ئیسلامییەکانی کوردستان دەبێت چی بکەن؟

ھەمیشە گۆڕانکارییە نوێکان وێستەو ھەڵوێستەی نوێ دەخوازن، ناکرێت لەئێستاوەو بۆ ئەبەد بەیعەت بەنادیارو ناڕوونی بدرێت، ھیچ ڕوانین و بیرکردنەوەیەک جێگیرو چەسپاو و نەگۆڕ نییە
AM:09:58:18/04/2019
دۆسیە: شیکار
دەبوو ئیسلامییەکانی کوردستانیش، تەبەنی گوتارێکی چەپی مسوڵمانانەیان بکردایە، نەک بوونایەتە بەشێک لە پرۆژەی ڕاستی ئیسلامیی

محەمەد چیا
نوسەر

ھەمیشە گۆڕانکارییە نوێکان وێستەو ھەڵوێستەی نوێ دەخوازن، ناکرێت لەئێستاوەو بۆ ئەبەد بەیعەت بەنادیارو ناڕوونی بدرێت، ھیچ ڕوانین و بیرکردنەوەیەک جێگیرو چەسپاو و نەگۆڕ نییە، بەڵکو دەبێت ھەمیشە لە حاڵەتی سەرنجدان و وردبوونەوەدا بین، لەبەرامبەر ھەر پێشھاتێک و ھەر نوێیەکدا، بیر ئەو کاتە سڕدەبێت کە دەبێتە ئایدۆلۆژیاو پرەنسیپێکی جێگیرو چەقبەستوو، ئایدۆلۆژیاش ئەوکاتە بەتەواوی مردار دەبێتەوە، کەوا گروپێکی کەمینەو باڵادەست خۆیان بکەنە خاوەنی و مکوڕانە بەرگری لێبکەن و دۆگمایانە جێبەجێی بکەن، بێ بوونی ھەرھەوڵێک بۆ سەرلەنوێ دانەوەی ئەو ئادیۆلۆژیایە لەمەحەکی عەقڵ و ژیری و ڕەچاوکردنی ھەلومەرجە جۆری و بابەتییەکان و پرۆسەی ھەڵوەشاندنەوەو ھەمدیسان بونیادنانەوە.

     
ھەڵبەتە ئەمەش لەپێناو دەرچوونی لە پاشکۆیەتی بۆ ھەر فیکرو ئایدۆلۆژیایەکی لەپێشینەو، گۆڕینی ڕۆڵەکە لە وەرگرەوە بۆ پێدەر، لە بەکاربەرەوە بۆ بەرھەمھێن، لەئاڕاستەکراوەوە بۆ ئاڕاستەکەر. کەس زۆر گرنگ و گەورەیە، کاتێک خۆی لەڕەوش و گۆڕەپانێکی مەترسیدارو نیگەرانکەرو ناسەقامگیری و نائارامدا جەنگاور ئاسا بمێنێتەوەو نەبەزێت، نەک کەسێک بە میراتییەکی ڕزیوو بەزیوی فیکری ڕازی بێت و ھەموو جەربەزەییەکی ئەو بریتی بێت لە جەختکردنەوە لە پرنسیپە نەگۆڕەکان و وتنەوەی وتە سواوەکانی  پێشینە شکستخواردووەکان.
  


لە سۆنگەی ئەم پێشەکییەوە دەبێت ئیسلامییەکانی کوردستان لەبری پاشکۆیەتی بۆ گوتاری ڕاستڕەوی ئیسلامیی عەرەبی سوڵتەویی خۆسەپێنەر، بازێکی گەورە بدەن، بازێک کە بتوانێت پانتاییەک بەجێ بھێڵێت و پێ بخاتە سەر زەویەکی تر لەڕووی سەربەخۆیی ڕوانین و فیکرو ئینتیماو ئیرادەوە، ھەڵبەتە ئەمەش نە بە بڕیارێکی سیاسی و نە بە کۆبوونەوەیەک و تەنانەت بەوەش نابێت کە بیخەیتە ناو پەیڕەو پڕۆگرام و کارەکانی کۆنگرەی پارتەکانیانەوە، بەڵکو ئەمە پێویستی بە بوونی پاشخانێکی فیکرو سەرلەنوێ دارشتنەوەو بونیادنانەوەیە لە پرۆسەیەکی ھەڵوەشاندنەوەیی و بونیادنانەوەیی فیکرو ڕوانینی نوێگەرانەدا، ھەروەھا ئەمە کارێکیش نییە لەڕێگەی ئاڕاستەکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئەنجام بدرێت، یان بە بڵاوکردنەوەی وتارێک، یان گۆڤارێک مسۆگەر بێت، بەڵکو ئەمە پەیوەندی ھەیە بە چۆنیەتی بیرکردنەوەوە، لەسۆنگەی ھەستکردن بە بوونی خۆت لەو شوێن و پانتایەدا کە تێیدایت، پاشان ئەمە ڕەھەندی تریشی ھەیەو، پێکەوە بەشداری دەکەن لە کێشانی ئەو ھێڵ و سکێچانەدا، کە دواجار ئێمە وەک کوردو، وەک بوونێکی جیاواز لەسەر نەخشەی ئەم جیھانەدا، نیشان دەدەن. ئەمە مەسەلەیەکی جەوھەریە، نەگەڕانەوەش بۆ ئەم جەوھەرە، وا دەکات لەھەرساتەوەختێکدا دیدو جیھانبینی ئێمە بشێوێنرێت و ھەڵەو نەسازی بکەوێتە بڕیارو ھەڵوێستمانەوە، بەداخەوە ھەموو ئەو ڕەوتە فیکریانەی کە ئێمەی کورد لەڕابردوودا لەخۆمانگرتوون، ھیچ کامیان بەشێوەیەکی بەرچاوڕوونانە کاریان لەسەر ئەم خاڵ و پنتە جەوھەریە نەکردوەو، زۆربەی ھەرە زۆریان وەک ھەر بابەتێکی تر، یان ھەر شمەک و کاڵایەک ھاوردەکراون و بەکاربراون و نامۆن و، ھیچ تایبەتمەندیەکی خۆماڵی خۆمانیان پێوە نەبووە. ھەڵبەتە ئەمەش بۆ ئەو فیکرو ئایدۆلۆژیانەی تریش کە غەیرە ئیسلامین ھەر دروستە، بەڵام ئەوەیان جێی باسی ئێمە نییە، نەک لەبەرئەوەی گرنگ نییە یان فەرامۆش بکرێت یان بەھەر پاڵنەرێک بێت کاری لەسەر نەکەین، بەڵکو تەنھا لەبەرئەوەی بابەتەکان لەیەک جیا بکەینەوەو کارکردن لەسەر بابەتگەلێکی فراوان ڕەنگە ببێتە ھۆی پەرش و بڵابوونەوەی سەرنج و تەرکیزمان، ئەگینا مەسەلەی قسەکردنیش لەسەر ھەموو ئەو فیکرو ئایدۆلۆژییە غەیرە ئیسلامییانەی تریش، زۆر گرنگ و پڕ بەھایە، بەڵام بەجێی دەھێڵین بۆ کەسانی شارەزاتر لەو بوارانەدا، بۆ نمونە، ڕەنگە کەسێکی کۆمۆنیست باشتر بتوانێت قسە لەسەر ئەو فیکرو ڕەوتە چەپانە بکات کە ھێنراوەتە کوردستان و لێرە بەکاربراون بەبێ رەوچاوکردنی ھەلومەرج و فاکتەرە شوێنکاتیەکان.

بۆیە لەم بابەتەدا من سەرنج و وردکاری خۆم چڕ دەکەمەوە لەسەر فیڵدە ئیسلامییەکە، ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک گرنگترینیان ئەوەیە کە ڕەنگە تاڕادەیەک شارەزایی باشترم ھەبێت، بەھۆی ئەو بانکگراوەندەمەوە کە وەک نوسەرو وەرگێڕێک ھەمە لەم بوارەداو، ھەمیش وەک ئەوەی کە بێگومان ھەر تاکێکی ئێمە بە خۆشمەوە ڕۆژگارێک بێ بەرچاو ڕوونانەو فریوخواردوانە کەوتوینەتە ژێر کاریگەری ئەو ڕەوت و تەوژمانەوە، ئێستا ئەگەر دیدو بەرچاوڕونییەکمان بۆ دروست بووبێت ھەر دەبێت خۆمان ئەو بارانەی کە بەلاری بارمانکردوون ئێستا ڕاستیان بکەینەوە.

 
با زۆر لە تەوەری بابەتەکە دوور نەکەوینەوە، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو خاڵە جەوھەریەی کەمێک پێشتر ئاماژەم پێکرد کە پەیوەندە بە بوونی من،  ڕەگەزی من، شوناسی من، شوێنی من، پەیوەندییەکانی من، مافەکانی من، ئینتیما و ئامادەییەکانی منەوە ھەیە لەئێستاداو لەناو ھەلومەرجە بەرپابووەکاندا.

ھەڵبەتە وەک کوردێک کە ھەم وەک ماددەیەکی خام و بنچینەیی پێش ئەوەی زیادبکرێم بۆ سەر ھەر شوناسێکی تر، پاشان لە ڕێگەی دۆزینەوەی ھەریەک لەم ڕەگەزانەوە بێین و جارێکی تر خۆمان (إعلان) بکەینەوە، بێ کارکردنی جدییش لەسەر ئەمانە ھەر کارو کردەوەو ھەنگاوێک ھیچی لێ بەرھەم نایەت و وەک گای گێرەی ژێر نێڵە ھەر ملە خولێمان بۆ دەمێنێتەوە.


لەم دەرفەتە کەمەدا ھەوڵ دەدەین باس لە ھەندێک لەو تانوپۆیانە بکەین کە پێکەوە منی کوردیان چنیوەو شوناسێکی جیاو تایبەتیان پێداوم:

    
کورد وەک ڕەگەز ئارییە، پێش ھەزاران ساڵ باوانانی ئێمە لە ئاسیاو باشوری ڕوسیاو ئۆکرانیای ئێستاوە، ڕوویان لە کوردستان (عێراقی ئاری) و ئێران کردووە، پێش ئەوەی بچنە ھیندستانەوە، کە لەوێش تێکەڵ بە ڕەگەزی ئەسڵی ھیندی بوون و ھیندۆئەورووپیەکانیان پێکھێنا، بەڵام پێموایە ناوی ھیندۆئەورووپیەکان، تەنھا بۆ خەڵکی ھیندستان و پاکستان و تاجیکستان و ئەو ناوچانە ڕاست و دروستەو، نابێت بنچینەی کورد بگەڕێنرێتەوە بۆ ھیندۆئەورووپی و، بەڵکو ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکاندا بنچینەو رەگەزمان دەگەڕێتەوە بۆ ئارییەکان
(١).
  


لێرەوە تایبەتمەندییەک ڕەگەزیی بۆ ئێمەی کورد دروست دەبێت و، جیامان دەکاتەوە لەھەر ڕەگەزێکی تری دەوربەرمان، ئەگەرچی لەدوای سەرھەڵدانی ئایینی ئیسلام لەنیودورگەی عەرەبی و، پاشان کشانی ھەڵمەتەکانی سوپاکانی ئیسلام بۆ ئەم ناوچانە، کاریگەرییەکی نەرێنیان ھەبوو لەسەر کۆی نەتەوەکانی ترى غەیرە عەرەبی و، لەپاڵ ئیسلامکردنیاندا، شوناسێکی تری پلە دووی پێدان، کە ئەویش بریتی بوو لە شوناسی مەوالی
(٢).

  
ئەگەر کورد لەدوای ھەڵمەتەکانی ئیسلام و مسوڵمان بوونیەوە، شوناسێکی تری پێدرابێت، ئەویش لەسەر دەستی ڕەوتی ئیسلامی ڕاستڕەو و سوڵتەوی و خۆسەپێنەری عەرەبییەوە، ئەوا ئەم چیدی نابێت وەک مەوالیەکی ئەوان بمێنێتەوە، چونکە ئەمە بە واتای پاشکۆیی دێت، واتە من بەھۆی کەسێکی عەرەبییەوە مسوڵمان بووم و ئەو پەنای داوم، یان بەپێی پەیوەستی و ھاوپەیمانیەتییەک لەسایەی ئەودام و پارێزراوم، یان ئەو سەروەرو سەرۆکاری منەو من مەوالی ئەوم، ھەر جۆرە چوونە ژێرسایەو بەیعەتدانێک بە دەسەڵات و قەڵەمرەوی عەرەبی ئیسلامیی ڕاستڕەو خۆسەپێنەر، چ لەلایەن کورد، یان ھەر نەتەوەیەکی تری غەیرە عەرەبەوە بێت، خودی کەسەکە دەکاتە مرۆڤێکی پلە دوو، هەروەها بێبەش دەبێت لە کۆمەڵە مافێکی بنچینەیی، ئەمەش بۆ خۆی بریتییە، لە جیاکاریی ڕەگەزیی.

ھەر بۆیە ئەگەر ئێمە بڕیاربێت مسوڵمان بین وەک ئەوەی پەیامی ئیسلام پێش چواردە سەدە ھات و، ھەموو شارستانییەتەکانی تری لەناوبردو سڕیەوە، و ئێستا میراتگرانی ئەو شارستانییەتانە ھەریەکەیان بەجۆرێک لەجۆرەکان و، وەک خۆیان ئایینی ئیسلامیان قەبوڵکردوەو، بە تایبەتمەندی خۆیانەوە وەریانگرتووە، ئێمەی کوردیش ئەگەر مسوڵمانین، ئەوا دەبێت بە تایبەتمەندی خۆمانەوەو، بە سیفەت  وخەسڵەت و ئاکارو کەسێتی و بنەچەو ڕیشەو ڕەنگ و بۆو جلوبەرگی خۆماڵی خۆمانەوە، مسوڵمان بین. بێ سازشکردن لەھەر مافێک، کە ڕەنگە بەھۆی ئینتیمابوونمەوە بۆ ئەم ئایینە، لێی دابماڵرێین.

ھەڵبەت ئەمەش ئەوکات ڕوودەدات کە، کەسی سێیەم وەک میانگیرێک دێتە نێوان من و نێوان ئیسلام وەک ئاینێک، کە ئەم کەسی سێیەمە دەیەوێت ببێتە دەمڕاستی ئایین و خوداو منی کێوی لەو شاخە بێنیتە خوارەوەو، بمکاتە مەوالی خۆی، ئەمە ھاوشێوەی ئەو بزنسە ساختەیەیە کە بەشێوەیەکی وەھمی کەسی یەکەم دێت و لەڕێگەی پەیوەندیکردن بەو بزنسەوە، دەبێت دوو باڵی تر بۆ خۆی دروست بکات، بۆ ئەوەی خۆی قازانجی زیاتر بکات، ھەر بۆیە تاکی کوردی مسوڵمان، کاتێک دێت و بەشێوەیەکی ڕۆحی پەیوەندی لەگەڵ ئایینێکی وەک ئیسلامدا دروست دەکات، ئەوا دەبێت ئەو پەیوەندییە، ڕاستەوخۆو ستونی بێت لەگەڵ خودا دا، نەک پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆو ئاسۆیی و زنجیرەیی و سێپایی بێت.

لێرەوە دەبێت ھەموو ئەو پەیوەندییانەی تاکی کوردی مسوڵمان، بەشێوەیەکی ئاسۆیی دروستی کردوون لەگەڵ ھەر کەسێک، یان لایەنێک، یان پارتێک، یان ئاڕاستەیەکی ئیسلامیدا، چ سیاسی بێت، یان سەلەفی بێت، یان سۆفیزم، یان ھەر ڕەوت و ڕیبازێکی دەرەکی و بەتایبەتی عەرەبی، دەبێت ھەڵبوەشێنرێنەوە.

ھەر بەیعەتێک درابێت، دەبێت نەسخ بکرێنەوەو پوچ بکرێنەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەوە ھەڵەیەکی گەورەیە کورد کردویەتی کاتێک بۆتە بەشێک لە پڕۆژەی فراوانخوازی عەرەبی ئیسلامیی و ڕاستڕەو خۆسەپێنەر، لەوێوە کە خزمەتێکی کردووە ھەرگیز نەڕژاوەتەوە ناو حسابی خۆیەوە، بۆیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ھەنگاوە، دەبێت کورد وەک ئەوەی کە لەئێستادا شوناسێکی مسوڵمانانەی ھەیە نەک ئیسلامیی، نابێت لەگەڵ ئەو شوناسەشیدا، ببێتە بەشێک لە پڕۆژەیەکی عەرەبی سوڵتەوی ڕاستڕەو
(٣).

بەڵکو دەبێت کورد بۆ خۆی وەک کەسێکی سەربەخۆ و خاوەن بیرو ژیری و دەرک و تێگەیشتن، خوێندنەوەی بۆ ئایینی ئیسلام ھەبێت، بێ ھیچ دەستوەردانێکی فڵانە زاناو فیسارە مەولاو شوێنکەوتەو ھاوەڵ، بەڵکو ھەر خودی خۆی بێت و، ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئیسلامدا دروست بکات وەک ئایینێکی جیھانی و ڕۆحانی و بێ ھیچ جڵوگیریی و تێپەڕبوونی ئەم ئایینە بە ھیچ فلتەرو پرسگەیەکی عەرەبیدا.

   
دەبێت پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئیسلام، پەیوەندییەکی ستونی بێت لەگەڵ خودادا، بێ سازشکردن لەھەر مافێکی ڕەگەزی و مرۆیی و نیشتمانیمان، تەنانەت نابێت ھەبوونی ئینتیمای ئایینیمان بەھۆی ترسێکەو بێت لە لەشکری فتوحاتەکان، نەکا بێن و جارێکی تر شەل و پەتمان بکەنەوە، یان ئینتیمای ئایینیمان بەھۆی ترسانەوە بێت لەخوایەک کە دۆزەخی بۆ تاوداوین، وەک ئەوەی خودا لەناخیدا دۆزەخێکی ھەبێت، لەکاتێکدا ئەو پاک و بێگەرد و میھرەبانە، خودایەک کە من دڵنیام سەرەڕای ھەر لاساری و گومڕاییەکی مرۆڤ، لەسەرەتاوە ھەتا ئێستا، ئەو دەیەوێت بە ھەر ڕێگەیەک ھەیە، بیخاتەوە ناو ھالەو بازنەی مژی کەماڵی خۆیەوە.

    
نابێت ھەبوونی ئەم ئینتیما ئایینیەمان، ھۆکارێک بێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری مافە بنچینەییەکانمان بین وەک نەتەوەو میللەتێک و، لەپێش ھەمووشیانەوە مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان.

ئەگەر بەمشێوەیەش نەبێت، ئەوا ئێمە ئەگەر تاجی پاشاییش لەسەر بکەین، ھەر وەک کۆیلەو مەوالی و پلە دوو دەمێنینەوە، ئەمەش نەک خەوش بۆ خۆمان دروست دەکات، تەنانەت خەوش بۆ باوەڕەکەشمان دروست دەکات و، ھەرگیز باوەڕی کەسێکی ئازادو سەربەخۆ، وەک باوەڕی کەسێکی ژێردەست و بێ ماف بەھەند وەرناگیرێت و ئەرزشی نابێت.


ئەوەی من بە ئاماژەیەکی ترسناک دەیبینمەوە لە کوردستان، ھەبوونی لەشکرێکە لەزانایانی ئایینی ئیسلامیی کە ھیچ گومانێک لە نیازپاکی و دڵسۆزی ئەوان ناکرێت، چ وەک مسوڵمانی ڕاستەقینەو، چ وەک خەڵکێکی دلسۆز بۆ خاک و نیشتمان، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە، ئەم بەڕێزانە درک بەوە ناکەن کە ئەو گوتارە ئایینیەی ئەوان لەخۆیانگرتووە، گوتارێکە خزمەت بە کەمینەیەکی باڵادەستی ئیسلامیی سیاسی و ڕاستڕەو دەکات، کە ئایینیان کردۆتە ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ناسیۆنالیستی و ماددیی و سەرمایەدارییەکانی خۆیان و لەدەرەوەی ئێمەوە، ئەمەش لەپێناو ھێشتنەوەی ھەژموونی ناسیۆنالیستی عەرەبی لەسەرووی قوچەکەکەوەو، ماشینەوەی ھەرچی دەرامەتی ئابوری ھەیە لەدەستی خۆیانداو، قۆرخکردنی بۆ خۆیان و، ھەرچی خەڵکە زۆرینە جەماوەرییە بی حاڵ و بێدەرەتانەکانیشە، لەسایەی خەیرو سەدەقەی ئەواندا بژی و، لەڕێگەی دەزگاکانی فەتواشیانەوە، بەردەوامی بەم حاڵەتە دەدەن
(٤).

 

ئەمڕۆ، ڕاستی ئیسلامیی یان ڕاستڕەوی ئیسلامیی، لەزیاد لەجەمسەرێکدا خۆی دەبینێتەوە، کە بریتین لەھەموو ئەو گوتارە ئیسلامییانەی کە بەسوودگیری لە ئایینی ئیسلام و ڕاڤەکردنەوەی بۆ مەبەستگەلێکی سیاسی و ناسیونالیستی و  ئایدۆلۆژی و ڕەگەزیی، لەگۆڕەپانە عەرەبی و ئیسلامییەکەدا، کاراو چالاکن. لەوانە ڕەوتی ئیسلامیزم بەھەموو باڵەکانیەوەو، سەلەفیزم و، ھەموو ئەو گروپانەی تر کە لەژێر ئەم تایتڵانەدا کۆدەبنەوە، تەناتە سۆفیزمییش ھەر دەچێتە چوارچێوەی خزمەتکردن بە ڕاستڕەوی ئیسلامیی عەرەبی. ئەمانە ئەو کەمینانەن کە دەستیان بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیداو، بەقۆرخکردنی دارایی و پێگەکانی دەسەڵات و خستنەگەڕی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی چەواشەکارانە، کار لەسەر زیاتر ملکەچیکردن و ژیربارخستنی زۆرینەی مسوڵمانان لەناو خۆی وڵاتەکانیان و دەرەوەیدا دەکەن، ئەوەش وایکردووە ئەمانە سەردارو باڵادەست بن، بوونی بە لێشاوی پارەیە لەبەردەستیاندا، کە بۆ خزمەتی پڕۆژەی گەوجاندنی زۆرینەکە بەکاری دەھێنن و، لەوێوە مەبەستەکانیان دەپێکن.

جەمسەرەکانی ڕاستڕەوی ئیسلامیش لەئێستادا، سەرانی وڵاتانی سعودیە، قەتەرو تورکیاو سودانە (سودان بوو)، بەدەر لەئێران کە ئەمەیان نوێنەرایەتی ڕەوتی چەپی ئیسلامی دەکات و، بەرھەمھێنەری گوتارێکی شۆرشگێڕییە دژ بە ڕاستڕەوی ئیسلامی، ئێرانییەکان زۆرباش توانیویانە لەنێو ئەم گوتارە ئایینیەدا بوون و شوناسی خۆیان ھەر لەسەرچاوەکەوە بەڕونیی بێنن و، لەرێگەی بەرزکردنەوەی پەرچەمی مەزڵومییەتی خەڵکی زۆرێنەو موستەزعەفەوە ،کە ڕۆژگارێک کەوتە ژێر پێ و سمی ئەسپەکانی بەناو فتواحاتەوە، دژ بە کەمینەی ڕاستڕەوی دەسەڵاتگەرا بوەستنەوە، من پێم وایە بەدەر لە وردکردنەوەی لایەنی مەزھەبی، دەبوو ئیسلامییەکانی کوردستانیش، تەبەنی گوتارێکی چەپی مسوڵمانانەیان بکردایە، نەک بوونایەتە بەشێک لە پرۆژەی ڕاستی ئیسلامیی.  



__________________________



(١) ئەزموونی ھیندستان نوسینی د. ستار جبار علای، وەرگیڕانی محمد چیا، لەلایەن دەزگای ئایدیاوە ئامادەکراوە بۆ چاپ، ھەروەھا بڕوانە:
T.K. Oommen. Society. Tradition and Autonomy. In Hironmy. Kartekar (ed), Op. Citp.

ھەروەھا بڕوانە : الکورد وحقیقة أصلھم اڵاری، محمد محمد – ألمانیا ، الحوار المتمدن-العدد: ٣٧٨٦ - ٢٠١٢ / ٧ / ١٢ - ٠٠:٢٣

المحور: دراسات وابحاث فی التاریخ والتراث واللغات.

 

(٢)(الموالی) لەڕووی زمانەوانییەوە، لەبنچینەدا کۆیەو تاکەکەی (مولی) ئەمەش پێکدێت لەخوارو سەر، لەڕێگەی کۆیلەکردن یان بە ھاوپەیمانێتی، چونکە ئەم گوتەیە لەدژەکانە، بە خاوەن و کۆیلەکەی دەوترێت، بە (موعتیق و موعتەق) (موعتیق) بریتییە لە مەولی لەسەرەوە، (موعتەق)یش بریتییە لە مەولی لەخوارەوە، لەڕووی بەکارھێنانیشەوە بەوانە دەوترێت لەسەر دەستی کەسانی تر مسوڵمان بوون، ھەروەھا وتراوە: ئەو گەلانەی غەیرە عەرەبن و مسوڵمان بوون یان عەجەم، یان ئەوانەی فەرمودەیان گێڕاوەتەوە لەغەیرە عەرەب، لەقورئانیشدا ئەم گوتەیە سەبارەت بە (زید کوڕی حارث) ھاتووە وەک یەکەم مەوالی (ادْعُوهمْ لِآبَائِهمْ هو أقْسَط عِنْدَ اللَّەِ فَإِنْ ڵمْ تَعْڵمُوا آبَاءَەهمْ فَإِخْۆانُکُمْ فِی الدِّینِ ۆمَۆالِیکُمْ} (الأحزاب: ٥)، ئەمانە ئەگەرچی خزمەتی گەورەیان بەئیسلام کردووە، بەڵام لەڕووی پلەی کۆمەڵایەتییەوە، لەڕوانگەی (عەرەبی- ئەمەوی)ەوە پلە دوون، بەپێی فەرمودە نابێت خەلیفە لەمانە بێت، ئەم چەمکە سەرەتا لای ئەبوسوفیان کە پێشەوای یەکەمی ڕەوتی ئیسلامی ڕاستڕەو سوڵتەویی و خۆسەپێنەرە گەڵاڵە بوو وە دریژبۆوە تا کۆتایی دەسەڵاتی ئەمەوییەکان. بۆ زانیاری زیاتر لەمبارەیەوە بڕوانە: (الموالی.. مکانتھم وجھودھم فی علم الحدیث، د. عبداللە حارث عمر، إسلام ویب،https://www.islamweb.net/media/index.php?page=article&id=٢٠٨٨١٠.


(٣) مەبەست لە چەمکی ڕاست و چەپ لەفیکر ئاییندا، حەسەن حەنەفی پێوایە کە ئەمە بریتییە لە مەسەلەیەکی کرداری نەک مەسەلەیەکی تیۆریی و، بونیادێکی کۆمەڵایەتییە زیاتر لەوەی حەقیقەتێکی فیکری بێت. یەکێک لەچینەکان، کەوا کەمینەی زاڵە خاوەن ئامڕازەکانی بەرھەمھێنانەو دەستی بەسەر حوکمدا گرتووە، ھەوڵ دەدات بەشێوەیەکی ناڕەوا سوود لە چینەکانی تر کە زۆرینەن وەربگرێت، بۆ بەرژەوەندی خۆی، لەرێگەی فیکری ئایینەوە واتە ڕاڤەکردنی ئایین بۆ بەرژەوەندی خۆی، ھەروەک چۆن چینەکەی تر کەزۆرینەی سوودلێوەرگیراوە، ھەوڵ دەدات بەھەمان چەک سەرلەنوێ ڕاڤەی ئایین بکاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو کەمینەیەدا. بەمشێوەیە ئایین چەکێکی دوو سەرە بەپێی بەکارھێنانی، بڕوانە (ڕاست و چەپ لە فیکری ئاییندا، وەرگیڕانی محەمەد چیا، گۆڤاری فاکت، ژمارە (١)، دەزگای ئایدیا بۆ فیکرو لێکۆڵینەوە، ٢٠١٩، لا٣١.

 

(٤) یەکێک لەو فەتوایانەش بریتییە لە ڕێگریکردن لەکارە بانکییەکان و پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و ھەرچی ھەنگاوێک کە ببێتە ھۆی ئەوەی خەڵکە زۆرینەو ھەژارەکە بتوانێت لەڕێگەیەوە ئاە و ھەناسەیەکی بۆ بگڕێتەوەو بتوانێت ببێتە خاوەن کارو پڕۆژەو پارەی خۆی، کە ئەمە لە بابەتێکی جیاوازدا بە وردی لەبارەیەوە دەدوێین.


تێبینى:

ئەم شیکارە بەشێکە لە دۆسیەى ئیسلامییەکان بە ناونیشانى
"ئەزمونى بزافی سیاسیی ئیسلامیی لە کوردستان (مێژوو، ئێستا، ئایندە)

بۆ خوێندنەوەى تەواوى شیکارەکان کرتە لێرە بکە 



ئه‌م بابه‌ته 389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر