردن بە مەبەستى پاراستنى ئەو کۆمپانیایانەى مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەک لە کۆمپانیا گەورە ئەوروپییەکان بەتایبەت ئەوانەى کە کارناکەن لە بوارى وزەدا بژاردەى هەڵپەساردنى چالاکییەکانیان لەگەڵ ئێراندا لاپەسەندترە، هاوتاى ئەمانە و بەمەبەستى قوتاربوون لەسزا ئەمریکییەکان، لە کۆتایی هاویندا ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەورەکانى وەک تۆتاڵ و ساراس ...هتد وەستان لە کڕینى نەوتى ئێرانى، هەروەها کۆمپانیاى تۆتاڵ ڕایگەیاند کەلەکێڵگەى گازى پارس کشاوەتەوە بۆ ئەوەى بەر سزا ئەمریکییەکان نەکەویت.

 

بەلام لە ئاسیا پەرچەکردارەکان سەبارەت بەم بابەتە ئاڵۆز بوو، کۆریاى باشور لە مانگى تەموزدا هاوردەکردنى نەوتى ئێرانى ڕاگرت، لەیابان دەنگۆى ئەوە هەبوو کەهاوردەکاران کڕینى نەوتى ئێران ڕابگرن، بەڵام لەم نێوەندەدا هەریەک لە چین وهیندستان – کە پێکەوە زیاتر لە نیوەى نەوتى هاوردەکراوى ئێران بەکاردەبەن – دەتوانن ڕۆڵى کاریگەریان هەبێت لەسەر ڕێژەى مانەوەى نەوتى ئێران لە بازاڕەکانى جیهان وکاریگەرییان لەسەر خواست و بەکاربەرى جیهانى ونرخى نەوت لە جیهاندا هەبێت.

 

لەمانگى حوزەیراندا مارشاڵ بلینگسلیا سەرۆکایەتى شاندیکى باڵاى گەورە بەرپرسانى ئەمریکاى کرد بۆ هیندستان بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتە سەبارەت بەکاریگەرییەکانى سزاکانى سەر ئێران، لەهەمان مانگدا، نیک هالى باڵوێزى ئەمریکا لەنەتەوە یەکگرتووەکان لەنیودەلهى پایتەخت لەمیانەى گفتوگۆکردنى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى هیندستان جەختیکردەوە لەسەر بابەتى هاوردەنەکردنى نەوتى ئێران لەلایەن هیندستانەوە.

 

هیندستان بەشێوەیەکى فەرمى پابەندنەبوونى خۆى بەسزاکانى سەر ئێران ڕاگەیاندووە بە پاساوى ئەوەى کەلەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند نەکراوە، لەمبوارەدا هیندستان بەدواى ئەوەدا دەگەڕیت کەلەپابەندبوون بەو سزایانەوە ببەخشرێت یان ئەلتەرناتیڤێکى دیکە بەدەست بخات بەمەبەستى پرکردنەوەى وویستەمەنییەکانى، لە ماوەى مانگەکانى نیسان ومایسدا کۆمپانیا پاڵافتەکانى هیندستان – بە مەبەستى سوود وەرگرتن لە دابەزینى نرخەکان، زیادکردنى ماوەى دڵنیایی بەکاربەرەکان، گواستنەوەى دەریاوانى هەرزان- هەوڵیان داوە کە زۆرترین سوود لە نەوتى هاوردەکراوى ئێران وەربگرن، لەگەل هەموو ئەمەشدا، وەزیرى نەوتى هیندستان ئاگادارى سەرجەم کۆمپانیاكانى پاڵاوتنى کردۆتەوە کەخۆیان ئامادەبکەن بۆ ڕاگرتنى تەواوى نەوت لە ئێرانەوە، هەروەها هانى هەریەک لە کۆمپانیاکانى وەک: ڕیلایس ئیندەستێڕیەل ونایارا ئینێرجى وئیندیان ئۆیڵ گروپ وهیندستان پیتڕۆڵیەڵ گروپ، داوە بەمەبەستى گەڕان بەدواى ئەلتەرناتیڤێکى دیکەدا.

 

لەلاى خۆیانەوە بەرپرسەکانى چین سەبارەت بە فشارەکانى وڵاته‌ یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ ڕاگرتنى هاوردەکردنى نەوتى ئێران پابەنى (پەکین)یان بە یاسا نێودەولەتییەکانەوە دووپاتکردەوە، هەروەها ناڕەزایەتى خۆیان بۆ سزاکان ڕاگەیاند کە بەشیوەیەکى تاک لایەنەبووە، بەمەش پەکین داواى وڵاتە یەکگرتووەکانى سەبارەت بەکەمکردنەوەى هاوردەى نەوتى ئێران ڕەدکردۆتەوە، هەرچەندە نییەتى زیادکردنى هاوردەى نەوتى ئێرانیان نییە، ئاماژە ڕوونەکان ئەوە دەردەخەن کە چین بەردەوام بێت لە نیازى کڕینى نەوتى ئێران، بەتایبەتى دواى بڕیارى گەورەترین کۆمپانیاى بازرگانى چینى وئه‌و پاڵاوگه‌يانه‌ى پەیوەستن پێیەوە بە گواستنەوەى نەوتى ئێران له‌ ڕێگاى کەشتییە سەربازییەکانەوە.

 

هەوڵە چرەکانى واشنتۆن سەبارەت بە سزاکانى سەر ئێران وهەروەها زیادکردنى تەعریفە گومرگییەکانى سەر بەرهەمە چینییەکان پێدەچیت هەندێک لە کڕیارە گەورەکان بەتایبەتى ئەوانەى نەوتى خاوى ئەمریکى دەکڕن بەدواى ئەلتەرناتیڤێکى دیکەدا بگەڕێن، لە کاتیکدا کە هیندستان و ژاپۆن وکۆریاى باشور توانیویانە نەوتى ئەمریکى بکەنە دۆزەرەوەیەکى ڕێژەی بەرامبەر بەنەوتى ئێران، لەگەل ئەوەشدا کە چین نەوتى خاوى ئەمریکى لە تەعریفەى گومرگى خۆى دەرهێناوە، به‌ڵام ئەتوانرێت لە هەرکاتیکدا بێت ئەو چەکە بەکاربهێنێتەوە.

 

دەرئەنجامەکان

 

لێرەبەدواوە بازاڕى نەوت لە جیهاندا دەچێتە قۆناغێکەوە کە دەناسرێتەوە بە کەمى بەرهەم، مەترسی زۆر، بوونى سەرۆکێکى ئەمریکى ڕاڕا، ناسەقامگیرى وڵاتانى بەرهەمێن هۆکارێک دەبێت بۆ ناسەقامگیرى بەرهەمى نەوت کە دەشێت نەگاتە ئەو ئاستەى کە وڵاتانى ئۆپیک لە روسیا لە سەرى ڕێککەوتوون، سەرەڕاى ئەمانەش هەر گۆڕانکارییەک بەشێوەیەکى کۆمەڵ یان تاک بێت لە دواتردا کاریگەرى دەکاتە سەر هاوسەنگى نێوان (خستنەبەر – ویست) ى نەوت وئەمەش کاردەکاتە سەر نرخەکان.

 

دەرکەوتنى وڵاته‌ یەکگرتووەکانى ئەمریکا وەک گەورە بەرهەمێینێکى نەوت تواناى ئەوەى پێدەبەخشێت کە کاریگەرى بکاتە سەر سەقامگیرى بازاڕ، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەکان وسیاسەتەکانى کۆشکى سپی کاریگەری دەکەنە سەر ئاڵۆزبوونەکانى بازاڕ، "فشارە کۆتاییەکانى" هەڵمەتى سزاکانى سەر ئێران وهەڵکشانى جەنگى تەعریفە گومرگییەکان کە لەلایەن ئیدارەى ترامپەوە پەیرەو دەکرێت، بۆتە هۆى نائارامى بازارى نەوت وهەریەک لە کڕیاران وفرۆشیارانى ناچارکردووە کە بەبارودۆخى خۆیاندا بچنەوە.

 

هەریەک لە پەکین ونیودەلهى کەوتونەتە چەقی ململانێکەوە یەکێکیان پاڵنەى ململانێ وڵاته‌ یەکگرتووەکانى ئەمریکایە لەگەل ئێراندا ودووەمیان لە ڕێگاى بەشداربوون لە بازاڕەکانى نەوت ونرخەکان پاڵنەرى ململانێى نێوان ئێران وعەرەبستانى سعودییە، ئەم ململانێیە لە کەشێکدایە کە هەریەک لە چین و ئەمریکا لە جەنگێکى ئابوریدا و هەریەک لە چین و هیندستان لە کێبڕکێدان کە کامیان لەداهاتوودا جێ پێى هەبێت لە ئێراندا وەک ستراتیژێکى گرنگ.

 

لەگەڵ ئەوەشدا کەهەریەک لە چین وهیندستان لە هەوڵى ئەوەدان کە دەربازبن لە فشارەکانى ئەمریکا، بەڵام توانا وبەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان هانیان دەدات کە هەڵوێستى جیاوازیان هەێیت سەبارەت بە سزاکانى سەر ئێران، هیندستان ئامادەیە کە کڕینى نەوتى ئێرانى بوەستێنیت لە بەرامبەر چەند مەرجێکدا، ولەهەمانکاتدا چین ئامادەیە کە ڕێژەى هەناردەکردنى نەوتى ئێرانى لەم ئاستەى ئێستادا بهێڵێتەوە.  

 

ئیدارەى ترامپ لە ئومێدى ئەوەدایە کەئەو ڕێکارانە ئێران ملکەچ بکات، لە کاتێکدا ئەگەرى ئەوە هەیە کە کاریگەرییەکى ئەوتۆ نەکاتە سەر ئێران، هەروەها لەم نێوەندەشدا هیچ ڕێگرییەکى ئەوتۆ نییە سەبارەت بە بەربەست خستنە بەردەم کۆمپانیا چینییەکان بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە کۆمپانیا ئەورووپییەکان دروستى دەکەن لە ئێراندا، ئەمەش لە کاتێکدا دەبێت کە پەیوەندییەکانى نێوان تاران وپەکین بەهێزببن لە بەرامبەر تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان واشنتۆن و پەکین، ئەو بارودۆخە زیاتر دەبێتە هۆى نائارامى بازاڕى نەوت لە داهاتوودا.

 

سەرچاوە:

  http://www.mei.edu/content/map/iran-under-sanctions-india-and-china-over-barrel

 



ئه‌م بابه‌ته 647 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر