بەناوبانگترین پارتە سیاسییەکانى ڕووسیا

PM:03:10:14/05/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - حیزب و رێکخراوەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

دواى ئەوەى لە سەرەتاى نەوەدەکانى سەدەى بیستدا یەکێتیى سۆڤییەت هەرەسی هێنا، ژمارەیەک لە پارتى سیاسی لە ڕووسیا دروست بوون، هەندێک لەو پارتانە بوونە پارتى سەرەکى و لە ئەنجوومەنى "دۆما" نوێنەران، نوێنەریان هەبوو و هەیە، لەهەرە بەناوبانگترینیان پارتەکەى سەرۆک "ڤلادمێر بۆتین" بە ناوى " ڕووسیاى یەکگرتوو"، هەندێکى دیکە لەو پارتە سیاسییانە ڕێگا پێدراون بەڵام هەژموونێکى سیاسیی کاریگەریان نییە.


لە خوارەوە بەناوبانگترین پارتە سیاسییەکانى ڕووسیا باس دەکەین:


یەکەم: پارتى ڕووسیاى یەکگرتوو،
لە یەکى کانوونى یەکەمى ساڵى ٢٠٠١ و لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردوو بزووتنەوەى " یەکگرتوو" لەگەڵ "نیشتمان – هەموو ڕووسیا" دروست بوو، دیمیترى میدیڤدیڤ سەرۆک وەزیران، سەرۆکى پارتەکەیە، لەهەموو هەرێمەکانى ڕووسیادا لقى هەیە، بە هاتنى مانگى شوباتى ساڵى ٢٠٠٨، ژمارەى ئەندامانى پارتەکە گەیشتە یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئەندام.


لەو کاتەوەى دامەزراوە، پارتى "ڕووسیاى یەکگرتوو" پانتاییەکى فراوانى لە گۆڕەپانى سیاسیی ڕووسیا داگیر کردووە، لە ساڵانى ٢٠٠٣ و ٢٠٠٧ و ٢٠١١ و ٢٠١٦دا توانیویەتى زۆرینەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى دۆما لە هەڵبژاردنەکاندا بباتەوە.


لە سالى ٢٠١٢ دا " فلادمێر پۆتین" وەکو کاندیدى پارتەکە بەشدارى لە کێبڕکێی پۆستى سەرۆکایەتى کۆماردا کرد.


دووەم: پارتى لیبڕالى دیموکراسی،
لە ١٣ کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٨٩ لە لایەن "فلادیمیر جیرینۆفیسکى" یەوە دامەزراوە، تاوەکو ئێستا ناوبراو سەرۆکایەتى پارتەکە دەکات، لەو کاتەوەى کە یەکێتیى سۆڤییەت هەرەسی هێناوە ئەم پارتە بەشدارى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانى لەڕووسیادا کردووە و توانیویەتى نوێنەرەکانى خۆى بنێرێتە پەرلەمانەوە.


لەسەروبەندى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى ڕووسیا کەلە ١٨ ى ئادارى ٢٠١٨ ئەنجام درا، جیرنۆفیسکى لەسەر پارتەکەى خۆى کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتى وڵات، بەڵام لە هەڵبژاردنى ساڵى ٢٠٠٤ دا پارتەکە نوێنەرێکى لە ئەنجوومەنى دۆما بەناوى "ئۆلیگ مالیشکین" بۆ پۆستەکە کاندید کرد.


جیرۆفیسکى لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى ٢٠٠٨ زیاتر لە ٩% دەنگەکانى بەدەست هێنا، هەروەها لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ساڵى ٢٠١٦دا پارتەکە توانى ٣٩ کورسى لە ئەنجوومەنى دۆما بەدەست بهێنێت.


سێیەم: حیزبی شیوعی،
لە ساڵى ١٩٩٣ دا و لە ئەنجامى گرێدانى کۆنگرەیەکى تایبەتى شیوعییەکانى ڕووسیا دروست بوو، ئەم حیزبە لە لایەن "غینادى زیوغانف" ەوە سەرۆکایەتى دەکرێت و کاندید بوو بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ڕووسیا لە ئادارى ٢٠١٨دا.


حیزبی شیوعی ڕووسیا وەکو هێزێکى چەپ دەناسرێت، هەروەها وەکو ئۆپۆزسیۆن خۆى نیشان دەدات، لە ساڵى ٢٠١١ دا لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى دۆمادا توانى ٢٠% دەنگى هاوڵاتیانى ڕووسیا بەدەست بهێنێت، بەوەش توانى ٩٢ کورسی لە کۆى ٤٥٠ کورسی بباتەوە، لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى دۆما لە ساڵى ٢٠١٦ دا حیزبەکە توانى تەنیا ٤٢ کورسی بەدەست بهێنێت.


ژمارەى ئەندامانى حیزبى شیوعی ڕووسی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار ئەندامى تێپەراندووە، هەروەها لەناو دام و دەزگا فیدرالییەکانى دەوڵەتدا ئەندامى هەیە.


چوارەم: ڕووسیاى دادپەروەر،
لە ساڵى ٢٠٠٦ دامەزرا، لە زستانى ساڵى ٢٠٠٧ و لە شارى بوترسبۆرگ کەبە پایتەختى باکورى ڕووسیا دادەنرێت، کۆنگرەى دامەزراندنى گرێدا، ئەم حیزبە لە لایەن "سرێگى میرونوڤ" ەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، هەروەها ئەم حیزبە خاوەنى کوتلەیەکى پەرلەمانییە لەناو ئەنجوومەنى دۆمادا، لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنەکەدا و لە ساڵى ٢٠١٦ توانى ٢٣ کورسی بەدەست بهێنێت.


سەرۆکى حیزبەکە تاوەکو ئێستا دوو جار خۆى کاندید کردووە بۆ سەرۆکایەتى وڵات، یەکەم جار لە ساڵى ٢٠٠٤ و دواتر لەساڵى ٢٠١٢، لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ڕووسیا لە ئادارى ٢٠١٨ ئەم پارتە پشتگیرى سەرۆک "فلادمێر پۆتین" ى کرد بۆ پۆستى سەرۆکایەتى.


لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى دۆما لە ساڵى ٢٠١١ دا، ئەم پارتە توانى ١٣,٢٤% دەنگى هاوڵاتیانى ڕووسیا بەدەست بهێنێت و بەوەش بوو بە خاوەنى ٦٤ کورسی پەرلەمانى و کەوتە پلەى سێیەمەوە، لەو هەڵبژاردنەدا پارتى " ڕووسیاى یەکگرتوو" پلەى یەکەم و حیزبی شیوعی پلەى دووەمى بەدەست هینابوو.


پێنجەم: پارتى ڕۆدینا،
ئەم پارتە نەتەوەییە لە ساڵى ٢٠٠٣دا و لە لایەن "دیمیترى ڕوگوزین" ەوە دامەزرا، یەکەم جار بەناوى "یەکیتیى ڕودیناى میللى نیشتمانی" یەوە ناونرا، بۆ زانیارى "ڕودینا" لە زمانى ڕووسیدا بەواتاى " نیشتمان" دێت.


ساڵى ٢٠٠٦ ئەم پارتە هەڵوەشایەوە، بەڵام لەساڵى ٢٠١٢دا جارێکى دیکە گەڕایەوە ناو گۆڕەپانى سیاسیی ڕووسیا، لەو کاتەوە لە لایەن "ئەلیکسی جوراڤلویڤ" ەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، کە ناوبراو ئەندامى خولى پێشووى ئەنجوومەنى دۆما بوو، بەڵام دامەزرێنەرى پارتەکە "دیمیترى ڕوگوزین" کە لە کاتى ئێستادا پۆستى جێگرى سەرۆک وەزیرانى لایە، بە سەرۆکى نافەرمى پارتەکە دەناسرێت.


لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ساڵى ٢٠٠٣دا ئەم پارتە توانى ٩% دەنگى دەنگدەران بەدەست بهێنێت، بەوەش بوو بە خاوەنى ٢٩ کورسی لە پەرلەماندا، بەڵام جیاوازى قووڵى نێوان سەرکردەکانى حیزبەکە بوو بەهۆى دروست بوونى سێ کوتلەى پەرلەمانى هەمان حیزب لە پەرلەمانى ڕووسیادا.



سەرچاوە: الجزیرة



ئه‌م بابه‌ته 173 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر