گرنگترین بنکە سەربازییەکانى ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست

PM:02:56:21/04/2019
دۆسیە: ئینسکلۆپیدیا - شارو ناوچەکان


یه‌كه‌ی دروستكردنی ئینسكلۆپیدیا
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا هەوڵەکانى وڵاتانى ڕۆژئاوا لە دانانى بنکەى سەربازى لە وڵاتە ئیسلامییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیادى کردووە، لەم میانەدا، تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا نزیکەى ٥٠٠٠٠ سەربازى لە بنکە سەربازییەکانى وڵاتەکەى لە وڵاتانى ئیسلامى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست جێگیر کردووە.

 

بە هەمان شێوە هەریەک لە وڵاتانى بەریتانیا و فەرەنسا شوێن پێی ئەمریکایان هەڵگرتووە و لە وڵاتانى دورگەى عەرەبی بنکەى سەربازییان هەیە، لە هەمانکاتدا ڕوسیا لە سوریا پێگەى سەربازى هەیە، ئەمەى خوارەوەش گرنگترین بنکە سەربازییەکانى وڵاتانى ڕۆژئاوان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەراستدا:

 

سوریا

 

ساڵى ٢٠١٦ ڕوسیا لەگەڵ حکومەتى سوریا ڕێککەوتننامەیەکى واژۆ کرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕوسیا بنکەى "حمیمیم" ى لە پارێزگاى لازقییەى سەر دەریاى ناوەڕاستى هەیە، و لە هەمانکاتدا لە بنکەى دەریاوانى "طرطوس" ى سوریا، ڕوسییەکان هەن.

 

لەبەرامبەردا واشنتۆن لە باکور و باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا دوو بنکەى ئاسمانى هەیە، لە هەمانکاتدا چەند یەکەیەکى سەربازى بڵاوە پێکردووە کە هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانى سوریاى دیموکراتدا هەیە کە زۆرینەیان کوردن.

 

ناوچەى دورگەى عەرەبی

 

وڵاتانى ڕۆژئاوا ژمارەیەکى زۆر لە بنکەى سەربازییان لە ناوچەى دورگەى عەرەبی هەیە، لە نێویاندا ئەمریکا زۆرترین بنکەى سەربازى دامەزراندووە، هەروەها زۆرترین سەربازى ئەمریکى لە کوەیت بڵاوەیان پێکراوە.

 

قەتەر میواندارى گەورەترین بنکەى سەربازى ئەمریکى دەکات لە دەرەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە ئەویش بنکەى سەربازى عەدیدە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئستولى پینجەمى سوپاى ئەمریکى لە بەحرەین دامەزراون، هەروەها قەتەر تاکە بنکەى سەربازى تورکیاى لێ جێگیر کراوە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەى کە لە گۆڤارى نیوزویکى ئەمریکى لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٧دا هاتووە، لە کوەیتدا ١٦٥٩٢ ئەمریکى لە سەرباز و کەسانى سیڤیل کاردەکەن، ئیمارات ٤٢٤٠ ئەمریکى وبەحرەین ٩٣٣٥ و سعودیە ٨٥٠ و سەڵتەنەتى عوممان ٣٢ کەس بە ڕەگەز ئەمریکى هەن، لە هەمانکاتدا قەتەر ڕایگەیاندووە کە میواندارى ١٠٠٠٠ سەربازى ئەمریکى کردووە.

 

دامەزراندنى ئەم بنکە سەربازییانە و بڵاوەپێکردنى ئەو هێزانە بەپێی ڕێککەوتننامەى بەرگرى هاوبەش بووە.

 

لە دواى جەنگى کەنداوى دووەمەوە لە ساڵى ١٩٩٠دا ژمارەى هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە ناوچەى دورگەى عەرەبی زیادى کردووە، بەڵام دواى ڕووداوەکەى ١١ ى سێبتێمبەر ٢٠٠١ و داگیرکردنى عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە، ئەو ژمارەیە زیاتر بووە.

 

لەو کاتەشدا ئەمریکا ئەو بنکە سەربازییانەى لە کردە سەربازییەکانى دژ بە عێراق بەکارهێناوە، لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە ئەمریکا ئەو بنکانە لە جەنگەیکەدا دژ بە داعش بەکارهێناوە.

 

ئەمەى خوارەوە دیارترین بنکە سەربازییەکانى بیانییەکانە لە دورگەى عەرەبی:

 

یەکەم: ئیمارات

 

زۆرترین ژمارەى بنکەى سەربازى وڵاتانى بیانى لە ئیماراتدایە، بەشێوەیەکى سەرەکى بنکە سەربازییەکان بنکەى سەربازى ئەمریکى و فەرەنسی و ئوستوڕالین:

 

یەک: بنکەى ئەلزوفەیرە


سەنتەرى فەرمى هێزەکانى ئەمریکایە لە ئیمارات، هەروەها ئەمریکا هێزێکى سەربازى لە ناوچەى جەبەل عەلى هەیە، ئەمەش لەلایەن مارینزەوە بەکار دێت، لەوێشدا بنکەیەکى ئاسمانى و پێداویستییە لۆجیستییەکانى لێیە.


دوو: بنکەى فەرەنسی

سەربازگەى سەلام یەکەمین بنکەى سەربازى دەریاوانى هەمیشەیی فەرەنسییە لە ناوچەى دورگەى عەرەبی، ئەم بنکەیە لە ساڵى ٢٠٠٩ لە بەندەرى زاید لە ئەبو زەبی دەستکرا بە دروست کردنى.

 

لەم بنکەیەدا نزیکەى ٧٠٠ سەربازى فەرەنسى دامەزراون، کە لە نیوان: سەربازگەى سەلام و بنکەى ئاسمانى لە زوفەیرە، دابەشکراون کە ٣٢ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشورى ڕۆژئاواى ئەبو زەبییەوە، ئەمەو ئەبو زەبی میواندارى یەکەمین بوونى سەربازى فەرەنسی دەکات لە ناوچەى دورگەى عەرەبی بێجگە لە ئەفریقیا.


سێ: بنکەى ئوستوڕالى

بنکەى ئەلمنهادى ئاسمانى ٢٤ کیلۆمەتر لە باشورى دوبەیەوە دوورە، ئەم بنکەیە، بنکەیەکى سەربازى ئوستوڕالیا دەگرێتە خۆى کە بە "سەربازگەى بایرد" ناسراوە، لەم بنکەیەدا هێزە سەربازییەکانى ئوستوڕالیا تیایدا جێگیرکراون، پاش ئەوەى لە عێراق کشانەوە لە ساڵى ٢٠٠٨دا و ژمارەیان بەشیوەیەکى بەردەوام ٥٠٠ سەربازە.

 

لە ساڵى ٢٠١٤ ئوستوڕالیا ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانیدا لە دژى داعش ٦٠٠ سەرباز بڵاوە پێدەکات.

 

دووەم: بەحرەین


دوو بنکەى سەربازى ئەمریکى و بنکەیەکى دیکەى بەریتانى لێیە.


یەک: بنکەى سەربازى ئەمریکى

بەحرەین بە بارەگاى ئستولى پێنجەمى سوپاى ئەمریکا دادەنریت کە کار دەکات لەناوچەکانى: دورگەى عەرەبی، دورگەى عومان، دەریاى عەرەب، دورگەى عەدەن و دەریاى سوور و چەند بەشیکى ئۆقیانوسی هیندى، ئەو هێزانەش لە ناوچەى ئەلجوفەیرى دامەزراون کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتى مەنامەى پایتەختەوە.

 

پاراستنى ناوچەى دورگەى عەرەبی کە نزیکەى نیوەى پێداویستییەکانى جیهان لە نەوت بەو ناوچەیەدا تیدەپەڕێت، یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانى ئەو هێزە.


دوو: بنکەى بەریتانیا


لە بەندەرى سەلمان کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى بەحرەینەوە و لە بەرواى ٥ ى نیسانى ٢٠١٨ یەکەم بنکەى سەربازى هەمیشەیی بەریتانیا کرایەوە، ئەم بنکە سەربازییە بە "ئێچ ئێم ئێس ئەلجوفەیرى دەریایی" ناونراوە.

 

ئەم بنکە سەربازییە ٥٠٠ سەربازى تیادایە کە لە نێویاندا دەریاوان و فڕۆکەوان و سەربازهەیە و ئەرکیان پارێزگاریکردنە لە بارەکانى نەوت و کاڵا کە لە ئاسیاوە بۆ ئەورووپا دەگواسرێنەوە.

 

کوەیت

 

لە کوەیتدا زۆرترین سەربازى ئەمریکى لێیە کە بە ١٦٠٠٠ سەرباز مەزەندە دەکرێن و لە دوو بنکەى سەربازیدا جێگیر کراون و یەکەمیان بنکەى سەربازى دەوحەیە کە دەکەوێتە باکورى ڕۆژئاواى شارى کویتەوە و ٦٠ کیلۆمەتر لە سنورى عێراقەوە دوورە لە باشورەوە و، دووەمیان بنکەى سەربازى عەریفجانە لە باشور.

 

لە ساڵى ١٩٨٧دا کویت لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا ڕێککەوتننامەیەکی واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ئەمریکا بەرگرى لە بارهەڵگرە نەوتەکانى کوەیت دەکات کەژمارەیان یانزە بارهەڵگربوو و لەلایەن ئێرانەوە هێرشى کرابووە سەریان و بە قەیرانى "بارهەڵگرەکان" دەناسرێتەوە.

 

ساڵى ١٩٩١ و پاش داگیرکردنى کوەیت لەلایەن عێراقەوە، هەردوو وڵات ڕێککەوتننامەیەکى بەرگرى هاوبەشیان واژۆکرد، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە کوەیت ئاسانکارى دەکات بۆ جێگیربوونى سوپاى ئەمریکا لە کوەیت و هەروەها بنکەى زەمینى و ئاسمانى دابین دەکات لەگەڵ دابین کردنى شوێنى عەمبارکردنى چەک و تەقەمەنییەکان بۆ سوپاى ئەمریکا لەوڵاتەکەیدا.

 

سەڵتەنەتى عوممان

 

بەپێی ڕێککەوتننامەیەکیان لەگەڵ واشنتۆندا لە ساڵى ١٩٨٠دا، سەڵتەنەتى عوممان ئاسانکارى بۆ سوپاى ئەمریکا دەکات بەمەبەستى جێگیرکردنیان بە دابین کردنى بنکەى ئاسمانى و دەرییاییەکانیان بۆ سوپاى ئەمریکا.

 

سعودیە

 

بە گواستنەوەى سەنتەرى فەرماندەیى ئەمریکا لە بنکەى ئاسمانى سوڵتانەوە لە سعودیە بۆ بنکەى سەربازى عەدید لە قەتەر، بوونى سەربازى ئەمریکى لە سعودیە لە نیسانى ٢٠٠٣ ەوە لە کۆتایی پێهات، ئێستا تەنیا ژمارەیەکى کەمیان ماوە کە لە چوارچێوەى ئەرکى مەشق پێکردندا کار دەکەن.


لەبەرامبەردا سعودیە میواندارى هێزەکانى هاوپەیمانى عەرەبی دەکات کە هەر خۆى سەرۆکایەتییان دەکات، ئەوەش بەمەبەستى پاڵپشتى لە دەسەڵاتى ڕەواى یەمەن، لە بەروارى ٢٦ ى ئادارى ساڵى ٢٠١٥ ەوە.

 

قەتەر

 

سێ بنکەى سەربازى کە دوانیان ئەمریکى و یەکێکیان تورکییە لە قەتەردا دامەزراوە

 

یەکەم: بنکەى سەربازى عەدید

٣٠ کیلۆمەتر لە باشورى ڕۆژئاواى دەوحەى پایتەختەوە دوورە، گەورەترین بنکەى سەربازى ئاسمانى ئەمریکایە لە دەرەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، هەروەها یەکێکە لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە ناوچەى دورگەى عەرەبیدا.

 

نزیکەى ١١٠٠٠ سەربازى ئەمریکى لەوبنکەیەدان کە زۆرینەیان سەر بە هێزى ئاسمانین، هەریەک لە بارەگاى سەرەکى ناوەندى سەرکردایەتى هێزە ئاسمانییەکان وناوندى هاوبەشی کردە ئاسمانى و گەردوونییەکان و باڵى ٣٧٩ ى نێردەرە ئاسمانییەکانى تیادایە.

 

لەو بنکەیەدا زیاتر لە ١٢٠ فڕۆکە و بۆمبهاوێژى B1  وفڕۆکەى هەواڵگیرى و بۆمبهاوێژى دوور مەوداى وەکو B52و فڕۆکەى دابینکردنى سوتەمەنى لە ئاسماندا جێگیر کراون، سەرەڕاى ئەمانەش چەندین یەکەى پاڵپشتى و گەنجینەى چەک و تەقەمەنى تیادایە.

 

ئەم بنکەیە بە بارەگاى یەکەى ٣١٩ ى هەواڵگیرى ئاسمانى دادەنێت، کە فڕۆکە و بۆمبهاوێژ و فڕۆکەى هەاڵگریی کار پێدەکەن، ئەمەو سەرەڕاى بوونى تانک و یەکەى پاڵپشتى و تەقەمەنى و چەندین ئامێرى سەربازى پێشکەوتوو، بۆیە سەربازەکان بە ستراتیژترین بنکەى سەربازى ئەمریکاى دادەنین لە ناوچەکەدا.

 

هەروەها ئەم بنکەیە درێژترین سەکۆى نیشتنەوە بە درێژى ٥ کیلۆمەترى تیادایە، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەم بنکە سەربازییە کە بەگەورەترین بنکەى سەربازى ئەمریکا دادەنێت لە ناوچەکەدا، لە جەنگى دژ بە داعش لە هەریەک لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان بەکارى هێناوە.

 

ئەمریکییەکان لە ساڵى ٢٠٠١ ەوە بە شێوەیەکى کردەیی دەستیان کرد بە بەڕێوەبردنى بنکە سەربازییەکە، لە کانونى یەکەمى ٢٠٠٢ هەرەیەک لە قەتەر و ئەمریکا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بووە هۆى ئەوەى کە بوونى سەربازى ئەمریکى لە قەتەردا فۆرمێکى یاسایی وەربگرێت.

 

دووەم: بنکەى سیلی


دەکەوێتە باشورى دەوحەوە، ساڵى ٢٠٠٠ کرایەوە، ئەم بنکەیە بارەگاى فەرماندەیی ناوەندى ئەمریکا بوو لەکاتى هێرشەکانى بۆ سەر عێراق لە ساڵى ٢٠٠٣ دا، ئێستا وەک گەنجینەى سەربازى بەکاردێت.

 

سێیەم: بنکەى سەربازى تورکیا

 

بەپێی ڕێککەوتننامەیەکى بەرگرى هاوبەشى نێوان تورکیا و قەتەر کە لە ١٩ ى کانونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٤ واژۆکرا و لە حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٧ پەرلەمانى تورکیا پەسەندى کرد، دەستکرا بە جێگیرکردنى هێزى زەمینى تورکیا لە قەتەر.

 

بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەردوو وڵات بۆیان هەیە هێزەکانیان بڵاوە پێبکەن و پێکەوە مانۆڕى سەربازى هاوبەش ئەنجام بدەن.

 

لە ١٩ ى حوزەیرانى ٢٠١٧دا یەکەم یەکەى سەربازى سوپاى تورکیا گەشتە قەتەر و دواتر یەکەکانى دیکە گەیشتن، هەروەها لە ٥ و ٦ ى ئابی ٢٠١٧ هەریەک لە قەتەر و تورکیا مانۆڕى سەربازییان بە هێزە زەمینییەکانیان کرد و لە ٦ و ٧ ى هەمان مانگدا مانۆڕى دەریایی هاوبەشیان ئەنجام دا، ئەمەو تاوەکو ئێستا چەند جارێک حکومەتى تورکیا ڕایگەیاندووە کەمەبەست لەو بنکە سەربازییە پارێزگاریکردنە لە ئارامى و ئاسایشى ناوچەکە.

 

 

عێراق و جیبۆتى


لە عێراقدا بنکە و سەربازگەى سەربازى بیانى و سەنتەرى مەشق و ڕاهینانى وڵاتانى ڕۆژئاواى لێیە لە نێویاندا، وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئێران، نەرویج، سوید و دانیمارک.

 

هەروەها هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا وفەرەنسا و ئیتالیا و ژاپۆن و چین، بنکەى سەربازییان لە جیبۆتى هەیە، لە هەمانکاتدا سعودیە ئامادەسازى کردووە بۆ کردنەوەى بنکەیەکى سەربازى لەو وڵاتە.

 

سەرچاوە: الجزیرة



ئه‌م بابه‌ته 226 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر