ناسیۆنالیزمى نەمر

دەکرێت ناسیوناڵیزم وەک ھەستکردن بە چارەنووسێکی ھاوبەش لە نێو خەڵکانێکدا پێناسە بکرێت
AM:11:41:13/06/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
تا ئێستا ھەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج و دەوڵەتی خۆیان، کەڵکیان لە ناسیوناڵیزم و ئامۆژەکانی وەرگرتووە

دکتۆر محەمەد حوسێن زادە
نوسەر

پێناسەیەکی پڕوپەرداخت لە ناسیوناڵیزم و تەنانەت پێناسەیەک کە ھاودەنگی زۆرینەی بیرمەندانی لە پشتەوە بێت، زۆر ئەستەمە. لە مانایەکی گشتیدا، دەکرێت ناسیوناڵیزم وەک ھەستکردن بە چارەنووسێکی ھاوبەش لە نێو خەڵکانێکدا پێناسە بکرێت، کە ڕابردوویەکی ھاوبەش و خولیای داھاتوویەکی ھاوبەشیان ھەیە. ناسیوناڵیزم دەکرێت جۆرێ وشیاری بێت و  بۆ یەکپارچەکردنی گەلێک بە کار بھێنرێت، کە لەوانەیە لە ناو خۆیاندا سەر بە گرووپگەلێکی بچووکتر و جیاواز بن. ناسیوناڵیزم دەکرێت ئاماژە یان دۆکترینێک بێت کە ئامانجەکەی وەفاداری، ھۆگری و میھرەبانییە بە نیسبەت نەتەوەیەکی تایبەت، و ئیرادەکردن بۆ باڵندەگی و پێشخستنی ئەو نەتەوە. ناسیوناڵیزم دەتوانێت بزووتنەوەیەکی ئایدۆلۆژیک بێت کە بە ئامانجی وەدەستھێنان و پاراستنی سەربەخۆیی و یەکانگیری کۆمەڵگەیەکی جیاواز، سەھەڵ دەدات، بە مەرجێک کە ھێندێک لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە، خۆیان بە نەتەوە بزانن. ناسیوناڵیزم چ وەک ھەست، چ وەک جۆرێک وشیاری یان شێوەی تێفکرین یاخود تێگەیشتنێکی سیاسی، چ وەک ئایدۆلۆژی، چ وەک دۆکترین یان ئامۆژگاری و چ وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و... ھتد، پێناسە بکرێت، "نەتەوە" وەک بنەڕەتیترین چەمک، دەکەوێتە چەقی باسەکە. واتا بەبێ نەتەوە، ناسیوناڵیزم بێ ناوەڕۆکە و ھیچ مانایەکی نییە. بەڵام نەتەوە چییە؟ 

ھەندێک لە بیرمەندان، نەتەوە وەک چوارچێوەیەکی بەرچاو و سیاسی پێناسە دەکەن. واتا نەتەوە پێکھاتووە لە خەڵکانێک/حەشیمەتێک کە لە نیشتمانێکی دیاریکراودا، لە ژێر دەسەڵات و حاکمییەتی دەوڵەتێک دان. بەڵام ئەم پێناسە سیاسییە، ئەو نەتەوە بێ دەوڵەتانە لە خۆ ناگرێت کە خاوەن بنکەیەکی سیاسی فەرمی بە ناو دەوڵەت نین.

ئەگەر ھەژمارێکی زۆر لە خەڵک، لە نیشتمانێکی ھاوبەشدا، ھەست بەوە بکەن خاوەن تایبەتەمەندیگەلێکی ھاوبەش وەکوو: زمان، مێژوو، یادەوەری، ئایین یان چارەنووسی ھاوبەش پیکەوە دەیانبەستێتەوە، پێکھێنەری نەتەوەیەکن. لێرەدا مەرج ئەوەیە کە خەڵک ھەست بەوە بکەن کە لەو تایبەتەمەندییانەدا ھاوبەشن. تەنانەت ئەندێرسۆن، نەتەوە بە کۆمەڵگەیەکی وێنایی یان خەیاڵی (imagined community) دەزانێت. ئەندامانی نەتەوە، نە ئەندامانی دیکە دەناسن و نە دەیانبینن، بەڵام بە ھەر حاڵ، باوەڕیان وایە کە ھەموویان سەر بە نەتەوەیەکن. کەوابوو، ھەر ئەوەندە ئەندامان خۆیان وەک کۆمەڵگەیەک پێنسە بکەن، نەتەوە، بوونی ھەیە. 

ھەر وا کە ئاماژەم کرد، سەرگۆڵی ناسیوناڵیزم، نەتەوەیە و یەکەمین ئامانجی ناسیوناڵیزم دەوڵەتخوازی بۆ نەتەوەیە. بەواتایەک، لە ڕوانگەی ناسیوناڵیزمەوە، نەتەوەکان بوونیان ھەیە و دەبێت خاوەن کۆمەڵگەیەکی سیاسی، دەسەڵات و بە کورتی، خاوەن دەوڵەت بن. بەکردەوەش ھەوڵدانی نەتەوەکان لە ئاستی جیھانیدا لە کاتی سەرھەڵدانی نەتەوە و ناسیوناڵیزمەوە تا ئێستا بەردەوام بووە. 

ھەرچەندە لە پاش پەیمانی وێستفاڵیا (١٦٤٨)وە دەسەڵات و سەربەخۆیی سیاسی دەوڵەتە جیاوازەکان، جێگیر بوو، بەڵام ھێشتا وڵاتەکان، وڵاتی پاشاکان بوون و چەمکی نەتەوە بە شێوەیەکی زەق و کاریگەر، سەری ھەڵ نەدابوو. ئەوە شۆڕشی فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ بوو کە بووە خاڵی سەرھەڵدانی ڕاستەقینەی ناسیوناڵیزم. ئەو شۆڕشە مەزنە، بنەمای پێکھاتنی سیستەمی سیاسی نوێی دابین کرد و کەوتە دژایەتی لەگەڵ سیستەمی خانەدانیی و ئەشرافی کۆن. لەوە بە دواوە، ناسیوناڵیزم بووە ئایدۆلۆژیای زەق و پیرۆز و لە پەیوەندی لەگەڵ چەمکگەلێکی وەک دیموکراسی و بەرابەریدا، ڕەوایی سیاسی بەدەست ھێنا و زیاترین کارییگەریی دانا لەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی سیاسی. ناسیوناڵیزم ھەموو پاساوە پێشووەکانی وەلا نا و لەبەرانبەردا ڕوانگەیەکی ھێنا ئاراوە کە تیایدا، حکومەتەکان لەبەر ئەوە ڕەواییان دەبێت، کە نوێنەری نەتەوەی خۆیانن. پێشتر، بنەمای ڕەوایی، نەک نەتەوە، بەڵکوو ئایین و پاشایەتی یاخود ئەندامبوون لە خانەدانێکدا بوو. 

ناسیوناڵیزم سەرەتا لە ئەورووپا و پاشان لە ھەموو جیھاندا بڵاو بوویەوە. لە ئەورووپادا بە تایبەت ھاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی (ناپلیۆن)، ناسیوناڵیزم پەرەی سەند و بووە ھۆکاری سەرەکی زۆربەی گۆڕانکارییەکان. خۆ لێ گێل کردن و گوێ  پێ نەدانی کۆنگەری ڤیەننا لە ساڵی ١٨١٥دا، نەک ھەر نەبووە ھۆی لاوازی و لە نێوچوونی ناسیوناڵیزم، بەڵکوو نەتەوەکان زیاتر لە پێش، سەرنجیان ڕاکێشرا بۆ لای ناسیوناڵیزم و ناوەڕۆکەکەیان وەرگرت. لەوە بەدوا ھەر گرووپێکی خەڵکی، کە خۆیان بە نەتەوە دەزانی، بە شوێن پێکھێنانی شوناس و دەوڵەتی خۆیانەوە بوون. ئەو خواستە زنجیرەیەک بوو کە تا ئێستاش ھەر بەردەوامە. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا، یونان، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا وەک ھێمای ناسیوناڵیزم دەرکەوتن. دواتر لە ئیمپراتورییە چەند نەتەوەییەکانی ئەورووپای ناوندەنی و ڕۆژھەڵاتی ئەورووپادا- ئیمپراتورییەکانی نەمسا- مەجارستان، پرۆس، ڕووسیا و عوسمانی- پەرەی سەند. 

ئیتالیا و ئەڵمان لە ڕێگای شەڕ و ململانێوە ڕێگایەکیان دۆزییەوە بۆ یەکگرتنەوەی یەکینە بچووکەکانی نێو خۆیان. یونان لە ساڵی ١٨٣٠دا ڕایگەیاند کە لە عوسمانی جیا بووەتەوە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند. تا ساڵی ١٨٧٨ ڕۆمانیا و سێربێستان سەربەخۆییان وەدەست ھێنا. بۆلغارستان لە ڕووی یاساییەوە تا ساڵی ١٩٠٨ سەر بە عوسمانی بوو، بەڵام لە دەیەی ١٨٨٠وە بە کردەوە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ سیاسەتی دەکرد. تا ساڵی ١٩٠٠ شۆڕشگێڕانی وڵاتانێکی وەک فیلیپین، ئەندۆنێزیا، جەزائیر و ھیندستان ھەوڵیان دەدا خۆیان وەک نەتەوە، بناسێنن. لە ئەمریکای لاتیندا چەندین شەڕ بە مەبەستی سەربەخۆیی لە ئێسپانیا لە نێوان ساڵانی ١٨١٠ و ١٨٢٠دا ڕووی دا. پاراگۆئە و ئۆرۆگوای شەڕیان دەکرد تا لە ئەرژەنتین و بەڕازیل جیا ببنەوە. بولیوی و ئەکوادۆر لە یەکگرتنەوە لەگەل پیڕۆ خۆیان بوارد. کۆلەمبیای گەورە دابەشبوو بەسەر کۆلەمبیا و ڤەنزۆیلادا. ئیالەتەکانی ئەمریکای ناوەندی دابەش بوون بەسەر گواتمالا، ھیندوڕاس، نیکاراگۆ، کاستاریکا و سالوادۆردا. لە ئەفریقیای ژێر سەحرا، لیبێریا لە ساڵی ١٨٤٧دا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. لە ساڵی ١٨٢٢دا، دژبەرانی نفوزی بەریتانیا و فەڕەنسا لە میسردا، دروشمی "میسر بۆ میسرییەکان"یان دەگۆتەوە.

ئەو ڕەوتە لە ھەموو جیھاندا پەرەی سەند، بە شێوەیەک کە تا ساڵی ١٩١٤ سیستەمی نێونەتەوەیی بە گشتی ٣٢ دەوڵەتی دەسەڵاتداری تێدا بوو. بەڵام لە ساڵی ١٩٢٠دا ھاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆمەڵگەی نەتەوەکان، ئەو ڕێکخراوەیە ٤٢ ئەندامی ھەبوو؛ لە ساڵی ١٩٤٥دا، ٥٢ ئەندام و لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەو ژمارەیە گەیشتە ١٥٩ و لە ساڵی ١٩٩٧ زیاد کرا بۆ ١٨٥ ئەندام. لە ساڵی ٢٠٠٦یشدا ١٩٣ وڵات ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون. ئئستا زیاتر لە ٢٠٠ وڵات ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەن. ئەوە نیشان دەدات کە نەتەوە و ناسیوناڵیزم لە کاتی سەرھەڵدانییەوە تا ئێستا سەرنج ڕاکێش بووە و وەک دیاردەیەکی جیھانیی ڕاستەقینە بەردەوام، کاریگەری خۆیان لەسەر دیاردە و ڕووداوەکان داناوە. نەخشەی سیاسی جیھان لە ماوەی دوو سەدەدا بە گشتی گۆڕاوە. زۆرێک لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە گرنگی دان بە نەتەوە و کەڵکوەرگرتن لە ناسیوناڵیزم، ئێستا سەروەر و خاوەن نەتەوەی خۆیانن. ھێندێکی دیکە سەرەڕای زۆرێک ھەوڵ و تێکۆشان ھێشتا بە زۆر ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجی سەرەکی خۆیان. 

بەڵام ئەو ھەموو نفوز و کاریگەرییە، ڕێگر لەوە نەبووە کە ناسیوناڵیزم نەکەوێتە ژێر ڕەخنە و پەلاماری بیرۆکە و ڕوانگە و تەنانەت ئایینە جیاوازەکان. دەزانین کە گەلێ جار باسی مەرگ و نەمانی ناسیوناڵیزم کراوە و دەکرێت. دژبەرانی ناسیوناڵیزم چەند دەستەن و گریمانەی جیاوازیان ھەیە و ھەوڵ دەدەم بە کورتی ئاماژەیان پێ بدەم. دەستییەک لەوانە، ئیماندارە ئایینییەکانن. ئەوانەی کە ھەوڵی دامەزراندی ئومەتێکی جیھانی دەدەن، بەڵام پێیان وایە کە ناسیوناڵیزم بە زەقکردنەوەی چەمکی نەتەوە، ڕێی لە پێکھاتنی ئومەتی جیھانی گرتووە. ئەو ئیماندارە ئومەتخوازانە، بە گەڕانەوە بۆ ئامۆژگارییە ئایینییەکان و کتێبە ئاسمانییەکان و نەریتی پێغەمبەرانیان، ناسیوناڵیزم وەک دیاردەیەک پێناسە دەکەن کە دەبێتە ھۆی دووبەرەکی، و لەمپەڕە لەبەر سازکردنی ئومەتێکی ئایینی لە ئاستی جیھانیدا. 
دەستەیەکی دیکە لە دژبەرانی ناسیوناڵیزم، ئایدیاڵیستەکانی(Idealists) بواری سیاسەتی جیھانین، کە لانیکەم لە پاش شەڕی یەکەمی جیھانییەوە، کە شەپۆلێکی دیکەی ناسیوناڵیزم، جیھانی گرتبووەوە، ئەوان باسی ئەوەیان دەکرد کە ناسیوناڵیزم دیاردەیەکی کاتییە و مۆدێکە کە خێرا کاتی بەسەر دەچێت و دەبێتە قوربانیی پەرەسەندنی پەیوەندی چەند لایەنەی نێوان ئەکتەرە جیھانییەکان و نەتەوە جیاوازەکان. ھەروەھا، ھەم لیبڕاڵە جیھانگەراکان و ھەم ئەو بیرۆکەوانانەی کە دواتر و بە تایبەت لە دەیەی ١٩٧٠وە خۆیان وەک باوەڕمەندانی پێکھێنانی کۆمەڵگەی جیھانی (لە بەرانبەر کۆمەڵگەی نێو-دەوڵەتی) ناساندووە، دەکرێت وەک دەستەی سێیەم ئاماژەیان پێ بکەین. ئەوانیش ھاوشێوەی ئایدیاڵیستە پێشینییەکانی خۆیان، دەڵێن کە ناسیوناڵیزم بووەتە ھۆی درووستبوونی سنوورگەلی دەستکرد لە جیھاندا و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابەش کردووە و ھۆکاری سەرەکی زۆربەی شەڕ و ئاژاوە و ململانێ و پێکدادانەکان بووە و نەیھێشتووە کە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی، جێگای بەرژەوەندی نەتەوەیی بگرێتەوە. ئەوان دەڵێن لە کوتاییدا مرۆڤەکان ئەو تایبەتەمەندییە خراپ و ناحەزانە قەبووڵ ناکەن و دەرئەنجام ناسیوناڵیزم کوتایی پێ دێت و کۆمەڵگەی جیھانی، جێگای کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەگرێتەوە. لەوانەیە ئەمانە باسەکانیان سەبارەت بە دابەشکردنی جیھان و دەرئەنجامە خراپەکانی ناسیوناڵیزم، ڕاست و درووست بێت، بەڵام کێشە ئەوەیە کە نازانن کەی و چۆن و لە چ سەردەمانێکدا ناسیوناڵیزم کوتایی پێ دێت و ئەو کۆمەڵگە ئارمانییە جیھانییە، کەی خۆی دەنوێنێت و دەبێتە دیاردەیەکی ڕاستەقینە. 

دەستەیەکی دیکەیش ھەن کە ھەڵبەت ھەم دژی ئایینییەکان و ھەم دژی جیھانگەرا لیبڕاڵەکانن، بەڵام بە ھەمان ڕادە و تەنانەت توندتر و سوورتر، دژایەتی ناسیوناڵیزم دەکەن. ئەمانە لانیکەم دوو سەدەیە چاوڕەوانیی ئەوە دەکەن کە ململانێی چینایەتی لە ئاستێکی بەربڵاو و جیھانیدا، جێگای ململانێی نەتەوەیی/ ناسیوناڵیستی بگرێتەوە و ئەوجا ئەو سنوورگەلەی کە نەتەوەکان جیا دەکەنەوە بسڕنەوە و کۆمەڵگەیەکەی یەکدەست و ھەڵبەت (بە گومانی خۆیان) بەرانبەر پێک بھێنن. بەڵام چارەنووسی ئەوانیش ھەر چاوەڕوانییە و چاوەڕوانی! ئانارشیستەکانیش کە چاوەڕوانی ڕووخانی ھەر جۆریە سیستەمێکی زاڵن، چارەنووسییان ھەر بەو جۆرە بووە. ھیچکام لەو ڕوانگەگەلە، واتا ئایدیاڵیستە (لیبرال و جیھانگەرا)کان و ئیماندارانی ئایینە ئاسمانییەکان و ئایینە زەمینییەکان و ئانارشیستەکان، کە بڕوایان بە کۆمەڵگەیەکی یەکدەست و بەرابەر و بێ نەتەوە و بێ چینی جیاوازە، نەیانتوانیوە لە ململانێ لەگەڵ ناسیوناڵیزمدا، سەرکەوتوو بن.  

بەڵام جیا لەوانەی سەرەوە، دەستەیەکی دیکەیش ھەن کە بە ڕەواڵەت دژایەتی ناسیوناڵیزم دەکەن، بەڵام لە حەقیقەتدا خۆیان ناسیۆناڵیستی تۆخ و بەکەف وکۆڵن. دژایەتی ناسیوناڵیزم بە تایبەت لە لایەن ئەمانەوە، درۆیەکی گەورەیە و لە ڕاستیدا خۆیان پێشتر ھێمای ناسیۆناڵیزم بوون و دژایەتیەکەی ئێستایان ڕووکەشێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. بە تایبەت ئەوان کاتێک باس لە خراپی و بەدفەڕی ناسیوناڵیزم دەکەن کە لەگەڵ ناسیوناڵیستەکانی نەتەوە بێ-دەوڵەتەکاندا ڕووبەڕوو دەبنەوە. ئەوانە بە کردەوە لە داڕشتنی ھەموو سیاسەتەکانی وڵات و دەوڵەتەکانیاندا، باوەڕیان بە ئامۆژەکانی ناسیوناڵیزم ھەیە، لە (ترامپ)ی لیبڕاڵەوە بگرە تا (خامنەئیی) ئیماندار ناسیوناڵیستن، بەڵام کە نموونەی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتییان بینی، باسی خراپی و ناشیرینی و ناکارامەیی و دژەمرۆیی ناسیوناڵیزم دەکەن و پەلاماری ناسیونالیستە بێ-دەوڵەتە دەوڵەتخوازەکان دەدەن. ئەوانە خۆیان لە پشتی چەکی ناسیوناڵیزمەوە حەشار داوە و پەلاماری ناسیوناڵیزم دەدەن! ئەیعەجەب!
بەڵام نە لاوازی گریمانە و بیرۆکەکانی دژبەرانی پێشوو و نە درۆ و فرتوفێڵی ئەمانەی دوایین، نەیتوانییە لە سەرنج ڕاکێشی ناسیوناڵیزم کەم بکەنەوە. نەتەوە و ناسیوناڵیزم ھێشتا جێگای ڕێزن. تەنانەت نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش کە خۆیان بە قوربانی گۆڕانکارییەکانی پاش سەرھەڵدنی نەتەوە و ناسیوناڵیزم دەزانن، لەبەر ئەوەی کە تاقە ڕێگای ڕزگاری لە ناسیوناڵیزمدا دەبیننەوە، ڕێزی لێ دەگرن. خاوەن دەوڵەتەکانیش کە وتمان ھەموویان ناسیوناڵیستن و خۆیان لە پشت چەکی دژە ناسیوناڵیستییەوە حەشار داوە، نەکا بەرژەوەندییەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە و سنوورە دەستکردەکانیان، ڕنک و ڕووشی تێ کەوێت. 

بە ھەر حاڵ ئەوەی کە لە جیھانی واقیعدا دەیبینین، نەک مەرگ و لە نێوچوونی ناسیوناڵیزم، بەڵکوو بەردەوامی و بەھێزبوونییەتی و تا داھاتوویەک نادیار دەبێت باس لە "ناسیوناڵیزمی نەمر" بکەین. بە تایبەت نەتەوەی کورد کە لە ھەوڵی ڕزگاری دەدات و لە دەوڵەت وەک ئامانجی سەرەکی سیاسی دەڕوانێت، نابێت بکەوێتە ژێر تەئسیر و کاریگەریی، دەستەواژەگەلێک ساختەیی وەک "ناسیوناڵیزمی بەدفەڕ"، "ناسیوناڵیزمی وێرانکەر"، "ناسیوناڵیزمی دووبەرایەتی سازکەر"، "ناسیوناڵیزمی کاوڵکەر"، "ناسیوناڵیزمی بنبڕکراو" و "ناسیوناڵیزمی دژە مرۆیی" و ھەروەھا ناوونوتکەگەلێک وەک "ناسیوناڵیستی شەڕاشۆ"، "ناسیوناڵیستگەلی ڕوو تاڵ، ئێسک قورس و... ھتد". ئەو دەستەواژەگەلە یان لە لایەن کەسانێکی ساویلکەوە دەگۆترێنەوە کە لە دنیای دەوڵەت نەتەوەدا باسی لە ناوچوونی نەتەوە دەکەن یاخود لە لایەن ئەو کەسانەوە داھێنراون کە خۆیان پێشتر بە کردەوە، ناسیوناڵیستگەلی شەڕانی بوون و ئێستا کە گەیشتوونەتە ئامانج و دەوڵەتی خۆیان دامەزراندووە، بە ھیچ جۆڕیک ئامادە نین شایەت و بینەری ناسیوناڵیزمی لایەنەکانی دیکە بن و دەسەڵاتەکەیان کەلێنی تێ دەکەوێت. 

تا ئێستا ھەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج و دەوڵەتی خۆیان، کەڵکیان لە ناسیوناڵیزم و ئامۆژەکانی وەرگرتووە. لەمە بەدواش ئەو نەتەوەگەلە کە مانەوەی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن و خوازیاری بنکەی سیاسی و دەوڵەتی خۆیانن، دەبێت گرنگی پێ بدەن و فریوی ئەو درووشمگەلی دژە ناسیوناڵیستییانە نەخۆن و بە لەبەرچاوگرتنی تراژدیاکانی خۆیان کە زۆربەیان دەرئەنجامی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیە، ڕێز لە ناسیوناڵیزم، وەک ھێزێکی ڕەوایی بەخش بە سیاسەت و ھەڵویستەکانیان، بگرن. 



ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر