دەرکەوتنەوەى بەغدادى " وزەدانە بە داعش یان نەیارەکانى"

دەرکەوتنەوەى خەلیفەى دەوڵەتۆکە لاوازەکەى داعش مەبەست لێی وزەدانەوەیە بە داعش یان موژدەى سەرکەوتنە بەسەر داعشدا؟
PM:03:27:30/04/2019
حکومەتى هەرێمى کوردستان پێویستە تەواو خۆى ساز بکات بۆ هەر ئەگەرێک کەلە داهاتوودا، لە داهاتوویەکى نزیک لەم ناوچەیە ڕوو بدات


دەرکەوتنى خەلیفەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق وشام "داعش" لەم کاتەى ئێستادا، بە تایبەتى لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەى کەلەسەر گۆڕەپانى سیاسەتى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى ڕوویان داوە یان دیاردەکانى ڕوودانیان دەرکەوتووە، چەندین ئاماژەى گرنگ لە خۆی دەگرێت،  بۆ ئەوەى زیاتر چاو ڕوون بین سەبارەت بەوەى کە دەرکەوتنەوەى خەلیفەى دەوڵەتۆکە لاوازەکەى داعش مەبەست لێی وزەدانەوەیە بە داعش یان موژدەى سەرکەوتنە بەسەر داعشدا، بەکورتى لە چەند پەرەگرافی داهاتوودا شرۆڤەیەکى سیاسەت وستراتیژییەتى وڵاتانى ناوچەکە و لایەنەکانى قەیرانەکە دەخەینەڕوو:

 

یەکەم: لەسەر ئاستى هەرێمایەتى

وڵاتانى ناوچەکە تا ڕادەیەکى زۆر لە بارودۆخێکى ناڕووندا سیاسەت و ستراتیژیەتەکەیان کە بریتییە لە خۆپارێزى و پەلهاویشتن پەیڕەو دەکەن، یەکێک لە نمونە دیارەکانى ئەم بابەتە بریتییە لە کۆمارى ئیسلامى ئێران، لە ئێستادا ئەم کۆمارە شیعە مەزهەبە گیرۆدەى دوو پرسی سەرەکییە کە کاریگەرى لەسەر ناوخۆى ئێران و وڵاتانى پەیوەست بە ئێرانەوە لە بوارى ئابورى و سیاسی بەجێهێشتووە کە بریتین لە: پرسی سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بەتیرۆریست ناساندنى سوپاى پاسداران، کۆمارەکەى ئێران لەدوو لاوە گورزى گورچک بڕى بەردەکەوێت کە هەریەکەیان لەوى دیکەیان کاریگەرترە، بە ئەندازەیەک کە هاوسەنگییەکانى ئەم وڵاتەى لەم ناوچەیە و پەیوەندییەکانى لەگەڵ جیهانى ئاسیاى دوور " بە تایبەتى هیندستان و چین و پاکستان" و ئەورووپاى لیبراڵدا تێکداوە، مامەڵە ئابورییەکانى ئەم سەردەمە هێندە ئاڵۆزە، پەککەوتنى بەشێکى مامەڵەکان مەترسی هەڵکشانى قەیرانەکان بەدواى خۆیدا دەهێنێت، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش لەم کاتەى ئێستادا چاوەڕوانى وەڵامى هەڵکشێنراوى کۆمارەکەى ئێرانە بەرامبەر بە بڕیارەکانى، لەم نێوەندەدا ستراتیژییەتى ئێران بریتییە لە خۆپارێزیکردن لە بەرکەوتەى بڕیارەکانى ئەمریکا وپەلهاویشتن بەمەبەستى گواستنەوەى فۆکسی سەر کۆمارەکەى بۆ دەرەوەى ئێران.

 

تورکیا نمونەیەکى دیکەى ئەم سیاسەتەیە، لە کاتى ئێستادا تورکیا گیرۆدەى سێ پرسی سەرەکییە کە بریتین لە قەیرانى ئابورى و هەڵکشانى هەڵئاوسان، کێشەى دابەزینى ڕێژەى دەنگەکان و کوردەکانى سوریا، لە تورکیاى کۆمارى سیستەمى سەرۆکایەتدا گرنگ نییە ڕێژەى جیاوازى دەنگەکان بۆ بەردەوام بوون لە بڕیاردان چەندە، گرنگ ئەوەیە کە خاوەنى دەسەڵات بیت و لە کاتى ئێستادا ئاکپارتى خاوەنى دەسەڵاتە، بالەدوو شارى وەکو ئەستەنبول و ئەنقەرەشدا براوە نەبێت، بردنەوەى شارەوانیەکانى هەردوو شارەکە لەلایەن پارتى گەلى کۆمارییەوە کەبە پارتێکى تورکچێتى ناسراوە، کاریگەرى زاڵبوونى ڕەوتى پۆپۆلیستییە لە تورکیادا، ئەو ڕەوتەى کە پێشتر ڕەجەب تەییب ئەردۆگان و چاوش ئۆغلۆ بنەیان بۆ شێلا بەوەى کە یەکپارچەیی خاکى تورکیا و ئاسایشی نەتەوەیی تورک هێڵی سوورە، بە تێبینیکردنى ئەوەى کە لەم هەڵبژاردنەدا ڕەوتە ئومەمییەکان لە تورکیا دەنگەکانیان کەمى کردووە تورکیا دووچارى قەیرانى پەیوەندییەکانى بە جیهانى ئیسلامى بۆتەوە، ئەمەش پێویستى بە پارسەنگ کردنەوە هەیە بەوەى کە فاکتەرەکانى مانەوەى بۆ فەراهەم بکرێت و باشترین دەرفەتیش کۆبوونەوەکانى ئەستانەى نێوان تورکیا و ڕوسیا و ئێران بوو بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتۆتە ئەنجام.

 

سوریا لە هاوکێشە سیاسییەکەى ناوچەکەدا کاراکتەرێکى لاوازە، بەڵگەى گەورەى ئەوەش داڕشتنى سیاسەت و ستراتیژییەتى ئەو وڵاتەیە لەلایەن وڵاتانێکەوە و کۆمەڵە ڕێکخراوێکەوە کەلەڕووى تیۆرییەوە لەدەرەوەى سیستەمى سیاسی سوریان بەڵام کاریگەرییان لەسەر ڕەوت و پێشهات و داهاتووى سوریا لە حکومەتى سوریا زۆرترە، ئەگەر داعش لە سوریا کۆتایی هاتبێت وەکو چۆن دۆنالد ترامپ لە کاتى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا ڕایگەیاند ئەوا هیچ پاساوێکى لۆژیکى نامێنێت بۆ مانەوەى هێزەکانى ئێران و ڕوسیا و تورکیا و حیزب الله وفەرەنسا ...هتد، لە سوریا، بۆ مانەوەى ئەم هێزانە فاکتەرێکى دەستەمۆکرا و ماندووکراو پێویستە تاوەکو لایەنە بەهێزەکانى قەیرانە هاوسەنگى لەنێوان خۆیاندا بەدى دەکەن، کەواتە سوریا بەهەموو توانایەوە هەوڵى پارێزگاریکردن لەخۆى دەدات و لە کاتێکدا مەترسی داعش، یان کوردەکان بەکاردەهێنێت، هەروەها داینەمۆى قەیرانەکان دەخاتە نێوماڵى هێزەکانى دیکەوە.

 

قەیرانەکانى عێراق زۆر قووڵتر و کاریگەرترن، بە ڕوواڵەت وا دەردەکەوێت کە عێراق ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى داعشی کۆنترۆڵکردبێتەوە، بەڵام لە ڕاستيدا کێشەکە لە کۆنتڕۆڵکردندا نییە، کێشەکە بەردەوابوونى کۆنتڕۆڵەکەیە، کە لاوازى سوپاى عێراق، پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران، ناکۆکى نێوان پێکهاتەکان هیچى کەمتر نییە لەو کاتەى کە ئەبو موسعەب زەرقاوى هاتە عێراق و ڕێکخراوێکى سەربەخۆى دامەزراند و ئەمەش پەلى کێشا بۆ داعش و ڕووداوەکانى دواتر، عێراق لە نێوان بەرداشى ئەمریکا و ئێران و تورکیا و سعودیە تەواو هاڕڕاوە. لەوە دەچێت کە تاکە وڵات بێت کە نەتوانێت خۆپارێزى بکات، ئێستا عێراق پارێزگایەکى گەورەى کۆمارەکەى ئێرانە.

 

سعودیە ماندووى سێ پرسی سەرەکییە کە بریتیین لە یەمەن، قەتەر، سوپاى هاوپەیمانى عەرەبی، کێبڕکێی نێوان تورکیاو سعودیە، ئێران و سعودیە لە یەمەن و قەتەر بە تەواوەتى دەرکەوتووە، کێشەکە لەوەدایە کە ئەوەى براوەى سەرەکى بێت دەبێتە سەرمەشقی سوونەى عەرەبچێتى و دەمڕاستى تەواوى وڵاتانى عەرەب زمان و ئایین موسوڵمان و مەزهەب سوونەکان، وەرگرتنى یارمەتى لۆجیستى لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا  و ئیسرائیل لە بوارى پێکهێنانى سوپایەکى عەرەبی لە ناوچەکە گەورەترین پۆینتى سیاسەت و ستراتیژییەتى خۆپارێزى و پەلهاویشتنى سعودیەیە لە ناوچەکەدا.

 

دووەم: لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى

چوار جەمسەرى زۆر گرنگ لەم بوارەدا کاریگەرى ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕووداوەکانى ئەم ناوچەیە هەیە کە بریتین لە: وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ڕوسیا، یەکێتى ئەورووپا، چین، هەریەک لەم جەمسەرانە بەشێوەیەکى گشتى لەهەوڵى تەواوى خۆیاندان بۆ بەهێزکردنى جێپێی خۆیان لە ڕووداوەکانى داهاتوودا، خولى دووەمى زۆرانبازى هێزەکان لەم ناوچەیەدا گۆڕانکارى تەواو بەدواى خۆیدا دەهێنێت، لە نەخشەى سیاسی جوگرافی داهاتووى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، پێویستە ئەم جەمسەرانە بەرژەوەندییەکانى خۆیانى تیادا بدۆزنەوە، بۆیە زۆر سادەیە ئەگەر ببینرێت کە هێشتا هاوپەیمانییەکانى ئەو جەمسەرانە لەگەڵ هێزەکانى ناوچەکە بە دەوڵەتى و نیمچە دەوڵەتى و ڕێکخراوەییەوە، هاوپەیمانییەکى کراوەیە، هیچ نەبێت نەوەى نوێی جەنگ لە جیهاندا و لەم کاتەدا ئەوە دەخوازێت کە ئەو هاوپەیمانیەتییانە بە ئەندازەیەک کراوە بن کە جێگاى هەمووانى تیادا بێتەوە، دەشێت هێزێک لە چەند هاوپەیمانییەکدا بێت، کە یەکێک یان دوانیان دژ بەیەک بن، نمونە تورکیا لە هاوپەیمانى شەڕى دژ بە داعش بوو، بەڵام لەگەڵ گروپەتیرۆریستییەکان چوونە ناو شارى عەفرین، لەگەڵ ڕوسیا و ئێران داهاتووى سوریا ڕەنگ دەکەن، بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ سوپاى سوریاى دیموکرات مامەڵە بکات، ئەمریکا لە سوریا دژ بە داعش جەنگاوە، بەڵام جۆلان لەسەر ئیسرائیل تاپۆدەکات، ڕوسیا و تورکیا پێکەوە لە سوریا کار دەکەن بەڵام فڕۆکەیەکى جەنگى ڕوسیا لەلایەن تورکیاوە دەخرێتە خوارەوە، لە لایەکى دیکەوە سیستەمى موشەکى ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا دەکڕێت، هەردووکیان هەماهەنگییان لەگەڵ ئێراندا هەیە کە سپۆنسەرى سەرەکى حیزب الله یە لە لوبنان کە دوژمنى سەرسەختى ئیسرائیلە، بەڵام پارێزگارى لە ئاسایشی ئیسرائیل دەخەنە ئەستۆى خۆیان...هتد.

 

لە ناو ئەم بارودۆخە جارێکى دیکە خەلیفەکەى داعش بە گرتەیەکى ڤیدیۆیی ١٨ خولەک و ٣٨ چرکە دەرکەوتەوە، دەرکەوتنەوەى لەم کاتەدا و بە تایبەتى ئەوەى باس دەکرا لەسەر نەمانى داعش گومانى زۆر هەڵدەگرێت، بەڵکو دەکرێت بوترێت کە هەموو هێزى هاوپەیمانانى دژ بە داعش کردە ئەفسانەیەک، ئەوەتا خۆى لەگەڵ چەند سەرکردەیەکى باڵاى ڕێخراوەکەى کۆبوونەوە دەکات و وەکو لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیارە ڕاپۆرتى دەزگاکانى وەردەگرێت، لێرەدا چەند تێبینییەک گرنگە وەربگیرین لە شیکردنەوەى گرتە ڤیدیۆکەوە:

 

یەکەم: ئەزموونى داعش ئەزموونێکى پێشکەوتووترە لە قاعیدە، پێشتر ئوسامەى کوڕى لادنى ڕابەرى بزووتنەوەى قاعیدە و دواى ئەوەى ئەفغانستان لەلایەن سوپاى هاوپەیمانانەوە داگیرکرا و حکومەتەکەى تالیبان لەناوبرا چەند جارێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوت، بۆیە ئەم ئەزموونەى داعش پێشکەوتووترە لەوەى قاعیدە لە ڕووى تەکنیکى و کوالێتى دەنگ و ڕەنگ ولۆگۆوە، کەوا دەردەکەوێت کە دەزگایەکى پڕۆفیشناڵ بەرهەمى هێنا بێت کە هێشتا – ئەگەر بە هەناسە بڕکێش بێت – لەسە پێیەکانى خۆى وەستاوە.

 

دووەم: ناو هێنانى نیمچە دورگەى عەرەبی بە "جزیرة محمد" لە برى ئەوەى کە بە "جزیرة العرب" یان " أرض الحجاز" یان " الاراضی المقدسة" ناوببرێت، ئەمە ئەوەى لێدەخوێندرێتەوە کە بابەتى شوناس لەناو داعشدا تاوەکو ئێستا کارى لەسەر دەکرێت، ئەم بابەتە تەواو جیاوازە لە ئەزموونى ڕێکخراوەکانى پێشوو کە فەرامۆشکرابوو.

 

سێیەم: لەناو وتەکانیدا ناوى چەند کەسایەتییەکى هێنا و نازناوى " فەرەنسی، چیچانى،...هتد" بەکارهێنراون، کەئەمە ماناى فرەیی ڕەگەزە لەناو داعشدا، ئەو ناوهێنانە تەواو سادە و ساکار نییە بەڵکو ئەمە تەواو پێچەوانەى ڕەوتى پۆپۆلیستى ڕۆژئاوا و بڕیار و ڕەفتارەکانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هێزە پۆپۆلیستەکانى ئەورووپایە، بەمەش بەرگێکى نێودەوڵەتى دادەدورێت بەسەر هزرى داعش کە پێشتر ئەم جوڵەیە بوونى نەبووە.

 

چوارەم: بە ئاگابوون لەو گۆڕانکارییانەى کەلە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و دەربڕینى ڕایەکى فەرمى لە بارەیانەوە بەتایبەتى کاتێک باسی سۆدان و جەزائیر دەکات بەوەى کە گۆڕانکارى کراوە بەڵام ڕووکەش بووە چونکە کەسانێکى دیکە جێگایان گرتۆتەوە کە لەوان خراپترن، بەوەش ختوکەدانى هەستى ڕەوتە ئیسلامییەکانى ناوچەکەیە بەوەى کە تاکە ڕێگا بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان و ڕزگاربوون لەدەسەڵاتى ستەمکاران بریتییە لە " الجهاد" وەک ئەوەى کە ئەبوبەکر بەغدادى لە درێژەى وتەکانیدا ئاماژەى بۆ دەکات.

 

پێنجەم: یەکێکى دیکە لەو بابەتانەى کەباس دەکرێت بریتییە لە چالاکییەکانى کۆمەڵەى تەوحید لە سریلانکا و بۆرکینافاسۆ، چالاکییەکان وەکو تۆڵە کردنەوەیەک لەبەرامبەر هێرشەکانى هاوپەیمانان بۆسەر دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام، جەختکردنەوە لەسەر بەیعەت دانى ئەو گروپانە بە دەوڵەتى ئیسلامى، کە تیایدا ناوى خۆى ناهێنێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەى کەتاوەکو ئێستا، بەهۆى جیهانبینى داعشەوە، تواناى بەرەنگاریکردنى هەیە.

 

شەشەم: خاڵێکى گرنگى دیکە کە ئاماژەى پێدەدات بریتییە لە بەردەوام بوون ئەوەش لە کاتێکدا کە دەڵێت " أمرنا بالجهاد ولم نؤمر بالنصر" واتە فەرمانمان پێکراوە بە جیهاد کردن بەڵام فەرمانمان پێنەکراوە کە سەربکەوین، دڵدانەوەى داعشەکان و ماناى بەردەوام بوون دەگرێتەوە.

 

حەوتەم: داواى کۆچکردن بۆ شام و عێراق، لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا، سروودێکى تیادایە کە خۆى بریتییە لە داواکارییەکى هەنووکەیی لەلایەن داعشەوە کاتێک دەڵێت " شدوا الرحال الى أرض الشام و الفرات" واتە خۆتان کۆبکەنەوە و کۆچ بکەن بۆ خاکى شام و فورات – کەمەبەستى عێراقه - ، بێگومان هیچ وشەیەک لەو وشانە و هیچ ئاماژەیک لەناو ڤیدیۆکەدا بێ مانا و مەبەست نییە، ئەم خاڵەش ئەوە دەگەیەنێت کە داعش لە کاتى ئێستادا داوادەکات کە هەوادارانى کۆچ بکەن بۆ ئەم دوو وڵاتە.

 

پاڵپشت بەو خوێندنەوانە دەردەکەوێت کە لە کاتى ئێستادا نە داعش کۆتایی هاتووە، نە ئەرکەکەى تەواو بووە، ئەوەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە تاوەکو ئێستا هێزەکان لەم ناوچەیەدا نەگەیشتوونەتە سازانێکى سیاسی بە شێوەیەک کە مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش یان هەر ڕێکخراوێکى دیکە دوور بخاتەوە، بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان پێویستە تەواو خۆى ساز بکات بۆ هەر ئەگەرێک کەلە داهاتوودا، لە داهاتوویەکى نزیک لەم ناوچەیە ڕوو بدات، ئەرکى سەرەکى هێزە سیاسییەکانى کوردستان بریتییە لە زوو پێکهێنانى حکومەتى هەرێم، یەکخستنى هێز و توانا سەربازى و هەواڵگیرییەکان بەمەبەستى ڕووبەڕووبونەوەى تیرۆر لەژێر هەر ناوێکدا بێت، خۆ ئامادەکردن بۆ خولى دووەمى ململانێکان، بە شێوەیەک کە دوور نییە هێزە هەرێمایەتییەکان و نێودەوڵەتییەکان بە ئەندازەیەک کێبڕکێکان سەخت بکەنەوە ناوچە ئارامەکانیش بکەونە بەر شاڵاو هەڕەشەى مەترسیدار.

 



ئه‌م بابه‌ته 461 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر