سودان : پەندەکانی ئەزموونێکی شکستخواردووى نوخبەیەکی حوکمڕان

AM:10:56:16/04/2019
دۆسیە: شیکار


ئەبو بەکر کاروانى
نوسەر

ئەوەی لە سوداندا ڕوویداو ڕوودەدات، بە پلەی یەکەم بەرھەمی گەندەڵییەکی لەڕادەبەدەر و خراپی بار و ژیانی گوزەرانی ھاووڵاتی ئاسایی بوو، داخوازییەکانیش سەرەتا(مطلب)ی بوون و پەرەیان ساند بۆ سیاسی. ڕاپەڕینی گەلی سودان لە بەرەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکان و ڕۆشنبیری سەرۆکی ھەمیشەیی و عەقڵییەتی سەربازی و سیاسی نالێپرسراو، کۆتایی بە قۆناغێ لە دەسەڵاتی نوخبەیەک ھێنا، کە خۆی بە ئیسلامی پێناسە دەکردو دەوڵەتەکەشی بە دەوڵەتی ئیسلامی،  بەو جۆرەی ئەدەبیاتی ئیسلامی نوێ پێناسەی کردبوو دەخستە ڕوو، بەڵام ئەم ئیسلامی بوونە لەبەردەم گەلە موسڵمانەکەیدا تکای بۆ نەکرد، چونکە ئیسلامی بوونەکە بۆ نوخبە حوکمڕان و دەستڕۆیشتوو نەبووە ڕێگر لەبەردەم خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و گەندەڵی و بە ھەژاری مانەوەی گەلی سودان.

ڕاستە ئەم نوخبە لە ھەندێ ئاستدا ھەندێک کاری کردبوو کە حکومەتەکانی پێش خۆی نەیانتوانیبوو بیکەن، بەڵام ھەرگیز ئەمە نەبووە بەشێک لە بەرنامەیەکی پەرەپێدانی ئابوری و کرانەوەی سیاسی و دابڕانی سودان لە ڕابردوویەکی پڕلە نەھامەتی و ھەژاری و شەڕ و شۆڕ.

بە حوکمی ئەوەش کە نوخبەی حوکمڕان لە ساڵی (١٩٨٩)ەوە لەڕێی کودەتایەکی سەربازییەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، دوای ئەوەش سەرەڕای بوونی جۆرێک لە فرە حیزبی و ژیانی سیاسی و ھەڵبژاردن و دام و دەزگای نوێ، نەیھێشت وڵاتەکە بکەوێتەوە سەر ڕێچکەی دیموکراسی، تا لەو ڕێیەوە سنورێ بۆ کێشە و ململانێ سیاسیەکان دابنرێت و چی دی سەروەت و سامانی گشتی لە شەڕ و شۆڕ و ئەو ململانێ سیاسی و سەربازیانەدا تێدا نەچێت، ھەر بۆیە سەرەنجام لەڕێی راپەڕینێکی جەماوەری و ڕێ و شوێنێکی تایبەتی سوپای سودانەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی ھێنرا، بەبڕوای ئێمەش بەشداری سوپا بەو جۆرەی ئێستا بەشێکە لە دواھەوڵی نوخبەی حوکمڕان بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان زۆر بە توند بەسەریدا نەشکێتەوە، واتە داوی ئەوەی نائومێدبوو لەوەی ڕووبەڕووبونەوەی خواستی گۆڕانکاری جەماوەری ڕاپەڕی و، کارێکی بێ ھودە و ناکامە، دەیەوێت ھەندێ سوود لە کات وەربگرێت بۆ ئەوەی ڕەوشە شۆڕشگێڕییەکە ھەندێک ساردبوونەوە بە خۆیەوە ببینێت و ئەمیش، واتە نوخبە کۆنەکە،  ھەندێک خۆی رێکبخاتەوە و بە کەمترین زیان لێی دەربچێت و بە سیمایەکی نوێشەوە بێتەوە مەیدان.

ھەڵبەت ئەمە بەو واتایە نایەت ھەموو ئەوەی ئەوان دەیخوازن بچێتە سەر، بە تایبەتی گەر بە رێکەوتنی پێشوەختە لەگەڵ ھەندێک ناوەندی بڕیار بە دەستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی رێکنەخرابێت. ئەگەر یوسف قەرزاویش سودان و ئێران بە دوو دەوڵەت بزانێ، کە لەسەر بناغەی چەمکی دەوڵەتی ئیسلامی لە فیکری سیاسی حەرەکی ئیسلامی نوێدا تیۆریزەی بۆ کرابوو، ئەوە دوای رێکخراوى دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا، و گۆڕان لە سودان چارەنووسە تراژیدییەکەی ئەزمونە ئیسلامییە حەرەکیەکەی ئەو تەحەدا گەورانەی لە ئێستادا ڕوویان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، گرنگە ڕەوتی ئیسلامی لە ناوچەکەدا واتە (دەوڵەتی ئیسلامی) لە فەرھەنگی پەروەردەکردن و پێگەیاندن و فیکر و داواکاری خۆیدا بسڕێتەوە.

بەڵکو دیدێکی ڕەخنەگرانەی بۆ بنیاتبنێت و دابڕانی لەگەڵدا دروست بکات و دووبارە دیدگاکانی خۆی بۆ دەوڵەت و سیاسەت و سەردەم و  لۆژیکەکەی و ئامانجەکانی دابڕێژێتەوە چونکە ئەم مۆدێلە لە دەوڵەت دەربڕی ڕۆحی عەدالەتخوازانەی ئیسلام نییە. هەروەها بۆ ئەوەی چی دی ئیسلام نەبێتە بارمتەی  فیکرێکی بەشەری زەقی سنوردار و ئەزموونە بەشەرییە شکستخواردووەکان و دووچاری شێوان نەیەت، گەلانی موسڵمانیش نەبنە گەلێکی تاقیکردنەوەی ھەندێک دید و بۆچوون دەربارەی دەوڵەت و حوکمڕانێتی، کە لەسەر تێگەیشتنی سادە بۆ ئەم چەمکانە و خراپ تێگەیشتن لە مانای ئیسلامی بوون دامەزراون.

ئەمە دەڵێم چونکە بە تەواوەتی قەناعەتەوە دەڵێم ئەم دەوڵەتە، لە جەوھەردا نائیسلامی یە، بەرھەمھێنانەوەی ھەمان دەوڵەتی عەلمانی نا دیموکرات و گەندەڵی مێژووی نوێی ناوچەکەیە، چونکە بەکارھێنانی ناوی ئیسلامی و سەپاندنی تێگەیشتنێکی دیاریکراو لە شەریعەت وئیسلامی یە بەسەر کۆمەڵگەدا، لەڕێی دام و دەزگاکانی دەوڵەتی نوێوە، دەوڵەت ناکات بە ئیسلامی و لە جەوھەری ستەمکاری ئەم دەوڵەتەش ناگۆڕێت، گەر بشگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕێبەرە فیکری و ئیسلامیانەش تیۆریزەیان بۆ چەمکی دەوڵەتی ئیسلامی  ھەر لە (بەننا) و (مەودوودی) ەوە تاکو (حەسەن تورابی) کردووە، ھەست دەکەین گرەوی سەرەکیان بۆ بە ئیسلامی کردنی دەوڵەت لەسەر پەروەردەی ئیسلامی و ئایدۆلۆژی نوخبەی حوکمڕان و قۆرخکردنی دەسەڵات و دوورخستنەوەی ئەو کەس و گروپانە بووە، کە ھەڵگری ھەمان ئەو ئایدۆلۆژیا و پەروەردە نەبوون! بەڵام رۆژگار و ئەزموونەکان لە مێژوو واقیعی ھاوچەرخدا دەریانخست، لە بواری سیاسەت و دەسەڵاتدا، زۆر گرەو لەسەر (ئیمان) و (پەروەردە) و (ئەخلاقی) نوخبەی حوکمڕان ناکرێت، بەڵکو پێش ھەموو شتێک دەبێت  پشت بە سنوردارکردنی دەسەڵات و بەھێزکردنی ئامڕاز و میکانیزمەکانی چاودێری و لێپرسینەوە و کلتورێکی سیاسی عەدالەتخواز ببەسترێت، دەبێت ڕۆشنبیرییەک بڵاو بکرێتەوە کە ڕای گشتی قبوڵی گەندەڵی و ستەمکاری و  پێشێلکردنی ئازادی نەکات و بەگژیدا بچێتەوە، کە ئەمانەش لەم سەردەمەدا بە دیموکراسی و گوتاری مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، بەھا گەردوونیە ئیسلامییەکانی لە وێنەی دادپەروەری و رەتکردنەوە و بە گژداچوونەوەی ستەم  ونابەرامبەری و گەندەڵی و خراپەکاریش، لەناو گەلێکی موسڵماندا دەتوانن ببنە پشتیوانییەکی فیکری و ئەخلاقی و مەعنەوی  گەورەی بەھا گەردوونییەکان بیانکەن بە بەشێک لە فەرھەنگی گشتی خەڵک. ئەمەش ئیسلامی پێناوترێت و موزایەدەیە، ئیسلامیی نیشتمانی و دیموکراسی و عەدالەتخوازی دەوێت، ئیسلامی یەک لەگەڵ شانازیکردن بە ناسنامەی ئاینی و فەرھەنگی خۆی و گەلەکەیەوە، لە ناو دڵی سەردەمەکەیدا بژیت، تێگەیشتنی بۆ ئیسلامی بوونی دەوڵەت بە چەمکی (دادپەروەری) یەوە گرێ دابێت، مەگەر سەپاندنی (جزئیات)ی (فیقە) و (ئەخلاقی ئیسلامی) لەڕێی دەوڵەتەوە، کەسەرەنجام داڕووخانی ئەخلاقی و ناشیرینکردنی شەریعەت و ناوەرۆکی (ئیسلامی بوون)ی لێ دەکەوێتەوە.

ئەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتێک دەکات بە ئیسلامی  بوون و نەبوونی دادپەروەری، زوڵم و ستەم، مافەکانی مرۆڤ، ئازادی خواناسی و ئازادی بانگەشەکردن بۆ فەزیلەت و ئەخلاق و ئاینداری، یاسا سەروەری و جیاکاری نەکردن لەنێو خەڵکدا و روونی و توانای لێپرسینەوەیە لە دەسەڵاتداران. ئەمەش دەبێت خواستی ھەر ھێزێکی عەلمانی دیموکراسی بێت، لەم نێوەندەشدا ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگە رێزی لێ دەگیرێت و کێبڕکێ لەسەر خزمەتی خەڵک دەبێت و ئازادییەکان پارێزراو دەبن، پیادەکردنی ئیسلامیش بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەبێتە ئەرکی کۆمەڵگە و دەوڵەت چوارچێوەی ئازادی بۆ فەراھەم دەکات و خۆی نابێتە ئامڕازی دەستی ئەم ھێز و ئەوی تر.

بەدەر لەمە کۆمەڵگە موسڵماننشینەکان سەقامگیری بە خۆوە نابینن، ھەڵبەت وەنەبێت ئەم مۆدێلە لە دەوڵەت و دەسەڵات، لەلایەن ھەندێک ناوەندی بڕیار بەدەست و خاوەن بەرژەوەندیی ناوچەیی و جیھانییەوە پێشوازی لێبکرێت، بەڵام ئەگەر کۆدەنگی لایەنە جیاوازیە سیاسییەکانی لەسەر بوو، ھەمووان خۆیان بە خاوەنی زانی، ڕای گشتیش پشتیوانی لێکرد، ئەوکاتە پاساو و بواری دەستێوەردان و دوژمنایەتی کردنی دەرەکی بۆ ئاستی ھەرەخوارەوەی خۆی دادەبەزێت.

خۆ ئەگەر توانیشی لە ڕووی ئابوریەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەوا وردە وردە دەبێت بە بەشێک لە واقیعە ئابوریە جیھانییەکە و مەسەلەی تر تێکەڵ بە ھاوکێشەکان دەبن. کە ڕەنگە مالیزییەکان لەم ڕووەوە و ئەزموونی داد و گەشەپێدانی تورکیاش تا ساڵی (٢٠١٥)، شایانی لەسەر وەستان و لێوردبوونەوە بن.

بە کورتی سودانی بەشیر و ئەزموونی (إنقاذ) پێویستی بە خوێندنەوە ھەیە، ئەوەش کارێک بوو، خاوەنی ئەم وتارە لە دوایەمین کتێبی خۆیدا بە ناوی (ڕەوت و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی یەوە بەرەو ئیسلامییە نوێکان) لە میانەی فەسڵێکی دوور و درێژدا ئەنجامی داو، خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییم بۆ فیکری ڕەوتی ئیسلامی سودانی و حەسەن تورابی و ئەزموونی ئیسلامی سودان خستە ڕوو، بە شکست خواردوو لە قەڵەمم دا، ئەوەی یارمەتی ئەو نوسینەشی دام، لە نزیکەوە ھەڵسەنگاندنی ئەزموونەکە بوو لە ساڵی (٢٠١٢)دا، کاتێک بە مەبەستی خوێندن بۆ ماوەی چەند مانگێک لە خەرتوم مامەوەو لەسەر زاری بەشێک لە بەشداری ڕووداوەکانەوە، واقیعەکەم دەبیست و ھەڵم دەسەنگاند، لە ئێستاشدا دەبێت ئیسلامییەکان و ھێزەکانی تریش خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییان بۆ کۆی ئەزموونەکە ھەبێت، چونکە مەسەلەکە تەنھا پەیوەندی بە ئیسلامییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کلتورو بیرکردنەوەی نوخبە حوکمڕانەکانی ناوچەکە و مۆدێلی دەوڵەتی پاش کۆمۆنیالیزم و تێکەڵبوونی لێپرسراو و پیاوی دەوڵەتە بە بازاڕ و گەندەڵی و شکستخواردن لە بەدیھێنانی پێویستییەکانی گەشەپێدانی ئابوری و سیاسی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان، بۆ ئەوەی سوود لەوان و پەندەکانی وەربگرن کە ڕەنگە ئەمانەی خوارەوە ھەندێک لەوانە بن:

١- ئەوەی بەناوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە لە مێژووی نوێ و ئەدەبیاتی ڕەوتی ئیسلامییدا ھاتە کایەوە لە جەوھەردا کاردانەوەبوو بەرامبەر سەرھەڵدانی چەمکی عەلمانیەت، بۆیە قوڵایی رەسەنایەتی ئیسلامی نەبوو، ئەزموونکردنیشی لە ھەندێک شوێن ئەو ڕاستیەی سەلماند. بۆیە پێویستە ئیسلامییەکان لەڕووی فیکری و کردەییەوە  پاش ئەو دروشم و قۆناغە و بەرگری لە دەوڵەتی نیشتمانی نوێ، دەوڵەتی  یاسا و ھەق و دادپەروەری بکەن.

٢- ئیسلام دەبێت وەک ئایین و بیروباوەڕیش و جیھانبینی ، وەک سەرچاوەیەکی مەزنی ئیلھام لێوەرگرتنی بەھایی و سیاسی و ئەخلاقی لە سەرووی ململانێ سیاسییەکانەوە بمێنێتەوە و ناو و ناوبانگی تێکەڵ بە ھیچ ئەزموونێکی سیاسی و سەربازی ھاوچەرخ نەکرێت. بەتایبەتیش لەنێوخۆی وڵاتانی ئیسلامیدا، بۆ ئەوەی ھێزەکان لێپرسراوێتی کۆی ئەزموون و کارنامەی خۆیان بگرنە ئەستۆ و ئیسلام ڕۆڵی پاساودەری پێ نەدرێت.

٣- کودەتا لە ھەردوو ڕووی دیموکراسی و ئیسلامی بەھاییەوە ڕێگایەکی ناسروشتی  وناڕەوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتە، ناشبێت بە شۆڕش گەر سەدجار  ئەو ناوەی لێ بنرێت، لەگەڵ رێگا نەکردنەوە بۆ دووبارە سەرھەڵدانەوەی ژیانی سیاسیش بە کارەسات بەسەر وڵات و ئەو ڕەوتەشدا دەشکێتەوە کە لە پشتیەوەیەتی.

٤- گەندەڵی وەک پەتایەکی کوشندەی ئەخلاقی، سیاسی و ئیداری، ژێرخانی زۆرێک لە کێشەکانە و درێژەکێشانی دەبێتە مایەی داڕمانی دەسەڵات و نوخبەی حوکمڕان. بەتایبەتیش ئەگەر نەخشەکانی پەرەپێدانی ئابوری شکستیان خواردوو، ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان بەرەو خراپبوونێکی زۆر رۆیشت.

٥- دیموکراسی ڕواڵەتی و شکڵی، واتە بوونی ھەڵبژاردن، پەرلەمان و فرەحیزبییەکی سنوردار و ئازادییەکی ئاڕاستەکراو، ھۆکاتارێکی گەورەی کێشەکان  وفەزایەکی بەپیتی گەندەڵی و شکستی پرۆژەکانی پەرەپێدانە، ئامانج تیایدا (إحتواء)ی ھێزە سیاسییەکان نەک دەرفەتدان بە ھاوڵاتی و ھێزەکان بۆ ھەڵبژاردنی بژاردەی دڵخوازی خۆیان  و ئاڵ و گۆڕی دەسەڵات و نوێبوونەوەی نوخبەی حوکمڕان، کە سەرەنجام رق و تووڕەیی خەڵک کەڵەکە دەکات و دەبێتە تۆوی ڕاپەڕین.

٦- ھیچ گەلێک تا سەر گەندەڵی و ناعەدالەتی و ھەژاری قبوڵ ناکات، با لەوپەڕی ھەژاریشدا بژین، بەتایبەتیش لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر خوێندەوارە، دەتوانێت ببێتە ھەڵگری ھۆشیارییەکی رەخنەگرانە و لە ساتەوەختێکدا گۆڕانکاری دروست بکات. بۆیە گرەوکردن لەسەر بێدەنگی گەل، یاخود ناکارایی ھێزە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە بەدیھێنانی گۆڕانکاری و درێژەدان بە گەندەڵی و ناعەدالەتی و بێ باکی، ھەڵەیەکی کوشندەیە و خاوەنەکانی لەسەرەپێچێکی مێژوویدا باجی دەدەن.

٧- ھەر لەسەرەتای شۆڕشەکانی بەھاری عەرەبی یەوە دۆخیک ھاتە کایەوە، لەپێناو دەسەڵاتێکی دادپەروەر و گێڕانەوەی کەرامەت و ماف و ژیانێکی سەربەرزانە بۆ ھاووڵاتی، ئاڕاستە جیاوازەکان ناسنامەیەکی ھاوبەشی مێژوویی و یاساییان بەیەک دەبەخشن و خەباتی دەستەجەمعی لە پێناو ئامانجە ھاوبەشەکاندا دەخەنە ڕێ، ئەم پرەنسیپە لەلایەن بەشێک لە ھێزە خۆ بە عەلمانی و لیبراڵ زانەکانی میسرەوە خیانەتی لێکرا و لە پێناو لێدانی ئیسلامییەکاندا ئامادەی دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ سوپا و پشتیوانی کودەتا و گۆڕانی عەڵقەیەکی شۆڕش بوون، کە سەرەنجام خۆشیان لەو نێوەدا نەمان، بەڵام لە ئێستادا دووبارە لە شۆڕشی ھەردوو گەلی جەزائیر و سودان دا جارێکی تر ئەو رۆحیەتە زیندوو بۆتەوە، (مصداقیة) ی ھەر ئیسلامی و عەلمانیەکانیش لە خەباتیاندا بۆ دیموکراسی و نان و ژیان و ئازادی و دادپەروەری لەوەدایە، لەڕوانگەی ئایدۆلۆژیەوە حەسانە بە ھیچ ستەمکار و دەسەڵاتێکی ستەمکار نەدەن. واقیع بۆ ئیسلامی و عەلمانی بە شێوە تەقلیدیەکەی دابەش نەکەن، بەڵکو دابەشی کەن بۆ ئەو ئیسلامی و عەلمانیانەی بڕوایانم بە دادپەروەری و دیموکراسی و مافەکانی ھاوڵاتیان ھەیە، لەگەڵ ئەوانەی بەوجۆرە نین ، ئەمەش  مەرجێکی سەقامگیری سیاسی و بوژانەوەی ئەخلاقی و سەرخستنی دیموکراسییە.

٨- سەرھەڵدانی خەباتی گەلی سودان و پێشتریش جەزائیر ئەو ڕاستیەی سەلماند، کە سەرکوتکردنی شۆرشەکان، ھەوڵدان بۆ لەناوبردنی خەباتی عەدالەتخوازانەی گەلان،  لە ئێستادا واناکات، گەلان دووچاری نائومێدییەکی قووڵی وا ببن توانای دەستپێشخەری و راپەڕین و ڕووبەڕوو وەستانەوەی ستەمیان نەمێنێت.

٩- لە ئەزموونی سودان و جەزائیریشدا ڕۆڵی سوپا لە ڕووداوەکاندا زەق و دیارە، ئەم رۆڵەش دەکرێت زیاد لە لێکدانەوەیەکی بۆ بکرێت، لێکدانەوەیەکیش ئەوەیە رێگری بێت لە بە ئاکام گەیشتنی ڕاپەڕینی خەڵک و بەدیھێنانی گۆڕانکاری لە ڕژێمدا، لەڕێی قوربانیدان بە ھەندێک لە ڕەمزەکانی دەسەڵاتی پێشوەوە. بەو جۆرەی پێشتر سوپای (میسر) کردی و قۆناغی ڕاگوزەری شێواند و قۆستیەوە بۆ دڵکرمێ کردنی ھێزە شۆڕشگێڕەکان لە یەکتر و پارێزگاریکردن لە دەوڵەتی قووڵ و پایەکانی سیستم.

١٠- بەبڕوای ئێمە ئەو شەپۆلە لە ھۆشیاری و داوای گۆڕانکارییە لە بەھاری عەرەبیەوە دەستی پێکردووە، تا چەندین ساڵی تریش لە فۆرمی جۆراوجۆردا درێژەی دەبێت، لەم میانەشدا گۆڕانکاری زۆر بەسەر پێکھاتە و ئاڕاستەی ھێزەکان و لەوانەش ڕەوتی ئیسلامیدا دێت، تا زەمینە ھەندک ساز دەبێت بۆ ئەوەی ناوچەکە شکڵێکی تر بە خۆوە بگرێت، ھەندک ڕووداوی تری پەیوەست بە ململانێی نێوان کە لە ناوچەکەدا بەڕێوەن و پێشبینی دەکەن، گۆڕانکاری جۆراوجۆر بەدوای خۆیاندا بێنن، لەڕێی خۆیانەوە دەبن بە بەشێک لەو خواستە لە گۆڕانکاری کە لە ھەناوی کۆمەڵگەکان و نەوەی نوێ و خەمەکانیەوە ھەڵدەقوڵێت.

١١- ئەنجامدانی ڕیفۆرم لەسەر ئاستی ڕەوتێکی فیکری و ھێزێک یاخود دەسەڵاتی سیاسی و دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا دەبێت لەکاتی پێویستی خۆیدا ئەنجام بدرێت، دەنا بە تێپەڕینی کات و کەڵەکەبوونی کێشەکان و ئاڵۆزبوونی بەرژەوەندییەکان دەرفەت لە دەست دەچێت و ئەندامانی رێکخراو و گەلیش بڕوایان بە دروشمی چاکسازی  نامێنێت و داوای گۆڕین و کۆتایی ھێنان بە سەرکردایەتی و نوخبەی دەسەڵاتدارانی پێشوو دەکەن و دروشمی: (چاکسازی بە کەسانی گەندەڵ و بێ ئیرادە ناکرێت)  ھەڵدەبڕن. 

١٢- سەیرکردنی ماکەکانی سەرھەڵدانی جەماوەریی و ناڕازیبوونی خەڵک لە روانگەی ھەندێک وڵات و شوێنی ترەوە، ئاماژەی ھەڵە دەبەخشن، ھەندێک جار بەسەر یەکەوە کۆبوونەوەی پێداویستیەکانیش ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکەن. بۆ نمونە ڕەنگە لە دۆخی برسێتی دا لانی کەمی ژیان  بە دەستکەوت سەیر بکرێت و خەڵک ڕازی بکات، لە دۆخی پاشاگەردانیشدا ھێزێکی وەکو تاڵیبان لەڕێی گێڕانەوەی  ئاسایشەوە پێشوازی لێ بکرێت، بەڵام دوای ماوەیەک و تێپەڕاندنی دۆخە لەناکاوەکان، ھاوڵاتی داوای مافەکانی تری دەکات.


لێرەوە حوکمڕان بە ھەمان عەقڵیەتی قۆناغی قەیرانەوە مامەڵە بکات دەکەوێتە ھەڵەوە، چونکە پێداویستی و چاوەڕوانییەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە.

١٣- ھێزە چەکدارەکان ھەرچەندە ئایدۆلۆژیش بن تاسەر بۆ ھێشتنەوەی حوکمڕانی تاکڕەو و دیکتاتۆرێک پشتیان پێ نابەسترێت. چونکە بەرپرس و ئەفسەرەکانی ئەم ھێزەش لەو دۆخانەدا خاوەنی بەرژەوەندی گەورەن. بۆیە ئامادەن قوربانی بە ھەندێک لە سەرانی رژێم بدەن، بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت و مسۆگەر بێت و شکۆی سیاسەتمەداری تێدا پارێزراو بێت دوای خوای گەورە، گەل و ھاوڵاتیانە، ڕازیکردن و خزمەتکردنی ئەوانە، مامەڵە لەگەڵ کردنیانە وەک سەرچاوەی ڕەسەن و ڕاستەقینەی دەسەڵات، سەیرکردنی خۆیە وەک (وکیل) و بریکاری ئەوان و ئەمیندار بەسەر دەسەڵاتێکەوە کە موڵکی خۆی نییە، بەڵکو موڵکی گشتی یە، هەروەها دەبێت تەنھا و تەنھاش بۆ خزمەتکردنی ئەوان و ماف و ئازادی و بەرژەوەندی و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی  بەکاربھێنرت و پیادە بکرێت.



ئه‌م بابه‌ته 354 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر