سیستەمی نێودەوڵەتی نوێى جیهان وئایندەی کورد

چەمکی سیستەمی سیاسی نێودەولەتی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەدوو شێوە بەکارھاتووە: یەکەم، وەک دەلالەتێکی وەصفی، دووەم کەئەمەیان گرنگترە، ئەویش وەک ئاراستەیەک بۆ شیکاریکردن.بیگومان کاتێ قسە لەسەر سیاسەتی دەرەوە یاخود ڕەفتاری سیاسیی یەکە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، کەواتە قسە لەسەر ئەو ژینگە دەرەکییە ( ئەنارکییە) نێودەوڵەتییە دەکەین کەپێی دەوترێ (سیستمی سیاسی نێودەولەتی) کەتیایدا سیاسەتی دەرەکی وڵاتان کارلێک دەکەن .
PM:05:35:20/09/2018
دۆسیە: نێودەوڵەتی
ئەم ھەموو گۆڕانکاری وھاوپەیمانێتییە جۆراوجۆرانە کە لەئارادان، بەڵام کورد لەھەموو کات زیاتر ڕیزەکانی پەرتەوازەیە وخاوەنی ھیچ پرۆژەیەکی ئیستراتیژی نییە، بەتایبەتی لەھەرێمی کوردستان (باشور )، نەھامەتییەکانی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندوم کەبەسەر گەلی باشوردا ھات، ڕاستی سەلماندی ئەو پەرتەوازەییەیە ، نەخوێندنەوەی تەواوی لایەنەکانە بۆ واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی کەنەیتوانی ئاڕاستەیەکی تەندروست دیاری بکەن .

لوقمان حەکیم
مامۆستاى زانکۆ

چەمکی سیستەمی سیاسی نێودەولەتی لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەدوو شێوە بەکارھاتووە:

یەکەم، وەک دەلالەتێکی وەصفی.

دووەم کەئەمیان گرنگترە، ئەویش وەک ئاراستەیەک بۆ شیکاریکردن.

بێگومان کاتێ قسە لەسەر سیاسەتی دەرەوە یاخود ڕەفتارە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، کەواتە قسە لەسەر ئەو ژینگە دەرەکییە (ئەنارکییە) نێودەوڵەتییە دەکەین کە پێی دەوترێ (سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی) کە تیایدا سیاسەتی دەرەکی وڵاتان کارلێک دەکەن
. بۆیە زۆر گرنگە ئەوە ڕوون بکەینەوە کەسیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی ڕەگەزەکانی کامانەن هەروەها چۆن لە سیاقی مێژوویدا گەشەی کردووە .

 

یەکەم: یەکە نێودەوڵەتییەکان

 کە دەڵێن یەکە نێودەوڵەتییەکان مەبەست لێی ئەو یەکە نێودەوڵەتییانەیە کە کاران، کەڕۆل وکاریگەریان بۆ دروستکردنی ڕیزبەندی نێودەوڵەتى ھەیە.       

 

دووەم: بونیاتی نێودەوڵەتی

 ئەمەش کاتێک دەردەکەویت کە لەسەر بنەمای توانای نەتەوەیی بۆ یەکە نێودەوڵەتییەکان ئەو ڕیزبەندی ئەو یەکە نێودەوڵەتییانە بکرێت. واتە لەسەر بنەمای پلە بەندی یەکە نێودەوڵەتییەکان نەسەقە نێودەوڵەتییەکانی لێ دێتە بەرهەم.

 
سێیەم: دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان

مەبەست لێی ئەو کۆمەڵە بنەما یاسا نێودەوڵەتییانەیە کەڕەفتاری یەکە نێودەوڵەتییەکان ڕێکدەخات، لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆڵە دەبینێت.

 

چوارەم: پڕۆسە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان

ئەمەش جوڵەی  یەکە نێودەوڵەتییەکانە بۆ بەدەست ھێنانی ئامانج لە ژینگەی نێودەوڵەتییدا بۆ نمونە، پڕۆسەی ھاوسەنگی ھێز، پرۆسەی ھاوسەنگی تۆقاندن...هتد. 

 

ئەگەر ئەمانە بنەمای ڕەگەزەکانی سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی بن، ئەی دەربارەی چۆنێتی سەرھەڵدانی چۆن بووە؟

 

بێگومان بیرۆکەی سیستەمی نێودەوڵەتی ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی ھەیە،کە مرۆڤ ھەوڵیداوە جیھانێکی نمونەیی باڵای مرۆڤایەتی دروست بکات. ئەو ھەوڵانە لە فەلسەفەی ڕەواقییەکانی سەردەمی یۆنانیەکانی (ئەسینا)، و یاسای گەلان کە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ئیلھامیان لێ وەرگرت، و دواتر ئەو ئاڕاستەیەش دوای بڵابوونەوەی ئاینی مەسیحی، کە لێوان لێو و پڕبووە لەئاڵۆزی وناکۆکی، سەرچاوەیان گرتووە. بەڵام ئەوە نەبووە ھۆی کاڵبوونەوەی بیرۆکەی سیستەمی نێودەوڵەتی جیھانی لەزھنی مرۆڤایەتیدا.

 

بۆیە ھەر جارە و لە قۆناغیکی مێژوویدا جۆرێک لە جۆرەکان باسی لێوەکراوە. بۆ نمونە پەیمانی کۆمەڵایەتی سەردەمی ڕۆشنگەری بەشێکە لەو بیرۆکەیە کە بنەماکەی بۆ ڕێکخستنی نێوان حاکم ومحکوم ھاتۆتە ئاراوە، دواتر ئەم پەیوەندییە لە کۆمەڵگای ئەورووپیدا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گواستراوەتەوە. لەبەر ئەوەی ئێمە باس لە گەشەی بیرۆکەی سیستەمی نێودەوڵەتی دەکەین، ناکرێ پەیماننامەی (ویستڤالیا) لەبیربکەین کە لەساڵی(١٦٤٨)لە نێوان کۆمەڵێ وڵاتی ئەورووپی واژۆ کرا، بۆ کۆتایی ھێنانی شەڕوشۆڕی ٣٠ ساڵەی ئاینی لە ئەورووپادا.  ھەروەھا گرنگە تیشکێکی خێرا بخەینە سەر قۆناغەکانی گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی بەم شێوەیەی خوارەوە:

 

قۆناغی یەکەم:- (١٨١٥-١٩١٤) ماوەی نێوان دوای کۆتایی ھێنان بەسەرەڕۆییەکانی ناپلیۆن، لەئەنجامدا کۆنگرەی بەناوبانگی (ڤییەنا) جارێکی دیکە سیستەمە سیاسییەکان و ھاوسەنگی ھێزی بۆ وڵاتانی ئەورووپا گەڕاندەوە.

 

قۆناغی دووەم:-ماوەی نێوان (١٩١٩-١٩٤٥) واتە ماوەی نێوان ھە ردوو شەڕی جیھانی یەکەم ودووەم، ئەگەرچی ئەم قۆناغە بەرھەمی کۆنگرەی ئاشتی (ڤێرسای) فەرەنسییەکانە، بەڵام قۆناغێکی ناجێگیر وپڕ ململانێیە، چونکە ھەر زوو ئەڵمانیا ھەوڵی گۆڕینی ئەو دۆخە سەپێنراوەی دا کە بەسەریدا لە (کۆنگرەی ڤێرسای) چەسپاندرابوو، ئەمه‌ و دەرکەوتنی وڵاتی یابانیش وەکو ھێزێکی نوێی نێودەوڵەتی، بووە ھەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کە ئەویش تازە ھاتبووە نێو گۆڕەپانی ململانێی سیاسەتی نێودەوڵەتی و کۆتایی بەقۆناغی گۆشەگیری مەبدەئی (مۆنرۆ) ھێنابوو.

 

قۆناغی سێیەمی سیستەمی نێودەوڵەتی:(١٩٤٥-١٩٩٠) کەپێی دەوترێ قۆناغی (شەڕی سارد) یاخود قۆناغی دووانەیی جەمسەر کە دەرئەنجامی شەڕی جیھانی دووەم ھاتە ئاراوە، لە نێوان یەکێتی سۆڤێتى لەلایەک، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەکی ترەوە.

 

قۆناغى چوارم: قۆناغی سیستمی نێو دە وڵە تی نوێ(مرحلة النظام العالمی الجدید): بێگومان ئەم قۆناغە لەسەرەتای ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووە ئامادەکاری بۆکرا، بە تایبەتی دوای گەیشتنی سەرۆکی ئەوسای یەکێتی سۆڤێت "میخائیل غورباتشۆف" بەدەسەڵات. دەرئەنجام بە ڕوخانی یەکێتی سۆڤێت کۆتای ھات، بلۆکی سۆشیالیزم ھەرەسی ھێنا، بووە هۆى ھاتنە ئارای سیستەمێکی تاک جەمسەری لە 20 ى ئەیلول لەلایەن سەرۆکی ئەوسای ئەمریکاوە جۆرج بۆشی باوک لە شاری "مینسک"پایتەختی بیلاڕوسیا هەروەها بانگەشەی دەستپێکردنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی نوێی جیھانی ڕاگەیاند بەشێوەیەکى فەرمی.

 

ئەگەر چەمکی سیستەمی نێودەوڵەتی نوێی جیھانی مەبەست لێی ئەوە بێت کە گۆڕانکاری لە سیستمەکەدا ھاتۆتە ئاراوە، ئەوە تەندروستە، بەڵام ئەگەر ئەم سیستەمە جیھانییە نوێیە بەمانای ھاتنە ئارای سەقامیگری وبەرپاکردنی ئاشتی سەرانسەر 
بگەێنێت،  ئەوە پێم وایە دەچێتە خانەی خەیاڵەوە، هەروەها لە جێگای خۆیدا نییە ئەو چەمکە بەو شێوەیە بەکاربهێنرێت
. چونکە ئەم سیستەمە نوێیە بەسەرکردایەتی وڵاته‌ یەکگرتووەکان، تەنھا لە پرۆسەی یوگسلاڤیای جاران توانی بێ بەربەست، ڕێگە لەجینۆساید لەو وڵاتە بگرێ لەلایەن "صربیەکانەوە " وە دەرئەنجام لەتبوونی "یوغسلافیا"ی بۆ چەند وڵاتێک لێکەوتەوە. بەڵام زۆری پێ نەچوو بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی ١١ى سیبتێمبەری ٢٠٠١ و دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وعێراق وئەو ئیستینزافە ماددی ومەعنەویە، لە وڵاته‌ یەکگرتووەکانی ئەمریکا توشی بەربەستی گەورەتر بوویەوە. دۆخی سستەمی نێودەوڵەتی ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتییدا گرفت وململانێی خوێناوی بەخۆیەوە دەبینێت بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە جگە لەھاتنەوە ئارای ڕوسیا جارێکی دیکە بۆ گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتیی بەتایبەتی لە کێشەی دورگەی قرم وکێشەی ئۆکراین ودواتر قەیرانی خوێناوی وململانێی سوریا، ھاوکات دەرکەوتنی وڵاتی "چین"وەک ھێزێکی ئابوری گەورە سەلماندنی ئەو ڕاستیەن.

 

بۆیە وێناکردنی ئەو دۆسێیانەی کە لەبەردەم ئیدارەی ئیستای ئەمریکادان کێشەی کۆریای باکور نمونەیەکى دیارە ئەگەرچی ئێستا ھەنگاو بەرەو چارەسەر دەنرێت دیارە ئەویش لە ئەنجامی فشارێکی بێ شوماری ئەمریکا وھاوپەیمانەکانی "یابان، کۆریای باشور" له‌سەر کۆریای باکور، ھێشتا دیارنییە چۆن کۆتایی بەو کێشەیە دێنێت.

 

کێشەی داگیرکردنی دورگەی قرم وئاڵۆزیەکانی ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین لەلایەن ڕوسیاوە کێشەیەکی گەورەیە بۆھاوپەیمانی ناتۆ و ئەورووپا بە گشتی.  بەڵام ئێستا کێشەی گەورە ئەو ململانێ خوێناوییەیە کە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدایە، کێشەی ئەتۆمی ئێران، نفوزی ئێرانە لە سوریا، عێراق، یەمەن، لوبنان، شەری بازرگانی وباج وگومرک خەریکە دەبێتە کێشەیەکی گەورە لەنێوان ئەمریکا و وڵاتی چیندا، کە ئایندەی ڕۆشن نییە. قەیرانی دیپلۆماسی نێوان بەریتانیا – ڕوسیا ھیچی کەمتر نییە لە ئاڵۆزییەکانی نێوگۆرەپانی نێودەوڵەتی. لێرەدا بەگرنگی دەزانم باس لەوە بکەم کە ھەر لە دوای ساڵی ٢٠١١ بەدواوە، واتە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا، دەرخستەی ئەوەن کە ئیدارەی ئەوسای ئەمریکا "ئۆباما" جۆریک لە پاشەکشێی لە سیاسەتی دەرەوەیدا وناڕوونی لە ستراتیژیەتی ئەمریکای پێوە دیارە .ھاوکات وڵاتی ڕوسیا و ئێران ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە، دەکرێ بڵێین رێککەوتنێکی ڕۆڵ بینین لە نێوانیاندا ھەیە بەوەی ئەو بۆشاییە نفوزە بۆ خۆیان پڕبکەنەوە. دەرئەنجامیش بەواقیعی ڕوویدا.

 

کەواتە ئێستا بەھاتنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا "ترامپ " و تیمەکە بەتایبەتی دوای گۆڕانکارییەکانی لەپۆستە گرنگەکانی"بەرگری و دەرەوەدا"  دەکرێ وێنای خۆئامادەکردنێکی گۆڕانکاری گە ورە لە ناوچەکەدا وێنا بکەین کە ئێران میحوەرەکەیەتی. کەش وھەوای سیاسەتی نێودەوڵەتی سەبارەت بەگەمارۆدانی وڵاتی ئێران جۆرێک لە جۆرەکان ساڵانی پێش ڕوخانی عێراقمان بیر دەێنێتەوە، ئەو ڕێککەوتنانەی کە ڕوودەدەن :

١- رێککە وتنی چارەسەرکردنی کێشەی ئەمەریکا وکۆریای باکور.

٢- رێککەوتنی ئیسرائیل – ڕوسیا – ئەمریکا لەباشوری سوریاوە بۆ دورخستنەوەی ئێران وھاوپەیمانەکانی لەسەر سنووری (سوریا-ئیسرائیل).

 

دەرئەنجامەکانی ھەشت کۆبونەوەکانی بەناو (ئەستانە)

 

گفتوگۆکانى ڕوسیا، تورکیا، ئێران لەبنەڕەتدا بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی ململانێی سوریایە کە وڵاتی ڕوسیا خاوەنی بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیەیە.  ئێستا تەنھا ناوچە شەڕی قورسی لێ چاوەروان بکرێ "ئیدلب" ە ئەویش ڕژیمی بەشار ئەسەد خەریکی ئامادەکاری سەربازییە بۆ ئەو شەڕە.  کەواتە بەکۆتای ھاتنی ململانێی سوریا ڕەنگە دەرگای شەڕێکی گەورە بکاتەوە ئەویش بۆ لە ناوبردنی نفوزی ئێرانە لەو چوار پایتەختەی ڕۆژھەڵاَتی ناوەڕاست. دەسپێکی لە دایکبوونی سیستەمی نێودەوڵەتیی نوێ بەر قەرار دەکات.

 

ئەو سیستەمەش بەرەو فرەلایەنی "تعدد" دەچێت "ڕوسیا، چین، ئەمریکا" بێگومان بەشداری بوونی ڕوسیا وچین ئەمری واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی سەپاندی کە لەدوای ١١ ی سێپتێمبەرەوە دەستی پێکردووە. ڕەنگە تەمەنی ئەم سیستەمە کورت بێت چونکە ئەمریکا ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی سەدەی  بیست ویەک سەدەی ئەمریکا بێت. هاوکات ئەو دۆخە نوێیەش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا سیستەمێکی ھەرێمی نوێ بۆ ناوچەکە بەرقەرار دەکات کە تیایدا ئیسرائیل ڕۆڵی باڵا دەبینێت.  ھەر بۆیە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە، تورکیاش بە شداری پێکراوە و ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت، وھێزی ھاوپەیمانی ناتۆ چالاکتر دەکرێت دووریش نییە بەو بسپێردرێت.

 

سەبارەت بەئایندەی کورد بەگشتی لەم ھاوکێشەیەدا، پێم وایە لە بەردەم ھەڕەشەیەکی گەورەدایە، ئەو چاوەڕوانییەی بۆ ھاتنەدی لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە بۆ کورد لێی دەکرا دوورنییە پێچەوانە ببێتەوە، تەنانەت دەستکەوتەکانیشی لە بەردەم ھەڕەشەی گەورەن. چونکە ھاوکێشەکان بە تایبەتی ڕێککەوتنەکانی ئێران، ڕوسیا، تورکیا بەقازانجی کورد نەبوون بگرە بوونە ھۆی گۆڕینی ھاوکێشەی باکوری سوریا واتە ڕۆژئاوای کوردستان. دەشێت سەوداکردنی ڕوسیا دەرئەنجامی ئەوھەشت کۆبوونەوانەی لەگەل ئێران وتورکیا ئەم ئەنجامانەى خوارەوە بن:.

 

١- ڕێککەوتنی ڕوسیا، ئەمریکا، ئیسرائیل بۆ باشوری سوریا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل وپاراستنی سنوری جۆلانە .
٢- ھاوکات رێککەوتنی ڕوسیا، تورکیا ودەرئەنجام گۆرینی ھاوکێشەی باکوری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)، کە سەرەتا لەباکوری حەلەب ودواتر لەناوچەی (ئەعزاز و باب) پاشان داگیرکردنی عە فرین بوو.

 

ڕەنگە ڕووداوە کانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکوک، خورماتوو شوێنەکانی دیکە، بەشێکی دانەبڕاوی ئەو دۆخە بێت کە لەدوای (٢٠١٥) وە ڕوسیا –ئێران –تورکیا ئامادەکاری بۆدەکەن، ئێستا ھەڕەشەکانی تورکیا لەسەر باشوری کوردستان، درێژە پێدرەی ئەو گەمە ھەرێمی ونێودەوڵتییەیە کە ھێشتا کۆتایی نەھاتووە دواترینیان ڕێککەوتنی ئەمریکا- تورکیایە سەبارەت بەمەنبەج دووریش نییە لەئایندەدا شوێنی دیکە. کەواتە چاوپۆشی کردن لە تورکیا بێ نرخ نییە وکورد قوربانییەکەیەتی ئەوەش لە پێناو وێناکردنی سیستەمێکی نوێ ھەرێمی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بێگومان بەدژی کورد دەشکێتەوە.

 

ئەوەی جێگەی داخە، ئەم ھەموو گۆڕانکاری وھاوپەیمانێتییە جۆراوجۆرانە کە لە ئارادان، بەڵام کورد لە ھەموو کات زیاتر ڕیزەکانی پەرتەوازەیە وخاوەنی ھیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی نییە، بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان (باشور )، نەھامەتییەکانی دوای ئەنجامی ڕیفراندوم کە بەسەر گەلی باشوردا ھات، ڕاستی سەلماندی ئەو پەرتەوازەییەیە ، نەخوێندنەوەی تەواوی لایەنەکانە بۆ واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە نەیتوانی ئاڕاستەیەکی تەندروست دیاری بکەن .



ئه‌م بابه‌ته 657 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر