کابینەی نوێی حکومەت و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان

بەکارهێنانى بەردەوامى هەردوو چەمکى جاشێتى و خیانەت بەڵگەیە لەسەر بوونى بۆشاییەکى قوڵى ئەمنى لە قەوارەى هەرێمى کوردستاندا.
PM:02:45:18/06/2019
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی
لەداڕشتنی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، پێویستە کورد تەنھا و تەنھا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی
سه‌رۆكی ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی

گومانی تێدانیە لەدوای ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان و ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر، ھەردوو چەمکی جاشێتی و خیانەت، زۆرترین قسەیان لەئاستی میدیایی و سۆسیالمیدیا و تەنانەت لەئاستی سیاسییش لەبارەوە کراوە. بەجۆرێک ڕەنگە لەڕاستی دوورنەکەوینەوە ئەگەر بڵێین: لەھیچ قۆناغێکی ژیانی خەڵکی کوردستاندا، بەم چڕی و بەم بەردەوامییە، ئەو دوو چەمکە نەبوونەتە ویردی سەر زاری خەڵک.

ئەگەر بابەتییانە بدوێین، دەبێت دەرک بەو ڕاستییە بکەین، کە بەکارھێنانی چڕو بەردەوامی ئەو دوو واژەیە، نیشانە و پێنوێنی بۆشاییەکی قوڵن لەنێو ھزر و یاسا و دیدگای ئەمنی قەوارەی ھەرێمی کوردستاندا.  واتە خودی بەکارھێنانی ئەو دوو وشەیە دەرھاویشتەی بۆشاییەکی بەرفراوانن. چونکە ئەگەر ئەو بۆشاییە نەبا، ھەر لەبنەڕەتەوە ئەو دوو وشەیە بەکارنەدەبران.

قسەیەک ھەیە دەڵێت: جاشێتی و خۆبچوککردنەوە بۆ دوژمن، لەنێو کرۆمۆسۆمی 
تاکی کورددا ھەیە. بەندە پێم وایە ئەو قسەیەش نەلەڕووی زانستییەوە، نەلەڕووی واقیعیشەوە دروست نیە. بەڵام دەرھاویشتەی مێژوویەکی سەدان ساڵەی جاشێتی کوردە بەجۆرێک لە جۆرەکان بۆ ھێزە بیانییەکان. واتە دیسانەوە دروستبوونی ئەو قەناعەتەش دەرھاویشتەیە و خودی ڕاستیی نیە.

دەگەڕێمەوە سەر بنەڕەتی بابەتەکە و دەڵێم: مادەم گرێیەک ھەیە بووەتە ھۆکاری نائارامی زیھنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ کورد، ئەرکی حکومەتی داھاتووی ھەرێم و پەرلەمان و دامەزراوە باڵاکانی ئەم ھەرێمەیە کە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
کۆی ئەو کێشەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئێمە پنتێکمان نیە، بۆ پێناسەکردنی ئەو کێشەیە بگەڕێینەوە سەری. کۆمەڵگەی کوردی و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان، بەدرێژایی مێژوو، بەئێستایشەوە، نەیانتوانیوە لەسەر چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی یەکدەنگ بن.

ئەوە لەکاتێکدایە، تەواوی میللەتانی جیھان، دەوڵەتان بە گەورەو بچوکیانەوە، چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان ڕوون ڕوون کردۆتەوە، ھیچ گومانێک لەسەر ڕەھەندەکانی ئاسایشی نەتەوەییان نەھێشتۆتەوە.

نەتەوەی کورد چونکە دەوڵەتی نیە، ناتوانێت بەشێوەیەکی تەندروست لەو چەمکە بگات و مامەڵەی لەگەڵدا بکات. بەڵام خۆ دەتوانێت لەچوارچێوەی ھەرێمی کوردستاندا، بەشێک لەو چەمکە ڕوون بکاتەوەو، بەگوێرەی یاسا تاکی کورد، گرووپەکان و حیزبەکان پابەند بکات بەڕەچاوکردنییەوە.

تاکو چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان، ڕوون نەکرێتەوەو، بەیاسا ڕێکنەخرێت و، کۆدەنگی لەسەر دروستنەکرێت، ھەروەھا سزای توند بۆ پێشێڵکارانی سنورەکانی ئەو چەمکە دیاری نەکرێت، بەھیچ شێوەیەک کۆتایی بەو مشتومڕە نەزۆکە نایەت کە سەدان ساڵە لەناو کورددا باوەو، ھەموو جارێکیش کێشەی جاشایەتی، لەھەموو قۆناغەکاندا خۆی کۆپی کردۆتەوەو، زیانی گەورەی بە  نەتەوەکەمان گەیاندووە.

چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی، دەبێت زۆر ڕوون بێت، تاکو پاساو نەمێنێتەوە بۆ پێشێلکردنی. پێویستە کۆنکریتی بێت وھێڵە سورەکانی بەکۆدەنگی تەواوی دانیشتوانی کوردستان دیاری بکرێن. ئەگەر بکرێت ڕاپرسیی لەسەر بڕگەکانی ئەو ستراتیژە بکرێت وبکرێتە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی.

گرنگترین کێشەیەک ئەو ستراتیژە یەکلایی دەکاتەوە، دیاریکردنی پێگەی کوردە بەراورد بەو نەتەوانەی خاکیان داگیرکردووە. لەوێدا دیاری بکرێت ئەوانەی خاکیان داگیرکردووین و لەسایکس بیکۆوە تاکو ئێستا سەروەری نەتەوەکانی خۆیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە، دۆستمانن یان دوژمن، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جاشایەتییە یان چی؟.

لەداڕشتنی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، پێویستە کورد تەنھا و تەنھا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، ئامانجە باڵاکانی نەتەوەی کورد دیاری بکات، ھاوکات پلانێکی ورد بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژە، ھەنگاو بەھەنگاو گەڵاڵە بکات. نابێت خاتری ھیچ ھێزێک بگیرێت لەسەر حسابی نەتەوەی کورد. ھەروەک چۆن نابێت موجامەلەی داگیرکەران بکرێت. 

ستراتیژەکە پێویستە  بەکۆدەنگی کورد، کۆدەنگی کورد لەدەوری بەرژەوەندییەکان و ئامانجە باڵاکان دروست بکات، ھاوکات لادان بەبچوکترین خاڵی ئەو ستراتیژە، ڕوون بکاتەوە. سزای دیاری بکات و بەیاسا سزاکە جێبەجێ بکرێت و، ببێتە زەمانەتی ئەوەی ھیچ ھێز و کەس و لایەنێک، بوێری ئەوەی نەبێت بیر لەوە بکاتەوە پێچەوانەی ستراتیژەکە بجوڵێتەوە.

لەناو ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی، یان لەنێو پرۆتۆکۆلە نھێنییەکانی پاشکۆیدا، تەواوی میکانیزمە مادیی و مەعنەوییەکانی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد دیاری بکرێن و حکومەتی ھەرێم ناچار بکرێت بەوەی دابینیان بکات و کاریان پێ بکات.
گرنگترین سیما و خەسڵەتی ئەو ستراتیژە ئەوەیە، دوو خاڵ دیاری دەکات: ١) کێ دوژمنە؟. ٢) ھەڕەشەکان کامانەن؟.

تاکی کورد، حیزبی کورد کەتاکو ئێستا حیزبی شاخەو ھەڵگری فەرھەنگی شاخ و قۆناغی شۆڕشی پارتیزانییە، ناتوانێت لەھەندێ لەو مومارەسانە تێبگات کە تەنھا لەئاستی دەوڵەتیدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام کاتێک حکومەتی ھەرێم مومارەسەی ئەرکەکانی دەوڵەت دەکات، ئیدی لۆمە دەکرێت ئەگەر خەمی ئاسایشی نەتەوەیی نەخوات.

چونکە کورد دەوڵەتی نیە، داگیرکەران سیستەمی پەروەردەشیان بۆ داناوە، ھەر بەقامکی ئەوان یاسا بەرکارەکانی کوردستان دانراون، میتۆدی ژیانی ئێمە لەلایەن داگیرکەرانەوە ڕەنگڕێژی کراوە. ھەربۆیە بەرئەنجامێکی نۆرماڵە کاتێک مرۆڤێک بەرھەم دێت، خوێندکاری بێ گوناھی کورد بەکاردێنێت بۆ دژایەتی نەتەوەکەیی و لافیتەیەک دەدات بەدەستییەوە کە ھێڵی ڕاستو چەپی بەسەر کوردستاندا ھێناوەو، نیشانەی ڕاستی لەسەر عێراق داناوە.

ھەوەک چۆن ئەنجامێکی نۆرماڵە، کاتێ دەبینین پلەدار و پەرلەمانتاری کورد لەبەغدا لەبری شەڕی خاک و سەروەری کوردستان بکات، بەپێچەوانەوە سەنگەر لەئاسایشی نەتەوەیی میللەتەکەی خۆی دەگرێت.

کاتێ تاکی کورد، بەڕوونی گۆشنەکراوە بەوەی کێ دۆستە و کێ دوژمن، کامانەن بەرژەوەندی و ھەڕەشەکان، ئیدی ئاساییە بێ ھیچ ھێڵێکی سور، مامەڵە بکات و کوردستان و کێشەکەیشی بگۆڕێتەوە بەموچە. موچەیەک کەلەبنەڕەتدا ئەرکی ھەر ھێزێکی داگیرکەرە لەبەرانبەر زەوتکردنی ئیرادەی گەلی ژێردەستە، مافە مەدەنییەکانی بۆ دابین بکات. موچەش وەک نەفەقە وایە و ئەزمونی داگیرکەرانی دوای کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی ئەوەی بەئاشکرا سەلماندووەو، یاساکانی کۆمەڵەی نەتەوەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش، بەڕوونی باسیان لەپاراستنی مافەکانی گەلانی ژێردەست کردووە. بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی ھێزە داگیرکەرەکانیش، ئەرکیان لەسەر شانە و پێویستە بەرانبەر گەلانی ژێردەستەیان جێبەجێیان بکەن. موچەو خزمەتگوزارییەکانیش بەشێکن لەئەرکی داگیرکەران بەرانبەر بە نەتەوەی کورد کە ژێردەستەی ئەوانە.

بەوجۆرە لەلایەکەوە بەرچاوی تاکی کورد ڕوناک دەبێت و دۆست و بەرژەوەندی و دوژمن و ھەڕەشەکانی سەرخۆی بەڕوونی دەبینێت. لەلایەکی تریشەوە، ھیچ کەسێک جورئەت ناکات لەو کۆدەنگییەی کورد دەربچێت و بەرھەر پاساوێک لە سنور و ھێلەکانی لابدات. ئیدی کۆتایی بەو دڵەڕاوکێ و مەترسییە لەمێژینەیە دێت کە ھەمیشە ترس لەجاشایەتی سەرتاسەری مێژوومانی تۆقاندووە. جاشایەتی ھەمیشە ئامانجە باڵاکانی کوردی سفر کردۆتەوە. ھاوکات کۆتایی دێت بەو پاشاگەردانییەی کە دەیبینین و ھەرکەس بەئارەزووی خۆی نەیارەکەی بەجاش پێناسە دەکات.



ئه‌م بابه‌ته 354 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر