پێناسەیەکی واتایی لە پێشمەرگە

پێشمەرگە "شۆڕشگێڕێکە کە ژی و مانەوەی نەتەوەیی دەستەبەر و گەرەنتی دەکات"
PM:04:16:22/06/2019
دۆسیە: نیشتمانسازی
ئەو تایبەتەمەندییە سەرەکییە کە پێشمەرگە جیا دەکاتەوە و دەیخاتە لووتکەی شۆڕشگێڕی ئەوەیە کە ڕۆڵ و ئەرکی ژی و مانەوەی نەتەوەیی وە ئەستۆ گرتووە

دکتۆر محەمەد حوسێن زادە
نوسەر

پێشمەرگەی قارەمان، پێشمەرگەی نەمر، پێشمەرگەی دۆژمن شکێن، پێشمەرگەی شاخ و چیا و ھەرد و کوێستان، پێشمەرگەی بوێر و دلێر و نەبەز، پێشمەرگەی پڵنگ و پۆڵایین، پێشمەرگەی ھەڵمەت تیژ، ڕۆڵەی نەمەری نیشتمان و باسکی بەھێزی گەل و ھتد. ئەمانە تەنیا بەشێک لەو زاراوە و چەمکانەن کە بۆ نیشاندانی پێگەی بەرزی پێشمەرگە لە کوردستان و ڕەوتی شۆڕش و خەباتی دژەداگیرکەردا وتراونەتەوە. ئەو درووشم و ناو و نازناوانە ھەموویان لە جێگای خۆیان درووستن. بەڵام بەداخەوە، سەرەڕای ئەوەی کە پێشمەرگە پێگە و ڕۆڵی سەرەکی لە خەباتی نەتەوەی کورد و خۆڕاگری لە بەرانبەر داگیرکەر و بەرەنگاربوونەوەی دۆژمن بووە و ھێزێکی شوێندانەر و سەرەکی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی کوردستاندا ھەبووە، ھەوڵێکی جدی نەدراوە کە پێناسەیەکی تیۆریک یان واتایی لەو ھێزە بکرێت، کە شیاوی ھەوڵ و ڕوونکەرەوەی ڕۆڵ و ئەرکی خۆھەڵبژێری ئەوان بێت لە خەباتی گشتی کوردستاندا.
 
نە لە ھەرێمی کوردستان کە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەیی تا ڕادەیەکی بەرچاو تێپەڕاندووە و نە لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا کە ھێشتا ھێزی پێشمەرگە (و گەریلا) لە ھەوڵ و تێکۆشانێکی بەرفراوان و بێوچاندایە بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی، ئاوا ھەوڵێکی لە ڕادەبەدەر پێویست، نەدراوە. دەبینین و دەزانین کە ھەر ئەو ڕستە و چەمکانەی وەک درووشم لە شەقام و لەسەر تابلۆکان و لە تەلەڤزیۆنەکان بۆ دەربڕینی ھەست بەرانبەر بە پێشمەرگە دەنووسرێن، لە نووسراوە و کتێب و تەنانەت دەقە زانستییەکانیشدا دەنووسرێنەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگەی پێشمەرگە و لانیکەم ئەو گرنگییەی کە بە ڕەواڵەت بەو ھێزە دەدرێت، دەبوایەت تا ئێستا چەندین کتێبی پڕ ناوەڕۆک و زانستیانەیان لەسەر بنووسرایەت. 

من لەم نووسراوەدا ھەوڵ دەدەم بە کورتی پیناسەیەکی واتایی، ھەڵبەت وەک ھەوڵێکی سەرەتایی، لە پێشمەرگە، بە مەبەستی نیشاندانی پێگەی لە ڕەوتی خەباتدا و ڕوونکردنەوەی ئەرکی مەزن و خۆھەڵبژێری ئەو ھێزە و ھەروەھا ڕوونکردنەوەی جیاوازیی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی دیکە بخەمە ڕوو. ھەڵبەت ناتوانم ئیدعای ئەوە بکەم کە ئەوە باشترین پێناسەیەکە کە دەتوانرێت لە پێشمەرگە بکرێت. ھەروەھا ئاشکرایە کە، ھەڵسەنگاندنی سەرکەوتنم لەو ھەوڵەدا بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەم کورتە نووسراوەیە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت تێگەیشتنێک لە پێگە و ڕۆڵی پێشمەرگە بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە.

لە ڕوانگەی منەوە، پێش ھەموو شتێک، پێشمەرگە "شۆڕشگێڕێکە کە ژی و مانەوەی (Survival) نەتەوەیی دەستەبەر و گەرەنتی دەکات". کەوابوو بۆ تێگەیشتنی وردتر لەم پێناسەیە، پێویستە کە دوو چەمکی "شۆرشگێڕ" و "مانەوە" شی بکەمەوە، سەرەتا بۆ ئەوەی بزانین کە پێشمەرگە چ جۆرە شۆڕشگێڕێکە و پاشان بۆ ئەوەی کە بزانین بۆ چی مانەوەمان بە دەستی ئەو شۆڕشگێڕەیە؟ ھەروەھا بۆ ئەوەی کە بزانین شۆڕشگێڕ چییە، دەبێت بزانین مەبەست لە خۆدی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی چییە؟

ماناى شۆڕش


لە پێناسەیەکی گشتیدا، شۆڕش بە مانای وەرچەرخان یان گۆڕانکاری بنەڕەتی و بنچینەیی یان گۆڕانکاری لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی ترە. ئەم زاراوە بۆ یەکەم جار لە لایەن (کۆپرنیک) بە مانای جموجوڵی ئەستێرەکان و ھەتاو لە زانستی ھەستێرەناسیدا بەکار براوە (شۆڕشی زستانی و شۆڕشی ھاوینی). دواتر لە سەدەی ١٧ لە ئەورووپا، واتایەکی تازەی بە خۆوە گرت و بە ڕابوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی مانا کراوەتەوە. ئینجا بە مانای سووڕانێکی بنەڕەتی لە شێوازی بەرھەمھێنان (وەک شۆڕشی پیشەسازی و شۆڕشی تەکنۆلۆژی) یان وەرچەرخانێکی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی (وەک شۆڕشەکانی فەڕەنسا و سۆڤیەت ) و یان لایەنێک لە ژیانی کەلتووری و فیکری (وەک شۆڕشی زانستی و شۆڕشی کەلتووری) لێک دراوەتەوە(١). 

شۆڕش لە واتا سیاسیەکەیدا بریتییە لە گۆڕینی دامەزراوەی سیاسی و دەسەڵات. (گیدەنز) پێی وایە کە ڕووداوگەلێک دەبنە شۆڕش کە لەناوخۆیاندا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری ھەڵبگرن. شۆڕش پرۆسەی چاکسازی گەورە یان گۆڕانی لێدەکەوێتەوە. لە شۆڕشدا توندوتیژی بەکار دەھێنرێت یان ھەڕەشەی بەکارھێنانی دەکرێت لە لایەن ئەو کەسانەی کە لە بزووتنەوەی جەماوەریدا بەشداری دەکەن.

شۆڕشەکان ئەو گۆڕانە سیاسیانەن کە لەبەرامبەر بەرگریی سەرانی ڕێژیمە کۆنەکە سەرھەڵدەدەن کە ئامادە نین بەبێ ھەڕەشەی توندوتیژیی یان بەکارھێنانی توندوتیژیی دەست لە دەسەڵات ھەڵگرن. کەوابو ئەگەر ئەو سێ پێوەرە پێکەوە کۆبکەینەوە دەکرێت بەم شێوەیە شۆڕش پێناسە بکەین کە بریتییە لە "دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگای بەکارھێنانی توندوتیژی لەلایەن ڕێبەرانی بزووتنەوەیەکی جەماوەرییەوە، بە مەبەستی کەڵکوەرگرتنی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی کۆمەڵایەتی گەورە" (٢). 

مەبەست لە شۆڕشگێڕیی ئەنجامی ھەر جۆرە کردار و شیواز یان ھێنانە ئارای ھەر جۆرە فکر یان تیۆرییەکە کە خوازیاری گۆڕینی بنەڕەتی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری یان فەرھەنگی بێت. کەواتە شۆڕشگێریش کەسێکە کە ئەو کردەوانە ئەنجام دەدات. کەوابوو، شۆڕشگێڕا دژی کۆنەپەرەستییە و خوازیاری ھێنانە ئارای بارودۆخ یان سیستەمێکی نوێ و جیاوازە(٣). 

ماناى شۆڕش لە کوردستان


لە کوردستاندا کاتێک ئێمە باسی شۆڕشگێر دەکەین، مانایەکی تایبەت دێتە زەینمان. شۆڕش لە کوردستاندا زیاتر لە ھەر شتێک بە مانای خۆڕاگری لە بەرانبەر داگیرکەر و ھەوڵدان بۆ کوتایی ھێنان بە ڕەوتی داگیرکاری کوردستان و گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی نەتەوەییە. لەبەر ئەوەی کە وڵاتانی داگیرکەر ھەوڵی ئەوەیان داوە و دەیدەن کە لە ھەموو بوارەکانی ئابووری، فەرھەنگی-شوناسی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و زەینی، کورد لەناو بەرن و سەرچاوە ژێرزەویی و بانزەوییەکانی کوردستان تاڵان بکەن، شۆڕشگێرانی کوردستانیش لە ھەموو بوارێکدا چالاکی دەنوێنن. ھەر بۆیە زۆر کەس لە کوردستاندا دەتوانن لە چوارچێوەی شۆڕشگێڕدا (یان باشترە بڵێین ھێزی دژەداگیرکەر) بگونجن. 

بۆ نموونە کەسێک کە کاری ھزری و تیۆریک ئەنجام دەدات و بە تێفکرین و نووسین و خۆڵقاندنی دەقی زانستی ھەوڵی گۆڕینی دۆخی داگیرکراوی کوردستان دەدات، لە چوارچێوەی شۆڕشگێرێدا دەگونجێت. کەسێک کە لە زانکۆ و کتێبخانەکاندا ھەوڵی پاراستنی وشەیەکی زمانی کوردی دەدات، شۆڕشگێڕە. ئەوەی کە شێعرێکی شۆڕشگێڕانە دەھۆنێتەوە ھەمان ئەرکی بۆ خۆی پێناسە کردووە. ئەوانەی ئەرکی فێرکردنی زمانی کوردییان قەبووڵ کردووە، شۆڕشگێڕن. ئەوەی سیما و ڕوخساری شەھیدان دەکێشێتەوە و یادیان زیندوو دەھێڵێتەوە، شۆڕشگێڕە. ئەوانەی بە نووسین و وەرگێڕان ھەوڵی پاراستنی زمان یان دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی یان بەزانستیکردنی زمانی کوردی دەدەن، شۆڕشگێڕن. ئەوانەی کە لە ھەموو کوردستان و لە ناو شار و شارۆچکەکان بۆنە و ڕێ و ڕەسمە نەتەوەییەکان بەڕێوەدەبەن، شۆڕشگێڕن. سینماکارە نەتەوەییەکانمان شۆڕشگێڕن. ژینگەپارێزانی کوردستان، شۆڕشگێڕن. تەنانەت ئەو خوێندکارە کوردانە کە بەناچار لە خوێندنگا و زانکۆکانی وڵاتانی داگیرکەردا دەخوێنن بەڵام لەبەرانبەر ھزر و بیرۆکە فاشیستییەکانی نەتەوە باڵادەستەکاندا خۆڕاگری دەکەن یان بەگژیانا دەچنەوە، ئەوانیش شۆڕشگێڕن. پێشمەرگەیش یەکێکە لەو شۆڕشگێڕانە، بەڵام بە ھەندێک جیاوازییەوە کە دەیخاتە لووتکەی شۆڕشگێڕی. 
 
پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی لووتکەی شۆڕشگێڕییە، یەکەم لەبەر ئەوەی کە پێشمەرگە ئەرکێکی قورستر  و پیرۆزتری لە گۆڕەپانی شۆڕشگێڕیدا، بۆ خۆی ھەڵبژاردووە یان پێناسە کردووە و بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و بەبەختکردنی گیان و ماڵی بەرەنگاری داگیرکەر دەبێتەوە و بە ھێزی خۆی و چەک و چۆڵی بەردەستی، ھەوڵی مانەوەی جەستەیی و فەرھەنگی-شوناسی نەتەوەکەی دەدات. لە ڕاستیدا ئەمە یەکەمین و پێویستترین ھەنگاوێکە کە ھەر نەتەوەیەک لە جیھاندا بۆ مانەوەی خۆی دەبێت ھەڵی بگرێت. لە ھەموو جیھاندا ژی و مانەوەی نەتەوەیی ئامانجی سەرەکی نەتەوەکانە. لەبەر ئەوەی کە بەبێ پاراستنی مانەوەی نەتەوەیی، ھیچکام لە ئامانجەکانی دیکە دابین نابن. ھەموو نەتەوەکان و وڵاتانی جیھان باوەڕیان بەو ڕاستییە ھەیە و ھەر بۆیە بەکردەوەیش دەبینین کە یەکەم ھەنگاوی نەتەوەکانی دیکە ئەوەیە کە پێش ھەموو شتێک خۆیان لە بواری سەربازیی و بەرگریدا بەھێز بکەن.

کەمتر نەتەوەیەک لە جیھاندا دەبینرێت کە ئامانجەکانی دیکە بخاتە پێش گەرەنتی کردنی مانەوەی خۆیەوە، مەگەر ئەوەی کە بەشێوازێک یان لە لایەن زلھێزێکەوە بەڵێنی دابینکردنی ئاسایش و مانەوەی پی درابێت و بەو شێوەیە لە مانەوەی خۆی دڵنیا بووبێتەوە.  

مانەوە نەک ھەر بە کردەوە بەڵکوو لە زۆربەی تیۆرییە سیاسییەکانیشدا وەک ھەوڵێکی بنچینەیی ناسراوە. لە (توسیدید)ەوە و (سۆن تێزۆ) و (مایکاڤێللی) و (ھۆبز)ەوە لە زانستە سیاسییەکاندا بگرە کە باسی ئەولەوییەتی ئاسایش و ئەمنییەتی تاک و کۆمەڵگە دەکەن تا قوتابخانەکانی (ڕیالیزم و لیبراڵیزم و کانستارکتیڤیزم) و بە تایبەت نۆسخەی (وێنت)ی، ھەموویان مانەوە وەک ئامانجی یەکەمی دەوڵەتەکان پێناسە دەکەن و دەوڵەتەکانیش بە نوێنەری نەتەوەکان دەزانن. زۆرینەی تیۆرییەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی لەسەر ئەو خاڵە کۆکن کە ئامانجی سەرەکی ئەکتەرەکان لە داڕشتنی پلان و بەرنامە و سیاسەت و ستراتێژییە جۆراوجۆرەکان، مانەوەی نەتەوەییە و پاش گەیشتن بەو ئامانجە، ویست و حەز و ئامانجەکانی دیکە و بۆ نموونە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ھتد دەگرنە بەر. ھەر بۆیە ھەموو نەتەوەکان ھەوڵی بەھێزکردنی سوپا و ئەرتەشی خۆیان دەدەن و ڕێز لە فەرماندە و سەربازەکانیان دەگرن، جگە ئەو وڵاتانەی کە تیایاندا دەوڵەت و سوپایەکی ملھۆڕ و ناخەڵکی و دیکتاتۆر دەسەڵاتی بەدەستەوەیە کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی نەتەوەکانیان ناکات. بەداخەوە ھەموو ئەو وڵاتە دەستکردانەی کە کوردستانیان داگیر و دابەش کردووە لەو شێوە حکومەتانن و تەنیا نوێنەری بەشێک یان یەکێک لە نەتەوەکانی نێو سنوورەکانیانن. بۆ نموونە دەوڵەتی عێراق و سووریا نوێنەری نەتەوەی عەرەب، دەوڵەتی ئێرانی نوێنەری نەتەوەی فارس و دەوڵەتی تورکیایش تەنیا نوێنەری تورکەکانە.  

کەوابوو لە نەتەوەی کورد کە ھیچ دەوڵەتێک نوێنەرایەتی و ئەرکی پاراستنیانی وەئەستۆ نییە و تەنانەت دەوڵەتە زاڵەکان خۆیان بەشیوەی جۆراوجۆر ستەمیان لێ دەکەن، دەیانچەوسێننەوە و کۆمەڵکۆژیان دەکەن، ھیوایەکیان بۆ مانەوە نییە، جگە لە پاڵبەستن بە ھێزی پێشمەرگە. واتا لە کوردستان پاراستنی مانەوەی نەتەوەیی، لە ئەستۆی پێشمەرگەیە و بە درێژایی میژوو ھەر وا بووە. ھەڵبەت جیاوازی پیشمەرگە لەگەڵ ئەرتەشی وڵاتانی تر ئەوەیە کە ئەوان وەک ھێزێکی سیستماتیک لە بەرانبەر کار و چالاکییەکانیاندا مووچە و پووڵ و پارە و دەرماڵە وەردەگرن و دەکرێت وەک دەرفەتێکی کاری (شوغڵی) چاوی لێ بکرێت، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان لانیکەم لە قۆناغی پێش ڕزگاری کوردستاندا، بە بێ ھیچ جۆرە چاوەڕوانییەکی ماددی و دنیایی، گیانی خۆی بۆ پاراستنی نەتەوەکەی بەخت دەکات. 

ئەنجام


بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باسانەی سەرەوە، ئەو بابەتەش ڕوون دەبێتەوە کە خاڵی ھاوبەشی پێشمەرگە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی دیکە لە کوردستاندا ئەوەیە کە یەکەم، ھەموویان بەشوێن گۆڕانکارییەوەن لە بارودۆخی داسەپاوی (ڕەوتی داگیرکراوی کوردستان) ئێستادا. دوویەم، پابەندی بەرژەوەندی نەتەوەیین و ئەو بەرژەوەندییەش خۆی لە ھەوڵدان بۆ ئازادکردن و ڕزگاری خاک و نیشتمان و پاراستنی فەرھەنگ و شوناسی نەتەوەیی دەبینێتەوە. سێیەم، زۆربەیان دیموکراتن و پابەندی ئازادی و کەرامەتی تاکەکان و کۆمەڵگەن و لەبەرانبەر دەسەڵاتی وڵاتی داگیرکەر و دژە گەلدا ڕاوەستاون. چوارەم، مادام ھەم دیموکراتن و ھەم شۆڕشگێڕ، کەوابوو تەنیا بەشوێن ڕووخاندنەوە نین بەڵکوو لە فکری بنیاتنانەوەیشدان. 

بەڵام ئەو تایبەتەمەندییە سەرەکییە کە پێشمەرگە جیا دەکاتەوە و دەیخاتە لووتکەی شۆڕشگێڕی ئەوەیە کە ڕۆڵ و ئەرکی ژی و مانەوەی نەتەوەیی وە ئەستۆ گرتووە. ئەو ڕۆڵ و ئەرکەی کە دەبینین ھەم بە کردەوە لە لایەن ھەموو وڵاتان و نەتەوەکانی جیھاندا و ھەم لە تیۆرییە سیاسییەکانی بیرۆکەوانە بەناوبانگەکاندا وەک ئەولەوییەتی یەکەم گرنگی پێدراوە . ھەر بۆیە زۆر ڕوون و مانادارە کە دەڵێین پێشمەرگە "شۆڕشگێڕێکە کە ژی و مانەوەی نەتەوەیی دەستەبەر و گەرەنتی دەکات".



سەرچاوەکان

١-  ئەحمەد شەبانی، فەرھەنگی زانستی سیاسی، زانکۆی کوردستان (ئێران)، چاپی یەکەم، ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩)، لاپەڕەی ٢٠٣ تا ٢٠٥. 

٢-ئەنتۆنی گیدنز، شۆڕش و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، وەرگێڕانی ھیوا حاجی دێلۆیی، کوردستان، ھەولێر، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٥، لاپەڕەی ١٤-١٣.

٣- ئەحمەد شابانى، سەرچاوەى پێشوو.
 



ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر