کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

سەرجەم ڕووداوە تراژیدیاکان کورد نەبوون کەواتە بۆ دژایەتى کورد دەکەن؟
PM:06:25:31/05/2019
دۆسیە: کورد لە چاوی ئەواندا
کێشەى عەرب لەگەڵ کورد تەنھا ئەوەیە کە ئەوان ڕەگەزپەرست وشۆڤێنین

یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد


نووسینی: عەدنان حسێن

ئەوانەی ھەروا بەئاسانی ١٧٠٠ گەنجی ئەفسەر و سەربازی بێ چەکی ھەڵھاتوو و نیشتەجێی بنکەی سپایکەریان کوشت عەرەب بوون؟ ... هەروەها ئەوانەی ئاسانتر لەوە ٧٠٠ بەندکراویان لە بەندیخانەی بادووش کوشت، ئەوانیش ھەر عەرەب بوون... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

هەروەها ئەوانەی مەسیحییەکانیان دەرکرد لە موسڵ و دەشتی نەینەوا و خوێن وماڵیان حەڵاڵکردن و ئەوانەیشی کە تورکمانەکانیان لە تەلەعفەر و شوێنەکانی تر کوشت و دەربەدەریان کردن دیسان عەرەب بوون... هەروەها ئەوانەیشی کە یەزیدیەکانیان کوشت ودەربەدەریانکردن و ژنەکانیان کردن بەکەنیزەک، دیسان عەرەب بوون،.... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەی کە نوێژخوێنانی نوێژی ھەینیان کوشت لە مزگەوتی مسعەبی کوڕی عومەیر لە ئیمام وەیس، ئەوانیش ئەگەرچی داعش و میلیشیا بوون، بەڵام دیسان ھەر عەرەب بوون... ئیتر کێشەتان لەگەڵ کورد چییە؟

ئەوانەی ماوەی دوو مانگە ناوچەی ئامرلی تورکمان نشینیان گەمارۆداوە وھەڕەشەی کۆمەڵکوژی دانیشتوانەکەی دەکەن کە ژمارەیان دەھەزار کەسە، ئەوانیش دیسان عەرەبن...ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەی کە چەکەکانیان فڕێدا و پۆشاکە سەربازییەکانیان داکەند لە موسڵ وتکریت و ڕومادی و دەیان شار و شارۆچکەی تر  و لەبەنداوی موسڵ و دەشتی نەینەوا و ھەموویان لەسەر سینیەکی ئاڵتونی ڕووپۆش بەئەڵماس وپلاتین ویاقوت ومەرجان تەسلیمی داعش کردن بەبێ ئەوەی یەک فیشەک بەتەقێنن، ئەمانیش ھەر عەرەب بوون ... ئەی کێشەتان لەگەڵ کورددا چییە؟

ئەو سەرکردە سەربازی و ئەمنییە گەورانەی کە بەرپرسبوون لەکەوتنی موسڵ و شوێنەکانی تر و بنکەی سپایکەر و بەندیخانەی بادوش وبەنداوی موسڵ، ھەموویان ھەر عەرەب بوون... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەیشی کە پێشوازیان لەو سەرکردە ھەڵھاتووانە کرد ولەباوەشیانگرتن و فەرشی سووریان بۆ داخستن و تەنانەت ھیچ لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکردن لەسەر ھەڵھاتنیان، ئەمانیش دیسان عەرەب بوون... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەی کە دەستبەجێ سەرکردەکانی پێشمەرگە و بەرپرسە حیزبیەکانی شەنگاریان لەسەرکار لابردن لەبەرئەوەی فەرمانی کشانەوەیان دابوو لەو شارە و نەمابوونەوە تیایدا بۆ ڕوبەڕووبونەوە لەگەڵ داعش و ھەمویانیان ناردن بۆ لێپرسینەوە بۆ دیاریکردنی سزای شایستە بۆیان، ئەمانە کورد بوون و عەرەب نەبوون... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەی کە چوونە ناو کەرکووکەوە بۆئەوەی بیپارێزن لەکەوتنە دەستی داعش، لەسەر داوای حکومەتێک کەسەرۆکەکەی عەرەب بوو، ئەمانیش کورد بوون... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەیش کوردبوون کەپێشوازیان کرد لە ملیۆنێک ئاوارە و حەواندنیانەوە کەزۆرێکیان عەرەب بوون و لەو ناوچانەوە ھاتبوون داعش داگیری کردبوون و قەسابخانەی تیادا بەرپا کردبوو، ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەی کە ڕۆژانە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەتەقێننەوە و بۆمب دەچێنن و  بەچەکی بێ دەنگ و دەنگدار، ماوەی ١٢ساڵە لەسەر یەک خەڵک دەکوژن لە بەغداد و شارەکانی تر، ئەمانە ھەموویان عەرەبن... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

زۆرباشە، ئەوانەی ئاگری شەڕیان لەگەڵ ئێران ھەڵکرد، ئەوانەی کوەیتیان داگیرکرد و بوونە ھۆی جەنگێکی وێرانکەری تر کە ئەوەی مابوو لەتەڕ و وشک پێکەوە سوتاندی، و لەنێوان ھەردوو جەنگی ئێران و کوەیتیشدا شاڵاوەکانی کۆکوژی ئەنفال و گۆڕەبەکۆمەڵەکانی بیابانیان ئەنجامدا لەدژی کورد و دواتریش گۆڕی بەکۆمەڵیان بۆ شیعە ھەڵکەند، ئەمانیش دیسان ھەر عەرەب بوون... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ھەر ڕۆژێکی پرشنگدار کەھەتانە و ھەر بۆنەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە مێژووتاندا ھەیە، کورد ڕۆڵێکی تیایدا ھەیە... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

ئەوانەی کە دەیان ساڵ شۆڕشگێڕەکانی ئێوەیان لەباوەشگرت لەسەردەمی دیکتاتۆریەتدا و، ئاسایش وئارامییان بۆ دابینکردبوون ونانێکیان لەگەڵ دەکردن بە دوو لەتەوە و، ھەندێکیان ئامادە دەکردن بۆ ئەوەی ئێستا ببن بە فەرمانڕەوای وڵات و دەستبگرن بەسەر تواناکانی وڵاتدا و کاروبار و سامانی وڵات بەڕێوە ببەن، ئەوانەیش کورد بوون... ئیتر کێشەتان چییە لەگەڵ کورد؟

بەھەر ھۆکارێک و بیانویەک کێشەتان ھەیە یان گرێی دەرونیتان ھەیە بەرانبەر، مەسعود بارزانی، یان جەلال تاڵەبانی یان فواد مەعسوم یان نیچیرڤان بارزانی یان کۆسرەت ڕەسوڵ یان فازیل میرانی یان نەوشیروان مستەفا یان بەرھەم ساڵح یان ھۆشیار زێباری یان ھەرکەسێکی تر، ئەوە کەیفی خۆتانە، خۆشتان ناوێن کەیفی خۆتانە و کێشەی خۆتانە، تەنانەت پێغەمبەرانیش کۆدەنگی لەنێوانیاندا نەبووە،.. بەڵام ئەی کێشەتان چییە لەگەڵ کورد وەک گەل و وەک نەتەوە؟ 

کێشەتان چییە لەگەڵیان کە وا ڕاگەیاندنەکان و جیھانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانتان پڕکردووە و تەنیوتانە بەم ھەموو ژەھری ڕق و قینە پیس وبۆگەنانە و بەم کینە ورقە نەتەوەییەتان لە دژیان؟

ئێوە کێشەتان چییە لەگەڵ کورد تەنھا ئەوە نەبێ کە ئێوە ڕەگەزپەرست وشۆڤێنین.

وەرگێڕانی: دڵشاد نامق فەرەج




ئه‌م بابه‌ته 291 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر