لاوانی عەرەب و هۆکارەکانی گۆڕان بەرەو توندڕەوی

PM:04:25:21/04/2019
دۆسیە: ئاسایشی نەتەوەیی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

بایەخی وەرگێڕانی ئەم بابەتە لە زمانی عەرەبییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوڕەوشییەی کە لەنێوان جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، بەو پێیەی کۆمەڵگەی کوردیش کۆمەڵگەیەکی موسڵمانە و بە هەمان شێوەی کۆمەڵگای عەرەبی و کۆمەڵگا موسڵمانەکانی تری جیهان، ڕووبەڕووی مەترسی تەشەنەسەندنی بیری توندڕەوی بووەتەوە.

ئەمەو وێڕای کاریگەری جوگرافی و کلتوری، کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق و جیهانی عەرەبی، هەمیشە چ بە مەبەست، یان ناڕاستەوخۆ لە ژێر هەژموونی نەتەوەی عەرەبدا بووە، لەم ڕێگەیەوە ئەگەر بە ڕێژەیەکی کەمتریش بێت لاوەکانی کەوتونەتە ژێر کاریگەری بیری توندەڕەوی ئایینیەوە، بەو شێوازەی لە ووڵاتانی عەرەبەوە هەناردەکراوە.

وێڕای چونیەکی لەڕووی خراپی بارودۆخی ئابوری و سنورداری لە هەلی بەشداریکردن لە بونیادنانی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی ووڵاتدا.

هەموو ئەوانە وادەکەن تا ئەندازەیەکی زۆر هەمان ئەو فاکتەرانەی ڕۆڵیان هەبێت لە پەلکێشکردنی گەنجانی کۆمەڵگای عەرەبی و ئیسلامیی بە ئاڕاستەی هزری توندڕەوی و پاشان تیرۆر و تۆقاندن، هەمان ئەو پاڵنەرانەبن کاریگەری لەسەر گەنجانی کوردیش دابنێن.

هەروەک خودی نوسەر لە بابەتەکەیدا ڕووی پێنووسی تەنها لە جیهانی عەرەب نییە، بەڵکو هەموو گەلانی موسڵمانە. هەربۆیە وەک بەشێک لە جیهانی ئیسلامیی گەلی کوردیش ڕووبەڕوویە لەگەڵ بیری توندڕەوی لەنێو توێژی لاواندا.

ئەمەیە پێویستی وەرگێڕانی ئەم توێژینەوەیە. "

وەرگێڕ"

 

  

لاوانی عەرەب و هۆکارەکانی گۆڕان بەرەو

توندڕەوی

 

 

هەر لە جەنگی ئەفغانستان سۆڤیەتیەوە، لە هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، جیهانی عەرەبی و ئیسلامی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەخۆوەبینی کە گەڕانەوە بوو بۆ ئایین و بیروباوەڕ، وەک چەکێکی بەهێز بۆ جەمسەرگیری و کاریگەری.

هەروەک کارەکتەرە سیاسییە فەرمیەکان لەو کاتەدا و، لەنێو ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبیدا، ڕۆڵێکی بەهێزیان گێڕا لە بۆژانەوەیدا لە میانی ئەوەی پێشکەشیانکرد لەو پاڵپشتیە ماددی و لۆجستیە زەوەندەی کە ڕێسای گەمە جیۆسیتراتیژییەکان سەپاندبوویان، لەنێوان هەردوو کامپی؛ یەکەم شۆسیالیستی (یەکێتی شورەوی جاران) دووەم سەرمایەداری ( وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا)، کەوا هاندانی لاوان و خەڵکانیتر بۆ پەیوەندیکردن بە سەربازگەکانی "موجاهیدان" وەک ئەرکێکی ئایینی لەلایەن توێژی ئایین ناسان و زانایانەوە پاساوێکی فراوانی بۆ دەهێنرایەوە.

 

ئەم ڕووداوە چەند ڕووداوێکی تری بەدوادا هات لە شیشان، کۆسۆڤۆ و جەنگی دوومی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ دا، پاشان جەنگی عێراق و جەنگی ناوخۆی سوریا، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەنگەکانی تر لەسەرتاسەری جیهاندا، پاش ئەو سروشە سەربازی و ئایینیەی کە لەیەکەم ئەزموون دا بەرجەستەکرا و " سەرنجی گەلانی ڕاکێشا و ناخی ڕۆشن کردنەوە" بەهۆی ئەو پڕوپاگەندە بێ وێنەیەی بڵاودەکرایەوە، سەرەڕای کۆششی زانایانی ئایینی لە پاساوهێنانەوە بۆ ئەوکارە، هەروەها پاڵپشتی و ئافەرینی سیاسیەکانیش، بەمجۆرە کۆچی لاوان بەرەو مەرگ بەناوی بەرگریکردن لە ئایین و باوەڕ و بەرزکردنەوەی ئاڵای جیهاد بەردەوام بوو.

 

ئاخاوتن لەبارەی ئەم ڕاستییەوە، وەبیرهێنانەوەی مێژوویەکی نزیکی ئەم سەردەمەیە، وە بە چ شێوەیەک ڕووبەڕووی دیاردەیەک ببینەوە کە ڕیشە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێک کە پیاوانی سیاسەت تێیدا بەشداربوون، هەروەها گەلان  ڕۆڵیان هەبوو لە خۆشکردنی سەرەتاکەیدا، بەڵام پەرەسەندنی بۆ ئەم ئاستەی ئێستا، زۆر هۆکار و پاڵنەری جۆراوجۆری هەیە، لەنێویاندا بەسەرهاتی ڕاستی جەنگە یەک بەدوای یەکەکان و هەروەها دەرکەوتنی ڕێکخراوە جیهادیەکان و مەیلی ئایینی و سەربازی، ململانێ سیاسییەکانیان گۆڕی ڕووبەڕووبونەوەی ئایینی و مەزهەبی، ئەمە سەرەڕای ئەو پاڵنەرە خودی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابورییەی کە ئامادەگی هەیە بۆ هەڵکشانی ئەم دیاردە و زەقکردنەوەی بەو جۆرەی کە ئێستا هەیە.


بەلەبەرچاوگرتنی ئەو توندڕەوییە بەزەبرەی کە ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی عەرەب و موسڵمان ڕویلێدەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئاستە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەی لایەنی توندەڕەوی لە ڕێباز و ڕیشەگەرای دەگرێتەوە. ئەوەش لەنێو ژینگەیەکدا کە هەڵکشانێکی گەشەسەندوو لە بیری توندڕەوی بەخۆوە دەبینێ لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاشکرای گروپ و ڕێکخراوە توندڕەوەکان، کە بوونەتە هۆی پشێوی و نائارامی لە ژمارەیەک وڵاتاندا بەهۆی جیاوازییە جوگرافی و ئایینی و مەرجەعییەکان.

 

سەرەڕای ئەو ڕاستییەی ئەمڕۆ، لە گەمارۆدانی ڕێکخراوە جیهادییەکان لە چاوگە نائارامەکاندا، بەڵام دووبارە هەڵکشانیان هێشتا لە ئارادایە. بەتایبەت لەگەڵ هەبوونی ئەو گوتارە ئاینی و کەلەپوورە ئایینیانەی کە بەرگری لە تێڕوانینەکانیان دەکات.

کە بە سەرچاوەیەکی ئایینزانی و باوەڕیانەی ئاراستەکار بۆ شوێن کەوتوانی دێتە ئەژمار، کە لەسەر ڕێگەیدا بانگخواز و زانا ئایینیەکان، ڕێگری دەکەن لەهەر هەوڵێک بۆ نوێ کردنەوەی کە لەگەڵ دیدی ڕۆژگاردا بسازێ. هەروەها وەڕەسیش نابن لە ئاڕاستەکردنی پەنجەی تۆمەتبارکردن بە بێباوەڕ، بێ ئایین و لادەر بۆهەر یەکێک کە بۆچونێکی هەبێ بۆ دووبارە خوێندنەوە و پۆچەڵکردنەوەی چەمکەکانی، و بیەوێ ئەو بەرگە کۆنەی لێ دابماڵێ و لە چوارچێوە ڕۆشنبیری و مێژووییەکەی دا دایبنێ، کە سیما دیارەکانی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا گۆڕاوە.

 

هۆکاری ئەم بوژانەوەیە، تەنها کەلەپورە ئایینیەکە نییە، بەڵکو ڕەگەزی مرۆیش تێیدا بەشدارە، ئەوەتا لاوان بە شادەماری ژیاری پاڵپشتیکردنی ئەو ڕێکخراوانە دادەنرێن کە ئەو بیرەیان هەڵگرتووە بۆ چونەپاڵ و جەنگان لەنێو ڕیزەکانی دا هەروەک هەندێک لە توێژینەوەکان پوختەیان کردووە، کە دیارترینیان توێژینەوەیەک بوو کە پەیمانگای توێژینەوەی تەناهی لە ساڵی ٢٠١٦ دا بڵاویکردەوە، کەوا لاوان ئەو توێژەن کە زۆر کاریگەرن بە دیاردەی توندڕەوی ئایینی، هەروەک تێبینی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەولاوانە کراوە کە لایەنگیری ئەو گروپانەیان کردووە، هەروەها پشتبەستنی ئەو گروپانە بەلاوان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پرسی توندڕەوی.


ئەگەر لاوان ڕەگەزێکی بنەڕەتی ئەم ڕێکخراوانەبن و لە ڕیزی پێشەوەی توندڕەوی ئایینی دابن،  کەوابێ ئەو پاڵنەرانەچین کە ئەم ڕاستیە لەخۆدەگرن سەبارەت بە گەنجانی عەرەب و مەرجەکانی ئاڕاستەکردنیان بەرەو پەڕگیری؟

 

 

ڕەوشی لاوانی عەرەب لەبەردەم دیاردەی توندڕەویی ئایینی دا

 

قسەکردن لەبارەی گەنجانی عەرەب بەگشتی، قسەکردنە لەبارەی توێژێکی ناچونییەک و فرەڕەنگ لەڕووی سەرچاوەی ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکات، ئەو تایبەتمەندی و سەرچاوانە لەخۆ دەگرێت کە تەواوی کۆمەڵگە لەخۆیگرتووە. ئەوەی کەجیایی دەکاتەوە لەو، چینەکانی تری کۆمەڵگە، ئەژمارکردنیەتی وەک چالاکترین توێژی نێو کۆمەڵگە، کە توانای داهێنان و بەرهەمهێنانی هەیە، بەو پێیەی ڕەگەزی بنچینەییە بۆ گەشەپێدان و پێشەوایەتیکردن، بەهۆی ئەو وزە و توانایەی هەڵیگرتووە.

 

هەروەها ئەم توێژە لەژێر کاریگەری ژینگەی دەوروبەریدایە، هەر لە بچوکترین یەکەی کۆمەڵایەتییەوە کە خێزانە، تا دەگاتە سیستەمی سیاسی و سیاسەتی دەوڵەت، ئەوەی سودی لێدەبینێت ئەوەیە کە پرۆسەی بونیادی کۆمەڵایەتی و ئەو ڕۆڵەی بۆ ئەم جۆرە دامەزراوانە دەگەڕێتەوە کاریگەری لەسەر پێگەیاندنی خودیی لاوان دەبێت و بونیادنەرێکی بنچینەییە بۆیان، جگەلەوەی ڕەوشی سیاسیش ڕۆڵی خۆی دەبێت لەمیانی ئەوەی دامەزراوەکان فەراهەمی دەکەن لە فێرکردن و هەل ڕەخساندن بۆ پێدانی لێهاتووی و بەکارخستن و هەستکردن بە هاوڵاتیبوون و شوناسی نیشتمانی، نەبوونی هەل و ئەم جۆرە دامەزراوانە، سەپاندنی ڕەوشێکی نائومێدانەیە بۆ لاوان کە هیچ هەلێک لەو ژینگەیەدا نابینێتەوە بۆ گوزارشتکردن لە خود.

 

ئەم بونیادە لاوازەیە دەرگا بە فراوانی لەبەردەم ڕەوت و بزاڤە توندڕەوەکاندا دەکاتەوە، کە لە نێو لاواندا ئامادەگی دەروونی خودی ببینێتەوە بۆ چوونەناو پرۆژە توندڕەوییەکانیانەوە بۆ هەڵهاتن لە ڕەوشە کۆمەڵایەتی و ئابورییە سەختەکانیان، بۆ گەڕان بەدوای ئەو دەرەچە ئایینیانەی لەسەروو بەهاکانیەوەیە، و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆیان. ئەوەی کە کارئاسانی دەکات بۆ پەلکێشکردنیان، چ بۆ پلانە ناوخۆی یان دەرەکییەکان، لەڕێگەی ئەوەی کە بە کۆچکردن لەپێناو جیهاد دا ناودەبرێت، کە وای کرد بە هەزاران گەنج نیشتمانی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو لە ناوچە نائارامەکان بکەن بەتایبەت لە هەردوو گۆڕەپانی سوریا و عێراق.


ئەم ڕەوشە ئەنجامی کاریگەریی هزری و باوەڕی لە ڕادەبەدەری نێوان پرۆژە هزری و جۆراوجۆرەکانە، کە هەوڵ دەدات چەندین نمونە خۆی پێشکەش بەلاوان بکات ، بەڵام ڕژدی بوون لەسەر گوتاری ئایینی زۆر بەهێزتر دەبێت لە ختوکەدانی هەست و ئاسانی بۆ پەلکێشکردن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەڕووی وێژەییەوە فەراهەمی دەکات لە چەمک و کەلەپوری بیروباوەڕ، کە لەنێوان هەردوو چەمکی پاداشت و سزادا دەخولێتەوە، ئەوە ئەو پوختەیەیە کە جەخت لە هێزی ئەم پرۆژەیە دەکاتەوە کە لەم ساڵانەی دووایدا کە توانی ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبیدا، کە کۆششە تەناهی و نیودەوڵەتییە خێراکان سنورێکیان بۆ تەشەنەسەندنی دانا و پاشان تێکشکاندنی لە ئێستادا.
 


هۆکارەکانی گۆڕان بەرەو توندڕەوی

 

بە پشتبەستن بەوەی کە لەسەرەوە باسکرا، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە پرۆسەی گۆڕانی گەنجان بەرەو پەڕگیری توند، چەند فاکتەرێکی لە پشتە، کە لەنێوان کۆمەڵێک هۆکاری کەسی و خودی دا دابەش دەبێت، کە لەسەر بنچینەی دەروونی گەنج سەرچاوەدەگرێت لە ئارەزوو بۆ گۆڕان بەرەو دۆزینەوەی خود و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، و پاشان هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی، کە دەوڵەت و کۆمەڵگە تێیدا بەشداردەبن و لە بنەڕەتدا بەستراوە بە ژینگەی دەوروبەر و و کلتوری باو، هەروەها  هەل ڕەخساندن کە دەتوانرێت بە دەرەچەی تەناهی(صمام الامان) دابنرێت کە دەشێت وا لە گەنجان بکات لەبری هاوسۆزی بۆ پلانی تێکدەرانە، ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕن لە کۆمەڵگاکانیاندا.

 

پاڵنەرە کەسییەکان و گەڕان بەدوای "خود"دا

 

بەوپێیەی قۆناغێکی تەواو هەستیارە لە ژیانی تاک دا، توێژینەوە سایکۆلۆژییەکان کۆمەڵێک تیۆری ڕاڤەکراویان پێشکەش کردووە لەمەڕ قۆناغی گواستنەوە لە منداڵییەوە بۆ لاوێتی، کە بە تایبەتمەندی گەشەکردن و گۆڕانکاری سایکۆلۆژی و شێوەگیری جودا جیادەکرێتەوە.

هەروەک توێژینەوە دەرووناسییەکان دەریانخستووە، ئەوەی زیاتر ئەم قۆناغە لەڕووی هزری و ئاوەزەوە جیادەکاتەوە، بەدەستهێنانی کۆمەڵێک لێهاتووی و توانای پێشبینی کراوە، ئەوەی زیاتر جیایدەکاتەوە سەرچاوەی خەون و خولیایە، کە قۆناغێکی ڕاگوزەرە، و یەکێک لە نیشانە جیاکەرەوەکانی کەسی هەرزەکار پرۆژەیە.

 

پرۆسەی ئاشکراکردنی خود و جیاوازی و تایبەتماندییەکانی و هەوڵی نمایشکردنی بۆ ئەوانیتر، دەبێتە بنەما بۆ ئەم قۆناغە، و کلتور و ڕەوشی کۆمەڵایەتی دەوروبەر ڕۆڵی خۆیان دەبێت لە پێکهێنان و بونیادنانیدا، و ئەوەش دیاریدەکات کە بە سەرچاوەی خەون ناونرا، ئیتر ئاماژەکانی ئاڕاستەی هزر و بیروباوەڕ دەستپێدەکات کە بەپێی تێڕوانین و گوتار بۆنیاد دەنرێت.

گەنج لەمیانی ئەم  قۆناغەدا هەوڵدەدات خۆی پیشانبدات، هەروەها وەک گوزارشتێک دادەنرێت بۆ گەیشتن بە قۆناغی "پێگەیشتوویی هزری" و "هاوسەنگی کەسێتی"، لە ڕێگەی چێژوەرگرتن لە هەڵوێست لەو پرس و هزرانەی یارمەتیدەدەن لە مشتومڕ و بەرگریکردن لە دید و تێڕوانین.


لەچوارچێوەی ئەم بابەتەدا، هەر وەرچەرخانێک بەرەو توندڕەوی ئایینی کە لاوان لەم قۆناغەدا هەوڵی بۆ دەدەن، ئەتوانرێ ناوی لێبنرێ" ڕاستی نادیار"، لە دەروونناسی دا ئەم قۆناغە بە " قەیران" ناودەبرێت، کە کۆمەڵێک ئامڕازی خودی-دەروونی، یان کۆمەڵایەتی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن وا دەکەن کەسی گۆڕاو هەوڵی دۆزینەوەی خود بدات لەنێو ئەو ژینگەی دەوروبەرەی مەیلی بەلایدا هەیە، کە قەیرانێکە یارمەتیدەدات بۆ گواستنەوە لە شێوازێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی یان هزری و ڕۆشنبیری و دەروونی بۆ شێوازێکی تری جیاوازی توندڕەوانە.

  

 لاوازی هەل ڕەخساندن

 

گەنجان بە گشتی لە جیهانی عەرەبیدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری دەبنەوە، ڕەنگە دیارترینیان لاوازی هەلڕەخساندن بێت کە لەڕێگەیەوە بتوانن کەسێتی بەدەست بهێنن و بونیادی بنێن. پێدەچێت دۆخی ئابوری لە زۆرێک لەو وڵاتانە ئەو ڕەوشەی سەپاندبێت، بەتایبەت هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری، کە تەنها ئاڵنگارییەکی گەنجانە پێکناهێنێت، بەڵکو دیارترین ئاڵنگارییە بۆ کاراکتەرە سیاسییەکان لە سیاسەتی گشتیدا، بۆیە کەمی هەلی کار و ئەرک پێسپاردن بە لاوان، ئەو توێژە دەخاتە بەردەم پژاردە قورس و گرانەکان.


پێدەچێت نوێترین ئەو داتا نێودەوڵەتییانەی پەیوەست بە بێکاری، ئەوەبێت کە پێگەی فەرمی بانکی نێودەوڵەتی دەریکرد لە ساڵی ٢٠١٦ دا، هەرچەندە ئامارەکان بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕایەوە، بەڵام نەخشەیەکی تاریکی داڕشتبوو لە جیهانی عەرەبیدا، تیاییدا ئەو وڵاتانەی لە پشێوی و جەنگ و نائارامی  سیاسییدا دەژیان ڕێژەیەکی بەرزی تەشەنەسەندنی بێکاری لەنێو لاواندا بڵاوکردبووە، لیبیا کە ململانێیەکی خوێناوی نێوخۆی بەخۆوە بینیبوو لەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بە کوژرانی سەرهەنگ قەزافی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١١دا، ٤٨,٩%
 ی تۆمارکردبوو، مۆریتانیا ڕیزبەندی دووەم بە ڕێژەی ٤٦,٦% بەدوای دا فەلەستین، میسر و عێراق، پاشان تونس ، سوریا و یەمەن، تا ئەوەی ڕێژەکە دەگاتە ١,٣% لە وڵاتی قەتەر.

 

ئەم ژمارانە ئەوە دەنوێنن، کەوا جێگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا، ڕۆڵێکی ئاشکرا دەبینێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، بەپێچەوانەوە ئەو وڵاتانەی لە ناکۆکی و کەموکورتی لە هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەژین، پێشەنگی ئەم لیستەیان وەرگرتووە. هەروەک هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، کەوا لە هەر ٣ گەنج لەنێوان تەمەنی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ، یەکێکیان یان بێکارە، یان هەلی خوێندن یان ڕاهێنانی بەدەستنەهێناوە.

 

لاوازی هەلی کار دیسان هۆکارێکی کاریگەرە بەرەو کۆمەڵێک هەلیتر کە گەنجان لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە مەیلی توندڕەوی کە وزە لەم دۆخە کۆمەڵایەتییە لەرزۆکە وەردەگرێت، بەتایبەت کاتێک ئەم توێژە خۆی لە ژیانێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی پەراوێزخراودا دەبینێتەوە و دەیانسپێرێت بەژیان لەنێو بۆشاییەکی گەورەدا، کە هیچ دەرفەتێکی بەشداریکردنیان بۆ ناڕەخسێنێت لە چارەسەرکردنی ئاریشە خزمەتگوزارییەکان و دامەزاراوە گشتییە نێوخۆییەکانی دەوروبەریدا.

  

گوتاری ئایینی و خلیسکان بۆ توندڕەوی بیروباوەڕ

 

لەمڕۆدا گوتاری ئایینی توند، بەیەکێک لە ئاڵنگارییە بەهێزەکان دادەنرێت کە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی دژایەتیکردنی توندڕەوی و دیاردەی تیرۆر دەبێتەوە، و کاریگەری ڕوونی هەیە لەدروستکردنی سەرچاوە ئایینیەکانی گەنجانی عەرەب و تێڕوانینە باوەڕی و مەزهەبییەکانیان، کە بەشێوەیەکی گشتی کاردانەوەی هەیە لە  ڕەفتاریاندا بەرامبەر بەوانیتر لە ئەنجامی ئەوەی چاندوویانە لە تێگەیشتن و بەها و هزری باوەڕ، بە ڕەتکردنەوەی کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی و مرۆیی، وەک کلتوری لێبوردەیی، کە دەشێت لە کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەکاندا لەماڵ و خوێندنگا و مزگەوت و شەقام و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، دەرکی پێ بکەین کە بەرخورد دەکات لەگەڵ بوونی گوتارێکی ئایینی "بە سیاسی کراو" و توندڕەو کە هەندێک لە ناوەندەکانی کۆمەڵگە نمایشی دەکەن، کە دید و ڕاڤەیەکی تایبەتی بۆ ئاریشە ناوخۆی و دەرکییەکان لە ئەستۆدەگرێت لە کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامیەکاندا، و یارمەتی نەشونماکردنی توندڕەوی و توندوتیژی و تیرۆر دەدات لەنێو لاوان دا.

 

ڕەنگە خودی گوتاری ئایینی بەپێی هەندێک گیروگرفت فرەجۆر بێت، بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆدا کە بواری ژمارەیی لەمیانی ئامڕازەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی ڕۆشنبیری گەیەنەری تێدا دەگێڕێت، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتی و گروپە جۆراوجۆرەکانەوە گوتارێکی فرەجۆر پێشکەش دەکەن کە لەنێوان میانڕەوی و توندڕەوی دا دەخولێتەوە، لەمیانی پێدانی فەتوا و ڕاڤە ئایینیەکانەوە، سەرەڕای هەندێ هەوڵی فەرمی بۆ کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی، بەڵام ئەو ئامڕازە پەیوەندییانە لە دەرەوەی توانای حکومەتەکانن، لەبەرئەوەی لە فەزایەکی کراوەی گوزارشتکردندایە، کارەکە لەگەڵ خۆیدا بانگەوازی ڕکابەرییەکی بەهێز دەکات لە ڕێگەی گوتارێکی جێگرەوەی میانڕەوانەوە، کە هەموو ئەو ئامڕاز و کەرەستانەی لەبەردەستایە کە گوتارەکەی تر لەبەردەستی دایە لەمیانی  ململانێکردن لەهەمان ئەو فەزایەدا کە لەڕێگەیەوە گەنجان بەلای خۆیدا پەلکێش دەکات.

 

گوتاری جێگرەوە لەمڕۆدا ئەوەیە لە میانی نوسینی ژمارەیەک پسپۆڕان و توێژەرەوان بە "نوێ کردنەوەی گوتاری ئایینی" دەناسرێت، هەوڵی دانانی بنەما و بۆچونێک دەدەن، کە دەکۆشێت بۆ فشار خستنەسەر پیاوانی ئایینی و دامەزراوە ئایینیەکان، بۆ پێشنیارکردنی پلانێکی جێگرەوە کە دەسپێکەکەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو چەمکە ئایینایانە بێت کە دەستیان بەسەر شانۆی ئایینی و سیاسیدا گرتووە، وەک چەمکەکانی "جیهاد" و ملکەچی و بێبەری(الولاء والبراء) و هەر جۆرە چەمکێکی تری لەو جۆرە، هەر بۆ زانین ئەم جۆرە بانگەشانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری توند دەبنەوە، دیارترینیان ئەوە بوو کە ژنە توێژەری تونسی سومەییە بن حەسانە پێشکەشیکرد لە توانای نوێکردنەوە لەناو مێژووەوە و ئاڵنگاری قایلکردن بە نوێکردنەوە، وێڕای بەرهەمهێنانی هزری نوێخواز و دانانی پرۆگرامێکی کرداری بۆ نوێ بوونەوە.

 

هەموو ئەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێکرا، پێویستیان بە تەواوی کاراکتەرە فەرمی و نا فەرمییەکانە کەوا هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە لەمیانی خەباتکردن بۆ گەڕان بەدوای ئەو دەرەچانەی یارمەتیدەردەبن بۆ دانانی سنورێک بۆ جەمسەرگیری لاوانی عەرەب بەرەو توندڕەوی ئایینی، چ لەسەر ئاستی گوتار یان کردار، و یان دەزگاکانی بونیادنانی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای کاراکتەرە ئایینیە فەرمییەکان، هەروەها ئەوەی کە حکومەت دەبێت فەراهەمی بکات لە ڕەخساندنی هەلی تۆکمە، ئەوە یەکێکە لەو دەرەچە بنەڕەتییانەی کە سودی دەبێت لە دانانی سنورێک بۆ ئەو دیاردەیە، و بەگەڕخستنی لاوان لە بونیادنانەوەی نێوخۆی نیشتمان لەبری بەشداریکردن لە تێکدان و خاپوورکردنی و دابەشکردنی چینەکانی کۆمەڵگا لەسەر بنچینەی لایەنگیری ئایینی و مەزهەبی.  

نوسینى: محەمەد قەنفودى
وەرگێرانى لە عەرەبییەوە: داهۆ سالم
سەرچاوە: سایتى ئەلموئمنون



 



ئه‌م بابه‌ته 410 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر