ھەڵەبجە

PM:06:03:20/09/2018
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد


دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی باشووری کوردستانی داگیرکراوەوە. شارێکی ھەرێمی کوردستانە. ھاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێراندا. دوایین پارێزگای ھەرێمی کوردستانە. لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کرا بە پارێزگا, دواجار حکومەتی عێراقی داگیرکەر, دانی نا بە پارێزگابوونیدا.

سەرچاوە مێژوویییەکان سەرەتای بونیادی شاری ھەڵەبجە دەگێڕنەوە بۆ ساڵانی (١٧٠٠)ی مەسیحی لە سەردەمی دەسەڵاتی داگیرکاریی عوسمانییەکان، ھەر ئەو سەرچاوانەش عەشیرەتی جاف بە بونیادنەری شاری ھەڵەبجە دەزانن. ھەندێک لە ڕیشسپی و پیاوە دێرینەکان دەڵێن ھەڵەبجە لەلایەن بەگەکانی (شیوە کەڵ)ەوە بونیاد نراوە کە لە دواییدا لەناو ھەڵەبجەیییەکاندا بە (١٣) ماڵە ناسراون، بە گشتی سەرچاوە مێژوویییەکان دەڵێن ساڵی (١٨٨٩) بەفەرمانی دەسەڵاتی داگیرکاری تورک, ھەڵەبجە کراوە بە شارۆچکە.

ڕۆڵی ژن, دیار و بەرچاو بووە و یەکەمین شارە کە لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو, خانمێکی وەک (عادیلە خانم) کە دایکی ئەحمەد موختار جافە، تێیدا دەست ڕۆشتوو و بڕیاردەر بووە و ڕۆڵی قایمقامی لە ڕووی کارگێڕییەوە لەم شارەدا بینیووە.

لە بواری ڕۆشنبیرییەوە،‌ مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری گەورە بووە و دەیان شاعیر و ڕووناکبیر و ھونەرمەند و ڕۆشنبیری لە ئامێز گرتووە.

لە ڕووی شۆڕگێڕی و نیشتمانپەروەرییەوە، ھەمیشە مەڵبەندی بە گژداچوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بووە و یەکەمین شارە لە کوردستاندا کە خاوەنی سێ کارەساتی گەورەی وەک بۆردومانەکەی ساڵی (١٩٧٤) و جینۆسایدەکەی ساڵی (١٩٨٧) و کیمیبارانەکەی ساڵی (١٩٨٨) بووە.

لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا خەڵکی ئەم ناوچەیە گەلێک جار دووچاری پەلامار و ھێرشی دڕندانە و بێ بەزەیییانە بوونەتەوە و بەسەدان و ھەزاران شەھید و قوربانییان داوە، دیارترینیان ڕەشبگیرییەکەی ساڵی ١٩٧٤ وە ساڵی ١٩٨٧ کە تیایدا بەسەدان کەس زیندەبەچاڵ کراون و سەروەت و ماڵیان بەتاڵان براوە.

لە ھێرشێکی دڕندانەدا کە بەکارەساتی کیمیا بارانکردنی شارەکە ناسراوە لە ١٦/٣/١٩٨٨، لەلایەن ڕژێمی عێراقی داگیرکەرەوە, بەچەکی کیمیایی ئەم شارە کیمیاباران کراو، زیاتر لە پێنج ھەزار ژن و منداڵ و خەڵکی بێ گوناە شەھید کراو بەدەیان ھەزار ھاووڵاتی بریندار بوون. ڕزگاربووەکانیش ئاوارە بوون. تا ئێستاش شوێنەواری ئەو چەکە بەسەر خەڵکی ناوچەکە و دانیشتوانەکەیەوە ماوە. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، خەڵکی ناوچەکە گەڕاونەتەوە شارەکە. لەم ساڵانەی دواییشدا لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە, بە فەرمی بە شاری شەھیدان ناسێنرا.

  

ناوی ھەڵەبجە:

ئەڵێن کابرایەک لەو شوێنەدا لەکۆنەوە بێچووە (ھەڵۆ)یەکی گرتووە, بۆیە ناوی لێنراوە (ھەڵۆ بەچە). یان ئەو شوێنە زۆر دڵگیر بووە, بەھۆی باخ و بێستان و ئاو و شیناییەوە پێیان وتووە (عەجەب جا) واتە جێیەکی سەرسوڕھێنەر. پێشتر کابرایەک پێش ھەموو کەس ھاتووە و ئاوەدانی کردۆتەوە و ناوی (ھەڵۆ بەگ) بووە, وردە وردە ئەو ناوە بەھۆی گەشەکردن لە زمانی کوردیدا بوو بە (ھەڵۆ جا) واتە شوێنی ھەڵۆ بەگ. پێدەچێ ئەو ناوچەیە باخ و بێستانی ھەبووە و درەختی (ھەڵوژەی) زۆر بووە کە بە زاراوەی ھەورامی پێی دەڵێن (ھەڵوچە). لە ساڵەکانی ١٦٠٠ تا ١٦١٥ ھەڵۆخانی ئەردەڵان ھەڵەبجەی ئاوەدان کردۆتەوە و ھەر بەناوی خۆیەوە ناوی ناوە (ھەڵۆچە). ھەندێکی تر دەڵێن، کاتێک خەڵکی ناوچەی کرماشان, لەڕێگەی بازرگانییەوە ڕۆیشتوون بەرەو (حەڵەب) ی سوریا, بینیویانە کەوا ئاو و ھەوای ئەو ناوچەیە لە ھی ناوچەی ھەڵەبجە ئەچێت، بۆیە ناویان لێناوە (حەلەبجە)، واتە (حەڵەبی پچوک). ھەندێکییش پێیان وایە کە (ئەڵەبجە) لە (ئەڵەب ئەرسەلان) ەوە ھاتووە، کە میرێکی دەوڵەتی سەلجوقیەکان بووە، لەکاتی سەردانیدا بۆ کوردستان، بە ھەڵەبجەدا گوزەری کردووە و ناوی لێناوە (ئەڵەب جا)، واتە شوێنی (ئەڵەب ئەرسەلان).

 

 

ھەڵکەوتەی جوگرافی:

دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی ٤٦ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی ٣٥-٣٦ پلەی باکوور و ٨٣ کم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە. لە باکووری ڕۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورە دراوە. بەدرێژایی ٧٥ کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا. دەشتی شارەزوور کە بە یەکێک لە دەشتە بەپیت و ناودارەکانی جیھان دەناسرێت، بەشێکی گەورە لە ڕووبەری ئەم پارێزگایەی پێکھێناوە.

 

کەشوھەوا:

 

٧٢٦ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

ئاو و ھەوای مام ناوەندە، تەنیا چلەی زستانی ساردە و چلەی ھاوینی گەرمە ئیتر ڕۆژەکانی تری ساڵ, کەش و ھەوای خۆش و لە باری ھەیە و ناوچەیەکی باراناوییە. لە ساڵدا (٥٥٠)ملم بارانی لێ دەبارێت, واتە بە ناوچەی مسۆگەری باران ناودەبرێ. لە چلەی زستاندا چەند جارێک بەفری لێ دەبارێت بەڵام ئەوەندە نامێنێتەوە.

 

ڕووبەر:

ڕووبەرەکەی ١٥٩٩کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و ئەو سەردەمەی کە لە سەر پارێزگای سلێمانی بوو, %٣٩.٩ ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێک دەھێنا.

 

دنیشتوان:

تا کاتی کیمیابارانەکە ژمارەی دانیشتوانی پتر لە ٧٠٠٠٠ کەس ئەبوو.

١٨٦,٠٠٠ کەس بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٣.

 

http://wishe.net

 



ئه‌م بابه‌ته 455 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر