هەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانییەکان پاڵنەرە پەنهانەکانى پشت بڕیارى ترامپ سەبارەت بە "جۆلان"

PM:11:14:08/04/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

سەرەڕاى ئەوەى کە سەرۆک ترامپ لە دێسەمبەرى ٢٠١٧ دانى بە قودسدا نا وەک پایتەختى دەوڵەتى ئیسرائیل وەکو جێبەجێکردنێک بۆ پەیمانەکانى لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکەیدا، بەڵام پەیمانەکانى ئەوەى تیادا نەبوو کە دان بە بەرزاییەکانى جۆلاندا بنێت وەک خاکێکى ئیسرائیلی کە لەلایەن کۆمەڵگاى نێودەوڵەتییەوە وەکو هەرێمێکى داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە ناسێنراوە، هەروەها ئیسرائیلیش هیچ ڕەوایەتییەکى بەدەستەوە نییە تاوەکو بیخاتە سەر خاکى وڵاتەکەى، ئەمەو بینیامین ناتانیاهۆى سەرؤک وەزیرانى ئیسرائیل هەوڵى داوە کە ڕەوایەتى بەوە بدات و بەوەى کە ئیسرائیل خاوەنى مافی ئایینى و مێژووییە لە بەرزاییەکانى جۆلاندا، بەو پێیەش دەتوانرێت بوترێت کە چەندین پاڵنەر هەیە لەپشت بڕیارەکەى ترامپەوە وتەنیا ئەوەندە نییە کە پاڵپشتیکردنێکى سانا بێت لەلایەن واشنتۆنەوە بۆ هاوپەیمانە دێرینەکەى کە تەل ئەبیبە، یان تەنیا بریتی بێت لە پاڵپشتیکردنى ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوودا، ئەمەش ئەو پرسەیە کەئەم شیکردنەوەیە لەخۆى دەگرێت.

 

پاڵنەرە پەنهانەکان

 

لۆژیکى نییە ئەگەر ترامپ ئەم بڕیارەى بەشێوەیەکى کتوپڕ و بێ لێکۆڵینەوەیەکى پێش وەختە دابێت، هەروەها بڕیارەکەى مەبەست لێی پشتگیرى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بێت " بینیامین ناتانیاهۆ" لە هەڵبژاردنەکانى مانگى چواردا، چونکە بڕیارەکە چەندین کاریگەرى نەرێنى لەسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەجێ هێشووە، لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخى ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکاندا خراپ نییە، چونکە زۆرێک لە ڕاپرسییەکان ئەو ئەنجامە دەدەن بە دەستەوە کە سەرکەوتووى یەکەم دەبێت، هەر بۆیە ناکرێت پاڵنەرەکانى ترامپ لەم هۆکارانەدا کۆبکرێنەوە.

 

دەکرێت بڕیارەکەى ترامپ ببەستینەوە بە پێشهاتە نوێکانى ناوچەکەوە، وەکو ڕاگەیاندنى ترامپ کۆتای هاتنى ڕێکخراوى داعش، و نیازى سەبارەت بە کشانەوەى سوپاى ئەمریکا لە سوریا، هەروەها ڕاگەیاندنى سەبارەت بە چارەسەرى کێشە ئیسرائیل – فەلەستین بەر لە هەلبژاردنەکانى ئیسرائیل. چونکە سەرەڕاى ئەوەى کە دەوترێت سەبارەت بەوەى کە بڕیارەکەى ترامپ دەبێتە هۆى بەهێز بوونى هاوپەیمانێتى نێوان ئەسەد و ڕوسیا و ئێران، پێچەوانەى ئەوەش چاوەڕێ کراوە، ئەوەش ئەوەیە کە ترامپ کارى بۆ دەکات، چونکە ئەم بڕیارە سەرۆکى سوریا ناچار دەکات کە جارێکى دیکە چاو بە هەژمارەکانى خۆیدا بخشێنێتەوە، بەتایبەتى کە مانەوەى لە بەرەیەکى دەڵەمەییدا چ سوودێکى پێ دەگەیەنێت، بەتایبەتى کە لەکاتى ئیستادا ئەو ئامڕازانەى بەدەستەوە نییە کە سوریا وەک فاکتەرێکى بەهێز بهێڵێتەوە، بەتایبەتى ئەو بابەتانەى کە ئێستا بۆ سوریا گرنگن وەکو: هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى سەرجەم ئەو هەرێم و زەوییانەى کەلەماوەى قەیرانى سوریا لەدەستى دابوو، ئاوەدان کردنەوەى سوریا و گەڕاندنەوەى جۆلان.

 

پێدەچێت ترامپ هەمان تەکتیکى ڕیتشارد نیکسۆنى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا پەیڕەو بکات کە تیایدا میسرى ناچارکرد کەلە بەرەى یەکێتى سۆڤییەت بێتە دەرەوە بەمەبەستى بەدەستهێنانەوەى بیابانى سینا کەلە ساڵى ١٩٦٧ ەوە داگیرکربوو، ئەوەش لەژێر چەترى ئەو پڕوپاگەندانەى کە مانەوە لەبەرەى سۆڤییەت نابێتە هۆى گەڕانەوەى سیناى داگیرکراو، بەتایبەتى لەگەڵ دەستپێکردنى سیاسەتى هەماهەنگى " سیاسة الوفاق"، پێدەچێت لەکاتى ئێستادا ترامپ بیەوێت بەو ئامانجە بگات، بەوەش ئەیەوێت پەیامێک بە سوریا بگەیەنێت ئەویش ئەوەیە کە ڕوسیا و ئێران لە بارودۆخێکى ئابورى قەیراناویدان، هەروەها ناتوانن ڕووبەڕووى هاوپەیمانى ئەمریکا – ئیسرائیل ببنەوە لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە ناتوانن یارمەتى بدەن لەسەر بەردەوام بوونى لە حوکمداریکردن، هەروەها یارمەتیدەرى نابن لە بوارى یەکخستنەوە و ئاوەدانکردنەوەى سوریا، بە واتایەکى دیکە، پێویستە هەڵبژێرێت لە نێوان مانەوەى لە بەرەى ئێران – ڕوسیا ئەوش کە دەبێتە هۆى ئەوەى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە و هەروەها ناتوانێت لەو بەرەیەدا هیچ لە ئامانجەکانى خۆى بپێکێت، یان بەرەکەى خۆى بگۆڕێت و بەوەش پاڵپشتى ئەمریکا بەدەست دەهێنێت بەهۆى دەرکردنى ڕوسیا لە ناوچەکە.

 

لەگەڵ ئەوەى بەجێهێنانى ئەم سیناریۆیە زەحمەتە هەرچەندە پێشینەیەکەى بەدیدەکرێت لە بڕیارەکەى ترامپدا، بەڵام ئەم شێوازەش دوور نییە لە شێوازى بەڕێوەبردنى دۆسیەکانى سیاسەتى دەرەوە لە لایەن ترامپەوە کە زیاتر بە شێوازى مامەڵەکردن دەردەکەوێت، لەبرى ئەوەى سیاسەتەکانى پاڵپشت بێت بەکۆمەڵە ڕاستییەکى بینراو یان وتووێژکردن بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ یان بینینى ڕۆڵی نێوەندگیر لە هەندێک کاتى دیاریکراودا.

 

بانگەشە ئیسرائیلییەکان

 

دواى واژۆکردنى بڕیارەکە بنیامین ناتانیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دووپاتى کردەوە کە ئیسرائیل خاوەنى مافی ئایینى و مێژووییە لە جۆلاندا، ئەوەش کاتێک ڕایگەیاند کە" خاوەندارێتى ئەم خاکە دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە، ئێمە لەبەرزاییەکانى جۆلاندا ڕەگ و ڕێشەى مێژوویمان هەیە، کاتێک خاکى ئەم ناوچەیە هەڵدەکەنیت یەکسەر گۆزەیەکى یەهودى دەدۆزیتەوە و ئێمەش بەشێوەیەکى مۆدێرن چاکى دەکەینەوە، گەڕاینەوە بۆ جۆلان، ئەوەش بەپێی مێژوو، هەروەها بەپێی مافی بەرگریکردن لەخۆمان مافی خۆمانە، سەرۆک ترامپ دانی بەوەدا ناوە".

 

ناوبراو بەشێوازێکى نزیک لەم وتانە هەمان قسەى لە کاتى ئەنجام دانى کۆنگرەى پەیوەندییە گشتییەکانى ئەمریکا – ئیسرائیل "ئیباک" لە بارەگاى وەزارەتى بەرگرى کەلە واشنتۆن بەسترابوو، دووبارەکردەوە، ناوبراو سوپاسی سەرۆکى ئەمریکاى کردو وتى" ناتوانین دەست لەبەرزاییەکانى جۆلان هەڵبگرین بۆ ئەوەى بەرگرى لەخۆمان و مێژووەکەمان بکەین، هەرگیز دەستى لێ هەڵناگرین، ئەو بەشێکە لە ئیسرائیل" هەروەها وتى کە ئەو بڕیارە لە چوارچێوەى کۆمەڵ بڕیارێکى مێژوویدا هاتووە کەسەرۆک ترامپ بڕیارى لێ داون و لە نێویشیاندا داننانە بە قودس وەک پایتەختى ئیسرائیل، و گواستنەوەى پایتەختى ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، و هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران. ئەمەش تەواو پێچەوانەى ئەو وتارەیە کە یەهودییەکان دووپاتى دەکەنەوە و لە نێویشیاندا یەهودییە دیندارەکان بەتایبەتى سەبارەت بە بوونى پەیوەندییەکى مێژووى نێوان یەهودییەکان و بەرزاییەکانى جۆلان، پێدەچێت ئەمە بریتى بێت لە هەوڵێکى ناتانیاهۆ بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بڕیارەکەى ئەمریکا، بۆ ئەوەى بڕیارەکە چڕنەبێتەوە لە بوارى پاراستنى ئاسایشی ئیسرائیلدا، بەڵکو فراوانتر بکرێت بەوەى بوترێت کە ئیسرائیل مافی ئایینى و مێژووی لە جۆلاندا هەیە، ئەمەش بە ڕوویەکى دیکەدا ئەوە دەگەیەنێت کە ناتانیاهۆ بڕواى بەوە نەهێناوە کە بڕیارەکەى ئەمریکا بڕیارێکى یەکجارەکییە و لێی پاشگەز نابێتەوە.

 

بەکارهێنانى بڕیارەکە لەلایەن ئەنقەرەوە

 

پێدەچێت ئەم بڕیارە کاریگەرییەکانى بۆ تورکیاش بکشێت، چونکە لەوانەیە ئەنقەرە ئەو بڕیارەى ترامپ بکاتە پاساوێک بۆ ئەوەى کە ئەویش وەکو ئیسرائیل بەشێک لە باکورى سوریا داگیر بکات بە پاساوى ئەوەى کە ئەو سنوورانە پێویستن بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی تورکیا، هەروەها وەک ئامڕازێک بەکارى بهێنێت بەمەبەستى سازشکردن لەگەڵ بەرەکانى دیکە لە ناوچەکەدا وەکو بەرەى ئیسرائیل.

 

ئەنقەرە پێی وایە کە ئەم بڕیارە ڕۆڵى لە ناوچەکەدا فراوانتر دەکات، لەم بوارەدا مەولود چاوش ئۆغلۆى وەزیرى دەرەوەى تورکیا ڕایگەیاند"کە دژ بە بڕیارەکەى ترامپ سەبارەت بە داننان بە جۆلان وەکو خاکى ئیسرائیل، وڵاتەکەى ڕۆڵى تەواوى خۆى لەسەرجەم بوارە نێودەوڵەتییەکاندا دەگێڕێت، لە نێویشیاندا نەتەوە یەکگرتووەکان".

 

ئەم هەڵوێستەى تورکیا دەبێتە هۆى قووڵ بوونەوەى ناکۆکییەکانى نێوانى لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکاندا، ئەم ناکۆکییانەش قووڵتر دەبنەوە ئەگەر ترامپ دەستپێشخەرییەکەى خۆى پێشکەش بکات بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ئیسرائیل – فەلەستین، هەروەها لەکاتى تێپەڕاندنى ئەوە تورکیا ڕۆڵى نابێت لە ڕێکخستنەوەى ئەو بارودۆخە هەرێمایەتییەى کە لەو دەستپێشخەرییە دەکەوێتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە بڕیارەکەى ترامپ لە سەرەتادا ببێتە هۆى لێکنزیک بوونەوەى زیاترى تورکیا و ڕوسیا و ئێران سەبارەت بە چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ململانێکان لە سوریادا، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە زۆر ناخایەنێت، بۆیە هەربەزوو ناکۆکییەکان لە نێوان ئەم بەرە دەڵەمەییەدا سەر هەڵ دەدات، بە تایبەتى کە کردنە دەرەوەى ڕوسیا و ئێران لە سوریا ئامانجێکى ستراتیژى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتى.

 

سەرچاوە: المستقبل للابحاث والدراسات المتقدمة     



ئه‌م بابه‌ته 206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر