گرێی كورد

PM:04:43:11/05/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

گرێی كورد

بژارده‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ له‌به‌رانبه‌ر "ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌" له‌گه‌ڵ سوریا.


نوسینی:
عبداللطيف حجازي

وه‌رگێرانی: دڵشاد نامق فه‌ره‌ج

قسه‌ وباس له‌هه‌ڵكشاندایه‌ له‌باره‌ی "ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌" كه‌ له‌ نێوان توركیا وسوریادا مۆركراوه‌ له‌ساڵی ١٩٩٨ سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، كاتێك له‌ یه‌نایه‌ری ٢٠١٩دا "ڤلادیمێر پۆتین"ی سه‌رۆكی ڕوسیا له‌ میانه‌ی پێشوازیكردن له‌ "ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان"ی سه‌رۆكی توركیادا وتی: بێگومان ئه‌و ڕێکكه‌وتنه‌ی‌ مۆركراوه‌ له‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌ ودیمه‌شقدا له‌ساڵی ١٩٩٨ له‌وانه‌یه‌ یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره‌ی توركیا‌ بێت بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر ومسۆگه‌ركردنی ئاسایشی سنوره‌كانی له‌گه‌ڵ سوریادا.

له‌دوای ئه‌مه‌یش سه‌رۆكی توركیا "ئه‌ردۆغان" له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناوه‌رۆك وحوكمه‌كانی (ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌) هه‌تا ئێستا به‌سه‌رنه‌چوون و كاران، هه‌ر به‌مه‌یش پاساوی بۆهه‌بوونی هێزه‌كانی توركیا له‌سوریا هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌م ڕێكکه‌وتننامه‌یه‌ له‌وێن.

له‌هه‌مانكاتدا "ئه‌ردۆغان" داوای دووباره‌ پێشنیاركردن وخستنه‌وه‌‌ڕووی ڕێکكه‌وتنه‌كه‌ی‌ كرد له‌گه‌ڵ سه‌رله‌نوێ گفتۆكردن له‌باره‌یه‌وه‌.


سوریایش به‌نۆبه‌ی خۆی هاته‌ ناو ئه‌وقسه‌وباسانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی ڕیكه‌وتن نامه‌كه‌وه‌ وروژێنراون، ئه‌وه‌بوو كه‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌ ٢٦/ ١/ ٢٠١٩ دا ڕایگه‌یاند كه‌ سوریا پابه‌نده‌ به‌ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌ وڕێکكه‌وتننامه‌كانی تری نێوان هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ كه‌په‌یوه‌ندیدارن به‌به‌گژداچوونه‌وه‌ی گشت شێوازه‌كانی تیرۆره‌وه‌، به‌ڵام مه‌رجی ئه‌وه‌ی دانا بۆكاراكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕێکكه‌وتننامه‌ كه‌ بارودۆخه‌ سنوریه‌كانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌ باری پێشتر كه وه‌ختی خۆی ‌چۆن بووه‌، هەروه‌ها ڕژێمی توركیا پابه‌ندی ڕێکكه‌وتنه‌كه‌ بێت وده‌ستهه‌ڵگرێت له‌پاڵپشتیكردن وهاوكاریكردن وچه‌كداركردن وڕاهێنانی تیرۆریستان، و هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی بكشێنێته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی سوریا كه‌داگیری كردوون،  ئه‌مه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات بتوانن ڕێکكه‌وتننامه‌كه‌ كارابكه‌نه‌وه‌ كه‌ده‌بێته‌ هۆی مسۆگه‌ركردنی ئاسایش وپاراستنی سنوره‌كانی هه‌ردوو وڵات.


له‌وه‌ی پێشووه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌بیته‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ له‌هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌(ڕوسیا، توركیا،سوریا)  پاڵنه‌ر وئامانجی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ له‌پشت دووباره‌ هێنانه‌گۆڕی (ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌)وه‌، كه‌ بێگومان مه‌رج نییه‌ ئامانجی هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ هه‌ندیكیان سازویه‌كانگیربن، وه‌ك به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

به‌نده‌كانی ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌

ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌ له‌ نێوان توركیا وسوریادا له‌ ٢٠ ئۆكتۆبه‌ری ١٩٩٨دا مۆركراوه‌ له‌ ویلایه‌تی ئه‌ده‌نه‌ی توركیا به‌میانگیری میسر وئێران، له‌پێناو ڕیگه‌گرتن له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی سه‌ربازی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان ئه‌نقه‌ره‌ ودیمه‌شقدا، ئه‌مه‌ش دوای تۆمه‌تباركردنی سوریا به‌وه‌ی هاوكاری وجێگه‌ی مانه‌وه‌ دابین ده‌كات بۆ چه‌كدارانیپارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناوزه‌دكراوه‌ وشه‌ڕی چه‌كداری له‌گه‌ل دەوڵه‌تی توركیا ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌وه‌ی كه‌ سوریا ڕیگه‌ی داوه‌ به‌مانه‌وه‌ی "عبدالله ئۆچه‌لان"ی سه‌ركرده‌ی ئه‌و حیزبه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا، كه‌ ئێستا ناوبراو له‌توركیا به‌ندكراوه‌.

ڕێكکه‌وتننامه‌كه‌ چوار پاشكۆ له‌خۆی ده‌گرێت، پاشكۆی یه‌كه‌م ودووه‌م چه‌ند پابه‌ندیه‌كیان له‌خۆ گرتووه‌ كه‌ پێویسته‌ سوریا جێبه‌جێیان بكات له‌پێناو كۆتایی هێنان به‌گرژی له‌گه‌ڵ سوریا، دیارترینی ئه‌وپابه‌ندیانه‌: ده‌ركردنی سه‌ركرده‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانPKKله‌سوریا، و ڕێگه‌ی خۆی وئه‌ندامانی پارته‌كه‌ی نه‌دات بچنه‌وه‌ سوریا، و پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێت و‌چالاكییه‌كانی قه‌ده‌غه‌ بكات له‌ ناوخاكی سوریادا، و ڕێگه‌ به‌و پارته‌نه‌دات كه‌ كه‌مپ وبنكه‌كانی له‌و وڵاته‌ بكاته‌وه به‌مه‌به‌ستی ‌مه‌شق وڕاهێنان ومانه‌وه‌ وپیاده‌كردنی چالاكی بازرگانی له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه‌.

هه‌روه‌ها سوریا له‌سه‌ر بنه‌مای "مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌" ڕێگری بكات له‌ هه‌ر چالاكییه‌ك كه‌ له‌خاكه‌كه‌یه‌وه‌ بكرێت به‌ئامانجی زیان گه‌یاندن به‌ئاسایش وسه‌قامگیری توركیا، هه‌روه‌ك نابێت سوریا ڕیگه‌ بدات به‌هاورده‌كردنی چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی وكه‌لوپه‌لی لۆجستی بۆئه‌و ڕێكخراوه‌، و ڕێگربێت له‌ هاوكاری دارایی وپڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ چالاكییه‌كانی "په‌كه‌كه"‌ له‌ سه‌رخاكی سوریا. ده‌قی پاشكۆی سێیه‌می ڕێكکه‌وتننامه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێته‌ سه‌رهه‌ردوو وڵات كه‌ كێشه‌سنوریه‌كانی نێوانیان به‌كۆتایی هاتوو دابنێن، وهیچ كام له‌و دوو وڵاته‌ هیچ داواكاری وماف وشایسته‌بونێكیان له‌لای ئه‌وی تریان وله‌سه‌رخاكی ئه‌وی تریان نییه‌. هه‌روه‌ك پاشكۆی چواره‌م ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نی سوری نه‌یتوانی وشكستی هێنا له‌ هه‌ستان به‌ئه‌ركه‌ ئه‌منیه‌كانی كه‌ له‌م ڕیکكه‌وتننامه‌یه‌دا هاتووه‌، ئه‌وا توركیا مافی خۆیه‌تی هه‌موو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێته‌ به‌ر له‌ناو خاكی سوریا به‌قوڵایی پێنج كیلۆ مه‌تر.

پاڵنه‌رەكانی‌ ڕوسیا وسوریا

دیارترین ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ی كه‌ واده‌كه‌ن له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڕوسیا وسوریا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ دانوستان له‌سه‌ر "ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌" بكه‌ن ئه‌مانه‌:

١- به‌هێزكردنی هه‌یمه‌نه‌ وكۆنترۆڵی سوریا: هه‌ردوولا(ڕوسیا وسوریا) ده‌یانه‌وێت توركیا هێزه‌كانی له‌ باكوری سوریا بكێشێته‌وه‌ وناوچه‌كه‌ ته‌سلیمی هێزه‌كانی ڕژێمی سوریا بكات، به‌م شێوه‌یه‌ش ئامانجێكی سه‌ره‌كی دێته‌دی كه‌ ڕوسیا وحكومه‌تی سوریا چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی خاكی سوریا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریاوه‌، هه‌روه‌ها به‌ستنه‌وه‌ی مافی ده‌ستوه‌ردانی هێزه‌كانی توركیا بۆ قووڵایی پێنج كیلۆمه‌تر له‌ناو سوریا به‌وه‌ی كه‌ له‌ئه‌‌گه‌ری شكستهێنانی لایه‌نی سوریدابێت له‌ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كانی ناو ڕیکكه‌وتننامه‌كه‌، ئه‌م بابه‌ته‌یش‌ ئه‌و ده‌خوازێت كه‌ هێزه‌كانی سوریا بچنه‌وه‌ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریا بتوانێت به‌ پابه‌ندیه‌كانی وئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ستێت.

٢- نه‌یاری كردنی "ناوچه‌ی ئارام-المنطقة الآمنة-": ئه‌مه‌ش له‌پێناو وه‌لاخستنی پێشنیاره‌كه‌ی توركیا وئه‌مریكا بۆ دامه‌زراندنی "ناوچه‌یه‌كی ئارام" له‌ باكوری سوریا به‌قوڵایی ٣٢ كیلۆمه‌تر، و بۆئه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤێك بده‌نه‌ توركیا بۆچاره‌سه‌ركردنی ترس ونیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانی له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ومه‌ترسیه‌كانی كه‌هه‌یه‌تی له‌باره‌ی كورده‌كانه‌وه‌، چونكه‌ مۆسكۆ ودیمشه‌ق دژی دانانی ناوچه‌ی ئارامن له‌سوریا كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌ بیانیه‌كاندا بێت، ئه‌مه‌ش به‌ ڕوونی له‌ لێدوانی "لاڤرۆف"ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیادا ده‌ركه‌وت له‌ ٢٠١٩/١/٢٥، كه‌ وتی "له‌كۆتاییدا پێویسته‌ ته‌واوی خاكی سوریا بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی سوریا، به‌و ناوچه‌ ئارامه‌‌یشه‌وه‌ كه‌ باسی له‌باره‌وه‌ ده‌كریت".

٣- گێرانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كان:
چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی كاراكردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان توركیا وڕژێمی سوریادا وبه‌ده‌ستهێنانی شه‌رعیه‌ت پێدانی توركیا بۆ ڕژێمی سوریا‌، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیگرتنی توركیا له‌گه‌ل لایه‌نی سوریی له‌پێناو جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ له‌ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌دا هاتووه‌ بۆبه‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی "په‌كه‌كه‌" له‌سوریا. چونكه‌ ڕێکكه‌وتننامه‌كه‌ ئه‌وه‌ی تێداهاتووه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر توركیا وسوریا به‌خێرایی هێڵیكی په‌یوه‌ندیكردنی ته‌له‌فۆنی ڕاسته‌وخۆ دابمه‌زرێنن له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منییه‌ باڵاكانی هه‌ردوو وڵاتدا، و دوو نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌منی دابمه‌زرێنن له‌ناو شاندی دیبلۆماسی هه‌ردوو ولاتدا له‌ئه‌نقه‌ره‌ ودیمه‌شق له‌پێناو مسۆگه‌ركردنی جێبه‌جێكردنی ڕیوشوێنه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی له‌ڕێکكه‌وتننامه‌كه‌دا هاتووه‌، كه‌ئه‌مه‌یش پێویست به‌وه‌ ده‌كات هه‌ردوو وڵات دووباره‌ باڵوێزخانه‌كانیان لای یه‌كتری بكه‌نه‌وه‌.

٤- ڕاگرتنی هاوكاری گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن: له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێککه‌وتننامه‌كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر توركیا پشتیوانیه‌كانی بۆگروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕابگرێت كه‌دژایه‌تی ڕژێمی "به‌شارئه‌سه‌د" ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ڕوانگه‌ی بنه‌مای "مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌" كه‌ له‌ ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌دا هاتووه‌، كه‌ سوریا پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی ڕێگه‌نه‌دات به‌هیچ چالاكییه‌ك له‌خاكه‌كه‌یه‌وه‌ زیان به‌ئاسایش وسه‌قامگیری توركیا بگه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش له‌هه‌مانكاتدا له‌سه‌ر توركیایش جێبه‌جێ ده‌بێت كه‌ نابێت ڕێگه‌ی چالاكی له‌و شێوه‌یه‌ بدات به‌رانبه‌ر سوریا، كه‌ تائێستا توركیا پابه‌ندی ئه‌مه‌ نه‌بووه‌.


ئامانجه‌كانی توركیا


دیارترین پاڵنه‌ره‌كانی توركیا بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێكکه‌وتننامه‌یه‌ ئه‌مانه‌یه‌:


١- دۆزینه‌وه‌ی به‌ر‌گێكی شه‌رعی ویاسایی بۆهه‌بوونی هێزه‌كانی توركیا له‌ باكوری سوریا: ئه‌مه‌ش به‌پشت به‌ستن به‌ده‌قی ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌ كه‌ مافی ئه‌وه‌ی داوه‌ به هێزه‌كانی ‌توركیا به‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ بۆ ناوخاكی سوریا هه‌تا قۆڵایی پێنج كیلۆمه‌تر، ئه‌مه‌ش كاتێك كه‌لایه‌نی سوری نه‌توانێت ڕێوشوێن وئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كانی به‌جێ بهێنێت به‌و شێوه‌ی كه‌له‌ده‌قی ڕێكکه‌وتننامه‌كه‌دا هاتووه‌. هه‌رئه‌مه‌یش بوو كه‌ له‌ لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا وچاوش ئۆغلۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یدا ڕه‌نگی ده‌دایه‌وه‌، كه‌هه‌ردوكیان جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌توركیا مافی خۆیه‌تی به‌ره‌نگاری ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان ببێته‌وه‌ له‌ناو خاكی سوریادا(مه‌به‌ستی توركیا پارتی یه‌كیتی دیموكراتی "په‌یه‌ده‌" یه‌، كه‌ توركیا به‌لقی سوریای پارتی كرێكارانی كوردستان"په‌كه‌كه‌"ی ده‌زانێت) چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا لایه‌نی سوریا هه‌ڵنه‌ساوه‌ به‌وئه‌ركانه‌ی كه‌له‌ ئه‌ستۆیدایه‌ به‌پێی ده‌قی ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی سوریا پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی به‌گژی ئه‌و ڕیكخراوه‌ چه‌كداریانه‌دا بچێته‌وه‌ كه‌هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایش وسنوره‌كانی توركیا ده‌كه‌ن، وه‌ تیرۆریسته‌كان ته‌سلیم به‌ ئه‌نقه‌ره‌ بكاته‌وه‌.

٢- گه‌ڕان به‌دوای باشترین بژارده‌ی به‌رده‌ست بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باكوری سوریا: ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و ترس ودڵه‌ڕاوكێیانه‌ی كه‌ توركیا هه‌یه‌تی له‌باره‌ی دژایه‌تیكردنی ڕوسیا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام وئه‌و لێكه‌وتانه‌ی كه‌به‌دوای ئه‌م ناڕه‌زاییه‌دا دێن، هه‌روه‌ها به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ئه‌مریكا وتوركیا له‌باره‌ی ڕۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌،‌ كه‌ ئه‌م هێزانه‌ چه‌كداره‌كورده‌كانی "یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل-یه‌په‌گه‌-" یش له‌خۆی ده‌گرێت. چونكه‌ له‌كاتێكدا كه‌ توركیا پێداگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ چه‌كداره‌ كورده‌كان  له‌م ناوچه‌یه‌ بكشێنه‌وه‌ وئه‌وه‌دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆی به‌ته‌نها ده‌توانێت ئه‌م ناوچه‌ ئارامه‌ دابمه‌زرێنێت، له‌هه‌مان كاتدا وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێی خۆشه‌ له‌م ناوچه‌ ئارامه‌دا ڕۆڵ بدات به‌ چه‌كداره‌ كورده‌كان كه‌ خۆی پشتوانیان ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌پێناو مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌ وڕێگریكردن له‌ زاڵبوونی هێزه‌كانی ڕژێمی سوریا به‌سه‌ریدا، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ له‌ترسی ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی باكوری عێراق.

٣- دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دانوستانێكی نوێ له‌باره‌ی ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌وه‌: له‌ڕێگه‌ی میانگیری ڕوسیاوه‌ بۆئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی توركیایش له‌خۆی بگرێت، بۆ نمونه‌ به‌ ده‌قه‌یك ئه‌وه‌ بوترێت كه‌ پارتی یه‌كێتی دیموكراتی "په‌یه‌ده‌" بریتییه‌ له‌ لقی سوریای پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" كه‌ئه‌مه‌یش پێویستی ده‌كات له‌سه‌رده‌وڵه‌تی سوریا پابه‌ندیه‌ ئه‌منییه‌كانی خۆی كه‌له‌ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌‌دا هاتووه‌ دژی ئه‌وپارته‌ وئه‌ندامه‌كانی وسه‌ركرده‌كانی جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا چه‌ند به‌ڵێن نامه‌یه‌كی پێ ده‌درێت له‌لایه‌ن سوریاوه‌ له‌باره‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی كوردی له‌سه‌ر سنوره‌كانی توركیا.

ئه‌م ئامانجه‌یش به‌ڕوونی
  به‌دیاركه‌وت له‌ قسه‌كانی " ئه‌ردۆغان"ی سه‌رۆكی توركیا كاتێك داوای دووباره‌ خستنه‌ڕووی "ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌"ی كرده‌وه‌، داوایه‌شى هه‌مان ئه‌وشته‌بوو كه‌وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا هاوتای كرد وبه‌ستیه‌وه‌ به‌جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌ناوچه‌ی ئارام نابێت ته‌نها بابه‌تی ڕێكکه‌وتن بێت له‌نێوان ڕوسیا وتوركیا، به‌ڵكو پێویسته‌ بابه‌تێك بێت بۆڕێكکه‌وتنێك به‌به‌شداری حكومه‌تی سوریا. ئه‌م بابه‌ته‌یش بووبه‌هۆی هێنانه‌ دروستكردنی ئاڵنگاری زیاتر له‌به‌رده‌م توركیادا چونكه‌ توركیا هه‌تا ئێستایش ئه‌وه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریادا دابمه‌زرێنێته‌وه‌.

سیناریۆكانی دانوستانه‌كان

له‌مانه‌ی پێشووه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌توركیا له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا به‌رانبه‌ر قه‌یرانی سوریا، هه‌ڕه‌شه‌كانی كوردی وه‌ك بابه‌تی له‌پێشینه‌ داناوه‌، ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئاڕاسته‌ی جموجوڵه‌كانی توركیا دیاری ده‌كه‌ن له‌به‌رانبه‌رلایه‌نه‌كانی قه‌یرانه‌كه‌دا، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی كه‌پێشتر ڕووخاندنی "ڕژێمی به‌شارئه‌سه‌د" ئامانجی سه‌ره‌كی توركیابوو، كه‌ئێستا لایه‌نه‌كانی ته‌نگژه‌ی سوریا هه‌ست به‌م گۆڕانه‌ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی ڕوسیا وخودی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌وه‌ ده‌زانن.

به‌م شێوه‌یه‌ واچاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌له‌ماوه‌ی داهاتوودا جموجوڵی هاوسه‌نگ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ببینین به‌ئاڕاسته‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ڕوسیا وڕژێمی سوریا له‌لایه‌ك و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایش له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌پێناو ده‌ستخستنی باشترین ئه‌لته‌رناتیڤی گونجاو كه‌ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌منییه‌‌كانی بكات له‌سوریا، كه‌ له‌سه‌رووی هه‌مویانه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ڕێگه‌گرتن له‌دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی كوردی له‌سنوره‌كانی باشوریه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوریا، كه‌ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ جموجوڵه‌كانی توركیا یه‌كێك له‌م سیناریۆیانه‌ له‌خۆی بگرێت:

سیناریۆی یه‌كه‌م: چوونه‌ ناودانوستانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی سوری له‌ڕێگه‌ی ڕوسیاوه‌، له‌پێناو گه‌یشتن به‌یه‌كێك له‌م ئه‌لته‌رناتیڤانه‌ی خواره‌وه‌:

أ- بژارده‌ی یه‌كه‌م:
فراوانكردنی ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌ده‌قێك له‌ڕێكکه‌وتننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ بوترێت كه‌ "پارتی یه‌كێتی دیموكراتی-په‌یه‌ده‌" بریتیه‌ له‌ لقی سوریای پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌"، ئه‌مه‌ش پێویستی ده‌كات له‌سه‌رده‌وڵه‌تی سوریا كه‌پابه‌ندییه‌ ئه‌منییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات كه‌ له‌ناو ڕێکكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌دا هه‌یه‌، و سوریا به‌ڵێن بدات به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌ پێویسته‌كان بۆڕێگه‌گرتن له‌دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی كوردی له‌سه‌رسنوره‌كانی توركیا. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یشدا توركیا به‌ڵێن بدات به‌ده‌ستبه‌رداربوون له‌بیرۆكه‌ی دروستكردنی "ناوچه‌ی ئارام" له‌ باكوری سوریا ودانانی خشته‌یه‌كی كاتی بۆكشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌سوریا.

ب- بژارده‌ی دووه‌م: توركیا ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌باكوردی سوریا دروست بكات به‌دوور له‌بوونی چه‌كداره‌كورده‌كان، و ئاواره‌ وپه‌نابه‌ره‌كانی سوریا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆئه‌وناوچه‌یه‌، به‌مه‌رجێك توركیا هه‌مووهێزه‌كانی خۆی له‌وێ بكێشێته‌وه‌ له‌دوای گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانی سوریا به‌جۆرێك كه‌ له‌كۆتاییدا هێزه‌كانی سوریا بتوانن كۆنترۆڵی خۆیان له‌و ناوچه‌یه‌ بسه‌پێنن و پابه‌ندیه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ له‌ ڕێكکه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه‌دا هاتووه‌.

لێدوانی سه‌رۆكی توركیا له‌ ٣ی شوباتی ڕابردووردا پشتیوانی ئه‌م سیناریۆیه‌ ده‌كات، كاتێك وتی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوریا له‌سه‌رئاستێكی نزم به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی هه‌ردوو وڵات له‌په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، و وتی "ئه‌گه‌ر دوژمنێكیشت هه‌بێت نابێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بپچڕێنیت، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌دواییدا پێویستت پێی هه‌بێت" ولێدوانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیایش له‌ ٢٤ ی ١ی ٢٠١٩ به‌هه‌مان شێوه‌ وتی "ئه‌نقه‌ره‌ له‌په‌یوه‌ندی ناڕاسته‌وخۆدایه‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق له‌ڕێگه‌ی ڕوسیا وئێرانه‌وه‌"

به‌ڵام ئه‌م سینایۆیه‌ چه‌ند مه‌ترسیه‌كیش له‌خۆی ده‌گرێت بۆ لایه‌نی توركیا، له‌سه‌روو هه‌مویانه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ گرژبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كه‌ئه‌و هه‌وڵده‌دات توركیا ڕاكێشێت بۆلای خۆی وله‌مۆسكۆی دوورخاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت توركیا دان به‌شه‌رعیه‌تی ڕژێمی سوریادا بنێت له‌كاتێكدا پێشتر هه‌وڵیداوه‌ بۆ ڕووخاندنی ئه‌و ڕژێمه‌.

سیناریۆی دووه‌م:  گه‌یشتنی توركیا به‌ڕێکكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارامه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك خواسته‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات له‌دوورخستنه‌وه‌ی "هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-هه‌سه‌ده‌" له‌و ناوچه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م هێزانه‌ چه‌كداره‌كورده‌كانیشان تیادایه‌، له‌گه‌ل وازهێنانی ئه‌میركا له‌ هاوكاریكردنی ئه‌م هێزانه‌ وپێدانی ڕۆڵی گه‌وره‌ به‌توركیا بۆبه‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وناوچه‌ ئارامه‌. له‌حاڵه‌تی ڕازیبوونی توركیا به‌م سیناریۆیه‌ ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ كه‌په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ل مۆسكۆ گرژی تێبكه‌وێت وله‌وانه‌یه‌ مۆسكۆ هانی ڕژێمی سوریا بدات بۆڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا وبه‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵیاندا وبه‌كارهێنانی چه‌كداره‌كورده‌كانی "هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل- هه‌په‌گه‌" له‌دژی هێزه‌كانی توركیا وئه‌و گروپانه‌یشی كه‌ هاوپه‌یمانی توركیان.

 


سه‌رچاوه‌: سایتی مركز المستقبل.



ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر