کۆمیدییەک بۆ سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا

PM:12:44:25/04/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی


ئەحمەد قادر
نوسەر

ھەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا، ڕوویەکی تاڕادەیەک جیاوازی ھەبوو لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو. ھەندێک کەسایەتیی ناسیاسی و دوور لە ئەزموونی حیزبی ھاتنە نێو مەیدانی کێبڕکێ‌و، چاواڕوان نەکراوانە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەیان بەدەستھێنا.

گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا کۆتایی ھات و، ڤلادمێر زەلەنسکی بە ڕەچەڵەک یەھودی، ئەکتەری کۆمیدی تەمەن ٤١ ساڵ، سەرکەوتنی بەدەستھێنا.

ڤلادمێر زەلەنسکی ئەکتەرێکی کۆمیدی ئۆکرانییە، لە گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکاندا بە بەدەستھێنانی ڕێژەی ٣٠٪ دەنگەکان یەکەم بوو، بەڵام بەھۆی بەدەستنەھێنانی ڕێژەی ٥٠+١، گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکان لە ٢١ نیساندا ئەنجام دراو، لەم جارەدا بە بەدەستھێنانی زیاتر لە ٧٣٪ ی ڕێژەی دەنگەکان، وەک سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ھەڵبژێردرا. 

زەلەنسکی تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٩، ڕاستەوخۆ ھیچ باس و بابەتێکی دەربارەی سیاسەت‌و وڵاتەکەی نەبووە، بەڵکو تەنھا وەک دەرھێنەرێک و ئەکتەرێکی کۆمیدی لە شاشەی سینەماو تەلەفزیۆنەکانەوە دەرکەوتووە. یەکەم دەرکەوتنیشی وەک سیاسییەکی خاوەن پاشخانی نواندنی کۆمیدی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا بووە.

ڤلادمێر زەلەنسکی دەمێک بوو لە پشتی پەردەوە وەک "سەرۆک کۆمارێکی ڕاستگۆ، خاوەن بنەما و ئەخلاق، لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردراو" بڕیاری لەسەر درابوو، یاخود دروستتر بڵێین بانگەشەی بۆ دەکرا. ئەمەش کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥ دا، لە ڕێکلامی درامای "خزمەتکاری گەل" دا کە لە ڕێکلامەکەدا، وێنەی زەلەنسکی و دروشمی "سەرۆکی گەل" یان "سەرۆکی خەڵک" دانرابوو. 

ھەرچەندە لەو کاتەدا، جگە لە ڕێکلامی درامایەکی نوێی تەلەفزیۆنی، مانایەکی دیکە لەو وێنەیەی زەلەنسکی و ڕستەکە وەرنەدەگیرا. 

ڤلادمێر زەلەنسکی لە درامای "خزمەتکاری گەل" دا ڕۆڵی "مامۆستایەکی ڕاستگۆو خزمەتکار" و پاشان بوون بە سەرۆک کۆماری وڵاتی دەگێڕاو، تەواوی ڕەفتارە باشەکانیشی وەک سەرۆک کۆمارێک، لەو درامایەدا بەرجەستە دەکرد. دەرئەنجام وەک ئەکتەرێکی کۆمیدی خۆشەویست لە ناو خەڵکدا، ناوبانگی دەرکرد. بە جۆرێک ھەندێک کەس خەونیان بەوەوە بینی کە زەلەنسکی ببێت بە سەرۆک کۆمارو، ئەو ڕۆڵەی لە درامای "خزمەتکاری گەل"دا نواندی، لە ژیانی ڕاستەقینەو واقیعی ئۆکرانیادا بەرجەستەی بکات. 

زەلەنسکی  لەو درامایەدا، سەرەتا وەک مامۆستایەک بێزار دەبێت لە سیستەمی حوکم و کەمی مووچەو خزمەتگوزاری و ...ھتد و، ھەر بەمانەش حکومەت و سیستەم ھەم لە دراماکەداو ھەمیش لە ژیانی ڕۆژانەدا، رەخنەباران دەکات و بڕیار دەدات خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆک کۆماری وڵات، پاش سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردندا لە دراماکەدا تەواوی ئەو بەڵێنانەی کە لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا بە خەڵکی دابوو، دەباتە سەر و سیستەمی حوکمڕانی و مووچەو خزمەتگوزاری باش دەکات و، بەبێ پاسەوان و بە پاسکیل کۆڵانەکانی پایتەختی وڵاتەکەی دەگەڕێت. 

گرنگترین بەڵێنی ئەو مامۆستایەی کە لە دراماکەدا دەبێت بە سەرۆک کۆمار، دامەزراندن و جێبەجێکردنی سیستەمی "حکومەتی ئەلیکترۆنی" یە کە دوای ھەڵبژاردنی وەک سەرۆک جێبەجێی دەکات. ئەوەی تێبینی دەکرێت زەلەنسکی لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی ٣١ مارتی ٢٠١٩ دا –ھەڵبژاردنە ڕاستییەکە- تەنھا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بانگەشەی ھەڵبژاردنی کردووەو ھیچ کۆڕو کۆبوونەوەو گەڕانێکی مەیدانی نەبووە. 

ھەرچەندە ئەندامی پارتێکی سیاسییە بە ناوی پارتی "خزمەتکاری گەل" – ناوی ئەو درامایەی کە وەک مامۆستاو پاشان وەک سەرۆک کۆمار زەلەنسکی ڕۆڵی تێدا گێڕاوە - تەنھا وەک بڕیارو لەسەر کاغەز، بەبێ بوونی بنکەی جەماوەری فراوان، تەنانەت لە پەرلەمانی ئۆکرانیادا پارتەکەی زەلەنسکی خاوەنی یەک کورسی نییە، ئەمەش بەھۆی تازەیی پارتەکەی کە ساڵی ٢٠١٧ دامەزرێنراوەو جارێ بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی نەکردووە. 

ھیچ پەرلەمانتارێکی پارتەکانی دیکەیش نەڕۆشتوونەتە ڕیزی ئەو پارتە تازەیەوە، تەنانەت زەلەنسکی کاندیدی پارتی "خزمەتکاری گەل" یش نەبووە. چونکە بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئۆکرانیا، ھیچ پارتێکی سیاسی بۆی نییە کاندیدی سەرۆکی کۆماری ھەبێت. بەڵام بەپێی ڕاپرسییەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئۆکرانیادا کە بڕیارە لە پاییزی ٢٠١٩ دا ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەکرێت پارتی "خزمەتکاری گەل"، پارتەکەی زەلەنسکی، زۆرترین کورسی پەرلەمان بباتەوە.

درامای "خزمەتکاری گەل" لە تەلەفزیۆنەوە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بینەری ھەبووەو، لە یوتیوبیش نزیکەی ١٠٠ ملیۆن تەماشاکاری ھەبووەو، بۆ چەندین زمانیش وەرگێڕدراوە.

ڤلادمێر زەلەنسکی لە درامای "خزمەتکاری گەل"دا، لە ڕێگەی ڕۆڵ بینینی وەک سەرۆک کۆمارێکی ڕاستگۆ، دەستپاک  و ڕەخنەگر لە سیستەمی بەڕێوەبردن و سەرۆک کۆماری وڵات – کە لەم ھەڵبژاردنەدا رکابەری سەرەکیی بوو- ناوبانگێکی زۆری پەیداکردو، دراماکەش بووە بە ئامڕازێکی کاریگەری بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان و بەدەستھێنانی دەنگی ھاوڵاتیان. 

تەنانەت لە ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا، زەلەنسکی دروشمی "من خاوەنی ھەمان ئەو بنەماو پرەنسیپە ئەخلاقیانەم کە لە درامای "خزمەتکاری گەل"دا وەک مامۆستاو سەرۆک کۆمارێک ڕۆڵی سەرەکیم تێدا گێڕاوە" بەکار دەھێنا.

ئەم درامایە بە دەستەواژەی "چی دەبێت ئەگەر سەرۆک کۆمارێکی ڕاستگۆ، خاوەن بنەما و ئەخلاق، عاقڵ لە لایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرێت" ناسێنراوە بە خەڵک و ریکلامی بۆ کراوە. لێرەشدا زەلەنسکی وەک "سەرۆک کۆمارێکی ڕاستگۆ، خاوەن بنەما و ئەخلاق، عاقڵ لە لایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێت". 

لێرەوە کاریگەری سینەماو دراما لەسەر سیاسەت و دەنگی جەماوەر دەردەکەوێت، تەنانەت دەکرێت گومانی ئەوەش بکەین کە ئەو درامایە تەنھا بۆ مەبەستی سەرخستنی زەلەنسکی یان کەسێکی تر کە بەرھەمھێنەرانی ئەو درامایە لە پشتی بن، بەرھەم ھێنرابێت و پەخش کرابێت. چونکە دوو ساڵ دوای بەرھەم ھێنان و پەخشکردنی دراماکە لە تەلەفزیۆنەوە، پارتێکی سیاسی بە ناوی پارتی "خزمەتکاری گەل" لە ساڵی ٢٠١٧ دادەمەزرێنرێت، کە پارتەکە ناوی ھەمان دراما ھەڵدەگرێت و "ڤلادمێر زەلەنسکی" یش ئەندامێکی کارای ئەم پارتە دەبێت و لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ٢٠١٩ شدا دەبێتە کاندید بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئۆکرانیا. 

لە لایەکی ترەوە دەتوانین بڵێین درامای "خزمەتگاری گەل" و ئەو دەنگدانەوەو کاریگەرییەی لەسەر ھاوڵاتیانی ئۆکرانیاو گەلانی دەوروبەری ھەیبوو، پاڵنەرێکی سەرەکی و گرنگ بووە بۆ دامەزراندنی پارتی "خزمەتکاری گەل" و خۆکاندیدکردنی زەلەنسکی – ئەکتەری سەرەکی دراماکە- بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمارو بردنەوەی ھەڵبژاردنەکەیش، ئەمەش پێمان دەڵێت کە سینەماو دراما دەکرێت ببن بە بناغەی کارو ھەنگاوی سیاسییەکان و کەسێکی ھونەری – کۆمیدی - بکات بە سیاسیەکی مەزن و بەرەو پۆستە باڵاکانی وڵات ڕێگای سەرکەوتنی بۆ بکاتەوە. 

کاریگەری سینەماو دراما گەشتۆتە ئاستێک، سەرۆک کۆماری نوێی ئۆکرانیا لە یەکێک لە دیبەیتەکانیدا لەگەڵ کاندیدە ڕکابەرەکەی (پیتەر پرۆشەنکۆ) کە لە ھەمانکاتدا سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا بوو بڵێت "بەڕێز پرۆشەنکۆ، من سیاسی نیم، بەڵکو تەنھا پێشکەشکار –بانگەوازکارێک- ی ھەڵەو کەموکوڕتیەکانی تۆ و ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکیت داوەو جێبەجێت نەکردووە بە بیری خەڵکی دەھێنمەوە". کە ئەمەشی لە درامای "خزمەتکاری گەل" لەو کاتەی ڕۆڵی مامۆستای قوتابخانەیەک دەبینێت بەرجەستە کردووەو، پاشانیش کە بووە بە سەرۆک کۆمار ئەو کەم و کوڕییانەی سەرۆک کۆماری پێشوو (پیتەر پرۆشەنکۆ)ی چاک کردووە. ئەویش لە ڕێگەی نواندنی ڕۆڵی سەرۆک کۆمارێکی لەخۆبوردەو خزمەتکاری گەلەکەی. بەڵام لە دراماکەدا نەک لە ڕاستیدا، چونکە ئەو کات ھێشتا نەبوو بوو بە سەرۆک کۆمار. 

ئەوەشمان بیر نەچێت درامای "خزمەتکاری گەل" لە سەردەمی حوکمڕانی (پیتەر پرۆشەنکۆ) وەک سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٥ دا پەخش کراوە.

لێرەدا دەکرێت بڵێین، سینەماو دراما تەلەفزیۆنییەکان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان ھەیە لەسەر سیاسەتی زۆرێک لە دەوڵەتان و، بەتێپەڕبوونی کاتیش ئەو کاریگەرییە لەسەر زھنی تاک لەو دەوڵەتانەدا بەدەردەکەوێت. بۆ نمونە لە تورکیاش جەماعەتی خزمەت لە ڕێگەی فیلم و دراماکانیانەوە کاریگەری زۆریان لەسەر ھاوڵاتیان دروست کرد. 

دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئاک پارتی و گروپی خزمەت، ئاک پارتی ھەوڵیداوە لە ڕێگەی سینەماو فیلم و دراماوە، ئەو کاریگەرییەی گروپی خزمەت کەم بکاتەوەو تەنانەت کاریگەری لەسەر خەڵکی تورکیا دروست بکات لە وێناکردنی گروپی خزمەت وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی خاک فرۆشی بەرھەڵستکاری دەوڵەتی تورکیا و پیاوی ئەمریکاو ئیسرائیل". 

کاریگەریی دانانەکە تا ئەو ڕادەیە بووە، کە ئاک پارتی ھەندێک فیلمی تەنھا بۆ ململانێ و سڕینەوەی کاریگەری فیلمەکانی گروپی خزمەت بەرھەم ھێناوە. 

لێرەدا پێویستە بپرسین، ئایا ئەم بارودۆخ و کاریگەرییە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ھەرێمی کوردستانیش کراوەیەو ڕێی تێدەچێت؟ ھونەرمەندان و ئەکتەران بەتایبەت کۆمیدییەکان تا چەند لە ڕێگەی سینەماو دراماوە دەتوانن ئەو کاریگەرییە لەسەر جەماوەر دروست بکەن؟ لە وەڵامدا ئەتوانین بڵێین: پێش ھەموو شتێک کەشێکی دیموکراسی لەبار زامنی ئەم جۆرە کاریگەری و گۆڕانکارییانەیە، چونکە درامای "خزمەتکاری گەل" لە سەردەمی (پیتەر پرۆشەنکۆ)ی کاندیدى دۆڕاوی سەرۆک کۆماردا پەخش کراوەو، دراماکە ڕەخنەی لەو سەرۆک کۆمارەو حوکمڕانییەکەی گرتووە. ھەروەھا لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردندا (پیتەر پرۆشەنکۆ)ی سەرۆک کۆمارو ڕکابەری سەرەکی ڤلادمێر زەلەنسکی کە ماوەی پێنج ساڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بوو، پیرۆزبایی گەرمی لە زەلەنسکی کردوو گووتی "گەلی ئۆکرانیا بڕیاری خۆیاندا، گرنگ پاراستنی ئۆکرانیایە نەک پاراستنی کورسییەکەی خۆم و پۆستەکەم بۆ زەلەنسکی بەجێدەھێڵم". 

لە ھەمووی گرنگتر پێکھێنانی ئەم جۆرە تەوژمانەو کاریگەری دانانیان لەسەر دەنگی ھاوڵاتیان، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی سەقامگیردا دێتە کایەوە، ئەوەش بۆ ھەرێمی کوردستان کە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە و تا ئێستاش لە ژێر سێبەری ڕەحمی وڵاتە زلھێزە داگیرکەرە جیھانی و ناوچەیی و دراوسێکانیدایە، ئەگەرێکی مەحاڵ و چاوەڕواننەکراوە.


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر