شوناس و دەوڵەت!

پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕو یەکتر تەواوکەر لە نێوان شوناس و دەوڵەتدا ھەیە، دەوڵەت، بنەمایە بۆ بەدەستھێنانی شووناسی نەتەوەی ئامادەو خاوەن پێناس، ھاوکات شوناس، بنەمایە بۆ ناساندنی نەتەوە، ھەردووکیشیان پێکەوە واتە: دەوڵەت و شوناس، لەسەر بنەمای ئامادەبوون بەدەست دێن.
PM:07:32:10/04/2019
دۆسیە: نەتەوەسازی
ئەرکی نوخبەی سیاسی و حیزبی و ئیداری و ڕۆشنبیری سیاسی و ھێزی نەتەوەیی کراوەو بڕوابوو بە ئایندەو نوخبەی پیشەیی و تەکنۆکراتی کوردستانییە، کە بە دوو ئاراستە ئیش بکەن: یەکەم، کارکردن بۆ دروستکردنی دەوڵەت. دووەم، ھاوکات نەتەوەسازی و بەستنەوەی ئەو کارکردنەش بە نەتەوەسازیەوە.

عەتا قەرەداخى
نوسەر

پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕو یەکتر تەواوکەر لە نێوان شوناس و دەوڵەتدا ھەیە، دەوڵەت، بنەمایە بۆ بەدەستھێنانی شووناسی نەتەوەی ئامادەو خاوەن پێناس، ھاوکات شوناس، بنەمایە بۆ ناساندنی نەتەوە، ھەردووکیشیان پێکەوە واتە: دەوڵەت و شوناس، لەسەر بنەمای ئامادەبوون بەدەست دێن.

شوناس و دەوڵەت

شوناس و دەوڵەت، دووانەیەکی پێکەوە ‌بەستراون، کە بوونی ھەردووکیان پێکەوە، مانای بوونی نەتەوە، دووەمیان "دەوڵەت"، بنەمای پێویستە بۆ دەستھێنانی یەکەمیان.

واتە ناشێت پێکھاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەیی، ببێتە خاوەنی شوناس، بە بێ بوونی دەوڵەت. بەبێ بوونی شوناس، مرۆڤ چ وەکو تاکەکەس و، چ وەکو کۆمەڵگە، یان نەتەوە، بوون و ئامادەبوونی نابێت، یان بەلایەنی کەمەوە، ناسەلمێنرێت و دانیپێدا نانرێت.

تەنانەت ئەگەر ھەر بەشدارییەکیشی ھەبێت لە بنیادنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا، مادەم شوناسی نییە، ئەو بەشداریکردنەش تۆمار ناکرێت. چونکە ھەموو تۆمارێک بە ناوی شوناسەوە دەکرێت.

شوناسیش بە بێ بوونی دەوڵەت، بوونێکی جیھانی نییە. واتە ئەگەر بوونیشی ھەبێت، ئەوا بوونێکی لۆکاڵییە.

کەواتە کورد وەکو نەتەوە چی بکات، چی پێشکەش بکات لە داھێنان، لە ھونەر لە ئەدەب، لە دیموکراسی لە پاراستنی مافی تاکەکەس، یەکسانی ژن و پیاو، لە سیماکانی کۆمەڵگەی ھاوچەرخ، مادەم دەوڵەتی نەبێت، ئەوانەی پێشکەشی دەکات، ھیچ بەھایەکیان نابێت بۆ ئەم خۆی وەکو نەتەوە لە ڕووی دانپێدانانی ئەوانیترەوە. چونکە بەبێ بوونی دەوڵەت شوناسێک نییە، ناوی شوناسی نەتەوەیی بێت.

بۆ کوردیش ئەمە ڕاستە، واتە کاتێ کورد دەوڵەتی نییە، ئەوا مانای وایە خاوەنی شوناسێکی دانپێدانراو نییە، ھەتا ئەوەی پێشکەشی دەکات بەناوی ئەو شوناسەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و، لە یادەوەری مرۆڤایەتیدا، تۆمار بکرێت.

بێگومان بوونی ھەر نەتەوەیەکیش بەو بەرھەمانە دیاری دەکرێت کە پێشکەشی دەکات، کەواتە ھەر پێکھاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەیی تاکو شوناسی نەبێت، ھیچ پێشکەشکردنێک بە ناوی ئەوەوە نابێت. ‌واتە لەبارێکی وەھادا، بوون و ئامادەبوونی نابێت، یان کۆی بەرھەمەکانی و بەشداریکردنەکانی، لە غیابی شوناسدا، بەھایەکیان نابێت.

شوناس کەى بەدەست دێت؟

ئەو شوناسەی کە بوونی گەوھەرو ماھیەت و ئامادەبوونی نەتەوەیە، بەبێ بوونی دەوڵەت بەدەست نایەت. لە کاتێکدا کە شوناس بنەمایە بۆ ئەوەی بوونێکی دانپێدانراو بیت، بەبێ بوونی دەوڵەت نە چاوی ئەویتر دەتبینێ، نە گوێی ئەویتر دەنگت دەبیستێت، تەنانەت ئەوەی دەیڵێیت نابێت بە دەنگ، نە بەشدارییەکانت بۆ ھەژمار دەکرێت، ھەموو ئەمانەش ئەو بەربەستانەن کە ناھێلن تۆ وەکو نەتەوە بوونت بۆ تۆمار بکرێت.

واتە لەبارێکی وەھادا، تۆ لە پەراوێز یان لە دەرەوەی مێژوو دەبیت. بەڵام کە دەوڵەتت ھەبوو، مانای وایە ناوت ھەیە، بەو پێیە شوناستیشت دەبێت،  شوناسێک کە تایبەتمەندییەکانی تۆی ھەڵگرتووەو، تۆی پێ دەناسرێتەوەو، تۆی لەوانی تر پێ جیادەکرێتەوە.

کەواتە کە دەوڵەتت ھەبوو، بوونت دەبێت، بە پێچەوانەشەوە کە دەوڵەتت نەبوو، تۆ لە ڕووی واقیعیەوە بوونت نابێت، یان ئەوانیتر دان بەبوونتدا نانێن، چونکە تۆ نەبوویتەتە بووەیەکی خاوەن شوناس.


کەواتە کورد بۆ ئەوەی ببێتـە خاوەنی شوناس، بۆ ئەوەی ئەوانیتر دان بە بوونیدا بنێن، بۆ ئەوەی بەشداریکردنەکانی لە بنیادنانی شارستانێتی و مێژووی مرۆڤایەتیدا بەھێند وەربگیرێن و، دانیان پێدا بنرێت، بۆ ئەوەی ھەبێت و بوونی بۆ تۆمار بکرێت، دەبێت دەوڵەتی ھەبێت.

کەواتە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت ببینە بوویەکی خاوەن شوناس و ئامادەو بەشدار لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پێکبھێنین. ھەوڵنەدان و ھەنگاونەنانی جیدی بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، مانای مانەوە لە پەراوێزدا، مانەوە لە سایەی داگیرکەرانی کوردستاندا، واتە ڕازیبوون بەوەوی کۆیلەو ژێردەستەی داگیرکەران بین، ڕازیبوون بە کۆیلایەتی مانای ڕازیبوون بە داننان بەوەدا کە ئێمە لەوانی تر کەمترین، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت ملکەچ و خزمەتکاری داگیرکەرانی کوردستان بین، مانای ئەوەیە ئێمە خۆمان بەشایانی ئەوە نازانین بچینە نێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە، مانای ئەوەیە ئێمە خۆمان لەو ئاستەدا نابینین کە ببینە خاوەنی شوناسی تایبەت بە خۆمان، کە ئەو شوناسە گەوھەرو ماھیەتی ئێمەی وەکو تاکەکەس و وەکو نەتەوەش، لەخۆیدا ھەڵگرتووە.

سەربەستی مرۆڤ، تەنیا لە دەوڵەتدا بوونی دەبێت، بوونی مرۆڤیش تەنیا لەسەربەستیدا پێناسەی تەواوەتی ھەیە، کەواتە ئێمەی کورد بۆ ئەوەی شوناسمان ھەبێـت، دەبێ ڕزگاربین لە دەستی داگیرکەران، ڕزگاربوونیشمان تەنیا لە سەربەخۆیی و دەوڵەتدا دەگاتە ئەنجام.

کەواتە ئەگەر دەوڵەتمان نەوێت، مانای وایە کەموکورتی لە بوونی کەسێتی ئێمەدا ھەیە، چ وەکو تاکەکەس و چ وەکو کۆمەڵگە. بێگومان مرۆڤ تەنیا لە سایەی دەوڵەتدا دەتوانێت گوزارشت لە بوونی خۆی بکات، ئەویش دەبێ دەوڵەتێکی ئازاد و دیموکراتی بێت.

بۆیە ئەرکی ئێمەی کورد ئەمەیە:

یەکەم، دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بۆ ئەوەی بێینە ڕیزی ئەوانی ترەوەو ببینە خاوەنی شوناس و لە دەرەوەی مێژووەوە بگوازینەوە بۆ ناو مێژوو.

دووەم، دوای دروستبوونی چوارچێوەی دەوڵەتەکە، دەبێت ھەموو توانای خۆمان بخەینەکار بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتە بکەینە نمونەیەک کە شایانی ئەوە بێت مرۆڤ بە سەروەری و بە کەرامەتەوە لەسایەیدا بژی و، بەکردەوە ھەست بکات ئەم دەوڵەتە لەو ئاستەدایە کە مرۆڤ بە کەرامەتەوە لە سایەیدا بژی و، پارێزەری سەرو بوون و شوناس و ھەموو مافەکانیەتی و، لە ڕێگای ئەم دەوڵەتەوە قۆناغی ھەست بەکەمیکردنی نەتەوەیی کوردیی و، مانەوەی دوورو درێژی لە پەراوێزی مێژوودا کۆتایی دێت و، ئەم وەکو نەتەوە دەبێتە بکەرێکی بەشدارو کارا لە بنیادنانی مێژوو شارستانێتی مرۆڤایەتیداو، لەئاستی ناوخۆشدا لە ناو چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا نەتەوەسازی دەکات.

واتە کورد لە ڕێگای پێکھاتنی دەوڵەتەوە، لە کاری بەردەوامدا دەبێت بۆ بوون بە نەتەوەو، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ بە جیدی کاربکات بۆ ئەوەی دەوڵەتەکەی نمونەی فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنی باش بێت و، شایان بە ئەوێک بێت کە بەدرێژایی مێژووی نووسراو و زانراوی چەوساوەو ژێردەستەی ئەوانی تربووەو، پێ لە بوونی نراوەو نەک ھەر مافی خوراوە، بەڵکو لە مافی بوون و ژیانیش بێبەش کراوە.

کەواتە بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی بوون، بگەینە ئاستی بەدەستھێنانی شوناس، بگەینە قۆناغێک کە ئیتر بێ ترس و نیگەرانی بژین، دەبێ دەوڵەت پێکبھێنین. بێجگە لە کۆشش کردن بۆ دروستکردنی دەوڵەت، ھەرچیەک بکەین بێ ئەنجامەو خولانەوەیە لەسەر بازنەی داخراوی ڕابردوو، ئەو بازنەی کە کورد تا لێی نەیەتە دەرەوە نە دەبێتە خاوەنی شوناس، نە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، نە تامی ئازادی و سەربەستی دەکات، بەڵکو بە ژێردەستەیی و لەبەردەم مەترسی بەردەوامدا دەمێنێتـەوە.

ھاتنە دەرەوە لەسەر ئەو بازنە داخراوە، تەنیا بە دروستکردنی دەوڵەت دەبێت، ئەوەش مانای دروستکردنی دابڕانە لەگەڵ ڕابردوودا، ڕابردوویەک کە ئەم تێیدا داگیرکراو و چەوساوەو ژێردەستە بووە، ڕابردوویەک کە تێیدا ئەوانی داگیرکەر بکەرو ئەمیش بەرکاربووە.

چۆن دەبیتە خاوەنى شوناس؟


بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی شوناس، دەبێت ببێتە بکەرێکی ڕووداو دروستکەرو بەرھەمھێن، ئەویش تەنیا بە ھەڵوەشاندنەوەی مێژووی داگیرکردن و سەربەخۆبوونی دەبێت.  

 
ئێمە دەزانین کە تاکە چارەسەر بۆ کورد پێکھێنانی دەوڵەتە، بەڵام ئایا چۆن سەیری پرۆسێسی بەنەتەوەبوون بکەین لە دروستبوونی ئەو دەوڵەتەدا؟ ئایا تەنیا ئەوە بەسە ئێمە دەوڵەت پێکبھێنین، یان دەبێت شانبەشانی ئەوەش نەتەوەسازی بکەین، واتە بەجیدی کاربکرێت و زەمینەسازی بکرێت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا، بۆ ئەوەی کورد وەکو نەتەوە ببێتە بکەرێکی خاوەن شوناس و ئامادەو ڕووی ئەوەی ھەبێت بەشداری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات وەکو ڕەگەزێکی ئەرێنی و شارستانی؟ نەک وەکو ھەندێ لە دەوڵەتانی ئێستای دنیا ناکاراو پەراوێزی بێت و، زەمینەیەک بێت بۆ دیلێتی مرۆڤ و کوشتنی ئازادییەکان و، لەبری بەشداری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، باربێت بەسەرئەو کۆمەڵگەیەوە وەکو زۆرێک لە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی بەشێک لە دەوڵەتانی ئەفریقاو ئاسیاو ئەمەریکای لاتین.

بێگومان زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی دەوڵەتی پێشبینیکراوی کوردستانی لە جۆری ئەو دەوڵەتە شکستخواردو خراپانە نەبێت.

 
بێگومان کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکە ڕەوتی پەرەسەندنی نە لەسەر شێوەی ڕۆژئاوایە، کە چینی ناوەند دروست بووبێت و ئەو چینە دەوڵەتی نەتەوە یان دەوڵەتی نوێی دروست کردبێت. واتە شێوەی پەرەسەندنی کۆمەڵگەی کوردی لەبەر ھۆکارەکانی کۆنەبوونەوەی ئابوری و دروستنەبوونی فیدراسیۆن و بە شێواوی دەرکەوتنی ھەست و ھوشیاری نەتەوەیی و، دەرکەوتنی ناسیونالیستێکی نابەکام و لەپاڵ ئەوەشدا ئەرکی ئەو ناسیونالیزمە لەبری دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوە، بووەتە ڕابەرایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و، لەو ڕووەشەوە نەبووەتە ھەڵگری پرۆژەی ناسیونالیزم، کە دروستکردنی دەوڵەتە، تەنانەت لە جێبەجێکردنی ئەرکی ڕزگاریی نیشتیمانیشدا جیدی و بە توانا نەبووەو، بەردەوام سەوداگەری لەگەڵ داگیرکەرانی وڵاتدا کردووەو، ئەگەر لە کاتێکدا لە باشوری کوردستان دژی داگیرکەری عێراقی جەنگابێت، ئەوا لە پەیوەندی باشدا بووە لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تری بەشەکانی تری کوردستان،‌ ئەمەش لە لایەک واقیع دەوری ھەبووە لە ناچارکردنیدا، لە لایەکی تریشەوە بێ بەرنامەیی و بێ شوناسی ئەو بزووتنەوانەی ئێمە دەردەخات، کە تا ئەندازەیەکی ئاشکرا لەو توخم و ڕەگەزانە ڕووتکراوە بوون، کە بانگەشەیان بۆ کردوون.

ھەر لەم ڕوانگەیەوەیە کە لە ئێستاشدا گومان دەکرێت کە ئەم ھێزانەی ئێستا بتوانن دروستکەری دەوڵەتی کوردی بن، بەو شێوەی کە شایانی ھاوڵاتیانی ئەم وڵاتە بێت، بەڵام نابێت ئەم گومانە ببێتە ھۆی ڕەتکردنەوەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، چونکە وەکو گوتمان چارەسەر تەنیا دەوڵەتە.

کەواتە پرسیار ئەمەیە ئایا ئەم ھێزانە دەتوانن نەتەوەسازی بکەن، یان دەتوانن نەتەوە کە وەکو مادەیەکی خاوە ئامادەی بکەن بۆ بەرھەمھێنانی دەوڵەت؟. تا ئێستا نەتوانراوە لە ڕێگای نەتەوەسازیەوە دەوڵەت دروست بکرێت، واتە نەتەوەیەکی خاوەن شوناسمان ھەبێت و لە پەرەسەندنی سروشتیی خۆیدا چینی ناوەند یان بۆرژوای نیشتیمانی دەوڵەت پێکبھێنێت، لەسەر ئەو شێوەیەی کە لە ڕۆژئاوا دەوڵەتی نەتەوە پێکھاتووە، یان وەکو ئەوەی لە ھوانگ کۆنگ و تایلاند و سەنگافورەو... کە دەوڵەت لە دوای پرۆسێسەکانی نەتەوەسازیەوە دێت.


شێوەی دووەم، ئەو تێزەیە کە لە لایەنگری ئەوەیە لە ڕێگای دەوڵەتسازیەوە نەتەوە درووست بکەین، کە ئەمەیان ئەو چەمکە باوەیە ئێستا مۆدێرنێتە پاڵپشتی دەکات. ئەو دەوڵەتانەی لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەندێ شوێنی تر لە غیابی نەتەوەدا دروستکران، وەکو چوارچێوەیەک بۆ ئەوەی لە ناو ئەو چوارچێوەیەدا نەتەوە دروست ببێت، ئەوە ڕاستە دەوڵەت دروست بوو، بەڵام لە ناو ئەو چوارچێوەیەدا کە چوارچێوە یان قاڵبی دەوڵەتی ئامادەکراو بوو، زۆرینەی ڕەگەزو بەرھەمەکانی مۆدێرنێتە ھێنرانە نێو قاڵبی دەوڵەتەکەوە، بەڵام دوو توخم یان دوو ڕەگەزی سەرکی تیایدا غائیب بوون، ئەویش:

یەکەمیان، بکەری نەتەوە بوو.

دووەمیان، عەقڵی مۆدێرن بوو.

واتە بەرھەمەکانی مۆدێرنێتە ھێنران بە بێ ئەو عەقڵەى بەرھەمی ھێناون، یان بەرھەمیان دەھێنێت، کە ئەوەش ڕژێمە تۆتالیتارە پاڵپشتکراوەکانی بە چەک و تەقەمەنی ڕۆژئاواوە بەرھەمھێنا. کە ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چەمکی ھاوڵاتیبوون و، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی ژن و پیاو، بە بێ بوونی بکەری نەتەوەو عەقڵی مۆدێرن، لەچوارچێوەی دەوڵەتەدا درووست نابن و جێناگرن.

سەرئەنجام، ئەو دەوڵەتانەی بەو جۆرە دروستکران، نەیانتوانی لەڕێگای دەوڵەتسازیەوە، نەتەوەسازی بکەن و نەتەوە درووست بکەن.

ئێمە کاتێک دەڵێین دەوڵەت چارەسەرە، ھەرگیز نامانەوێت چوارچێوەی دەوڵەت دروستبکرێت بەبێ بکەری نەتەوەو عەقڵی مۆدێرن، کە عەقڵی دروستکردنی نەتەوە یان نەتەوەسازیە.

واتە دەمانەوێت دەوڵەتێک دروست بکەین، جیاواز لەو شێوەیەی دەوڵەتانی ناوچەکەی پێ دروست بوو، بەڵکو دەمانەوێت دەوڵەتێک دروست بکرێت لە کوردستاندا، کە بنەمای سەرەکی و ئەرکی یەکەمی ئەو دەوڵەتە، نەتەوەسازی بێت، واتە پێکھێنانی نەتەوە، ئەویش بەو چەمکە نا کە لە ناوچەکەدا نەتەوەی شۆڤێنیزم یان رەیسیزمی بەرھەمھێنا، بەڵکو نزیک لەو شێوەیەی کە لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستدا دەوڵەتی کۆریای باشوری پێدرووستبوو، کە نەتەوەسازی بوو بە ڕۆحی ئەو دەوڵەتەی کە لە دوای ڕزگاربوون لە کۆریای باکوردا دروستکرا. 

ئەرکی نوخبەی سیاسی و حیزبی و ئیداری و ڕۆشنبیری سیاسی و ھێزی نەتەوەیی کراوەو بڕوابوو بە ئایندەو نوخبەی پیشەیی و تەکنۆکراتی کوردستانییە، کە بە دوو ئاراستە ئیش بکەن:

یەکەم، کارکردن بۆ دروستکردنی دەوڵەت.

دووەم، ھاوکات نەتەوەسازی و بەستنەوەی ئەو کارکردنەش بە نەتەوەسازیەوە.

واتە ئێمە ناتوانین بگەڕێنەوە بۆ ئەو شێوازەی لە ڕۆژئاوا دەوڵەتی بەرھەمھێنا، ناشتوانین بەوە ڕازیبین کە دەوڵەتی کوردی لەسەر ئەو شێوازەی پێکھێنانی دەوڵەتانی وەکو عێراق و سوریاو یەمەن و سعودیەو تونس و مەغریب و سۆماڵ و بەنگلادیش و لیبیا...هتد پێکبێت.

کەواتە دەبێت دەوڵەت و نەتەوەسازیی پێکەوە ببەستینەوە، ھەر لەبەرئەوەشە شوناسی نەتەوەو شوناسی دەوڵەت، دەبێت وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو سەیر بکەین. بەڵام دیسان لێرەشدا گرفتی غیابی بکەری ھەڵگری پرۆژەیەکی لەم جۆرەمان ھەیە، ئەویش بکەری نەتەوەیە، بە مەرجێ ھەڵگری دیدو عەقڵی مۆدێرن بێت، عەقڵێک کە بڕوا بەوە بھێنێت کە بۆ ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی شوناس و بێتـە ناو مێژووەوە، دەبێت بکەرێتی خۆی بە کردەوە بسەلمێنێت و کار بۆ سەربەخۆیی و بنیادنانی دەوڵەت بکات، دەبێت لەوەش تێبگات کە رۆحی ئەو دەوڵەتەی دروست دەکرێت، دەبێت نەک ھەر بارگاویکرابێت بەڵکو داگیرکرابێت بە نەتەوەسازییەکی کراوەو ھاوچەرخ و،  بە عەقل و تێڕوانینی نوێی بڕوابوو بە دەوڵەتی یاساو دەوڵەتی ماف و دەوڵەتی ھاوڵاتی، کە لە سایەی ئەو دەوڵەتەدا، شوناسی کورد شوناسێک بێت جێگای شانازی پێوەکردن بێت و، ھێزی ئەوەی ھەبێت لە ململانێی شوناس و شارستانێتیەکاندا، لەسەر پێی خۆی ڕابووەستێت و، خۆی بۆ دەرەوەی خۆی نمایش بکات.

ئەمەش دیسان کاتێک دەبێت کە کورد، خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت و خۆی بکەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری و کلتوری سەرجوگرافیای خۆی بێت.



ئه‌م بابه‌ته 938 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر