هەژمارکردنى سوپاى پاسدارانى ئێران لە لیستى تیرۆردا چى دەگەیەنێت؟

PM:10:21:08/04/2019
دۆسیە: نێودەوڵەتی


یه‌كه‌ی وه‌رگێڕان
بۆردی ئه‌كادیمی ناوه‌ندی چاوی كورد

ئیدارەى سەرۆک دۆناڵد ترامپ، سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى خستە ناو لیستى تیرۆرەوە.

 

وا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم هەنگاوە زیاتر ببێتە هۆى کەنارگیربوونى ئێران، هەروەها کاریگەرى قووڵى دەبێت لەسەر سیاسەتى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

 

لەهەمانکاتدا ئەم هەنگاوە هاوتا دێت لەگەڵ سەپاندنى سزاى ئابورى بەسەر ئێراندا بە شێوەیەکى گشتى، ئەو سزایانەش بلۆککردنى ئەو نەختینانە دەگرێتەوە کە سوپاى پاسداران لە وڵاتە یەکگرتووەکان هەیەتى و قەدەغەکردنى مامەڵەکردنى ئەمریکییەکان لەگەڵیاندا، یان یارمەتی دانیان لەڕووى داراییەوە بە مەبەستى پاڵپشتی کردنى چالاکییەکانیان.

 

بۆچى سوپاى پاسداران؟

 

ئەمە بۆ یەکەم جارە کە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەشێک لەسوپاى فەرمى وڵاتێک لەناو لیستى تۆماردا دابنێت، بەتایبەتى کە سوپاى پاسداران بە یەکێک لەدەزگا هەرە گرنگەکانى ناو هێزە چەکداراەکانى ئێران هەژمار دەکرێت.

 

ئەمەو ژمارەى سەربازانى هێزى زەمینى سوپاى پاسداران کە ئەرکى بەرگریکردنە لە تەواوى خاکى ئێران بە ١٠٠ هەزار سەرباز دەخەمڵێنرێت، هەروەها سوپاى پاسداران بەرنامەکانى تایبەت بە موشەکى بالیستى بەڕێوەدەبات، ئەوەش بەپێی داتاکانى لێکۆڵینەوەکانى کۆنگریس.

 

هەروەها فەیلەقی قودس بەشێکە لە سوپاى پاسداران، ئەو هێزەى کە بەرپرسە لە گەیاندنى بارە چەکەکان بە میلیشیاکانى سەر بە ئێران لە دەرەوەى ئەو وڵاتە، چا لە عێراق بێت یان سوریا یان هەر ناوچەیەکى دیکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەگەڵ پێشکەشکردنى ڕاوێژى سەربازى بەو میلیشیایانە.

 

فەیلەقی قودس لە ساڵى ٢٠٠٧ ەوە ڕووبەڕووى سزاکانى ئەمریکا بۆتەوە، ئەوەش بەهۆى ڕۆڵیان لەبەرنامەى موشەکە بالیستییەکان.

 

ئەمەو بەیاننامەى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکى لەکاتى ڕاگەیاندنى سوپاى پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆرى، ڕایگەیاند کە کۆمارى ئیسلامى ئێرانى بەرپرسە لە گیان لەدەستدانى ٦٠٣ ئەمریکى لەعێراق لە ساڵى ٢٠١٣ەوە، بەتایبەتى کە ئەو ئەمریکییانە لەکاتى جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان بوون لەو وڵاتەدا.

 

ئەو ژمارەیەش بە ١٧% ئەو قوربانیانە دادەنرێت کە لە ئەمریکییەکان کەوتووە لە ساڵى ٢٠٠٣ ەوە تاوەکو ساڵى ٢٠١١، سەرەڕاى ئەمەش هەزارەها عێراقی لەسەر دەستى بریکارەکانى سوپاى پاسداران لە عێراق بوونەتە قوربانى.

 

بەپێی لێدوانەکانى مایک پۆمپیۆ لە ساڵى ٢٠١٧، کەلەو کاتەدا سەرۆکى دەزگاى هەواڵگیرى ئەمریکابوو، ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیاکانى سەر بە سوپاى پاسداران ٢٠%  ئابورى ئێرانى کۆنترۆڵکردووە.

 

ئەمەو وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکى لە مانگى کانونى دووەمى ڕابردوودا هەردوو کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانى ئێرانى "ماهان" و "قشم" ى سزادا بەهۆى ئەوەى کە پاڵپشتى ئاسمانیان پێشکەش بە میلیشیاکانى سەر بەسوپاى پاسداران کردووە، یان یارمەتى ئەو میلیشیایانەى داوە کە سوپاى پاسداران یارمەتییان دەدات لە سوریا.

 

بەپێی وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکى، سوپاى پاسداران چەندین هاوڵاتى بێگانەیان بەسەربازگرتووە بەمەبەستى شەڕپێکردنیان لە سوریا، ئەوەش بە سەرپەرشتى فەیلەقی قودس کە سەر بە سوپاى پاسدارانە و قاسم سولەیمانى فەرماندارێتى دەکات.

 

هەژمارکردنى سوپاى پاسداران وە ڕێکخراوێکى تیرۆریستى چى دەگەیەنێت؟

 

بەپێی ڕاپۆرتێکى سەنتەرى "ئەکسیۆ" ى ئەمریکى، هەژمارکردنى سوپاى پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى کۆمەڵە کاریگەرییەکى سیاسی و ئابورى بەدواى خۆیدا دەهێنێت، چونکە دەبێتە بەربەست لەبەردەم کارەکانى سوپاى پاسداران و کاریگەرى سزا سەپێنراوەکان لە کاتى ئێستادا دووهێندە دەکات.

 

لە ڕاستیدا سوپاى پاسداران ڕووبەڕووى کۆمەڵە سزایەک بۆتەوە، بەڵام هەژمارکردنى وەکو ڕێکخراوێکى تیرۆریستى زیاتر دووچارى سەختى کارکردنى دەکات.

 

هەمان ڕاپۆرت لەسەر زارى شارەزایەکى بوارى ئێران بەناوى "بەهنام بن تالبیو" ڕایگەیاندووە کە دانانى سوپاى پاسداران لە لیستى سزاکانى ئەمریکا تایبەت بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، هەماهەنگە لەگەڵ ئەوپەڕى فشارەکانى ترامپدا، چونکە ئەم بڕیارە فشارەکانى سەر ئێران لە ناوەوە و دەرەوە زیاتر دەکات.

 

هەروەها ئەم بڕیارەش سەپاندنى سزا بەسەر هەر دامەزراوەیەکى دارایی و بانکیدا دەگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ سوپاى پاسداراندا دەکات.

 

ئەمەو بڕیارەکە مەترسییەکانى سەر ئەنجامدانى پەیوەندى ئابورى و بازرگانى لەگەڵ ئێراندا زیاتر دەکات.

 

سەرچاوە: الحرة

 



ئه‌م بابه‌ته 173 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

بابەتەکانی تری نوسەر