قەرزەکانى عێراق و ئەو ژمارانەى ڕاتدەچڵەکینن

PM:07:17:13/04/2019
دۆسیە: عیراقناسی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

لەدواى کۆتایی هاتنى شەرى داعشەوە، عێراق لەهەوڵى ئاوەدانکردنەوەى وڵاتەکەیەتى بە تایبەتى دواى ئەو کاولکارییەى کە جەنگەکان لە عێراقدا بەجێیان هێشت، بەڵام عێراق خاوەنى ئابورییەکى ماندووە، هەروەها قەرزێکى زۆرى لەسەر کەڵەکە بووە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە.

 

ئابورى عێراق بەشیوەیەکى سەرەکى پشتى بە داهاتەکانى نەوت بەستووە، بەجۆریک کە ٩٥% ئەو دراوانەى کە دەستى دەکەوێت لە دۆلار لەڕێگاى فرۆشتنى نەوتەوە دێتە ناو عێراقەوە.

 

عەبدول ڕەحمان مەشهەدانى کە شارەزایەکى ئابورییە لە ٨ ى نیسانى ٢٠١٩ ڕایگەیاند کە " عێراق ٤٨ ملیار دینارى عێراقی قەرزدارى بانکى ناوەندییە" ناوبراو لە درێژەى وتەکانیدا وتى کە " ساڵى پار عێراق تەنیا توانیویەتى ٤ ملیار دینار بۆ بانکى ناوەندى بگەڕێنێتەوە".

 

هەمان شارەزاى ئابورى ڕایگەیاند کە " قەرزەکانى سەر عێراق گەیشتۆتە ٦٦ ملیار دۆلارى ئەمریکى، ئەم قەرزەش دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا:


بەشى یەکەم: بریتییە لەو قەرزانەى سعودیە و کوەیت کە لەسەر عێراق کەڵەکە بوون، ئەمانەش لەسەر سیستەمى سیاسى پێشووى عێراق تۆمارکراون کە ٤٠ ملیار دۆلارە و جێگیرە واتە سوودى ناچێتە سەر، هەروەها دووپاتى کردەوە کە " ئەم قەرزانە بەپێی ڕێککەوتننامەو بەڵگەنامە ڕەسمییەکان تۆمار نەکراون، بۆیە لەلایەن سعودیە و کوەیتەوە هیچ هەنگاوێکى فەرمى نەهاویژراوە بۆ داواکردنەوەى"


بەشی دووەم: هەمان شارەزاى ئابورى " عەبدول ڕەحمان مەشهەدانى" وتى کە بڕی قەرزەکى ٢٦ ملیار دۆلارەو تۆمارکراوە لەسەر عێراق و قەرزى ١٨ دەوڵەتە، هەندێکیان پێویستە لەماوەیەکى دوور و درێژدا بدرێنەوە وەکو قەرزەکانى ژاپۆن و هەندێکیان پێویستە ساڵانە ئەو قەرزە بدرێتەوە.

 

هەروەها مەشهەدانى ئاگاداریدا لەوەى کە عێراق ساڵانە پێویستە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار وەکو خزمەتى قەرزەکان بدات، هەروەها داواى لە حکومەتى عێراق کرد کە کار بکات بەمەبەستى بەرگرتن لە زیادبوونى سوودى قەرزەکان، بۆ ئەوەى لە ساڵانى داهاتوودا بارگرانى لەسەر بودجەى عێراق دروست نەکات.

 

بەپێی ئاژانسى دەنگوباسى تاران "إرنا" کەلەسەر زارى وەزیرى وزەى ئێرانەوە " رەزا ئەردکانیان" ەوە ڕایگەیاندووە کە ، عێراق دەستى کردووە بە پێدانەوەى قەرزەکانى ئێران کە لە ئەنجامى هاوردەکردنى وزەى کارەباوە لەسەرى کەڵەکە بووە.

 

بەپێی لیدوانە فەرمییەکان عێراق بە بڕی دوو ملیار دۆلار قەرزاى ئێرانە لە ئەنجامى هاوردەکردنى وزەى کارەباو گاز و هەندێک کاڵاى دیکەوە لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا.

 

ئەمەو عێراق چەند ساڵیکە، ساڵانە ١٠٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئێران هاوردە دەکات بەمەبەستى پڕکردنەوەى کەمى وزەى کارەبا. لە تشرینى دووەمى ٢٠١٨ دا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەستى کرد بە جێبەجێکردنى گوزى دووەمى سزا ئابورییەکان بەسەر ئێراندا کە بوارەکانى وزە و گواستنەوەى دەریاوانى و پاڵپشتیکردنى دارایی دەگرێتەوە، ئەمەش پاش ئەوە هات کە وڵاتە یەکگرتووەکان پێشتر یەکەم گوزى سزا ئابورییەکانى بەسەر ئێراندا سەپاندبوو.

 

لەچوارچێوەى ئەم پرسەدا خاتوو سولالە سەمیم کە شارەزایەکى ئابورییە ڕایگەیاند کە" قەرزەکانى سەر عێراق زیاتر ڕەهەندیکى سیاسییان هەیە وەکو ئەوەى ڕەهەندێکى ئابوریان هەبیت، چونکە هەندێک لەو قەرزانەى عێراق لە ساڵانى پێشوودا دەتوانرا لەلایەن بازرگانان و بانکە ناوخۆییەکانەوە دابین بکرانایە".

 

سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکان خاتوو سولالە وتى کە " بێگومان ئەوانەى کەقەرزى دەرەکى دەکەن سوود مەند بوون لەو قەرزانەى کە کەڵەکە بوون لەسەر عێراق بەتایبەتى کە گەندەڵى و بەرتیل لەکۆمەڵگاى دارایی نێودەوڵەتى (وڵاتان و بانکە دەرەکییەکان) دیاردەیەکى باون.

 

هەروەها ڕوونى کردەوە کە " داهاتەکانى نەوت لە ساڵانى داهاتوودا تەرخان دەکرێن بۆ دانەوەى ئەو قەرزانە و سوودەکانیان، بۆیە عێراق ناتوانێت بۆ سالانیکى دوور و درێژ وەبەرهینان بکات لە کەرتى نەوتدا".

 

ئاماژەى بەوەشدا کە " حکومەتەکانى پێشوو جیاوازبوون لە هۆکارەکانى داواکردنى قەرزە دەرەکییەکان، بۆ نمونە حکومەتەکەى مالیکى قەرزى دەکرد بەمەبەستى کڕینى چەک و تەقەمەنى، بەڵام حکومەتەکەى حەیدەر عەبادى هۆکارى قەرزەکەى دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و خۆ سازدان بۆ جەنگەکان بەمەبەستى ڕزگارکردنى ئەو ناوچانەى کەوتبوونە دەست ڕێکخراوى تیرۆریستى داعشەوە".

 

لەم بوارەدا نوێنەرێکى کوتلەى سائیرون بە ناوى "ریاز مەسعودی" رایگەیاند کە عێراق بڕى ٧٠ ملیار دۆلار قەرزارە، هەروەها پێویستە سالانە ٩-١٢ ملیار دۆلار قەرز بداتەوە.

 

چاودێرەکان پێیان وایە کە پڕۆژە یاساى بودجەى عێراق لە سالى ٢٠١٩ ئەوەى دەرخستووە کە عێراق بڕێکى زۆر قەرزدارە و جگە لەو سوودانەى دەچێتە سەر قەرزەکان، بۆیە ساڵانە ناچارە کە ١٥% بودجەکەى بۆ دانەوەى ئەو قەرزانە تەرخان بکات.

 

هەروەها چاودێرەکان ڕایان گەیاندووە کە " بڕى سوودى قەرزەکان و قیستى ئەو قەرزانەى کە دەدرێنەوە، لەگەڵ سوودى گرەنتى قەرزەکان لە ساڵى ٢٠١٩ گەیشتۆتە ١٢ ملیار و حەوسەد و حەفتا هەزار دۆلار".

 

ئەمەو عەبدوڵا بەندەر کە ڕاوێژکاریکى ئابورییە ڕایگەیاند کە " سەرجەم قەرزە کەڵەکەبووەکانى سەر عێراق پێش سالى ٢٠٠٣ بە قەرزى ڕقئەستوور دادەنرێن کە حکومەتى عێراقی داواى نەکردووە ئەو قەرزانەى لەسەر لاببرێت"، ناوبراو پێی وابوو کە دواهەمین ڕێککەوتننامە لەگەل سندوقى دراوى نێو دەولەتیدا زیان بە هەژارەکان دەگەیەنیت و سوودى دەبیت بۆ دەوڵەمەندەکان، ئەوەش بەهۆى زیادکردنى نرخى سوتەمەنییەکان و کەمکردنەوەى پاڵپشتى خواردەمەنییەکان و بەرزکردنەوەى خەرجییەکان.

 

هەر لەم بوارەدا ئاژانسى پۆلێنکردنى دڵنیایی " ستاندارد ئاندبۆرس" ڕایگەیاند کە قەرزەکانى سەر حکومەتى عێراق لەماوەى چوار ساڵى داهاتوودا زیاتر دەبێت، ئاماژەى بەوەش دا کە کورتهینان لە بودجە و هەژمارى ڕۆیشتووشى دەچێتە سەر.

 

سەرچاوە : ناس نیوز



ئه‌م بابه‌ته 322 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر