دارشتنی سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان

سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا، میکانیزمی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆک جیاوازبوو وەک لە جاری پێشوو، ئەمجارە لە جیاتی دەنگدانی گشتی بینای پەرلەمانی کوردستان گۆرەپانی ھەڵبژاردنەکە بوو، دەنگی پەرلەمانتاران سەنگی مەحەک بوو بۆ ھەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم .
PM:03:02:19/06/2019
دۆسیە: دەوڵەت سازی
ماوەی پێکھێنانی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە ٢٠٠٥ سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان ھەڵسەنگێنین دەردەکەوێت سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغی سیستەمی سیاسی تێکەڵ تێپەریووە

هەڵوێست میرانی
پارێزەر

سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا، میکانیزمی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆک جیاوازبوو وەک لە جاری پێشوو، ئەمجارە لە جیاتی دەنگدانی گشتی بینای پەرلەمانی کوردستان  گۆرەپانی ھەڵبژاردنەکە بوو، دەنگی پەرلەمانتاران  سەنگی مەحەک بوو بۆ ھەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم .

باس و خواسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە مشتومڕی پارتە سیاسییەکان، یاساناسان، شارەزایانی سیستەمی سیاسی، دەربارەی جۆریەتی سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان گەرم و گوڕ بوو .


ئەگەرچی ئەم نووسینە شیکارییە درەنگ وەختە، کە پێویست بوو لە سەروبەندی گفتوگۆ چڕ و پڕەکەی ئەو نوخبەیەی سیستەمی سیاسی ھەرێمیان ھەڵدەسەنگاند قسەیەکمان بکردایە، ئێستاش درەنگ وەخت نییە بۆ ئاشنا بوونی خوێنەران لەسەر جۆرەکانی سیستەمی سیاسی، بزانین ھەرێمی کوردستان لە کامە جۆری سیستەمە
.

 
بە پێویستم زانی کورتەیەک لە جۆریەتی سیستەمەکان (سەرۆکایەتی، پەرلەمانی، نیمچە سەرۆکایەتی) بۆ خوێنەران بخەمە ڕوو بە سوود وەرگرتن لە نموونە زیندووەکانی سیستەمی سیاسی (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا) کە ھەر سێ جۆری سیستەمەکە لە شێوازی حوکمڕانی ئەو چوار وڵاتە بەرجەستەیە و ڕەنگی داوەتەوە، ھەروەھا جۆریەتی سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان بکەم .


سیستەمى سیاسی


سیستەمی سیاسی بریتییە لە کۆمەڵێک دام و دەزگای کارا لە کۆمەڵگایەکی ڕێکخراو کە ئەرکی ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵگایە، هەروەها کاروباری بەرێوەبردن دەگرنە ئەستۆ، ئەمەش لە ڕێگای ئەو یاسا و ڕێسایانەی بۆ ڕێکخستنی کار و ژیانی کۆمەڵگا دانراون، دەستور و کلتوری سیاسی بنەمای ناساندن و دیاری کردنی سیستەمی سیاسییە لە وڵات
.

 
کۆمەڵگا پێویستی بە سیستەمێکی سیاسی تۆکمە و دەسەڵاتێکی ڕێکخراو ھەیە تاوەکو بنەماکانی ژیانی تێدا رێکبخرێت، کەوایە سیستەمی سیاسی بۆ ژیانی مرۆڤایەتی و ڕێکخستنیان گرنگی تایبەت بە خۆی ھەیە، بە جۆرێک سیستەمی سیاسی بە ماشێن و وزەی دەوڵەت و حوکمڕانی دێتە ژماردن، لە ژێر چەتری سیستەمەوە کاری دەسەڵات و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕێکدەخرێن و کۆدەکرێنەوە .


ھەمواری یاسای  سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١٩، کە تیایدا  سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، ئەمەش دەرگای گفتوگۆی بە ڕووی  یاساناسان و شارەزایانی یاسای دەستوری واڵا کردووە لە بارەی جۆریەتی سیستەمی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەرچی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم  بەو میکانیزمە تا پەسەند کردنی دەستوری ھەرێمی کوردستانە، کە لە ناوەرۆکی دەستور جۆری سیستەمی سیاسی و چۆنیەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەستنیشان دەکات. بیردۆزی دابەش کردنی دەسەڵاتەکان (الفصل بین السلطات) لە لایەن فەیلەسوفی فەرەنسی مۆنتسکیۆ دارێژرا بە سوود وەرگرتن لە تێزەکانی ھەردوو فەیلەسوفانی ئینگلیزی (جۆن لۆک و تۆماس ھۆبز)، کە بە داھێنەری بنەماکانی سەرھەڵدان و ڕێکخستنی سیستەمی دەوڵەتداری  دادەنرێن
.

 
مۆنتسکیۆ لە بیردۆزەکەی ڕوونی کردۆتەوە کە دەستوەردانی دەسەڵاتەکان، کاریگەری خراپ و نەرێنی دەکاتە سەر سیستەمی حوکمرانی و، بنەماکانی دیموکراسییەت دەخاتە مەترسیەوە، بۆیە گونجاوترین ڕێگا بۆ پاراستنی سیستەمی حوکمرانی و ڕاگرتنی پایەکانی دیموکراسی، دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە، سیستەمی سیاسی تەندروست لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی دەگرێت و دەتوانرێت لەو ڕێگایەوە حوکمڕانێکی تەندروست و بێ کێشە بھێنرێتە ئارا، ئەم بیردۆزی مۆنتسکیۆ بووە شۆڕشێکی بەرفراوان و وڵاتان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی سیستەمی سیاسی پشت بە بیردۆزەکەی مۆنتسکیۆ دەبەستن و لەسەر بنەماکانی بیردۆزەکە دەسەڵاتەکانیان ڕێکخستووە و لە دەستوری وڵات چەسپاندوویانە.

 

سیستەمی سەرۆکایەتی

 

تایبەتمەندی سیستەمی سەرۆکایەتی ئەوەیە خەڵک لە ڕێگای دەنگدانی نھێنی و ڕاستەوخۆ سەرۆک ھەڵدەبژێرن، واتا سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە متمانەی پێ دەدرێت، پێگەی بەھێزی سەرۆک وا دەکات ھیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نەتوانێت متمانە لە سەرۆک وەرگرێتەوە، تەنیا لە چەند حاڵەتێک نەبێت ئەگەر ھاتوو سەرۆک ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بوو، یاخود ناپاکی لە خاک و نیشتیمان کرد و بەڵگەی ناپاکیەکەی  بخرێتە ڕوو، یان توشی نەخۆشییەکی درێژ خایەن بێت و توانای ڕایی کردنی کارەکانی نەبێت، یاخود لە ماوەی سەرۆکایەتی عەقڵی لە دەست دابێت، تەنھا ئەو ڕێگایانە دەتوانن سەرۆک لە دەسەڵات دووربخەنەوە.


لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان بە جیا، کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)  دەست لە کاروباری سەرۆک وەرنادات و ناتوانێت متمانە لە سەرۆک و یاریدەدەرەکانی یاخود وەزیرەکانی وەربگرێتەوە، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەست وەرنادات لە کاروباری پەرلەمان و دەسەڵاتی دواخستنی دانیشتنەکان و ھەڵوەشانەوەی پەرلەمانی نییە
.


لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا جیاکاری ڕەھا لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان ھەیە، سەرۆک خاوەن دەسەڵاتێکی فراوانە، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانە، دامەزراوە گشتی و باڵاکان ئاڕاستە دەکات، داڕێژەری ستراتیژی دەرەوە و ناوەوەیە، جوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵات لە لایەن سەرۆکەوە ئاڕاستە دەکرێت، دەسەڵاتی لێپرسینەوە و لابردنی وەزیر و یاریدەدەرەکانی ھەیە، مافی دەرکردنی لێبوردنی گشتی و تایبەتی ھەیە، مافی ئەوەی ھەیە پێشنیاری پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان بکات
.


مێژووی سەرھەڵدانی سیستەمی سەرۆکایەتی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، 
ئەمیش نموونەیەکی زیندووی پیادەکردنی سیستەمی سەرۆکایەتییە، ١٣ ساڵ دوای  ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٧٨٩ لە ڕێی دەستورێکەوە بۆ  یەکەم جار سیستەمی سەرۆکایەتی لە دایک بوو،لە ئەمریکا سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە ھەڵدەبژێردرێت، ماوەی خولی سەرۆکایەتی چوار ساڵە، دوای تەواو بوونی ماوەکەی سەرۆک بۆی ھەیە خولێکی تر خۆی ھەڵبژێرێتەوە، لە ئەگەری دووبارە ھەڵبژاردنەوەی سەرۆک و دوای تەواو کردنی دوو خول، مافی خۆ کاندیدکردنی بۆ خولی سێھەم نامێنێت، لە ئەمریکا ئەنجومەنی وەزیران (حکومەت) و سەرۆک وەزیران بوونی نییە، سەرۆک لە ھەمان کات پیادەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و پابەندە بە دەسەلاتی جێبەجێکردنەوە، سەرۆک وەزیرەکان و یاریدەدەرەکان و ڕاوێژکارەکانی دەست نیشان دەکات کە یارمەتی سەرۆک دەدەن لە ڕاسپاردنی کارەکانی.

 

لایەنی ئەرێنی سیستەمی سەرۆکایەتی

 

یەکەم: سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە ھەڵدەبژێردرێت، بەو جۆرە سەرۆک ڕەوایەتی بەھێزی ھەیە وەک ئەوەی لە لایەن ئەندامانی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت،

دووەم: پەسەند کردنی پێشنیارەکان و بڕیاردان لە ئەگەری بوونی سەرۆکێکی دەسەڵاتدار کاریگەری خۆی ھەیە، خێراتریش بڕیار و پێشنیارەکان پەسەند دەکرێن.

سێیەم:بەھۆی جێگیری و بەھێزی پێگەی سەرۆکەوە کەمینەیەکی پەرلەمان ناتوانن فشار درووست بکەن بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک، بەمەش سەقامگیری سیاسی لە وڵات ناکەوێتە مەترسیەوە.

 

لایەنی نەرێنی سیستەمی سەرۆکایەتی


یەکەم: بەھۆی بوونی دەسەڵاتێکی فراوانەوە ئەگەری ھەیە سەرۆک ببێتە سەرۆکێکی تۆتالیتار و خۆسەپێن.

دووەم:لە سیستەمی سەرۆکایەتی دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێکردن دەسەڵاتیان بەسەر یەکتریەوە نییە، لە ئەگەری بوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو دەسەڵاتانە، ئەگەر ھەیە ئەو یاسایانەی سەرۆک پێشنیاری دەکات پەرلەمان ڕەتی بکاتەوە، یان بە پێچەوانەوە پەرلەمان یاسا دەربکات و سەرۆک یاساکە ڤیتۆ بکات.

 

لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی سەرۆکایەتی پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییەت نییە، لە ئەمریکا ئەو سیستەمە پەیرەو دەکرێت و لە ھەمانکاتدا بنەماکانی دیموکراسییەت تیایدا چەسپاوە، لە ئەمریکا سەرۆک لە لایەن گەلەوە ئارەزوومەندانە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە ھەڵدەبژێردرێت، پرۆسەی  دەستا و دەستی دەسەڵات درێژەی ھەیە، ھاوڵاتیانی ئەمریکا بە یەکسانی مافی بەشداری سیاسیان ھەیە، کێبەرکێی تەندروستی  حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان لە ململانێی ھەڵبژاردن بە مەبەستی گەیشتن بە دەسەڵات، ھەبوونی  ئازادی تاک و ئازادی سیاسی، ئەمانە و تەواوی بنەماکانی دیموکراسییەت بەرقەرار کراوە  لە ئەمریکا و بەشێک لەو وڵاتانەی  سیستەمی سەرۆکایەتی  تێدا بەرجەستەیە.

  

سیستەمی پەرلەمانی

 

سیستەمی پەرلەمانی مۆدێلێکی دیموکراسی حوکمکردنە تیایدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) شەرعیەت لە دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) وەردەگرێت، بە جۆرێک پەرلەمان چاودێرە بەسەر ئەدای کاری حکومەت و لە ئەگەری کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبەردنی سیاسەتی گشتی وڵات مافی لێپێچینەوە و ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ھەیە.

 
سیستەمی پەرلەمانی جۆرێکە لە حکومەتی نوێنەری، بوونی پەرلەمانێکی ھەڵبژێردراو و لە لایەن گەلەوە لە پایە بنەڕەتیەکانی ئەو سیستەمەیە، لە سیستەمی پەرلەمانی پرەنسیپی ھاوکاری و ھاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بە ڕوونی دەردەکەوێت، بە جۆرێک حکومەت و پەرلەمان گرێدراوی بەکترن.

 
لەم سیستەمە دەسەڵاتی جێبەجێکردن فۆڕمی دوانەی وەرگرتووە سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حکومەت کە دوو پایەی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنن پێگەی سیاسی و بەڕێوەبردنیان جیاوازە و لە ھەمانکاتدا نوێنەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن، پێگەی سەرۆک، پاشا، ئیمپراتۆر جیاوازە لە پێگەی سەرۆکی حکومەت، دەسەڵاتی (پاشا، سەرۆک) دەسەڵاتی تەشریفاتین، ھەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ژاپۆن، ھۆڵەندا، ئیسپانیا، دەسەڵاتە تەشریفاتیەکە لە پاشاوە بۆ نەوەکانی دەگوازرێنەوە، لە وڵاتانی تر سەرۆک لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە متمانەی پێ دەبەخشرێت و ڕادەسپێردرێت تا ڕۆڵە تەشریفاتییەکە بگێرێت.

 
سیستەمی پەرلەمانی بەستراوەتەوە بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەو پارتەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان مسۆگەر دەکات یاخود گەورەترین کوتلەی پەرلەمان حکومەت پێکدەھێنێت و ئەو حکومەتەش بەرپرسیاریەتی سیاسی وڵاتی دەکەوێتە ئەستۆ لە بەڕێوەبردنی کارەکانی بەرامبەر پەرلەمان و خەڵک، لەو سیستەمە پەرلەمان و حکومەت دەستدەخەنە کاروباری یەکتر و لە ھەمانکاتیش چاودێرن بەسەر یەکترەوە.

 
نەریتێک لە سیستەمی پەرلەمانی بە زەقی دەردەکەوێت ئەویش نەریتی پرسیارکردنە لە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی، پەرلەمان مافی ئەوەی ھەیە ھەفتانە یان مانگانە چەند سەعاتێک بۆ ئەندامانی پەرلەمان تەرخان بکات بۆ پرسیارکردن و لیپێچینەوە لە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەدای کاری حکومەت، ئەو جۆرە پرس و پرساندنە تەنھا بۆ ئەنجومەنی وەزیرانە و سەرۆکی وڵات لە ڕووی سیاسییەوە بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیار نابێت.


لە سیستەمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتەکانی سەرۆک پرۆتۆکۆلین و سەرۆک وەک سیمبوڵ و پاراستنی دەستور و یەکپارچەیی خاکی وڵات سەیر دەکرێت، سەرۆک ڕۆڵی ناوبژیوانی دەبینێت لە نێوان دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا
.

 

لایەنی ئەرێنی سیستەمی پەرلەمانی


یەکەم: لەبەر ئەوەی باڵادەسترین دامەزراوە پەرلەمانە پارتە بچوکەکان چانسی بەشداریکردن و ڕۆڵ  بینینیان ھەیە لە دەسەڵات
.

دووەم: لەو سیستەمە کەمینەکان پەراوێز ناخرێن و شانبەشانی پارتی دەسەڵاتدار ڕۆڵ دەگێڕن لە دەسەڵات لە ئەگەری پێکھێنانی حکومەتی ئیئتیلافی.

سێیەم: لەو سیستەمە ژینگە لە بارە بۆ  فرە حیزبی، چونکە تەواوی حزبەکان و  گرووپ و رێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە گەورە و بچووکەوە  بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکەن بە ئامانجی بەدەستھێنانی کورسیەکانی پەرلەمان.

چوارەم: لەو سیستەمە ژینگە لە بار نییە بۆ کودەتای سەربازی، مەیلی کودەتای سیاسی زیاترە بەو پێیەی پەرلەمان باڵاترین دامەزراوەیە، بە تایبەت ئەو پەرلەمانەی ژمارەی کورسی پارت و لایەنەکان لە یەکتر نزیکە، کاتێک حکومەت کەمتەرخەم دەبێت لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی گشتی وڵات ئەوا پێش تەواو بوونی وادەکەی کەنارگیری دەخرێ و متمانەی لێ دەستێنرێتەوە، بەو جۆرە کاتێک کوتلەکانی ئۆپۆزسیۆن و کوتلەیەکی زۆرینە لە پەرلەمان کودەتایەک بەسەر زۆرینەی پەرلەمان دەکەن، بەمەش ڕێککەوتنی پێشوو ھەڵدەوەشێنرێتەوە، لە ڕیگەی واژوو کردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لە پەرلەمان زۆرینەیەک پێکدەھێنن و حکومەتێکی نوێ پێکدەھێنن، کودەتای سیاسی مەترسی کەمترە وەک لە کودەتای سەربازی کە وڵات توشی کۆمەڵێک کێشە و ئاڵۆزی گەورە دەکات لەوانە ململانێی سیاسی توند و پێکدادانی سەربازی .

 

لایەنی نەرێنی سیستەمی پەرلەمانی

 

سیستەمی پەرلەمانی لە ئەنجامی فرەدەنگی و فرە حیزبی و  فرەیی سیاسی دێتە دی، سیستەمی پەرلەمانی ئەو کاتە سیستەمێکی تەندروستە کە دەنگدەران ئاستی  ھۆشیاری سیاسیان بەرز بێت و لە سەر بنەمای توانستی زانستی و لێھاتوویی سیاسی دەنگ بە کاندیدەکان بدەن، پارتە سیاسیەکانیش کاندیدەکانیان لە سەر بنەمای لێھاتوویی و خاوەن باگراوندێکی سیاسی قووڵ کاندیدەکان ھەڵبژێرن .


بە پێچەوانەوە پەرلەمان لە ئەدا کردنی وەزیفەی ڕاستەقینەی خۆی دوور دەکەوێتەوە و فەوزا درووست دەبێت، بەو ھۆیەوە سەقامگیری سیاسی دەکەوێتە مەترسی و کۆمەڵێ قەیرانی سیاسی ڕوو لە وڵات دەکات
.

 

سیستەمی نیمچە سەرۆکایەتی ( تێکەڵ(


سیستەمی نیمچە سەرۆکایەتی (تێکەڵ) بە جۆرێک دارێژراوە ھەردوو سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کۆدەکاتەوە، لەم سیستەمە سەرۆک بە ھەڵبژاردنی  ڕاستەوخۆی گشتی  لە ناو گەلەوە لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە ھەڵدەبژێردرێت  و دەسەڵاتی فراوانی ھەیە
.


حکومەت لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت و پەرلەمانتاران متمانە لە ڕێگای زۆرینەی پەرلەمانەوە متمانە بە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان دەدەن، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان بەرپرسیار دەبن بەرامبەر پەرلەمان و پەرلەمان توانای لێپرسینەوەی لە سەرۆک وەزیر و وەزیرەکان ھەیە
.


نموونەی سیستەمی سیاسی تێکەڵ (فەرەنسا) یە، لە دەستوری ١٩٥٨ ی فەرەنسا سیستەمی سیاسی تێکەڵ چەسپا و لە ١٩٦٢ کار بەو سیستەمە کرا، سەرۆک خاوەن دەسەڵاتە و حکومەتی ئەو وڵاتەش لە پەرلەمانەوە متمانەی پێدەدرێت و  بەرپرسیارە بەرامبەر پەرلەمان، دوای فەرەنسا ھەریەک لە وڵاتانی فینلاند، ئێرلەندا و نەمسا، پشت بە سیستەمی سیاسی تێکەڵ دەبەستن
.

 

سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە نێوان ھەرسێ سیستەمەکە (سەرۆکایەتی، پەرلەمانی، نیمچە سەرۆکایەتی)

 

گەر لە ماوەی پێکھێنانی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە ٢٠٠٥  سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان ھەڵسەنگێنین بە بەراورد بە ھەرسێ سیستەمەکە، دەردەکەوێت سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغی سیستەمی سیاسی تێکەڵ تێپەریووە، ھەرێمی کوردستان دەستورێکی ھەمیشەیی نییە تا بە ڕوونی سیستەمی سیاسی ھەرێممان بۆ بخاتە بەردەست، بۆیە دەتوانین لە ڕێگای بەراوردەوە سیستەمەکە ھەڵسەنگێنین و جۆریەتییەکەی دەستنیشان بکەین .


لە ٢٠٠٩ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای دەنگدانی گشتی ڕاستەوخۆ ھەڵبژێردرا و خاوەن دەسەڵاتێکی فراوان بوو، سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانیش لە پەرلەمانەوە بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە متمانەیان وەرگرت، سەرۆکی ھەرێم بەرپرسیار نەبوو بەرامبەر بە پەرلەمان، لە ھەمانکاتدا سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان بەرپرسیار بوون بەرامبەر بە پەرلەمان، ئەمەش لەگەڵ سیستەمی نیمچە سەرۆکایەتی یەکانگیرە و دارشتنی جۆری سیستەمەکە نیمچە سەرۆکایەتی بوو  ھاوشێوەی فەرەنسا و نەمسا
.


گەر ھەڵسەنگاندنێک بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە ١٠ی ٦ی ئەمساڵ بکەین بۆمان دەردەکەوێت سیستەمی سیاسی ھەرێم بە شێوەیەکی ئاڵۆز دارێژراوە، لە ھەمواری یاسای ژمارە (١) ساڵی ٢٠١٩ی  سەرۆکایەتی ھەرێم  ئاماژە بەوە دراوە سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت تا پەسەند کردنی دەستور
.


دارشتنی سیستەمی سیاسی  ھەرێمی کوردستان بەم ناڕوونی یە بۆ ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان کە زۆرینەی پەرلەمان پێکدێنن(پارتی، گۆران، یەکێتی) و چەند لایەنێکی تر دەگەڕێتەوە ئەویش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی ھەرێم کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان ببوویەوە
.


سەرۆکی ھەرێم (نێچیرڤان بارزانی) لە پەرلەمانەوە متمانەی پێدرا و بە ھەمان دەسەڵاتی پێشوو پیادەی دەسەڵاتەکانی دەکات، ئەگەر داڕشتنی سیستەمی سیاسی ھەرێم(سەرۆکایەتی، یاخود نیمچە سەرۆکایەتی) بێت، ھەنگاوی یەکەم دەبوایە سەرۆک بە ھەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە ھەڵبژێردرێت و وەک ئێستا خاوەن دەسەڵاتێکی فراوان بێت، ئینجا بە پێی جۆری سیستەمەکە حکومەت پێکدەھێنرا
.


هەروەها ئەگەر سیستەمی سیاسی ھەرێم پەرلەمانی بێت، سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە متمانەی پێدەدرێت، بەڵام ھاوشێوەی سیستەمی سیاسی عێراق سەرۆک خاوەن دەسەڵاتێکی پرۆتۆکۆلی  دەبێت و لە ھەمانکاتدا سەرۆک وەزیران خاوەن دەسەڵاتێکی فراوانی جێبەجێکردن دەبوو
.



ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر