"ڕێککەوتنى سەدە" ئەو پلانەی جیهانی سەرقاڵکردووە

PM:06:09:23/04/2019
دۆسیە: شیکار


داهۆ سالم
نوسەر

ئەوەی کە لەم ڕۆژگارەدا جیهان پێوەی سەرقاڵە، بابەتێکە کە بە "ڕێکەوتننامەی سەدە" Deal of The century ناودەبرێت. هەرچەندە میدیای کوردی بەهۆی سەرقاڵی بە ئاریشە نێوخۆییەکانی نێو ماڵی کورد و زۆری ئەو گیروگرفتانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کوردی بووەتەوە نەیپەرژاوەتە سەر مەسەلەیەکی وەها کە لە ئێستادا پانتاییەکی فراوانی لەنێو میدیای جیهانی و عەرەبیدا داگیرکردووە و زۆرێک لە ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەووردی چاودێری دەکەن.


ئەوەش بۆخۆی دەست بردنە بۆ کێشەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنی جیهانی کە کێشەی عەرەب-ئیسرائیلە و کە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٨وە سەریهەڵداوە، لەو ڕۆژگارەوە تا ئێستا دوای چەندین شەڕی گەورە و خوێناوی و دەستوەردانی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و تا ئەوڕۆکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. هەرچەندە لە پاڵ هەموو ئەو ململانێ سەربازییەی لە نێوان عەرەبەکان و جولەکەدا لە دوای بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل ڕوویداوە لەو ناوچەیەی کە بە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ناودەبرێت هاوکات لەهەموو وێستگە سەربازی و خوێناوییەکانی ئەو ڕووداوە مێژووییەدا هەوڵە دیپلۆماسیە نێودەوڵەتییەکان ئامادەگییان هەبووە و کتوپڕ دەستوەردانیان کردووە بۆ ڕاگرتنی پێکدادانە سەربازییەکان، چونکە مەسەلەی عەرەب- ئیسرائیل ڕەهەندی قوڵتری هەیە و ڕیشەکەی دەکشێ بۆ مژاری ئایینی کە هەندێ جار وێنایەکی فراوانتری پێدراوە و بە ئاریشەی نێوان موسڵمان و جولەکە دادەنرێت. هەروەها بۆخۆی ئاریشەیەکە ڕاستەوخۆ چەندین وڵاتی عەرەبی وەک میسر و سوریا و ئوردن و لوبنانی تێوەگلاوە، بۆیە کۆمەڵگەی نێودوڵەتی هەمیشە بەهەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ کەیسەکەدا کردووە و بەووردی چاودێری پێشهاتەکانیان کردووە.

هاوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام هەوڵیداوە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت و سنورێک بۆ هەڵکشان و گرژییەکان دابنێن، هەربۆیە لە سەرەتای دۆخەکەوە تا ئێستا چەندین دەستپێشخەری و گەڵاڵەی ئاشتیانە بۆ چارەسەری دۆخەکە خراونەتە ڕوو لە نێویاندا سێ بڕیاری گرنگی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بریتین لە بڕیارەکانی ٢٤٢، ٣٣٨ و ١٩٣، هەروەها دواهەمینیان ڕێککەوتنی ئۆسلۆی پایتەختینەرویج بوو لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی"فەتح" بەسەرکردایەتی یاسر عەرەفاتی ڕابەری بزووتنەوەکە لە ساڵی ١٩٩٣ دا، کە بوو بە بنچینەی پێکهێنانی دەسڵاتدارێتی فەلەستین لە ناوچەکانی کەناری خۆرئاوای ڕووباری ئوردون و کەرتی غەززەی هاوسنوری میسر و پایتەختەکەشی بەشێوەیەکی کاتی  شاری "ڕامەڵا" بوو لە باکوری شاری"قودس" ی ناکۆکی لەسەر.

دواتر بە ئامادەبوونی بێڵ کلینتۆنی سەرۆکی ئەمەریکا لە کامپ دەیڤد یاسر عەرەفات و شیمۆن پێرێز ڕێکەوتنەکەیان ئیمزاکرد. بەڵام کێشە قورس و ئاڵۆزەکانی نێوانیان کە دوواخرابوو بۆ گفتوگۆکانی دواتر لەوانە ڕەوشی شاری قودس کە هەر لایەک بە پایتەختی خۆی دادەنێت، گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان کە ژمارەیان دوو هێندەی فەلەستینییەکانی ئێستای دانیشتووی فەلەستینە لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەو ئۆردوگا جولەکە نشینانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچە فەلەستینییەکاندا دروستکراون.

ڕەوشی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ بەردەوام بوو، یاسر عەرەفات لەدوای نزیکەی ٣٠ ساڵ وەک سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی گەڕایەوە بۆ خاکی وڵات، بەو شێوەی یەکەم قۆناغ، هەرسێ خاڵی هەڵپەسێردراو"قودس، ئاوارەکان و کامپەکانی جولەکە" بە چارەسەر نەکراوی مابوونەوە. تا دووا جار بەهۆی سەردانیکردنی ئەریێل شارۆن جێگری سەرەک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ مزگەوتی ئەقسا لە شاری قودس، دیسان شەڕ و توندوتێژی سەریهەڵدایەوە و کە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە بە "ڕاپەڕینی ئەقسا" ناونرا و تەواوی ناوچە فەلەستینییەکانی گرتەوە.

لەوە بە دواوە جگە لە لێکگەیشتنی"هێورکردنەوە" و ئاگربڕ هیچ ڕێککەوتنێک ئیمزا نەکراوە. تاکو لەسەر ڕاسپاردەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا بەناوی "ڕێکەوتننامەی سەدە" وە بۆ هێنانەئارای ئاشتی لە ڕوژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەم ڕۆژانەدا وەک دوواین هەوڵ گەڵاڵە کراوە.

 

ئەم ڕێککەوتننامەیە  لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە پێشنیارکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئاریشەی مێژووی عەرەب- ئیسرائیل کە یەکێکە لە فایلە درێژخایەنە جیهانییە پڕ شەڕوشۆڕ و خوێنڕشتنەکان.

یەکێک لە تەوەرە دیارەکانی پرۆگرامی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەمەریکا چارەسەرکردنی کێشەی عەرەب- ئیسرائیل بوو. بۆیە هەر بە گەیشتنی بە کۆشکی سپی دوای ماوەیەکی کەم پێشنیاری پلانێک کرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە دیرۆکییەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و سەرەتای کارکردن لەسەر پلانەکە لە ساڵی ٢٠١٧ وە دەستیپێکردووە. ئەوەی لێرە مایەی هەڵوەستەکردنە، ئەم پلانە لە کاتێکدایە هیچ هاوسەنگییەکی دیپلۆماسی و سەربازی و جیۆسیاسی لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلدا نەماوە، تیرۆر و وەیشوومی مەزهەبی و ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عەرەبی، هەموو ڕژێمە کلاسیکییەکانی جیهانی عەرەبی هەژاندووە. پەرتەوازەیی نێوماڵی عەرەبی بەشێوەیەکی بێ پێشینە تەنیووە. دەستوەردانی هەرێمایەتی لەنێوماڵی عەرەب دا تەنانەت سنوری مەزهەبی تێپەڕاندووە و بە ئەندازەیەک لەنێوان دوو سیستمی خێڵەکی پارێزگاری پشتاوپشتی وەک سعودیە و قەتەر دا ناکۆکی قووڵ کەوتۆتەوە و هەریەکەیان سەربە بلۆکێکی دژبەیەکی جیهانیین.

هەر بۆیە بە لەبەر چاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی بەرۆکی جیهانی عەرەبی گرتووە، بەتایبەت لەدوای ئەو باهۆزەی کە بە "بەهاری عەرەبی" ناسرا لەدوای ساڵی ٢٠١١ وە و عەرشی ڕژیمەکانی عەرەبی هێنایە لەرزین، بە دەرفەتزانراوە کە ئیتر کاتی ئەوەیە ئیسرائیل کۆتای بە کەیسی فەلەستین بهێنێت بەو دیزاینەی کە تا ئاستێکی فرە زۆر خاڵە هەڵپەسێردراو و جێناکۆکەکان لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.

 

ئەندازیارانی نەخشەکە پێکدێن لە " جارید کۆشنەر، زاوای ترامپ و ڕاوێژکاری پێشووی، دەیڤد فریدمان  باڵوێزی ئەمەریکا لە تەلیئەبیب، و جەیسن گرینبڵات نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەیسی عەرەب-ئیسرائیل". سەرەتا دەستەواژەی "ڕێکەوتنی سەدە" لەلایە "جەیسن گرینبڵات" وە بەکارهێنرا. کە لەدوای ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ وە بە گرنگترین ڕێککەوتننامە دێتە ئەژمار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە تایبەتە بە کۆتاییهێنان بە ململانێکی دورودرێژی خوێناوی لە ناوچەکەدا.

پلانەکە نەخشەڕێگایەکی سیاسی-ئابوری ئاشتیانەیە بۆ گەیشتن بە پاکێجێکی چارەسەری لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیل دا و ماوەی دووساڵە کارکردن لەسەری لە لایەن هەرسێ کاراکتەری  کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا بەردەوامە. داڕشتنی وەها پلانێک و گەرەنتی سەرکەوتنی لەوەدایە ئیدارەی کۆشکی سپی هەر پێش ڕاگەیاندنی نەخشەکەی تاک لایەنە کەیسە هەستیارەکانی لە بابەتی قودس و بەرزاییەکانی جۆلانی بە دڵخوازی ئیسرائیل یەکلاکردۆتەوە.

بۆخۆی تیمی داڕشتنی پاکێجەکە بەربژێری ئیسرائیل و لۆبی جولەکەن و هیچ ئاماژەیەکی بێلایەنی لەکارەکەدا نییە و بۆیە هەر لەسەرەتاوە ڕوونە نەخشەکە گوزارشتە لە دیدی ئیسرائیل لەمەڕ چارەسەرکردنی کێشەی عەرەب-ئیسرائیل.

  

"ترامپ ڕاوێژی بە ئەورووپییەکانیش نەکردووە"

 

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پلانە ئەوەیە

بەتەواوی ئەمەریکییە، واتە ڕاوێژ بە هیچ کەس و لایەنێکی کێشەکە نەکراوە، تەنانەت وڵاتانی ئەورووپا و دۆستەکانی ئەمەریکاش لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب تەنها داوای ڕازیبوونیان لێکراوە و خودی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین کە لایەنی سەرەکییە لە کێشەکەدا تەنها ئاگاداردەکرێتەوە لە ناواخن و وردەکارییەکەی و تا ئێستا کە پێشنیارەکە لە کۆتایی دایە ڕاوێژیان پێنەکراوە. هەربۆیە یەکێتی ئەورووپا لەزاری "فرێدریک مۆگرینی"وە ڕایگەیاند کەوا جگە لەوەی لەڕووی مۆراڵییەوە پلانی ڕێککەوتنی سەدە ناهاوسەنگە، هاوکات پێشێلکردنی هەموو بڕیارە نێونەتەوەییەکانی پەیوەست بە پرسی فەلەستین-ئیسرائیلە و هیچ ڕێککەوتنێک لەدوای ڕەوشی ساڵی ١٩٦٧ لەلایەن ئەورووپاوە ناناسرێت.بەڵام ئەوەی چاوەڕێدەکرێت لە ئەورووپییەکان، تەنها وشەیە و هیچ هەنگاوێکی کرداری بەدووادا نایەت.

  

پێشنیاری دروستکردنی "قودس" ێکی تر

 

هەرچەندە تا ئێستا ڕێککەوتننامە پێشنیارکراوەکە بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام وێڕای خودی ترامپ، کۆشنێری زاوای و فریدمان و گرینبڵات بە داکۆکیکاری سەرسەختی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دادەنرێن هەربۆیە پێش بڵابوونەوەی لەلایەن فەلەستینییەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە و بەمردوو ناوزەدی دەکەن. هاوکات  هەواڵەکان لە هەندێ دەزگا میدیاییەکانەوە دزە بە زانیارییەکان دەکەن. ئەوەی تا ئێستا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە کۆشکی سپی و حکومەتی ئیسرائیلەوە ئاشکرا کراوە، مۆرکی ئیسرائیل و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەو دەوڵەتە بە نەخشەکەوە دیارە و قودس وەک شارێکی یەکپارچە بە پایتەختی ئیسرائیل دانراوە، واتە خواستی فەلەستینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی شاری قودس وەک پایتەختی فەلەستینییەکان پشتگوێ خراوە و لە بەرامبەردا پێشنیاری دروستکردنی قودسێکی تر دەکات لە گوندەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی شارەکە بۆ فەلەستینیەکان، هەروەها سنوری دەسەڵاتی فەلەستین لە کەرتی غەززە و بەشێکی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکان لە کەناری خۆرئاوا دەبێت، بەڵام ناوچەی ڕووباری ئوردون کە تاکە دەروازەی فەلەستینیەکانە لە کەناری خۆرئاوا بەڕووی دونیای دەرەوەدا، لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل دا دەمێنێتەوە، وەک دەبێت دەسەڵاتی فەلەستینی دەسەڵاتێکی لە چەک داماڵراو "demilitarized " بێت.

بەپێی ناوەڕۆکە دزەپێکراوەکان، ڕێگەنادرێت بە گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینیەکان بۆ ئیسرائیل و فەلەستین کە هەر لەیەکەم جەنگی ساڵی ١٩٤٨ تاوەکو جەنگەکانی دواتر ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، هەروەها ئۆردوگا جولەکەنشینەکانی ناوچە فەلەستینییەکانی سنوری ناوچەی ئۆتۆنۆمی دەمێننەوە و لەژێر سەروەری ئیسرائیل دا دەبێت.

واتە هەرسێ کەیسە هەستیار و هەڵپەسێردراوە مێژوویەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل کە خۆی لە دۆخی شاری قودس، گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینیەکان و ئۆردۆگا جولەکەنشینەکاندا دەبینێتەوە، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل یەکلا کراوەتەوە.

لە بەرامبەردا گەمارۆ لەسەر کەرتی غەززە هەڵدەگیرێت و ڕێگە بەوڵاتانی عەرەبی دەدەرێت وەبەرهێنان لەو ناوچانەدا بکەن و دەستبکرێت بە بونیادنانەوە و پەرە بە لایەنی پەروەردەی بدرێت و ڕەوشی گوەزەرانی خەڵکی فەلەستین باشبکرێت.

  

"مەحمود عەباس" ئامادەنەبووە نامەکە بخوێنێتەوە

 

یەکێک لەو پەندانەی مێژووی ئەم کێشمەکێشەی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بەرجەستەی کردووە هەر لە ڕۆژگاری سەرەتای کێشەکەوە ئەوەیە، هەر لەیەکەم گرژی لە ساڵی ١٩٤٨ کە ئەوکات جولەکەکان تەنها بە قەوارەیەک لە شارە کەناراوەکانی وەک حەیفا و یافا و تەلئەبیب ڕازیبوون، لە بەرامبەردا عەرەبەکان ڕەتیان کردەوە بەڵام لە هەموو ڕووبەڕووبونەوەکاندا قۆناغ بەقۆناغ عەرەبەکان شکستیان هێناوە و پاشەکشەیان کردووە. تا کار گەیشتە ئەوەی لە شەڕی ٦ ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ دا کە زۆربەی وڵاتانی عەرەب وەک میسر، ئوردون، عێراق و سوریا بەشدارییان تێداکرد بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل، بەڵام لەو چەند ڕۆژەدا سەرەتا دۆخی سەربازی لە بەرژەوەندی عەرەب بوو، بەڵام خێرا ئەنجامە بەراییەکان ئاوەژوو بوونەوە و تەواوی ناوچەکانی کەناری خۆرئاوا و ڕۆژهەڵاتی قودس کە لەبندەستی سوپای ئوردون دا بوون لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستی بەسەرداگیرا، لەگەڵ کەرتی غەززە، کە ئەوکات لە ژێر دەستی سوپای میسردا بوو.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەر لەو دژە هێرشەدا سوپای ئیسرائیل سنووری نێودەوڵەتی فەلەستینی بەزاند و لە سوریا بەرزاییەکانی جۆلان و لە میسریش ڕووبەرێکی فراوانی  بە ئەندازەی خاکی ئیسرائیل لە نیمچە دوورگەی سینا داگیرکرد. هەموو ئەو ئەزموونانەی ڕابووردو گوزارشتن لە سەرکەوتنی جولەکەکان لە هەموو وێستگەکانی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ عەرەبەکان.

 

بەپێی گەشتە مەکوکییەکانی هەرسێ ئەندازیاری" ڕێکەوتنی سەدە" کۆشنێر، فریدمان و گرینبڵات" بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەواڵە دزەپێکراوەکان باس لە ڕەزامەندی محمەد کوڕی سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە دەکەن بە پلانەکە و داوای لێکراوە هەوڵی ڕازیکردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستینی بدات، وەک باسدەکرێت کۆپیەکی ڕێککەوتنەکە لەلایەن محەمەد کوڕی سەلمانەوە و لەڕێگەی ماجد فەرەج بەڕێوەبەری هەوڵگری فەلەستینەوە ڕەوانەی مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کراوە، بەڵام ئامادەنەبووە نامەکە بکاتەوە و بیخوێنێتەوە.


هەر بۆ ڕازیکردنی فەلەستینییەکان، لەم مانگانەی دوایدا سعودیە یارمەتییە داراییەکانی بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی مانگانە لە ٧ ملیۆن و نیو دۆلارەوە زیادکردووە بۆ ٢٠ ملیۆن. چونکە بەلای سعودیەوە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئێران و گروپە تیرۆریستییەکان کارێکی هەرە لە پێشینەیە و پێویستی بە هاوپەیمانێتیەکی بەهێزدەبێت لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل. بە هەمان شێوە باس لە ڕازیبوونی عەبدول فەتاح سیسی سەرۆکی میسریش دەکرێت لەگەڵ خستنەسەری بەشێک لە خاکی میسر بۆ سەر کەرتی غەززە.

 

بەم جۆرە، بە ستایڵێکی ئەمەریکی و بە دڵخوازی ئیسرائیل دووای ٧٠ ساڵ لە کێشمەکێش و ململانێی خوێناوی، دواین پاکێج بۆ چارەسەری پرسی فەلەستین دادەڕێژرێت. بەپێی دواین لێدوانی جارید کۆشنێر ڕاگەیاندنی" رێکەوتنی سەدە" دەکەوێتە دوای مانگی ڕەمەزانی ئەم ساڵ. نەخشەکە کۆتای بە هەموو ڕێککەوتن و دەستپێشخەری و نەخشەڕێگاکانی تری ئۆسلۆ و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب دێنێت. ئەوەی وا لە فەلەستینیەکان دەکات دەستەوەستان بن لەهەر کار و کاردانەوەیەک بەتەنها مانەوەیانە لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئیدارەکەی ترامپدا کە هیچ سۆز و چاوپۆشیەک بۆ فەلەستینییەکان ڕەچاوناکات، جگە لە لایەنی ئابووری. هەربۆیە هیچ بەرەنگارییەک لەتوانای عەرەبەکاندا نابێت بۆ گرفت و ئاستەنگ دانان لەبەردەم ڕێکەوتنەکەدا.



ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر