ڕوخانی سەدام و گۆڕانی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

PM:02:42:14/04/2019
دۆسیە: شیکار


داهۆ سالم
نوسەر

لەو ڕۆژەوەی لە ٩ ی ئەپریلی ٢٠٠٣ دا، کە ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاری هاوپەیمانەکانیان، لە کردەوەیەکی سەربازیدا لەژێر ناونیشانی " پرۆسەی ئازادی عێراق" دا لە دەرەوەی شەرعیەتی یاسایی نێودەوڵەتی، کۆتاییان بە ڕژێمی ٣٥ ساڵەی بەعس هێنا لە عێراقدا، زۆر پرسیار و گریمانە هاتوونەتە ئاراوە سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕوخاندنی ئەو ڕژێمە.

هەرچەندە ئەوەی بە ئاشکرا ڕاگەیەندرا کەوا ڕژێمی سەدام خاوەنی چەکی کۆکۆژە و دەستبەرداری ئەو چەکانەنابێت ئەمە لەلایەک و، وادانرا کە پاڵپشتی لە تیرۆری جیهانی دەکات بە تایبەت ڕێکخراوی قاعیدە لە لایەکی تر، نە لەوکاتەو نە لەوە بەدواش، هیچ بەڵگە و دۆکۆمەنتێک ساغ نەکرایەوە کەوا ڕژێمی بەعس چەکی کۆکوژی لەلای خۆی هێشتبێتەوە،"هەرچەندە پێشتر هەیبووە و بەکاریشی هێناوە"، هەروەها هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە دا هەبووبێت.

 

ئا لێرەوە پرسیارە ڕژدەکان گەڵاڵە دەبن، کە سەدام چەکی کۆکوژی نەبوو و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعید و خودی ئوسامە بن لادنی ڕێبەری ڕێکخراوەکە ساغنەکرایەوە، ئایا زانیارییەکان هەڵەبوون، یان ئامانجە ستراتیژییە دوور مەودا و ناڕاستەوخۆکان، وای دەخواست ئەو ڕژێمە سەرنگون بکرێ؟ ئەو ڕووداوانەی لەدوای ڕوخانی سەدامەوە لە ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ناوەوەی عێراق بەتایبەتی هاتنەئاراوە لە ڕواڵەتدا پێچەوانەی خواست و بەرژەواندییەکانی ئەمریکا بوون.

تەشەنەسەندنی تیرۆر، فراوانبوونی تۆڕەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، هەڵکشانی توانای سەربازی و مرۆیان بە ڕوخانی سەدام، بە ئەندازەیەک زیادیکرد کە بە سەردەمی ڕژێمەکەی سەدام بەراورد نەدەکرا. ئەمانەو پەلهاویشتنی هەژمونی ئێران بەشێوەیەکی کاریگەر بۆ عێراق و، دەستگرتن و سێبەری بەسەر بەغدا دا لە عێراقی دوای سەدام دا، سنورەکانی نەریتی دیپلۆماتی و نێودەوڵەتی بەزاند، بە جۆرێک لە دەستوەردان و ئاڕاستەکردنی سیستەمی فەرمانڕەوای لە عێراقدا، ئاڵنگاری ئەمریکا دەکات.

 

بۆیە زۆرێک، بەتایبەت  توێژی ڕاڤەکاران و چاودێرانی سیاسی کومەڵگەی کوردی، لەوانیشەوە بۆ شەقامی کوردی، وای لێکدەدەنەوە کەوا ڕووخانی سەدام، بەرمەبنای زانیاری هەڵە بۆ ڕوخاندنی و لێکدانەوەی نادروست و پێشبینی نەکراو بۆ قۆناغی دوای ڕوخانی بووە.

بە واتایەکی دیکە، کە گوایە ڕووخانی سەدام، هەڵەیەی ستراتیژی ئەمریکا بوو، بە تایبەت ئەوەی لەدوای ئەو ڕووخانەوە پەیوەستە بە فراوانبوونی ڕوڵی ئێران لە ناوچەکەدا.

 

جا بۆیە ئەوەی زۆر گرنگە لێرە ئەوەیە، ڕووخانی سەدام پلانی وورد و ڕاڤەبۆکراوی ڕەوتێکی دەستڕۆیشتووی کۆشکی سپی بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئایندەی ئاسایشی ئیسرائیل.

ئەو ڕەوتەش بە "نیو کۆنسێرڤەتیڤەکان" ناسراون و لایەنگری سەرسەختی دەوڵەتی ئیسرائیلن، لەسەردەمی جۆرج بۆشی کوڕدا پۆستە باڵاکانی کۆشکی سپییان گرتە دەست. هەر ئەوانیش بە هاوکاری دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕێکخراوەکانی جولەکە و لوبی ئیسرائیلی داینەمۆ و ئەندازیاری ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوون و، تا ئەو ڕۆکەش هیچ هەڵەیەکی پێشبینی نەکراو لەدوای ئەو پرۆسەیەوە، پەیوەست بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئیسرائیل، نەهاتووەتەپێش و بە پێچەوانەوە لەدوای کەوتنی بەغدا و دەرهاویشتەکانییەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی ئیسرائیل بەهێز و سەلامەت تر دەبێت.

 


نیو کۆنسێرڤەتیڤەکان "New Conservatives "

 

یەکێک لەو ڕەوەندانەی کە کاریگەرییەکی بەهێزی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەیە جولەکەکانن، نیوکۆنسێرڤەتیڤەکان، گروپێکی نزیک لە جولەکەن و تەنانەت بەشێکی زۆریان بە ڕەگەز جولەکەن و بەوە ناسراون دەستێکی باڵایان هەیە لە بوارەکانی: وزە و پیشەسازی چەک لە ئەمریکا و جیهاندا.

ئەم ڕەوتە لەساڵانی ١٩٧٠ کاندا  دامەزراوە و  هەمیشە لە کار و چالاکیدان بۆ سەپاندنی خواستەکانیان بەسەر کۆشکی سپیدا، هەرچەندە هەندێ جار خۆیان بە جێگرەوەی هەردوو پارتی کۆمارییەکان و دێمۆکراتەکان ئەژماردەکەن، بەڵام پەیوەندی ئەوان زیاتر لەگەڵ کۆماریخوازەکانی ئەمەریکادا بەهێزە.

کاراکتەرە دیارەکانی کۆنسێرڤەتیڤەکان بریتین لە " دیک چینی-جێگری بوشی کوڕ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ڕامسفێڵد-وەزیری بەرگری، پۆڵ ۆڵفۆیتز-جێگری وەزیری بەرگری، پۆڵ برێمەر- حاکمی مەدەنی ئەمەریکا لە دوای ڕووخانی بەعس لە عێراق، زاڵمای خەلیل زاد، ڕیچارد ئارمیتاچ، ئیلیۆت ئەبرامز، ڕیچارد پێرڵ، کۆندە لێزا ڕایس- وەزیری دەرەوە لە کابینەکەی بوشی کوڕ و چەندانی تر."

ئەمانە لە کابینەکەی جۆرج بۆشی کوڕدا، دەستیانگرت بەسەر کۆشکی سپی دا و زۆربەی پۆستە هەستیارەکانیان گرتە دەست. ڕیشەی کاری ڕۆشنبیری و دونیابینی ئەم گروپە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی گۆڤاری "
Commentary" یان دەردەکرد، کە سەرنوسەرەکەی ناوی "نۆرمان پۆد هۆرێز" بوو. کاری لە پێشینەی ئەم گروپە دەستەبەرکردن و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە، ئەوەش لە ڕێگەی فشار دروستکردن لەسەر سیاسەتی ئەمریکا.

 

جوڵەی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل

 

هەمیشە بەرژەوەندییە باڵا و دوورمەوداکانی ئیسرائیل، بە ئەمریکا بەدیدەهێنرێت، خودی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەشدار نابێت. بە سەرنجدان لە سروشتی پەیوندییەکانی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و مامەڵەی ئەو زلهێزە لەوەتەی دەوڵەتی ئیسرائیل دروستبووە و، ئەو هەنگاوانەی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە دەیهاوێت، دەگەینە ئەو بڕوایەی هەرجوڵەیەکی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر لەسەدا سەد لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نەبێت، ئەوا بەلانی کەمەوە بەبێ ڕەچاوکردنی ئامانجە باڵاکانی ئیسرائیل، ئەنجامی نادات.

ئەو پەیوەندییەی لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دایە کەم وێنەیە لە جیهان دا، بە ئەندازەیەک، کە سنوری نەریتە باوە سیاسی و دیپلۆماتیەکانی تێپەڕاندووە، تا ئەو ڕادەیەی کە لەساڵی هەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکو ئێستا، ئەمەریکا ٤٣ جار مافی ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل بەکارهێناوە.

هەر جۆرە هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ سەرزەنشتکردن و گۆشەگیرکردنی دەوڵەتی جولەکە، پوچەڵکردۆتەوە.

 

ڕۆڵی ئیسرائیل لە هەردوو پرۆسەی گەردەلولی بیابان و ئازادی عێراق دا

 

لەدوای کۆتای هاتنی جەنگی عێراق - ئێران، بەجۆرێک لە جۆرەکان توانای سەربازی عێراق لەڕووی تێکنەلۆژیای سەربازییەوە قۆناغێکی بەرەوپێشڤەچوونی بەخۆوە دیتبوو، ئەوەش بەهۆی چاوپۆشی و یارمەتییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەماوەی جەنگی هەشت ساڵەدا، بەتایبەت لەبواری موشەکی بالیستی و دوور مەودادا، ئەمەش نیگەرانی لای ئیسرائیلیشەکان دروستکردبوو، بە ئاشکرا ئەو مەترسییانەیان بە کۆشکی سپی ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەو مەبەستەش جوڵەیان دەستپێکردبوو، هەر بۆیە لە ٢٠ ی جولای ساڵی ١٩٩٠ دا، شاندێکی باڵای ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی "موشیە ئارێنس" وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی و بەڕێوەبەری مۆساد، سەردانی ئەمریکا دەکەن و، هۆشداری دەدرێتە ئیدارەکەی جۆرج بوشی باوک لەمەڕ ئەو پاڵپشتییەی لە سەدام حوسێن دەکرێت لەلایەن ڕۆژئاواوە.

هەر لەو ساڵەدا ڕاپۆرتە هەواڵگرییە سەربازییە ئیسرائیلییەکان، ئاماژەیان کردبوو بە بەهێزبوونی پێگەی عێراق لەنێو وڵاتانی عەرەبی دا. هەموو ئەوانە لە پێش داگیرکردنی کوێت دا ڕووی دابوو.


دواتر و لەساڵی ١٩٩٦  لۆبی جولەکە پلانێکیان لە شێوەی پرۆژەیەک بۆ ڕووخانی سەدام بەناوی "
A clean Break" ڕادەستی ئیدارەی بێڵ کلینتۆن کردبوو، داڕێژەرانی پلانەکە "دۆگلاس فەیس، دەیڤد وێرمسەر و ڕیچارت پێرڵ" بوون، کە کەسانی دیاری سەربە نیوکۆنسێرڤەتیڤەکان بوون، دواتر لە ساڵی ٢٠٠١  بۆ ٢٠٠٤ بوون بە یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا.


پاش هەموو ئەوانە، بەسوود وەرگرتن لەو ڕەوشە نوێیەی لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە هاتنەئاراوە، زەمینەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئاسانتر بوو. لە مانگی ئۆگەستی ٢٠٠٢ دا، "ئەرێل شارۆن"ی سەرۆک وەزیرانی ئەودەمەی ئیسرائیل، نامەیەک ئاراستەی واشنتۆن دەکات، لەو نامەیەدا داوادەکات لەوە زیاتر پرۆسەی سەرنگونکردنی ڕژێمی سەدام دوانەخرێت.

تەنانەت لەو کۆبوونەوە تایبەتەی نێوان جۆرج بوش و تۆنی بلێری سەرەک وەزیرانی بەریتانیا دا لە
Crawford  لە ئەمریکا بەسترا، لە کۆتاییەکانی ٢٠٠٢ دا سەبارەت بە چارەنوسی سەدام و ڕژێمەکەی، بەرپرسانی ئیسرائیل بەشدارییان کردووە،

هەموو ئەوانە وگەلێک جوڵە و ئاماژەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن، حکومەتی ئیسرائیل و لوبی جولەکە، پاڵنەر و هاندەری ئەمریکا بوون بۆ هەردوو پرۆسەی وەدەرنانی عێراق لە کوێت و، لەناوبردن و ئیفلیجکردنی توانا ئاسمانی و موشەکییەکان و دواتریش ڕووخانی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا.

 

ڕوخانی سەدام و ئامانجە گەورەکە

 

هەموو ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییەی لە دوای ڕووخانی سەدامەوە هاتنەئاراوە، جۆشدانی ئەو ململانێ خوێناوییە مێژوویەی نێوان شیعە و سوونە بوو لە ناوچەکەدا و، لە پێناو زامنکردنی ئاسایشی ئیسرائیل.

ئا لێرەوە و بەپێی ئەو پێدراوانەی هاتنەچێبوون، دەرکەوت ئیسرائیل و ئاسایشی ئایندەی لە هەموو کات سەلامەت ترە. ڕاستە کە ئامانجی پرۆسەی گەردەلولی بیابان بۆ وەدەرنانی سوپای عێراق بوو لە کوێت، بەڵام هەلێکی زێڕین بوو بۆ لەنێوبردن و تەفروتوناکردنی توانای سەربازی عێراق.

بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە پرۆسەی ڕوخانی ڕژێمی بەعسە، کە دەرگای بۆ ئێران واڵاکرد ڕۆڵ و هەژمونی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا بەهێزبکات. سادەترین تێڕوانین ئەوەیە کە سودمەندی یەکەم لە ڕووخانی سەدام، ئێرانی نەیاری ئەمریکا و لەبەرامبەردا زەرەرمەندی گەورە وڵاتانی سوننی دۆستی ئەمریکا بوون لە ناوچەکەدا.

ئا لێرەدا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوندییە باڵاکانی ئیسرائیل، ڕوون دەبێتەوە هەڵەیەک لە ڕووخانی سەدام دا لە گۆڕێدا نییە. هەڵکشانی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا لەسەر حسابی وڵاتانی عەرەبی سوننی، ئامانجە بنچینەییەکەیە. بەلای کەسەوە شاراوە نییە گۆڕینی ڕژێمێکی سەرسەختی سوننی دژبە ئێران، بۆ سیستمێکی دیموکراسی لە وڵاتێکی وەک عێراق دا، کە زۆرینەی دانێشتوانەکەی شیعە مەزهەبن و، هەموو سەرکردە و فیگەرەکانی ئەو مەزهەبە، بەشی هەرە زۆری ژیانیان لە ئێران دا بەسەربردووە، ئاشکرایە ئەو گۆڕانکارییە لەبەرژەوەندی ئێران دا دەبێت و بە ئەنقەست ئەنجام دراوە.

ئەمە ڕاستییەکە و زۆر بەڕوونی دەرکی پێکراوە، تەنانەت وڵاتانی عەرەبی بە زانینی ئەو ڕاستیانە بەناچاری و لەژێر فشاری ئەمریکا دا، پرۆسەی ئازادی عێراقیان قەبوڵکرد.

چەندین هەوڵ هەبوون لەلایەن کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب، بەتایبەت میسر و سعودیە بۆ پاشگەزکردنەوەی ئەمریکا و پەکخستنی هێرش بۆسەر عێراق، بەڵام سەرکەوتوونەبوون. بە لابردنی سەدام و ڕژێمەکەی و واڵاکردنی عێراق لەبەردەستی ئێران دا، ململانێی خوێناوی خەفەکراوی نێوان شیعە و سوونە بەتوندی سەریهەڵدایەوە.

بەرزکردنەوەی باڵانسی شیعی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، لەسەر حیسابی سوننی و قوڵکردنەوە و زەقکردنەوەی مەزهەبگەرایی لێکەوتەوە. دواتر تەشەنەسەندنی ئەو گرژی و ئاڵۆزیە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە وەکو: سوریا، لوبنان و یەمەن، بەر ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە بوو کە لە عێراقەوە دەستی پێکرد.

گۆڕانکاری لە تەرازووی هێزدا لەبەرژەوەندی بلۆکی شیعی بۆ توندکردنەوەی ململانێکەبوو، چونکە جگەلەوەی جەمسەری شیعی تەنها یەک ستاتۆی دەوڵەتیان لەدەستدایە کە ئێرانە، هاوکات تەنها ١٥% ی جیهانی ئیسلامیی پێکدێنن، بۆیە بەردەوامی و توندکردنەوەی ململانێی نێوانیان هاوسەنگی پێویست بوو، هاوسەنگییەکەش بە واڵاکردنی گۆڕەپانی عێراق لەبەرژەوەندی ئێران ئەنجام درا، ئەمە وێڕای ڕەخساندنی هەل بۆ گروپە تیرۆریستییەکان، لەپێناو قوڵکردنەوەی ئەوململانێیەدا.

یەکێکیتر لەو ئامڕازانەی بەنزینی بەو ئاگرەدا کرد، هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق بوو، کە بەلای چاودێرانەوە هۆکارێکی کاریگەربوو لە بەهێزکردنی گروپە توندڕەوە تیرۆریستی و یاخییەکان لە ناوچە سوننی نشینەکاندا.

 

دواجار بەپێی ئەو ڕەوشەی لەنێو جیهانی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا  بەدوای ڕووخانی بەعس دا هاتەکایەوە، دوای سوربوونی دەستی شیعە و سوونە بە خوێنی یەکتر و پەلهاویشتنی پریشکی ئاگری مەزهەبی بۆ وڵاتانی تری وەکو: بەحرەین، یەمەن، سوریا و لوبنان، ئەو ڕاستییەی پیشاندا، کەوا مەترسی لە پێشینە و گەورە کە ڕووبەڕووی جیهانی عەرەب دەبێتەوە، چی دی لە ئیسرائیلەوە نییە، بەڵکو لە ئێران و بلۆکی شیعییەوەیە.

هەڵپەی ئیسرائیل لەخاکی عەرەبدا سنوردارە، کە لەوانەیە لە بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و ناوچە فەلەستینییەکانی وەکو: کەرتی غەزز و کەناری خۆرئاوا تێپەڕنەکان، بەڵام ئێران چاوی لە خاکی عەرەبە، هەرلە یەمەن، بەشێکی خاکی سعودیە، بەحرەین، عێراق، سوریا و تاوەکو لوبنان.

بۆیە چیدی ئیسرائیل دوژمنی سەرسەختی عەرەب نییە، چیدی کێشەی عەرەب - ئیسرائیل کاری لە پێشینەی شەقام و فەرمانڕەواکانی جیهانی عەرەب نییە.

پێش قوڵبوونەوەی ململانێی مەزهەبی لە ناوچەکەدا، ئەگەر هاوڵاتییەکی فەلەستینی بەدەستی هێزە ئیسرائیلییەکان بکوژرایە، کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب، شەقامی عەرەبی دەهاتنە سەر هێڵ، یان هەندێک جار دۆسەیەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرا، بەڵام ئێستا ڕەوشێک هاتە گۆڕێ، کەوا ئەمریکا دانی نا بە قودس دا وەکو پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل و دواجاریش لە مارسی ئەمساڵدا بەرزاییەکانی "جۆلان" ی وەکو بەشێک لە خاکی ئیسرائیل ناساند، هەموو ئەمانە نەک کاردانەوەی توندی لە جیهانی عەرەبیدا بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵکو لە مانگی فێبرایەری ئەمساڵ دا بۆ یەکەمجار وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە "وارشۆ" ی پایتەختی پۆڵەندا، بە ئاشکرا لەگەڵ سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل دا کۆبوونەوە و، ئامانجی کۆبونەوەکەش ئاسایشی ناوچەکە بوو.

بەواتایەکی دیکە ئەوە فوبیای شیعەگەرای و ڕۆڵی ئێران بوو وای لە سەرکردەکانی عەرەب کرد چیدی کێشەی فەلەستین پێشمەرج نەبێت بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلیدا، گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی شیعە، سەرکردەکانی عەرەبی ناچارکرد فەلەستینییەکان بەتەنها جێبهێڵن، چونکە لەمەودوا ئەوەی مەترسییە بۆ سەر عەرەب، ئیسرائیل نییە بەڵکو ئێرانە. بە پێچەوانەوە وڵاتانی عەرەبی سوننی پێویستیان بە پاڵپشتی ئیسرائیل دەبێت، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئێران.


ئەو ڕۆژەی ڕژێمی سەدام سەرنگونکرا، عێراق وەکو کێکێک پێشکەش بە ئێران کرا، بۆ ئەو گۆڕانکارییە بوو لە هاوکێشەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا ڕووی دا و ئیسرائیلی لە پێگەی دوژمنەوە گۆڕی بۆ دۆست.



ئه‌م بابه‌ته 515 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر