حەسەن تورابی

PM:05:07:27/04/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

بیرمەند ورابەرى ئیسلامیی سیاسیی سۆدانە، بە نووسینەکانى لە بوارەکانى بیر و بانگەوازى ئیسلامییدا ناسراوە، ناوبانگى لە بوارى سیاسەتدا بەهۆى هاوپەیمانییەکان و پیگە سیاسییەکانەوە بەدەست هێناوە لە ساڵى ١٩٦٤ ەوە، بەهۆى ئەوەشەوە چەند جارێک زیندانى کراوە.

 

لەدایک بوون

 

حەسەن عەبدوڵڵا تورابی لە ١ ى شوباتى ١٩٣٢ لە شارى کەسلا ى ڕۆژهەلاتى سۆدان لە خێزانیکى ئایین پەروەر لەدایک بووە، خانەوادەکەى سەر بە هۆزى بەدیرییە بوون، لە تەمەنى منداڵیدا دایکى کۆچى دوایی کردووە، باوکى دادوەر و شێخى تەریقەتى سۆفیی بووە و بەمندالى قورئانى بە چەند خویندنەوەیەکى جیاواز پێ لەبەرکردووە، هەروەها زانستى زمانى عەرەبی و شەریعەتى پێ خوێندووە.

 

ئومامەى کچى لە ساڵى ٢٠١٠ دا و لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ گۆفارێکى سۆدانیدا سەبارەت بە باوکى دەڵێت کە " باوکم لە ماڵەوە ئامڕازەکانى دارتاشی هەبوو بەمەبەستى چاککردنەوەى دەرگاکانى ماڵەوە، هەروەها ئارەزووى لە خویندنەوەى هۆنراوەى شاعیرەکان هەبووە، گوێی لە پارچە مۆسیقاکانى بتهۆڤن دەگرت و بەزۆرى سەیرى ئەو فلیمانەى دەکرد کە تایبەتبوون بە ڵێکۆڵینەوە لە تاوانەکان".

 

خوێندن

 

لە چەند ناوچەیەکى جیاوازى سۆدان خوێندویەتى، ساڵى ١٩٥٥ لە زانکۆى خەرتومى پایتەختى سۆدان خویندنى یاساى تەواو کردووە، لە ساڵى ١٩٥٧ لە زانکۆى ئۆکسفۆردى بەریتانیا ماستەرى بەدەست هێناوە، ساڵى ١٩٦٤ لە زانکۆى سۆربۆن لە فەرەنسا دکتۆراى بەدەست هێناوە.

 

بەهۆى نیشتەجێبوونى لە ڕۆژئاوا زمانەکانى فەرەنسی و ئینگلیزى و ئەڵمانى زانیووە، هەروەها توانویەتى خوێندنەوەیەکى قووڵ بۆ زانست و کلتورى ڕۆژئاوا بکات.

 

ئاڕاستەى بیرکردنەوە

 

لە خوێندنى لە زانکۆى خەرتوم بە بیرى و کۆمەڵى ئیخوان موسلمین ئاشنا بووە، بۆیە بووە بەئەندام و ساڵى ١٩٦٩ بووە بەیەکیک لە سەرکردەکانى ئەو رێکخراوە، بەڵام دواتر لە ڕێکخراوەکە جیا بویەوە و ڕەوتێکى تایبەت بەهۆى هەڵبژارد.

 

ئەرک و بەرپرسیاریەتى

 

دواى ئەوەى خوێندنى لە دەرەوەى وڵات تەواو کرد و گەرایەوە بۆ سۆدان بوو بە ڕاگرى کۆلێژى یاسا لە ساڵى ١٩٦٥دا، بەوەش یەکەم سۆدانى بوو کە ئەو پۆستە وەربگرێت.

 

ساڵى ١٩٧٩ بوو بە سەرۆکى لیژنەى پاچوونەوەى یاساکان، دواتر لە ساڵى ١٩٨١ بوو بەوەزیرى داد، دواتر بوو بەڕاوێژکارى سەرۆکى وڵات بۆ کاروبارى دەرەوە لە ساڵى ١٩٨٣، لە ساڵى ١٩٨٨ بوو بە جێگرى صادق مەهدى کە سەرۆکى وڵات بوو هەروەها وەزیرى دەرەوە لە حکومەتێکى هاوبەینیدا.

 

ساڵى ١٩٩١ کۆنگرەى گەلى عەرەبیی ئیسلامى دامەزراند بوو بەئەمیندارى گشتى کۆنگرە و زۆربەى گروپە ئیسلامییەکانى تیادا کۆبوویەوە.

 

لە ساڵى ١٩٩٦ و لە کاتى شۆڕشی ئینقازدا بوو بە سەرۆکى پەرلەمان، هەروەها سالى ١٩٩٨ بوو بە ئەمیندارى گشتى کۆنگرەى نیشتمانى فەرمانڕەوا. دواى بەجێهێشتنى دەسەڵات لە ساڵى ١٩٩٩ کۆنگرەى نیشتمانى دامەزراند و بوو بە ئەمیندارى گشتى کۆنگرە.

 

ئەزموونى سیاسی

 

سەرەتاى ژیانى سیاسیی تورابی لەوەوە دەستى پێکرد کە ئەندام بوو لە بەرەى پەیماننامەى ئیسلامى، ئەوەبەرەیەى کەلە هاوپەیمانییەکى ڕەوتە ئیسلامییەکان پیکهاتبوو کەە ئیخوان ڕابەرایەتى دەرکرد، و بوو بە ئەمیندارى گشتى ئەو بەرەیە لە ساڵى ١٩٦٤دا.

 

شۆڕشى تشرینى دووەمى ساڵى ١٩٦٤ وەرچەرخانێکى مێژوویی بوو لە ژیانى سیاسی تورابى دا چونکە لە هۆڵەکانى خوێندنەوە گواستیەوە بۆ مەیدانى سیاسەت و ململانیکانى.

 

لە ئەنجامى ئەو کودەتا سەربازییەى کە جەعفەر نومەیرى لە ١٩٦٩دا ئەنجامى دا ئەندامانى بەرەى پەیماننامەى ئیسلامى دەستگیرکران، لەسەردەمەى نومەیرى دا تورابی سێ جار زیندانى کرا، لە ساڵى ١٩٧٧ و پاش ئاشتبوونەوەى نومەیرى و ئیسلامییەکان ئازادکرا کە لە ئەنجامدا بڕیاردرا بە جێبەجێکردنى شەریعەتى ئیسلامى لە سۆدان لە ساڵى ١٩٨٣دا.

 

ساڵى ١٩٨٥ بەهۆى شۆڕشی گەلى سۆدانەوە حکومەتەکەى نومەیرى هەرەشی هینا و بوارى دا بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن و بۆیە لە ساڵى ١٩٨٦ بەرەى نەتەوەیی ئیسلامى پێکهێنا و بەشدارى هەڵبژاردنى کرد و بوو بە سێیەم هێز و بەوەش بەشدارى حکومەتیکى هاوبەینى کرد لەگەڵ صادق مەهدى دا.

 

ساڵى ١٩٨٩ چەند فەرماندەیەکى سەربازى سەر بە رەوتى ئیسلامى کودەتایەکیان بەسەر حکومەتەکەى مەهدى دا ئەنجام دا، ئەو کودەتایە تورابی فەرماندەى ڕاستەقینەکەىبوو هەرچەندە موشیر حەسەن بەشیر دیاریکرا بۆ سەرۆکایەتى وڵات.

 

تورابی لە پشتەوە حوکمڕانى وڵاتى دەکرد تاوەکو ساڵى ١٩٩٩ ناکۆکییەکان لەنیوان تورابی و بەشیردا گەیشتە لوتکە، بەهۆیەوە تورابی لەسەرجەم بەرپرسیارییە حکومى و حزبییەکان دوور خرایەوە و دواتر لە ساڵى ٢٠٠١دا کۆنگرەى گەلى وەکو پارتێکى ئۆپۆزسیۆن دامەزراند.

 

چەند جارێک لەژێر چەند پاساوێکدا دەزگاکانى ئاسایش تورابیان دەستگیرکردووە وەکو: پلان دانان بۆ کودەتاى سەربازى، بەڵام دیارترینیان ساڵى ٢٠٠٩ بوو بەهۆى ئەوەى پاڵپشتى بڕیارى دادگاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى کرد کەتیایدا هاتبوو کە بەشیر تاوانبارە بە ئەنجامدانى تاوان دژبە مرۆڤایتى و کۆمەڵکوژى.

 

لەساڵانى دوایی تەمەنیدا پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەشیردا ئاسایی بونەوە پاش ئەوەى بەشیر بانگەشەى " گفتوگۆى نیشتمانى" کرد و تورابی پەسەندى کرد، بەڵام ئەو گفتوگۆیە بەشێکى زۆر لە هێزە نەیارەکان بایکۆتیانکرد.

 

کۆچى دوایی

 

ناوبراو لە ٥ ى ئادارى ساڵى ٢٠١٦ بە نەخۆشییەکى کتوپڕ کۆچى دوایی کرد و بۆ ڕۆژى دواتر و بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاولاتیانى سۆدان لە خەرتومى پایتەخت تەرمەکەى بە خاک سپێردرا.



ئه‌م بابه‌ته 137 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر