لەترومانەوە تا ترامپ تەراتێنی ترۆپک و تەپین

لەدیدگای ئەورووپییەکانەوە ترامپ کەسێکی تاکڕەو، بەرژەوەندی خوازە، بایەخ بەهاوکاری نادات، هاوبەشی لەگەڵ جیهانی چەند جەمسەریدا ناکات، ئەم هۆکارانەش بونەتە هۆی پشێوی، نائارامی ناوچەیی وجیهانی.
PM:03:46:21/04/2019
دۆسیە: شیکار
تــا دۆلار یەکەی دراوی جیهانی بێت، مەحاڵ لەسیاسەتی ئەمریکادا تۆراوە

حسێن نەجمەدین
بەرپرسی دۆسییەى میدیاى فارسی لە بۆردى ئەکادیمى ناوەندى چاوى کورد

جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، کیشوەری ئەورووپای کردبووە گۆڕەپانی خوێن، کاولکاری، شارستانیيەتە بونیادنراوەکانی کردبووە بابەتێکی مێژووی، تەلارەکان، شەقامەکان، کارخانەکان بۆنی مەرگ وخوێنیان گرتبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریکا بەشداری جەنگی جیهانی نەکردبوو، هەروەها لەجەنگی دووەمیشدا بەهۆی دووری جوگرافیاکەیەوە زیانێکی ئەوتۆی بەرنەکەوتبوو، ئەمەش وایکرد وەک بەهێزترین وڵات دەربکەوێت.

 

تەکنەلۆژیا، زانست، هێز، سەرمایەی ئەمریکا لەچاو وڵاتانی تری جیهان لەلوتکەدا بوو، ئەمریکا لەوسەردەمەدا ترومان سەرۆکی بوو، ترومان لەپاش کۆتایی جەنگەکە ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و لەپرۆژەی مارشاڵدا ڕێكکەوتنێکی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا واژۆکرد لەپێناو بوژاندنەوەی ئابوری ئەو وڵاتانەدا، ئەوەش بەپێدانی قەرزی ماوە کورت و درێژ خایەن، بەو پرۆژەیەش دوو ئامانجی پێکا، یەکەمیان دەستەمۆکردنی ئەو وڵاتانە بەرەوخۆی، دووەمیش بەرگرتن لەکۆمۆنیزم بەجۆرى ئەو وڵاتانە نەکەونە ژێر هەژمونی سۆڤێتی ئەوکاتەوە، لەو سەردەمەدا ئەورووپای ڕۆژهەڵات لەژێر هەژمونی کۆمۆنیستیدا بوون.

 

پرۆژەی مارشاڵ بووە هۆی بوژاندنەوەی ئەو وڵاتانەو کەوتنە ژێر هەژمونی سەرمایەداری لیبراڵی ئەمریکاوە، ئەمریکا توانی هەژمونی بسەپێنێ و ئەو وڵاتانە لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە بۆ هەر بڕیارێکی ستراتیژی و سەپاندنی بەسەر نەیارەکانیدا، بەجۆرێ ئەو تۆکمەیی و هەماهەنگیيەی نێوان ئەمریکاو ئەورووپا "لە میانەى جەنگیکى سارددا" توانی کۆتایی بەجەمسەری کۆمۆنیستی بهێنێ، گۆڕەپانی سیاسی و ئابوریان لەبەرژەوەندی خۆیاندا کۆنترۆڵ کرد.

 

لەپاش پرۆژەی مارشاڵەوە کەهەژمونی ڕۆژئاوای زاڵ کرد بەسەر کۆی نەیارەکانیان و، بزوێنەرەکەشی ئایدۆلۆژیای لیبراڵ دیمۆکراسی بوو، سەری ڕمەکەشی بەجیهانیبوون بوو.

 

بەڵام لەپاش ترامپ، سایکۆلوژیەتی ئەو ڕەوتە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، گەر چاوێک بخشێنینەوە بەسیاسەتی ساڵێک لەمەوپێش، درزو کەلێنێک دەبینین کەوتۆتە نێوان ئەورووپاو ئەمریکاوە، ڕەنگە ئەم درزەش بلۆکی ڕۆژئاوا لاواز بکات.

 

ئێستا گەشەی پۆپۆلیستی لەئەمریکا، نەژاد پەرستی و میللی گەرایی ئەورووپا، ڕووی لەهەڵکشانەو بەشێوەیەکی بەرچاو پێچەوانەی بەجیهانیبوون هەنگاو دەنێن. ڕەنگە بەجیهانیبوون، لەئاستێکی بەرزو باڵادا دەسکەوتێکی زۆری هەبووبێت بۆ ئابوریە گەورەکانی جیهان و، کۆمپانیا فرە ڕەگەزیيەکان، بەڵام لەئاستی تاک و وردەدا، لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاواز بووبێت، لێکەوتەو ڕەنگدانەوەی خراپی لێکەوتبێتەوە، بەجۆرێ ئاکامی سەرهەڵدانی پۆپۆلیستەکان بگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەو ڕەوتی سیاسەتی ئابوری پسپۆڕانی لەچوارجێوە دابێت و، بەرەو بیرۆکراسی (دیوان سالاری) هەنگاوی پێ نابن، هەر ئەمەش تاکە هۆکاری سەرەکی شەپۆلی پۆپۆلیستی جیهان بێ.

 

هەندێك لەشرۆڤەکارانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەورووپیيەکان، دەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ بەهۆکاری سەرەکی کەلێنی نێوان ئەورووپاو ئەمریکا دەزانن.

 

لەدیدگای ئەوانەوە ترامپ کەسێکی تاکڕەو، بەرژەوەندی خوازە، بایەخ بەهاوکاری نادات، هاوبەشی لەگەڵ جیهانی چەند جەمسەریدا ناکات، ئەم  هۆکارانەش بونەتە هۆی پشێوی، نائارامی ناوچەیی وجیهانی.

 

ڕۆژئاواییەکان لەو باوەڕەدان، جیهان پێویستی بەوە هەیە ڕۆژئاوایەکی بەهێز بوونی هەبێت، ئەوەش بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزی جیهانی، لەو ڕوانگەوە جیابوونەوەی ئەمریکا لەئەورووپا، یان بەوتەی ترامپ ئاوڕدانەوە لەخودی ئەمریکا گێڕانەوەی شکۆ بۆ ئەمریکا، فەلسەفەی ئاشتەوایی جیهانی و چەند جەمسەری ڕووبەڕووی مەترسی کردۆتەوە و، کێشمەکێشی لە نێوان پەیوەندیيە جیهانیيەکاندا دروست کردووە.

 

لەو ڕونگەیەوە گەر ئەمریکا لە ڕوی سیستماتیکەوە، دەسەڵات و هەژمونی نەبێت، بەو ئەندازەیە یاریچییە لاوازەکان بەهێز دەبن و دەبێتە هۆی گەشەی زیاتری چین، ڕوسیا، هەروەها بوار دەدات، وڵاتە تازەپێگەیشتوەکانی وەکو: ئێرانو تورکیا پێ بخەنە گۆڕەپانی سیاسی و بونی خۆیان لە ململانێ گەورەکاندا بچەسپێنن.

 

ئایا گۆڕانکاری لەمەیلی ئەمریکا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی جیهانی تایبەتە بەخودی کەسایەتی ترامپەوە، وەک پۆپۆلیستێک، یان بەر ئەنجامی ڕەوەندو مەیلی ناخی خودی ئەمریکيیەکانە؟

 

ئامارەکان نیشانی دەدەن، ئابوری ئەمریکا بەبەراورد بەئابوری چین و ئەورووپا، ڕووی لەداکشانە و، ئەم بابەتەش پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا لاواز دەکات.

 

گومانی تێدا نیيە، جەنگە درێژخایەنەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق، سوریا و یەمەن، هۆکارێکن بۆ بەهەدەردانی بوجەی ئەمریکا، ئەمریکیيەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان ڕۆڵی پۆپۆلیستێکی جیهانی دەگێڕێت، بێ ئەوەی بەرئەنجامێکی خوازیاریان دەست بکەوێت، هۆکاری سەرکەوتنی ترامپ لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دەگەڕێتەوە بۆ بەپێویست زانینی گۆڕان لە سیاسەتی ئەمریکاو، بەو هۆیەشەوە سەرکەوتنی مسۆگەر کرد، کەواتە شتێکی سروشتیيە ئێستا ترامپ لەگۆشەنیگای سیاسەتی ناوخۆوە کار دەکات و بەڵێنەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن، جێبەجێ دەکات کەبەهاوڵاتیانی دابوو.

 

ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە، ئەمریکا ئەو خەرجیانە ناکات کەپێشتر خەرجی کردبوون، ئەو وڵاتانەی لەژێر چەتری پارێزگاری ئەمریکادا بوون دەبێت خۆیان خەرجی پارێزگاری کردنیان بدەن.

 

ترامپ بەئاشکرا بەوڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەڵێت، پێویستە خۆتان خەرجی خۆتان بدەن، بەئاشکرا باج لەسعودیە و ئیمارات دەسێنێت، لەژاپۆن، کۆریای باشور، ترامپ لەبەڵێننامە چەند لایەنیيەکانی وەک ترانس پاسفیک، نەفتا، کەش و هەوای پاریس، پەیمانی موشەکی کورت و مام ناوەند دەکشێتەوە، چونکە خەرجی زۆریان خستۆتە سەرشانی ئەمریکا.

 

ترامپ لەڕێکخراوی وینسکۆیش کشایەوە، لەڕێكکەوتنی ئەتۆمی پێنج کۆ یەک، لەگەڵ ئێران کشایەوەو بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکانی خستە ژێر پرسیارەوە، بەبیانوی ئەوەی خەرجیيەکی زۆری تێ دەچێت وئاسایشی تەواو بۆ قەوارەی جولەکە دابین ناکات، کەلەمەیاندا زۆربەی زۆری توێژی دەست ڕۆیشتوی ناو ئەمریکا لەسەر پاراستنی ئیسرائیل کۆکن، بەپۆپۆلیست و دیوان سالارەکانیشەوە.

 

سیاسەتەکانی ترامپ بەوانەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو هەرچی لەپرۆژەکەی ترومان مارشالدا هاتبوو و، ڕۆژئاوای باڵا دەست کردبوو، خستیە بەردەم لەیەک ترازان و ناکۆکی کەلین لەنێوان ئەمریکاو ئەورووپا، ئەورووپییەکان لەنێوان خۆیاندا، هێشتا ئەورووپا لەشۆکی (برێگزێت) دەربازی نەبووە، دڵەڕاوکێی بازرگانی خستە ناو یەکێتی ئەورووپاو باجی خستە سەر شمەکەکانی ئەورووپا.

 

ئێستا ئەورووپا ڕووبەڕووی کەلێنی نێوخۆیی ناوخۆی وڵاتەکانیان بۆتەوە، وڵاتەکانیان ڕووبەڕووی گرفتی بەلێشاوی ئاوارەی سوریا وباکوری ئەفریقيا بۆتەوە، بەجۆرێک بۆتەهۆی ئاڵۆزی نێوان هەنگاریاو هۆڵەندا، لێشاوی ئاوارە بۆتەهۆی سەرهەڵدانی توێژی توندڕەو، درزێکی گەورەی دروست کردووە لەنێوان سەرکردەکانی وەک ئیتالیاو ئیسپانیا، بوتەهۆی گۆڕینی سەرکردەی ئەڵمانیا، سەر هەڵدانی هێلەک زەردەکانی فەرەنسا، کەلێن و بێ متمانەیی لەنێوان باکورو باشوری ئەڵمانیاو فەرەنسا لەگەڵ ئیسپانیاو یۆنان، کەلێنی سیاسی لەنێوان ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لەگەڵ ڕۆژئاواکەی، بەتایبەت پۆڵەندا کە لە ئەمریکاوە زیاتر نزیک بۆتەوە.

 

ترامپ لەوارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، کۆبوونەوەیەکی سازدا، لەژێر ناونیشانی دژایەتی هەژمونی ئێران و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی تێیدا بەشدار نەبوون، ئەورووپییەکان پێیان وایە هەرشتێ تایبەت بێت بەئاشتی خۆرهەڵاتی ناوینەوەو پەیوەندی بەیەکێتی ئەورووپاوە هەبێت، دەبێت لەبرۆکسلدا ببەسترێ، هەرچەند پۆڵەندا هیچ دژایەتیيەکی لەگەڵ ئێراندا نیيە، بەڵام لەپێناو ئابوری و ئامانجەکانی خۆیدا ناچارە هاریکاری ترامپ بکات، بەتایبەت لەسەر ڕێكکەوتنە ئەتۆمیيەکە .


ئەورووپیەکان لەبیری ئەوەدان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان کار بکەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەورووپایەکی ناتۆکمەو بڕیاری تاک لایەنەی نێوانیان، یان بوونی کەلێن لەنێوانیاندا، ئەو دۆخەی ڕەخساندوە نەتوانن لەدەرەوەی خواستەکانی ترامپ کار بکەن، ئەم بابەتەش دەبێتە هۆی لاواز دەرخستنی ئەورووپا لەکایە نێو دەوڵەتیيەکاندا،
ئەورووپیيەکان لەهەوڵی ئەوەدان ڕێكکەوتنە ئەتۆمیيەکەیان لەگەڵ ئێران بهێڵنەوە، نەبادا ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاڵۆزیيەکی تر بکاتەوەو ئەورووپا نائارام بکات.

 

وڵاتێکی وەک فەرەنساو ماکرۆنی سەرکردەی، بەبڕیاری دەرچوونی بەریتانیا لەئەورووپا ئەو دەرفەتەی قۆستەوەو هەوڵیدا لەسەر بەرنامە موشەکیيەکەی ئێران نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا بکات، بۆ ئەوەی ئەمریکا نەکشێتەوە لەڕێكکەوتنەکە، بەڵام ترامپ هیچ نرخێکی بۆ فەلسەفەی ئاشتی جیهانی دانەنا.

 

وا خەریکە لەساڵێک نزیک دەبینەوە، لەکشانەوەی ئەمریکا لەڕێکكەوتنەکە، ئەورووپا لەهەوڵی ئەوەدایە ڕێکارێک بدۆزنەوە تابتوانن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا نەپچڕێنن لەژێر ناوی (SPV)، بەڵام گەمارۆکانی ئەمریکا ئەوەندەکاریگەرن ئەورووپیيەکانی ناچار کردووە بیر لەکەناڵێکی بچوکترو سنروردارتر بکەنەوە، لەژێر ناوی ENSTEXتا لەقۆناغی یەکەمی ئەم پرۆژەیەدا بتوانن کاڵا بنچینەییەکانی وەک: خۆراک و دەرمان بگەیەنن بەئێران، هەرچەند بۆ ئەو بابەتەش، مەرجێکیان بەئێران پێشنیار کرد ناسراو بە FATF ، ئەم هەنگاوەی ئەورووپا تائەندازەیەک بۆ ئێرانیيەکان باشە.

بەڵام ئایا ئەورووپییەکان بەرژەوەندیان لەگەڵ ئێراندا زۆرە یان لەگەڵ ئەمریکا؟.

 

هێشتا ئەورووپیيەکان لەدوودڵی و لێکەوتەی ئەوڕێکارانەدان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا، بەڵام ترامپ ئەو کایە سیاسیەشی بۆمب ڕێژکرد، ئەویش ئەوەیەسوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش هەنگاوێکی مەترسیدارو بێ وێنە بووه، کەسوپایەکی فەرمی و دان پێدانراوی وڵاتێکی سەربەخۆ بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

 

ئاشکرایە زۆربەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئێران، بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە تەگەرەیەکی تری بەردەم ئەورووپیەکان.

 

ڕوون و ئاشکرایە هەمو کەناڵە بازرگانيیەکانی ئەورووپا بەسیستەمی بانکی ئەمریکادا تێ دەپەڕن و کۆمپانیا گەورەکانی ئەورووپا، خۆیان نادەن لەومەترسیيە و بەرژەندیيەکانیان لەگەڵ ئەمریکا زیاترە، لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستيیەی ترامپ بەم شێوازە ئابوری ئێرانی دووچاری داتەپین کردۆتەوە.

 

ترامپ لەدرێژەی سیاسەتە سەرسوڕهێنەرەکانی پەليشی هاویشت بۆ ڤەنزویلا، لەبڕیارێکی زۆر سەیردا سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە (خوان گوایدۆ) ی ئۆپۆزسیۆنی وەک سەرۆکی ڤەنزویلا ناساند و، گەمارۆیەکی بێ وێنەی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، بەڵام ئەورووپیيەکان لەم بابەتەدا بەناچاری بێ، یان خواستی خۆیان، چوونە ژێر باری سیاسەتی ترامپەوە. کەواتە، ترامپ ئابوری ڤەنزویلایشی دووچاری داتەپین کردەوە.

 

ترامپ بەوانەوە نەوەستاوە، جەنگێکی گەورەی بازرگانی لەگەڵ چیندا بەرپا کردووە، ئەمەش بۆتە هۆی زیاترکردنی کەلێنی ئەمریکاو ئەورووپا، ئەورووپیەکان هاوشێوەی ئەمریکا خوازیاری کۆت و بەند کردنی چینن، باوەڕیان وایە گەر سنورێک دانەنرێت بۆ چین بەهۆی بەجیهانیبوونەوە، ڕەنگە چین ببێتە زەبەلاحترین وڵاتی ئابوری جیهانی، بەڵام ئەورووپییەکان چۆنیەتی وشێوازی جەنگی ئابوری ڕاستەوخۆی ئەمریکا لەگەڵ چیندا، بەو شێوازە نابینن کەببێتە هۆی گەشەی ئابوری جەند لایەنەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و ئەو شێوازەی ترامپ دەبێتە هۆی تۆکمەکردنی زیاتری ئابوری چین .

 

ترامپ بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیدا بکات، دەستی کرد بەگفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوری خاوەن چەکی ئەتۆم و موشەکی دور هاوێژ، ئەورووپیيەکان لەچۆنێتی و شێوازی ئەو گفتوگۆیانە ناڕازین، چونکە پێیان وایە لەمەشدا چین لەپشتی پەردەوە ڕۆڵی کاریگەر دەگێڕێت.

 

ترامپ بێ گوێدانە هیج پرەنسیپێکی نێودەوڵەتی، باڵوێزانەی وڵاتەکەی لەتەلئەبیبەوە گواستەوە بۆ قودس، ئەمەش کاردانەوە و پرۆتستۆکردنی ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، ئەورووپیيەکان پێیان وایە ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی ئاڵۆز کردنی زیاتری ئیسرائیلیيەکان و فەلەستینیيەکان، ئاشتی لەو جوگرافیایەدا چەند هەنگاوێکی تر دەباتەوە دواوە.

 

بێ گوێدانە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، لەهەنگاوێکی بێ وێنەو دەگمەندا کەتاکو ئیستا لەهیچ فەرهەنگێکی سیاسیيدا بونی نیيە، ترامپ سەرزەمینی جولانی داگیر کراوی بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل شکاندەوەو وەک سەرزەمینی ئیسرائیل دانی پێدا نا، ئەم بابەتەش ئەورووپیەکانی نیگەران کرد.

 

ترامپ بۆ بابەتی سەفقەی قەڕن ڕاوێژی بەهیچ یەکێ لەهاوپەیمانە ئەورووپیەکانی نەکردووە، تاک ڕەوانەو تاکلایەنانە هەنگاو دەنێت و هیچ حسابێکیش بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دانانێت، ترامپ پێچەوانەی سەرکردە پێشوەکانی ئەمریکا دەجوڵێتەوە، لەترومانەوە تا دەگاتە ترامپ ئەمریکیيەکان لەجوڵەکانیاندا ڕاوێژو گفتوگۆیان لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپیيەکانیان کردووە، لێدانی عێراق و ڕوخانی ڕژێمەکەی، لێدانی لیبیا لەدەرەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بوون، بەڵام بەڕاوێژو هاوپەیمانی ئەورووپیيەکان کردە سەربازییەکانیان ئەنجام داوە.

 

ئەورووپیيەکان لەو باوەڕەدان ترامپ گۆڕەپانی بۆ ڕوسەکان چۆڵ کردبێت لەسوریا، چونکە ئێرانیيەکان و ڕوسەکان هەژمونیان لەناوچەکەدا ڕووی لەهەڵکشانە، لەبڕیارە تاک لایەنەکانی ترامپ لەمەڕ کشانەوەی هێزەکانی لەسوریا و گفتوگۆی لەگەڵ تاڵیبان بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان ئەورووپیيەکانی ئەوەندەی تر دووچاری دڵەڕاوکێ کردۆتەوە.


ئەورووپیەکان ترامپ بەهۆکاری نزیک بونەوەی تورکیاو ڕوسیاو ئێران دەزانن.

 

لەسەر دۆسیەی کوشتنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشقجی لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی جێنشینی سعودیە محمد بن سەلمان ، جینۆساید کردنی خەڵکی یەمەن لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبیەوە بەفەرمانی سعودیە ئەوەندەی تر کەلێن کەوتۆتە نێوان ئەورووپاو ئەمریکاوە .

 

ئەو تەراتێن و خۆ بادانەی ترامپ لەگۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتیدا دەستی داوەتێ، بەرهەمی ڕیکارە سیاسیيەکانی پێش ترامپن و ئەمریکایان گەیاندۆتە تروپک و لوتکە بەتایبەتی ترومان، ترامپ دوو ساڵی دەسەڵاتی بەبڕیاری کتوپڕو چاوەڕوان نەکراو بردەسەر، لەدەسپێکی دەسەڵاتەکەیدا ترامپ لەگەڵ ئەندامەکانی کابینەکەیدا دووچاری کێشمەکێشمێکی زۆر بووەوە بەجۆرێ چەندین وەزیرو ڕاوێژکارو کەسانی پلەباڵا دەستیان لەکار کێشایەوە، ئێستا ترامپ دوساڵی بەدەستەوە ماوە ، ئایا ترامپ گورزی سەربازی لەئێران دەوەشێنێ ؟

 

لەهەلو مەرجی ئێستادا ترامپ بیر لەکردەی سەربازی ناکاتەوە دژ بەئێران، چونکە ئێران لەناوچەکەدا دەستی درێژە و حیزبوڵای لوبنانی  خاوەنی هەزارەها موشەکی زیرەک و ورد پێکە ئەمەش ڕاستەوخۆ زیانی گەورە بەئیسرائیل دەگەیەنێت.

 

گومانی تێدا نيیە جۆن بۆڵتن، نەتەنیاهۆ، محمد بن سەلمانی سعودی لەهەوڵی ئەوەدان ترامپ بەرەو کردەی سەربازی پەلکێش بکەن. ئەم سێ کەسە بەتایبەتی ناتانیاهۆ دەستی لەئەمریکادا لەوەزیری بەرگری ئەمریکا زیاتر دەڕوات لەگەڵ موجاهیدینی خەلق بەنیازن ناوخۆی ئێران بتەقێننەوە، بەڵکو لەوڕێگەیەوە بتوانن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێنن، بۆ ئەم سێ کەسەش ئەم دووساڵە ماوەتەوەو دەرفەتە بۆیان.


کاتێك دەڵێین ئەم دوو ساڵە دەرفەتی گونجاوە بۆ جۆن بۆڵتن، نەتەنیاهۆ چونکە هەرگیز ڕێناکەوێت جارێکی تر کابینەیەکی لەوجۆرە لەبار بێ کەتوند ڕەوترین کەسی ئەمریکا لەناوەندی بڕیاردایەو ناتانیاهۆیش بەهۆی لۆبییە گەورەکەی لەئەمریکا توانای گۆڕینی بڕیاری ئەمریکای هەیە.

 

ساڵێکی تر پێ دەخەینە قۆناغێکەوە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە، ترامپ هەوڵی ئەوەدەدات بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە ترامپ کەیسەکانی ئێران، ڤەنزویلا، کشانەوەی لەسوریا، ئەفغانستان، ئەتۆمییەکەی کۆریای باکور، جەنگی بازرگانی جیهانی بەتایبەت لەگەڵ چین بخات بەبارێکدا.

ئایا ترامپ کەئێستا وڵاتەکەی لەهەموو ڕوویەکەوە لەترۆپک و لوتکەدایە، دەتوانێت ئەو هەموو کەیسە یەکلایی بکاتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش سەختە، ماوەتەوە بڵێین تــا دۆلار یەکەی دراوی جیهانی بێت، مەحاڵ لەسیاسەتی ئەمریکادا تۆراوە.

 

 



ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر