کێشەی کورد لەتورکیا لەنێوان چارەسەرە ناوخۆییەکان وڕێکارە نێودەوڵەتییەکاندا

کوردەکان کۆمەڵگەیەکی فراوانن، لەناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر ڕووبەری ٥٠٠ کم٢ دەژین وپەرتکراوی نێوان چوار وڵاتی گەورەن(ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا). لەتورکیادا نزیکەی هەژدە ملیۆن کوردی باکور هەیە، لەئێراندا هەشت ملیۆن، لەعێراقدا حەوت ملیۆن، لەسوریادا زیاتر لە دوو ملیۆن دەبن، بەڵام تا ئێستا خاوەنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ نین.
PM:10:12:22/09/2018
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا
ئەمڕۆ ئەگەرچی هەموو کوردین، بەڵام هەموان وەک یەک لەسەر کورد بیر ناکەینەوە و بەهەمان ئاڕاستە خەیاڵ ناکەین. ئەمەیش بەبڕوای من جەوهەری دانەبڕاوی کێشەکەیە وڕێگەی بەوە داوە ڕەخنەگرانی یەکگرتنی کوردان چەقۆی خۆیان بووەشێینن.. واتە پێویستە پارچە پارچە بکرێین، بۆ ئەوەی باشتر وئاسانتر دوژمنانمان بەڕیوەمان بەرن.

حسێن ئەحمەد
به‌رپرسی دۆسیه‌ی میدیای فه‌ره‌نسی له‌چاوی كورد

 

نوسینی: ماکسیم ئارکێلییەر، دانیال ڕیشارد، کاپوسین پێنییە. ٢٠١٥ بە زمانى فەرەنسی


 

کوردەکان کۆمەڵگەیەکی فراوانن، لەناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر ڕووبەری ٥٠٠ کم٢ دەژین وپەرتکراوی نێوان چوار وڵاتی گەورەن(ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا). لەتورکیادا نزیکەی هەژدە ملیۆن کوردی باکور هەیە، لەئێراندا هەشت ملیۆن، لەعێراقدا حەوت ملیۆن، لەسوریادا زیاتر لە دوو ملیۆن دەبن.

 

کوردەکان بەگشتی خاوەنی گەورەترین ئاوارەیین لەجیهاندا، تەنیا لەئەڵمانیا شەش سەد پەنجا هەزار کوردی پەنابەر ولێقەوماو هەیە. لەسەر تەواوی ئەم داتایەش دەتوانین ئەوە بڵێین کەکوردەکان بەسیستەمی سەرژمێری دیجیتاڵی نزیکەی سی وپێنج ملیۆن مرۆڤن یان زیاتر دەبن لەسەر زەوی. بێگومان ئەم داتا دیجیتاڵییە ئەوەمان پێدەڵێت کە نەتەوەی کورد لەئێستادا گەورەترین نەتەوەی سەر زەوییە کە دەوڵەت مابێتەوە.

 

لەتەواوی ئەو وڵاتانەدا باسکران(تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران) کوردەکان کە مینەیەک پێکدەهێنن  کەدەبینرێت قبوڵکردن وڕێزلێگرتنیان لەنزمترین ئاستی خۆیایەتی. ئەگەر ئێمە لەدەسپێکدا بمانەوێت کێشە گشتییەکانی نەتەوەی کورد شیکەینەوە، ئەوا قوڵتر لەهەر لایەنێکی کوردی پێویستمان بەوە دەبێت ڕووبکەینە گرفت وکێشەکانی باکوری کوردستان، بەفاکتەری ئەوەی هەژدە ملیۆن کورد لە تورکیادا دەژین وقورساییان لەسەر هاوکیشەکان زۆرە.

 

یەکەم: چۆنیەتی بارودۆخی کوردەکانی باکور

 

کوردەکانی باکور نەتەوەیەکی موسوڵمانن و بەپێی دەقی دینی سونین وهاوبەشییەکی بێوێنەی ڕۆحی ومەزهەبییان لەگەڵ تورکەکاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی کولتور و زمانی جیاترن وڕەچەڵەکی زمانییان دەچێتەوە سەر پێرس.

 

پاش ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی ودوابەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لایەنە براوەکانى جەنگ کەپێکهاتبوون لەفەرەنسا، بەریتانیا ویۆنان، پێشنیارێک بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی کوردی لەڕێکەوتننامەی سیڤەردا لەساڵی ١٩٢٠ دا خرایە بەر گفتوگۆ. وەک ڕووبەرى جوگرافی بەپێی ڕێکەوتنامەی سیڤەر کوردستان لەڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵەوە دەستی پێدەکرد، لەدەروازەکانی موسڵدا کۆتایی دەهات.

 

بەڵام تورکەکان هەر زوو بوونەوە بەتەگەرە، لەمەترسی دابەشکردنی وڵاتەکەیان لەژێر هەژمونی  کۆلۆنیالی ئەورووپاییدا بەفۆرمێکی جەماوەری لەدژی ڕێکەوتننامەی سیڤەر ڕاپەڕین، وەک کۆمەڵێک کەرت ویەکەى سەربازی بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک لەساڵی ١٩١٩ دا جەنگی سەربەخۆیی تورکیایان ڕاگەیاند.

 

دەرەنجام بزوتنەوە شۆڕشگێڕە کەمالیستەکان لەم جەنگەدا بەبراوەیی هەستانەوە، دوای چوارساڵ لەبەرگرى قورس لەساڵی ١٩٢٣ دا ڕێککەوتننامەی سیڤەریان گۆڕی بۆ پەیماننامەى لۆزان. بەڵام بۆ کوردەکان پەیماننامەى لۆزان بووبە گێژاویکى گەورەی لەناو بردنی خەونەکەیان کەبریتیبوو لەڕۆنانی دەوڵەتێکی کوردی.

 

لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کەوتەوە ژێڕ هەژموونی کەمالیستەکان، فەرەنسا سوریا و بەریتانیا عێراق وئێرانی تاپۆکرد لەسەر خۆی. بەڵام  لەدەسپێکدا ئەم کردەیە هەڕەشەیەکی مەترسیداربوو بۆ هەر چوار لایەنی ناو کێشەکە، دوای تەێگەیشتنی ورد لەدۆخەکە تورکیا لەهەوڵدا بوو بەهەر شێوازێک بێت تەوژمی هەڕەشەکە خاوکاتەوە.

 

لەتورکیاوە موستەفا کەمال بەو ئاڕاستەیە کاری دەکرد نەتەوەیەک لەسەر خەونێکی بە دیهاتووی ناسیۆنالیستی قووڵ ڕێکبخات، بۆ ئەوەی ئەم خەیاڵە ڕووبدات پێویستبوو لەڕۆنانی کۆمارەکەیدا جیاوازییەک نەمابێتەوە لەنێوان کوردەکان وتورکەکاندا تا ببێتە جێگای پرسیار، هەربۆیە تەواوی تورکیا بەپێی ئایدۆلۆژیای مستەفا کەمال ئەتاتورک، دەبوو لەژێر هەیمەنە ودەسەڵاتى خۆیدا بێت وشتێک نەمێنێتەوە بەناوی کورد  و تورکەوە، بەڵکو دەبێت تەواوی شوناسەکان کۆبکرێنەوە، هەموو ناویان لێبنرێت تورکیای گەورە .

 

بەپێی ئامانجی ئەم تیۆرییە، لەنێوان نەتەوەی کورد وتورکدا یەک مافی هاوبەشی هاوڵاتی بوون هەیە، شوناسی کورد وەک فۆرمێکی ئیتنی دەسڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی دەستوری تورکیا، زمان وناوی خانەوادە لەکوردەکان قەدەغە دەکات، تەنانەت وشەی کورد دەگۆرێت بۆ تورکی شاخاویی.

لەهەمووی خراپتر ئەوەیە کەسیستەمی پەروەردە چیتر بەکوردی خوێندکار دروست ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە خوێندنی کوردی بۆ هەتاهەتایە قەدەغە دەکرێت، بەم کارە کلتوری کوردی لەبناغەوە هەڵدەتەکێت.

 

دوای بە دیهاتنی تەواوی ئەم بەندە دەستوریانەی کەباسکران، کوردەکانی دیاربەکر ناچار دەکرێن هەموو سبەینانێک مارشی نەتەوەیی تورکیا بڵێنەوە کەبەرگریکردنێکی بەرچاوە لەو میراتە نەتەوەییەی مستەفا کەمال ئەتاتورک بەدیاری بۆیان دەهێنێت. بەرمەبنای ئەم جۆرە لەحوکومڕانی نەتەوەیی، لەدەستوردا بڕگەیەک هاتووە بەناونیشانی دژایەتی نەتەوەى دووەم کە لەسەر کۆبەندی ٢٥١٠ لەبەرواری ١٤/٦/١٩٣٤ نوسراوە وتیایدا دەستور دەڵێت:((باشترین کارێک شۆڕشی کەمالیستەکان دروستیان کردبێت ئەوەیە کە: زمانی تورکی بخرێتە ژێر چاودێری و تێستەوە و ئەو نەتەوانەیشی کە تا هەنوکە بەتورکی نەدواون، بەپێی یاسا ناچاربکرێن بەوەی چیتر بەتورکییەکی ڕەسەن قسە بکەن)).

 

دووەم: دامەزراندنى پەکەکە وبەرهەڵستی گەریلای

  

ساڵی ١٩٧٠ بۆ تورکیا خۆش تێناپەڕێت، بەڵکو دەبێتە ساڵی تەنگەژەی قورس و جوڵانەوەی سیاسی وجەماوەری بەرفراوان، لەچەپی چەپەوە بۆ ڕاستی ڕاست هەندێک جار ڕووبەڕووی یەکتری دەبوونەوە. بەرمەبنای تەواوی ئەم گرفتە سیاسی وئایدۆلۆژی وجەماوەرییە،عەبدوڵا ئۆج ئالان وەک لایەنگرێکی سەرسەختی چەپەکان باوەڕدارە بەوەی چیتر چەپەکانی تورکیا پێشنیاری چارەسەرێکی واقیعی بۆ نەتەوەی کورد ناکەن ودەرەنجامی ئەم باوەرە وادەکات پارتێکی سیاسی تایبەت بەخۆی بینابکات بەناوی(پارتی کرێکارانی کوردستان)، ئەم پارتە نوێیەی ئۆجە ئالان لەسەر بنەما فەلسەفییەکانی مارکس ولینین لەساڵی ١٩٧٨ دا وەک پارتێکی سیاسی کاریگەر لە تورکیادا گەشە دەکات.

 

دواتر لەم سەرو بەندەدا کودەتایەک لەتورکیادا لەژێر ناونیشانی(بۆ بەرقەرارکردنی چوارچێوە یاساییەکان لەکۆمەڵگەیەکدا کەگۆڕیویانە بۆ نێچیری جەنگی) ڕوودەدات، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دێنێت، پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەندام وهەڵسوڕێنەرانی لەتورکیا قەدەغە دەکرێن وبەناچاریی دەکرێن بەپەنابەری سیاسی لەدیمەشقی سوریا.

 

دوای تەواوی ئەم تەنگژە وگرفتە سیاسی وکۆمەڵایەتییانە لەساڵی ١٩٨٤ دا پەکەکە بزوتنەوەیەکی چەکداری کاریگەر دروست دەکات وفاکتەری ڕۆنانی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ئەوە دەگەرێتە کە پەکەکە دەیەوێت خواستی بوون بەدەوڵەت ڕاگەیەنێت و لەڕێگەی ئەمەوە سەرەنجی نێو دەوڵەتی بۆ کێشەکانی خۆی ڕابکێشێت.

 

لەم قۆناغە گەڕیلاییەدا شۆڕشی چەکداری بۆ پەکەکە بەناو توند وتیژی وخوێنی زۆردا تێدەپەڕێت، ئەگەرچی جاربەجار بەهۆی ئاگربەستەوە بارگرژی و بەریەککەوتنی سەربازی لەنێوان ئەو دوو نەتەوەیەدا دەوەستێت، بەڵام بەبەردەوامی بەرەیەک دەمێنێتەوە کەتێیدا جەنگ گەرمە، ئەمەش بۆ سیاسەت وبڕیاری پەکەکە دەگەڕێتەوە کەپێی وابوو نابێت ئاگربەستی سەرتاسەری بکرێت هەتا دەگات بەچارەسەرێکی بنەبڕ بۆ دۆزیی نەتەوەیی کورد.

 

هاوکات ئەم بار گرژییەی نێوان پەکەکە ودەوڵەتی کەمالیستی تورکی لەئاستی سیاسییەوە دەپەڕێتەوە بۆ پێکدا هەڵپژانی نەتەوەیی، پۆلیس وجەندرمە تورکەکان هەرگیز نەدەسڵەمینەوە لەسوتاندن، وێرانکردنی کۆی ئەو لادێ ودێهاتانەی کەگومانی پاڵپشتی وهاوکاریی ڕێکخراویان لەسەربوو بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.

 

لەلایەکی دیکەوە وەک ئەوەی هاوڵاتیانی تورکی پەیمانیان لەگەڵ سوپادا بەستبێت، نەدەگەڕانەوە لەوەی تۆمەت ببەخشن بە ئۆجەئالان وپارتە سیاسییەکەی وەک تیرۆریست وخیانەتکار، تا ئەو جێگایەش دەڕۆیشتن کەپێیان وابێت پەکەکە دەتوانێت دەستی خۆی لەمنداڵانیش نەپارێزیت. ئەم تۆمەتە لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی کردەی ڕفاندن وتەقینەوە لەناکاوەکان وەک تاوانی دڕندانە بخرێتە ئەستۆی گەڕیلاکانەوە، ئەم نامەیە بەردەوام ئاڕاستەى مرۆڤە گوندنشینەکان دەکرا، بۆ ئەوەى لە ڕێگەی ئەم ڕیکلامەوە هانبدرێن گەڕیلاکان وەک کۆمەڵێک جەردە و زاڵم و چەوسێنەر بناسن و بەبنەمای ویژدانی قبوڵى نەکەن هاوکاریی پێویست بەشۆڕشگیڕەکان ببەخشن.

 

سێیەم: بارودۆخی ئەمڕۆی کوردەکان لەتورکیادا

 

تورکیا وەک ئەوەی لەجیهانبینی ڕۆژئاوادا ناسراوە، یەکێکە لەدەگمەنترین دەوڵەتی ئیسلامی کەگوتاری عەلمانییەتی بەرز کردبێتەوە، لەواقیعدا نەیتوانیوە عەلمانی بێت، بەهۆکاری ئەوەی بەردەوام ئەفسانەیەک لەڕۆژئاوا دەشارێتەوە کەتێیدا ئیسلام ودینە ئاسمانییەکان دەچەوسێنێتەوە وبەرهەمی ئەم چەوساندنەوەیەش بنەمایەکى نییە.

 

 هەر بۆیە ئەم گوتەیە ڕەنگە لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت کەدەسەڵاتى تورکیا هەمیشە تورکیای وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی سونی نیشانداوە. لەهەمانکاتدا ئەم گوتەیە خۆی خۆی ڕەتدەکاتەوە ئەو ساتەى هەوڵی سڕینەوەی شوناسی ئەرمەنییە مەسیحییەکان و ئیسلامییە شیعە مەزهەبەکان وجۆرجییەکان وکوردەڕەسەنەکان درا. بەپێی نەخشیەکی دەستوریی و لەهەمانکاتدا نەتەوەیی جۆرجییەکان وکوردەکان وئەرمەنییەکان و مەزهەبگەرایی شیعیی لەناوخۆی تورکیادا بەیاسا شوناسیان گۆڕا بۆ تورک.

 

لەزۆربەی گفتوگۆماندا لەگەڵ کوردەکاندا و لەزمانی ئەو تورکانەیشەوە کەئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتن، خودی سەرۆک ئەردۆغان وێنەی سەرۆکێکە لەئایندەدا پێدەچێت بگۆڕێت بۆ سەرکردەیەکی فاشیست. 

 

هەروەها کوردەکانی باکور سەبارەت بەتورکیا هەندێکیان پێیان وایە لەکێشەیەکی سەختی دینیدان ودەلێن:((دینی ئیسلام بەئێمە چی؟ ئێمە نەتەوەیەکین کوردین، هەروەها نەک ئیسلام نین بەڵکو تورکیاش وەک وڵاتێکی ئیسلامی بۆ ئێمە وڵاتێکی دۆگماو داخراوە، لەتورکیادا میوەی ئازادیی ومافە مرۆییەکانی ئێمەیان گووشیوە و گەندەڵی نابەرابەری بەهەموو جێگایەکی وڵاتدا بڵاوەیکردووە، لەئەستەنبوڵ وئەنقەرە هەموو گفتوگۆ ودیبەتێکى سیاسی ونەتەوەییەکان بەبێ ئێمە دەکرێن. ئۆپۆزسیۆنە کەمالیستەکان وناسیۆنالیستەکان ڕۆژانە نەفرەت لەحوکمەتەکەی ئەردۆغان دەکەن، بەڵام هەرگیز کیشەی کوردیان لاگرنگ نییە لەسەری بووەستن، لەبەر ئەوە ئێمە لەتورکیادا نەتەوەیەکین ناتوانین هەرگیز بڵێین پلەیەکین، بەڵکو ڕاست ودروست پلەدووین.))

 

زۆرینەی کوردەکان وەک لەسەرەتاوە گوتمان لەڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا دەژین، گەورەترین شاریش کەزۆرترین کوردی لێ بژی دیاربەکرە. لەو شوێنانەدا کەکوردی لێدەژی هەل ومەرجە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو ڕووی گرژییەکی سەخت بوونەتەوە و دەستی گاردی سوپا لەهەموو شوێنێکە. دەسەڵاتی حکومڕانی سیستەمێکی سەربازى وای دروست کردووە کەگرتن وبردن وتەنانەت کوشتنیش بەئەرکی یاسای خۆی تێدەگات و ئەو تاکانەی دەسگیریان دەکات وەک رایەڵێکی سەخت بەتیرۆریستانەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەیش جۆرێکە لەشێوازى بەڕەنگاری تورکی.((ئەگەر شوناس وئیدەنتیتێیت کورد بێت، بۆ زۆربەی خەڵکی ودیدگای حوکمڕانی واتای ئەوە دەگەیەنێت کەتۆهاودەستی پارتی کرێکارانیت و لەڕووی فیکریشەوە تیرۆریستیت. ئەوەی کارەکانی دیکەیە وەک بزوێنەریی دەزگا وهاوبەشێتى وپۆلیس وناوەندەکانی، یاخود وەک ئەفسەر و دەوڵەمەند و قەرالەکان و کارگە و خاوەن کار هەموو یان تورکن، لەبەر ئەوە هەر سیستەمێک لەم سیستەمانەی باسکران بەشێوازیی خۆی دەستی لەچەوساندنەوەی کوردەکاندا هەیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا دەبێت ئەو ڕاستییەیش بووترێت کەفۆرمێکی تورکی بێلایەنیش هەیە کەباشتر لەکێشە وبنەماکانى کوردەکان تێدەگات ومامەڵەکانیان هەم مامەڵەیەکی ئەخلاقیانەترە، هەم بەویژندانتر هاوسۆزیی بۆ کوردەکانی باکور دەردەبڕن)).

 

بارودۆخی ئابوریی ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەقەیرانێکی قوڵدایە، ڕێژەی بێکاری ساڵانە ئاستی زۆر بەرز تۆماردەکات، مووچەی مانگانەی کرێکارەکان وفەرمانبەران زۆر نزمترە لەهەر شوێنێکی دیکەی تورکیا. سەختتر لەهەمووی ئەوەیە کەپۆلیس فیکرەی دیسکریمیناسیۆن وجیاکردنەوە لەگەڵ کوردەکاندا بەکار دەبات و لەئاستی پڕاکتیکیشدا ڕۆڵی بابایەکی بەخشندە ومیهرەبان دەگێڕێت لەهەمبەر ئەو تورکانەی بەجۆرێک لەجۆرەکان لەگەڵ کوردەکاندا توندوتیژن. هەر بۆیە دەبینین لەدوای بومەلەرزەی ساڵی ٢٠١١ کەشاری وانی خرۆشاند، بارودۆخە مرۆییەکان لەهەندێک شاردا بەقۆناغێکی خراپدا تێدەپەری، تاوای لێهات کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاریی لێقەوماوان وبڕیندارەکانی ئەو بومەلەرزەیە بەردەوام ڕەتدەکرایەوە، بەبیانووی ئەوەی گوایە تورکیا بەتەنیا خۆی دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەم کارەساتە سروشتییە ببێتەوە و تێیپەرێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێک دەدرا ڕواڵەتی لێقەوماو وبریندارەکان لەمیدیا نێودەوڵەتییەکاندا دەرنەکەون وپشگوێبخرێن.

 

چوارهەم: دەرکەوتنی ناعەدالەتیی دەستوریی

 

مامەڵەکردنی نابەرابەر لەگەڵ کوردەکاندا بەتەنیا کار ناکاتە سەر چینێک وتوێژێکى دیاری کراوی دانیشتوان لەتورکیادا. بەڵکو سەردەکێشێت بۆ تەواویی دەروونی کۆمەڵگا. هەڵوێستی ئەنقەرە لەگەڵ شارەکاندا ودابینکردنی بودجە بۆ شارەوانییەکان بەنابەرابەری قوڵدا تێدەپەڕێت. ڕۆژهەڵاتی تورکیا کەکانگایە بۆ مانەوە وژیانی کوردەکان، لەزۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێبەشکراوە هەروەها لەفەرامۆشیدا ماوەتەوە.

 

ئەو جۆرە لەنایەکاسانی ماف لەچینەکانى کۆمەڵایەتیدا بەڕوونی هەستى پێدەکرێت، هەستدەکرێت کەدەبینیین بودجەی ساڵانەی ئیستانبول چەندین جار لەبودجەی ساڵانەی هەرسێ شارە کوردییەکان گەورەترە. لێرەشدا نەک هەر ئیستانبوڵ، بەڵکو شارێکی وەک ئیزمیر بەنموونە دێنینەوە. با سەیر بکەین، پۆستی پارێزگای ئیزمیر دراوە بەکەمالیستەکان(پارتی جمهوری گەل)(CHP) میترۆی ئیزمیر کەبودجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخانکرابوو پارتی داد وگەشەپێدان خستییە ئەستۆی خۆیی وجێبەجێی کرد(AKP). ساڵانەش بەردەوام بودجەی زەبەڵاحتر وگەورەتر بۆ ئیزمیر وشارە تورکییەکان تەرخان دەکرێت، هاوکات شارە کوردییەکان پەراوێز وبێ بودجە ساڵ تێدەپەڕێن، بۆ نمونە لەدیاربەکردا هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەک وڕژاندنی بودجەی بۆ ناکرێت، بەهۆکاری ئەوەی لەدیاربەکردا کوردەکان دانیشتوانانی یەکەمینن ودەنگیشیان بۆ پارتی ئاشتی ودیموکراسیی دەڕوات. کەپارتی ئاشتی ودیموکراسی هەندێک جار وەک پێشانگایەک وایە بۆ سیاسەتەکانی پەکەکە وبەرهەڵستی توندوتیژی سیاسییش دەکات.

 

گوڵتەن کێشەنەک سەرۆکی شارەوانی دیاربەکرە ( لەسەر لیستی پارتی ئاشتی ودیموکراسیی)(BDP) دەسەڵاتەکانی سنوردارن لەبەر ئەوەی دەوڵەت کەمترین بودجەی بۆ سەرف دەکات وبەڕەهایی کارەکانی بۆ بەڕێوەناچن. تەنیاترین بودجەیەک کەبتوانێت پڕۆژەکان بخاتە سەرڕرێگا، ئەنقەرە دەینێرێت بۆ کۆمیسەریییەکانی پۆلیس وئاسایش وسوپا ومۆڵگەکانی، یان بەشێکی دیکەی خرجدەکرێت بۆ گەڕەکە تورکە دەوڵەمەند نشینەکان کەهەموویان تورکن.

 

ناتەواوی سەرمایەداری لەزۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا سەری کیشاوە بۆ قەیرانی ئابوری وبێکاری سیستەماتێک. لەو شارانەدا کەخزمەتگوزارییە گشتییەکان کەمترن لەوەی کوردەکان دەستیان پێیان بگات، کوردەکان ژیانێکی کولە مەرگی دەژین...!!

 

پێنجەم: ژیان بەنهێنی

 

بارودۆخی کوردەکان لەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدا کەمێک جیاوازە، زۆربەی کوردەکان بەڕێگەی پەروەردەیەکی ئەکادیمی وزانستییدا تێدەپەڕن، ئەگەرچی زمانی ئەسڵییان کوردییە، بەڵام لەقوتابخانە گشتییەکاندا و لەناو زانکۆکاندا پێویستە تورکییەکی باش فێرببن. ئەمەش وادەکات کەمترین کێشەی قەومی وکێشەی زمان و کێشەی نیشتیمانییان لەگەڵ تورکەکاندا هەبێت.

 

بەم شێوازەش دەتوانرێت کوردێکی نەخوێنەوار لەتورکێک جیابکرێتەوە کەنێوانی هەردووکیان فێربوون وفێرنەبوونی زمانی تورکییە لەئاستی ئەکادیمیدا. هاوکات زۆربەی ئەم کوردانە مەیلداری ئەوەن کەڕەچەڵەکی خۆیان وەک شوناسی نەتەوەی بشارنەوە، بۆ ئەوەی بچنە ناو چوارچێوەیەکی ئەنتێگراسیۆنی کۆمەلایەتییەوە. ڕوونکردنەوەى بدەینە دەستی قوتابییەکی کورد باشتر دەردەکەوێت  کەدەڵێت(کاتێک کوردیت بۆ ئەوەی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەرکەوتوو بیت، پێویستە خاوەنی خێزانێکی دەوڵەمەندبین و لەزانکۆکانی ئەنقەرە وئیزمیر وئیستانبوڵ بخوێنین وهەمیشە شوناسی کوردایەتی خۆمان لەتورکەکانی زانکۆکان بشارینەوە. تێکەڵاوبوون لە کۆمەڵگەیەکدا کەخاوەنی عەقڵییەتێکی تەمبەڵە، زۆر بەخاوی گەشەدەکات. زۆربەیشیان کەوتونەتە ژینگەیەکەوە کەپێناسەیان بۆ کوردەکان ئەوەیە تیرۆریست و فاشیستن زۆر سەختە. ئەگەرچی ئەمڕۆ بارودۆخەکە کەمێک گۆڕاوە، بەلام پێویستیشە بەنهێنی بژیت، بۆ نموونە من تەنیا خاوەن کارەکەم دەزانێت کەکوردم. ئەگەرنا هاوکارەکانم لەگەڵم دەکەونە کێشە وململانێوە،  هەروەها لەبەر ئەوەی کوردم ناتوانم وەک تورکەکان لەچۆنێتی کارەکەمەوە گەشە بکەم. ڕەنگە ئەمەندەش بێسودبم بۆ ئەوان کەلەسەر بیانوویەکی بچکۆلە وبێکەڵک دەربکرێم).

 

چۆنێتی مامەڵەی حوکمەتەکەی ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکانی باکور

 

یەکەم: ماوەی سەرۆکایەتی ئەردۆغان لەنێوان چارەسەر وگەڕانی بەدوای دەنگی دەنگدەراندا.

 

ئەم چەند ساڵەی دوای دۆخی کوردەکانی باکور لەژێر چاودێری ومامەڵەی سەرۆک ئەردۆغاندا ڕووەو باشترچووە. ئەگەرچی چەندین جار لەڕێگەی ڕیسێرچ وئەنالیزی توێژەرەکانەوە ئەردۆغان وەک پیاوێکی سوڵتانگەر ونزیک لەدیکتاتۆرییەت ناسراوە، بەڵام سەرۆکی ئیسلامییە موحافیزکارەکان(CONSERVATEUR)دەرگایەکی گفتوگۆ ودانوستانەکانی لەگەڵ ئەو کوردانەدا کردەوە کەخاوەنی بیری ئۆتۆنۆمی وسەربەخۆیبوون بۆ کوردستان.

 

لەساڵی ٢٠١١ دا کەوتنە دانوستانی جددی لەگەڵ سەرۆکی کاریزما عەبدوڵا ئۆج ئالان کە لەساڵی ١٩٩٩ بەپلانێکی سیاسی ڕێکخراو دەسگیرکرا. کردنەوەی ئەم دەرگایە لەگەڵ ئۆجەلاندا دژایەتی حوکمەتی پێشووی کەمالیستەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنا بۆ ئەردۆغان کەلەبەردەم چارەسەری دۆزی کوردا بوویە بەربەست وتەگەرە. لەبەردەم ئەمەدا دەرحاڵی دەسگیر کردنی ئۆجەئالان، حوکمەتی کەمالیستە نەتەوە پەرستەکان(CHP)پارتی کۆمارى نەتەوەیی، بڕیاری سزای مردنیان بەسەردا سەپاند ودوای مامەڵە وهەوڵدانێکی گەورەى ئەورووپییەکان لەژێر ناونیشانی ویستی ئەنتێگراسیۆندا سزای مەرگیان بۆ ئۆج ئالان هەڵپەسارد وسزاکەیان گۆڕیی بۆ زیندانی هەتاهەتایی. لەوکاتەدا ئۆجە ئالان دەبێتە قوربانییەکی خراپ مامەڵە کراو، کە لەزینداندا دەکەوێت وهیچ هەوڵێکی جیدی ناهێلرێتەوە بۆ چارەسەر وپیشخستنی دۆزی کورد لەتورکیادا. بەڵام ئەوەی پێچەوانە دەبێتەوە ئەوەیە کەئەم ساڵانەی دوایی حوکمەتەکەی ئەردۆغان کەوتۆتە گفتوگۆ ودانوستان لەگەڵ ئۆجەلاندا.

 

ئاکەپە گوشارەکانی خۆی لەسەر کوردەکان هەڵگرتووە ودەرەنجام دەیەوێت گفتوگۆی دیبلۆماسی جددی لەنێوانیاندا دەسپێبکات. لەبەر ئەوە جەنگ وپێکدادانی کورد وتورک لەڕۆژهەڵاتی ئەنادۆلدا بەشێوەیەکی کاتی ڕاوەستێنرا، ئەم ڕێگایەش بوویە هۆی نەمانی بارگرژی لەسەر کوردەکان وتوانیان بەشێوەیەکی ئازاد ئاگری نەورۆز هەڵگیرسێنن.

 

ئەمڕۆ لەبەرگرتنەبەری ڕێگای ئاشتیانە وهێنانە پێشەوەی قۆناغی دیبلۆماسی، نەورۆز ئازاد بووە وتەواوی خەڵکی دەتوانن وێنەی ئۆج ئالان وئاڵای پەکەکە بەرز بکەنەوە. ئەمەیش ئەو شتەبوو پێنج ساڵ پێش دانوستانی گەورە خەیاڵیشی نەدەکرا. بەڵام لەپراکتیکدا زۆر ئاڵۆزە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەفتاری نادروستى پۆلیسەکان جێگای باسە وئاگاداری حوکمەت وبێدەنگبوونیشی لێی حەقیقەتێکی تاڵە. لێرەدا پیویستە بڵێین(بەڕیز ئەردۆغان) دەتوانێت هەوڵەکانی جددیتر وکراوەتربن هەمبەر بەکوردەکان بەدوو هۆکار:

 

 

 

هۆکاری یەکەم ئابورییە:

 

تورکیا لەڕێگەی پیشەسازی نەوتەوە ئەم دواییانە پەیوەندی چارەنوسسازی لەگەڵ چەند ولاتێکی پێشکەوتوودا بونیاد ناوە، هەروەها بۆ پەیوەندی زیاتریش دەگەڕێت لەگەڵ ولاتانی دراوسێدا، یەکێک لە وڵاتانەی دراوسێ هەرێمی کوردستان و حوکمەتەکەی بەرێز بەرزانییە کە هەنووكە پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی پارادۆکسال و لە هەمانکاتیشدا درومەودایە. بارودۆخی سیاسی هەرێمی سەربەخۆی باسکراو بە جۆرێکە، کوردەکانی چیتر ناسڵەمێنەوە لەفرۆشتنی ئەو ئاڵتونە ڕەشەی کەهەیانە و بەهەر دەوڵەتێک کە بیانەوێت بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی حوکمەتی سەنتراڵ. بەم شێوەیە لەسەر بنەماى بازرگانی نەوتی هەرێم، ئەردۆگان دەتوانێت ئاگای لەپەیوەندی پەکەکە وئەکەپە بێت. تا بتوانێت پەیوەندییەکی ئابوریی پەتەوی نەوتی لەگەڵ هەولێردا بەرقەرار کات.

 

هۆکاری دووەم سیاسییە:

 

ئەردۆگان پیوێستی بەوە هەیە کەزۆرترین گرووپی دەنگدەر ڕابکێشێتە بازنەکەی خۆیەوە، بۆ چاوکردن لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ بەم شێوەیە چاوی خستۆتە سەر ڕەتکردنەوەی بەردەوامی کوردەکان لەلایەن کەمالیستەکان وناسیۆنالیستە توندرەوەکانەوە، تا بتوانێت بگاتە مانای ئەم پەندەی کەدەڵیت: دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە.(کەواتە ئەردۆگان هەڵگرتنی گووشارە سیاسییەکان لەسەر کورد ودەستبردن بۆ چارەسەری کێشەکان وچاو خستنە سەر نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی دیار بەهۆکارێکی ڕیشەی تێدەگات تا دیسانەوە دەنگەکانی گەلی کورد بۆ خۆی بەدەست بێنێت).

 

دووەم: کوردەکان چاوەڕیی چ جۆرە چارەسەرێک دەکەن

 

دوو چارەسەری بنەڕەتی زۆرجار لەلایەن کوردەکانی باکورەوە دێنە بەر باس: هەندێک لەوان پاڵپشتی لەقەوارەیەکی کوردی ئۆتۆنۆم دەکەن کەپەیوەندی هەیە بەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵەوە، کەناوجەرگەی تورکیایە وتورکیا بتوانێت ڕێز لە کلتور وزمان ومافە نەتەوەییەکانی گەڵی کورد بگرێت. بەڵام زۆرترین سەرەنجیش لەسەر ئەو خالەیە کەپاڵپشتی بیناکردنی کوردستانی گەورەدەکات وپێیان وایە کوردەکان پێویستە ببنە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ وتێکڕای ئەو ناوچانەیش خڕکاتەوە کەلەژێر هەژموونی هەرچوار دەوڵەتەکەی دراوسێدا ماونەتەوە، هەروەها هاودەنگن لەگەڵ بڕیارى لێبووردنى گشتى گشتگیردا بۆ تەواوی ئەو چالاکوانە کوردانەی کە لەزیندانەکان ئاخنراوون.(ئەو کەسانەی کەلەم توێژینەوەیەدا قسەیان بۆ ئێمە کردووە لەسەر کورد وتورک وکێشەکانیان، کەزۆربەیان ستاتووسی پەنابەریان هەیە بریتیبوون لەو کەسایەتیانەی کە بەشێوەیەکی رادیکاڵ لایەنگری کوردەکانی دونیا دەکەن. لەبەر ئەوە کۆتایی ئەم توێژینەوەیە ناتوانێت تەواوی چارەسەرەکان بەرچاو بخات وحوکمێکی موتڵەقیشی لەسەر باشە وخراپەی هیچ لایەنێکی دیاریکراو پێ نییە).

 

 

 

 

سێیەم: خەونی کوردستانی گەورە

 

چارەسەری کێشەی کوردەکانی باکور، لاسایی کردنەوەی کوردستانی باشور نییە. واتە چارەسەر تەنیاوتەنیا بریتی بێت لەوەی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم لەناو دڵی تورکیادا ڕۆبنرێت بۆ کوردەکانی باکور وحوکمەتی خۆیانی تێدا بینابکەن. بەڵکو جیهانبینی کوردەکانی باشور بریتییە لەوەی بەهەمان ئاڕاستەى فیکری پارتی کرێکارانی کوردستاندا دەڕۆن وپێیان وایە پێویستە کوردستانی گەورە ڕابگەیەنرێت، فیدراڵ بێت یاخود کۆنفیدرال گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کەسنووری جوگرافیی هەرچوار پارچەکەی کوردستانی گەورە هەڵبووەشێنرێتەوە بۆ ئەوەی بخرێتەوە سەر جوگریافیای نوێی کوردیی، وەکو چۆن لەمێژوودا ئەم سنورانە ڕایەڵی ڕاستەوخۆی نێوان چوار وڵاتی پاراستووە وبۆتە خاڵی جیاکەرەوەی ئەوان لەیەکتری. بۆ ئەوەی ئەم بۆچوونە نەتەوەییەش فۆرم بگرێت یەکانگیر بوون وکۆبوونەوەی تەواوی میلیتانتی کوردی گرنگ وچارەنووسسازە.

 

سەبارەت بەتورکیاش پێویستە پەکەکە، هەدەپە، بەدەپە، سەرۆک ئاپۆیش دانوستانێک ڕێکخەن لەگەڵ دەسەڵاتى تورکیدا وەک ئاکەپە، سەهەپە، مەهەپە. لەبەر ئەوەی بەباوەڕی ئێمە دونیای نوێ چیتر خەباتی گەریلای بەچارەسەری کۆتایی تێناگات. ئەگەر چی سەرەتای بزووتنەوەی چەکداری کوردان بۆ ڕاکیشانی سەرەنجە نێودەوڵەتییەکان درووستبووە، بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین کەچیتر لەئەمڕۆدا خەباتی گەریلای ئەو ئامانجەی خۆی پێکاوە وپێویست نییە. لەگەڵئەوەشدا بۆچوونى ئێمە وایە گەلی تورک ونەتەوەی کورد هەر کام لەوان باوەڕێکی سەختی بەچارەسەری ئاشتیانە هەیە سەبارەت بەکێشەکانی کورد. هەروەها ئێمە دڵنیایشین لەوەی کەچوونە دەرەوە لە ئایدۆلۆژیای کەمالیزم بۆ تورکەکان سەختە، چونکە فیکری کەمالیزم شکڵ وڕەمزی ڕۆنانەوەی کۆمارى تورکیای مۆدێرنە و لەچوارچێوەی ئەم ئایدۆلۆژیایەدا یەکگرتوویی خاکی تورکیا بۆ هەتاهەتایە یاساییە وڕەتکردنەوەی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بەشێکە لەدەستور وسومبوول، بەم پێیە پشگوێخستنی هەرچی کێشەى سیاسی و نەتەوایەی کوردە بۆ ئەم عەقڵیەتە کەمالیستییە ئاسان تێدەپەرێت.

 

لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا بەباوەڕی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەی کورد لە باکوری کوردستان گۆڕانکاری لەدەستورى کۆمار پێویستە، هەروەها پێویستە تەواوی ئەو بەندانەی دەستور هەڵبووەشێنرێنەوە کەئەو فیکر وتێڕوانینەی تێدا بەرجەستەیە و لەباتی هەموویان بنوسرێت تورکیا وڵاتێکە بۆ هەردوو نەتەوەی کورد وتورک وهیچ یەک لەو دوو نەتەوەیە جیاوازی لەگەڵ ئەویتردا نییە. ئەگەرچی بە گۆڕینی دەستووریش پێدەچێت پرۆسەی سەربەخۆی گەلی کورد لێرەدا نەوەستێت، بەڵکو بەقورسی ئامانجی گەورە ڕەنگە بریتی بێت لەڕۆنانەوەی دەوڵەتی گەورەی کوردستانە. داخوازی ئەم مافەیش بزوتنەوەیەکی فیکری ڕۆژانەیە لەکردەی قۆناغ بەندی سیاسیدا وکارکردن بەئاڕاستەی ئەم فیکرەیە لەڕۆژئاوا وباشووری کوردستاندا بەقووڵی دەبینین. لەهەمانکاتدا بارودۆخەکان ڕۆژانە زیاتر وزیاتر گۆڕانکاری ڕیشەیی وڕواڵەتی بەخۆیانەوە دەبینن. سەرەنجامی ئەو بارگرژی وجەنگانەیش کە لەعێراق وسوریادا ڕوودەدەن، دەبینین کەبەشێکی زۆری سنوورەکان هەڵوەشێنراونەتەوە وئەم مانگانەی کۆتایی چەشنێکی جیاواز لەبزوتنەوەی چەکداری ڕادیکاڵ هاتوونە کایەوە وجیهادیستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دوژمنێکی نوێی توندوتیژ و هەڕەشە ئەنگازن بۆ سەر ئەرزی کوردی.

 

چوارهەم: خەونی پارتە جیاوازە کوردییەکان

 

لەتورکیادا هەنووکە پەکەکە لقێکی سەربازی زیاتر نییە کەخاوەنی پڕۆژەیەکی سیاسی باڵا بێت بۆ دەستخستنەوەی تەواوی ئەو خاکەی باسمان کرد، بەبێ هیچ جۆرە دەستبەرداربوونێکی کاتی یان دوور مەودا. لەسوریادا پەیەدە بەسەر هەمان درێژی شەپۆلەکەوە وەستاوەو کۆی ئاڵوگۆڕەکان لەنێوان ئەم دوو پارتە سیاسییەدا لەئاستێکی زۆر باشدایە. لەهەمانکاتدا لایەنگرانی پەکەکە وپەیەدا لەناکۆکییەکی ڕواڵەتیدا ماونەتەوە لەگەڵ بەرزانیدا، کەجەنابی بارزانی خۆی بۆخۆی لەسەر لۆژیکی هاوپەیمانێتی کاردەکات ونزیکترە لەئەکتەرەکانی دیکەی وەک تورکیا وئەردۆغانەوە. ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییە بتوانێت لەلایەکەوە سەقامگیری سیاسیی بۆ هەرێمی کوردستان بێنێتە کایەوە و لەلایەکی کەشەوە سەقامگیرى ئابوری بۆ کوردستانی باشور بەرقەرار کات و بۆ هەموو ئەم کارەیش ئاڵتوونی ڕەشی کردۆتە وەسیلەی بەیەکگەیاندنی ئەنقەرە وهەولێر. بێ ئەوەی پشگوێ بخرێت لەسوریادا یەپەگەیش وجوودی هەیە، کەپارتێکی کاریگەریی کوردستانییە ولەڕۆژئاواوە کۆمەڵێک ناوچەی خستۆتە ژێر ڕکێف وهەژموونی خۆیەوە. خەتی سیاسی یەپەگە بە پێچەوانەی پەکەکە وپەیەدەوە نزیکە لەفیکر وشێوازی بیرکردنەوەی بەرزانییەوە کەپێی وایە سەربەخۆی گشتی ناتوانێت دەستەبەری هیچ چارەسەرێکی گەورە بکات بۆ کورد. بەپێی ئەم جوداخوازییە پڕۆبلێمەکانی کورد چەندین پرسیاری جیاواز بەڕووی خۆیدا ڕادەگرێت و وەڵامەکانیشیان بەپێی بەرژەوەندی سیاسی وئابووری و ناوچەی دەگۆڕێت و ئەو شوێنانەی نەوتیان هەیە وەڵامی جیاتریان لەو شوێنانە پێیە کە خاوەنی خاکن نەک نەوت. لەبەر ئەوە جیاوازی ستراتیژی وڕەتکردنەوەی دەوڵەت یان قبووڵ کردنی، پەیوەندی بەمۆنتالیتێ وعەقڵییەتی هەر گروپ وپارتێکی سیاسی کوردییەوە هەیە. ئەوەیشی کەماوە لەسەری بووەستین ئەوەیە کەکوردەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەژێر هەژموونی ولاتە بێگانەکاندا ماونەتەوە وناچارین ئەو ڕاستییە بلێین کەکۆی مۆنتالیتێ وعەقڵییەتەکان بەفۆرمی جیاواز گەشەیان کردبووە. وەک پەنابەرێک لەکۆتایی لێکۆڵینەوەکەماندا پێێ گوتین:

((ئەمڕۆ ئەگەرچی هەموو کوردین، بەڵام هەموان وەک یەک لەسەر کورد بیر ناکەینەوە و بەهەمان ئاڕاستە خەیاڵ ناکەین. ئەمەیش بەبڕوای من جەوهەری دانەبڕاوی کێشەکەیە وڕێگەی بەوە داوە ڕەخنەگرانی یەکگرتنی کوردان چەقۆی خۆیان بووەشێینن.. واتە پێویستە پارچە پارچە بکرێین، بۆ ئەوەی باشتر وئاسانتر دوژمنانمان بەڕیوەمان بەرن.))

سەرچاوەکان بەفەرەنسیی:

 

Références carte lettrine : R. Gimenco, B. Martin, P. Mitrano, Atelier de cartographie de Sciences Po, Juillet 2005

1Le Dessous des Cartes, «Kurdistan : Nouvel Etat au Moyen Orient?», diffusé en Avril 2013 sur ARTE.

Ez Kurdim (je suis kurde)», documentaire francophone d’Antoine LAURENT et Bertrand NICOLAS.

3Jacques Leclerc, «L’État turc et le problème kurde», Université Laval de Québec, 2008.

Ez Kurdim (je suis kurde)», documentaire francophone d’Antoine LAURENT et Bertrand NICOLAS

5Jean-François PÉROUSE, «Le Kurdistan : quel territoire pour quelle population?» Université de Toulouse Le Mirail.

6Citation extraite d’un des entretiens réalisés

7Idem.

8Idem.

9Cet exemple est tiré d’un compte rendu de demande d’asile d’un Kurde dont la vie est menacée en Turquie suite àun témoignage utilisépour incriminer un accusé de meurtre. L’agresseur a alors explicitement fait des menaces de vengeance et de mort qui ont étéprises à la légère par la police turque.

10«Barak says Turkey not interested in Israel’s earthquake aid», Zaman Today, 23 Oct. 2011.

11Entretien avec Emin Karaman, ingénieur sur le chantier de l’Avrasya àIstanbul, cf. Annexe 1.

1Entretien avec Emin Karaman, op. cit.

13Guillaume Perrier, «Un Kurdistan, des Kurdistan ou pas de Kurdistan», LE MONDE, 06.08.2014.

14Entretien avec Emin Karaman, op. cit.

15Un de mes interlocuteurs m’a montré les sequelles sur sa main droite le jour où il a étéblessé grièvement par une charge policière extra-judicaire lors du Newroz de 2009.

16Entretien avec Emin Karaman, op. cit.

17Citation extraite des entretiens réalisés.

18Idem.

19Citation extraite des entretiens réalisés.

20Idem.



ئه‌م بابه‌ته 1374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر