دەوڵەت و مانەوەی نەتەوەیی

نەتەوەی کورد و حیزب و لایەنەکان، بە تایبەت و بەردەوام دەبێت ڕێز لە ناسیوناڵیزم و ناسیوناڵیستەکان(دەوڵەتخوازەکان) بگرن
PM:05:15:11/05/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
مێژوو لێوانلێوە لە سەرکەوتنی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان و بێ­سەروشوێنبوون، لەناوچوون، کۆژران و تەفروتوونابوونی نەتەوە بێ­دەوڵەتەکان

دکتۆر محەمەد حوسێن زادە
نوسەر

لە سیستەمی دەوڵەت-تەوەری جیهانیدا کە خاڵی دەستپێکی دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی وێستفاڵیا( ١٦٤٨)، لە هەموو سات و کاتێکدا، ئەگەری ئۆپەراسیونێکی مەرگهێنەر و خوێناوی لە دژی هەر نەتەوەیەک لە ئارادایە.

هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتەمەندیی ئارانشیک (
Anarchic) بوونی پێکهاتەی ئەو سیستەمە. لەئەگەری ئۆپەراسیون یان هێرشی گریمانەییدا، ئەو نەتەوەگەلەی کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن، توانای بەرگرییان زیاترە و دەتوانن تا ئاستێکی بەرفراوان، ئۆمێدوار بن بە مانەوەی نەتەوەیی (National survival) خۆیان. لەبەر ئەوەی کە لە سیستەمی ئانارشیکی دەوڵەت تەوەردا، دەوڵەت وەک بەهێزترین و سەرەکیترین ئەکتەر، هەموو توانا و هێزی لە خۆ کۆ کردووەتەوە و دەتوانێت مانەوە و ئاسایشی نەتەوەیەکی تایبەت، دەستەبەر و گەرەنتی بکات.

بەڵام مخابن، ئاسایش و مانەوەی نەتەوە بێ­دەوڵەتەکان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدایە و ئەگەری پاکتاوبوون، ژینوساید و تەفروتوونابوونییان زۆرە.


مێژوو لێوانلێوە لە سەرکەوتنی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان و بێ­سەروشوێنبوون، لەناوچوون،  کۆژران و تەفروتوونابوونی نەتەوە بێ­دەوڵەتەکان. من لێرەدا بە کورتی ئاماژە دەکەمە بەرچاوترین نمونەکان، کە هەڵبەت باشترین نمونەکانیشن.

سەرەتا دەمهەوێت ئاماژە بکەمە پیگمییە چارەڕەشەکان وەک نمونەیەکی پەراوێزخراو، لە شەڕە ناوخۆییەکانی وڵاتی کۆنگۆ، پیگمییەکان لە لایەن گرووپە بەهێزەکانەوە ڕاو دەکران و دەخۆران و هەر لەبەر ئەو توندوتیژییەی بەسەریاندا سەپا، تەنیا نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسیان زیندوو مانەوە. ئەبوڕێجناڵەکان نمونەیەکی تری پەراوێزخراون، لە سەرەتای ساڵی ١٩٠٩ تا دەیەی ١٩٧٠، ئۆستراڵیاییەکان ئەو منداڵانەی کە سەر بە ڕەگەزی ئەبووڕیجناڵ بوون، دەیانڕفاندن و لە دایک و باوکیان دووریان دەخستنەوە، تەنیا بە مەبەستی بەرگریکردن لە پێکهێنانی پێوەندی ژن و مێردی و تێکەڵبوونیان لەگەڵ سپی پێستەکاندا.

سەدەیەک پێشووتر، سۆڵتان حەمیدی تورک، لە نیوان ساڵانی ٩٦-١٨٩٤دا نزیکەی سێسەد هەزار ئەرمەنی کوشت. چارەنووسی ئەرمەنییەکان لە ساڵانی ١٩١٥ تا ١٩١٧دا سامناکتر بوو و کۆمەڵکۆژی و ژینۆساید و دوورخستنەوەی ملهۆڕانە و زۆرەملی ئەو نەتەوە، کارەساتێکی بەناوبانگە. هێندێک لە چاودێران و لێکۆڵەران ژمارەی قوربانیانی ئەو کارەساتە مرۆییە، یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێنن. سوپای تورکیا لانیکەم لە میانەی دەیەی ١٩٢٠ بەملاوە لە هەموو چەکوچۆڵێکی سەربازی بۆ هێرش کردنە سەر نەتەوەی کورد کەڵکی وەرگرتووە و زۆر جار بەبێ
­بەزەیی و بە شێوەی دڕندانە کوردەکانی تەفروتوونا و سەرکوت کردووە.

دیارە لە ڕابردوودا و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، ئامانجی سەرەکی و دوایین ویستی تورکیا، لەناوبردنی جەستەیی و شوناسیی نەتەوەی کورد لە باکوری کوردستان بوو. ناپرژمە تاوانەکانی تورکیا و تەنیا وەک تاقە نمونەیەک ئاماژە دەکەمە کۆمەڵکۆژی دەرسیم، کە لە ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨دا، نزیکەی ٧٠ هەزار کوردی عەلەوی لە لایەن سوپای تورکیاوە کۆژران و هەزاران کەس ئاوارە بوون.

لە باشوری کوردستان، تەنیا لە یەک نمونەدا، هێزەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ٢٣ی فێڤرییە تا ٦ی دیسامبری ساڵی ١٩٨٨، ١٨١ هەزار کوردیان کۆمەڵکۆژ کرد، لادێکانیان کاول کرد و سەرچاوە و دامەزراوەگەلی ئاویان لە زۆر ناوچەی کوردستان لە ناو برد. هەڵەبجەیش تاوانێک نییە کە لەبیر بکرێت، بەداخەوە، نمونەی هەوڵدان بۆ کۆمەڵکۆژی نەتەوەی کورد لەم ساڵانەی دواییدا لە باشوری کوردستان هەم لە لایەن ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی وەک داعش و هەم لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە، بۆ هەمووان ئاشکرایە.

لە ڕۆژئاوای کوردستان تا پێش ڕاپەڕێن و ئاڵۆزی و بشێویەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، نەتەوەی کورد تەنانەت لە مافی وەرگرتنی ناسنامە و پێناسەیش بێ­بەش بوو و هەڵگرتن و هەڵدانی هەرجۆرە هێمایەکی نەتەوەیی سزای مەرگ و نەمانی بەشوێنەوە بوو و ئێستاش مانەوەی نەتەوەی کورد، تەنیا بە هۆی قارەمانییەتی پێشمەرگە و گەریلاوە گەرەنتی کراوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژە نەتەوەی کورد هەم قوربانی دەستێوەردان و دڕندەیی ڕەزا شاکانە و هەم مەلا شاکان. لە سەرکوتی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کوردە­وە بگرە تاوەکوو کۆمەڵکۆژی قاڕنا و قەڵاتان لە ساڵی ١٩٧٩ و تا فەتوای جیهادی خومەینی لە دژی نەتەوەی کورد، هەموو جۆرە تاوانێک ئەنجام دراوە.

دەوڵەتی ئێران نەک هەر لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو پەلی هاوێشتووە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان. وەک دوایین نمونەی دەکرێت ئاماژە بکەین ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە داگیرکردنی دووبارەی کەرکووک. ئەوە چارنووسی گەورەترین نەتەوەی بێ­دەوڵەتی دابەشکراوە، لە جیهاندا.

وەک نمونەیەکی تری ئازار و ئەشکەنجەی نەتەوە بێ­دەوڵەتەکان، ئیمپراتوری ڕووسیا، لە گیروداری شەڕی یەکەمی جیهانیدا، نزیکەی پێنج ملیون جوولەکەی ڕووسی و هەروەها کەسانێک کە ڕەگەزی ئەڵمانییان هەبوو، لە ناوچە جەنگییەکان دوورخستەوە. لەو سەردەمەدا، ڕووسیا، جوولەکەکانی بە هاودەست و سیخوڕی دۆژمنانی وڵاتەکەی تاوانبار دەکرد و هەر بە بیانووی ئەوە، بەشێکی زۆر لە جوولەکەکانی لە سێدارە دا و شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆریشی گۆڕی. لەو تاوان و جینایەتەدا، نزیکەی ٦٠٠ هەزار جوولەکە لە ماڵەکانی خۆیان ئاوارە کران.

لە هەوڵێکی ڕەگەزپەرەستانەی دیکەدا، هیتلەر شەش ملیۆن جوولەکەی کوشت. لە پلانێکی هاوشێوەدا، دەوڵەتی ڕوومانیا، لە سەردەمی شەڕی دوویەمی جیهانیدا، دەستی دایە ژینۆساید و پاکتاوکردنی جوولەکەکان. نمونەیەکی تر، ژینوسایدی تۆتسییەکانی ڕواندا (
Tutsis in Rwanda) ) بوو لە لایەن هوتوەکانەوە (Hutus) لە بەهاری ساڵی ١٩٩٤دا. دەستپێکی تاوانەکە بەو شێوەیە بوو کە لە ئاڤریلی  ساڵی ١٩٩٤دا، هابیاریما (Habyarima ) سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ڕواندا کۆژرا و پاشان بیرکورتە توندڕۆکانی سەر بە نەتەوەی هوتو، کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. لە ماوەی سەد ڕۆژدا، نزیکەی هەشت هەزار ڕواندایی کۆژران. ئەوە یەکێک بوو لە خێراتین کۆمەڵکۆژییەکان لە سەدەی بیستەمدا. بە گشتی نزیکەی هەشتسەد هەزار کەس کۆژران و دەستدرێژی کرایە سەر ٢٠٠ تا ٥٠٠ هەزار ژن. نەوەد لە سەدی کۆژراوان سەر بە نەتەوە بێ­دەوڵەتەکە بوون.

لە کوتایی ساڵی ٢٠٠٨دا، سیناریۆیەکی هاوشێوە لە ناوچەی دارفووری (
Darfur) وڵاتی سۆدان، لە ئارادا بوو. هێزی چەکداریی عەرەبیی جۆنجاوید (Junjaweed) لە دارفور، دەستی دایە تاوانی ژینوساید و لانی کەم سەد هەزار مرۆڤی سەر بە گرووپەکانی دیکەی سوودانی لە خوێنی خۆیاندا تلاند. لەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا، گرووپی جۆنجاوید هاودەست و هاوکاری دەوڵەت بوو.

لە هەوڵێکی هاوشێوەدا و لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٥ هێزەکانی سوپای سێربیا، دەستیان دایە ژینوساید و پاکتاوکردنی مۆسڵمانەکان و کرۆواتەکان. لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتی میانمار (بورما)، کە دوویەمین گەورە وڵاتی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، مۆسڵمانەکانی ڕوهینگهای، کەمینەیەکن کە هەم لە لایەن دەوڵەتەوە پەراوێز دەخرێن و هەم بوداییە توندڕەوە دەمارگرژەکان، هێرشیان دەکەنە سەر. لە ئاکامی ئەو توندوتیژیانەدا کە مۆسڵمانەکان بەرەوڕووی بوونەتەوە، هەزاران کەسیان لە ناوچەی رۆخایێن لە ئۆردوگاکاندا ئاوارە بوون یان پەنایان بردووەتە وڵاتی بەنگلادێش و لەوێ لە بارودۆخێکی نالەبار و دژواردا نیشتەجێ کراون.

لە چارەنووسی فەلەستینی بێ­دەوڵەت ئاگاین و پێویستی بە شرۆڤە نییە، هەروەها دەزانین کە کوشتنی بەلووچەکان لە لایەن ئێران و پاکستانەوە، هەر ئێستایش بەردەوامە. لە ئەفغانستانیش، ئەشکەنجە و ئازاری هەزارەکان هەر لە سەردەمی عەبدۆلڕەحمان خانەوە تا سەردەمی ئێستای ئەلقاعیدە نەبڕاوەتەوە.


ئەو نمونانە نیشاندەری دوو خاڵن: یەکەم، لەوانەیە شەڕی نەتەوەکان لە ناو وڵاتێکدا زۆر سامناکتر و مەرگهێنەرتر و خوێناویتر لە شەڕی نێوان دەوڵەتەکان بێت. دوویەم، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بەردەوام لە ژێر مەترسی تەفروتوونابووندان و ئاساییە کە دەبێت بەردەوام نیگەرانی ئاسایش و مانەوەی جەستەیی و کلتوریی-شوناسیی خۆیان بن.

هۆکاری نیگەرانییەکەش ئەوەیە کە هەڕەشەکان بۆ سەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان وەهم و گومان نین، بە پێچەوانەوە، سەلمێنراون و ڕاستەقینەن.


تەنانەت ئەگەر هێندێک بە تێڕوانینێکی گەشبینانەوە پێیان وابێت کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئەگەری دووپاتبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە و کوشتن و کۆمەڵکۆژی، زۆر کەمە (کە من بەو جۆرە بیر ناکەمەوە)، بەڵام ناتوانن حاشا لەو مەترسییە ڕاستەقینە بکەن کە ئەگەری زۆری هەیە کە نەتەوەی باڵادەست کە زۆر جار دەسەڵاتی دەوڵەتیشی بەدەستەوەیە یان هاوکاری دەسەڵاتی ناوەندییە، بتوانێت کلتور و شوناسی نەتەوەکانی تر لە ڕێگای پەراوێزخستنیان یان تواندنەوەیان لە شوناسی خۆیاندا (نەتەوەی باڵادەست)، بسڕنەوە و لە ناوی ببن.

بە واتایەکی تر، ئەگەری ئەوە هەیە کە کلتوری نەتەوەی بێ­دەوڵەت، لە ژیر گۆشاردا وەلا بنرێت و تەنانەت لەوانەیە لەو پرۆسەیەدا بتوێتەوە و لەناو بچێت. لە ڕاستیدا، مەترسی گەورە ئەوەیە کە دەوڵەتیش لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوخۆدا بێ­لایەن نییە. فۆرماسیونی کلتوری و شوناسی نەتەوەیی لە زۆر نمونەدا، بە مانای ئەوەیە کە کلتوری نەتەوەیەکی تایبەت (نەتەوەی باڵادەست) دەکرێتە کلتوری بە­ناو نەتەوەیی وڵات و هەوڵی ئەوە دەدات هەموو نەتەوەکانی دیکە لەو کلتورەدا (کە بە زۆرەملی یان هەر شێوازێکی دیکە، کراوەتە نەتەوەیی) بتوێنێتەوە. لێرەدا خاڵێکی دیکە دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە کە لە زۆر نمونەدا، بە تایبەت لە وڵاتە دواکەوتووە فرە نەتەوەییەکاندا، دەوڵەت نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو نەتەوەکانی ناوخۆ نییە و ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات.


دەزانین کە بۆ دەوڵەت ئەرک و بەرپرسیارییەتی زۆر دیاری و پێناسە کراون، بەڵام بەگشتی و بە کورتی، دەتوانین بڵێین کە دەوڵەت لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا خاوەن دوو کارکردە. گەورەترین ئامانجی دەوڵەت لە ناوخۆدا پاراستنی هێمنایەتی و ئاسایش و مانەوەیە، لە ئاستی دەرەکیشدا گرنگترین کارکردی دەوڵەت، بەرگری کردن لە نەتەوەی خۆی لە بەرانبەر دوژمناندا و دابینکردنی ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەییە. کەوابوو، چ دەوڵەت وەک ڕێکخراوەیەک بۆ ڕاهێنان و پەروەردە لەبەرچاو بگرین و چ بە بەربەرپرسی بەختەوەری و تایبەتەمەندییە باشە ئەخلاقییەکانی بزانین، چ دەوڵەت بە دیاردەیەکی ئاسمانی بزانین و چ زەوینی، چ پێمان وابێت خۆدا سەرچاوەی دەوڵەتە و چ دەوڵەت بە دا‌هێنانێکی مرۆڤ بزانین و چ دەوڵەتی ملهۆڕ لەبەرچاو بگرین و چ حوکمەتی پاشایەتی، چ دەوڵەت ئەخلاقی بێت و چ دنیایی، لە کوتاییدا گرنگترین کەڵکەڵەی دەوڵەت پاراستنی ئاسایش و مانەوەی خۆی و نەتەوەکەیەتی.

لێرەدا گریمانە ئەوەیە کە دەوڵەت نوێنەری ئیرادە، ئاواتەکان، بەرژەوەندییەکان و ویستەکانی نەتەوە یان نەتەوەگەلێکە کە لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا دەژین. هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت خەڵک و نەتەوەکانی ناوخۆیش، دەوڵەت بە دەوڵەتی خۆیان بزانن، پشتیوانی لێ بکەن، هەوڵ بدەن کێشە و گرفتەکانی چارەسەر بکەن، لەبەرانبەر دۆژمنانی دەرەکیدا خۆڕاگری بکەن و ئامادە بن گیانی خۆیان لە ڕێی دەوڵتیاندا بەخت بکەن.


بەڵام هەمیشە بەو جۆرە نەبووە کە ئاماژەی پێ کرا، ئەمڕۆکە هێندێک لە نەتەوە بێ­دەوڵەتەکان، هەست بەوە دەکەن کە ئەو دەوڵەتەی کەوا ئیدعای نوێنەرایەتییان دەکات، لە ڕاستیدا، نەک هەر نوێنەر و پاسەوانیان نییە، بەڵکوو لە هەر ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیەکە ژیان و بوونیان بخاتە مەترسییەوە. دیارە ئەو نەتەوەگەلە هیچ هەستێکیان بۆ دەوڵەت نییە، بە تایبەت لە هێندێک لە وڵاتە فرە نەتەوەکاندا کە پلۆڕاڵیزم و فرەچەشنی جێگیر و سەقامگیر نەبووە، هێندێک لە نەتەوەکان، دەوڵەتی باڵاسەریان بە بێگانە دەزانن، لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا، گرووپ و نەتەوەکان ئەگەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت، هەر وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ هەوڵی بەدەستهێنان و پاراستنی هێزی خۆیان دەدەن. هەڵبەت ئەوە دیاردەیەکی سەرسووڕهێنەر نییە. خەڵک کاتێک هێزی سیاسی بە ڕەوا دەزانن کە ئەو هێزە بە نوێنەری ئاوات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بزانن. ئەگەر وا نەبێت هەست بە جیایی دەکەن.


لەوانەیە بتوانین هۆکارگەلێکی زۆر ناو ببەین کە دەبنە هۆی ئەو هەست بە جیایی و جیاوازی کردنە، بەڵام دەبێت پاراستنی "ژی" و "مانەوە" بە گرنگترین هۆکار دابنین. بە دەربڕینێکی ڕوونتر دەبێت بڵێین کە هۆکاری هەست بە جیایی کردن لە لایەن نەتەوە بێ دەوڵەتەکانەوە (و تەنانەت هەوڵدانیان بۆ سەربەخۆیی)، ئەوەیە کە ئەو نەتەوانە مانەوەی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن و هەر بۆیە هەست بە ترس، نائەمنی و دڵەڕاوکێ دەکەن و بە ناچار هەوڵی جیابوونەوە دەدەن. ئەمە ڕێک ئەو ڕێگایەیە کە نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان پێشتر تێپەڕیان کردووە و تەنانەت زۆرێک لەوانە بۆ ئەو مەبەستە پەنایان بۆ شەڕیش بردووە.


بیستوومانە کە زۆر جار دەڵێن تایبەتەمەندیی سەرەکی سیستەمی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە سیستەمێکی ئانارشیکە و شەڕ و توندوتیژی بەردەوام لە ئارادایە، لەبەرانبەردا دەڵێن کە سیستەمی ناوخۆیی وڵاتان، سیستەمێکی پلە و پایەییە و یاسا و قانونی تێدایە کە ئاسایش بۆ هەمووان بەرهەم دێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانین حاشا لەو جیاوازییە بکەین، بەڵام ئەو جیاوازییە بۆ نەتەوە بێ دەوڵەتەکان مسۆگەڕ نەبووە و نییە، مێژووی مرۆڤایەتی نیشانی داوە کە زۆر نەتەوەی بێ دەوڵەت هەبوون کە لە چوارچێوەی وڵاتەکاندا ئاسایشیان نەبووە و کەوتوونەتە بەر توندوتیژی و دەستدرێژی دەوڵەت یان لایەنەکانی دیکە، ئەو نەتەوەگەلە کە دەوڵەتی سەربەخۆیان نەبووە، بەردەوام لەو نیگەرانییەدا ژیاون کە ئەگەری ئەوە هەیە کە نەتەوەی گەورەتر یان بەهێزتر کە زۆرجار لە دەوڵەتیش نزیکترە، حاشا لە بوونی جەستەیی یان شوناسیی ئەوان بکات و سەرکوتیان بکات و بیانخاتە بەر دەستدرێژیی و کۆمەڵکۆژیان بکات.

ئەو نەتەوەگەلە نیگەرانی مانەوەی خۆیانن و ئەو نیگەرانییە دوور لە ڕاستی نییە، لانیکەم ئێمەی کورد وەک نەتەوە دەزانین ئەو نیگەرانییە چەندە ڕاستەقینەیە. ئێمە بەردەوام لەو نیگەرانییەدا ژیاوین و دەژین، پێشتر زۆر نەتەوە لە جیهاندا بوون کە هەمان نیگەرانی ئێمەیان هەبوو، بەڵام بە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان تا ڕادەیەکی زۆر ئەو نیگەرانییەیان کەم بووەوە، تەنانەت هێندێک لەو نمونەگەلەی کە پێشتر وەک قوربانییانی ژینوساید و کۆمەڵکۆژی ئاماژەم پێ کردن، وەک ئەرمەنییەکان و جوولەکەکان، ئێستا بوونەتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و ئاستی نیگەرانییان زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام ئێمە بەداخەوە سەرەڕای هەوڵێکی لەمێژینە و تێکۆشان و شۆڕش و خەبات و گیانبەختکردنی شەهیدانێکی زۆر، بەڵام بە زۆر هۆکاری ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی، نەمانتوانیوە بەو ئامانجە مێژووییە بگەین و بە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیی، ماناوەی خۆمان دەستەبەر و گەرەنتی بکەین.


کەوابوو، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە نەتەوەی بێ­دەوڵەت بەردەوام لە مەترسی تەفرووتوونا بووندایە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو حەقێقەتەی کە لە سیستەمی دەوڵەت-تەوەردا، دەوڵەت بەهێزترین، سەرەکیترین و مەزنترین ئەکتەر و باشترین دابینکەری مانەوەی نەتەوەیی و گەیشتن بە ئامانجەکانە و هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە تا ماوەیەکی دوور و درێژ ئەو سیستەمە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە ئێستادا هیچ نیشانەیەک لە داڕمان و هەڵوەشاندنەوەی بەرچاو ناکەوێت، لە ئاکامدا دەبێت هەوڵ و کوششتی هەر تاک و گرووپ و حیزب و لایەنانێکی کوردستانیش، کە خۆی بە خەمخۆری بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد دەزانێت یان بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە هەوڵی پاراستنی مانەوەی جەستەیی و کلتوری نەتەوەیی بدات یان خۆی بە شۆڕشگێڕ و دژە داگیرکەر دەزانێت، ئەوە بێت کە لە کوتاییدا، نەتەوەکەی بگاتە دەوڵەتی خۆیی.  ئەو هەوڵە لە ڕاستیدا دەبێت وەک پرۆسەی سروشتی و دەرئەنجامی لۆژیکی واقیعییەتی جیهان چاوی لێ بکرێت.


ئێمە وەک نەتەوەی کورد، ئەگەر هەست بەوە دەکەین کە کەوتووینەتە پەراوێزەوە، حاشا لە بوونمان دەکرێت یان وەک شارۆمەندی پلە دوو لە وڵاتدا چاومان لێ دەکرێت و مافە نەتەوەییەکانمان دانیان پیا نانرێت و بە فەرمی ناناسرێن یان ئەوەی کە لە پرۆسەی پێکەوەژیان و بەشداربوون لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا، بەرژەوەندییەکانمان دابین نابن، لۆژیکیانەتر و ژیرانەتر ئەوەیە کە بۆ پاراستن و ماناوەی خۆمان، خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیی بین. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە لە جیهانی مۆدێڕندا نەک هەر مانەوەی جەستەیی، بەڵکوو سەقامگیرکردن و بەرهەمهێنانەوەی کلتورێکی نەتەوەیی پێویستییەکی زۆری بە ناوەند و ڕێکخراوەگەل و دام و دەزگای دەوڵەتی هەیە کە ڕۆڵێکی بەرچاو لەو بوارەدا دەگێڕن.


لەو پێناوەدا، نەتەوەی کورد و حیزب و لایەنەکان، بە تایبەت و بەردەوام دەبێت ڕێز لە ناسیوناڵیزم و ناسیوناڵیستەکان(دەوڵەتخوازەکان) بگرن. دەوڵەتخوازەکان نە ئایدیاڵیستن و نە وەهم گرتوویانییە. بە پێچەوانەوە و لە ڕاستیدا ئەوانن کە لە وەهم ترازاون، ئەوان خوازیاری دەوڵەتن، لەبەر ئەوەی کە دەزانن باشترین شێوە بۆ مانەوە لە جیهانی نەتەوەکانی دژبەردا، دەوڵەتە. ئەوان دەزانن کە ئەگەر خاوەن دەوڵەتی خۆیان بن، دڵنیاترن لەوەی کە ببنە لایەنی لاوازی هاوسەنگی هێز لە دەوڵەتێکی فرە نەتەوەی نادیموکراتیکدا. کەوابوو، ناسیوناڵیستەکان خوازیاری دەوڵتن، لەبەر ئەوەی کە بەشوێن مانەوەی نەتەوەکەیانەوەن، ئەوان دەزانن و ئاگادارن کە گەیشتن بەو ئامانجە چەندە سەخت و دژوارە. لەوانەیە هەوڵەکانیان لە تەمەنی خۆشیاندا بەرهەمی خوازراوی نەبێت. تەنانەت، لەوانەیە لە قۆناغێکی تایبەتدا، بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرج و خوێندنەوەی ژیرانەی سیاسەت، ڕێز لەخوازیارانی خۆدمۆختاری­خوازی، فیدراڵیزم و شێوازگەلی دیکەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بگرن. بەڵام، بێ گومان (و بە خوێندنەوەیەکی دروست) دڵنیان کە لە کوتاییدا، دەوڵەتە کە دەتوانێت زیاترین ئاستی مومکین لە سەربەخۆیی نەتەوەیی دەستەبەر بکات و ڕیزی دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانی نەتەوەیی بگەیێنێتە ئەوپەڕ و لووتکەی خۆی.  


لە ئێستادا ئەولەوییەت و ئامانجی نەتەوەی کورد، دەبێت ماناوەی جستەیی-کلتوریی-شوناسیی و ڕزگاری نەتەوەیی بێت. ئاشکرایە کە هەر نەتەوەیەک تا کاتێک مانەوەی خۆی دەستەبەر و گەرەنتی نەکات، ناتوانێت بەشوێن هیچ ئامانجێکی دیکەوە بێت. دەزانین کە دەوڵەتیش مەزنترین ئەکتەری/فۆرمی دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە. هیچ بوونەوەرێک لە ئاستی دەوڵەتدا لە سیستەمی نێونەتەوەییدا نەدۆزراوەتەوە و گەورەترین بوونەوەرەکان لانیکەم پلەیەک یان هەنگاوێک لە خوارەوەی دەوڵەت دادەنرێن. هەموو نەتەوەکان بڕوایان بەو ڕاستییە هەیە و هەر بۆیە هەوڵی دامەزراندیان داوە و دەیدەن. چاوخشاندنێک بە مێژوودا، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەسەلمێنێت. تا ساڵی ١٩١٤ سیستەمی نێونەتەوەیی بە گشتی ٣٢ دەوڵەتی دەسەڵاتداری تێدا بوو. بەڵام پاش شەڕی یەکەمی جیهانی ١٠ وڵاتی نوێ سەریان هەڵدا. لە ساڵی ١٩٢٠دا هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆمەڵگەی نەتەوەکان، ئەو ڕێکخراوەیە ٤٢ ئەندامی هەبوو
؛لە ساڵی ١٩٤٥دا، ٥٢ ئەندام و لە ساڵی ١٩٧٣دا، ١٣٥ دەوڵەت سەر بەو ڕێکخراوەیە بوون. لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەو ژمارەیە گەیشتە ١٥٩ و لە ساڵی ١٩٩٧ زیاد کرا بۆ ١٨٥ ئەندام. لە ساڵی ٢٠٠٦یشدا ١٩٣ وڵات ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون. بە گشتی، ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ وڵات لە جیهاندا هەن و پێدەچێت جگە لەو شوێنانی کە بۆ ژیان نابن، هەموو ئاستی جیهان لە نێوان دەوڵەت-نەتەوەکاندا دابەش بووە. کەوابوو، هەر نەتەوەیەک درووشمی ڕووخاندنی ئاوا سیستەمێک بدات دەبێت گومان بکەیت لە عەقڵییەتی. هەر نەتەوەیەک بەشداربوون لەو سیستەمەدا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، بە خەیاڵ و وەهم بزانێت دەبێت گومان بکەیت لە تێگەیشتنی. هەر نەتەوەیەک هەوڵی بەشداربوون لەو سیستەمەدا بدات، خاوەن عەقڵییەت و تێگەیشتنی سەردەمیانەیە. هەر بۆیە هەوڵەکان دەبێت بۆ بەشداربوون لەو سیستەمە بێت، نەک بەلاریدا چوون یان داڕماندنی (خەیاڵاوی) ئەو سیستەمە. لە کوردستاندا، نابێت گرنگییەکی ئەوتۆ بدرێتە ئەو ئایدۆلۆژیانەی کە دژایەتی دەوڵەت، وەک زەقترین ئەکتەری شانۆی جیهان، دەکەن. 



ئه‌م بابه‌ته 142 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر