ھەولێر

PM:05:50:20/09/2018
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد


 پایتەختی ھەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە ناوەڕاستی باشووری کوردستانی داگیرکراو. بە شارە کۆنەکانی جیھان ھەژمار دەکرێت کە تا ئێستا ژیانی تێدا بەردەوامە. زۆر لە زانایان, ھەولێر بە لانکەی مرۆڤایەتی دادەنێن, لەبەر ئەوەی ئەشکەوتی شانەدەر, لە نزیکی ئەو شارەیە و کە بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن پێش ٦٠ یان ٦٥ ھەزار ساڵ, ئەم ئەشکەوتە ژیانی تێدا بووە.

مێژووی ھەولێر بۆ (٦٠٠٠) ساڵ پێش زایین دەگەرێتەوە و ھێمای پێکەوە ژیانی نەتەوەی جیاواز و ئاینی جیاوازە. کۆمەڵێک نەتەوە و ئایينی تێدایە وەکو کورد، ئاشووری، تورکمان، موسڵمان و کرستیان, کاکەیی و یەزیدی. جگە لە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە خەڵکی سەرجەم وڵاتانی دنیا و ژمارەیەکی زۆر لە کوردی سوریا و تورکیا و ئێران و عەرەبی ناوەڕاست و باشوری عێراق لەو شارەدا زۆر بەئاسوودەیی و بەو پەڕی ئازادی دەژین
.

ھەولێر ناوەندێکی ڕۆشنبیری و شارستانیەتی کاریگەرە لە تەواوی ناوچەکەدا. ھەروەھا لەبەر ئەوەی قەڵای ھەولێر و منارەی چۆلی  (یان منارەی موزەفەرییە), لە شوێنە دێرینەکانی ئەو شارەن, بۆیە بە شاری قەڵا و منارە بەناوبانگە.

لە ساڵی ٦١٢ ی پێش مەسیح, ئیمپراتۆریەتی میدیا دامەزرا و ھەولێریش لەناو سنووری ئەو ئیمپراتۆریەتە بوو. لە ڕۆژگاری موزەفەرەدین شادا و لە دوای کۆچی دوایشی, ھەولێر دوو جار کەوتە بەر پەلاماری مەغۆلەکان, بەڵام خۆڕاگرانە و بۆ ماوەیەکی درێژ, بەرامبەر ئەو پەلامارانە وەستایەوەوە و خۆی نەدا بەدەستەوە تاکو دەوڵەتی عەباسی بەدەستی مەغۆلەکان ڕوخا, ھەر بۆیەشە ھەولێر بە شاری ھۆلاکۆ بەزێن ناسراوە.

لە دوای ڕاپەڕینەوە لە ساڵی ١٩٩١، ھەولێر بە ھۆی بوون بە پایتەختی ھەرێمی کوردستان لە سنووری سەپێنراوی عێراقدا، فراوانبوونێکی خێرای بەخۆوە بینی و بووە یەکێک لە ئارامترین و پاکترین شارەکانی بەناو عێڕاق، بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبیی ھەڵبژێردرا. گەشتیاران لە ھەموو وڵاتانی دەوروبەرەوە ڕووی تێدەکەن.

ئێستا ھەولێر ناوەندێکی سیاسی و دیبلۆماسی گرنگی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانە و, کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی زۆربەی وڵاتانی کاریگەری جیھانی تێدایە و زۆربەی وڵاتە زلھێزەکانی دونیا, وەک دەوڵەت مامەڵە دەکەن و لەو ئاستەدا دێنە ھەولێر و پێشوازییان لێدەکرێت. سەرەڕای ئەوەی کە ھەولێر وەک پایتەختێکی کوردستانی و ھەروەھا وەک ناوەندێکی گرنگ لە بڕیار و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە, بۆتە پاڵپشتێکی گەورەی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان.

 

ناوی شارەکە:

شاری ھەولێر ٢٣٠٠ ساڵ پێش مەسیح, گەشەی پێدراوە لەسەر دەستی سۆمەرییەکان. لە نووسراوەکانی پاشای سۆمەری بە ئوربیلوم( (Urbilum  ناوی ھێنراوە, بەمانای ئەوەی کە لەناو ئیمپراتۆریەتی (ئور) دا بووە. لە نووسراوە مێخییەکانی سەردەمی ئاشوورییەکان بە (ئی-کشا-کلاما) ھاتووە, واتە (ماڵی خانمەکەی ھەرێم). لە نووسراوەکانی بابلی و ئاشووری بە (ئەربائیلۆ یان ئەربیلواو) واتە (چوار خواوەندەکە) ناوی ھێنراوە, کە لە سەردەمی ئاشوورییەکان و لە سەردەمی بابلیدا, پەرستگای پەرستنی عەشتاری لێبووە.

ھەڵکەوتەی جوگرافی ھەولێر:

دەکەوێتە باشووری کوردستان - کە بە زۆر و داگیرکاری, لەگەڵ کوفە و بەسرە لێکدراوە و عێراقی لێدروست کراوە. بەشی باکوری کوردستان لکێنراوە بە وڵاتی تورکیاوە. بەشی رۆژھەڵاتی کوردستان لکێنراوە بە وڵاتی ئێرانەوە و بەشی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ شام لێکدراوە و وڵاتی ‌سوریای لێدروست کراوە.

ھەولێر دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٤٥-٣٥-٣٧) و ھێڵی درێژی (٤٣-٤٥) لەنێوان ئاوی زێی بچوک و ئاوی زێی گەورە.

سنوری ئەم شارە:

لەباکور شاری دھۆک و وڵاتی تورکیایە، لەباشور شاری کەرکوک وعێراقە، لەرۆژھەڵات شاری سلێمانی و وڵاتی ئێرانە، لەڕۆژئاوا شاری موسڵ و وڵاتی سوریایە.

شارێکی تەختە و بەرزترین شوێنی شار, قەڵاکەیەتی کە ‌بەرزییەکەی دەگاتە ٤١٤ مەتر لەئاستی دەریاوە.

 

کەشوھەوا:

زۆربەی ناوچەکانی زەوی بە پیتە, بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری دەست دەدات. کەشوھەوایەکی چوار وەرزەی ھەیە. ھاوینی گەرم و زستانی ساردە. بەڵام ھاوینەھەوارەکان کە دەکەونە سنووری شارەکە و قەزا و ناحیەکانی, ئاو و ھەو‌ایەکی فێنک و دڵگیری ھەیە.

 

ڕووبەر: ١٥,٠٧٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

 

ژمارەی دانیشتوان:١,٤٧٠,٢٨٤ بووە لە ساڵی ٢٠١٣ بە سەرجەم و قەزا و ناحیەکانەوە.

ژمارەی دانیشتوان:١,٧٥٠,٠٠٠ بووە لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەرجەم قەزا و ناحیەکانەوە.

ژمارەی دانیشتوان:٢,٠٠٩,٦٣٨ بووە لە ساڵی ٢٠١٥ بە قەزا و ناحیەکانەوە و بەھۆی ئاوارەکانی شەڕی داعشەوە زۆر زیادی کردووە.

 

 

 

 

https://ar.wikipedia.org

 

. https://mawdoo٣.com.

 

http://www.erbilchamber.org



ئه‌م بابه‌ته 710 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر