سزاى لەسێدارەدان

سزاى لەسێدارەدان بەواتاى کوشتنى کەسێک بەهۆى ئەوەى کەتاوانێکى گەورەى ئەنجام داوە بەپێی ئەو یاسایانەى کەلە وڵاتەکەیدا پەیڕەودەکرێت دادگایی کراوە لە ئەنجامدا سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا دەسەپێنرێت، هەروەها پێویستە لەناو درێژەىبریاری دادوەراندا ئەو سزایە بەڕاشکاوانە ناوهێنرابێت، ئەوەش لەچوارچێوەى ئەو دادگایەدا کەبەپێى یاسا دادەمەزرێت وحوکمەکانى بەئاشکرا دەردەکات، لەکاتێکدا ئەگەر یەکێک لەو مەرجانە لە حوکمەکەدا نەبوو ئەوە بە پاکتاوى کەسییەتى ناودەبرێت یان لەسێدارەدانەکە دەکەوێتە دەرەوەى لەسێدارەدانى یاسایی.
PM:02:21:14/10/2018
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - دەستەواژەو چەمک
ناساندنى سزاى لەسیدارەدان لەڕووى گەسەشەندنى مێژووییەوە وهەولەکان بۆ لابردنى ئەو سزایە

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

سزاى لە سێدارەدان بەواتاى کوشتنى کەسێک بەهۆى ئەوەى کە تاوانێکى گەورەى ئەنجامداوە بەپێی ئەو یاسایانەى کەلە وڵاتەکەیدا پەیڕەو دەکرێت دادگایی کراوە لە ئەنجامدا سزاى لە سێدارەدانى بەسەردا دەسەپێنرێت، هەروەها پێویستە لەناو درێژە بریاری دادوەراندا ئەو سزایە بە ڕاشکاوانە ناوهێنرابێت، ئەوەش لە چوارچێوەى ئەو دادگایەدا کە بەپێى یاسا دادەمەزرێت وحوکمەکانى بە ئاشکرا دەردەکات، لە کاتێکدا ئەگەر یەکێک لەو مەرجانە لە حوکمەکەدا نەبوو ئەوە بە پاکتاوى کەسییەتى ناودەبرێت یان لەسێدارەدانەکە دەکەوێتە دەرەوەى لە سێدارەدانى یاسایی.

مێژووى سەرهەڵدانى:

سزاى لە سێدارەدان یەکێکە لەو جۆرە سزایانەى کە مێژوویەکى دێرینى هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکانى شارستانییەتى دۆڵى ڕافیدەین و فیرعەونەکان و یۆنانییە کۆنەکان، بەڵام ئەو سزایانەى ئەو سەردەمە بە پێوانەکردنى بەو مەرجانەى کەلە سەردەمى ئێستادا دانراوە بەپێى ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان ئەوە تەنها بریتین لە پاکتاوى کەسێتى.

لە شەریعەتى ئیسلامدا ئەم جۆرە سزایە زۆر گرنگى پێدراوە بە تایبەتى لە بوارى دۆزینەوەى جێگرەوەیەک بۆ ئەو سزایە وەک لێخۆشبوونى ئەو کەسانەى تاوانەکەیان بەرامبەر ئەنجامدراوە یان ڕێککەوتنى هەردوولا لەسەر قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانەى زیانیان بەرکەوتووە.

بانگەوازەکانى هەڵپەساردن:

سزای لە سێدارەدان لە ڕۆژئاوا بەشێوەیەکى بەرچاو مێخی داکوتابوو لە کلتوری ئەو وڵاتانەدا، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنى سەردەمى ڕینیسانس چەندین لایەن دواى هەڵپەساردنیان کرد بەوەى کە دژ بەمافی ژیانى مرۆڤە و هەروەها دژە بە تێڕوانینى نوێ سەبارەت بە مرۆڤ کە وەک چەقی ڕووداوەکان لێیدەڕوانێت.

ئەم سەردەمە سزاى لە سێدارەدانى لە چوارچێوەى چەمکى گرێبەستى کۆمەڵایەتیدا شرۆڤەکرد بەو شێوەیەى کە (تۆمس هۆبز ومۆنتسکیۆ) وهاوڕێکانى لە ڕووى تیۆرییەوە بنەماکانیان داڕشتووە، لە کاتێکدا پێشتر لە چوارچێوەى مافی خواوەندیدا شرۆڤەدەکرا بەوەى کە بریتییە لە پاککردنەوەى گیانى تاوانبار لەو تاوانەى کە ئەنجامیداوە.

هەندێک لە مێژوو نوسان پێیان وایە کە شەپۆلى ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە سزاى لە سێدارەدان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٧٥٧ کە لەو ساڵە دا سزاى لە سێدارەدان سەپێنرا بەسەر کەسێکدا کە ویستبەى لویسى پانزەهەمى پاشاى فەرەنسا تیرۆر بکات، بەپێی ڕێکارەکانى ئەو سەردەمە هەرچوار پەلی کەسى حوکمدراو دەبەسترایەوە بە چوار ئەسپەوە تا ببێت بە دوو کەرتەوە یان چوار پارچەوە.

پەیڕەوانى ئەم بۆچوونە پێیان وایە کە مافی ژیان مافێکە پەروەردگار بەخشیویەتى بە مرۆڤ و هیچ کەسێک تەنانەت دەوڵەتیش بۆى نییە ئەو مافە لەهیچ کەسێک وەربگرێتەوە.

بەڵام سەرهەڵدانى گەورەى بزافی هەڵپەساردنى سزاى لە سێدارەدان دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەى پەرتوکى " تاوان وسزاکان" ى فەیلەسوفی ئیتاڵى "سیزار بیکاریا ١٧٣٨-١٧٩٤) کەلە ئەنجامدا پاشاى ناوچەى (توسکان پایتەختى فلۆرەنسا) لە ساڵى ١٧٨٦ لە دەستپێشخەرییەکى بێوێنەدا سزاى لە سێدارەدانى هەڵپەسارد ودواتر هێدى هێدى ئەم جۆرە سزایە لە ئەورووپا بەرەو نەمان هەنگاوى نا.

لە سەدەى نۆزدەدا بزوتنەوەى نەهێشتنى سزاى لە سێدارەدان زیاتر گەشەیکرد و لەساڵى ١٨٤٩ بۆ دواهەمین جار ( پورتوگال) سزاکەى جێبەجێکرد ولەو بەروارەوە ئەو سزایە هەڵگیراوە.

لە سەدەى بیستەمدا ئەم بزوتنەوەیە زیاتر گەشەیکرد لە ئەنجامى ڕاگەیاندنى جیهانى مافەکانى مرۆڤ لە ساڵى ١٩٤٨، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ووڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتووەکانى وەک بەرتانیا  وفەرەنسا تا هەشتاکانى سەدەى بیست ئەم سزایەیان سەپاندووە، هەرچەندە جێبەجێکردنى ئەو سزایە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى جەنگى جیهانى دووەم.

سزاى لە سێدارەدان لە کۆتایی سەدەى بیست وسەرەتاکانى سەدەى بیست ویەک بە شێوەیەکى بەرچاو پاشەکشەى کرد، بۆ نموونە لە ساڵى ٢٠١٤ لە کۆى ٩٧ وڵات کە لە یاساکانیادا سزاى لە سێدارەدان هەیە تەنیا ٢٢ وڵات ئەو سزایەیان جێبەجێکردووە، ئەمەش بە تایبەتى دواى ئەو بڕیارە نێونەتەوەییە هات کە داوایکردبوو ئەو سزایە هەڵپەسێرن تا ساڵى ٢٠٠٧ بەڵام ئەو بریارە وڵاتان دەیانتوانى پێوەى پابەند نەبن.

لە ساڵانى ٢٠٠٧ و٢٠٠٨ و٢٠١٠ و٢٠١٢ کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین بڕیارى دەرکرد بە مەبەستى سنوردارکردنى سزاى لە سێدارەدان وپاراستنى بەها بڵاکانى مافی مرۆڤ تایبەت بەو کەسانەى کە ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت، هەروەها کەمکردنەوەى ئەو تاوانانەى کەبە سزاى لە سێدارەدان حوکم دەدرێن.

لە ئێستادا ١٦٠ وڵات لە ئەندامانى نەتەوە یەکگرتووەکان سزاى لە سێدارەدانیان لابردووە یان جێبەجێى ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەندکراو هەیە کە لەکاتى ئێستادا ڕووبەڕووى مەرگ دەبنەوە بەهۆى ئەو سزایەوە.

تورکیا لە ساڵى ١٩٨٤ سزاى لە سێدارەدانى لابرد بەڵام پاش کودەتاى هاوینى ساڵى ٢٠١٦ سەرۆکى تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتى پێویستە کە جیهان بزانێت کە جیهان تەنیا بریتی نییە لە یەکێتى ئەورووپا، سزاى لە سێدارەدان لە ئەمەریکا و ڕووسیا وچین جێبەجێدەگرێت، ئەگەر گەلى تورکیا داواى جێبەجێکردنەوەى سزاى لە سێدارەدانى کردەوە ئەوا پێویستە جیهانى دیموکراسی ڕێز لە ویستى گەل بگرێت.

ژمارەیەک لە وڵاتانى عەرەبی تا هەنوکە سزاى لە سێدارەدان جێبەجێدەکەن لەوانە عێراق ومیسر، وەلەم بوارەدا وەزیرى دادى عێراقی لە تەموزى ساڵى ٢٠١٦ ڕایگەیاند کە تا ئێستا سزاى لە سێدارەدان بەسەر ٤٥ کەسدا جێبەجێکراوە.

هەروەها لە مانگى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٦ دادگاى تاوانەکان لە قاهیرەى پایتەختى میسر سزاى لە سێدارەدانى بەسەر دوو ڕۆژنامەنوسى کەناڵى جەزیرەدا سەپاند لە کەیسێکدا کەبە کەیستى" پەیوەندیىکردن بە قەتەر" ەوە ناو دەبرێت.

بۆ بینینى تواوى بابەتەکە سەردانى ئەم ماڵپەڕە بکە:

http://www.aljazeera.net/encyclopedia/conceptsandterminology/2016/8/29/%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D8%AA%D8%B9%D8%B1%D9%81-%D8%B9%D9%86-%D8%B9%D9%82%D9%88%D8%A8%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B9%D8%AF%D8%A7%D9%85

 

  



ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر