سیستمی ھەڵبژاردن وکاریگەری لەسەر سەقامگیری سیاسی

بابەتی دیموکراتیزەبوونی سیستەمی سیاسی وگواستنەوەی لەباری نادیموکراتییەوە بۆ دیموکراتی لەحوکمڕانی وسەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە، بەندە بە چەند پێوەرێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی وئابوری و یاساییەوە. لەم ووتارەدا کاردەکەین لەسەر سیستەمەکانی ھەڵبژاردن وکاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی پڕۆسەکە، شرۆڤەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، کاریگەرییە ئەرێنی ونەرێنییەکانی باس دەکەین.
PM:04:58:25/09/2018
دۆسیە: نیشتمانسازی


بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

سیستمی ھەڵبژاردن وکاریگەری لەسەر سەقامگیری سیاسی



ئامادەکردنی بۆردی ئەکادیمی ناوەندی چاوی کورد



بابەتی دیموکراتیزەبوونی سیستەمی سیاسی وگواستنەوەی لەباری نادیموکراتییەوە بۆ دیموکراتی لەحوکمڕانی وسەرکەوتنی ئەو پڕۆسەیە، بەندە بەچەند پێوەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابوری ویاساییەوە. لەم وتارەدا کاردەکەین لەسەر سیستەمەکانی ھەڵبژاردن وکاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی پڕۆسەکە، شرۆڤەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، کاریگەرییە ئەرێنی ونەرێنییەکانی باس دەکەین، هەروەها ھەوڵی وەڵام دانەوەی چەند پرسێک دەدەین لەوانە:

١- ئایا سیستەمی ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان تا چەند ھاوتای ویستی دیموکراتیزەبوونی ئەزمونی حوکمڕانی ھەرێم بووە؟



٢- ئایا کام لەو سیستمانەی لە(داخراو، کراوە) سوودی گەیاندووە بە ئەزمونی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان؟



٣- چارەسەری گونجاو بۆ ھاوتابوونی سەقامگیری سیاسی لەگەڵ سیستمی ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان کامیانە( داخراو، کراوە، نیمچەکراوە)؟



گرنگی ئەم نوسینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەشیکردنەوەیەکی بابەتیانەیە بۆ ئەزمونەکانی ھەڵبژاردن وکاریگەرییان لەسەر سەقامگیری سیاسی ھەرێم لەماوەی حوکمڕانی بیست وحەوت ساڵی ڕابردوودا.



گریمانەی سەرەکی کە وتارەکە پەیوەستە بەپشتڕاست کردنەوەی(سەقامگیری سیاسی نابێتە بەرھەمی ھەڵبژاردنەکان ئەگەر ڕەنگدانەوەی نەخشی سیاسی کۆمەڵگا نەبێت).



لەو سەرەتایەی سەرەوە باسەکەمان دەکەین بە دوو تەوەری سەرەکی کەبریتین لە:



تەوەری یەکەم: سیستەمەکانی ھەڵبژاردن، وسەقامگیری سیاسی.

تەوەری دووەم: ئەزمونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان.



تەوەری یەکەم

 

سیستەمەکانی ھەڵبژاردن، وسەقامگیری سیاسی

 



سێ بابەتی سەرەکی باسی ئەم تەوەرە دەبن کەبریتین لە: سیستەمەکانی ھەڵبژاردن، سەقامگیری سیاسی، پەیوەندی نێوان ھەردوکیان.

 



بابەتی یەکەم: سیستەمەکانی ھەڵبژاردن



یەکەم: چەمکی سیستەمی ھەڵبژاردن



بەشێوەیەکی گشتی سیستەمی ھەڵبژاردن بریتییە لەو پرۆسەیەی کەتیایدا دەنگی دەنگدەران لەڕێگای ئەم سیستەمەوە دەگۆڕێت بۆ کورسی کاندیدەکان لەناو دەسەڵاتی یاسادانان(١)، ئەم تێگەیشتنە سادەیە مانای ئەوە نییە کە ئەم پڕۆسەیە سادەیە، بەپێچەوانەوە پڕۆسەیەکە کەچەندین فاکتەری دیکە کاریگەریان ھەیە لەسەر ئەنجامەکانی، بۆ نموونه:

١- ئەو ھاوکێشەیەی پەیڕو دەکرێت لەھەڵبژاردندا، ئایا شێوەی ھاوکێشەکە زۆرینەیە، یان ڕێژەیییە، یان تێکەڵە لە نێوان ھەردوکیاندا؟(٢)



٢- تێنوسی دەنگدان، ئایا دەنگدەر لەمیانەی پڕۆسەی ھەڵبژاردندا دەنگ بەیەک کاندید دەدات، یان دەنگ دەدات بە لیستێک کەچەند کاندیدێکی تیادایە، لەهەمانکاتدا ئایا دەنگدەر دەتوانێت لەنێوان کاندیدەکانی سەرجەم لایەنەکاندا خۆی کاندیدەکان دەستنیشان بکات، یان ئەو مافەى پێنادرێت؟(٣)



٣- سنوری بازنەی ھەڵبژاردن، تاچەند سنوری بازنەکە فراوانە، هەروەها تا چەند کاریگەری ئەبێت لەسەر کاندیدەکان؟ بەواتایەکی دیکە ئەمە تەنھا پەیوەست نییە بەژمارەی ئەو دەنگدەرانەی دەتوانن لەسنووری بازنەیەکی ھەڵبژاردندا دەنگ بدەن بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر پاڵیوراوان(٤).

دووەم: شێوازەکانی سیستەمی ھەڵبژاردن



لەمیانەی ئەزمونەکانی ھەڵبژاردنەکانی وڵاتانەوە چوار شێوازی سیستەمی ھەڵبژاردن بەدیدەکرێت کەبریتین لە(٥):

١- زۆرینە: سیستەمی زۆرینە لەسەر بنەمایەی سەرکەوتنی پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگی بەدەست ھاتوو دامەزراوە، لەئەزمونەکانەوە دەرکەوتوە کەپێنج جۆر لەناو سیستەمی زۆرینەدا بەدی دەکرێت کەبریتین لە:

أ- شێوەی سەرکەوتوی یەکەم (FPTP): ئەم شێوازە لەبەریتانیا وکەنەداو ئەمریکا و ھیندستان وچەندین وڵاتی دیکە پەیڕەو دەکرێت.

ب- شێوەی کوتلە (BV): ئەم شێوازە لەدورگەکانی فۆکلاند وکوەیت وسوریا و لوبنان وچەند ولاتێکی دیکە پەیڕەو دەکرێت.

ت- شێوەی کوتلەی پارتەکان (PBV): ئەم شێوازە لەکامیرۆن و چاد وجیبۆتی و سەنگافورە پەیڕەو دەکرێت.

پ- شێوەی دەنگی جێگرەوە (AV): ئەم شێوازە لەھەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی بۆسنە پەیڕەو کراوە.

ج- شێوەی دوو گەڕی ھەڵبژاردن (TRS): ئەم شێوازە لەمیسر وئێران وچەندین وڵاتی دیکە پەیڕەو کراوە.



٢- ڕێژەیی: ئەم شێوازە بریتییە لەگۆڕینی ئەو ڕێژەیەی کەپارتە سیاسییەکان لە ھەڵبژاردن بەدەستیان ھێناوە بۆ ژمارەیەک کورسی ھاوتا بەڕێژەی دەنگە بەدەست ھاتووەکانی، لەم بوارەدا دوو شێوەی سەرەکی بەدی دەکرێت کەبریتین لە:

أ- شێوەی لیستی کراوە: تورکیا وئیسرائیل وئەفەریقیای باشور ئەم شێوەیەیان پەیڕەو کردووە.

ب- شێوەی یەک دەنگی بگۆڕ: لەئێرلەندا ومالتا بەکارھاتووە.



٣- شێوازی سیستەمی تێکەڵ: بریتییە لەکۆکردنەوەی ھەردوو سیستەمی زۆرینە و ڕێژەیی، دوو شێوەی ھەیە کەبریتین لەشێوەی سیستەمی ھاوسەنگ وسیستەمی ڕێژەیی تێکەڵ.



٤- سەرەڕای ئەو شێوازانەی سەرەوە چەند شێوازێکی دیکەش ھەیە کەبریتین لە: سیستەمی یەک دەنگ کەقابیلی گۆڕان نەبێت، وسیستەمی دەنگی سنووردار،         و سیستەمی بوردا.

سێیەم: مافی دەنگدەر لەپڕۆسەی ھەڵبژاردن



ئەو مافەی کە دەنگدەر پەیڕەوی دەکات لەمیانەی پڕۆسەی ھەڵبژاردندا، بەشێوەیەکی گشتی بووە بە ھۆی سەرھەڵدانی سێ شێوازی سەرەکی لە ناو دەنگدانی ڕاستەوخۆدا بە تایبەتی لە سیستەمی ڕێژەییدا کەبریتین لە: لیستی داخراو، لیستی کراوە، لیستی ئازاد. 

١- لیستی داخراو: بریتییە لەدەنگدانی دەنگدەر بەلیستێک کەتەنھا دروشمی پارتە سیاسییەکی تیادا وێنە کراوە، بەبێ پێدانی مافی دیاری کردنی پاڵێوراوان بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان.



٢- لیستی کراوە: بریتییە لەپێدانی مافی دیاریکردنی پاڵێوراوان بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن دەنگدەرەوە.



٣- لیستی ئازاد: بریتییە لەدیاریکردنی چەند پاڵێوراوێک لەچەند پارتێکی سیاسی یان لیستێکی سیاسی، بەبێ پابەندبوونی دەنگدەر بەیەک لیستەوە.



بابەتی دووەم: سەقامگیری سیاسی

 



یەکەم: چەمکی سەقامگیری سیاسی



سەقامگیری سیاسی، یەکێکە لەچەمکە ھەرە ئاڵۆز وشارەوەکانی بواری ھزری سیاسی. ھۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ھۆکارەی دەبێتە ھۆی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسی لەناوچەیەکدا، لەوانەیە ببێتە ھۆی ناسەقامگیری سیاسی لەناوچەیەکی دیکە. لە ھەمانکاتدا ئەم بابەتە لەڕووی کردارییەوە، یەکێکە لە داخوازییە سەرەکی وگرنگەکانی ھەر سیستەمێکی سیاسی، لەبەر ئەوەی بەبەدیھاتنی سەقامگیری سیاسی، بابەتەکانی وەک گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی وئابوری، ڕەوایەتی سیستەمی سیاسی، ناکەونە بەر تانە وگەشە دەکەن. لێرەدا پێویستە بزانین کەسەقامگیری سیاسی بە بەکارھێنانی ھێز بەدی نایەت، بەڵکو باشترین ھۆکار بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەساودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتە(٦).

لێرەدا دەتوانین ئاماژە بەچەندین پێناسە بدەین بۆ سەقامگیری سیاسی بۆ نموونە:



١- سیمور مارتن لیبست: جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەسەقامگیری سیاسی بەرھەمی کارکردنی دەزگاکانی حکومەتە، پێی وایە ئەگەر دەزگاکانی حکومەت چالاکانە کارەکانیان ڕابپەڕێنن، ئەوا سیستەمێکی سیاسی سەقامگیر بەرھەم دێت.

٢- ساموئیل ھانتگتون: لەسۆنگەی پەیوەندی نێوان دامەزراوە سیاسییەکان وبەشداری سیاسییەوە دەروانێتە بابەتی سەقامگیری سیاسی، ئەو پێی وایە کە بەو پێوەرە سێ ئاست بەدی دەکرێت بۆ سەقامگیری سیاسی، کە بریتین لە: ئاستی لاواز، ئاستى مام ناوەند، ئاستى بەھێز.



٣- ھیرۆتیز: پێی وایە کەسەقامگیری سیاسی تەواو جیاوازە لەو ڕوداوە ناکاوانەی کەبەسەر حکومەتدا دێت، کەلەکۆتاییدا دەبێتە ھۆی ھەڵتەکاندنی بنەماسەرەکییەکانی حوکمڕانی ودامەزراوەکانی حکومەت.



سەرەڕای ئەمانەش چەندین پێناسەی دیکە ھەیە بەڵام ئەمانە دەمانگەیەنێتە خاڵێکی دیکە کەبریتییە لەدیاریکردنی ڕەھەند و پێوەرەکانی سەقامکیری سیاسی.



دووەم: ڕەھەندەکانی سەقامگیری سیاسی

بەشێوەیەکی گشتی ڕەھەندەکانی سەقامگیری سیاسی دەتوانین لەم خالانەی خوارەوە کۆبکرێنەوە:

١- دوورکەوتنەوە لەتوندوتیژی سیاسی.

٢- ڕێزگرتن لەدەستور ویاسا وپابەندبوون پێیانەوە.

٣- ڕێزگرتن لەداخوازی ھاووڵاتیان.

٤- توانای خۆگونجاندنی سیستەمی سیاسی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.

٥- پابەندبون بە دەرکردنی ئەو بڕیارانەی کەلەسودی ھاووڵاتیانە.

٦- ھەستکردن بە ڕەوایەتی سیستەمی سیاسی.

سێیەم: پێوەرەکانی سەقامگیری سیاسی

چەندین پێوەرھەیە کەدەتوانین بەھۆیانەوە پێوانەی سەقامگیری سیاسی بکەین وەک:

١- شێوازی دەساودەست کردنی دەسەلات.

٢- جێبەجێکردنی دیموکراتی وپاڵپشتی بەشداری سیاسی.

٣- ڕەوایەتی و بەھێزی سیستەمی سیاسی، توانای پارێزگاریکردنی لەکۆمەڵگا وسەروەری ولات.

٤- نەبوونی توندوتیژی وجەنگی ناوخۆیی وبزوتنەوەی جوداخوازی.

٥- یەکانگیری کۆمەڵایەتی وکلتوری سیاسی.

٦- ھەستکردن بەگیانی ھاونیشتمانیبوون و بڵاوبوونەوەی لەناو کۆمەڵگادا.



بابەتی سێیەم: پەیوەندی نێوان سەقامگیری سیاسی وسیستەمی ھەڵبژاردن



گومان لەوەدا نییە کەپەیوەندییەکی تەواو ھەیە لەنێوان سەقامگیری سیاسی وسیستەمی ھەڵبژاردن، ئەمەش لەدوو خاڵی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت:

یەکەم: ڕەفتاری سیاسی تاکەکانی کۆمەڵگا لەبەرامبەر دامەزراوەکان، یەکێک لە ئاڕاستە ھەرە دیارەکانی شرۆڤەکردنی سەقامگیری سیاسی بریتییە لەقوتابخانەی ڕەفتاری سیاسی، ئەم قوتابخانەیە پێی وایە کەنەبوونی توندوتیژی سیاسی بەڵگەیە لەسەر سەقامگیری سیاسی، وە یەکێک لەھۆرەکانی بنبڕکردنی توندوتیژی سیاسی بریتییە لە: بەشداری کارای ھاووڵاتیان لەپڕۆسەی سیاسی بەبێ کەنارگیرکردن ودەستەمۆکردنی ھیچ کەس و لایەنێک، بەھۆی جیاوازی لە: بیروبۆچوون، ڕەگەز، تایەفە، نەتەوە یان ھەر جیاوازییەکی دیکەوە. بەهۆى ئەوەى کەیەکێک لەئەنجامە گرنگەکانی بەشداری سیاسی بریتی یە لە دەساودەستکردنی دەسەڵات، نەبونی توندوتیژی لەو پڕۆسەیە بەواتای ئاشتیانەی پڕۆسەکە دێت، ئەمەش ئامانجی سەرەکی ھەر سیستەمێکی ھەڵبژاردنە، کەتیایدا دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەساودەستی پێبکرێت.


دووەم: توانای سیستەمی سیاسی، 
توانای سیستەمی سیاسی لەبواری خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، کاریگەری تەواوی ھەیە لەسەر بەدیھێنانی سەقامگیری سیاسی. یەکێک لەگۆڕاوە سەرەکییەکانی ئەم بوارە بریتییە لە توانای سیستەمی سیاسی لەبواری کۆنترۆڵکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناو کۆمەڵگادا بەدیدەکرێن. ئەوەش بەمەبەستی پارێزگاریکردن لەتەواوی سیستەمی کۆمەڵایەتی.

ھەڵبژاردن یەکێکە لەو ئامڕازانەی کەدەکرێت لەم بوارەدا بەکاربێت بەتایبەتی کاتێک کەئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ڕەنگدانەوەی تەواوی ھێزە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگابن، ئەگەر ئەنجامەکان بەو شیوەیە نەبن ئەوە لەکۆتاییدا دەبێتە ھۆی توندوتیژی سیاسی. دەربازکردنی کۆمەڵگا وپارێزگایکردن لەسیستەمی کۆمەڵایەتی وا دەخوازێت کەسیستەمێکی ھەڵبژاردنی گونجاو لەساتێکی مێژوویدا خاڵی پارێزگاری کردن بێت لەو سیستەمە بەوەی کەببێتە ھۆی ھاوتابوونی ھێزە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ جوڵەکانی ناو کۆمەڵگا.



تەوەری دووەم

 

ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان



لەم تەوەرەدا باس لەدوو بابەتی سەرەکی دەکەین کە بریتین لە: یەکەم، ئەزموونی ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان و ئەو سیستەمەی پەیڕەو کراوە تا خولی چوارھەم، کە تیایدا سیستەمی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا ھات. دواتر لەبەشی دووەمدا دەرئەنجامەکان و جێگرەوە –ئەڵتەرناتیڤی- سیستمەکان دەخەینە ڕوو.

 



بابەتی یەکەم: ئەزمونەکانی ھەڵبژاردن بە سیستەمی داخراو، و کراوە لە ھەرێمی کوردستان

١- خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکەم ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢/٥/١٩ ئەنجام درا، بووە ھۆی دامەزراندنی یەکەم دەستەی پەرلەمانی کوردستان، بەمەش یەکەم خولی پەرلەمان لەکوردستان دروست بوو. ئەو خولەى کە بەھۆی شەڕی ناوخۆوە درێژەی کێشا تا ٢٠٠٥/١٢/٣٠، ئەم خولەی پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە یەک ھەڵبژێردران، کە تیایدا دەنگدان بەشێوەی ڕاستەخۆ ونھێنی بوو (دەروازەی یەکەم، ماددەی دووەم لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢)، بە پێ ی ئەم یاسایە چەند لیستێک بەشداری ھەڵبژاردنیان کرد، هەروەها ڕێژەی ٧% دانرا وەک مەرجی دەرچوونی لیست بۆ بەدەست ھێنانی کورسی پەرلەمان(فەسلی ھەشتەم، ماددەی سی وشەشەم-٣ لە یاسای ژمارە ١ ی ١٩٩٢)، لەھەمانکاتدا لیستەکان بەشێوەی داخراوبوون، دیاریکردنی دەرچووەکان درایە دەست لایەنە سیاسییەکان (ماددەی سی وحەوت -٢ ھەمان یاسا).



٢- خولی دووەمی پەرلەمان، 
ھەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمان ھاوتابوو لەگەل ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان و لە ٢٠٠٥/١٢/٣٠ ئەنجام درا. لەیاسای ژمارە یەکدا چەند گۆڕانکارییەک ئەنجام درا، بەلام گرنگترینیان ئەوەبوو کەھەموو ھەرێمی کوردستان کرا بەیەک بازنەی ھەڵبژاردن. بەلام لیستەکان بەداخراوەیی مایەوە تەنھا ئەوەندە نەبێت کەلەم خولەدا ئەندامە دەرچووەکان بەپێی ریزبەندییان لەلیستەکاندا دەردەچون بۆ ئەندامێتی پەرلەمان (یاسای ژمارە ٤٧ی ساڵی ٢٠٠٤).



٣- خولی سێیەمی پەرلەمان، 
ھەڵبژاردن بۆ خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەک وھەموارەکانی ئەو یاسایە بەژمارە دوو ، پێنج لەساڵی ٢٠٠٩ ئەنجام درا لە بەرواری ٢٠٠٩/٧/٢٥.



٤- خولی چوارھەمی پەرلەمان، 
لەم خولەدا ھەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کرا بە شێوەی لیستی کراوە، ھەروەک چۆن لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠١٣ ھاتووە. بەم شێوەیە ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لەدەست لایەنە سیاسییەکان دەرھێنرا وکەوتە دەست ھاووڵاتیانی ھەرێم.



بابەتی دووەم: تێبینییەکان لەسەر لیستی کراوە وداخرا و لە ئەزمونەکانی ھەڵبژاردتی ھەرێمی کوردستان

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی کەلەھەرێمی کوردستان ڕوویاندا، هەروەها ئەو ئەزمونەی کەھەرێمی کوردستان پیایدا تێپەڕیوە سەبارەت بەڕۆڵی پەرلەمان دەتوانین بەشێوەیەکی گشتی ئەم تێبینییانە دیاری بکەین:



یەکەم: لیستی داخراو ئەزمونێکی کاریگەرە لەسەر دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە شیاون نوێنەرایەتی پارت و ھێزە سیاسییەکان بکەن، لەم جۆرە لیستەدا، بەربژێر دەکەوێتە ژێر کاریگەری وھەژمونی ھێزە سیاسییەکان. بۆیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەنگدەراندا نابێت. لە ھەرێمی کوردستان بەپەیڕەوکردنی ئەم شێوازە نەتوانرا سیستەمێکی سیاسی سەقامگیر بەرھەم بێت. ھۆکاری سەرەکی ئەو ڕێژە زۆرە بووە کە وەک بەربەستی سەرکەوتن لەبەردەم قەوارە و ھێزە سیاسییەکان دانرا، کەبریتی بوو لە ٧%.



دووەم: لیستی کراوە ھۆکارێک بوو بۆ بەئەندام بوونی چەندین کەس لەپەرلەمانی کوردستان لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان، ئەم ھەنگاوە سوودی زۆری گەیاند بەپڕۆسەی سیاسی ھەرێم، بەڵام لەھەمانکاتدا ھۆکارێک بوو بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی پەرلەمان بەئەندامانێک کەپێشتر ئەزموونی سیاسییان نەبووە. ئەمەش دوو کاریگەری ھەبوو: یەکەم، ئەو ئەندامانە پاشکۆی سیاسەتی ھێزە سیاسییەکان بوون. دووەم، بوبەھۆی تۆخ بونەوەی گیانی ناوچەگەرێتی و خێڵەکی وڕەنگدانەوەی لەپەرلەمانی کوردستان.

سێیەم: لەبەرامبەر ئەم دو خاڵەی سەرەوەدا گومان لەوەدا نییە کەلیستی کراوە باشترین بژاردەیە بەمەرجێک کەپێوەری تۆکمەتر دابنرێت بۆ دەربازبوون بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران، یەکێک لەو پێوەرانە دیاریکردنی ڕێژەیەکی دەنگی بەدەست ھاتوە بۆ بەربژێرەکان. هەروەها دابەشکردنی ھەرێمی کوردستانە بەسەر چەند بازنەیەکی ھەڵبژاردندا لەبری ئەوەی کەئێستا تەنھا یەک بازنەیە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوەکان

(١) مجموعة من الباحثین، أشکال النظم الانتخابیة، المؤسسة الدولیة للدیمقراطیة والانتخابات، الطبعة الثانیة ٢٠١٠، السوید، ص ١٩.

(٢) زۆرینە: بەواتای سەرکەوتنی ئەو کاندیدەی یان ئەو لایەنەی کەزۆرینەی دەنگەکانی دەنگدەران بەدەست دەھێنێت، وبە دوو شێوەیە کە بریتین لە: زۆرینەی ڕەھا، واتە ٥٠+١ ی دەنگی دەنگدەران، یان بەدەست ھێنانی زۆرینەی دەنگەکانی دەنگدەران بەبێ ٥٠+١. لەکاتێکدا ڕێژەیی، بریتییە لەسەرکەوتنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەو ڕێژەیەی بەدەستیان ھێناوە لەپڕۆسەی ھەڵبژاردندا، بۆ زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بگەڕێرەوە بۆ د. منذر الشاوی، القانون الدستوری، الجزء الاول

(٣) پڕۆسەی دەنگدان دەکرێت تیایدا دەنگ بدرێت بەتەنھا یەک کاندید، کە لەو کاتەدا بە ھەڵبژاردنی تاک بەربژێر ناودەبرێت یان دەکرێت دەنگ بدرێت بە چەند بەربژێرێک لە یەک لیستدا بە ھەردوو شێوازی پەسەندکردنی لیست و بەربژێری پەسەندی دەنگدەر کە بە لیستی نیمچەکراوە ناو دەبرێت، یان تەنھا پەسەندکردنی لیستەکە کەبە لیستی داخراو ناو دەبرێت یان پەسەندکردنی چەند لیستێک وچەند بەربژێرێک لەنێو لیستەکاندا کەبە لیستی کراوە ناو دەبرێت، ھەمان سەرچاوەی پێشوو.

(٤) سنووری بازنەکانی ھەڵبژاردن دەشێت فراوان یان بچووک بێت، وە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر پەیوەندی نێوان بەربژێرەکان ودەنگدەران، بۆ نمونە تا سنوری بازنەی ھەڵبژاردن فراوان تر بێت، کاریگەری کەمتر بەدی دەکرێت لەنێوان ھەردوکیاندا و بەوەش ھەردولا ئازادتر دەبن لەھەڵبژاردنەکاندا. لە کاتێکدا کە بچوکی بازنەکانی ھەڵبژاردن، کاریگەری ھەیە لەسەر پتەوی پەیوەندییەکان، هەروەها ھەردولا دەکەونە ژێر کاریگەری یەکترەوە. لە کاتێکدا ئەشێت فراوانی بازنەکانی ھەڵبژاردن متمانەی نێوان دەنگدەر وبەربژێرەکان کەم بکاتەوە وبۆ زانیاری زیاتر بگەڕێرەوە بۆ ھەمان سەرچاوەی پێشوو.

(٥) مجموعة من الباحثین: أشکال النظم الانتخابیة، المصدر سبق ذکرە، ص ٣٥-١٠٨

(٦) محمد الفالح بو عافیة، الاستقرار السیاسی قراءة فی المفھوم والغایات، مجلة دفاتر سیاسیة وقانونیة، العدد الخامس عشر ، حزیران، ٢٠١٦، ص٣٠٨.



ئه‌م بابه‌ته 793 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر