ستراتیژی کۆنترۆڵکردنی تەنگەکان

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەوڵاتە گرنگەکانی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست کەخاوەن ستراتیژیایەکی زۆر دوورمەوا وگەورەی ھەیە لەناوچەکەدا، ھەمیشە ئێران خەون بەدووبارە بوونیادنانەوەی ئیمپراتۆریەتێکی بەھێز دەبینێت کەشکۆکانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی بگەڕێنێتەوە، دووبارە فارس دەسەڵاتی بەسەر ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە .
PM:05:12:20/09/2018
دۆسیە: هەرێمایەتی
کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو ھێزیکی ناوچەیی گەورە ھەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی دەدات لەناوچەکەدا بەشێوەیەکی کەھەژموونی بەسەر سەرجەم وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست وئاسیای ناوڕاست هەبێت.

میران حسێن
نوسەر وڕوناکبیر

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەوڵاتە گرنگەکانی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست کەخاوەن ستراتیژیایەکی زۆر دوورمەوا وگەورەی ھەیە لەناوچەکەدا، ھەمیشە ئێران خەون بەدووبارە بوونیادنانەوەی ئیمپراتۆریەتێکی بەھێز دەبینێت کەشکۆکانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی بگەڕێنێتەوە، دووبارە فارس دەسەڵاتی بەسەر ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە .

 

خەونی دووبارە بوونیادنانی ئیمپراتۆریەتی فارس لەناوچەکە زاتی ئیمرۆ نییە بەڵکو زیادەڕەویی نییە ئەگەر بڵێین کەسەدان ساڵە کاری بۆ دەکرێت، سەرجەم سیستمە حوکمڕانییەکانی ئێران سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕیان بەڵام ھەموویان کۆکن لەسەر یەک ئامانج کەدووبارە بوونیادنانەوەی دەوڵەتی فارسی مەزنە، ھەر لەقاجارەکانەوە تا بنەماڵەی پەھلەوەی تا دەگاتە کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەر سیستەمێکی حوکمڕانی ھاتبێت شێوازێکی تایبەتی ھەبوو بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ئەوەی گرنگە لەئێستادا بزانین کەسیستەمی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕیگای شیعەگەرایەتییەوە ھەوڵی گەیشتن بۆ ئەو ئامانجە دەدات کەئیمپراتۆریەتی فارسی بونیاد بنێتەوە وشیعەکان لەناوچەکە بکات بەئامڕاز بەمەبەستی جێبەجێ کردنی ئەو خەونە، چەندین پلانی گەورەی داناوە بۆ جێبەجی کردنی ئەو ستراتیژیایە وەکو زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاوریشم کەئێران بەئاسیای ناوڕاست وچین دەبەستێتەوە وبونیادنانی ھیلالی شیعی کەئێران بەسوریا وعێراق ولوبنان دەبەستێتەوە، کۆنترۆل کردنی تەنگەکانی وڕیرەوەییە دەرییایەکان .... ھتد.

 

تەنگەکان .. ئامانجێکی ئێرانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی جیھان

 

سەرەڕای تێپەربوونی چەند سەدەیەک بەسەر شۆرشی پیشەسازی لەجیھاندا ودروستبوونی چەندین شێوازی نوی بۆ گواستنەوە وەکو ھێڵی ئاسنین وگواستنەوەی ئاسمانی وزمینی بەڵام ھەتا ئێستا ڕێگای گواستنەوەی دەریایی گرنگی ماوەتەوە، بەڵکو گرنگی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەھۆی ئەوەی چەندین کاڵای وەکو نەوت وغازی سروشتی وبەرھەمە قورسەکانی ھێشتا پشت دەبەستێت بەدەریاکان زیاتر لە شێوازی دیکە.

 

ئێران یەکێکە لەو ھێزانەیە کەھەمیشە چاوی بڕیوەتەوە ڕێڕەوە دەریایەکان لەناوچەکەدا، خەونی ئەوەی ھەیە کەدەستی بگاتە تەنگەکان وبەندەرە گەورەکان لەناوچەکەدا بەھۆی گرنگی ئەو شوێنە ھەستیارانەدا لەجێھاندا، ھەمیشە ئێران بەدرێژایی مێژوو خەونی ئەوەی ھەیە ڕۆژێک لەڕۆژان کۆنترۆڵی ڕێڕەوە دەریایەکانی وتەنگەکان وبەندەرە گەورەکان بکات.

 

ئێران چەندین ئامانجی ھەیە لەوباریەوە :-

١-            کرۆنترۆڵکردنی ڕێگا بازرگانییەکان لەناوچەکە.

٢-            سەپاندنی ھەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا.

٣-            بەکارھێنانی  بۆ ئامانجی سەربازی .

٤-            کردنەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرھەم وکاڵای ئێرانی.

٥-            دەرکەوتنی ئێران وەکو ھێزێکی گەورە لەجیھاندا.

٦-            ھەنگاوێکی گرنکە لەدروستکردنی دەوڵەتێکی فارسی زلھێز.

 

 

تەنگەی ھورمز

 

یەکێکە لەگرنگترین تەنگەکان لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەرەیەک لەکەنداوی فارس بەدەریای عەرەب وزەریای ھیندی دەبەستێتەوە وبەشی باکوری تەنگەکە پارێزگای بەندەر عەباسی ئێرانە وباشوری پارێزگای راس موسندەمی سەلەنتەنی عومانە و٤٠%  نەوتی جیھان بەو تەنگەیدا تێپەر دەبێت، ڕۆژانە ٢٠-٣٠ کەشتی نەوتی پەیایدا تیپەر دەبێت واتە ھەر شەش خولەکدا یەک کەشتی پیایدا تێپەر دەبێت، تاکە ڕێڕەوی دەریایی عێراق وقەتەر وبەحرێن وکوێتە و٨٨% لەنەوتی عەرەبستانی سعودی و٩٨% نەوتی عێراق بەو تەنگەیدا تیپەر دەبێت، پانی ئەو ئەوە تەنگەیە ٥٠ کیلۆمەترە.

 

ئەوە تەنگەیە چەندین دوورگەی تیایدا ھەیە کەپێگەیەکی ستراتیژییان ھەیە ھەندێکیان سەر بە ئێرانە وھەندیکی تریان خاونداریتیان دەگەرێتەوە بۆ عوممان وھەندێکیان ترییان خاونداریتیان دەگەریتەوە بۆ ئیمارات، ئێران لەساڵی ١٩٧١ لەسەردەمی مەحمەد رەزا شا بەھلەوەیەوە سێ دورگەی ستراتیژی ئیماراتییان کۆنترۆڵ کردووە ( تەنبی کوبرا – تەنبی سوغرا – ئەبوموسا) وسەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئیمارات داوای ئەو سێ دوورگەیەی کردووە وپێ وایە ئێران داگیری کردووە، بەڵام دوای روخانی شا، ئێران زیاتر سوورە لەسەر ئێرانیبوونی ئەو دوورگانە، سەرەڕای ئەوەی یاسای نێودەولەتی مافی ھاتوچۆی ئازاد کردووە لەسەرجەم تەنگە دەریاییەکان بەڵام مەبەست لەکۆنترۆلکردنی ئەو دوورگانە ئەوەیە ئێران باڵادەست بیت لەکۆنترۆل کردنی ئەو تەنگەیە وتوانای ئەوەی ھەبێت لەھەر کاتێکدا دایبخات .

 

 لەھەشتەکانی سەدەی ڕابردوو لەکاتی شەری عێراق وئێران چەندین جار ھەوڵی سنوردارکردنی ھاتوچۆی دا، لەساڵی ٢٠١٢ ھەڕەشەی داخستنی  کرد. وچەندین جار ھەڕەشەی داخستنی ئەو تەنگەیە داوە.

 

تەنگەی بابى مەندەب

 

گرنگترین تەنگەی دەریاییە لەڕۆژھەڵاتی ناوڕاست، ھەریەک لەدەریای سوور ودەریای ناوڕاست بەکەنداوی عەدن وزەریای ھیندی دەبەستێتەوە، دەکەوێتە نێوان یەمەن کەبەشی ئاسیایی تەنگەکەیە وجیبۆتی وئەرتیریا  کەبەشی ئەفریقای تەنگەکەیە .

 

گرنگی ئەو تەنگەیە لەوەدایە  ئاسیای وئەفریقا وئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە وپاش کردنەوەی کەناڵی سویس  زۆربەی ھاتوچۆی دەریایی نێوان ئاسیا وئەفریقا وئەورووپا بەم تەنگەیەدا تێپەر دەبێت، داخستنی تێچووی کاڵاکان کەپیایدا تێپەر دەبێت بەرز دەکاتەوە بەھۆی ئەوەی ئەو تەنگەیە ڕێگای گواستنەوەی لەنێوان ھەر سێ کێشوەرەکە کورت دەکاتەوە وداخستنی ڕێڕەوی بازرگانی ناچار دەکات ڕێگای دیکە بدۆزنەوە بۆ تێپەر بوونی کەشتەکانیان.

 

ئێران وبابی مەندەب

 

مێژووی ھەوڵەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵ کردنی یەمەن زۆر کۆنە ودەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان وبەردەوام بوو تا سەرھەڵدانی ئیسلام .

 

بەڵام دووبارە دروستبوونی ھەوڵەکانی ئێران بۆ کۆنترۆل کردنی بۆ ھەشتاکان ونەوتەکان سەدەی رابردوو دەگەرێتەوە کاتیک ئیران بایەخیکی زۆری دا بەشیعەکانی یەمەن،  لە ساڵی ١٩٩٢ بزوتنەوەی گەنجان باوەڕدار دامەزرا کەدواتر بوو بەبزوتنەوەی ئەنسار اللە  کە بەحوسیییەکان ناسراون ، سەر بەئاینزا زەیدییەکانن کەیەکێکە لەڕێچکە ئایینییەکان کەبەبەشێک لەشیعە دەناسرێت سەرەڕای بوونی جیاوازی لەنێوان زەیدی وشیعەی ئیمامی .

 

ئامانجی سەرەکی ئێران لەپشتگیری کردنی حوسییەکان کۆنترۆلکردنی تەنگەی بابى مەندەبە کەیەکێَکە لەگرنکترین تەنگەکانی جیھان، وبڵاوکردنەوەی ھەژموونی ئێران لەناوچەکە، ودروستکردنی دەسەڵاتێکی ھاوشێوەی حزبولڵای لووبنانی لەیەمەن، بەشێوەیەکی بەردەوام کۆماری ئیسلامی ئێران پشتگیری مادی ومەعنەوەی وسەربازی دەدات بەحوسییەکان تا ئەوە ڕادەیەی کەتوانیان بەشێوەیەکی  ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی یەمەن بکەن وپایتەختی وڵاتی یەمەن لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە لەساڵی ٢٠١٤وە وھەتا ئێستا، لەبەرامبەردا ئەمریکا وعەرەبستانی سعودی ھەڵمەتێکی سەربازی ھاوبەشییان دژی حوسییەکان ڕاگەیاند بەناوی (عاصفة الحزم)  کەدەیان وڵاتی ئیسلامی  پشتیوانیان لێکرد بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو رێکخراوە، لەبەرامبەردا ئێران بەھەموو شێوەیەک پشتگیری لەو ڕێکخراوە دەکات تا ئەو ئاستەی کە لەئێستادا خاوەن موشەکی بالستیە وچەندین جار وڵاتانی کەنداو کردۆتە ئامانج.

 

ئەنجام

 

کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو ھێزیکی ناوچەیی گەورە ھەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی دەدات لەناوچەکەدا بەشێوەیەکی کەھەژموونی بەسەر سەرجەم وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست وئاسیای ناوڕاست تاسنورەکانی چین بڵاوبکاتەوە کە لەژێر چەتەری شیعەگەرایەتی ھەوڵی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی فارسی – ساسانی -  دەدات وبەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بنەمای ھەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دەدات کە ئامانج لێ گەیشتن بەو خەونەیە، شەڕی داھاتووی ئێران شەڕِی ھەژموون دەبێت بەسەر ناوچەکەدا، کەشەڕێکی سیاسی – ئاینی – سەربازی – ئابووری – ستراتیژییە



ئه‌م بابه‌ته 6128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر