یوسف قەرەزاوى

PM:03:07:27/04/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا- کەسایەتیەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

یوسف عەبدوڵڵا قەرەزاوى، زانایەکى موسوڵمانى میسرە، لە ٩ ى ئەیلولى ١٩٢٦ لە گوندى "صفط تراب" لە پارێزگاى ڕۆژئاوا لە میسر لەدایک بووە.

 

خوێندن

 

لە تەمەنى ١٠ ساڵیدا قورئانى ڕەوانکردووە، دواتر لە ئەزهەر دەستى بە خوێندن کردووە، لەوێ تاوەکو ناوەندى ماوەتەوە و پلەى دوانزەهەمى خولەکەى خۆى لەسەر ئاستى " شانشینى میسر" ى بەدەست هیناوە، دواتر پەیوەندى کردووە بە کۆلیژى "أصول الدین" و لە ساڵى ١٩٥٣ تەواوى کردووە، لە خولى دەرچوندا پلەى یەکەمى لە کۆى ١٨٠ خوێندکارى هاوڕێی بەدەست هێناوە، ساڵى ١٩٥٤ لە کۆلیژى زمانى عەرەبی پلەى باڵاى بەدەست هێناوە لەگەڵ مۆلەتى وانە وتنەوە و لەو خولەشدا یەکەمى لەسەر ئاستى هەموو میسر بەدەست هێناوە کە ژمارەى خوێندکارەکانى ٥٠٠ خوێندکار بووە، لەساڵى ١٩٥٨ لە پەیمانگاى دیراساتى عەرەبی لە زمان و ئەدەبدا دبلۆمى بەدەست هێناوە، لە ساڵى ١٩٦٠ دا لە کۆلیژى" أصول الدین" بەشی زانستى قوئان و سونەت پلەى باڵاى هاوتاى ماستەرى بەدەست هیناوە، سالى ١٩٧٣ لە هەمان کۆلێژ بڕوانامەى دکتۆراى بەدەست هێناوە و بە پێشکەشکردنى نامەیەک لەژێر ناونیشانى " زەکات و کاریگەرى لەسەر چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتییەکان".

 

ڕووداوە گرنگەکانى ژیانى " قەرەزاوى"

 

لەتەمەنى دوو ساڵیدا باوکى کۆچى دوایی کردووە و مامى سەرپەرشتى کردووە، چەند جارێک بەهۆى ئەوەى ئەندامى ئیخوان موسلیمین بووە دەستگیر کراوە، سالى ١٩٤٦ لەسەردەمى پاشایەتیدا بۆ یەکەم جار زیندانى کراوە، لە سەردەمى جەمال عەبدول ناصر دا سێ جار زیندانى کراوە، ساڵى ١٩٥٤ دوو جار و جارى دووەم ٢٠ مانگ لە زینداندا بووە، جارێکیش لە سالى ١٩٦٣، ساڵى ١٩٦١ چووە قەتەر و وەکو بەڕێوەبەرى پەیمانگاى دواناوەندى ئایینى کارى کردووە، دواى ئەوەى لەوێ جێگیر بوو ناوبراو ڕەگەزنامەى قەتەرى وەرگرت، ساڵى ١٩٧٧ بەرپرسیاریەتى دامەزراندن و ڕاگرایەتى کۆلێژى شەریعەت و دیراساتى ئیسلامیی لە زانکۆى قەتەر وەرگرت و تاوەکو ساڵى ١٩٩٠ راگرى ئەو کۆلێژە بوو، ئێستا بەڕێوەبەرى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى سوننەت و ژیاننامەى پەیامبەرە لە زانکۆى قەتەر.

 

پەیوەندى لەگەڵ ئیخوان موسلمیندا

 

ناوبراو ئەندامى ئیخوان موسلمین بووە و یەکێکە بووە لەسەرکردە دیارەکانى ئیخوان، هەروەها چەند جارێک داواى لێکراوە کە ببیتە ڕابەرى گشتى ئیخوان بەڵام ڕەتى کردۆتەوە، پێشتر وەکو نوێنەرى ئیخوان بەشدارى کۆبوونەوە جیهانیەکانى ئەو ڕێکخراوەى دەکرد کەلە قەتەر دەبەسترا تا ئەو کاتەى لە ئەندامیتى ئیخوان بەخشرا.

 

ناوبراو دانەرى پەرتوکى " ئیخوان موسلمین، حەفتا ساڵ لە پەروەردەکردن و جیهاد و بانگەوازە" ە، لەو پەرتوکەدا باس لە ئەزموونى ئیخوان دەکات تا کۆتاییەکانى سەدەى بیستەم و ڕۆڵى ئەو ڕێکخراوە لە میسر و تەواوى ئەو وڵاتانەى کە ئیخوان موسلمینى تیادایە.

 

یەکێکە لەو کەسایەتییە دیارانەى کە خۆشحاڵى دەربڕى بەرامبەر بە وەرگرتنى دەسەڵات لەمیسر لەلایەن ئیخوانەکانەوە و لەو بۆنەیەدا وتویەتى " ئیخوان گروپێکى ئیسلامى میانڕەوە" ، پێی وابووە کە پڕۆژەکەى "حەسەن بەننا" ئەو " پڕۆژە سونییەیە  کە پێویستە کارا بکرێت، هەروەها لە وەسفی ئیخوان موسلمیندا وتویەتى کە " باشترین گروپی گەلى میسرن لە هەڵسوکەوت و مۆڕال و فکریاندا، لە هەمووان پاکتر و سەقامگیرترن".

 

ئەو خەڵاتانەى بەدەستى هیناون

 

- خەڵاتى بانکى ئیسلامى بۆ گەشەپیدان لە ئابوورى ئیسلامییدا لە ساڵى ١٩٩٠

- خەڵاتى شافەیسەڵى نێودەوڵەتى بە هاوبەشى لەگەڵ سەید سابق لە دیراساتى ئیسلامییدا لە ساڵى ١٩٩٤

- خەلاتى بەخشینى زانستى تایبەت لە لایەن سەرۆکى زانکۆى ئیسلامیی نێودەوڵەتى لە مالیزیا لە ساڵى ١٩٩٦

- خەڵاتى سوڵتان حەسەن بەلقییە " سوڵتانى بروناى" لە فیقهى ئیسلامییدا لە ساڵى ١٩٩٧

- خەڵاتى سولتان عەوێس لە بەرهەمى ڕۆشنبیرى و زانستیدا لە سالى ١٩٩٩

- خەڵاتى دوبەى بۆ قورئانى پیرۆز بەشى کەسایەتى ئیسلامیی جیهانى لە سالى ١٤٢١ ى کۆچى

- خەڵاتى ڕێزلێنانى ولاتى قەتەر لە بوارى دیراساتى ئیسلامیی لە ساڵى ٢٠٠٨ دا ولە ٨ ى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٠٩ لە شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال ثانى ئەمیرى دەوڵەتى قەتەرى وەرگرت.

- خەڵاتى کۆچى پەیامبەر لە لایەن حکومەتى مالیزیاوە لە سالى ١٤٣١ ى کۆچى، ئەم خەڵاتەى لە بەروارى ١٨ ى کانونى یەکەمى ساڵى ٢٠٠٩ لە پاشاى مالیزیاى وەرگرت

- شا عبدالله ى دووەمى پاشاى ئوردون لە ٢٩ ى حوزەیرانى ٢٠١٠ خەڵاتى کۆمەڵە زانایەکى ئیسلامیی کرد لە پاى بەشداریکردنیان لە کۆنگرەى پانزەهەمى دامەزراوەى ئالوبەیتى مەلەکى بۆ فیکرى ئیسلامى کەلەژێر ناونیشانى " ژینگە لە ئیسلامدا" بەسترابوو وکۆتایی بە چالاکییەکانى لە عەممانى پایتەختى ئوردون هێنا و لەو کاتەدا قەرەزاوى نیشانى سەربەخۆیی بە پلەى یەکەم پێ بەخشرا.

 

قەرەزاوى زیاتر لە ١٧٠ پەرتوکى نوسیوە و بلاوى کردۆتەوە و بەیەکیک لە کەسایەتییە ئیسلامییە نێو دەولەتییەکان ئەژمار دەکرێت.

 

سەرچاوە: الجزیرة 


ئه‌م بابه‌ته 213 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر