کۆسپەکانی بەردەم کاری راگەیاندن لەکوردستان: لێکدانەوە وشیکردنەوە

بارودۆخی کاری راگەیاندن لەجیھاندا، لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێک جیاوازەو لەقۆناغێکیشەوە بۆ قۆناغێکی تر گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بۆیە کاتێک کەباس لەکاری ڕاگەیاندن یان کاری میدیایی دەکرێت، شوێنەکە وقۆناغەکەش سەنگی یەکلاکەرەوە وکاریگەرن بۆ سەر ئەو بارودۆخەی کەمیدیا پێیدا تێدەپەڕێت.
PM:05:02:20/09/2018
دۆسیە: توێژینەوەی میدیا
ڕاگەیاندنی کوردی لەنێو تۆنێلێکدایە کەتەنھا ڕووناکییەکەی زۆر کز لەو سەری تۆنێلەکە بەدییدەکرێت

د. کاروان علی
ڕاوێژكاری چاوی كورد بۆ كاورباری میدیا

بارودۆخی کاری راگەیاندن لەجیھاندا، لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێک جیاوازەو لەقۆناغێکیشەوە بۆ قۆناغێکی تر گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بۆیە کاتێک کەباس لەکاری ڕاگەیاندن یان کاری میدیایی دەکرێت، شوێنەکە وقۆناغەکەش سەنگی یەکلاکەرەوە وکاریگەرن بۆ سەر ئەو بارودۆخەی کەمیدیا پێیدا تێدەپەڕێت. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، ئەگەر باسی بارودۆخی کاری ڕاگەیاندن بکەین لەدوو شوێنی جیاواز لەقۆناغی ئەمڕۆدا، بۆ نمونە لەبەغداد و لە لەندەن، ئەوا دوو بارودۆخی زۆر جیاواز لەزۆر ڕووەوە بەدیدەکرێن، یەکێکیان بارودۆخی تاڕادەیەکی زۆرباش و لەبار لەڕووی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی کاری ڕاگەیاندن، بارودۆخی ئابوریی، پیشەیی وپڕۆفێشناڵیزم، زمانەوانی، ئیتیک وژیانی تایبەت وکوالێتی و.... ھتد، وئەوەی شوێنەکەی تریشیان کەبەغدایە، بارودۆخێکی تاڕادەیەکی زۆر خراپتر ونالەبارتر لەڕووی ئازادیی ڕادەربڕین، ئیتیک، پڕۆفێشناڵیزم وکوالێتی وچەندین لایەنی تر، باڵی بەسەر میدیادا کێشاوە. بۆ شوێنەکەش، ھەمان ئەو شاری بەغدایە، بەبەراوردکاریی لەنێوان قۆناغی ئێستای بەناو "عیراقی نوێ" لەگەڵ بەغدای سەردەمی بەعس بەر لە ٩-٤-٢٠٠٣دا "عیراقی جاران" ، بەھەمان شێوە جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت، ئێستا بارودۆخی میدیا کراوەتر وکوالێتیی بەرزتر وفرەیی تر وباشترە لەسەردەمی بەعس، ھۆکاری ئەمەش بەشێکی بۆ بوونی فرەیی سیاسیی وئەو فەزا "نیمچە دیموکراسییە" یان ئەو دیموکراسییە ڕووکەشە دەگەڕێتەوە کەتاڕادەیەک بوونی ھەیە لەعیراق وبەشەکەی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای نوێی میدیا وئینتەرنێت ودروستبوونی ژێرخانێکی باشتری میدیایی کەئەمەشیان بەھۆی کرانەوەی عیراق بەڕووی دنیا وباشتربوونی باری ئابورییەکەی بەبەراورد بەساڵانی بەر لەساڵی ٢٠٠٣، ھاتۆتەئارا.

 

ھۆکارەکان زۆرن بۆ ھاتنەئارای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەسێکتەری ڕاگەیاندن لەعیراقدا بەدییدەکرێن، بەڵام ئەمە باسی سەرەکی ئەم بابەتەمان نییە ولەسەری ناوەستین، بەڵکو لەم بابەتەدا، ھەوڵدەدەین گرنگترین ئەو کۆسپ وگرفتانە بخەینەڕوو کە لەم قۆناغەدا، بەرۆکی کاری ڕاگەیاندنی گرتووە لەکوردستان. سوودی خستنەڕووی ئەم گرفتانە لەلایەک بۆ ئاشناکردنی خوێنەران وکادیرانی بواری ڕاگەیاندن وکەس ولایەنە پەیوەندیدارەکانە بەو کۆسپ وگرفتانە ولەلایەکی تریش بۆ ئەوەیە خاڵی لاواز وکەموکوڕییەکان دیاریی بکرێن بەمەبەستی ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان ونەھێشتنیان کەئەمەش دەبێتە مایەی باشکردنی بارودۆخی کاری میدیایی لەکوردستان.

 

ئامادەکاری ئەم بابەتە، لەسۆنگەی ئەزموونی بیست ساڵەی کارکردنی خۆی لەسێکتەری ڕاگەیاندن وکەناڵە جیاوازەکانی میدیاو ھەروەھا ئەزموونی ئەکادیمیی، بەپشت بەستن بەمێتۆدی تێبینی کردن وسەرنجدان(Participant observation) لەکەموکوڕیی وخەوش ولایەنە لاوازەکانی کاری ڕاگەیاندن، ئەم بابەتەی ئامادەکردووە.

 

 

٢- سێکتەری میدیا لەقۆناغی گواستنەوەدا

 

بەشێکی ئەو گرفت وکۆسپانەی لەکاری ڕاگەیاندن لەکەیسی کوردستان وعیراقدا ھەن، ھاوبەشن و بوونیان ھەیە لەسەرجەم ئەو وڵاتانەی لەحاڵەتی گواستنەوەدان، واتا لەحاڵەتی گۆڕانگاریی وگواستنەوەدان لەسیستەمێکی دیکتاتۆری، تۆتالیتار وشمولیی بەرەو سیستەمی دیموکراسی وحاڵەتی کرانەوەدا(Transition to democracy). خەڵکی عیراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە، دەیان ساڵ لەسایەی حوکمی دیکتاتۆری وتاکە حزبدا ژیاون. سەرجەم ئەو حکومەت و ڕژێمانەی لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق لەبەغدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، چ ئەوانەی لەسەردەمی ئینتیداپی بەریتانیادا (British mandate) پشتیوانیی بریتانیایان ھەبووە و چ ئەوانەی دوای کودەتا بەسەر رژێمی پاشایەتیی لەساڵی ١٩٥٨دا حوکمیان کردووە، ھیچ کامێکیان دۆست وپشتوپەنای میدیا نەبوون وھەندێکیان لەسەرەتادا وەک پشتیوانێکی ئازادیی دەربڕین وکاری ڕاگەیاندن خۆیان دەرخستووە، بەڵام ھەرکاتێک گوتاری میدیایی لەبەرژەوەندیی ئەوان نەبووبێت، ئەوا باجی قورسیان بەسەر رۆژنامە وگۆڤارەکاندا سەپاندووە (سەردەمی حوکمڕانیی پاشایەتی وحوکمڕانیی عەبدولکەریم قاسم بەنمونە)، ئەمە زیاتر بەسەر رۆژنامەگەریی کوردستانیدا ھاتووە بەھۆی ڕێبازیی نەتەوەییەوە وناکۆک بوونی لەگەڵ سیاسەتی رژێمەکانی بەغدا. سەبارەت بەتەلەڤزیۆن و ڕادیۆشەوە، ئەم دوو ئامرازە میدیاییە ھەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە خاوەنداریی کراوە وبەڕێوەبراوە تا ساڵی ٢٠٠٣و بۆیە ھەردەم ھاوتەریب بووە لەگەڵ سیاسەتی ڕژێمە حوکمڕانەکانی بەغدا. ھەندێ ڕژێم وحکومەتی تریش لەعیراق، ھەر لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵات، دژایەتیی خۆیان بەرامبەر ڕاگەیاندن وئازادیی ڕادەربڕین بەکردەوە ڕاگەیاندو ھەرچی رۆژنامە وگۆڤاری تاکە کەسی ولایەنە سیاسییەکانیش ھەبووە دایانخستووە (وەک چۆن لەدوای کودەتای ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣دا ڕوویدا).

 

بەگشتی، ئاڕاستەی بڕیار وکارەکانی سیستەمی سیاسی ودەسەڵات لەبەغدا، بەدرێژایی دروستبوونی دەوڵەتی عیراق تا ساڵی ٢٠٠٣، ھەمیشە بەپێچەوانەی ئازادیی بیڕوڕا وئازادیی کاری ڕاگەیاندن بووە. ئەم دەیان ساڵەی ململانێ وسەردەستەیی ڕژێمی سیاسی وحوکمڕانیی عیراق بەسەر کاری ڕاگەیاندندا، میرات وکەلتورێکی ئەوەندە قوڵی لەنێو سروشتی کۆمەڵ وتاکەکانی عیراق وکوردستان جێھێشتووە، کەسەرباری کەلتورە پارێزە ئایینی وخێڵەکییەکەی عیراق، ئەوەندەی تر کاری ڕاگەیاندن وئازادیی ڕادەربڕینی دژوارترو ڕێگەکەشی دڕکەڵانی تر کردووە. لەبەرئەوە کاتێک ھەڵسەنگاندن بۆ میدیای کوردستانیی وعیراقیی دەکرێت، دەبێ ھەم بارودۆخە سیاسی، ھەم ئایینی ومەزھەبی وکۆمەڵایەتی وئیتنییەکەشی لەبەرچاو بگیرێت. ئەمەش وا دەکات، ھەمیشە بارودۆخی کاری ڕاگەیاندن و ئازادیی ڕادەربڕین لەعیراق، سروشتێکی جیاوازی ھەبێت بەراورد بەبارودۆخی ڕاگەیاندن لەزۆربەی ئەو وڵاتانەی تری جیھانی تازە پێگەیشتوو یان دیموکراسییە نوێکان کە بەحاڵەتی گواستنەوە بەرە ودیموکراسییدا تێپەڕیوون و ھەروەھا تایبەتمەندیی خۆی ھەبێت. واتا، مەرج نییە ھەموو ئەو کێشە وگرفتانەی لەکوردستان وعیراقدا بوونیان ھەیە لەھەر وڵاتێکی تر کە لەقۆناغی گواستنەوەدایە بەرەو دیموکراسیی یان ئەو قۆناغەی بینیوە، ئەم کێشە وگرفتانەی ھەبێت یان ھەیبووبێت، بەڵام چەندین خاڵی ھاوبەشیان ھەیە و لەھەندێ جومگەدا لێکچوونییش ھەن.

 

تەنانەت لەکوردستان وعیراقی عەرەبییشدا جیاوازیی ھەیە لەبارودۆخی ڕاگەیاندن بەھۆی بوونی جیاوازیی لەپێکھاتەی نەتەوەیی وکۆمەڵایەتی وئایینی ومەزھەبییەوە. بۆ نمونە بەھۆی ئەوەی ململانێی مەزھەبیی ئایینی لەھەرێمی کوردستاندا زۆر کەمە بەبەراورد لەگەڵ ناوچە عەرەبییەکانی عیراق، ئەوا بەربەستێکی بەردەم کاری میدیایی کەمترە لەھەرێمی کوردستان وەک لەعیراق. نەک ھەر ئەوەندە، بەڵکو بەھۆی ئەوەی تاڕادەیەک بارودۆخی ئاساییش لەھەرێمی کوردستان بەبەراورد بەناوچەکانی تری عیراق جێگیرترە، بەھەمان شێوە ئەمە وایکردووە ئەم بەربەستە ئەگەرچی بوونێکی کاریگەریی ھەیە لەھەرێمی کوردستان، بەڵام بەبەراوورد بەبەشەکانی تری عیراق، ھێشتا ھەرێمی کوردستان باشترە. بەپێچەوانەشەوە، یەکێک لەگرفتە سەرەکییەکانی میدیا لەھەرێمی کوردستان زمانە، بەجۆرێک ھێشتا کورد خاوەنی ڕێنووسێکی یەکگرتوو نییە و ھەر کەناڵێکی میدیایی بەئاوازو ویستی خۆی ڕێنووس بەکاردەھێنێ وبوونی شێوەزاری جیاش وەک سۆرانی، کرمانجی، زازایی، ھەورامی و ئەوانی تر، ئەوەندەی تر کاری میدیایی کوردی ئاڵۆزکردووە، وایکردووە لەکوردستاندا بەتایبەتی لەمیدیای نووسراودا، زمانێکی نیشتمانیی ستاندارد دروست نەبێت وھەندێک لەکەناڵە بیستراو وبینراوەکانیش ناچاربن لەبری یەک یان دوو زاراوە، بەچەند زاراوەیەک پەیامەکانیان بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن ڕووماڵی تەواوی ناوچەکانی کوردستان وزۆربەی زاراوە سەرەکییەکان بکەن.

 

٣- بەربەستەکانی بەردەم کاری ڕاگەیاندن لەکوردستان

 

بەربەست وکۆسپەکانی بەردەم میدیا لەکوردستاندا زۆرن، بەشێک لەو بەربەستانە پەیوەندییان بەکەلتور وپێکھاتەی کۆمەڵەوە ھەیە، بەشێکی پەیوەندیی بەخودی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکارانەوە ھەیە وبەشێکیشی پەیوەندیی بەدەسەڵات یاخود دەوڵەتەوە ھەیە. بەتێبینیکردن وسەرنجدان لەشانۆی میدیا لەکوردستان وگفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ومیدیاکاران، دەکرێ دیارترین کۆسپ وگرفتەکانی بەردەم ڕاگەیاندن لەھەرێمی کوردستان لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەستنیشان بکەین:

 

٣-١: دەستنەکەوتنی زانیاریی:  یەکێک لەکێشە دیارەکانی رۆژنامەنووسان ومیدیاکاران دەستنەکەوتنی زانیارییە لەسەر ڕووداو وپێشھات ودیاردەکان. لەفەرمانگە ودامەزراوە حکومیەکاندا، ھاوکاریی ڕۆژنامەنووسان ناکرێ وزانیارییان پێنادرێ. رێگەیان پێنادرێ بچنە نێو ئەو دۆسیە وبابەتانەی پەیوەندییان بەبەرژەوەندیی گشتییەوە ھەیە، ڕێگەی وێنەکردن وتۆمارکردنی ڤیدیۆیی ودەنگیشیان پێنادرێ بەبیانووی ئەوەی نابێ کاروبارەکانی حوکمداریی لەکەناڵەکانی میدیادا بڵاوبکرێنەوە. تەنانەت لەھەندێ دامەزراوەی حکومیدا بەچاوێکی دوژمنکارانە سەیری میدیاکارانیش دەکەن وپێیانوایە ڕۆژنامەنووس کاری سیخوڕییە. ڕەنگە بۆ ھەندێ کەناڵی ڕاگەیاندن کەسەر بەکەسانی دەستڕۆیشتووی نێو دەسەڵات بن ئەم رێگرییە تاڕادەیەک کەم بێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بۆ زۆرینەی ھەرە زۆری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، کۆسپ وتەگەرەیەکی زۆر دروست دەکرێت لەبەردەم گەیشتنیان بەسەرچاوەکانی زانیاری.

 

ئەگەرچی لەکوردستان یاسای بەدەست ھێنانی زانیاریی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لەساڵی ٢٠١٣ەوە دەرچووە وتێیدا مافی پێدانی زانیاریی بەڕۆژنامەنووسانی دەستەبەرکردووە، بەڵام ئەو یاسایە تا ئێستا کاری پێناکرێت وکاریگەرییەکی ئەوتۆشی لەسەر کاری ڕاگەیاندن نەبووە ونییە. نەدەزگا ودامەزراوە حکومییەکان وحزبییەکانیش گوێ بەو یاسایە و بەپێدانی زانیاریی بەڕۆژنامەنووسان دەدەن و نەڕۆژنامەنووسان خۆشیان ئەوەندە ئەو یاسایەیان بەلاوە گرنگە بەھۆی ئەوەی جێبەجێ ناکرێت وکاری پێناکرێ. لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، پێنەدانی زانیاریی بۆتە کەلتور، وەک ڕۆژنامەنووسێک بچیتە ھەر فەرمانگەیەکی حکومی، بێنەو بەردەیەکی زۆرت پێدەکەن ولەدواجاریشدا ئەو زانیارییانەی مەبەستتە بەدەستیان بھێنیت، دەستت ناکەون. ھیلاک وماندووت دەکەن تا ئەو ڕادەیەی وات لێدەکەن سڵ بکەیتەوە و دوودڵ بیت جارێکی تر ھەوڵی بەدەستھێنانی زانیاریی بدەی

 

٣-٢: گرفتی سەلامەتی: لەھەرێمی کوردستاندا، تەنھا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، چەندین ڕۆژنامەنووس تیرۆرکراون ولێیان دراوە وکەلوپەلیان شکێنراوە وھەڕەشەیان لێکراوە بەھۆی کارەکانیانەوە. ھەرکاتێک کەڕۆژنامەنووس قسە لەسەر گەندەڵیی بەرپرسێک یان بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتووی کوردستان بکات، یان باسی ژیانی تایبەتی ئەو بەرپرس ودەستڕۆیشتووانە بکات، ئەوا ڕووبەڕووی ھەڕەشەو نانبڕین ولێدان وھەندێجاریش تیرۆرکردن دەبێتەوە. مەسەلەی گەندەڵی وپێشێلکردنی یاسا لەلایەن بەشێک لەبەرپرسانی کوردستانەوە بۆتە دیاردەیەکی بەرفراوان، بۆیە وەک ئەرکێکی ڕۆژنامەنووسیی کاتێک ڕۆژنامەنووس ھەوڵدەدا ئاشکرایان بکاو قسەیان لەسەر بکا، ئەوا ژیان وسەلامەتیی ڕووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە. جگەلەو حاڵەتە، بەھۆی بارودۆخی کوردستان و ئەو جەنگانەی بەسەر کوردستاندا سەپێنراون ودەسەپێنرێن، ھەمیشە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوانەی دەچنە بەرەکانی جەنگ بۆ ڕووماڵکردنی ھەواڵەکان وپێشھاتەکانی ناوچەی پێکدادانەکان، سەلامەتییان دەکەوێتە مەترسییەوە. لەجەنگی پێشمەرگەی کوردستاندا دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بینیمان کەچەندین ڕۆژنامەنووس وکامێرامان لەبەرەکانی جەنگ بەشێوازی جیاجیا کوژران وبریندار بوون.

 

حاڵەتێکی تر کەبەھەمان شێوە ھەڕەشەیە بۆ سەر سەلامەتیی ڕۆژنامەنووسان، کاتی خۆپیشاندان وگرژییەکانە. لەو کاتانەدا ڕۆژنامەنووسان دەکەونە نێوان بەرداشی ھێزە ئەمنییەکان وخۆپیشاندەرانی تووڕە، ئیتر زۆر جار ڕۆژنامەنووسان تووشی زیانی جەستەیی دەبنەوە، چونکە ھێزە ئەمنییەکان بە یەک چاو سەیری ڕۆژنامەنووس وخۆپیشاندەر دەکاو خۆپیشاندەریش بەھەمان شێوە بەیەک چاو سەیری ھێزە ئەمنییەکان وڕۆژنامەنووس دەکا، بۆیە لەو نێوەندەدا ڕۆژنامەنووس دەبێتە قوربانیی توڕەیی نێوان ئەو دوو لایەنە.

 

جگەلەوە، ڕۆژنامەنووس کاتێک بیەوێت ڕووداوێک یان پێشھاتێکی ھەستیار ڕووماڵ بکات، زۆرجار لەلایەن پاسەوانان وکەسانی چەکدار ڕێگرییان لێدەکرێ وسوکایەتیان پێدەکرێ و ھەروەھا لێیاندەدرێ وکەلوپەلەکانیشیان دەشکێنرێت. ئەمانە ھەموو وا دەکەن ھەمیشە ژیان وسەلامەتیی ڕۆژنامەنووسان وڕاگەیاندنکاران لەژێر ھەڕەشەدا بن کەدواجار ئەمەش دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم ڕۆژنامەنووس کەنەتوانێ وجورئەتی ئەوە نەکا کارەکەی ئەنجام بدا.

 

٣-٣: جێبەجێنەکردنی یاسا: لەکوردستاندا کۆمەڵێک یاسای جوان ھەن کەپەیوەندییان بەکاری ڕۆژنامەنووسی وڕاگەیاندنەوە ھەیە، وەک یاسای (٣٥) کاری ڕۆژنامەنووسیی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری ساڵی ٢٠١٣و ھەروەھا یاسای رێگەگرتن لەخراپ بەکارھێنانی مۆبایل وئامێرەکانی تەکنەلۆجیا. ئەم یاسایانە لەڕووی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان وئازادیی ڕادەربڕین وئازادیی کاری ڕاگەیاندن، یاسای باشن بەبەراورد بەیاسای وڵاتانی دەوروبەر، بەڵام کێشە ئەوەیە یاساکان وەکو خۆیان جێبەجێناکرێن و کاریان پێناکرێ، ئەگینا ئەگەر وانەبێ، ئازادیی کاری راگەیاندن لەھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی زیاتری بەخۆوە دەبینی. بەھەمان شێوە، ئەگەر سەیری دادگاکانی کوردستان بکەین، کاتێک دۆسیەیەکی ڕۆژنامەنووسیی دەچێتە بەردەست دادوەران، ئەوا زۆرجار لەبری ئەوەی بەپشت بەستن بەیاسای کاری ڕۆژنامەنووسی (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ دۆسیەکە یەکلایی بکەنەوە، کەچی پەنا دەبەنە بەر یاسای سزادانی عیراقی کەیاسایەکی گونجاو نییە وگرتنی ڕۆژنامەنووسانیشی تێدایە. جێبەجێنەکردنی یاسا نوێکان، یەکێکە لەو دیاردانەی کە لەزۆربەی ئەو وڵاتانەدا بەدیدەکرێن کە لەقۆناغێکی حوکمڕانیی شمولی وتاک حزب ودیکتاتۆرییەوە گوزەر دەکەن بەرەو دیموکراسیی یان سیستەمێکی حوکمڕانیی کراوەتر، واتا لەحاڵەتی گواستنەوەدان، لەو قۆناغەشدا، ھەرچەند یاسای نوێ وڕێکوپێک دەربچێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھێشتا کەلتوری سیستەمی حوکمڕانیی پێشوو زاڵە وکاریگەریی بەسەر ھەموو دامەزراوە وجومگەکانی کۆمەڵگە ھەیە، بۆیە رێگریی دروست دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا نوێکان

 

٣-٤: نەبوونی زمانی ستانداردی یەکگرتوو: لەناو کورددا، نەبوونی زمانێکی یەکگرتووی نووسین گرفتێکی یەکجار گەورەیە، ھەر کەناڵێکی راگەیاندن لەکوردستان ستایلێکی نووسین وئاخاوتنی تایبەت بەخۆی ھەیە. ھەر نووسەرێک یان رۆژنامەنووسێک ھەوڵدەدا ستایلێکی تایبەت بەخۆی ھەبێ ھەم لەنووسین و ھەم لەئاخاوتنیشدا. جگەلەوە، چەندین شێوازێکی نووسینیش ھەیە لەزمانی کوردی بەھۆی دابەشبوونی نەتەوەی کورد بەسەر چەند وڵاتێکدا کەنەتەوەی تر تێیدا باڵادەستن، بۆ نمونە لەکوردستانی عیراق، بەھۆی باڵادەستیی عەرەبی لەو وڵاتەدا، ڕێنووسی یان ئەلفابێتی کوردی-عەرەبی داھێنراوە و تا ئێستا بەکاردەھێنرێت. لەکوردستانی تورکیا یان باکوری کوردستان و ھەروەھا ڕۆژئاوای کوردستانیش، ئەلفابێتی لاتینی بەکاردەھێنرێت و لەرۆژھەڵاتی کوردستانیش، ئەلفابێتی فارسی بەکاردێت و لەناوچە کوردستانییەکانی سۆڤیەتی جارانیش شێوەی ئەلفابێتی سیریلیک بەکاردەھێنرێت. لەنێوان ئەو ھەموو ئەلفابێت و شێوە جیاوازەی ڕێنووسدا، گرفتێکی گەورە دروست بووە بۆ تێگەیشتن لەپەیامەکانی یەکتر وخوێندنەوەی نووسینی نووسەران وڕۆژنامەنووسانی بەشەکانی کوردستان. نەبوونی زمانێکی نووسینی ھاوبەش لەنێوان کوردانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، زەحمەتییەکیی زۆری دروستکردووە بۆ خوێندنەوە وتێگەیشتن لەیەکتر وبەھێزکردنی ڕایەڵەکانی پەیوەندیی لەنێوان ڕۆڵەکانی یەک میللەتدا.  

 

٣-٥: گرفتی پڕۆفێشناڵیزم: زۆری وبۆری دەستەواژەیەکی جوانە زۆرجار بەکاردەھێنرێت بۆ وەسفکردنی بارودۆخی ڕۆژنامەنووسی لەکوردستاندا. ژمارەیەکی زۆری کەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو، بیستراو وخوێندراو وئۆنلاین ھەن لەکوردستاندا، بەڵام زۆرینەیان بەناوەرۆکێکی کرچ وکاڵ و بەکوالێتیەکی نزمەوە بڵاودەبنەوە وپەخش دەبن. بەھۆی زۆریی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووس وھەواڵساز و وەرگێڕ وشارەزای تەکنیکی وکامێرامان وچەندین پسپۆریی تر پێویستن بۆ ڕاییکردنی کارەکانی ئەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن، بەڵام چونکە کەناڵەکان ژمارەیان زۆرە و ئەو ھەموو کادیری شارەزاو پسپۆرەش کەپێویستن، دەستناکەون، بۆیە ناچار کەسانێک چانسی ئەوەیان دەبێ لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کاربکەن کەشارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە و لەکارەکە نازانن، بۆیە ڕۆژانە ھەڵە وکەموکوڕییەکی زۆر دەبینین لەپەیامەکانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا وبەشێکیش لەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن بەکوالێتیەکی تەکنیکیی نزمیشەوە بڵاودەبنەوە وپەخش دەکەن.

 

٣-٦: کێشەی دارایی: ئەمە کێشەیەکی بەردەوامە وبەرۆکی زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی گرتووە. ڕاگەیاندن لەکوردستاندا چونکە تا ئێستا نەبووە بەبزنس، بۆیە کەناڵەکان ناتوانن داھاتیش بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن تا بتوانن بەردەوام بن لەپەخش و بڵاوبوونەوە ودابینکردنی مووچەی کارمەندەکانی. ھەندێ لەکەناڵەکان، بەھۆی ئەوەی حزب ولایەنێک یان کەسێکی دەستڕۆیشتووی دەوڵەمەندیان لەپشتەوەیە، کێشەی داراییان نییە، بەڵام بۆ کەناڵەکانی تر کێشەی دارایی کێشەیەکی جدییە وکاریگەریی سلبیی لەسەر ئەداو کارەکانی ئەو کەناڵانە کردووە. ئەم کێشە داراییە کەناڵە حزبییەکان وئەھلییەکانیش دەگرێتەوە بەڵام بەڕێژەی جیاجیا. یەکێک لەو گلەییانەی کەبەزۆریی رۆژنامەنووسانی کەناڵە ئەھلیەکان دەیکەن ئەوەیە کەنادادپەروەریی ھەیە لەدابەشکردنی ڕیکلام بەسەر کەناڵەکاندا، ئەوان پێیانوایە ئەو کەناڵانەی نزیکن لەدەستڕۆیشتووانی حکومەت یان ھەندێ حزب، پشکی شێریان بەردەکەوێت لەڕیکلامە حکومییەکان ھەروەھا ڕیکلامی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش کە بەھەمان شێوە بەرپرسی دەستڕۆیشتوویان لەپشتە، دەچێت بۆ کەناڵەکانی نزیک لەخۆیان و بەمجۆرە کەناڵە میدیاییە ئەھلییەکان بێبەش کراون لەڕیکلام و داھاتێکی ئەوتۆیان دەستناکەوێت بۆ بەردەوام بوون ودابینکردنی مووچەی کارمەندان ودرێژەدان بەکارەکانیان. ئەم کێشەی داراییە، کێشەی تریشی بەدوای خۆیدا ھێناوە، بۆ نمونە وایکردووە کۆچی ڕۆژنامەنووسانی بەتوانای کەناڵە ئەھلییەکان وکەناڵە کەمدەرامەتەکان بەرەو کەناڵە دەوڵەمەندەکان، کەزۆربەیان کەناڵی سێبەرن، دروست بێت و بەم ھۆیەش کێشەی نەبوونی ڕۆژنامەنووس ومیدیاکاری بەئەزموون و بەتواناش دروست بێت لەکەناڵە ھەژارەکاندا.

 

٣-٧: سانسۆر: سانسۆر لەکوردستان بەشێوەیەکی سەرەکیی سانسۆری خودییە، واتا ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار لەلایەن خۆیانەوە لەسۆنگەی ھەستکردن و درککردنیان بەڕێگری وکۆسپەکان لەناو کۆمەڵگەدا، جۆرێک لەسانسۆر لەسەر ئەوەی بڵاویدەکەنەوە وپەخشی دەکەن، دادەنێن بۆ ئەوەی لەوسەر دووچاری کێشەو سزاو سەریەشەی یاسایی وکۆمەڵایەتی وسیاسیی وداراییش نەبنەوە. ئەم سانسۆرە خودییە فلتەرێکی باشە بۆ ڕۆژنامەنووسان ئەگەر بێتو لەچوارچێوەی یاساو ئیتیکدا بێت و بەشێوەیەکی گونجاو پیادەی بکەن ونەبێتە سانسۆرێکی بەردەوام کەدواجار ببێتە ڕێگر لەبەردەم داھێنان وکاری باش لەڕاگەیاندندا. جگەلەو سانسۆرە خودییەی ڕۆژنامەنووسان، سانسۆر یاخود فلتەری دەرگاوانیش ھەیە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەئەوانیش خۆیان لەھەواڵسازی سەرەکی وستافی سەرۆکایەتی نووسینی کەناڵەکان دەبینێتەوە وفلتەری ھەموو ئەو بابەت و زانیارییانە دەکەن پێش ئەوەی بڵاوببنەوە.

 

٣-٨: کۆت و بەندی کۆمەڵ (ئایینی، نەتەوەیی، خێڵەکی): پێکھاتەی کوردستان، پێکھاتەیەکی تێکەڵە لەئایینی جیاواز، نەتەوەی جیاواز وخێڵ وتیرەی جیاواز. بوونی ئەو ھەموو جیاوازییە وایکردووە ڕۆژنامەنووسان نەتوانن ئازادانە لەسەر ھەندێ بابەتی ھەستیار قسە بکەن کەڕەنگە ببنە مایەی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ودروستکردنی ناکۆکیی لەنێوان نەتەوە وئایین وخێڵ وتیرە جیاوازەکاندا. زۆرجار تێبینی کراوە کەھەواڵ لەسەر یەکێک لەم پێکھاتانە بڵاوکراونەتەوە، کێشەو ناکۆکیی ناوەتەوەو گرفتی دروستکردووە، بۆیە ڕۆژنامەنووس ناچارە پارێزیی بکات و وریا بێت لەبڵاوکردنەوەی ھەندێ ھەواڵ وبابەت، بەپێچەوانەوە، لەکاتی بڵاوکردنەوەی بابەتی دژەباو ئیتر لەسەر ئایین بێ یان لەسەر خێڵ ونەتەوە جیاوازەکان، ئەوا تووشی ھەڕەشە ومەترسیی بۆتەوە. بەھەمان شێوە، لەکاتێکدا کەلتوری کوردستانی کەلتورێکی داخراوە ودابونەریت ڕێگە نادات بەباسکردن وبڵاوکردنەوەی ھەندێ بابەت لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندندا، ئیتر ڕۆژنامەنووسان وڕاگەیاندنکارانیش خۆیان لەھەموو بابەتێک نادەن وبەشێوەیەکی گشتی کارێک ناکەن دژی کەلتور ودابونەریتی باوبێت. ئەمەش خۆی لەخۆیدا کۆسپێکی ترە لەبەردەم کاری ڕۆژنامەنووسان وکاری ڕاگەیاندن لەکوردستاندا.

 

٣-٩: گرفتی تەکنیکی:  ئەم گرفتەیان بەزۆری لەمیدیای ئۆنلایندا بەدیی دەکرێت و بەربڵاویشە. ئەم گرفتە وەک جەنگێکی ئەلیکترۆنی دەناسرێت کەتێیدا ھێرش دەکرێتە سەر ماڵپەڕەکان. ھێرشەکەش لەشێوەی ئەتاک وھەوڵی ھاککردنە. ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوە وپەخشکردنی جۆرێک لەھەواڵ وبابەت کەڕەنگە بەدڵی لایەنێک یان دەوڵەتێک نەبێت ئیتر ئەوان ھەوڵدەدەن لەڕێگەی ھێرشی ئەلیکرۆنییەوە ماڵپەڕەکە پەکبخەن یان ھاکی بکەن. لەکوردستاندا بەزۆری لەکاتی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن وگرژییەکان وجەنگی ڕاگەیاندنی نێوان حزب ولایەنە سیاسییەکان دیاردەی ھێرشی ئەلیکترۆنی بەربڵاو دەبێت وچەندینجار ئەم ھێرشە بۆتە مایەی وەستان وپەکخستنی چەندین ماڵپەڕی ھەواڵیی.

 

٣-١٠: نەخوێندەواریی:  نەخوێندەواریی ھەر ئەوە نییە کەمرۆڤ نەتوانێ بخوێنێتەوە وبنووسێ، بەڵکو زۆرجار کەسانێک خوێندەوارییان ھەیە بەڵام خۆیان لەقەرەی خوێندنەوەی رۆژنامە وگۆڤار وکتێب نادەن. ڕاستە لەکوردستاندا، بەتایبەتی لەناوچە دوورە دەستەکاندا ھێشتا رێژەی نەخوێندەواریی زۆرە وخەڵکانێک ناتوانن بنووسن وبخوێننەوە، بەڵام خەڵکێکیش ھەن لەناو شارە گەورەکانیشدا، بەچەندین ھەفتە ومانگ وتەنانەت ساڵییش، لاپەڕەیەک ناخوێننەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین خوێندنەوە وخوێندەواری لەکۆمەڵگەی کوردستانییدا نەبۆتە کەلتور وحاڵەتێکی باو وەک چۆن لەوڵاتانی ئەورووپا وخۆرئاوا ھەیە. جگەلەوە، پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای نوێی میدیا وئینتەرنێت وسەرھەڵدان وگەشەکردنی میدیای خەڵک وتۆڕەکانی نێتوێرکینگی خەڵک، ئەوەندەی تر خەڵکی دوور خستۆتەوە لەخوێندنەوەی بڵاوکراوەکان. ئەمە بەربەستە لەبەردەم کاری ڕاگەیاندندا بەتایبەتی لەڕاگەیاندنی نووسراودا، چونکە کەخوێنەر نەبوو، ئیتر جەدوای بڵاوکردنەوە ودەرکردنی ڕۆژنامە وگۆڤار وکتێب نامێنێت.

 

٣-١١: پێشێلکردنی مافی دانەر (Copyright): دزینی ئەدەبی یاخود پێشێلکردنی مافی دانەر (نووسەر، ڕۆژنامەنووس و وێنەگر)، دیاردەیەکی زۆر بەربڵاوە لە کاری ڕاگەیاندن لەکوردستاندا. ئەگەر پێش سەرھەڵدانی ئینتەرنێت وماڵپەڕەکانی نێتوێرکینگی خەڵک ئەم دیاردەیە تاڕادەیەک ھەبووبێت، ئەوا ئەمڕۆ لەسایەی فراوانبوون وبەربڵاویی ئینتەرنێت ومیدیای خەڵک وتۆڕەکانی نێتوێرکینگی خەڵک، ئەم دیاردەیە (دیاردەی دزینی ئەدەبی وپێشێلکردنی مافی نووسەران ودانەر هەروەها وێنەگران) بەجۆرێک تەشەنەی سەندووە، کەکۆنتڕۆڵکردنی لەکوردستاندا زۆر ئەستەمە. ڕۆژانەی ڕێژەیەکی زۆری دەقی نووسراو و وێنە ودەقی میدیایی تری دانەرە ڕەسەنەکانیان دەدزرێن ودووبارە بڵاودەکرێنەوە بێئەوەی نەپرس بەخاوەنە ڕەسەنەکانیان بکرێ ونە ئاماژە بەناویشیان بدرێت، کەئەمە لەڕاستیدا دیاردەیەکی یەکجار ترسناکە وھەمیشە کاریگەریی لەسەر ئیرادە وتوانای داھێنان ھەیە لەلای نووسەران وڕۆژنامەنووسان و وێنەگران و... ھتد. ھەرچەندە لەکوردستاندا یاسای مافی دانەر ژمارە (١٧) لەساڵی ٢٠١٢دا دەرکراوە، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێکردووە، جێبەجێنەکردنی یاساکان ونەبوونی وشیاریی یاسایی لای خەڵک وخودی نووسەران وڕۆژنامەنووسان، وایکردووە ئەم دیاردەیە بەردەوام لەتەشەنەسەندندا بێت لەبری ئەوەی بەرە وکەمیی بڕوات.

 

٣-١٢: پەیوەندیی نێوان ڕۆژنامەنووس وبەرپرسان ودەستوەردانی سیاسیی: پەیوەندیی ڕۆژنامەنووسان وڕاگەیاندنکاران لەکوردستاندا، ھەمیشە جێگەی مشتومڕروگومانیشە. ئەوەی تێبینی دەکرێت، زۆرجار بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان ودەوڵەمەندەکان، لەڕێگەی دیاریی گرانبەها وپێدانی پارە وزەوی وئۆتۆمبێل وشوقەی نێشتەجێبوون وشێوازیی تری جیاجیاوە، لایەنگیریی ھەندێ لەڕۆژنامەنووسان بەدەست دەھێنن ودەمیان دادەخەن بەرامبەر بەخۆیان و وەک ئامرازێکیش بەکاریان دەھێنن بەرامبەر بەنەیارەکانیان. ئەم دیاردەیە تەنھا لەمیدیا وکەناڵە حزبییەکان وسێبەرەکاندا نییە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ میدیا ئەھلییەکانیش وگەلێجار ڕۆژنامەنووسانی میدیای ئەھلی نزیکایەتیی لەگەڵ بەرپرسان وخاوەن کۆمپانیا گەورەکان دروست دەکەن وبەرژەوەندیی کەسیی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندیی گشتی وکار وئەرکەکانی ڕاگەیاندنیان. بەمجۆرەش، زۆرجار سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان وخاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان کەھەندێجار ھەر یەکێکن، کۆنتڕۆڵی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەن و بەو شێوەیە ئاڕاستەیان دەکەن کەخۆیان دەیانەوێ وبەرژەوەندییان دەیخوازێت.

 

  ٣-١٣: بەربەستی تر: جگەلەو کۆسپ وگرفتە سەرەکییانەی کە لەسەرەوە باسکران، کۆمەڵێک کێشەو گرفتی تر ھەن کەکاریگەریی سلبیان لەسەر کاری ڕاگەیاندن ھەیە. بۆ نمونە جیاکاریی ئایدیۆلۆجی وجیاکاریی جێندەریی لەناو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن. ھەروەھا نەزانینی زمانی بیانی لەلایەن ڕۆژنامەنووسان ولاوازیی باکگراوندی مەعریفیان. ھەموو ئەمانەش بەشێوەی جیاواز کۆسپ دروست دەکەن لەبەردەم کاری ڕاگەیاندندا.

 

٤- کۆتایی:

 

کارکردنی ڕۆژنامەنووسان وڕاگەیاندنکاران لەنێو کەشێکی ئاوا پڕ لەکۆسپ وکێشەدا، کارێکی زەحمەت و پڕ سەریەشەیە. ئەمە حاڵی ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە. کێشەکان زۆرن و زۆربەشیان قابیلی چارەسەرکردن نین بەھۆی ئەوەی کەلتوری سیاسی وکۆمەڵایەتیی کوردستانیی، رێگە خۆشکەر نییە. لەکەلتورە سیاسییەکەدا ھێزێک ھەیە ڕێگە نادا یاساکان جێبەجێ بکرێن وھێزێکیش ھەیە لەبۆسەدا وەستاوە بەرامبەر ھەر ڕۆژنامەنووسێک کەھەوڵ بدا پەردە لەسەر گەندەڵی ونادادپەروەریی ھەڵبماڵێت. ئەو کەلتورە سیاسییە، بەرپرسە لە قووڵترکردنەوەی کێشەی دارایی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و زۆرینەی ئەو کێشە تەکنیکیانەی ڕووبەڕووی ھەندێ کەناڵی میدیایی دەبنەوە بەتایبەتیی کەناڵە ئۆنلاینەکان، چونکە بیریشمان نەچێت، خاوەنی زۆرینەی کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیش لەشارەکانی کوردستاندا، کەسانی دەستڕۆیشتووی نێو ئەو کەلتورە سیاسییەن کەکەناڵی ڕاگەیاندن وڕۆژنامەنووسان بەدوژمنی خۆیان دەزانن. بۆیە ئەوان بەرپرسی یەکەمن لەو کێشە تەکنیکییانەی دروست دەکرێن بۆ میدیای ئۆنلاین وھەندێجاریش بۆ پەخشی تەلەڤزیۆن وڕادیۆکانیش.

 

لەکەلتورە کۆمەڵایەتیەکەشدا، چەندین ھێز ھەن کەبەپێچەوانەی ئازادیی کاری ڕاگەیاندن وئازادیی ڕادەربڕین کار دەکەن. لەلایەکەوە ھێڵە سوورەکانی ئایین و لەلایەکی تریشەوە مەسەلەی کەمینە نەتەوەییەکان ھەروەھا بەرژەوەندییەکانی خێڵ وعەشیرەتەکان وئینجا دابونەریتی داخراوی کوردستانیی، ئەمانە ھەمووی ھێزی ھەمیشەیین و بەھیچ شێوەیەک لەئایندەی نزیکدا کاڵ نابنەوە تا ڕاگەیاندن بتوانن ئازادانەترو ئازایانەتر کاریان لەسەر بکەن.

 

ڕاگەیاندنی کوردی لەنێو تۆنێلێکدایە کەتەنھا ڕووناکییەکەی زۆر کز لەو سەری تۆنێلەکە بەدییدەکرێت، واتا ئومێدەکان بەباشبوونی میدیای کوردی لەئایندەیەکی نزیکی چەند ساڵی تردا، زۆر ئەستەمەروزەحمەتە عەقڵیەت وبەرژەوەندیی کەلتورە سیاسییەکە ھەروەھا دابونەریت وبەرژەوەندی وعەقڵیەتە کۆمەڵایەتییەکەش گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، بۆیە ھەمیشە ئەو ھێزانەش ئامادەن وبەردەوام دەبن لەدروستکردنی ئەو کێشەروگرفتانەی بەردەم کاری راگەیاندن کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا.    

 

  


ئه‌م بابه‌ته 892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر