واقعى سۆدان و هەڵوێستى ئیخوان

ئیخوان موسلمینى سۆدان بەشێوەیەکى تەواوەتى وازى لە سەرۆکى ڕژێمى پێشووى سۆدان و هەموو یاریدەدەرو هاوکارەکانى هێناوە
PM:11:26:28/04/2019
دۆسیە: شیکار
ئیخوان وەک سیاسەتێکی بەرژوەندەخوازى دەستبەرداربوونى خۆى لە ئەلبەشیر ڕاگەیاند و تەنیا تەکتیکێکى سیاسییە بۆ ئەم قۆناغەى وڵاتى سۆدان

محەمەد چیا
نوسەر

بیێگومان پێش خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەى سۆدان و فشارى شەقام و راى گشتى کە بوونە هۆى دوورخستنەوەى عومەر ئەلبەشیرى سەرۆکى ڕژێمى ئەو وڵاتە لەدەسەڵات و، هەتا ساتەوەختى کەوتنیشى رێکخستنى ئیخوان بەو شێوە شۆکهێنەرە دەستبەردارى ئەو رژێمەو سەرۆکەکەشى نەبوو، وێڕاى هەبوونى تێبینەکانى ئەو ڕێکخستنە لەسەر خودی ئەلبەشیرو سیاسەتەکانیشى، بەڵام لەدواى کەوتنی ئەو ڕژێمە بەماوەیەکى زۆر کەم د. عوض الله حسن سيد أحمد، چاودێرى گشتى ئیخوان موسلمین لەسۆدان ڕایگەیاند کە : "ئیخوان موسلمینى سۆدان بەشێوەیەکى تەواوەتى وازى لە سەرۆکى ڕژێمى پێشووى سۆدان و هەموو یاریدەدەرو هاوکارەکانى هێناوە" و وتى: "کە ئەو سەرۆکە هە م دین و هەم دونیاشى شێواند".


بێگومان ئەم هەڵوێستەى ئیخوان، شۆک هێنەر بوو تەنانەت لەلایەن چاودێرانى سیاسی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، هەروەها دەرەکیش. بێگومان سۆدان لەماوەى سی ساڵى فەرمانڕەوایی ئەلبەشیردا وەک یەکێک لەقەڵاکانى ئیخوان ئەژمار دەکرا، هەروەها لەلایەن ئیخوانەوە هیوایەکى زۆرى پێوە هەڵواسرابوو، بەڵام ئەوەى وایکرد ڕەوشەکە بەوشێوەیە بشکێتەوە کە ڕوویدا کۆمەڵێک فاکتەر بوون کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەین:

١- بەشێوەیەکى گشتى ڕژێمە تاکڕەو و دیکتاتۆرەکان لەوڵاتانى عەرەبیدا پێگەیان بەرەو لێژی چووە، بەهۆى سواوى گوتاریان و ڕەچاونەکردنى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى لەدابەشکردنەوەى سامانى نیشتمانى بەسەر هاوڵاتیەکانیانداو، تاکڕەوى لەبڕیاریانداو ستەمکارى و زۆربوونى گەندەڵی سیاسی و ئابورى لەژێر سایەى دەسەڵاتەکانیان و حساب نەکردن بۆ جەماوەرو خەڵک و دروستبوونى نەوەیەکى دەستەبژێرى چالاک و ئاڕاستەکردنى شەقام و ڕاى گشتى، هەروەها کارایی و بەردەستى دەزگاکانى ڕاگەیاندن، هەروەها سوودوەرگرتنى لە ئامڕازەکانى پەیوەندیکردنى جەماوەرى لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

٢- ئیخوانى میسر بەنسبەت ئیخوانى وڵاتانى ترەوە وەک ئیمامى تەزبیح وایە بەنسبەت دانەکانیەوە، ئاشکرایە ئێستا ئەو ئیمامە نەماوە، لەدواى کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتى کەموەختى ئیخوان و لابردنى مورسی و دەستگیرکردنى سەرکردەکانى ئەو رێکخستنە، ئەمەش بەشێوەیەکى نەرێنی کاریکردە سەر هەموو ڕێکخستنەکانى ترى ئیخوان لەوڵاتەکانى تر.

٣- ئەوەى کە ئیخوان ئێستا قەتەرى کردۆتە پێگەى بەهێزو سەرەکی خۆى و بەوپێیەى کە قەتەریش دانووى لەگەڵ زۆرێک لەوڵاتانى ناوچەکەدا ناکوڵێت لەوانە سعودیەو هەروەها ئەوەى کە ئاڕاستەکانى ئەم ڕێکخستنە تەریبە لەگەڵ زۆرێک لە ڕەوتە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان و، تەیارکردن و پارەدارکردنى هێزە حەرەکی و چەکدارییە ئیسلامییەکان، وایکردووە ئیخوان لەسەر ئاستى هەرێمی و نێودەوڵەتیش چیدى تەحەمولکراو نەبێت، بەڵکو بێزراویش بێت.

٤- خودی کەسێتی یوسف قەرەزاوى کە موفتى ئیخوانە، بەهۆى زۆرێک لەهەڵوێستە توندەکانییەوە، کاریگەرى نەرێنی هەبووە لەسەر ڕوکاری گشتى ئیخوان و تێڕوانینە دەرەکییەکان بۆى.

٥- مەیلى قۆرخکارى و تاکڕەوى لەناخى هەر کەسێتییەکەى سیاسی ئیسلامیدا کاتێک دەگاتە دەسەڵات و سودگیرى لە بەرهەمى خەباتى پارتەکەى بۆ بەرژوەندییە کەسی و ماددیەکانى خۆى، وەک ئەلبەشیر لەسودان و دورخستنەوەى ئەلتورابیلە دیمەنە سیاسییەکەى ئەو وڵاتە.

٦- بەکارهێنانى سامانە نیشتمانییەکان و داهاتى وڵات لەپێناو هەندێک ئامانجی سیاسیدا کە خزمەت بە تاکى هاوڵاتی ناکەن و، لەپێناو کۆمەڵە ئامانجێکی سیاسی و ئایینى یۆتۆپی و بێ بەهادا خەرج دەکرێن، دیسان وەک ڕەوشى سۆدان و جەڕاندنى میللەت و خستنیە ناو قەیرانێکی گەورەى ئابوریەوە.

٧- تەبەنیکردنى سیاسەتێکی دەرەکی هەڵەو خۆخستنە ناو هەندێک ململانێی سیاسی و ئایینى و مەزهەبی کە تواناو وزە ناوخۆییەکانى وڵات بە فیڕەو دەدات و وا دەکات دوژمنى دەرەکی بۆ ئەو وڵاتانە زۆر بێت، ئەمەش وا دەکات پاشەکشە بە ڕژێمەکانى ئیخوان بکات لەو وڵاتانە، هەمدیس وەک سۆدان و هەروەها تورکیاش.

٨- پەیوەندی ناڕاستەوخۆى ئیخوان لەگەڵ هەندێک لەسەرانى ئەو بزووتنەوە ئیسلامییانەى کەوا لە کردەوە تیرۆریستى و توندوتیژیەکان تێوەگلاون، وەک نزیکى قەرەزاوى لەسەرانى کۆمەڵەى تەوحیدى لە سریلانکا کە پێدەچێت لەو کردەوە خوێناویانە تێوەگلابن کە لەم ماوەیەى دواییدا ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج.

٩- ململانێ ناوخۆییەکانى نێو ڕێکخستنەکانى ئیخوان، کە هەر زۆر زوو، هەروەها دواى دەستخستنى دەسەڵاتێکی سیاسی و دروستبوونى بەرژەوەندییە ماددییەکان ئەم ململانێیانە قووڵ دەبنەوە و باڵى بەهێز باڵى لاوازى خۆى دەشکێنێت، جارێکی تریش وەک ڕەوشى سۆدان کە یەکێک بوو لەهۆکارەکانى دەستەبەرداربوونى ئیخوان لە عومەر حەسەن ئەلبەشیر، هەروەها ئەمە بۆ تورکیاش هەر ڕاستە، هەروەها لەهەرێمی کوردستانی خۆشمان دەتوانین نمونە لەسەر ئەم حاڵەتە بەدی بکەین.

١٠- پەیڕەوکردنى سیاسەتى هەلپەرستى و ناجێگیریی لەلایەن ئیخوانەوە، هەڵبەتە لەماوەى دەسەڵاتى ئەلبەشیردا کە ئەوکات بەشێک بوو لەئیخوان ئەم سیاسەتە هەلپەرستى و فرسەتهێنانیە پەیڕەو دەکرا، کە جارێک بەلاى وڵاتێک و جارێک لەپێناو دەسکەوتە ماددییەکاندا بەلاى وڵاتێکی تردا بایدەدایەوە، کە هەمان ئەم سیاسەتە هەلپەرستى و فرسەتهێنانیەش وەک پەتایەکى ناو ئەم ڕێکخستنە خۆیشى تووش کردو دواجار خودی ئیخوان بە پەیڕەوکردنى هەمان ئەم سیاسەتە پراگمایی و فرسەتهێنانی و هەلپەرستییە خودی بەشیریشى لەناو برد.


سەبارەت بە خاڵى کۆتاییش کە بۆچى ئیخوان دواى سی ساڵ لە فەرمانڕەوایی هەروا سوک و ئاسان دەستەبەردارى ئەلبەشیر بوو بەڕاى چاودێرانی سیاسی چەند هۆکارێکى سەرەکی لەپشت ئەم هەڵوێستەى ئیخوانى گشتى و بەتایبەتیش ئیخوانى سۆدانەوە بوو گرنگترینیان:-

١- لادانەکانى ئەلەبەشیر لەهێڵە گشتییەکانى ئیخوان و زۆرجار هەڵسوکەوتکردنى بەشێوەیەکى تاکە کەسی و ستەمکارانە تەنانەت لەگەڵ دۆست و هاوکارەکانیشی.

٢- لەماوەى سی ساڵى فەرمانڕەواییدا ئەلبەشیر تووشى لەرزوتا یان گەشکەى دەسەڵات بوو بوو.

٣- ئیخوانى سۆدان ترسا هەمان ئەوەى بەسەر ئیخواندا هات لەمیسر لێرەش دووبارە بێتەوە و دەسەڵاتى ئایندەى سۆدان کار لەسەر دوورخستنەوەو سزادان و زیندانیکردنى سەرانی ئەو ڕێکخستنە بکات یان قەدەغەى بکات.

٤- ترسان لەخەشم و توڕەیی جەماوەرو هەڵکوتانە سەر ناوەندو پێگەو جێگەو بەرژوەندییەکانى ئیخوان لەو وڵاتەدا.

٥- ترسان لەوەى ئەمە ببێتە هۆى ئەوەى کەوا ئیخوان لەئایندەى سیاسی سۆداندا هیچ پێگەو بوونێکی نەبێت و بەتەواوى لەشانۆى سیاسی ئەو وڵاتەدا دوربخرێتەوە.

٦- سەرەکیترین هۆکارى ئەمە بوونى وەبەهێنانێکی گەورە و گرنگى دارایی ئیخوانە لەسۆداندا ئەگەر ئیخوان هاوسۆزى بنواندایە لەگەڵ ڕژێمەکەى ئەلبەشیردا ڕەنگە هەموو ئەو بەرژەوەندییە داراییانەى بکەوتایەتە مەترسیەوەو نەمایە.

٧- دەستەبەرداربوونى ئیخوان لە ئەلبەشیرو سەرانى ڕژێمەکەى ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەى ئیخوان لەو وڵاتانەدا لە بەرگ و فۆرمێکى تردا خۆى دەربخاتەوە وەک ئەوەى کە پارتێکی نوێ دابمەزرێنێتەوە.

٨- هەموو ئەمانەى سەرەوە کۆمەڵە هۆکارن کە وایانکرد ئیخوان وەک سیاسەتێکی بەرژوەندەخوازى و ڕەنگە تاکتیکییش دەستبەرداربوونى خۆى لە ئەلبەشیر ڕاگەیاندبێت.



ئه‌م بابه‌ته 139 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر