بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران هۆکارەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران

AM:10:33:16/04/2019
دۆسیە: هەرێمایەتی


دکتۆر محەمەد حوسێن زادە
نوسەر

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە درێژەی سیاسەتی گۆشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی گۆڕینی ڕەفتار و سیاسەتی ناوخۆیی و بەتایبەت سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی ئەو وڵاتە، لە ساڵوەگەڕی چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و ڕۆژێک پێش ڕۆژی پاسدار لە ئێراندا، سوپای پاسدارانی خستنە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

ئەوە هەنگاوێکی بێ وێنەیە لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و لە لایەن وڵاتی ئەمریکاوە و، تا ئێستا واشنتۆن هێزی سەربازی و سوپای فەرمی هیچ وڵاتێکی وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی نەناساندووە.

 

هەڵبەت ئەمریکا پێشتر و لە سێپتامبری ٢٠١٧دا، بۆ یەکەم جار باسی ئەوەی کرد کە دەیهەوێت سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئەو کات بە پەسەند کردنی یاسای کاتسا (بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگای گەمارۆ) لە دژی ئێران، کوریای باکور و ڕوسیا، پرسی ناساندنی سوپا وەک هێزێکی تیرۆریستی کەوتە پەراوێزەوە.

هەرچەندە دواتر هێندێک لق و ڕێکخراوەی سەر بە سوپا و بەتایبەت سوپای قودس، وەک لقی دەرەکی و نێودەوڵەتی سوپا، گەمارۆی بەسەردا سەپێنرا. بەڵام ئەمجارە پرسەکە زۆر جدییە و سوپا بە تەواوەتی وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی ناسراوە و، ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە لانیکەم لە ڕوانگەی وڵاتی زلهێزی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە وەک تیرۆریست چاویان لێ دەکرێت.

 

ئەگەر پێشتر ئێران وەک وڵاتێکی پاڵپشت و یارمەتیدەری گروپە تیرۆریستییەکانی ناوچە دەناسێندرا، ئێستا خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی ناسراوە. لەم وتارەدا پاش پێناسەیەکی کورتی تیرۆریزم، هەوڵ دەدەم هۆکارەکانی بەتیرۆریست ناساندنی سوپا و کارییگەرییەکانی لەسەر ئێران و سوپای ئەو وڵاتە، ڕوون بکەمەوە.

 

تیرۆریزم

 

هەرچەندە بیرمەندانی سیاسی لەسەر پێناسەی تیرۆریزم و تایبەتەمەندی و میتۆدەکانی کۆک و هاودەنگ نین، بەڵام زۆربەیان هاوبیر و هاودەنگن کە ترساندن و تۆقاندن یان دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکە، تایبەتەمەندی سەرەکی تیرۆریزمە. کەوابوو وەک پێناسەیەکی ئاسان و گشتی دەتوانین بڵێین کە تیرۆریزم بریتییە لە: بەکارهێنانی نایاسایی توندوتیژی چاوەڕواننەکراو، یان هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی بە شێوەیەکی سیستماتیک و رێکخراوەیی و بە میتۆدی جۆراوجۆر، (وەکو کوشتن و خۆتەقاندنەوە و... هتد ) لە دژی دەوڵەت یان شارۆمەندان و تاکەکانی کۆمەڵگە، بۆ دروستکردنی ترس و بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەت و دیاریکراو.  

 

تیرۆریزم سەرچاوە و هۆکاری جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری، دروونی/ ڕەوانی، ئایینی، تەکنۆلۆژیکی و کۆمەڵایەتی هەیە و، هەرچەندە پێشینەی زۆر کۆنی هەیە، بەڵام بەتایبەت دوای شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا و، هەروەها بە پەرەسەندی ڕەوتی بەجیهانیبوون، زۆر بە زەقی لە ئاستی جیهاندا و لە زۆر ناوچەدا و لەوانە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی دەرخستووە و کاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگەکان و، سیاسەتی دەوڵەتەکان داناوە.

 

هەرچەندە زۆربەی ڕووداوە تیرۆریستییەکان، لەلایەن تاک و گروپە نادەوڵەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تیرۆریزم تەنیا لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجام نادرێت.

تیرۆریزمی دەوڵەتیش جۆرێکی ناسراوی تیرۆریزمە، دەوڵەتەکان دەتوانن هەم لە ئاستی ناوخۆیی و لەدژی شارۆمەندانی خۆیان توندوتیژی بەکار بهێنن و، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. لێرەدا تیرۆر لە شەڕ جیاوازە و دەوڵەتە تیرۆریستەکان، ستراتێژی ترساندن و تۆقاندن دەگرنە پێش.

 

دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتێک لە کاروباری دەوڵەتانی تردا، یان لە ڕێگای پاڵپشتی کردن لە گروپە تیرۆریستیەکانەوە، بە شێوەی چالاکی چەکداری، جێگیرکردنی هیزی سەربازی، ناسەقامگیرکردن و لاوازکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتانە بە مەبەستی دروستکردنی ترس، دەکەوێتە خانەی تیرۆریزمی دەوڵەتییەوە.

لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت هێزی ئابوری و سیاسی زیاتری بەدەستەوەیە، ئەمجۆرە تیرۆریزمە، دەتوانێت زۆر کوشندەتر و وێرانکەرتر لە تیرۆریزمی گروپەکانی دیکە بێت.

 

ئەمڕۆکە لە ڕوانگەی سیاسەتڤانانی ئەمریکاوە، ئێران لە ڕێگای هێزی سوپای پاسدارانەوە، بەو ئاراستەیەدا چووە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ترس و ناسەقامگیری لە ناوچەکدا و، هەر بۆیە بە پێویستی زانیوە بیخاتە لیستی تیرۆرە. بەڵام ئەو هۆکارانەی کە ڕەواییان بەو ڕوانگەیەی ئەمریکا داوە کامانەن؟  

 

هۆکارەکانی بە تیرۆریست ناساندنی سوپا

 

بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بەرهەمی دوو هۆکاری سەرەکییە:

یەکەم، نیگەرانی ئەمریکا لە پەلهاوێشتن و سەرهەڵدانی ئەکتەرێکی دژە هەژمون لە ناوچەدا.

دووەم، سیاسەتی دەستێوەردەرانەی ئێران لە وڵاتانی دەوروبەر کە بووەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچە.

ئەم هۆکارەی دووەم خۆی بووتە هۆی نیگەرانی زیاتری ئەمەریکا، سەبارەت بە هۆکاری یەکەم پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکرێت کە سیاسەتی مەزنی (گەلان) ئەمریکا، لە دوای هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم و سۆڤییەت، تا ئێستا هەژمونی بووە و ئەو ستراتێژییە تا ئێستاش هەر بەردەوامە.

 

ڕێبەرانی ئەمریکا، هەم دیموکراتەکان و هەم کۆماری خوازەکان، هەر چەندە میتۆدەکانیان جیاوازە، بەڵام بە هەموو جۆرێک هەوڵ دەدەن کە هەم سیستەمی جیهانی بە گشتی و، هەم هەر یەکە لە ناوچەکانی جیهان، لەسەر بنەمای بەها و بایەخە و سیاسەتەکانی خۆیان دابمەزرێنن و، سەقامگیریان بکەن.

واتا هەوڵ دەدەن کە لە سیستەمی جیهانیدا، بانترین پلە بۆ خۆیان کە هەمان هەژمونییە تەرخان بکەن و، لەژێر کاریگەری ئەو ڕوانگە و ستراتێژییەدا، ئەگەر هەست بە لەمپەڕ یان بەربەستێک یان لەبەرچاونەگرتنی یاسا و ڕێساکانیان لە لایەن ئەکترە ڕکابەرەکانەوە بکەن، هەوڵ دەدەن تێچوو و هەزینەی سیاسەتی ئەو ئەکتەره دژە هەژمونە زۆر بکەن، بە شێوەیەک کە دەبێت دژە هەژمونەکان ئەوەندە لاواز ببن، کە بە کردەوە دەرفەتی ئەوەیان نەبێت کە هیچ جۆرە بەربەست و لەمپەڕێک لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا دروست بکەن.

 

تەنانەت وڵاتانی دژە هەژمون دەبێت ئەوەندە لاواز بکرێن، کە توانای ئەوەیان نەبێت بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسان دابین بکەن. تەنانەت ئەمریکا هەندێک جار کە هەستی بەوە کردووە کە ئەکتەرێکی دژە هەژمون کیشەی گەورەی لە ناوچەیەکدا دروست کردووە، بۆ لە ناوبردنی ئەو بەربەستە لە هێزی سەربازیش کەڵکی وەر گرتووە.

 

واشنتۆن وەک زلهێزی جیهان، کە پێگەی هەژمونی بۆ خۆی دیاریکردووە و ستراتێژی گونجاو لەگەڵ ئەو پێگەیەی داڕشتووە، بە ئاسانی ڕێگە نادات کە هەژمونێکی جیهانی یان تەنانەت ناوچەیی سەرهەڵبێنێت و، جێگای بگرێتەوە و لە بەرامبەر هەرجۆرە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و خەیاڵیدا بەرپرچدانەوەی دەبێت و بەرگری لە پێگەی بانتری خۆی دەکات.

لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کە ئەمریکا وەک زۆر ناوچەکانی تر نفووز و دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و، سیاسەت و پەیوەندییەکانی ناوچە بە چڕی لە ژێر کاریگەری و کارتێکەری ئەودان، هەوڵ دەدات ئەو پێگە و سەروەرییە لە ڕێگای پاراستنی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەوە بپارێزێت.

 

بەڵام باڵادەستبوونی ئێران لە هەندێک وڵاتدا، ئەمریکای تا ڕادەیەکی زۆر بە تایبەت لە سەردەمی دۆناڵد ترامپدا نیگەران کردووە. ئەو باڵادەستییەی ئێران بە تایبەت پاش ڕوخانی ڕژێمی سەددام لە بەغدا، پەرەی سەند کە بەرهەمی دەستێوەردانی بەردەوامی ئێران لە وڵاتانی ناوچە (عێراق، هەرێمی کوردستان، سوریا، یەمەن، بەحرەین و ...هتد) و تا ڕادەیەک بەرهەمی نەرمی نواندنی باراک ئۆباما لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئێراندا بوو، کە لە کوتاییدا و هەر وا کە لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە بووەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە.

 

ئەوەش ئەمڕۆکە لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە کە نیشانی داوە، بە جددی بەر بە پەلهاوێشتنی ئێران دەگرێت، جێگای پەسەند نییە و قەبووڵ ناکرێت. لە ڕوانگەی ڕاوێژکارانی ترامپەوە ئێران هەوڵی پێکهێنانی هاوسەنگی هێز (Power balance) لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەدا دەدات و، ئەو هەوڵە ئەگەر بەردەوام بێت لە داهاتوودا، دەبێتە کێشە بۆ سەر هەژمونی ئەمریکا. هەر بۆیە ترامپ بە خێرایی و دوابەدوای ئەوەی کە ئەو بەڵێنەی کە لە کاتی هەڵبژاردن بە شارۆمەندانی ئەمریکای دابوو جێبەجێی کرد و، وەک ستراتێژی یەکەمی خۆی داعشی لە ڕووی سەربازییەوە لە ناو برد و، تەفرووتوونای کرد، سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

 

بەڵام ئەوە تاقە هۆکار نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا سیاسەتەکانی ئێران و کردەوەکانی لە ناوچەدا نەک هەر ئەمریکا، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی نیگەران کردووە و دەکرێت بڵێین خۆیان هاندەری ترامپ بۆ ئەو بڕیارە بوون. دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە سیاسەتی سەرکوتی ناوخۆیی و ئاڵۆزی و بشیوی و قەیران خۆڵقێنی لە ناوچەدا گرتە بەر، تا هەنووکەش تاران گەورەترین هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەی فەلەستین بووە و، لەگەڵ ڕەوتی ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دژایەتی کردووە.

 

هەوڵی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و هەموو جۆرە مووشەکێکی زەمینی و دەریایی و دوورهاوێژ و نێوان هاوێژ و کورتهاوێژ و، بە سووتەمەنی جۆراوجۆرەوە داوە. بەهاکانی ماڤی مرۆڤ و دیموکراسییان پێشێل کردووە، هەروەها چەندین ساڵە کە لە قەیرانەکانی لوبنان، عێراق و ئەفغانستاندا دەستێوەردان دەکەن و یارمەتی دەدەنە گروپە جیاوازە تیرۆریستییەکانى وەکو: حیزب اللە و لە ڕووی ئابوری و چەک و چۆڵەوە بەهێزیان دەکەن و، تەنانەت زۆر جار بەوە تۆمەتبار کراون کە لەگەڵ کەسانێک وەک ئۆسامە بین لادەن و، ڕێکخراوەی ئەلقائیدە پەیوەندییان هەبووە.

 

لەم ساڵانەی دوایشدا لە وڵاتانی یەمەن و سوریا و هەرێمی کوردستان/ کەرکوکدا دەستێوەردانی سەربازییان کردووە و، لە زۆربەی وڵاتانی دیکەدا ڕۆڵی ناسەقامکردنیان گێڕاوە و، بوونەتە هۆی مەرگی زۆرێک لە شارۆمەندان و لاوازی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو ئەکتەرانە.

سەرباری هەموو ئەوانە، ئەمریکایش لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە بە پێی زانیارییەکان کۆژرانی حەڤدە لە سەدی سەربازانی سوپای ئەمریکا، لە ناوچە واتا زیاتر لە شەشسەد کەسیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دەستی ئێرانی تێدا بووە و خوێنی ئەو سەربازانە لەسەر دەستی ئێرانە.

 

ئەو جۆرە سیاسەتگەلە کە ناسەقامگیری و ئاڵۆزی و بشێوی و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوچەییان هێناوەتە ئاراوە، قەناعەتی بە ترامپ و وەزارەتی کار و باری دەرەوەی ئەو وڵاتە هێنا، کە بەمەستی کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە ناوچە و، هەروەها بەمەبەستی ناچارکردنی ئێران بۆ وت و وێژ و گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتننامەیەکی نوێی ئەتۆمی، سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی بناسێنێت. ئەوەش دەتوانێت کاریگەری زۆر لەسەر وڵاتی ئێران دابنێت.

 

کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سوپای پاسداران هێزی سەربازیی فەرمی و ئەستوونێکی هەرەگرنگی مانەوەی (Survival) کۆماری ئیسلامییە و، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی هەبوون و ڕۆڵی بەرچاوی سوپا لە بەشە جیاوازەکانی سیاسەت و ئابوریی ئەو وڵاتەدا، بە تیرۆریست ناساندنی ئەو ڕێکخراوە، دەتوانێت کاریگەری و دەرئەنجامی جۆاراوجۆری بۆ ئێران هەبێت، کە من بە کورتی لەم چەند خاڵدا ئاماژەیان پێ دەکەم.

 

یەکەم، بە تیرۆریست ناساندنی سوپا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ڕووی زەینی و ڕەوانییەوە ئەو وێنە هەڕەشە­ئامێزە کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران دروستکراوە زەقتر ببێتەوە. دیارە ئەمریکا پێشتریش هەوڵی داوە کە ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری جیهان و ناوچە چاوی لێ بکرێت و، هەموو وڵاتانی ناوچە و جیهان هەست بە "هەڕەشەی ئێران" بکەن. ئەو سیاسەتە بە تایبەت لە لایەن ترامپەوە بە شێوەیەکی جدی پەیڕەو کراوە، زەقکردنەوەی وێنەی هەڕەشەئامێز و ترسناک لە ئێران تا ئێستاش لە زۆر کات و شوێندا ڕەوایی و شەرعیەتی بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی لە دژی ئێران داوە. ئێستاش بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران ئەو قازانج و سوودمەندییە بۆ ئەمریکا دەبێت کە پلان و سیاسەتەکانی تری دژ بە ئێران، لە داهاتوودا بە ئاسانی دابڕێژێت و ئەو وڵاتە هەرچی زیاتر بخاتە ژێر گۆشارەوە. دیارە تا ئێستا هەڕەشەی مووشەکی و پێشتریش هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ببووە هۆی نیگەرانی زۆرێک لە وڵاتان و، بە دڵنیاییەوە هەڕەشەی بە تیرۆریست بوونیش زیاتر ئەو وڵاتانە نیگەران دەکات و، دەیانخاتە بەرەی ئەمریکاوە و، هەر ئەوەش ڕێگا بۆ گۆشاری زیاتر و دەرئەنجام لاوازبوونی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەموار دەکات.  

 

دووەم، ئەو هەوڵەی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەمنییەتی کردن، یان بەئاسایشی کردنی (Securitization) دۆسیە و پرسی ئێران. ئەمنییەتی کردن بریتییە لە پرۆسەیەک کە ئەکتەری ئەمنییەتیکەر، بابەتێک وەک هەڕەشەیەکی هەبوو و نزیک و ڕاستەقینە پێناسە دەکات، بە شێوەیەک کە لایەنەکانی تر هەست بەوە بکەن کە ئەو هەڕەشەیە چارەسەرێکی باو و ئاسایی بۆ نادۆزرێتەوە و، هەر بۆیە دەبێت بە شێوازی نائاسایی و بە شێوەی خێرا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی بدرێت. ئەو سیاسەتە تەنیا بە یەک دەوڵەت سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو دەبێت دەوڵەتەکانی دیکەیش بەو قەناعەتە بگەن کە دیاردە یان بابەتێک یان ئەکتەرێک، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر بەها و بایەخە هاوبەشەکانیان. هەر بۆیە ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگای بە تیرۆریست ناساندنی سوپای ئێرانەوە، ئەو وڵاتە وەک هەڕەشەیەکی هەبوو و ڕاستەقینە بۆ ئاشتی و سەقامگیری جیهانی نیشان بدات و، بیروڕای گشتی جیهانیش بەو قەناعەتە بهێنێت. ئەگەر واشنتۆن بتوانێت سوپا وەک تیرۆریست و هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی نیشان بدات، پرسی ئێران ئەمنییەتی دەبێتەوە و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە ڕەوایی بە هێرشی سەربازیش بۆ سەر ئەو وڵاتە لە کاتی پێویستدا بدات. هۆکار ئەوەیە کە هەروا کە پێشتر ئاماژەمان کرد، ئەمنییەتیبوونی ئێران مانای ئەوە دەبێت کە ئەو پرسە لە ڕێگای ئامڕاز و کەرەسە و چالاکی ئاسایی و دیپلۆماسییەوە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسای باوی نێودەوڵەتییەوە چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵێکی خێرا و دەستبەجێیە. گرنگترین دەستکەوتی ئەم سیاسەتە بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە بیر و ڕای گشتی بۆ هەر جۆرە ڕووبەڕووبونەوەیەک لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات. بە واتەیەکی تر، ئەمنییەتی کردن بەستێنی بۆ گۆشاری زیاتر ئامادە دەکات.

 

سێیەم، ڕێبەرانی ئێستای ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن کە گەمارۆی ئابوری، ئێران ناچار دەکات کە ویست و خواستەکانی ئەمریکا قەبووڵ بکات، یان سیاسەتەکانی خۆی لە ناوخۆ و بە تایبەت لە ناوچەدا بگۆڕێت.  بە تیرۆریست ناساندنی سوپا دەبێتە هۆی بەربڵاوبوونەوە و زیاتربوونی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و چاوەڕوان دەکرێت تاران لە ڕووی ئابورییەوە گۆشاری زیاتری کەوێتە سەر. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە شەڕ دژی تیرۆر پەیوەندی دۆستانەی وڵاتانی جیهان بەهێزتر دەکات. دەبێت ئەوە لەبەر چاو بگرین کە پێشتریش هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی ئێران بووەتە هۆی سەپاندنی هێندێک گەمارۆ لە بواری تەکنۆلۆژی و بازڕگانییەوە بۆ سەر ئێران و، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم سیاسەتە نوێیەیش گەمارۆکان زیاتر بکات. دەبێت ئەوە لەبەر چاو بگرین کە زۆربەی ڕێکخراوە و کومپانیاکانی سەر بە سوپا گەمارۆ دەدرێن. هەروەها پێویستە ئەوە بزانین کە قەرارگای "خاتم الانبیاء"ی سوپا لە زۆربەی ڕێکەوتننامەکان لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکی و ناوخۆییەکانی ئێراندا هاوبەشە و، چاوەڕوان دەکرێت زۆرێک لە ڕێکەوتننامە ئابوریی و بازڕگانییەکان تووشی گرفت بن، هەروەها بە تیرۆریست ناساندنی سوپای ئێران دەتوانێت لە داهاتوودا کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی ئەورووپا دابنێت و، ڕەوتی هاوکاری تەنانەت بۆ پاراستنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە دژوارتر بکات. لە ئێستاوە ئێران نەک هەر ناتوانێت سەرمایە بۆ وڵاتەکەی ڕا بکێشێت، بەڵکو ئەو سەرمایە کە پێشتر هاتووە و ئێستا لەوێ و لە بەشە جیاوازەکاندا دانراوە هەوڵی دەرچوون لە ئێران دەدات. دژوارە لە جیهاندا کۆمپانیایەک پەیدا بێت، کە خۆی سەقاڵی مامەڵەیەک بکات کە بۆنی تیرۆری لێوە دێت. ئەوە یاسایەکی بنچینەیی ئابورییە کە سەرمایە شوێنکەوتووی ئاسایشە و لە جێگایەکدا کە ئاسایش نەبێت یان چاوەڕوانی ناسەقامگیری بکرێت، سەرمایە خۆی دەدزێتەوە و ڕا دەکات. بەلەبەرچاوگرتنی کێشە و گرفتی ئابوری و هەڵاوسان لە ناوخۆی ئێراندا و، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زیاتر لە نیوەی ئابوری ئێران لەژێر دەسەڵاتی سوپای پاسداراندایە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ئێران لە ڕووی ئابورییەوە هەرچی زیاتر بکەوێتە تەنگانەوە.

 

چوارەم، بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، هەرچەندە گۆشاری ئابوری زیاد دەکات، بەڵام لەلایەکی ترەوە دەبێتە هۆی زیادبوون و بەرزبوونەوەی هەزینە و بودجەی سەربازی و بەرگری هێزە سەربازییەکانی ئێران. بۆ ئەم کارەش دەبێت بوودجەی بەشەکانی تر کەم بێتەوە و، بخرێتە سەر بەشی سەربازی و بەرگری. بە ئەزموون سەلمێندراوە کاتێک کە ڕێبەرانی سیاسی و سەربازی ئێران هەست بە مەترسی دەرەکی بکەن هەوڵ دەدەن خۆیان لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزتر بکەنەوە. گرنگ نییە کە ئایا ئەو هەوڵە سەرکەوتوو دەبێت یان نا گرنگ ئەوەیە کە ئەوان هەوڵی خۆیان دەدەن. کەوابوو ئێران بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ هەڕەشەی دەرەکی و سەرکوتی ناڕەزایەتی ناوخۆیی، ناچارە کە هەزینەی سەربازی و بەرگری خۆی زیاد بکات. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئێران دەبێت لە کاتێکدا کە لە قەیرانی ئابوریدا دەژیت، هەزینەی سەربازی زیاد بکات، لەبەر ئەوەی کە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران ناتوانن ئەو هەڕەشانە لەبەرچاو نەگرن، قەیران کاتێک قووڵتر دەبێتەوە کە ئەمریکا هاوکات لەگەڵ هەوڵی ئێران بۆ زیادکردنی بودجەی بەشی سەربازی، تەحریم و گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر ئێران و ئەوەش دەبێتە هۆی داڕووخانی ئابوری ئێران.

 

پێنجەم، ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوام بن و هەروا کە لە خاڵی پێشوودا ئاماژەم کرد، ئێران بودجەی زیاتر بۆ بەشی سەربازیی تەرخان بکات و قەیرانی ئابوری قووڵ بێتەوە، ئەگەری پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک لە ناوخۆدا زیاد دەبێت و کۆماری ئیسلامی ناچارە لەو نێودا تێچووی سەرکوتی ناڕازییانی ناوخۆییش بدات. ئەم پێش بینییە لەبەر ئەوەیە کە زیاترین فشاری گەمارۆی ئابوری دەکەوێتە سەر شانی خەڵک و شارۆمەندان و زیاترین خەسار و زیان لەوان دەدات.

 

شەشەم، بە تیرۆریست ناساندنی سوپا ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە ناوچەدا زۆر دەکات، هەروا کە ئاماژەمان کرد لە ئێستادا ئەندامانی سوپا وەک ئەندامانی ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی چاویان لێ دەکرێت و سوپای ئەمریکا شەرعییەتی هەرجۆرە ڕووبەڕووبونەوەیەکی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە هەیە، هەر کەسێک کە لە دژی سوپا شەڕ بکات وەک هێزێکی دژە تیرۆر حسابی بۆ دەکرێت. ستراتێژی شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئەفغانستان و عێراق شەڕی پێشدەستانە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوو. هەر چەندە خۆدی ئەمریکا لە ئێستادا سیاسەتی هێرشکردنە سەر ئێرانی نییە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە زلهێزی جیهانە و توانای ئەوەی هەیە کە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی بە شێوەی یەکلایەنە بڕیار بدات. تەوەری ستراتێژی سەربازی ئەمریکایش ڕاچڵەکاندن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە لە دڵی دۆژمنانیدا، هەڵبەت فاکتەری دیکەیش لە ئارادان  و بۆ نمونە لە ئێستادا ئیسرائیل بە جدی خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ سوپای ئێران لە ناوچە و بە تایبەت لە سوریا ئامادە کردووە و، هەر وا کە بینیمان ماوەیەکی کورت دوای خستنە لیستی سوپا هێرشێکی مووشەکی توندی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی و مووشەکی ئێران لە سوریا. هەر جۆرە بەرپرچدانەوەیەکی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل دەتوانێت ئەمریکایش تێکەڵ بەو قەیرانە بکات و، ئەوەش بۆ ئێران ترسناکە.

 

حەفتەم، هەم کەمبوونەوەی توانای ئابوری و ماڵی ئێران و سوپا و هەم خۆپارێزی ئێران لە هەر جۆرە ڕووبەڕووبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجامی ئەوە دەبێت کە لانیکەم ئێران لە ڕووی سەربازییەوە کەمتر دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە بکات، یان بۆ شوێنەکانی تر پەل بهاوێژێت و لاوازتر دەبێت. هەرچەندە چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت ئێران بە تەواوەتی خۆی لە ناوچەکە بکشێتەوە، بەڵام ئەوەش ڕوونە کە ناتوانێت وەک ڕۆژانی پێش بە تیرۆریست ناساندنی لە ڕووی ئابوری و چەک و چۆڵەوە یارمەتی هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچەدا بدات. کەوابوو یەکێک لە کارییگەرییەکان ئەوەیە کە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ کەم بکاتەوە و لەوانەیە زیاتر ڕوو لە کاری نهێنی و تیرۆر بکات.

 

کەوابوو دەتوانین بە گشتی زەق بوونەوەی وێنەی زەینی "هەڕەشەی ئێران"، بەئەمنییەتیبوونی پرسی ئێران، بەربڵاوبوونەوە و قووڵبوونەوەی گەمارۆ ئابورییەکان، بەرزبوونەوەی بودجەی سەربازی، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی ناوخۆیی، بەرزبوونەوەی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و لە کوتاییدا لاوازبوونی دەسەڵات و ڕێژەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لە ناوچە وەک کاریگەرییەکانی بە تیرۆریست ناساندنی سوپا بۆ تاران دەستنیشان بکەین. هەرچەندە کە هەوڵەکانی ئێران بەتایبەت بەشێوازی نهێنی بۆ پاراستنی پێگەی پەرە دەستێنن.

 

بەڵام پێویستە ئاماژە بەو خاڵەش بکرێت کە گریمانەی سەرەکی بۆ ئەو پێشبینیانە ئەوەیە کە ئێران هەر وەک ئێستا ئامادەی وت و وێژ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا نەبێت و هەوڵی خۆڕاگری بدات، دیارە ئەگەر ئێران ئامادەی گفتوگۆ بێت و لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ڕێککەوتننامەیەکی نوێی ئەتۆمی و لەسەر پرسە ناوچەییەکان دانوستان بکات ئەوە ڕووداوەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە دەچن و پێویستە خوێندنەوەیەکی تریان بۆ بکرێت. بەڵام نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئێران لە ئێستادا سیاسەتی خۆڕاگری و چاوەڕوانی گرتووەتە پێش. چاوەڕوانی بەو مانایە کە ئێران هەوڵ دەدات کە بە خۆڕاگری لە دەرەوە و سەرکوت لە ناوخۆدا تا کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕاوەستێت، بەو هیوایەی کە دیموکراتەکان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن و بگەڕێنەوە بۆ ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکە و دۆخی ئێرانیش ئاسایی بێتەوە. هەر لەو ڕاستایەدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، باسی پیتاندنی دووبارەی یۆرانیوم بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی دۆناڵد ترامپ لە ئێراندا بێتە ئاراوە. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت ڕیسک و مەترسی گەورەی ئەو سیاسەتە بۆ ئێران ئەوە دەبێت کە دۆناڵد ترامپ بتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەر بکەوێت و، ئەو کات گۆشارەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بکات و بە ئاسانی ئامادەی گفتوگۆ نەبێت. 

 



ئه‌م بابه‌ته 290 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر